دڵخۆشی دۆخێکی ورووژێنەر و ئاڵۆزە. لە مێژە فەیلەسوفەکان، زانا ئایینییەکان، دەروونناسەکان و تەنانەت ئابووریناسەکان لە هەوڵی شیکردنەوەی مانای دڵخۆشیدان. لە نەوەدەکانەوە لقێکی دەروونناسی، دەروونناسیی پۆزەتیڤ، بەتەواوی تەرخان کراوە بۆ ئەم مەبەستە. سەرەڕای بەس جەوێکی ئەرێنی، دڵخۆشی دۆخێکی تەندرووستییە کە ژیانێکی باش لەخۆ دەگرێت، ژیانێک کە پڕ بێت لە مانا و ڕەزامەندی.
هەستکردن بە کەیفخۆشی سوودی بۆ تەندرووستیش هەیە. هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە دڵخۆشی دەتوانێت تەندرووستیی جەستە باشتر بکات؛ پێدەچێت هەستی ئەرێنیبوون و ڕەزامەندی بەسوود بێت بۆ باشتربوونی تەندرووستیی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، سیستەمی بەرگری، ئاستی هەوکردن، پەستانی خوێن و شتی دیکەش. دڵخۆشی تەنانەت گرێدراوە بە تەمەندرێژی و هەروەها تەندرووستی و ژیانێکی کوالێتی-بەرز.
گەیشتن بە دڵخۆشی ئامانجێکی جیهانییە. توێژەران بەوە گەیشتوون کە خەڵک لە هەموو سووچێکی دونیادا دڵخۆشی بەلایانەوە گرینگرە لە ئەنجام و ئاواتە کەسییەکانی دیکە وەکوو کۆکردنەوەی سامان، بەدەستهێنانی شتە مادییەکان و ڕۆیشتنە بەهەشت.
چۆن دڵخۆش بین
دڵخۆشی دەرەنجامی بازبردن لە خۆشییەکەوە بۆ خۆشییەکی دی نییە؛ بۆ توێژەران ڕوون بووەتەوە کە گەیشتن بە دڵخۆشی بەگشتی بە نێو هەندێک کاتی ناخۆشیی چڕدا تێدەپەڕێت. لایەنە بۆماوەییەکان، دۆخی ژیان، دەستکەوتەکان، دۆخی ژیانی هاوبەش، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت جیرانەکانت هەر هەموویان کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاستی دڵخۆشبوونت. یان دەکرێت کاریگەرییان هەبێت. کەوابوو شێوەی تایبەتی خۆت بۆ بیرکردنەوە و دەربڕینی هەستەکانت بەکار بێنە. توێژینەوەکان دەریخستووە کە زۆربەی ئاستی دڵخۆشی لەژێر کۆنترۆڵی تاک خۆیدایە.
جاربەجار دەرفەت بدەیت بە خۆت چێژ لەو شتانە ببینیت کە حەزت لێیانە، تێکەڵی هەندێک چالاکی ببیت بۆ تاقیکردنەوی بەهرەکانت، دەستنیشانکردن و گەیشتن بە ئامانجەکان، ڕاگرتنی هەندێک پەیوەندیی قووڵی کۆمەڵایەتی، دۆزینەوەی ئامانجێک جیا لە هیوایەتە کەسییەکان، ئەمانە هەموو دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕەزامەندی لە ژیان. دڵخۆشی خۆی لە خۆیدا نابێتە هۆی باشتربوونی تەندرووستی، کلیلەکە شوێنکەوتنی دڵخۆشییە.
نیشانەکانی کەسێکی دڵخۆش
کەسانی دڵخۆش لە ژیاندا ئامانجیان هەیە. ئەم کەسانە لە پەیوەندییە درێژخایەنەکان، لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و لەوەی کە بەپێی بەهاکانیان بژین چێژ دەبینن. کەسی دڵخۆش شەیدای شتی مادی و سەیران و ڕابواردنی گرانبەها نییە. ئەم کەسە بە چێژە ساکارەکانی ژیان ڕازییە — وەکوو دانیشتن لەژێر سێبەری دارێکدا، خواردنەوەی چایەک، قسەکردن لەگەڵ هاوڕێیەکدا و هتد. ئەمانە هەندێک لەو نیشانە دەرەکییانەن کە دەریدەخەن کەسێک دڵخۆشە.
- کراوەیە بەرامبەر فێربوونی شتی نوێ.
- بێفیز و پشوودرێژە.
- ئامادەیە بۆ بزە و پێکەنین.
- لەگەڵ دۆخەکەدا دەگونجێت.
- هاوسۆزی ئازاری کەسانی دیکە بێت و ئامادە بێت بچێت بە تەنگیانەوە.
- زۆربەی جاران سوپاسگوزارە.
- گرینگی بە خۆی دەدات.
- لە پەیوەندییە تەندرووستەکان چێژ دەبینێت.
- بە سەرکەوتنی کەسانی دیکە دڵخۆش دەبێت.
- بەبێ ئەوەی خۆی ئازار بدات و هەستێکی خراپی هەبێت وەردەگرێت و دەبەخشێت.
- ژیانێکی پڕ لە مانا و ئامانج دەژیت.
- خۆبەزلزان نییە و چاوەڕوانییەکانی کەمە.
- دڵڕەق نییە و بێڕێزی بە کەس ناکات.
- ڕق لە دڵ هەڵناگرێت.
- کێشە و گرفتە بچووکەکان کاری تێ ناکەن.
- خۆی بە ڕابردوو و داهاتووەوە سەغڵەت ناکات.
- بێ پێچوپەنایە.
- قوربانی نییە.
- سەبارەت بە دڵخۆشبوونەکەی ڕەزیل نییە.
ئەفسانەکان دەربارەی دڵخۆشی
هەڵەتێگەیشتنێکی زۆر هەن دەربارەی ئەو شتانەی کە پێمانوایە دەبنە هۆی دڵخۆشبوونمان. خەڵک زۆربەی جار پێیانوایە کاتێک دڵخۆشی بەدەست دێنن کە قۆناغێکی دیاریکراو ببڕن، وەکوو دۆزینەوەی هاوژینێکی نموونەیی یان مووچەیەکی تایبەت.
بەڵام مرۆڤ توانایەکی بێوێنەی هەیە لە گونجان لەگەڵ دۆخی نوێدا، ئەمەش واتە لەگەڵ پەیوەندی یان پارە و سامانە نوێکەیدا ڕادێت و دۆخە نوێکە بۆی ئاسایی دەبێتەوە و بەم جۆرە دەگەڕێتەوە سەر ئاستە سەرەتاییەکەی دڵخۆشی و ڕۆیشتن بەرەو گەیشتن بە قۆناغ و ئامانجی دواتر. خۆشبەختانە ئەمە بۆ بابەتی گیروگرفتەکانیش ڕاستە— بەرامبەر لەمپەرەکان خۆڕاگر دەبین و بە ئەگەری زۆر دیسان دڵخۆشی دەدۆزینەوە.
تایبەت بە داهات، توێژینەوەکان پێشانی داوە کە ئاستێکی گونجاو، لە ئەمەریکادا، داهاتێکی نێوان شەش بۆ نۆ دەفتەر و نیوە لە ساڵێکدا نەک ساڵێک ملیۆنێک دۆلار. داهاتێکی سەروو نۆ دەفتەر و نیو یەکسان نییە لەگەڵ ئاستێکی بەرزتری ئارامی و دڵخۆشی؛ مەرج نییە کەسێک کە لە ساڵێکدا پازدە دەفتەر داهاتی بێت لە کەسێک کە داهاتەکەی زۆر لەوە کەمترە دڵخۆشتر بێت.
ئەم شێوە بیرکردنەوەیانەی خوارەوە نموونەن بۆ ئەو هەڵەتێگەیشتنانەی سەبارەت بە دڵخۆشی:
- “دڵخۆش دەبم کاتێک دەوڵەمەند و سەرکەوتوو بم.”
- “کاتێک لەگەڵ کەسێکی گونجاودا هاوسەرگیری بکەم دڵخۆش دەبم.”
- “گەیشتن بە ئیشی نێو خەونەکانم دڵخۆشم دەکات.”
- “ئێستا کە پەیوەندییەکەم لەگەڵ خۆشەویستەکەمدا تێک چووە چیتر ناتوانم دڵخۆش بم.”
- “قەت لەم ناخۆشی و دۆخەی ئێستا ڕزگارم نابێت.”
- “باشترین ساڵانی ژیانم تێپەڕیون.”
دەروونناسیی پۆزەتیڤ
دەروونناسیی پۆزەتیڤ لقێکی دەروونناسییە کە لە گەشەکردنی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. ئەم پرسە دەخاتە ڕوو کە ئاخۆ مرۆڤەکان چۆن دەتوانن هەستی ئەرێنیان هەبێت، پەیوەندیی تایبەت و ڕاستەقینە پێک بێنن، دۆخی لێشاو1 ئەزموون بکەن و نوقمی چالاکییەکەیان بن، بگەنە ئامانجەکانیان و ژیانێکی پڕ لە مانا بۆ خۆیان درووست بکەن.
بە هاندانی مارتین سەلیگمان، دەروونناسێکی زانکۆی پەنسیلڤانیا، ئەم بزووتنەوەیە لە ویستێکەوە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە دەروونناسیدا سەریهەڵدا— گۆڕانێک لە سووڕانەوە بە نێو نەخۆشی و پەشێوییەکانەوە بۆ دەستەبەرکردنی زانست و لێهاتوویی بۆ گەشەپێدانی مانا و گەیشتن بە هیواکان.
دڵخۆشی بە درێژاییی ژیان
هەر کەسە و ئەزموونەکانی ژیانی تایبەتن و بەم جۆرەش ئەزموونەکانی لە دڵخۆشی تایبەت دەبن. ئیدی کاتێک زانایان لە هێڵی مامناوەندیی دڵخۆشی بە درێژاییی تەمەن دەکۆڵنەوە، هەندێک پاترۆن و شێوە دەردەکەون. دڵخۆشی و ڕەزامەندی لە ئاستێکی تا ڕادەیەک بەرزەوە دەستپێ دەکەن، لە هەرزەکارییەوە بۆ ناوەڕاستی تەمەن، دادەبەزن و لە تەمەنی پێگەیشتوویی و دواتردا بەرز دەبنەوە.
ئەوەی کەسێک لە تەمەنی 20 ساڵیدا دڵخۆش دەکات لەوانەیە کاتێک دەبێتە 80 ساڵی ئەو شتە هیچ هەستێکی خۆشی تێدا سەوز نەکات، دڵخۆشییەکانی تەمەنی 80 ساڵیشی لە تەمەنی 20 ساڵیدا چ شتێکی تێدا نەورووژێنێت. گرینگە کە مرۆڤەکان بەردەوام سەرنج بدەن کە لە هەر قۆناغێکی ژیانیاندا چی دڵخۆشیان دەکات و هۆکارەکانی دڵخۆشییان بگۆڕن تاکوو بتوانن بەردەوام بە درێژاییی ژیانیان تێبکۆشن بۆ گەیشتن بە دڵخۆشی.
دڵخۆشی و تەندرووستی
تەندرووستی و دڵخۆشی بەتەواوی پێکەوە گرێدراون. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەوانەی ناساغن ناتوانن دڵخۆش بن، بەڵکوو واتە گرینگیدان بە تەندرووستی بەشێکی یەکجار گرینگی ئارامی و دڵخۆشییە.
توێژەران بەوە گەیشتوون کە پەیوەندییەکی زۆر لەنێوان تەندرووستی و دڵخۆشیدا هەیە—لەوانەش تەمەندرێژی— بەڵام جیاکردنەوە ئەوەی کە کامەیان دەبنە هۆی ئەوی دیکە، شتێکی قورسە. گۆڕین و باشترکردنی ڕجیم، ڕاهێنان، خەو و شتانی دیکە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ هەستکردن بە ڕەزامەندییەکی زۆرتر.
پەراوێز:
- (لێشاو / Flow) لە دەروونناسیدا، لێشاو دۆخێکی دەروونییە کە کەسێک بەتەواوی نوقمی ئیش یان چالاکییەک دەبێت. لەم دۆخەدا ئەو کەسە بەتەواوی نوقمی چالاکییەکەی دەبێت بەجۆرێک کە هەموو سەرنجی لەسەر ئەو شتە دەبێت کە سەرقاڵیەتی.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.