قسە و زانیاری زۆرن لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە هەموو شتێکدا. بەگشتی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی دەبێت تێکەڵەیەک لە (ئیش) و (یاری)ـمان هەبێت! ئەو شتانەی کە لەسەرمانە جێبەجێیان بکەین لەگەڵ ئەو شتانەی کە پێمان خۆشە ئەنجامیان بدەین. شتانێک کە هێزمان لێ دەبڕن و شتانێک کە ورەمان پێ دەبەخشن.
هەروەها دەبێت هەندێک کاتیش دابین بکەین بۆ نووستن، بۆ ئەو پەیوەندییانەی کە بەهێزمان دەکەن، بۆ ڕاهێنان و خواردنی تەندرووست و چالاکییە بەسوودەکانی دیکەی ژیان، تاکوو ژیانمان نەکەوێتە نێو گێژاوی بەس ئیشکردنەوە. بەڵام دواجار ڕاگرتنی هاوسەنگی چۆناوچۆنە؟
ڕاگرتنی هاوسەنگی، بە مانای وشە
لەوانەیە هەندێک جار ڕاگرتنی هاوسەنگی زەحمەت بێت. تەنانەت کاتێک ژیانمان بەگشتی هاوسەنگییەکی تێدایە، هەندێک کات هەیە کە هەست بە بارگرانی دەکەین، هەندێک کات هەست دەکەین شتەکان لە ژیانماندا لاسەنگ بوون و دەبێت چاکی بکەینەوە، هەندێک جاریش دەستبەجێ ئەمە پێمان ناکرێت بەڵام دەتوانین بەرەو پێکهێنانی هاوسەنگییەکی زۆرتر هەنگاو بنێین. ئەگەر تووشی ئەوها دۆخێک بوویت، ترس داتنەگرێت، ئەمەش بەجۆرێک بەشێکە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی.
بۆ وێناکردنی ئەم دۆخە، لەسەر یەک پێ ڕابوەستە و هەوڵ بدە نەکەویت. دەبینیت کە هەندێک جار بە لایەکدا لار دەبیتەوە و بۆ ئەوەی نەکەویت پێویست دەبێت خۆت بە ئەو لاکەی دیکەدا لار بکەیتەوە و بەم جۆرە هاوسەنگیی وەستانەکەت ڕابگریت؟ ئەگەر تەواو ڕاست و قیت بوەستیت دەکەویت.
ڕاگرتنی هاوسەنگی ئەوە نییە کە تەواو بێجووڵە لەسەر پێت ڕاوەستیت، بەڵکوو ئەوەیە کە تێبگەیت کەی خەریکە هاوسەنگییەکە تێک بچێت ئەوسا خۆت ڕاست بکەیتەوە. ڕاگرتنی هاوسەنگی شتێکی بەس بۆ یەک جار نییە، بەڵکوو هەوڵدانێکی بەردەوامە.
بۆ گەڕوانەوە بۆ دۆخە هاوسەنگەکە، هەندێک جار پێویستە بەس تۆزێک وەستانەکەت ڕاست بکەیتەوە و هەندێک جاریش ئاستی خۆڕاستکردنەوەکە زۆرتر دەبێت. لەوانەیە هەندێک نیشانە دەربکەون کە خەریکە هاوسەنگییەکەت تێک دەچێت، لەوانە وەکوو هەستکردن بە ماندووێتی یان تەنانەت نەخۆشکەوتن، ئەمانە دەکرێت نیشاندەری ئەوە بن کە پێویستە گوێ بگریت بۆ جەستە و هەستەکانت.
ڕاگرتنی هاوسەنگی بۆ هەر کەسە و جیاوازە. هەر کەسە و پێداویستییەکانی بۆ هاوسەنگی جیاوازە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەگەڵ ژیاندا بگونجێن بۆ هەر کەسە و جیاوازە. هەر کەسێک ئاستێکی جیاواز لە بەرگەگرتنی لاسەنگیدا هەیە و کەرەستە بەردەستەکانی کەسەکانیش جیاوازن.
چۆن بزانیت کە ژیانت لاسەنگ بووە؟
دەبێت سەرنج بدەیت بە نیشانەکانی داهێزران. هۆکارەکانی داهێزران دەگەڕێنەوە بۆ شتانێک وەکوو سترێسی درێژخایەن، بێگەردخوازی، دڵخۆشنەبوون بە ئیشەکەت یان پەیوەندییەکانت، بەگشتی ئەوەی کە بەقەد پێویست کات دابین نەکەیت بۆ حەسانەوە لە سەرقاڵییەکانت.
نیشانەکانی داهێزران بریتین لە:
- خۆدوورڕاگرتن لە خەڵکی لە ڕووی عاتیفییەوە
- هیلاکی (جەستەیی یان عاتیفی)
- هەڵچوونی خێرا، زویربوون، تووڕەبوون یان خەمباربوون
- سڕبوون
- ژانەسەر یان ژانەسک
- دابەزینی کارامەیی
ئەگەر هەست دەکەیت زۆرتر لەوەی چاوەڕێت کردووە نیگەرانی شتەکان و ڕووداوەکانی داهاتوویت، لەوانەیە تووشی داهێزران بووبێتیت. زۆربەمان جاربەجار حاڵەتی داهێزران ئەزموون دەکەین، ئیدی دەکرێت وەکوو دەرفەتێک بۆ بووژانەوە و سەرلەنوێ دەستنیشانکردنەوەی ئەولییەتەکان کەڵکی لێ بگریت و ئەو شتانە لە پێشەوە دابنێیت کە زۆرتر دڵخۆشت دەکەن و پێیان ئاسوودەتر دەبیت.
هەندێک ستراتیجی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە ژیاندا
ئەم ستراتیجییانەی خوارەوە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بەو هاوسەنگییانەی لە ژیاندا بۆیان دەگەڕێیت.
پشوویەک بدە
توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە پشوودان لە ئیش تەنانەت لە ئەرکە تایبەتییەکانی ژیان، یارمەتیدەر دەبێت تین و وزەت بۆ بگەڕێتەوە و هەروەها دۆخی دەرووندرووستیشت باشتر دەکات. ئەگەرچی وەرگرتنی چەند ڕۆژ پشوو و گەشتکردن بۆ مەبەستی باشترکردنی دۆخی دەرووندرووستی شتێکی زۆر باشە بەڵام بیرت نەچێت لە ڕۆژدا تەنانەت تەرخانکردنی پێنج خولەک بۆ گوێگرتن لە پارچەیەک مۆسیقا، سەیرکردنی ڤیدیۆیەکی هەزەلی، یان بەس ئاسوودە لە شوێنێک ڕاکشان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگییەک بۆ ژیانت.
بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەوە کە پێویستە جێبەجێیان بکەیت. کامانەیان دەتەوێت ئەنجامیان بدەیت و کامانەیان ناچاریت جێبەجێیان بکەیت؟ بە شێوەیەکی نموونەیی، بۆ ئەوەی کە هاوسەنگیی نێوان هەموو شتەکان ڕابگریت، دەبێت تێکەڵەیەک لە هەر دووکیانت هەبێت.
سەرەتا سەرنج بدە ئاخۆ هەندێک شتی ناچاری هەن کە بکرێت لە لیستەکە لایانبەیت. ئەم پرسیارە لە خۆت بکە: کامانە شت زۆرترین سوودیان بۆ تەندرووستیم هەیە؟ دواتر، دڵنیا ببەوە کە هەموو ئەو شتانەی کە هیوایەتت ئەنجامدانیانە، دڵت خۆش دەکەن.
لەوانەیە گوتنی (نا) بە خۆت و کەسانی دیکە بەلاتەوە شتێكی قورس بێت بەتایبەت ئەگەر پێی ڕانەهاتبێتیت. بەڵام گوتنی (نا) لەبەر پاراستنی تەندرووستیت، ڕەنگدانەوەیەکی زیرەکیی سۆزدارییە. #لینک لە ڕاستیدا توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە ئەوانەی ئاستێکی بەرزتر لە زیرەکیی سۆزدارییان هەیە، ئاستێکی کوالێتیبەرزتری دەرووندرووستییان هەیە و کارامەییەکی زۆرتریان لە ئیشەکانیاندا هەیە.
هەندێک سنوور دەستنیشان بکە
دانانی هەندێک سنوور یارمەتیدەر دەبێت بۆ گوتنی نا و بەگشتی بەشێکی گرینگی پەیوەندییەکانە. هەروەها شێوازێکیشە بۆ پاراستنی سنوورە تایبەتەکانی خۆت تاکوو کەمتر تووشی سترێس بیت و ئەوەندە هەست بە بەرپرسیارێتی نەکەیت بەرامبەر هەستی کەسانی تر.
ئەگەر دەتەوێت سنوورێک بۆ خۆت درووست بکەیت وەکوو دەستپێک لەگەڵ کەسێکدا قسە بکە و پێی بڵێ کە چ هەستێکت هەیە دەربارەی ئەو شتانەی کە دەیکات و باسی پێداویستییەکانی خۆتی بۆ بکە.
بۆ نموونە ئەگەر ئەندامێکی خێزانەکەت بەردەوام داوای یارمەتیت لێ دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی دەتوانیت پێی بڵێیت “بەتەواوی وەڕز و ماندوو دەبم کاتێک سەرباری ئەرکەکانی خۆم ئەوانەی تۆش جێبەجێ دەکەم. پێویستم بە هەندێک کات و دەرفەتە تاکوو لەجیاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانی تۆ بتوانم تەرکیز بکەمە سەر ئەوانەی خۆم.”
داوای یارمەتی بکە
هەندێک جار تێگەیشتن لەوەی کە خەریکە هاوسەنگیت تێک دەچێت و ئەوەی کە دەبێت چی بکەیت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگییەکە، بۆ کەسێکی دیکە، جیا لە خۆت، ئاسانترە. لەوانەیە هەموو ئەو ئیشانەی کە داتناون ئەنجامیان بدەیت زۆر گرینگ و پێویست بێنە بەرچاو (هەندێک جاریش هەر وایە)، بەڵام ئەگەر شتێک لە نێوانیاندا هەبێت کە بتوانیت لێی گەڕێیت بەبێ ئەوەی گرفتێک درووست ببێت، زۆربەی جار هاوڕێیەک، خزمێک یان هاوژینەکەت دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ناسینەوەی ئەو شتە.
ئەگەر کەسێکی دڵسۆزی لەو چەشنەت لە ژیانتدا نییە دەتوانیت سەردانی چارەسەرکارێک بکەیت.
دەروونناس و چارەسەرکارە پسپۆڕەکان سەرچاوە و ئەزموونێکی زۆریان لایە و دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کۆنترۆڵکردنی سترێسەکانت. چارەساز و پسپۆڕەکانی دیکەی بواری دەرووندرووستی هەروەها دەتوانن یارمەتیت بدەن بۆ گۆڕینی پاتۆرنەکانی بیرکردنەوەی نەرێنی و فێربوونی هەندێک ستراتیجیی خۆگونجێن بۆ سەرکەوتن بەسەر سترێس و دڵەڕاوکێدا کە ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی سترێسەکانت.
سەرکەوتن بەسەر سترێسدا
هەندێک ستراتیجی هەن کە دەتوانیت هەموو ڕۆژێک پرۆڤەیان بکەیت بۆ بەرگری لە دۆڕاندنی هاوسەنگی یان کۆنترۆڵکردنی سترێس ئەگەر ئێستاکە هاوسەنگیت تێک چووبێت. هەندێک هەنگاوی کاریگەر بریتین لە:
- سپاردنی هەندێک لە ئەرکەکان بە کەسانی دیکە
- وازهێنان لە بێگەردخوازی
- تاقیکردنەوەی وریایی و هەڵکێشانی هەناسەی قووڵ و/یان مەدیتەیشن.
ئەم ستراتیجییانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی عاتیفی و هەروەها ڕاگرتنی هاوسەنگی لە ژیانیشدا.
(هاوسەنگیی عاتیفی / Emotional Balance) واتە ئەوەی کە لانیەکم زۆربەی کاتەکان سەنگی نێوان هەستە خۆشەکان و هەستە ناخۆشەکان بەدرووستی ڕابگرین تاکوو بتوانین دەرووندرووستییەکی ئەرێنیمان هەبێت. سەرچاوە
ڕاگرتنی هاوسەنگی بۆ هەموو تەمەنەکان
ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبیتەوە و بەر بە ڕاگرتنی هاوسەنگییەکان دەگرتن لەوانەیە پەیوەندیان بەو قۆناغەی تەمەنەوە بێت کە تێیدایت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک ڕێنمایین بۆ هەموو تەمەنەکان کە دەتوانیت بەکاریان بێنیت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی:
- هەرزەکاران: لە تەمەنی هەرزەکاریدا لەوانەیە بۆت قورس بێت هاوسەنگییەک لە نێوان قوتابخانە و ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕابگریت. هەوڵ بدە ڕۆتینێک بۆ خۆت ڕێک بخەیت، وەکوو ئەوەی کە پێش ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە نانی نیوەڕۆکەت ئامادە بکە، ئەرکەکانی خوێندن دوا مەخە و خێرا ئەنجامیان بدە و پێشوەخت بۆ تاقیکردنەوەکان سەعی بکە. ژیرانە هاوڕێکانت هەڵبژێرە و کات لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەسەر بەرە کە دڵخۆشت دەکەن و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەرووندرووستیت.
- پێگەیشتووان: وەکوو کەسێکی پێگەیشتوو لەوانەیە لە هەڵبژاردنی ئیشکردن و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێکاندا تووشی گرفت ببیت. کات بۆ هردووکیان دابین بکە، بەڵام بەقەد پێویستیش کات تەرخان بکە بۆ گرینگیدان-بەخۆ با نەپڕووکێیت. بیرت نەچێت کە دەبێت گرینگیدان بە تەندرووستی و دڵخۆشیی خۆت لە پێشینە دابنێیت.
- بەساڵاچووان: تەرکیز بکە سەر ئەو شتانەی کە بەلاتەوە زۆر گرینگن. هیچکات (زۆر درەنگ) نییە بۆ دۆزینەوەی ڕابواردنی نوێ یان درووستکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە دڵخۆشت دەکەن. تا دەکرێت ئاگات لە تەندرووستی و دەرووندرووستیت بێت. بیرت نەچێت، کێشە نییە لە کاتی پێویستدا داوای یارمەتی بکەیت.
ئاگات لە تەندرووستیت بێت
توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە خەو و خۆراک و ڕاهێنان ڕۆڵێکی ئێجگار گرینگیان هەیە لە دەرووندرووستی و تەندرووستیماندا. بیرت نەچێت کە بەقەد پێویست بخەویت، ڕجیمێکی تەندرووست ڕەچاو بکەیت و ڕاهێنان بکەیت.
بیرت نەچێت کە ڕجیمی خواردن و ڕاهێنانەکانت دەبێت واقیعبینانە بن تاکوو بتوانیت لەسەریان بەردەوام بیت. بۆ خواردن سزای خۆت مەدە و خۆراکەکان لە خۆت قەدەغە مەکە، لەجیاتی ئەوە حەزت لەو خواردنانە بێت کە دەیانخۆیت و هەوڵ بدە میوە و سەوزە زۆرتر بخۆیت.
هەر بەم جۆرە، ڕاهێنانەکانیش مەرج نییە کە شتی قورس بن. هەندێکجار دەتوانیت ئەوەی کە هەموو ڕۆژێک بەنێو دەڤەرەکەدا پیاسە دەکەیت بە ڕاهێنان دابنێیت.
ئەو شتانە بکە کە چێژیان لێ دەبینیت
ساتەکانی ڕابواردن و سەرقاڵبوون بە هیوایەتەکانت لە سترێسەکانت کەم دەکاتەوە و بەگشتی وا دەکات چێژ لە ژیان ببینیت. ئێستا ئەمە خوێندنەوەی کتێبێک بێت، سەیرکردنی فیلمێکی خۆش بێت یان ئەوەی کە لەگەڵ هاوڕێیەک چایەک بخۆیتەوە، دواجار تێدەگەیت کە ئەنجامدانی ئەو شتانەی حەزت لێیانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی شتەکان لە ژیانتدا.
Elizabeth Scott / “Tips To Help You Maintain Balance in Life” / 2022 / Verywell Mind
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.