دڵخۆشی و تەندرووستی دوو کۆڵەکەی گرینگن کە زۆربەی خەڵک لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم دووانە ژیانێکی باش پێک دەهێنن. دواجار ئەم دوو شتە زۆرتر لەوەی کە بیری لێ بکەیتەوە لێکئاڵاون. ڕوونکردنەوەی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ یەکێکیان هۆکارە بۆ ئەوی دی یاخود پێکەوە بەستراون ئەستەمە، بەڵام گومانێکی تێدا نییە کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانیاندایە.
سوودەکانی دڵخۆشی لەسەر جەستە
توێژەران تیشکیان خستووەتە سەر پەیوەندیی نێوان دڵخۆشی و لایەنە تایبەتەکانی تەندرووستی وەکوو کاردانەوەی سیستەمی بەرگری لەکاتی تووشبوون بە ڤایرۆسێک یان ئەوەی کە ئاخۆ چەند دەژین.
دەستنیشانکردنی ئاڕاستەکە لەنێوان تەندرووستی و دڵخۆشیدا زەحمەتە. کەسێکی دڵخۆش زۆرتر ئاگای لە تەندرووستی خۆیە و پەیوەندییەکانی بەهێزترن کە دەبنە هۆی باشتربوونی تەندرووستییەکەی؟ هەبوونی نەخۆشییەکی درێژخایەن بەردەوام دەبێتە هۆی تێکچوونی جەوی کەسەکە؟ توێژەران هەوڵ دەدەن ئەم پرسیارانە ڕێک بخەن بەڵام ئاڕاستەی شتەکە هەمیشە ئاڵۆز دەبێت و بەتەواوی ڕوون نابێتەوە.
سوودەکانی دڵخۆشی لەسەر جەستە چین؟
دڵخۆشی پەیوەندی هەیە لەگەڵ ڕیزێک سوودی تەندرووستیی جەستەیی، وەکوو پەستانێکی نزمتری خوێن، دابەزینی ئەگەری جەڵتەی مێشک، سیستەمێکی بەهێزتری بەرگری، هەروەها تەنانەت تەمەندرێژی. هەروەها هەستە ئەرێنییەکان پەیوەستن بە ئەگەرێکی کەمتری برینداربوون لە گەنجان و لاوازبوون لە پێگەیشتوواندا.
ئایا ئەوانەی دڵخۆشترن زۆرتر دەژین؟
بەڵێ، دڵخۆشی و تەمەندرێژی گرێدراوی یەکدین. بەگشتی ئەوانەی کە باس لە هەبوونی هەستێکی بەهێز لە دڵخۆشی دەکەن بەراورد بەوانەی ئەم هەستەیان تێدا لاوازە، تەمەنێکی زۆرتر دەژین و کاریگەرییەکەش لە ژنان و لە پیاوانیشدا ڕاستە.
دڵخۆشی دەتوانێت سیستەمی بەرگری بەهێزتر بکات؟
دڵخۆشی گرێدراوە بە هەبوونی سیستەمێکی بەگریی بەهێز، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرگری لە نەخۆشکەوتن و کاڵکردنەوەی ئاستی چڕیی نیشانەکان. بۆ نموونە لە گرووپێکدا کە بەرکەوتنیان لەگەڵ ڤایرۆسی ئەنفلۆنزادا هەبوو، ئەوانەیان کە هەستی ئەرێنیان زۆرتر بوو ئەگەری نەخۆشکەوتنیان کەمتر بوو. لەو کەسانەشدا کە پێش بەرکەوتنیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە، خۆویست هەستی دڵخۆشییان بەرز کرابووەوە، هەر هەمان دەرەنجام ڕووی دابوو.
چی هۆکارە بۆ پەیوەندیی دڵخۆشی لەگەڵ تەندرووستیدا؟
چەندین بیرۆکەی جیاواز هەن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە دڵخۆشی چۆن سوود دەگەیەنێت بە تەندرووستی. یەکێکیان ئەوەیە کە هەستی ئەرێنی دەبێتە هۆی درووستبوونی گۆڕان و ڕەفتاری ئەرێنی، وەکوو ڕاهێنان، خەو، ڕجیمی بەسوود، پەیوەندیی یارمەتیدەر و لێوەشاوەیی لە سەرکەوتن بەسەر گرفتەکاندا. بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە کە هەستە ئەرێنییەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی سترێس و ئەو کاریگەرییە زیانبەخشانەی لەسەر جەستە هەیەتی.
دڵخۆشی دەتوانێت نەخۆشییەکان چارەسەر بکات؟
چ بەڵگەیەک نییە کە دڵخۆشی بتوانێت نەخۆشییەکان چارەسەر بکات یاخود ماوەی پێویست بۆ چاکبوونەوە خێراتر بکاتەوە. بەڵام ڕێکارەکانی دەرووندرووستیی پۆزەتیڤ دەتوانێت لە نیشانەکانی خەمۆکی کەم بکاتەوە. هەروەها دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ئاستی دەرووندرووستی و ڕەزامەندی لە ژیان.
تەندرووستی چۆن کار دەکاتە سەر دڵخۆشی
تەندرووستی و دڵخۆشی لە ئاستێکی بەربڵاودا گرێدراوی یەکترین بەڵام لە هەندێک دۆخدا تەندرووستی دەتوانێت ئاستی کەیفخۆشی بەرز بکاتەوە. ئەو خۆراکانەی دەیخۆین، ئەو ڕاهێنانانەی ئەنجامیان دەدەین و ئەو نەخۆشییانەی کە تووشیان دەبین هەموو دەور دەبینن لە شتەکەدا.
تەندرووستی دڵخۆشی لێ دەکەوێتەوە؟
چەندان تیۆرە هەن سەبارەت بەوەی کە بۆچی دەشێت تەندرووستی بمانگەیەنێت بە دڵخۆشی. هەندێک توێژینەوە دەڵێن کە کاتێک کەسێک زۆرتر ئاگای لە تەندرووستی خۆی بێت، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆرتر دەکات. هەندێک توێژینەوە دەڵێن کە ئەو کەسانەی تەندرووستییەکی باشتریان هەیە، ڕوانگەیان ئەرێنیترە. سەرەڕای ئەمانەش هەندێک توێژینەوە دەڵێن کە فاکتەرێکی بنەمایی وەکوو بۆماوە یان کەسایەتی هۆکار دەبن بۆ هەردووکیان.
بۆچی پاش ڕاهێنان هەست بە دڵخۆشی دەکەم؟
ڕاهێنان وا دەکات جەستە هۆرمۆنەکانی ئەندۆرفین و ئینکیفالین بەرهەم بهێنێت کە دەبنە هۆی دامرکانی ئازار و ورووژاندنی کەیفخۆشی. ئەم مادە کیمیاییانە بەرپرسن لەو هەست و چێژەی کە لەکاتی ڕاکردندا درووست دەبێت. هەروەها ڕاهێنان تەرکیزمان لەسەر خەم و نیگەرانییەکان و (خۆدواندن)ـە ڕووخێنەرەکان لا دەبات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک کات لە دەرەوەی ماڵ یان لەگەڵ خەڵکانی دیکەدا بەسەر ببەین.
خۆراک هەیە بتوانێت هەستی دڵخۆشیمان تێدا بوروژێنێت؟
ئێستاکە توێژینەوەیکی زۆر هەن کە پێشاندەری پەیوەندییەکی گرینگن لەنێوان گەدە و مێشکدا. هەندێک خۆراک دەتوانن ئەو میکرۆبانەی گەدە بەهێزتر بکەن کە پاڵپشتی دەرووندرووستین، لەوانە وەکوو ماسی کە ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا 3ـی زۆری تێدایە و سەوزەواتەکان کە فایبەریان زۆرە.
ئاستی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەسەر دەرووندرووستی چەندە؟
ئازار یان نەخۆشییەکی درێژخایەن دەتوانێت زەبرێکی توند لە دەرووندرووستی بدات. کەسی نەخۆش دەشێت تووشی سترێس ببێت لەوەی کە بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر یان دەستنیشانکردنی نەخۆشی. دەشێت تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببن سەبارەت بە گۆڕانەکانی ژیان لە بواری پەیوەندییەکانیان یان ئیشەکانیاندا و هەروەها ڕووبەڕووی گوشاری ئابووری ببنەوە. دەشێت خەمی ئەو بەشانەی ژیانیان بخۆن کە گۆڕاوە یان لەدەست چووە.
چۆن دەتوانم دڵخۆش بم سەرەڕای هەبوونی نەخۆشییەکی درێژخایەن؟
ئەوانەی نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن (دڵسۆزی-بەرانبەر-خود)1، وریایی2 و دانبەخۆداگری3 تاقی بکەنەوە تاکوو یارمەتییان بدات بۆ ڕێکخستنی ئاستی دڵخۆشی و دەرووندرووستییان. دڵسۆزی-بەرانبەر-خود دەتوانێت بەر بە خۆدواندنە زیانبەخشەکان و خۆلۆمەکردنەکان بگرێت و وریایی دەتوانێت بتهێنێتە نێو ساتی ئێستاوە و بەم جۆرە لەو بیرە سترێساوییانەی سەبارەت بە ئازار و نەخۆشی ڕزگارت بکات.
پەراوێز:
- (دڵسۆزی بەرانبەر خود / self-compassion)
- (وریایی / mindfulness)
- (دانبەخۆداگری / equanimity)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.