زۆرتر لەوەی کە بیری لێ بکەیتەوە گوێت لێ ڕادەگرن.
- خەڵکی زۆربەی جار پێیان وایە توانایان بۆ کاریگەریدانان لەسەر کەسانی دیکە سنووردارە.
- کەچی توێژینەوەکان پێشانیان داوە کە هەموومان زۆرتر لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە کاریگەری لەسەر کەسانی دیکە دادەنێین.
- بۆ نموونە کاتێک داوای یارمەتی دەکەین، کەسانی نەناس بەقەد هاوڕێکانمان ئامادەن یارمەتیمان بدەن.
- کەسانی بەتەمەن زۆر جار گوێ لە قسە و ڕاوێژی گەنجەکان دەگرن، سەرەڕای ئەوەی کە گەنجان پێیان وایە کەسانی بەتەمنتر و بەئەزموونتر حیساب بۆ قسەیان ناکەن و گوێیان لێ ناگرن.
کاتێک دەتەوێت کەسێک قایل بکەیت بۆ ئەنجامدانی شتێک، لەسەر ئیش پێشنیازێک بکەیت یاخود سەبارەت بە بابەتێک بیروڕای خۆت دەرببڕیت، زۆرێک فاکتەر هەن کە دەبێت بەرچاویان بگریت: باشترین شێواز بۆ دەربڕینی داواکاری یان قایلکردنەکە چییە؟ کامە تەکتیکی کاریگەریدانان بگریتە بەر؟ باشترە داواکارییەکەت بە نامە بێت یاخود تەلەفۆن؟
پێش ئەوەی بڕیار لەسەر ئەمانە بدەیت سەرەتا دەبێت سەرنج بدەیت کە ئەوەی دەتەوێت کاریگەریی لەسەر دابنێیت کێیە؟ کێ ئەگەری زۆرترە پێشنیاز یان داواکارییەکەت قەبووڵ بکات و کێ ئەو ئەگەری تێدا کەمترە؟
ئەوەی گرینگە، ئەگەر وا بیر بکەیتەوە کە کەسێک یاخود جۆرە کەسانێک کەمتر گوێ بۆ پێشنیازەکانت دەگرن وا دەکات پاشگەز ببیتەوە لە هەوڵەکانت بۆ ئەوەی کاریان تێ بکەیت. یاخود لەوانەیە ئەو تەکتیکانە بەکار بێنیت کە کاریگەرییان لاواز دەبێت و لە کاردانەوەی چاوەڕوانییەکانت بۆ ڕەتکرانەوەدا یان خێرا کۆڵ بدەیت یاخود زۆر لەسەری بچیت.
خۆشبەختانە بەپێی توێژینەوە نوێکان لەسەر مەزەندەی خەڵکی سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ چەندە کەسانی جۆراوجۆر ئامادەن بۆ گوێگرتن لە داواکاری و پێشنیازەکانیان، دەرکەوتووە کە ڕێژەکە زۆرترە لەوەی کە بیری لێ دەکەیتەوە، واتە بازنەی کاریگەریدانانت زۆر بەرینترە لەوەی کە خۆت هەستی پێ دەکەیت. ئەگەرچی لەوانەیە پێت وابێت هێزی کاریگەریدانانت بەس سنووردارە بۆ هاوڕێ و کەسانی نێزیک و ئەوانەی لە خۆت گەنجترن، بەڵام دەرکەوتووە کە هەم کەسانی نەناس و کەسانی بەتەمەنتر لە خۆتیش، زۆرتر لەوەی هەستی پێ دەکەیت، بە قسەت دەکەن و گوێت لێ دەگرن.
دەبێت داوای یارمەتی لە هاوڕێکانت بکەیت یاخود کەسێکی نەناس؟
تێبینییەکی باوی تایبەت بەو کاتانەی پێویستت بە کەسێکە شتێکت بۆ بکات ئەمەیە کە ئاخۆ داوای یارمەتی لە کەسێک بکەیت کە چاک دەیناسیت، یان کەسێک کە زۆر باش نایناسیت یاخود هەر نایناسیت. لەوانەیە زۆربەی جاران ئاسوودەتر بیت بەوەی کە داوای یارمەتی لە هاوڕێیەک بکەیت تاکوو لە نەناسیاوێک، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەک یان کۆکردنەوەی پارە بۆ ئیشێکی خێرخوازانە داوای یارمەتیی دارایی بکەیت یاخود بۆ ئیشێک پیویستت بە هەندێک هاوکاری هەبێت.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە من (ڤانیسا بۆهنس) و (سەباستیان دەری) و (دانیەل ستەین) ئەنجاممان داوە، بۆمان دەکەوت کە ئەگەرچی بەگشتی لامان وایە ئەگەری ئەوەی کە هاوڕێکانمان قەبووڵی بکەن شتێکمان بۆ بکەن زۆرترە لەوەی کەسێکی نەناس، بەڵام جێی سەرسووڕمانە کە نەناسیاوەکانیش، تا ڕادەیەک هەر بەقەد هاوڕێکانمان، پێیان خۆشە داواکارییەکانمان قەبووڵ بکەن.
لە کۆمەڵە توێژینەوەیەکدا 310 کەس بەشدار بوون و چوونە بەردەم نێزیکەی هەزار کەس و داواکارییەکی سادەیان پێشکەش کردن، ئەوەی کە یارمەتییان بدەن بۆ پڕکردنەوەی ڕووپێوییەک یاخود ژماردنی فاسۆلیاکانی نێو بوتڵێک. لە هەر سێ توێژینەوەکەماندا نیوەی بەشداربووان بە هەڕەمەکی هەڵدەبژێردران بۆ ئەوەی کە داواکارییەکە پێشکەشی کەسانێک بکەن کە چاک دەیانناسن، نیوەکەی تریش پێیان دەگوترا کە بچنە بەردەم کەسانێک کە نایانناسن.
لە گەورەترین توێژینەوەی لەپێش-تۆمارکراوماندا بە کەڵکگرتن لە هەر ئەم مۆدیلە زانستییە، 204 بەشداربوو ڕۆیشتنە بەردەم 621 کەس و داوایان لێ کردن کە پرسنامەیەکی کورت پڕ بکەنەوە.
(توێژینەوەی لەپێش-تۆمارکراو / pre-registered) توێژینەوەیەکە کە بەر لە دەستپێکردنی توێژینەوەکە، وردەکارییەکانی بریتی لە گریمانەکان، پرۆسەکانی کۆکردنەوەی داتا و پلانی شیکارکردنەکان بە وردی ڕوون دەکرێنەوە و لە سەنتەرێکی زانستیدا تۆمار دەکرێت.
بە بەشداربووانمان گوت کە دەبێت یان سێ هاوڕێ یاخود سێ کەسی نەناسیاو قایل بکەن بۆ ئەنجامدانی داواکارییەکە. پێش ئەوەی دەستپێ بکەن پرسیارمان لە بەشداربووان کرد کە بە ڕای خۆیان ئاخۆ پێویست دەکات لە چەند کەس داوا بکەن تاکوو سێ کەسیان پێ قایل دەکرێت. ئەوانەی کە دەستنیشان کرابوون داواکارییەکە بخەنە بەردەستی هاوڕیکانیان، وای بۆ دەچوون کە مامناوەند پێویست بکات لە 3.9 کەس داوا بکەن تاکوو 3 کەسیان پێ قایل دەکرێت. واتە وا بیریان دەکردەوە کە ئەگەری زۆرە بە قسەیان بکرێت. بەڵام ئەوانەی بڕیار وا بوو داواکاری لە کەسانی نەناسیاو بکەن، وای بۆ دەچوون کە مامناوەند پێویست بکات داواکارییەکە پێشکەشی 9.4 کەس بکەن. ئەمەش واتە وا بیریان دەکردەوە کە قایلکردنی کەسانی نەناس یەکجار زۆر قورستر دەبێت.
ئەوەی گرینگە، دەرکەوت کە شتەکە زۆر ئاسانتر بوو لەوەی هەردوو گرووپەکە بیریان لێ دەکردەوە و بەتایبەت زۆر لەوە ئاسنتر بوو کە گرووپی داواکار لە نەناسیاوەکان بیریان لێ دەکردەوە. لەڕاستیدا بەشداربووان تەنها پێویستی دەکرد مامناوەند لە 3.8 کەسی نەناسیاو یاخود 3.1 هاوڕێ داوا بکەن تاکوو سێ کەسەکەیان پێ قایل دەکرێت. نەک هەر ئەوەی کە بەشداربووان توانای خۆیان بۆ قایلکردنی نەناسییاوەکان زۆر بەکەم دانابوو، بەڵکوو جێی سەرسووڕمانە کە نەناسیاوەکان تا ڕادەیەکی زۆر بەقەد هاوڕێکان ئامادەبوون بۆ قەبووڵکردنی داواکارییەکان. ئەگەرچی بەشداربووان چاوەڕێی جیاوازییەکی گەورەیان دەکرد لەنێوان ئەگەری قایلبوونی هاوڕێکان بەراورد بە نەناسیاوەکان، نێزیکەی 5.5 کەس، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازییەکە یەکجار کەم بوو؛ کەمتر لە 1 کەس.
ئاخۆ کەسێکی بەتەمەنتر و ژیرتر گوێ لە ڕاوێژەکانم دەگرێت؟
بۆچوونێکی باوی دیکە ئەوەیە کە “کەسانی بەتەمەنتر ژیرترن”، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسانی گەنجتر سڵ بکەنەوە لە کاریگەریدانان یاخود ڕاوێژکردن بۆ کەسانی گەورەتر لە خۆیان، تەنانەت لە بوارێکدا کە خۆیان لە کەسە بەتەمەنترەکە شارەزاترن.
ئەم ئاکارە لە کۆمەڵە توێژینەوەیەکی نوێدا کە (تینگ ژانگ) و (مایکڵ نۆرس) ئەنجامیان داوە، خراوەتە ڕوو. لە توێژینەوەکەیاندا بەشداربووان کە ئەو دەرفەتەیان درابوونێ تاکوو ڕاوێژ بۆ کەسێک بکەن، زۆربەی هەرە زۆریان پێیان باشتر بوو ڕاوێژ بۆ کەسێک بکەن 10 ساڵ لە خۆیان منداڵتر بێت یاخود هاوتەمەنی خۆیان بێت نەوەک کەسێک کە 10 ساڵ لە خۆیان گەورەتر بێت. توێژەرەکان تێگەیشتن کە هۆکاری ئەم ویستە ئەوەیە کە بەشداربووان پێیان وا بووە کە ڕاوێژەکەیان بۆ کەسێکی گەورەتر لە خۆیان سوودێکی ئەوهای نابێت و بەهەند وەرناگیرێت.
هەرچەند هەر وەکوو ئەوەی سەرەوە، ئەم چاوەڕوانییەش ناڕاست دەرچوو. کاتێک توێژەرەکان لە تێگەیشتن و ڕوانینی ئامۆژگاریکراوەکان کۆڵینەوە کە لەلایەن کەسانی گەنجترەوە ئامۆژگاری کرابوون، ئامۆژگاریکراوەکان پێیان وابوو کە ئەو ئامۆژگارییانەی لەلایەن ئامۆژگاریکارە گەنجترەکانەوە پێیان درابوو هەر بەقەد ئامۆژگاریی ئامۆژگاریکارە هاوتەمەنەکانی خۆیان کاریگەر بوون. واتە ڕاوێژکارە گەنجەکان پێیان وابوو بەراورد بە ئامۆژگاریکراوە گەنجترەکان یاخود ئەوانەی هاوتەمەنی خۆیانن، ئامۆژگاریکراوە بەساڵاچووەکان ئامۆژگارییەکان بەهەند وەرناگرن، کەچی دەرکەوت کە وا نییە.
ئەوەش گرینگە کە تەنانەت کاتێک ڕاوێژکارە گەنجەکە لە بوارێکدا ئەزموونێکی زۆرتری لە ئامۆژگاریکراوە بەتەمەنەکە هەبوو، بەهەمان شێوە ڕاوێژەکانی لەلایەن کەسە بەتەمەنەکەوە بە بەنرخ دادەنرا. لە توێژینەوەیەکدا، هەندێک قوتابیی MBA کە وانەیان سەبارەت بە دانووستان وەرگرتبوو، بەردەوام و بەهەڵە لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە کەسانی گەورەتر لە خۆیان کە ئەو وانەیەیان وەرنەگرتووە ڕاوێژەکانی ئەمان سەبارەت بەو بابەتە بە بەسوود نازانن.
بازنەی سەرنجڕاکێشی کاریگەریدانان
توێژینەوەیەکی (سەباستیان دەری)، (شای داڤیدای) و (تۆم گیلۆڤیچ) پێشانی داوە کە خەڵکی هەم قەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و هەم ئەوەی کە چەندە لە بازنەی پەیوەندییەکانیاندا گرینگن بە کەم دادەنێن. ئەو توێژینەوەیەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا ئەوەش پێشان دەدات کە کاریگەرییەکانی نێو بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمانیش بەکەم دادەنێین. نەک هەر ئەوەی کە زۆرتر لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان گەورەترە و هەروەها لەو بازنەیەدا گرینگیمان زۆرترە لەوەی کە هەستی پێ دەکەین، هەروەها زۆرتر لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە لەسەر کەسانی جۆراوجۆر کاریگەری دادەنێین. نەک هەر لەسەر هاوڕیکانمان بەڵکوو لەسەر نەناسییاوەکانیش کاریگەری دادەنێین، نەک هەر لەسەر کەسانی هاوتەمەن یاخود گەنجتر لە خۆمان، بەڵکوو لەسەر کەسانی بەتەمەنتریش کاریگەری دادەنێین. بەکۆی گشتی، ئەم توێژینەوەیە دەڵێت کە کاتێک دەتەوێت شتێک داوا بکەیت یان شتێک بڵێیت، کەسانێکی زۆرتر لەوەی کە بیری لێ دەکەیتەوە دەیانەوێت و ئامادەن کە گوێت لێ بگرن.
بابەتی پێشتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.