بەو هەموو ڕاوێژە ئاڵۆز و دژبەیەکانە زەحمەتە بتوانیت متمانە بە هەستەکانت بکەیت.
خاڵە سەرەکییەکان
- بەپێی ڕووپێوییەک، بۆ پیاوان، مامناوەندی 88 ڕۆژێک دەخایەنێت تاکوو بە بەرامبەرەکەیان بلێن “خۆشم دەوێی”، کەچی بۆ ژنان 134 ڕۆژ دەخایەنێت.
- کاتێک دەگاتە ئاستی وتنی “خۆشم دەوێی”، دەبێت ڕێزی بەرامبەرەکەمان بگرین و چاوەڕوان نەبین ئەویش هەمان شت بڵێت بەس لەبەر ئەوەی کە ئێمە وتوومانە.
- دواجار هیچ فۆرموولەیەکی ڕوون نییە بۆ دەستنیشانکردنی کاتی گوتنی “خۆشم دەوێی.” هەر کات هەستت بە خۆشەویستی کرد ئەوە کاتی درکاندنیەتی.
ئەوەی لە ژیانمدا لێی پەشیمان بم ئەوەیە کە بە قەد پێویست نەمگوتووە (خۆشم دەوێی).
یۆکۆ ئۆنۆ (هونەرمەندێکی ژاپۆنی)
بیستنی “خۆشم دەوێی” بۆ یەکەم جار لە زاری یار یەکێکە لە گەشاوەترین بەشەکانی پەیوەندییەکی ڕۆمانسی. بەڵام خەڵکی زۆربەی جار دڵنیا نین کە کەی دەبێت خۆشەویستیی خۆیان بدرکێنن و ئاخۆ دەبێت لەوەدا یەکەم کەس بن یان باشترە ڕاوەستن تاکوو لایەنی بەرامبەر بەجۆرێک دەریبخات کە ئەویش هەمان هەستی هەیە. ئایا کاتێک هەیە کە باشترین کاتی دەربڕینی هەست و ناخت بێت؟ ئایا کاتی دەربڕینەکە جیاوازییەک درووست دەکات؟
کەی دەبێت بیڵێیت؟
بۆ گوتنی (خۆشم دەوێی) پێویست ناکات ئیلا ئەڵقەیەک لە پەنجەتدا بێت.
تیرا بانکس (هونەرمەندێکی ئەمریکی)
خۆشەویستییەکی ڕۆمانسی هەست و ڕوانینی ڕاستەقینەمان دەردەبڕێت. ئاشکراکردنی ئەو خۆشەویستییەی لە دڵماندایە بۆ بەرانبەرەکەمان، نرخێکی ئەوتۆی هەیە بۆ پەیوەوەندییەکان و گەشەی کەسایەتیمان. هەرچەند، ئەوها خۆ-دەربڕینێک مەترسییەکانت بۆ زۆرتر دەکات و لەوانەشە نائارامییەک لە بەرامبەرەکەتدا درووست بکات، بەتایبەت ئەگەر هەست و ڕوانینی ئەو جیاواز بێت لەوەی تۆ. هەندێک شتی جۆراوجۆر و گرینگ هەن سەبارەت بەم بابەتە کە دەبێت سەرنجیان پێ بدەین. بۆ نموونە سەرنج بدەنە ئەم ڕاوێژە باو و هەروەها دژبەیەکانە دەربارەی ئەوەی کە کەی بە بەرانبەرەکەتان بڵێن “خۆشم دەوێی”:
- لایەنی کەم پێنج جار ژوان ببەستن.
- بەس پاش دوو مانگ بیڵێ.
- زۆر دوای مەخە.
- ڕاوەستە تاکوو کاتێک دڵت خەریکە بتەقێت.
- لە پێش، لە پاش، یان لە کاتی سێکسدا مەیڵێ.
- لەو کاتەدا مەیڵێ کە زۆر ورووژاویت و ناتوانیت مەنتیقی بیر بکەیتەوە.
- لەو کاتەدا مەیڵێ کە دەتەوێت بۆ شتێک پاداشتی بەرامبەرەکەت بدەیتەوە.
- هیچ کات یەکەم کەس مەیڵێ و دیسان مەیڵێرەوە تاکوو ماوەیەکی زۆرتر پێکەوە بەسەر دەبەن.
ئەم نموونانە جەخت دەخەنە سەر گرینگێتی (کاتەکەی). بەهەرحاڵ، ئایا کاتەکە گرینگترە لە خۆ-دەربڕین و ڕاستگۆیی؟ ڕاوێژێکی دیکە ئەوەیە کە فۆرموولەیەکی ڕێک و ڕاستمان نییە بۆ ئەوەی کە کەی بڵێیت “خۆشم دەوێی” و دەبێت کاتێک بیڵێیت کە هەستی پێ دەکەیت و زۆر خۆت بە ژمارەکاری بۆ دەستنیشانکردنی کاتەوە خەریک نەکەیت.
ئەوەی لە خۆشەویستییەکی دەرێژخایەندا گرینگ بێت دەستنیشانکردنی کاتەکان نییە. کات ئاماژە بە شتێکی بەربڵاوتر دەکات، بریتی لە مەودا، دووپاتکردنەوە و گەشەکردن. ئیدی هەندێک هەڵەی بچووک بە هۆی هەڵەبوون لە دەستنیشانکردنی کاتەکان یان لە قسەکاندا، کۆی گشتیی پەیوەندییەکی ڕۆمانسی ناگۆڕێت. تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی متمانە و ئاستی ڕاستگۆیی لەنێوان دڵدارەکاندا. خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ گەشەکردن پێویستی بە کاتە، بۆیە ژیرانە نییە ئەگەر باسی هەبوونی خۆشەویستییەکی قووڵ بکەیت بۆ کەسێک کە ماوەیەکی کورتە لە پەیوەندیدان، چونکە لەوانەیە وا دەریبخات کە جیدی نیت لەسەر باسەکە؛ باسێک کە شتێکی بەڕاست جیدی و گرینگە. هەڵبەت لەبەر ئەوەی کە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دەکرێت ڕوو بدات، دەتوانیت پاش ماوەیەکی کەم پێکەوەبوون بڵێیت “خۆشم دەوێی” ئەگەر مەبەستت بەس دەربڕینی هەستەکانت لەو ساتەوەختەدا بێت. ئەگەر ئەوها بوو، دەکرێت ئەوەش بڵێیت کە هەست دەکەیت پەیوەندییەکە توانای گەشەکردنێکی چاکی هەیە. دەتوانین هەست بە تواناکەی بکەین بەڵام ناکرێت بزانین کە ئیلا سەردەگرێت. (بەن-زەڤ / Ben-Ze’ev، 2014)
لە خۆشەویستییەکی قووڵدا، ئەوەی گرینگتر بێت کردارە نەک قسە. دەشێت هۆکاری زۆر هەبن بۆ نەگوتنی “خۆشم دەوێی” کە مەرج نییە هۆکارەکە نەبوونی خۆشەویستی بێت. کاتێک لە فیلمی (کەمانچەژەنی سەر بنمیچەکە1)ـدا، (تەڤی) لە (گۆڵدی)ـی خێزانی، کە 25 ساڵە پێکەوە دەژین، دەپرسێت ئاخۆ خۆشی دەوێت، ژنەکەی سەری لەو پرسیارەی دەسوڕمێت و نازانێت ئاخۆ شووەکەی شڵەژاوە یان ماندووە. دەلێت “بچۆ ماڵەوە و پشوویەک بدە! لەوانەیە لەبەر دڵەکزە بێت.” کاتێک (تەیڤ) پێداگر دەبێت وەڵامی بداتەوە، (گۆڵدی) دەڵێت: “25 ساڵە جلت بۆ دەشۆم، چێشتت بۆ لێ دەنێم، خانووکەت پاکژ دەکەمەوە، منداڵم بۆت دەبێت، مانگاکە دەدۆشم. پاش 25 ساڵ، ئێستا بۆچی باسی خۆشەویستی دەکەیت؟“ پێداگر دەبێت لەسەر ئەوەی کە وەڵامێکی ڕوونی بداتەوە و ئیدی ژنەکەش دەلێت: “پێموایە خۆشم دەوێی.”
خێراییی جیاواز
ئاسان نییە هەروا دابنیشیت و خۆت دەرببڕیت و بڵێیت “ئا ئەوەندە خۆشم دەوێی”، دەزانن؟ ئەوەیان ترسناکە.
جەیسۆن ئیسبەڵ (ئەکتەرێکی ئەمریکی)
کاتێک کەسێک ڕاستگۆ بێت، دانپێدانانی خۆشەویستی بەگشتی گرفتێکی نابێت. بەڵام دەکرێت گرفت درووست ببێت ئەگەر چاوەڕێی وەڵامێکی لە هەمان چەشن بیت. ئەم ئاڵۆزییە لە دوو لایەنی سەرەکییەوە سەرهەڵدەدات—جیاوازبوونی خێراییی گەشەکردنی خۆشەویستی لە کەسەکاندا و جیاوازبوونی ویستی کەسەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی لە دڵیاندایە.
خۆشەویستی لە هەموو کەسێکدا وەکوو یەک گەشە ناکات و لە یەک کاتدا دەری نابڕن.
سەرەڕای ئەمەش، هەندێک ئاماژە هەیە کە جیاوازیی ڕەگەز/جێندەرـیش ڕۆڵ دەبینێت: پیاوان زووتر لە ژنان دان بە خۆشەویستییەکەیاندا دەنێن و کاتێکیش دانپێدانی خۆشەویستی لەلایەن بەرامبەرەکەیانەوە وەردەگرن زیاتر لە ژنان دڵخۆش دەبن. (ئاکەرمان و ئەوانی دی، 2011).
بەپێی ڕووپێوییەک، بۆ پیاوان، مامناوەندی 88 ڕۆژێک دەخایەنێت تاکوو بە بەرامبەرەکەیان بلێن “خۆشم دەوێی”، کەچی بۆ ژنان 134 ڕۆژ دەخایەنێت. هەروەها، سەدا 39ـی پیاوان لە مانگی یەکەمی ژوانبەستنیان لەگەڵ کەسێکدا پێی دەلێن “خۆشم دەوێی”، کەچی ئەم ڕێژەیە لە ژناندا تەنها 23 لە سەدە.
جیاوازیی کەسایەتیش وا دەکات خەڵکی بە خێراییەکی جیاوازەوە عاشق ببن. ئەم خێراییانە ئاماژە بە جیاوازیی دەربەستبوونی ڕۆمانسی ناکات—ئەوەی خێراتر خۆشەویستی دەکەوێتە دڵییەوە، ئەگەری هەیە خێراتریش خۆشەویستییەکە لە دڵی دەرچێت. سەرەڕای جیاوازی لە خێراییی گەشەکردنی خۆشەویستیدا، خێراییی دەربڕینی خۆشەویستییەکانیش جیاوازن: بۆ نموونە، کەسانی شەرمن بەراورد بە کەسانی ڕووکراوە، دێرتر خۆشەویستیی خۆیان دەدرکێنن، تەنانەت کاتێک کە ئاستی خۆشەوسیتییەکەیان وەکوو یەک بێت. ژنێکی شەرمن بە بەرامبەرەکەی، کە خۆشەویستیی خۆی بۆ ئەم دەربڕیبوو، گوتبووی: “ئێستا قسەکانم هەڵمەسەنگێنە؛ کردەوەکانم هەڵسەنگێنە.”
ڕاستیشی گوتبوو: کردەوەکان بە دەنگێکی بەرزتر لە وشەکان دەدوێن.
لە ڕۆشناییی ئەم جیاوازییانەدا، ڕاوێژێکی باو ئەوەیە کە دڵدارەکان دەبێت بەس کاتێک خۆشەویستیی خۆیان بدرکێنن کە بەرامبەرەکەشیان هەمان هەستی هەبێت و هەروەها ئامادە بێت ئەویش بیدرکێنێت. وەکوو ژنێکی گەنج دەیگوت:
“کاتێک هاوسەرگیریمان کرد من 19 ساڵان بووم و شووم پێ کرد کەچی دەمزانی خۆشم ناوێت. دواتر، جارێکیان لەگەڵ هاوسەرەکەی ئێستامدا باسی کۆنە-شووەکەمم دەکرد و پرسیاری لێ کردم باشە بۆچی پێت گوت کە خۆشت دەوێت؟ ئەوەی دەمتوانی بیڵێم ئەوە بوو کە ئەو یەکەم کەس ئەوەی گوتووە و منیش پێموا بوو وتنەوەی شتەکە لە وەڵامدا شتێکی جوانە.”
ئەوەیان بەشێک لە ئەخلاقی ڕۆمانسی نییە کە بە کەسێک بڵێیت خۆشت دەوێت بەس لەبەر ئەوەی کە ئەو خۆشەویستیی خۆی بۆت دەربڕیوە. لە ڕاستیدا، لەوانەیە باشتر بێت لە وەڵامدا نەڵێیت “منیش خۆشم دەوێی”، بەڵکوو بڵێیت ئەگەرچی ئێستا نازانی ئاخۆ خۆشت دەوێت یان نا، بەڵام دەزانی کە زۆر حەزت لێیە، بڵێیت کە دەتەوێت زۆرتر بیناسیت و دەرفەتێک بدەیت بە پەیوەندییەکە تاکوو زۆرتر گەشە بکات. پێویست ناکات خۆشەویستیی لە یەکەم بینیندا بێت. بژاردەیەکی دیکە، کە کەمتر جێی پەسەندە، ئەوەیە کە باسکردن لەسەر بابەتی خۆشەویستی دوا بخەیت و بەس چێژ لەو دۆخە بێئاگاییە ببینیت. (بەن-زەڤ / Ben-Ze’ev, 2014).
خۆشەیستی لە هەمووماندا بە یەک خێراییەوە گەشە ناکات. ئەگەرچی ڕاستە کە گەشەکردنی ڕۆمانسییەتێکی قووڵ پێویستی بە خۆشویستنێکی دوولایەنەیە، ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێت خۆشەویستیی خۆت بشاریتەوە بەس لەبەر ئەوەی کە خۆشەویستەکەت (هێشتا) ئەوەندەی تۆ لە خۆشەویستی ئەودای، ئەو لە خۆشەویستی تۆدا نییە. تۆ دەبێت دەربارەی هەستەکانت ڕاستگۆ و کراوە بیت و دەرفەت بدەیت بە بەرامبەرەکەت تاکوو هەستەکانی بەرامبەر بە تۆ گەشە بکات بۆ خۆشەویستییەکی قووڵ. دەکرێت گەشەکردنەکە وردەوردە ڕوو بدات. دەکرێت بە شێوازێکی کاڵتر و بە دەربڕینێکی ناڕاستەوخۆترەوە دەست پێ بکات، بۆ نموونە بە “خۆشەویستەکەم” بانگت بکات، یان بڵێت “حەزم لەو شتانەیە لە تۆدا بەدییان دەکەم”، تاکوو ئاخری، لەوانەیە ڕاستەوخۆ وشەی “خۆشم دەوێی” دەرببڕێت.
ئەو ڕاستییەی کە کەسێک خاوتر دەڕوات بەو مانایە نییە کە ئەو کەسە گەشە ناکات، یان ئەوەی کە لەو کەسەی خێراتر دەگات کەمتر دەربەستی پرۆسەکە بێت — زۆربەی جار، لە واقیعدا، پێچەوانەکەی ڕاستە. ئێمە دەبێت ڕێز بۆ جیاوازیی کەسایەتییەکان دابنێین و چاوەڕێ نەبین بەرامبەرەکەمان هاوکات لەگەڵ ئێمەدا هەمان هەستی ئێمەی هەبێت و هەمان شت دەرببڕێت. خۆشەویستیی قووڵ بۆ درێژخایەنە، بۆیە ئەگەری هەیە کە ڕۆژێک بێت هەردوو کەسەکە هەست بە خۆشەویستییەکی قووڵ بکەن و بیشتوانن دەریببڕن. پەلەکردن بۆ گەیشتن بە ڕۆمانسییەتێکی قووڵی نەگەیو زۆربەی جار مەترسیدارە — لەم یارییەدا هێمنی و پشوودرێژی زۆر گرینگە. (بەن-زەڤ، بەسەرهاتی خۆشەویستی [The Arc of Love]، 2019)
کەی دەبێت بڵێیت “تۆ ئەوینی ژیانمی؟”
خۆشم دەوێی — لەگەڵ تۆدا ئاسوودەم — هاتمەوە بۆ ماڵ.
دۆرۆتی ل. سایەرس
زۆربەی ئەوانەی سەرەوە بۆ دەربڕینەکانی دیکەی خۆشەویستییەکی چڕ هەر ڕاستن، وەکوو “تۆ ئەوینی هەموو ژیانمی.” یان “تۆ مەزنترین ئەویندارمی.” ئەم چەشنە دەربڕینانە بەراوردکارییەک درووست دەکات لەنێوان یارەکانی ئێستا و ڕابردوودا و دەربڕینەکە ئاڵۆزتر دەکات، چونکە سەرەڕای ئەو دوو خۆشەویستە، خۆشەویستەکانی دیکەی ڕابردووش دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر تۆ بە بەرامبەرەکەت بڵێیت “تۆ خۆشەویستی هەموو ژیانمی” نابێت دڵت بێشێت ئەگەر ئەویش لە وەڵامدا هەمان شت نەڵێتەوە. سەرەڕای ئەو گرفتەی کە خۆشەیستی لە کەسانی جیاوازدا بە خێراییەکی جیاوازەوە گەشە دەکات، ئەم کێشەیەش هەیە کە هەر ئەزموونێکی خۆشەویستی بۆ خۆی جیاوازە و بەراوردکاری لە نێوانیاندا زۆربەی جار نەکردەیە و تەنانەت ڕووخێنەریشە. خۆشەویستییەک لەوانەیە زۆر سۆزدارانە بێت، یەکێکی دی قووڵ بێت و یەکێکی دیکەش لە جۆری خۆشەویستییەکی هاوڕێتی بێت. تەنانەت ئەگەر بیشکرێ بەراوردکاری بکەیت، ئەو ڕاستییەی کە یەکەم ئەوینی بەرامبەرەکەت لە ساڵانێکی دووردا وەکوو مەزنترین ئەوین بێت بەلایەوە، لە خۆشەویستی ئەو بۆ تۆ کەم ناکاتەوە — دۆخی پەیوەندییەکان جیاوازن و لەوانەیە تایبەتمەندییەکی زۆر لە تۆدا هەبن کە لە یارە پێشووەکەیدا نەبووە. بەهەرحاڵ، پەیوەندییەکەی تۆ تایبەتە و تەنانەت ئەگەر بکرێت بەراوردکارییەکیش بکەیت، نرخێکی ئەوتۆی نییە.
بەهۆی ئەو لایەنە بەراوردکارییەی لە وتنی “تۆ ئەوینی ژیانمی”ـدا هەیە، وەرگرتنی وەڵامێکی هاوشێوە دەکرێت زۆرتر بخایەنێت تاکوو ئەوەی وتنی “خۆشم دەوێی”. چاوەڕوان دامەنیشە تاکوو ئەم دەربڕینە لە زاری خۆشەویستەکەتەوە ببیستیت—لەوانەیە زۆر بخایەنێت. دەشێت لە دوا ڕۆژەکانی ژیانی ئەو یان خۆتدا بیبیستیت، یانیش دەشێت قەت نەیبیستیت.
دواجار، گرینگ نییە کە کێ یەکەم جار دەلێت “خۆشم دەوێی” یان کێ زۆرتر دەیڵێت، هەروەها گرینگ نییە کە تۆ لەنێو لیستەی مەزنترین خۆشەویستەکانی ژیانی یارەکەتدا یەکەم بیت یان دووهەم. ئەوەی گرینگ بێت قووڵبوونی پەیوەندییەکەتە و شێوازی گەشەکردنەکەی. کاتدانان و بەراوردکاری گرینگ نین، قووڵبوون و گەشەکردن جێی بایەخە. بەپێی ئەو شتانەی لە سەرەوە باس کران، لە زۆرێک لە دۆخەکاندا، وەڵامێکی گونجاو بۆ کەسێک کە خۆشەویستیی خۆی بۆمان دەردەبڕێت دەکرێت ئەمە بێت “پێموایە منیش تۆم خۆش دەوێت بەس ناکرێت دڵنیا بم ئاخۆ خۆشەویستییەکی قووڵە یان نا، مەگەر ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرتر پێکەوە بین.”
پەراوێز:
- Fiddler on the Roof
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.