ئەگەرچی دڵخۆشی دەکرێت وەکوو بیرۆکەیەکی ناڕوون بێتە بەرچاو بەڵام زانست لە هەندێک بەشی بنەڕەتیی ئەم مژارە کۆڵیوەتەوە، وەکوو ئەوەی کە کامە هەڵبژاردن، چالاکی و شێوازی بیرکردنەوە دەبنە هۆی ڕەزامەندی، تێگەیشتنە هەڵەکان سەبارەت بە دڵخۆشی، هەروەها ئەو تیۆرییانەی کە دەشێت ڕەچەڵەک و ڕێگای گەیشتن بە دڵخۆشی ڕوون بکەنەوە.
چی دڵخۆشمان دەکات؟
گەیشتن بە ڕەزامەندی و دڵخۆشی پرۆسەیەکی بەردەوامە. دەروونناسان بیروباوەڕێکی زۆریان ناسیوەتەوە کە یارمەتیدەر دەبن لەم پرۆسەیەدا.
دڵخۆشی، زانینخوازی و توانای بەرگەگرتنی ڕیسک و دڵەڕاوکێ لەیەک دەدات بۆ مەبەستی دۆزینەوەی حەزی نوێ و لایەنی نوێی شووناس. دڵخۆشی بریتییە لە هاوسەنگییەک لەنێوان چێژی کورتخایەن و تێکۆشانی درێژخایەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. بنەماڵە و هاوڕێکان دەتوانن شانازی بە سەرکەوتنەکانتەوە بکەن و هەم لەکاتی دۆڕانەکاندا پاڵپشتت بن و بەم جۆرە ئاستی دڵخۆشیت بەرز بکەنەوە. دڵخۆشی بریتییە لەوەی بتوانیت هەموو هەستەکان، بە هەستە ناخۆشەکانیشەوە، قەبووڵ بکەیت. بریتییە لەوەی کە وێنە گەورەکە ببینیت نەک لەنێو وردەکارییەکاندا بچەقیت. بەکۆی گشتی دڵخۆشی واتە بە وریایی و مانا و ئامانجەوە بژیت.
ئایا دەکرێت دڵخۆشییەکی هەتاهەتایی بدۆزینەوە؟
کلیلی دڵخۆشبوون بە درێژاییی ژیان ئەوەیە کە بەردەوام کات تەرخان بکەیت بۆ گۆڕانی بچووک. خووگرتن بە هەندێک شت وەکوو دانانی تیانووسێکی سوپاسگوزاری بۆ نووسینەوەی ئەو شتانەی کە لە ژیانتدا هەتە، مەشقی میهرەبانبوون، پەرەپێدانی گەشبینی، فێربوونی لێبوردەیی، سەرمایەگوزاری لە پەیوەندییەکاندا، دۆزینەوەی ئەو چالاکییانەی تێیاندا بگەیتە دۆخی لێشاو1، وازهێنان لە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر، چێژبینین لە ژیان و خۆتەرخانکردن بۆ ئامانجەکان دەتوانن وا بکەن دڵخۆشی بەشێکی نەبڕاوەی ژیانت بێت.
ئایا مرۆڤ دڵخۆش لەدایک دەبێت؟
هەندێک کەس بە شێوەیەکی سرووشتی بە زکماک گەشبینتر، ئەرێنیتر و دڵخۆشترن. ئەگەرچی لە ڕاستیدا بۆماوە هۆیەکی سەرەکیی دڵخۆشییە، بەڵام ئەو کەسانەش کە ڕەشبینی تێیاندا زەقترە، دەتوانن ڕوانگەیان تا ڕادەیەک بگۆڕن بە گۆڕینی بیرە نەرێنییەکان و وازهێنان لە خۆلۆمەکردن.
چی شتێک زۆرترین کار دەکاتە سەر دڵخۆشی؟
دەشێت جیناتەکانمان ئەو شتە بن کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دڵخۆشی هەیە. دەروونناسان و زانایانی بواری بۆماوەزانیی هەڵسووکەوت نێزیکەی 50 لەسەدی دڵخۆشی دەگێڕنەوە بۆ بۆماوە، 10 لەسەد بۆ دۆخی ژیان و 40 لەسەدیش بۆ هەڵبژاردنە کەسییەکان. تەنانەت ئەگەر کەسێک بە ڕوانگەیەکی گەشەوە لەدایک نەبووبێت، ئەگەر بەردەوام هێز و کات تەرخان بکات بۆ باشترکردنی ئاستی دڵخۆشیی خۆی، دەکرێت شتەکە بگۆڕێت.
ئاخۆ خەڵکی ئیستا بەراورد بە جیلەکانی پێشووتر دڵخۆشییان کەمترە؟
منداڵان و هەرزەکارانی ئەمڕۆ چاوەڕوانییەکی زۆرتریان لە ژیان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا نایەکسانیی داهات و هۆکارەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگا وا دەکەن کە سەرکەوتن زۆر قورستر بێت. سەرەڕای ئەمەش ئێستا بەراورد بە ڕابردوو خەڵکێکی زۆرتر پارە و سامان بەلایانەوە گرینگترە لە پەیوەندییەکان، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی دڵخۆشی لە تەمەنی پێگەیشتووییدا. دەشێت لەبەر ئەم هۆکارانە و هۆکاری دیکەش بێت کە ئێستاکە پێگەیشتووان بەراورد بە ڕابردوو کەمتر هەست بە دڵخۆشی دەکەن.
ئەفسانەکان دەربارەی دڵخۆشی
خەڵکی زۆربەی جار دەیانەوێت خۆیان لە هەستە قورسەکان لابدەن و ئیدی هانا بۆ ڕێگەچارەی خێرا دەبەن وەکوو پارەی زۆر سەرفکردن یان کڕینی شتی گرانبەها. ئەم چەشنە خۆشگوزەرانی و زیادەمەسرەفییە، دڵخۆشی دەبەخشێت بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی. هەروەها ئەوەش هەڵەیە کە هەموو هیوای بەدەستهێنانی دڵخۆشی بخەیتە سەر گەیشتن بە ئامانجەکانی وەکوو هاوسەرگیریکردن، بەناوبانگبوون یان دەوڵەمەندبوون. دڵخۆشیی نەبڕاوە کاتێک ڕوو دەدات کە کات و هێز تەرخان بکەین بۆ ئامانجە پڕماناکان، پەیوەندییەکان و بەهاکان، هەروەها گەشە بدەین بە لێهاتووییەکانمان بۆ زاڵبوون بەسەر پەشێویدا.
گەورەترین ئەفسانەکان سەبارەت بە دڵخۆشی کامانەن؟
خەڵکی زۆر جار لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەرکەوتنەکان وەکوو هاوسەرگیری و دەوڵەمەندبوونەوە دڵخۆشییەکی هەمیشەییان بۆ زامن دەکات و دۆخە پێچەوانەکەی وەکوو جیابوونەوە یان نەخۆشییەکان خەمێکی نەبڕاوە و ناکۆتایان بۆ دێنێت. بەڵام توێژینەوەکان دەریخستووە کە ئەو دڵخۆشی یان خەمە چڕوپڕانەی گرێدراوی هەندێک ڕووداوی تایبەتی ژیانن تا ڕادەیەکی بەرچاو کورتخایەنن. ئەو بیرکردنەوانەی وەکوو “کاتێک هاوسەرگیری بکەم ئیدی دڵخۆش دەبم” یاخود “قەت ئەم نەخۆشییەم لە کۆڵ نابێتەوە” تێگەیشتنی هەڵەن.
مرۆڤ دەتوانێت پێشبینی بکات چی دڵخۆشی دەکات؟
مرۆڤ بەشێوەیەکی سەیر لە پێشبینیکردنی دڵخۆشییەکانی داهاتوویدا هەڵەیە. زۆربەی جار ئاستی دڵخۆشکەربوون یاخود شڵەژێنەربوونی ڕووداوەکان بەرز دەخەمڵێنێت: پلەبەرزبوونەوە دڵخۆشییەکی هەتاهەتایی ناهێنێت و جیابوونەوە لە هاوژین مەرگەساتی لێ ناکەوێتەوە. هەروەها مرۆڤ ئەزموونەکانی بەپێی سەرەتا، کۆتایی، ساتە قورسەکان یاخود (لووتکە)ـی ڕووداوەکان وەبیردێنێتەوە لەجیاتی ئەوەی کە وەکوو کۆیەک بیر لە ئەزموونەکە بکاتەوە.
ئایا دڵخۆشبوون واتای ئەوەی کە هیچ خەمبار نەبین؟
قەت وا نییە. ژیانێکی پڕمانا بێهیوایی و دۆڕانەکانیش لەخۆ دەگرێت. ئەزموونە قورسەکان دەکرێت بەها بنەڕەتییەکانمان دەربخەن، هاندەرمان بن بەرەو گۆڕانکاری و تەنانەت وا بکەن ساتە خۆشەکان تایبەتتر بن و چێژێکی زیاتریان هەبێت.
ئایا بژاردەی زیاترمان بەردەست بێت دڵخۆشتر دەبین؟
ژیرانە دەنوێنیت ئەگەر بڕوا بکەین بژاردەی زیاتر بەرەو دەرەنجامی باشترمان دەبات. بەڵام بژاردەیەکی هەرە زۆر دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی سترێس سەبارەت بە بڕیارەکە و نیگەرانبوون دەربارەی بەدیلە لەدەستچووەکان. ئەمەش پێی دەگوترێت (پارادۆکسی هەڵبژاردن)2، زاراوەیەک کە لە لەلایەن دەروونناس (باری سچوارتز)ـەوە داهێنرا.
ئایا ئەوانەی لۆتەری (یانەسیب) دەبەنەوە دڵخۆشترن؟
زۆرێک لەو کەسانەی دەبنە براوەی لۆتەری دواجار هیچ لە کەسانی دیکە دڵیان خۆشتر نابێت و هەندێکیشیان تووشی داڕمانێکی بەرچاوی ئابووری دەبن، پارە و سامانەکەیان بەفیڕۆ دەدەن، تووشی گرفتی یاسایی دەبن یان ژیانیان تێکەڵ بە کەسانێک دەکەن کە داوای بەشێک لە خەڵاتەکەیان لێ دەکەن. کەچی توێژینەوەکان پێیان وایە کە ئەگەر براوەکانی لۆتەری پارەکەیان بۆ پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان یاخود بۆ مەسرەفی ئاسایی سەرف بکەن، زۆرتر هەست بە دڵنیایی و بەختەوەری و دڵخۆشی دەکەن.
تیۆرەکانی دڵخۆشی
دەروونناسیی پۆزەتیڤ شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە تەرخان کراوە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چی خەڵک و کۆمەڵەکان سەردەخات. پێنج فاکتەر هەیە بۆ گەشەپێدانی دڵخۆشی: هەستی ئەرێنی، بەڵێنی هاوسەرگیری، پەیوەندییەکان، مانا و سەرکەوتن. سەرەڕای ئەم بنەما هەرە گرینگانە، شێواز و بیرۆکەی دیکەش سەریان هەڵداوە.
خاڵی دەستنیشانکراوی دڵخۆشی چییە؟
توێژینەوەکان پێیان وایە کە هەر کەسە و بە زکماک (خاڵێکی دەستنیشانکراوی دڵخۆشی)ـی3 تایبەت یاخود ئاستێکی بنەڕەتی هەیە بۆ دڵخۆشی. پاش ئەزموونکردنی کەیفخۆشی یاخود خەم و کارەساتەکان، مرۆڤ لەگەڵ دۆخە نوێکەیدا ڕادێت و هەستەکانی بەگشتی دەگەڕێنەوە سەر ئەو ئاستە لە دڵخۆشی کە بە زکماک بۆی دەستنیشان کراوە.
دەکرێت (خاڵی دەستنیشانکراوی دڵخۆشی) بگۆڕیت؟
دەربەستبوون بە هاوسۆزی و لەخۆبوردن4 لەپێناوی کەسانی دیکەدا وەکوو ئاکارێک کە زۆرترین پەیوەندی هەیە بە بەرزکردنەوەی درێژخایەنی ڕەزامەندی لە ژیان، دەشێت یارمەتیدەر بێت بۆ گۆڕینی خاڵی دەستنیشانکراوی دڵخۆشی. یارمەتیدانی خەڵکی وا دەکات کە دڵخۆشتر بیت، لەوانەیە لەبەر ئاستێکی بەرزتری (ڕێزگرتن لە خۆ) و هەستێکی (خۆ بەنرخ زانین) بێت یان تێگەیشتنێکی قوڵتر لە ئامانج و هەستکردن بەوەی کە ژیان گرینگە.
(تردێمیڵی هیدۆنیک) چییە؟
مرۆڤ کاتێک دەگاتە ئامانجێک، وەکوو ئۆتۆمبێلێکی نوێ دەکڕێت یاخود لە ئیشەکەیدا پلەبەرزبوونەوەیەک بۆ خۆی مسۆگەر دەکات، هەست بە دڵخۆشییەکی چڕ و لەناکاو دەکات بەڵام دواجار هەر دەگەڕێتەوە سەر ئاستە بنەڕەتییەکە. ئەمەش دەبێتە سووتەمەنی بۆ ئەو شتەی پێی دەگوترێت (ترێدمیڵی هیدۆنیک)5 کە تێیدا خەڵکی بەردەوام لەسەر ئەو باوەڕەن کە گۆڕانی دواتر دڵخۆشییان بۆ دێنێت. بەڵام جۆراوجۆری و سوپاسگوزاری یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرگری لە کاڵبوونەوەی دڵخۆشی.
کێکی دڵخۆشی چییە؟
(کێکی دڵخۆشی)6 شێوازێکی نیشاندانی ئەو فاکتەرانەی نێو ژیانن کە ئاستی دڵخۆشی دەستنیشان دەکەن. ئەم مۆدیلە وەکوو چارتێکی بازنەیی لە شێوەی کێک نیشان دەدرێت. بەپێی چارتی (کێکی دڵخۆشی) 50 لەسەدی دڵخۆشی بەهۆی جیناتەکانەوەیە، 10 لەسەد بەهۆی دۆخی ژیان و 40 لەسەدیش بەهۆی ئەو بڕیارانەی کە دەیدەین و ئەو چالاکییانەی تێیاندا بەشدار دەبین بۆ مەبەستی دڵخۆشیمان.
پەراوێز:
- (لێشاو / Flow) لە دەروونناسیدا، لێشاو دۆخێکی دەروونییە کە کەسێک بەتەواوی نوقمی ئیش یان چالاکییەک دەبێت. لەم دۆخەدا ئەو کەسە بەتەواوی نوقمی چالاکییەکەی دەبێت بەجۆرێک کە هەموو سەرنجی لەسەر ئەو شتە دەبێت کە سەرقاڵیەتی.
- (پارادۆکسی هەڵبژاردن / paradox of choice)
- (خاڵی دەستنیشانکراوی دڵخۆشی / happiness set point)
- (لەخۆبوردن / altruism)
- (ترێدمیڵی هیدۆنیک / hedonic treadmill)
- (کێکی دڵخۆشی / happiness pie)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.