هەر لە سەرەتاوە کە مرۆڤ پێی ناوەتە سەر ئەم عەرزە، لای سەیر بووە و پرسیاری کردووە کە ئاخۆ لە کوێوە هاتووە، بۆچی لێرەیە و ئەم دونیایە مانای چی! ئایین، بەکۆی گشتی، پێشاندەری هەوڵەکانی کۆمەڵگایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە. ئەگەرچی هەمیشە ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت، بەڵام زۆربەی جار دەتوانێت هەندێک پێکهاتە و کۆدێکی ئەخلاقی و ئامانجێک بۆ شوێنکەوتووەکانی مسۆگەر بکات. بەڵێنی ژیانی پاش مەرگ، باوەڕێکی بنچینەییی زۆربەی ئایینە سەرەکییەکانە و هاندەرێکی گرینگی دیکەی ئیماندارانە، چونکە ئەم بڕوایە سوودێکی سایکۆلۆژیکیی گرینگ پێشکەش دەکات.
بۆچی خەڵکی باوەڕیان هەیە
بڕوا ئایینییەکان پێشاندەری ئەو توانا مەعریفییە تایبەتەمانن بۆ تێگەیشتن لە مەبەست و ئامانجی کەسانی دیکە و دواتر ئەوەی سرووشت و جیهانی دەوروبەرمان. شێوازە سەرەتاییەکانی ئایین لە جۆری (پانتیزم) بوون و ڕوویان لە ئەو لایەنانەی هێزەکانی سرووشت بوو کە ئێستا پێیان دەڵێین هێزی (سەروسرووشتی).
پانتیزم: ئەو بڕوایەی کە خوا لە هەموو شتە سرووشتییەکاندا ئامادەیە. بڕوا بە ژمارەیەکی زۆر خوا.
لەگەڵ سەرهەڵدانی جووتیاری و کۆمەڵە بەردەوامەکان، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان پەرەیان سەند و ئایینیش گەشەی کرد و هەر بەردەوامە لە گەشەکردن. ڕێوڕەسم و بڕوا ئایینییەکان دەبنە هۆی گەشەپێدانی (یەکێتیی کۆمەڵایەتی) و (شووناسی کۆمەڵ)، هەندێک جاریش تا ئاستی دەرکردنی ئەو کەسانەی کە هەمان ئەو بڕوایانەیان نەبێت.
(شووناسی کۆمەڵ / Group identity) واتە ئەو هەستە هاوبەشەی کە ئەندامانی گرووپێک هەیانە دەربارەی سەر بە ئەو گرووپە بوونیان.
بۆچی خەڵکی بڕوایان بە خوا هەیە؟
بەپێی (دەروونناسیی پەرەسەندن) بڕوای مرۆڤ بە خواکان دەشێت لە کاتێکەوە سەری هەڵدابێت کە مرۆڤ فێری درووستکردنی ئامرازەکان بووە و تێگەیشتووە لە هەبوونی (هەستێکی کۆنترۆڵ) بەسەر خۆی و کردارەکانیدا، ئیدی ئەمەی داوەتە پاڵ جیهانی دەوروبەری خۆشیەوە و وای داناوە کە دەبێت هێزێکی باڵاتر ئەم جیهانەی درووست کردبێت.
هەستی کۆنترۆڵ، واتە ئەو هەستە خۆییەی کۆنترۆڵکردنی کردارەکانی خۆت و لە ڕێگای ئەوەشەوە ڕووداوە دەرەکییەکان.
ئەمڕۆکە زۆربەی خەڵک لەو زانستەی کە سرووشت دەخاتە گەڕ تێدەگەن، بەڵام کەسانێکی زۆریش هەن کە هێشتا بڕوایان بە خوا هەیە، بڕوایەک کە، لەگەڵ شتانێکی دیکەدا، مانا دەبەخشنە ئەم جیهانە.
ئایا ئایین بۆ خەڵک شتێکی چاکە یان خراپ؟
ئایا ئایین چاکە بۆمان؟ دەروونناسەکان دەیان ساڵە لەسەر ئەم پرسیارە مشتومڕیانە. هەندێک کەس دەربەستبوون بە ئایینێکی ڕێکخراو لە عیبادەتی کەسی جیا دەکەنەوە و پشتگری لە ئەوەی دووهەمیان دەکەن. بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو توێژینەوە دەریانخستووە کە بیر و بڕوای ئایینی و بەشداری لە مەراسیمە ئایینییەکان دەکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ سترێسدا یارمەتیدەر بن و زۆر کەس سوودێکی بەرچاو لە پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵە ئایینییەکان دەبینن. هەڵبەت دەشکرێت لایەنی نەرێنیشی هەبێت، بەتایبەت ئەگەر بیروباوەڕێکی توندوتیژ ببێتە هۆی درووستبوونی شەرم و تاوان.
جیاوازی چییە کە خۆم بە کەسێکی ڕۆحی بزانم یاخود کەسێکی ئایینی؟
لە ڕووپێوی و کۆڵینەوەکاندا ژمارەی ئەو کەسانە لە زیادبووندایە کە خۆیان بە کەسێکی ڕۆحی دەزانن نەک ئایینی. ئەم چەشنە کەسانە لەوانەیە بڕوایان بە پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی باڵادا هەبێت بەڵام حەزیان لە پێکهاتەکانی ئایینێکی ڕێکخراو نییە. کەچی هۆگرانی ئایین پێداگرن لەسەر ئەوەی کە ئەوها ڕوانگەیەک ئەو قازانجانە پشتگوێ دەخات کە دەکرێت لە پەروەردە و بەرپرسیارێتی و ئارامی و هەروەها مۆسیقا و ئەدەبیاتی کۆمەڵە ئاینییەکانەوە وەریان بگریت.
ئایا (وریایی) کردەیەکی ئاینییە؟
وریایی بەشێکی گرینگی زۆربەی دابونەریتە ئایینییەکانە، بەتایبەت ئەوانەی ڕۆژهەڵات، دژایەتیشی نییە لەگەڵ کردە یان بڕواکانی زۆربەی ئایینەکانی جیهاندا. بەڵام تەنانەت کاتێک کە وریایی لە دەرەوەی چوارچێوەیەکی ئایینیشدا ئەنجام دەدرێت، وەکوو هەندێک خەڵک دەیکەن و ژمارەیان ڕووی لە زیادبوونە، توێژینەوەکان پێشانی دەدات کە دیسان دەتوانێت قازانجێکی بەرچاوی جەستەیی و دەرووندرووستی پێشکەش بکات.
سوودەکانی باوەڕ
بڕوا ڕۆحییەکان دەکرێت بەسوود بێت بۆ تەندرووستیی مرۆڤەکان، ئاستی گەشبینی و خۆڕاگری و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی بەرز بکاتەوە و هەروەها ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی و ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و خۆکوژی و کرداری مەترسیدار دابەزێنێت. بڕوا دەتوانێت ئەو خەڵکانەی کە بەهای هاوبەشیان هەیە کۆ بکاتەوە، هەستێکی ئینتیما و پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزیان پێ ببەخشێت. هەروەها زۆرێک لە ڕێکخراوە ئاینییەکان پاڵپشتی لە هەندێک پلان دەکەن کە لەسەر بنەمای تەندرووستی دانراون، وەکوو خواردنی تەندرووست و ڕاهێنانی بەردەوام و دابەزینی سترێس کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵەکانیان دادەنێن.
بڕوا دەتوانێت لە دۆخە ناخۆشەکانی ژیاندا ئارامی ببەخشێت بە مرۆڤەکان، بەتایبەت کاتێک ئازیزێکیان لەدەست دەدەن. ئامانج و پابەندییەکی ئەخلاقی پێشکەش دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئارەزووی تاوان. بڕوا ئایینییەکان هەروەها دەکرێت ئاسانکارییەکی بەرچاو پێشکەشی دایبابەکان بکەن، چونکە دەتوانێت منداڵان هان بدات تاکوو بەخشندەتر و لێبوردەتر بن: بەراورد لەگەڵ کەسانی ئەگنۆستیک و بێباوەڕ، گەنجە باوەڕدارەکان زۆرتر حەزیان لێیە لە کۆمەڵە خۆبەخشەکاندا بەشدار ببن و زۆرتر لێبوردەیی وەکوو بەهایەک دەنرخێنن.
باوەڕی ئایینی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرگری لە خەمۆکی؟
لە هەندێک توێژینەوە لەسەر ئەو کەسانەی کە زۆرترین مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکییان هەبوو، بەهۆی ئەوەی کە دایبابیان تووشی خەمۆکی بووە یان خۆیان پێشتر تووش بووبوون، دەرکەوت باوەڕی ئایینی تا ئاستێکی زۆر ئەگەری سەرهەڵدان یان دیسان تووشبوونەوەی خەمۆکی کەم دەکاتەوە. ئەو پرسیارەی کە ئایین چۆن ئەم سوودە دەگەیەنێت هێشتا توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام گەشەپێدانی خۆڕاگری و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی دەکرێت فاکتەرێکی گرینگ بێت.
ئایا ئەو خەڵکانەی دەچن بۆ بۆنە ئایینییەکان لەوانی دیکە تەندرووستترن؟
لایەنە کۆمەڵایەتی و ڕۆحییەکانی بەشداربوون لە بۆنە ئایینییەکاندا دەشێت سوودی تەندرووستی و دەروونی بگەیەنێت. بەشداریی بەردەوام لە بۆنە ئایینییەکاندا پەیوەندی هەیە لەگەڵ تەندرووستییەکی زۆرتری جەستەیی و دەروونی، بریتی لە خەوێکی باشتر، پەستانێکی نزمتری خوێن و ڕێژەیەکی کەمتری مردن. هەروەها پێدەچێت ئەوانەی کە لە بۆنە ئایینییەکاندا بەشداری دەکەن، کەمتر تووشی “مردن بەهۆی بێهیوایی” وەکوو خۆکوژی، مادەی هۆشبەر یان ژەهراویبوون بە کحوول ببن.
باوەڕ و چالاکیی ئایینی چۆن کار دەکاتە سەر مێشک؟
ئەزموونە بەهێزە ئایینی یان ڕۆحییەکان زۆربەی جار وەکوو دەرەدونیایی پێناسە دەکرێن، توێژینەوەکانیش کە بەپێی وێنەگرتن لە مێشک ئەنجام دراون دەڵێن کە لەوانەیە وا بێت. کاتێک خەڵکی دەیانگوت هەستیان بە پەیوەندییەک بە هێزێکی باڵاوە کردووە، سکانەکانیان چالاکییەکی کەمتری لە (پلی دیواریی خوارەوە1)ـی مێشکیاندا پێشان دەدا، کە پێشاندەری جۆرێک لە ونکردنێکی کاتیی خودە لەو ساتانەدا. توێژینەوەکانی وێنەگرتن لە مێشک ئەوەشی پێشان داوە کە نوێژکردنی چڕ و بەردەوام، سیستەمی خەڵاتی مێشک چالاک دەکاتەوە، هەر وەکوو ئەوەی کە سێکس، مادە هۆشبەرەکان یان چۆکلێت دەیکات.
ئایین و دەروونناسی
دەکرێت چارەسازەکان سەبارەت بە بڕوا ئایینییەکانی چارەسەرخوازەکان پرسیار بکەن؟
هەندێک لە چارەسازەکان بابەتی ئایین ناهێننە نێو چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ نەخۆشەکانیاندا، بەڵام بزووتنەوەیەک لە بواری دەروونناسیدا پێداگرە کە نابێت وا بکەن، چونکە بڕوا ئایینییەکان توخمێکی گرینگی شووناسی زۆرێک لە خەڵکن و دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر سەرچاوەی گرفتەکانیان. هەروەها لە پرۆسەی چارەسەرکردندا، کەڵکگرتن لە توخمەکانی سیستەمی باوەڕی چارەسەرخوازەکە دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی قەبووڵکردن یان تێگەیشتنی لە ڕاوێژی پزیشکی.
ئایا باوەڕی ئایینی تەبایە لەگەڵ چارەسەرکاریدا؟
ڕووپێوییەکان پێشانی داوە کە ئەمڕۆکە بەراورد بە جاران خەڵکانێکی زۆر کەمتر بۆ وەرگرتنی ڕاوێژ دەچنە لای پێشەوا ئایینییەکان. لە نەبوونی ئەم چەشنە پەیوەندییەدا، ئەگەری زۆرترە کە ئەو خەڵکە بچن بۆ لای چارەسازەکان وەکوو کەسایەتییەکی ژیر و زانا لە ژیانیاندا، ئەمەش دەتوانێت دەورێکی گرینگی هەبێت، بەتایبەت ئەگەر ڕاوێژکارەکە بتوانێت باوەڕەکانی چارەسەرخوازەکە تێکەڵی باسەکانیان بکات.
ئایا دەروونناسەکان باوەڕە ئایینییەکان بە وەهم دەزانن؟
نا، زۆربەی جار دەگوترێت کە دەروونناسی گرژە بەرامبەر باوەڕە ئایینییەکان، یان لایەنیکەم لەگەڵی ناتەبایە، چونکە ئەم زانستە بڕوا بە خوا وەکوو وەهم پێناسە دەکات. بەڵام باسەکە ئەوە نییە: کرۆکی پێناسەی زانستی بۆ باوەڕێکی وەهمی ئەوەیە کە خەڵکانی دیکە، بە هەمان پاشخانی کۆمەڵایەتی یان کەلتوورییەوە، نەتوانن لەو شتە تێبگەن. ئەمە قەت باوەڕە ئایینییەکان لە خۆ ناگرێت کە کەلتوورێکی بەربڵاو و هەروەها ژمارەیەکی زۆر چارەسازیش لە خۆ دەگرێت.
پەراوێز:
- (پلی دیواریی خوارەوە / inferior parietal lobe)
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.