دڵخۆشی هەستەکانی ڕەزامەندی و کەیفخۆشی و داینەمۆی ژیانێکی پڕ لە مانا و ئامانج ژیان لەخۆ دەگرێت. درووستکردنی پەیوەندیی بەهێز و یارمەتیدانی کەسانی دیکە بەشە گرینگەکانی دڵخۆشین. پێویستی بە ئەزموونی نائارام یاخود ئازاربەخش هەیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر فێربوون و گەورەبوون و گەشەکردن.
هەڵەتێگەیشتنێکی زۆر هەن دەربارەی ئەو شتانەی کە پێمانوایە دەبنە هۆی دڵخۆشبوونمان. لە گرێدانی دڵخۆشییەوە بە سامان و پلە و پایە و خاوەندارێتی تاکوو خۆلادان لە هەموو هەستێکی ناخۆش، پێشبینیمان بۆ دڵخۆشیی داهاتوومان زۆر لاوازە. بەڵام تێگەیشتن لە بنەما و هۆکارەکانی دڵخۆشی دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ هەنگاونان بەرەو گەیشتن پێی.
کۆڵەکەکانی دڵخۆشی
دۆزینەوەی دڵخۆشی هەمیشە پرۆسەیەکی بەردەوام دەبێت. مادامەکێ خەڵکی تێدەکۆشن بۆ بنیاتنانی ژیانێکی خۆش و پڕمانا، گەشەپێدانی هەندێک ئاکار دەکرێت یارمەتیدەر بێت، لەوانە: مانا، سەرڕاستبوون، گەشبینبوون، پێزانین و سوپاسگوزاربوون، هاوسۆزی و بەخشندەیی.
چۆن دەستنیشانی دەکەیت کە چی دڵخۆشت دەکات؟
ئەوەی کە بەپێی بەهاکانت بژیت کرۆکی پرۆسەی گەیشتنە بە دڵخۆشی. ئەگەر نازانیت کامانە بەها لەلات گرینگن، ئەم تاقیکردنەوە هزرییە ئەنجام بدە: ئەگەر نزایەک بکەیت و دەستبەجێ هەموو خەڵکی ستایشت بکەن و بەدڵیان بیت، چی بڕیارێک سەبارەت بە ژیانت دەدەیت؟ ئەو هەنگاوانە بگرە بەر کە لەگەڵ بەها کەسییەکانت تەبا دێنەوە.
چۆن دڵخۆشی دەکەیت بە ئاکارێک بۆ خۆت؟
دەستوورێکی گشتی نییە کە بۆ هەموو کەسێک بگونجێت سەبارەت بە دڵخۆشی، بەڵام هەندێک هەنگاو هەن کە دەکرێت یارمەتیدەر بن تاکوو ڕۆژانە دڵخۆشتر بیت، وەکوو ئەم پرۆسە پێنج هەنگاوییە. یەکێکیان ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی دڵخۆشیی خۆت هەڵگریت، لەوە تێبگەیت کە دەتوانیت دۆخەکە بگۆڕیت ئەگەر کردەوەت هەبێت. ئەوەی دیکەش ئەمانەن کە ئەولیەت بۆ خۆت دابنێیت و لە ئێستادا بژیت.
چۆن دەکرێت کەسێکی گەشبینترت لێ دەرچێت؟
گۆڕینی ڕوانینمان سەبارەت بە هۆکارە بنەماییەکانی ڕووداوە نەخوازراو و نەرێنییەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە گەشبینبوون شتێکە دەکرێت فێری ببیت. بەپێی توێژینەوەکان، گەڕاندنەوەی هەڵە یان دۆڕانێک بۆ ئەوەی کە بەقەد پێویست هەوڵت نەداوە نەوەک نەبوونی لێهاتوویی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی مرۆڤ بۆ باشتربوون و سەرکەوتن لە دەرفەتەکانی داهاتوودا.
چۆن پرۆڤەی پێزانین بکەیت؟
ئەوانەی هەستی پێزانین لە خۆیاندا گەشە پێ دەدەن باشتر لە نرخی ژیان تێدەگەن و چێژ لە ژیان دەبینن، چونکە پێزانین ڕەزامەندییەک دەخولقێنێت کە وابەستی سەرچاوە دەرەکییەکان نییە. بۆ پرۆڤەی پێزانین هەموو بەیانییەک بیر لەو شتانە بکەوە کە سوپاسگوزاریت بۆ هەبوونیان و بەم جۆرە ڕۆژەکەت دەستپێ بکە، تیانووسێک تەرخان بکە بۆ نووسینەوەی ئەو شتانەی لە بوونیان دڵخۆشیت و هەوڵ بدە لەنێو ئەزموونە نەرێنیەکاندا شتێک بدۆزیتەوە کە پێی دڵخۆشیت و بەم جۆرە شێوەی ڕووداوە نەرێنییەکە بگۆڕە.
چۆن سەرڕاست بیت و ژیانی ڕاستەقینەی خۆت بژیت؟
سەرڕاستبوون بەردی بناغەی دەرووندرووستییە و گرێدراوی (ڕێزگرتن لە خۆ) و گەشاوەیی و دڵخۆشییە. پێوەر و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا هەندێک جار وا دەکەن خەڵکی بەجۆرێک بجووڵێنەوە کە لەگەڵ خودی ڕاستەقینەیاندا تەبا نەیەتەوە. وردبوونەوە لە ئاکارەکانت و کۆڵینەوە لە ڕاست و درووستیی ئەو یاسا نەنووسراوانەی کۆمەڵگا دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ژیانێک کە تێیدا سەرڕاست بیت و ڕاستەقینەی خۆت بژیت.
چۆن مانا ببەخشیت بە ژیانت؟
ژیانێکی پڕمانا دەکرێت وەکوو ژیانێک پێناسە بکرێت کە خاوەنی نرخ و بەهایە. دواتر مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگای درووستکردنی شتێکی بەنرخەوە مانای ژیان بدۆزێتەوە، وەکوو دانانی ئاوازێکی جوان، پێکهێنانی پەیوەندییەکی خۆشەویستی، یاخود دەربەستبوون بە بەها ئەخلاقییەکان. درووستکردنی ئەو بەهایە توانایەکە دەکرێت فێری ببیت و پرۆڤەی بکەیت.
چۆن پرۆڤەی هاوسۆزی و بەخشندەیی بکەیت؟
هاوسۆزی کلیلێکی گەیشتن بە دڵخۆشییە کە وەکوو پێویست سەرنجی نادرێتێ. دڵەڕاوکێ و خەمۆکی هەندێک دۆخی (تەرکیز لەسەر خود)ـن1، کەچی یارمەتیدانی کەسانی دیکە پانتاییی ڕوانینمان بەرینتر دەکاتەوە و (تەرکیز لەسەر خود) کاڵ دەکاتەوە. لە کاتێکدا پارە و سامان دەتوانن دڵخۆشییەکی کاتیمان بۆ دابین بکەن، توێژینەوەکان دەڵێن کە هاوسۆزی و یارمەتیدانی کەسانی دیکە دەبنە هۆی دڵخۆشی و تەندرووستی و ژیرییەکی درێژخایەن.
وریایی، ئایین و مەعنەوییەت
وریایی2 ڕێگایەکی بەهێزە بۆ گەشەپێدانی دڵخۆشی. وریایی دۆخێکی دەروونییە کە تێیدا هەموو تەرکیزت دەخەیتە سەر “ساتی ئێستا” و لە بیر و هەستەکانت ڕادەمێنیت بەبێ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەیت. تێگەیشتن لەم هەستانە لەجیاتی بەگژداچوونەوەیان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ نەمانی کاریگەری و نەرێنێتییان.
ئایین و مەعنەوییەتیش توانای پێکهێنانی کەیفخۆشی و کۆمەڵ و مانایان هەیە. پەیڕەوکردنی بەهاکانی ئایینێکی دەستنیشانکراو، کە زۆربەی جار بریتییە لە کۆمەڵ و گرینگیدان-بەخۆ و پەیوەندییەکی متمانەپێکراو لەگەڵ خودادا، دەتوانێت لە بەدەستهێنانی تەندرووستی و دڵخۆشیدا یارمەتیدەری مرۆڤ بێت.
ئایا وریایی دەبێتە هۆی دڵخۆشتر بوونت؟
بەپێی توێژینەوەکان، پرۆڤەکردنی وریایی گرێدراوە لەگەڵ ئەزموونکردنی هەستێکی ئەرێنیی زۆرتر. وریایی بریتییە لە هێوربوونەوە و هەوڵدان بۆ تەرکیزکردنە سەر لایەنەکانی ئەزموونی ژیان و ستایشکردنیان، هەروەها هەست و بیرەکانت قەبووڵ بکەیت و بە کراوەیی و کونجکۆڵی و میهرەبانییەوە پێیاندا بڕوانیت. دەشێت توانای وازهێنان لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو شتانەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نین و وازهێنان لە تەرکیزکردنە سەر هەڵەکان هۆکاری ئەوە بن کە ڕاهێنانی وریایی دەبێتە هۆی گەشەپێدانی دڵخۆشی.
چۆن پرۆڤەی وریایی بکەیت؟
دەتوانیت لە خولەکانی تێڕامان (مەدیتەیشن)ـدا یاخود لە هەندێک کات و دەرفەتی کورت لە ڕۆژدا ڕاهێنانی وریایی بکەیت. تەرکیزت بخەرە سەر هەناسەدان و هەستەکردنت بە جەستە و دەوروبەرت. ئەو بیر و هەستانەی ئەزموونیان دەکەیت بەبێ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدەیت، بڕوانە پێیاندا، بیانناسەوە و لێیان تێبگە. دواتر و لە کاتێکی دیکەدا، شیکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئەو هەستانە سەریان هەڵداوە دەشێت یارمەتیدەر بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکاندا.
ئایا ئایین و مەعنەوییەت دەبنە هۆی دڵخۆشتر بوونت؟
توێژینەوەکان پەیوەندییەکی بەهێزیان دەرخستووە لەنێوان دەرووندرووستی و ئایین و مەعنەوییەتدا. هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ تەندرووستییەکی باشتریشدا هەیە، وەکوو ڕێژەیەکی کەمتری جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحوول، خەوێکی باشتر و تەنانەت تەمەندرێژی. هەڵبەت هەندێک لایەنی ئایین هەن کە دەکرێت لە هەندێک دۆخدا ببنە هۆی پەشێوی، وەکوو هەستی گوناهـ یاخود شەرم.
ئایین و مەعنەوییەت بۆچی بۆت باشن؟
سێ هۆکاری سەرەکی دەشێت سوودەکانی ئایین و مەعنەوییەت ڕوون بکەنەوە. زۆرێک لە ئایینەکان گرینگییەکی تایبەت دەدەن بە پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و هەندێک لە ڕێکخراوەکانیش (گرووپی پاڵپشتی) بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەکەیان ڕێک دەخەن. ئایینەکان زۆربەی جار هاندەرن بۆ چاودێریی زەین و جەستە کە ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی ئاکاری تەندرووست و باش. ئایین هەروەها دەتوانێت گەشە بە توانای مامەڵەکردن لەگەڵ گیروگرفتەکاندا بدات، وەکوو لە ڕێگای درووستکردنی پەیوەندییەکی متمانەپێکراو لەگەڵ خودا یاخود خەڵکانی دیکەدا.
پەیوەندییەکان
سەرەڕای بابەتەکانی ئابووری، زیرەکی، یاخود شارەکەی خۆت، پەیوەندییەکانیش هۆکارێکی گرینگی دڵخۆشین. پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێکان و پەیوەندییە سۆزدارییەکان پێداویستییەکی بنچینەییی مرۆڤ بۆ هەستی گرێدایەبوون (ئینتیما) مسۆگەر دەکات. تەرخانکردنی کات و هێز بۆ درووستکردن و پاراستنی ئەو پەیوەندییانەش بێگومان بەشێکی بنەڕەتییی گەیشتن بە دڵخۆشییە.
بۆچی پەیوەندییەکان دەبنە هۆی دڵخۆشی؟
پەیوەندییەکان قەبووڵکران و پاڵپشتی و ئارامی دەبەخشن و ئەمانەش لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی دڵخۆشی و تەندرووستین. مرۆڤ لە پەیوەندییە قووڵ و گەشەکەرەکان سوود دەبینێت؛ پەیوەندیی لەگەڵ هاوژینەکەیدا، دایک و باوکی، هاوکارەکانی یاخود هاوڕێکانی.
چۆن دەکرێت لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا دڵخۆشتر بیت؟
هەندێک هەڵبژاردن گرینگییەکی ئەوتۆیان هەیە لە درووستکردنی پەیوەندییەکی دڵخۆشکەر و سەرکەوتوودا. گرینگیپێدان و پاڵپشتبوون، هەوڵدان بۆ ڕاهاتن لەگەڵ جیاوازییەکاندا، بەشکردنی ئەرکەکانی ناوماڵ، ڕاشکاوانە باسکردنی بابەتی سێکس، دەربڕینی خۆشەویستی و (پرۆڤەکردنی پێزانین) لەو ئاکارانەن کە لە درێژخایەندا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕەزامەندی لە پەیوەندییەک.
ئایا خێزاندارەکان لە سەڵتەکان دڵخۆشترن؟
ئەوانەی ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە ئاستی دڵخۆشییان لە یەکەم ڕۆژەکانی هاوسەرگیرییەکەیاندا بەرز دەبێتەوە بەڵام دواتر دڵخۆشییەکەیان دەگەڕێتەوە سەر ئاستە بنچینەییەکەی خۆی. بەپێی توێژینەوەکان بەدەر لەو بەرزبوونەوەیەی سەرەتاکانی هاوسەرگیری، کەسانی خێزاندار و ئەوانەی سەڵتن دڵخۆشییان لە ئاستێکی وەکیەکدایە. یەکێک لە هۆکارەکان دەکرێت ئەوە بێت کە سەڵتەکان ژیانێکی کۆمەڵایەتیی زۆر چالاکیان هەیە.
پیشە و پارە
ئەنجامدانی ئیشێک کە لەگەڵ بەهاکانتدا تەبا بێت دەکرێت وردە وردە مانا و دڵخۆشیت بۆ مسۆگەر بکات. بۆ نموونە دەشێت داهێنەربوون، دەرفەتی گەشت یاخود ئابوورییەکی سەقامگیر بۆ بنەماڵەکەت لە پێشینە دابنێیت. تێگەیشتن لە بەهاکانت یارمەتیدەر دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەو ئیشانەدا کە دەتوانن دڵخۆشت بکەن.
دڵخۆشی هەروەها وابەستی هەندێک فاکتەریشە وەکوو ئەوەی کە ئاخۆ ئیشەکە سەرنجڕاکێشە بەلاتەوە، ئاخۆ لێهاتووییت هەیە لە ئیشەکەدا و ئاخۆ ئاسوودەیت لەگەڵ ئەوانەی کە ئیشیان لەگەڵ دەکەیت. ئەوەش کە ئیشەکەت دابینکەری پێداویستییە بنچینەییەکانت بێتیش گرینگە، بریتی لە مووچەیەکی دادوەرانە، کاتژمێرەکانی کارکردن ماقووڵانە بێت، هاتووچۆ بۆ گەیشتن بە شوێنی ئیشەکە ئاسان بێت و دڵنیا بیت لە بەردەوامبوونی ئیشەکە.
چۆن لە ئیشەکەتدا دڵخۆشی بدۆزیتەوە؟
خەڵکی ڕوانینیان بەرامبەر دامەزراندن جیاوازە: هەندێک کەس وەکوو سەرچاوەی داهات دەڕوانن بە ئیشەکاندا، هەندێک کەس وەکوو ڕێگایەک بەرەو سەرکەوتن و موسەقەفبوون، هەندێک کەسیش وەکوو بەشێکی بنچینەیی لە شووناس و ژیانیان سەیری ئیشەکەیان دەکەن. زۆربەی جار ئەوانەی دواتر ئیشەکەیان لایان پڕماناتر دەبێت و ڕەزامەندییان لە ژیانیان زۆرترە. ناسینەوەی ئاڕاستەی حەز و ئامانجەکانت یارمەتیدەرت دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چ پیشەیەک دڵخۆشت دەکات.
ئایا دڵخۆشی کار دەکاتە سەر ئیشەکەت؟
ئیدیعایەکی باو هەیە کە گوایە ئەگەر زۆر ئیش بکەیت، دڵخۆش دەبیت. بەڵام بەپێی توێژینەوەکان پێچەوانەکەشی ڕاستە، هەستە ئەرێنییەکان دەشێت هاندەری سەرکەوتن بن لە پیشەکاندا. هۆکاری ئەمەش دەکرێت ئەوە بێت کە ئەو فەرمانبەرانەی کە دڵخۆشترن، ئامانجی بەرزتر دیاری دەکەن، بۆ ماوەیەکی زۆرتر لەسەر ئیشە قورسەکان بەردەوام دەبن، گەشبینتر دەبن سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنیان و لە شوێنی ئیشیشدا پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتیی زۆرتریان دەبێت.
چی بکەیت ئەگەر ڕقت لە ئیشەکەت بێت؟
خەڵکێکی زۆر دڵخۆش نین بە ئیشەکەیان، بەڵام لەوانەیە دۆزینەوەی ئیشێکی نوێ یاخود پلەبەرزبوونەوە چارەسەر نەبێت. توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە مرۆڤ پاش پلەبەرزبوونەوە یاخود دۆزینەوەی ئیشێکی نوێ هەست بە دڵخۆشییەکی یەکجار زۆر دەکات، بەڵام ئەم گۆڕانە پاش ساڵێک ون دەبێت. ئەوەی دڵخۆشی دەگەشێنێتەوە پرۆسەی ئیشکردنە بەرەو ئامانجە قورسەکان، کە ئەمەش ستراکتور و مانا و دەرفەتی شارەزابوونەوە لە شتی نوێدا دەخاتە بەردەستت.
پارە دڵخۆشی دێنێت؟
پارە دڵخۆشی دێنێت تا ئەو ئاستەی کە خەڵکی لە هەژاری ڕزگار دەکات و خۆشگوزەرانییان بۆ دابین دەکات. لەوە گەڕێتەوە پارە ئاستی دڵخۆشی بەرز ناکاتەوە. هەروەها پارە زیاتر لەوەی کار بکاتە سەر ئەو هەستانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا هەمانە، کار دەکاتە سەر کۆی گشتیی دڵخۆشی؛ ئەوەی کە ڕاوەستین و سەیر بکەین بزانین ئاخۆ دڵخۆشین بە ژیانمان یاخود نا.
پەراوێز:
- (تەرکیز لەسەر خود / self-focused)
- (وریایی / mindfulness)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.