لە نێوان ئاڵۆزییەکانی پەیوەندییەکانی مرۆڤدا، ژمارەی (دونبار) دەمێکە ڕێبازێکی ڕێنیشاندەرە — سەرەتایەکی سایکۆلۆژیکی کە ژمارەی ئەو پەیوەندییە سەقامگیرە کۆمەڵایەتییانە سنووردار دەکات کەوا تاکێک بتوانێت هەڵگری بێت. لە ڕابردوودا دەوروبەر 150 پەیوەندی دەستنیشان کراوە، مرۆڤناس (ڕۆبین دونبار) ئەم بیرۆکەیەی داهێناوە کە بنەماکانی دەگەڕێتەوە بۆ گەشە (ئڤڵووشن)ـی مێشکی مرۆڤ.
کەچی کاتێک دەڕوانینە ڕووبەری بەرفراوانی جیهانی دیجیتاڵ کە تێیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنن، هەندێک پرسیار دێنە ئاراوە: ئایا (ژمارەی دونبار) هێشتاش پێگەکەی جارانی ماوە یاخود جیهانی دیجیتاڵ یاساکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرلەنوێ دەنووسێتەوە؟
(ژمارەی دونبار) لە سەردەمی دیجیتاڵدا
ژمارەی دونبار، بەرهەمێکی ئڤڵووشنی مەعریفە، پێشاندەری سنووری تەواناییی مێشکمانە لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئامادەبوونی لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا، لە هۆز و عەشیرەتەکانەوە تاکوو کۆمەڵگە گەورەکان، تیشک دەخاتە سەر گشتگیربوونی بابەتەکە.
پێدەچێت مێشک سنوورێکی سرووشتی بسەپێنێت بەسەر قووڵایی و پانتاییی بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانماندا. هەرچەند، کاتێک پێ دەنێینە نێو جیهانی دیجیتاڵەوە، جووڵەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێت. گەشەکردنی پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەکان هەم دەبێتە هۆی هاندان و هەمیش ڕێگری درووست دەکات.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری [Cyberpsychology, Behavior, and Social Networking]ـدا بڵاو کراوەتەوە، لە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەسەر قەبارەی بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چڕبوونی پەیوەندییەکانی کۆڵیوەتەوە. توێژەران بۆیان دەرکەوت کە سەرفکردنی کاتێکی زۆرتر لەسەر سۆشیال میدیا دەبووە هۆی دۆزینەوەی ژمارەیەکی زۆرتر هاوڕێی ئۆنڵاین نەک ژمارەیەکی زۆرتر هاوڕێی دەرەوەی ئینتەرنێت. دواجار، ئەم دەستکەوتانە پەیوەندیان نەبوو بە هەستی هەبوونی هاوڕێتییەکی نێزیک بەرامبەر هاوڕێ ئۆنڵاین یان ئۆفڵاینەکان.
لە سەرێکەوە ئەم پلاتفۆرمانە دەبنە هۆی زیادبوونی دەرفەتەکانمان بۆ هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکێکی زۆر و جۆراوجۆر و ئەمەش ئاڵنگارییەک دەخاتە بەردەم سنوورە سونەتییەکەی (ژمارەی دونبار). لە سەرێکی دیکەوە ئەم پرسیارە سەر هەڵدەدات: ئایا بەس چەندێتیی پەیوەندییەکان دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی چۆنێتیی پەیوەندییەکانمان؟ لە جیهانی ئۆنڵایندا، سایکۆلۆژیای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی لایەنێکی نوێ دەبێتەوە. گەڕان بەنێو دەریایەک لە پەیوەندیی سەرپێیی و ناسیاوی دووردا وا دەکات جەخت بخرێتە سەر بیرۆکەی (پەیوەندییە لاوازەکان). بۆچوونەکان دەربارەی کاریگەریی (پەیوەندییە لاوازەکان) لەسەر دەرووندرووستیمان زەق دەبنەوە.
ئایا ئەم پەیوەندییە کاڵ و کرچانە هەستی هەبوونی پاڵپشتییەکی کۆمەڵاتیمان پێ دەبەخشن؟ یاخود ئایا دەبنە هۆکار بۆ پەرەسەندنی ئەو هەستە کەڵەکەبوو و دژبەیەکانەی (بارگرانیی کۆمەڵایەتی) و (دابڕان) کە بوونەتە شتێکی باو لە جیهانی دیجیتاڵدا و ڕوویان لە گەشەکردنە؟
(بارگرانیی کۆمەڵایەتی) لە سەردەمی سۆشیال میدیادا
سۆشیال میدیاکان و پانتاییە جیهانییەکەیان مانایەکی نوێیان بەخشیوەتە سنوورەکانی بازنە کۆمەڵایەتییەکانیان. ئەوەی کە دەتوانیت لەگەڵ خەڵکی هەموو وڵاتانی جیهاندا پەیوەندیت هەبێت، بنەمای ژمارەی (دونبار) تووشی ئاڵنگارییەک دەکات. بەهەرحاڵ، ئایا ئەم پەیوەندییە دیجیتاڵییانە بەڕاست دەتوانن قەرەبووی ئەو دۆستایەتییە بکەنەوە کە لە پەیوەندییە دووبەدووەکەدا هەیە یاخود بەس بوونەتە جێگرەوەیەک و ژیانیان پڕ کردووین لە وێنایەکی دەستکرد کە گوایە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیمان هەیە؟
توێژینەوەیەک لە گۆڤاری [European Journal of Information Systems]ـدا لەسەر پەیوەندیی نێوان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بارگرانیی کۆمەڵایەتیی کۆڵیوەتەوە—ئەو هەستەی کە بەشێکی زۆر لە وزە کۆمەڵایەتییەکانت خەریکە لە پەیوەندییە ئۆنڵاینەکانتدا سەرف دەبێت. توێژەران بۆیان دەرکەوت کە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و پێوەرەکانی نێو پەیوەندییە ئۆنڵاینەکان و شێوازی پەیوەندییەکان (پەیوەندیی ئۆفڵاین بەرانبەر هاوڕێتیی بەس-ئۆنڵاین) ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی تووشبوون بە (بارگرانیی کۆمەڵایەتی) بەهۆی (شەکەتی دیجیتاڵی) و وەڕزبوون لە سۆشیال میدیا.
لە گەشتکردنمان بەنێو ئەم جیهانە دیجیتاڵییەدا، پرۆسە مەعریفییەکانمان خۆ دەگونجێنن. مێشک کە جاران خووی گرتبوو بە ڕێکخستنی ژمارەیەکی سنووردار لە پەیوەندییەکان، ئێستاکە هەوڵی ڕاهاتن لەگەڵ بەڕێوەبردنی ژمارەیەکی زۆر پەیوەندیی دیجیتاڵی دەدات. سایکۆلۆژیای تەرکیز و (سەرمایەگوزاریی سۆز) دەکەونە ژێر وردبوونەوەیەکی چڕەوە. ئایا جیهانی دیجیتاڵ دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پەیوەندیگەلێکی کاڵ و کرچ یاخود دەتوانیت ببێتە هۆی گەشەکردنی پەیوەندیگەلێکی چڕ و پڕبایەخ کە بتوانن سەرەڕای مەودا دیجیتاڵییەکە سەقامگیر بن؟
هەندێک ڕێنوێنی لەلایەن دەروونناسێکەوە سەبارەت بە شێوازی کۆنترۆڵکردنی بارگرانیی کۆمەڵایەتی
لە نێوان ئەم قەرەباڵغییە کۆمەڵایەتییەی سەردەمی دیجیتاڵدا کە ژمارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان شتێکی بێسنوور دەنوێنێت، زۆر گرینگە هاوسەنگییەک لەنێوان چەندێتی و چۆنێتیی پەیوەندییەکانماندا بپارێزین. ئەو ژیرێتییەی لە ژمارەی دونباردا دەبینێرت وا دەکات هەوڵ بدەین بە وریاییەوە بڕوانینە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان.
با لەجیاتی ئەوەی کە ببین بە ژێر شەپۆلی قورسی پەیوەندییە ئۆنڵاینەکانەوە، هەوڵ بدەین دۆخێک پێک بێنین بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیگەلێکی جیدی و ڕاستەقینە. چۆنێتی بە لامانەوە گرینگتر بێت لە چەندێتی و تەرکیز بخەینە سەر ژمارەیەک لەو پەیوەندییانەی کە بە درووستی لەگەڵماندا دەگونجێن. لەجیاتی ئەوەی نوقمی دەریایەک لە پەیوەندیی کورتخایەن ببین، با بچینە نێو هەندێک گفتوگۆی پڕماناوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پەیوەندییەکی نێزیک و قووڵمان لەگەڵیاندا هەیە.
دەرەنجام
کێشە نابێت ئەگەر تێبگەین لە سنوورەکانی تەواناییی مەعریفیمان بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئیدی چڕیی قووڵبوون هەڵبژێرین لەجیاتی ژمارە و پانتایی. با، هەر کات دەکرێت، ڕوو بکەینە جوانییەکانی پەیوەندییە دووبەدووەکان و ڕێگە بدەین پەیوەندییە مرۆییەکانمان گەشە بکەن و سنووری ئەو نمایشە دیجیتاڵییە ببەزێنن. بەم جۆرە نەک هەر ڕێز لە کرۆکی مرۆڤبوونمان دەگرین، بەڵکوو گەشە بەو بوارە فیزیکی و دیجیتاڵییانەش دەدەین کە بەڕاست دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تەندرووستی و دەرووندرووستیمان.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.