ئایا خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ڕوو دەدات؟
لایەنە نەرێنییەکانی لەناکاو کەوتنە خۆشەویستییەوە
- ئەوەی کە لە یەکەم ژواندا بەدرووستی تایبەتمەندییەکانی کەسی بەرامبەر بناسیت دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی ئەگەری حەزێکی ڕۆمانسی
- بەهۆی چاوەڕوانیی زۆرەوە، لادان لە هەڵسووکەوتە باوەکانی نێو یەکەم ژوان دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی ئەگەری درووستبوونی حەزێکی رۆمانسی
- دڵنیانەبوون لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسەی ژوانت لەگەڵیدا بەستووە دەکرێت ببێتە هۆی سەرنجڕاکێشان و حەزی زۆرتر بۆ ناسینی زۆرتری کەسەکە
- ئەوەی کە بەدرووستی کەسەکە نەناسیت دەبێتە هۆی دابەزینی توانای بڕیاردانێکی باش سەبارەت بە پەیوەندییەکان
هەندێک لە ژوانەکان دەبن بە یەکەم و دوا یەکتربینین، زۆربەی لەبەر ئەوەی کە هەر دوو لا زانیارییەکی زۆر دەخەنە بەردەستی یەکتری تاکوو بیری لێ بکەنەوە. بەڵام هەندێک کەس هەر یەکەم دیدار ئاگر دەخاتە دڵیانەوە و بەتەواوی سەرسامی بەرامبەرەکەیان دەبن.
ئەو گڕ و تینەی لە ناکاو لە دڵدا کڵپە دەکات ئەگەری کەوتنە خۆشەویستییەوە بەرز دەکاتەوە. بەڵام ئایا هەستێکی خۆشەویستی لەناکاو کە هێشتا تاقی نەکراوەتەوە دەکرێت ڕاست و درووست بێت؟ بەپێی توێژینەوەکان لەوانەیە نا!
ڕاستبوونی یەکەم هەستەکان
(وەندی پاتریک) داواکاری گشتی لە بواری تاوانە سێکسییەکاندا دەڵێت کە ناسین و بڕیاردانێکی درووست سەبارەت بە کەسایەتی بەرامبەرەکە لە یەکەم ژواندا زۆر بە گرینگ دەزانێت. دەڵیت کە لە 23 ساڵی ئیشکردنی لەم پیشەیەدا، گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی بۆ سەر کەسێکی ناسیاو بەشێکی بەرچاوی ئەو دۆسییانە بووە کە ئیشی تێدا کردوون.
بەڵام ئەمە بە مانای ترس و سڵکردنەوە لە ناسینی کەسی نوێ نییە! ڕاستە ئەگەری ئەوە هەیە کە تووشی کەسێکی نادرووست ببیت، هەر بۆیە دەبێت زۆرتر و وردتر بیر لە بابەتی خۆشەویستی و درووستبوونی حەز بەرامبەر کەسێک بکەینەوە تاکوو هەستێکی لەناکاو بەبێ ناسینێکی ڕێک و ڕاست نەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی کات و وزەمان.
بەپێی توێژینەوەکان ناسینی کەسێک بە درووستی لە یەکەم ژواندا، کاریگەرە لەسەر درووستبوونی هەستی حەز و خۆشەویستی.
(گازارد کیڕ و هاوکارەکانی)، ساڵی 2020 لە بابەتێکدا بە ناونیشانی (کوێربوون لە یەکەم بینیندا1) شیکاری بابەتی ناسینێکی پڕبەپێستی کرد و تێگەیشت کە لە هەندێک دۆخدا دەکرێت بۆ هەر دوو لایەنەکە بەسوود بێت. بۆ نموونە کاتێک هاوپۆلییەکی نوێ دێتە نێو پۆلی خوێندنەوە، ناسینێکی ڕاست و درووست دواجار دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی پەیوەندی و ئەگەرێکی زۆرتری درووستبوونی خۆشەویستی. یان ژنێک کە تازە هاوسەرگیری کردووە، ئەگەر ناسینێکی درووستی هەبێت بەرامبەر هاوسەرەکەی ئەگەری جیابوونەوەی کەمتر دەبێت.
بەڵام یەکەم ژوان جیاوازە! بەپێی ئەم توێژینەوەیە ئەوەی کە لە یەکەم ژواندا بەدرووستی تایبەتمەندییەکانی بەرامبەرەکەت بناسیتەوە دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی حەز و ڕۆمانسییەت! بۆچی؟ لەبەر ناسینێکی زۆرتر! ئەوان ئاوا پێناسەیان کرد کە ئەگەر سەبارەت بە کەسێک زانیاریت زۆر بێت، کاتێکی کەمتری لەگەڵدا بەسەر دەبەیت و ئەگەری حەزلێکردن لە کاتی ژوانەکەدا دادەبەزێت، هەروەها دەرفەتی زۆرتریشت دەبێت بۆ بینینی هەڵە و خەوشییەکان.
واتە لەوانەیە بۆ یەکەم ژوان هەرچی کەمتر سەبارەت بە بەرامبەرەکەمان بزانین، زۆرتر حەزی لێ بکەین. بەڵام بۆ ئەوەی کە بریاری درووست بدەین پێویستە زانیاری زۆرترمان لەسەر کەسەکە هەبێت.
سەبارەت بە حەزلێکردن لە یەکەم ژواندا، ناسینێکی کەمتر کاریگەرترە
بەپێی تێبینییەکانی (گازارد کیڕد) لە یەکەم ژواندا بەپێی چاوەڕوانییەکی زۆر کە بۆ خۆ-دەرخستن2 هەیە، لادان لە هەڵسوکەوتە باوەکانی یەکەم ژوان دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی بیرۆکەیەکی ڕێک و ڕاست سەبارەت بە یەکتری و ئەمەش هەستی ڕۆمانسی کەم بکاتەوە. ئیدی لەبەر ئەوەی کە خۆ-خستنەڕوویەکی3 زۆر دەبێتە هۆی باشترکردنی ناسینێکی ڕێک و ڕاست، لەڕادەبەدەر هاوبەشکردنی زانیاری لەسەر خۆت و پێناساندنێکی زۆر، لەوانەیە وا بکات یەکەم ژوان ببێت بە دوا ژوان!
بە سەرێکی دیکەش (گازارد) تێگەیشت کە لانیکەم لە یەکەم ژواندا ناسینێکی کەمتر کاریگەرترە. ناسینێکی کەمتر دەکرێت تێگەیشتنە نەرێنییەکان کەمتر بکاتەوە و وا بکات بریاڕدان لەسەر کەسایەتیی کەسی بەرامبەر دوا بخات. هەروەها هەبوونی ناڕوونی سەبارەت بە هەندێک لە تایبەتمەندییەکان دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی حەزێکی زۆرتر و هەستی “چێژ لە نادڵنیایی” سەرهەڵبدات. ئیدی دڵنیانەبوون دەشێت وا بکات زۆرتر بیر لەو کەسە بکەیتەوە کە ناسین و تێگەیشتن لێی قورسترە، تاکوو بتوانیت بڕیار لەسەر کەسایەتیی بدەیت. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی حەز و خۆشویستن.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی ناسینی کەسێک وکوو خۆی لە دۆخەکانی دیکەدا بەسوودە بۆ پەیوەندییەکان، وەکوو ئەو کاتانەی لەگەڵ کەسێکدا بەس هاوڕێیت یان لەنێو پەیوەندییە خۆشەویستییەکاندا، (کیڕ) پێی وایە پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیە کە بەسوودە بۆ پەیوەندییەکان، لەوانەیە یەکەم ژوان شتێکی تێدا بێت کە ئەم ناسینە پڕبەپێستە کاریگەریی نەرێنی لێ بکەوێتەوە و وا بکات ئەگەری حەزلێککردن دابەزێت. لەوانەیە ئەو بەوردی ناسینە وابکات کەسەکە زۆرتر ڕەخنەگر بێت و ئەو تایبەتمەندییە ئەرێنییانەی کە دەشێت لە دۆخی دیکەدا سەرنجڕاکێش بن، لە کاتی ژوانبەستندا سەرنجی ڕانەکێشێت.
بۆ ئەوەی کە خۆشویستنت بەپێی ڕاستییەکان بێت، خێرا مەکەوە خۆشەویستییەوە
ئەگەر حەزی رۆمانسی بەرامبەر کەسێک ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ناسینێکی پڕبەپێستی کەسەکە، دەبێت زۆر وریا بجووڵینەوە ئەگەر هات و لەڕادەبەدەر کەوتینە ژێر کاریگەریی کەسێکەوە و زۆر حەزمان لێ کرد، چونکە ئەگەر نەتوانین وەکوو خۆی ئەو کەسە بناسین ناتوانین بڕیاری درووست بدەین. بە سەرێکی دیکەش، ناسینێکی ڕێک سەبارەت بە کەسێک لە یەکەم ژواندا دەکرێت وا بکات لەڕادەبەدەر ڕەخنەگر بین و ئەگەری دۆزینەوەی خۆشەویستێک کەم بکاتەوە!
دواجار توێژەران ئەم ئامۆژگارییەمان پێشکەش دەکەن: ئەگەر ئامانجت ئەوەیە بەس درێژە بە پەیوەندییەکە بدەیت و لە ژوانی یەکەم تێبپەڕێت، ئەوەتا دەبێت چاویلکەیەکی سەوز و گەشبین لەچاو بکەیت و واز لە وردبینی بێنیت.
پەراوێز:
- Blind at First Sight by Gazzard Kerr er al
- (خۆ-دەرخستن / self-presentation)
- (خۆ-خستنەڕوو/ self-disclosure)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.