10 لەو شتانەی کە وا دەکەن بە سەڵتی بمێنیتەوە.
- پێت وا نەبێت چارەنووس بۆی نووسیویت کە سەڵت بیت یاخود سەڵتبوون واتە دڵناخۆشبوون و تەنهابوون.
- دەتوانیت سەڵت بیت و دڵخۆشتر و ڕەزامەندتر بیت لەوەی کە لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا هاوسەرگیریت کردبێت.
- سەرەڕای ئەمەش، سەیر کە بزانە ئاکار یاخود دۆخێکی تایبەت هەیە کە بووبێتە ڕێگر بەرامبەر گەیشتن بەو شتانەی کە دەتەوێت.
سەڵتبوون مەرج نییە بە مانای تەنهابوون بێت. بەڵام ئەگەر نیگەرانیت لەوەی نەکوا بۆ هەمیشە بە سەڵتی بمێنیتەوە، سەیر کە بزانە ئاخۆ لە ئاڕاستەی درووستدا هەنگاو دەنێیت.
ئەگەر سینگڵ بیت لەوانەیە هەندێک جار بیر بکەیتەوە ئاخۆ بۆ هەمیشە هەر بە سینگڵی دەمێنیتەوە! لەوانەیە بڵێیت سەڵتبوون لە چارەمدا نووسراوە و ئەم شتانە! یان بلێیت ئاخۆ بۆ هەمیشە بەتەنها دەمێنمەوە! هەڵبەت ئەگەر سەڵتبوون یەکسان بە تەنهایی بزانیت. بەهەرحاڵ، کاتێکی زۆر لە ساڵانی زانکۆ تێپەڕیوە و هێشتا ئەوەت نەدۆزیوەتەوە کە دەتەوێت.
باشە، باس لە چارەنووس و ئەو شتانە مەکە بەتایبەت کاتێک شتەکە نەرێنی بێت و باسی ناتوانم و ناکرێت و لەم جۆرە قسانە بێت. بێگومان ئەگەر شەکر و شرینی و پسکیت خواردن بێت، ئەوا گومانێک نییە کە قەڵەو دەبیت. بەڵام بۆ ئەو شتانەی پەیوەندییان بە داهاتوویەکی دوورترەوە هەیە، وای دامەنێ کە بڕیارێکت بۆ دراوە و ناتوانیت لێی دەرچیت. کەس نازانێت کەی کەسێکی گونجاو دێتە ژیانییەوە. چوزانی، لەوانەیە ئەوەی سبەینێ دەیناسیت یاخود ژوانی لەگەڵ دەبەستیت ئەو کەسە گونجاوە بێت کە دەمێکە چاوەڕێت کردووە. ئەو بڕوایەی کە هیچ دەسەڵات و بژاردەیەکت نییە بۆ بابەتێک وا دەکات وەکوو پێویست هەوڵ نەدەیت بۆ گەیشتن بەوەی دەتەوێت.
ئێستاش خراپ نییە سەرنج بدەیت بزانیت ئاخۆ یەکێک یان چەند دانەیەک لەمانەی خوارەوە دەکەیت کە وا دەکەن بە سەڵتی بمێنیتەوە:
1. ویستی بە سەڵتی مانەوە.
ئەمەیان تەواو ڕوونە: دەشێت بگەیت بەوەی دەتەوێت، بە ئەو شتەی بەڕاست دەتەوێت و خەونی پێوە دەبینیت. ئایا لە ناخی دڵدا سەڵتبوونت پێ باشترە؟ سەڵتبوون مەرج نییە بە مانای تەنهابوون بێت. لەڕاستیدا لە کاتی سەڵتیدا دەکرێت بازنەیەکی بەربڵاوتر و فراوانتری ئیش و هاوڕێت هەبێت. سەڵتبوون هەندێک سوودی دیکەشی هەیە. نەک هەر ئەوەی کە بە کەیفی خۆت دەتوانیت سەیری پرۆگرامە دڵخوازەکانت بکەیت و قەرەوێڵەکەش هەمووی هەر هی خۆت دەبێت، سەڵتبوون دەرفەتێکی زۆرترت پێشکەش دەکات بۆ گەشەکردن کە لەوانەیە ئەگەر لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا هاوسەرگیری بکەیت چیتر ئەو دەرفەتانە بەردەست نەبن.
سەڵتبوون ئازادی و دەرفەتێکی زۆرترت دەداتێ بۆ گەشەکردن و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی جۆراوجۆردا.
2. دانانی پێوەری زۆر قورس بەجۆرێک کە دۆزینەوەی کەسێک بەپێی ئەو پێوەرانە زەحمەت بێت
بێگومان هەندێک شت هەیە کە قەبووڵنەکراوە و پەیوەندییەکان تێک دەدات، بۆ نموونە ئەوەی کە کەسی بەرامبەر بەهاکانی لەگەڵ تۆ جیاواز بێت، بەرامبەرت میهرەبان نەبێت یاخود بەردەوام لە پەنا گوێت گۆرانی بڵێتەوە. بەڵام هەڵنەبژاردنی کەسانێک کە هەندێک جیاوازی بچووک و لاوەکییان لەگەڵ پێوەرەکانتدا هەیە، وەکوو ئەوەی کە ڕواڵەت یان پێشینەیەکی جیاوازی هەبێت لەوەی تۆ لەخەیاڵتدایە، لەوانەیە وا بکات ڕوانینێکی بەرتەسکت هەبێت بۆ بابەتەکە و کۆی شتەکە نەبینیت. هەروەها چاوەڕێی ئەوە مەکە هەر لە یەکەم دیداردا خۆشەویستی و ئەڤین بەسەرتاندا ببارێت. حەزلێکردن و خۆشەویستی دەکرێت بەپێی کات درووست ببێت، کاتێک کە باشتر ناخی یەکتر دەناسن.
3. ئەلف. ئەوەی کە نەزانیت چیت دەوێت، ئەوەی بەڕاست دەتەوێت.
بۆ نموونە ئەگەر نەزانیت بۆ کوێ دەڕۆیت، چۆن دەکرێت بگەیتە ئەو شوێنەی کە دەتەوێت! لەکاتێکدا نازانیت کوێیە! ئەمەش بە هەمان شێوە، کاتێک نەزانیت بەڕاست چیت دەوێت چۆن دەکرێت بیدۆزیتەوە و پێی بگەیت. ئەگەرچی کراوەبوون بەرامبەر بژاردەی جۆراوجۆر شتێکی باشە بەڵام ئەگەر نەزانیت چی بۆت گونجاوە وەکوو ئەوە وایە برسیت بێت و بچیتە نێو سوپەرمارکێتێکەوە. بەم جۆرە لەوانەیە دواجار ئەوە هەڵبژێریت کە لەنێو ئەو بژاردە بەردەستانەدا باشتر دەنوێنێت بەڵام دەشێت ئەوە شتە گونجاوەکە نەبێت و ئەمەش دەمانگەیەنێت بە:
3. ب. حەزکردن لە کەسان و شتانێکی هەڵە.
تێکەڵبوون لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا کاتێکی زۆرترت لێ دەبات کە دەکرا بۆ کەسێکی گونجاو سەرفی بکەیت.
4. سەرقاڵبوون
کەسە گونجاوەکە دوات ناکەوێت ئەگەر تۆ ئێستاکە بە شتی ترەوە سەرقاڵ بیت. ئەو شتی دیکەیە دەکرێت پەیوەندییەکی دیکە بێت، هی ئێستا یاخود ڕابردوو. دەشێت کۆنەدۆستێک بێت کە بەردەوام باسی دەکەیت و ناوی دەبەیت، یان هاوڕێیەک کە زۆر بیری دەکەیت بەڵام چیدی ناتوانیت بیبینیتەوە و ئەم شتانە. هەروەها ئەو شتی دیکەیە دەکرێت جۆرە گیرۆدەبوون یاخود ئالوودەبوونێکی دیکەش بێت، وەکوو بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر یاخود خواردنەوەی کحوول، ئیش، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەیرکردنی فیلم و زنجیرە و هتد.
5. خێرا وازهێنان و کۆڵدان
کاتێک شتەکان قورس و ئاڵۆز دەبنەوە، خێرا واز لە شتەکە دێنیت؟ پەیوەندیی خۆشەویستی ئەو شتە نییە کە لە فیلم و زنجیرەکاندا پێشان دەدرێت. بۆ بەردەوامبوون و گەشەکردن پێویستی بە ئەرک و تەرخانکردنی کات و هێزە.
6. هەبوونی کێشە یان نیگەرانییەکی قووڵ کە ڕێگری لە درووستبوونی پەیوەندییەکی سەقامگیر بکات.
ئاها هەندێک جار کەسێک دەلێت “تۆ عەیبت نییە، کێشەکە خۆمم!” بەڵام لەڕاستیدا دەکرێت کێشەکە لەلایەن تۆوە بێت. ئایا بەردەوام شتێک دەکەیت کە ڕێگری لەوە بکات خەڵکی پەیوەندییان لەگەڵتدا هەبێت؟ ئایا یەکسەر باسی کێشە چارەسەرنەکراوەکان دەکەیت؟ ئەگەرچی مەرج نییە هەر کەس هات و وتی خۆت بگۆڕە بە قسەی بکەیت، بەڵام لەوەشدا کە بڵێی “هەر ئەوەم کە هەم” نابێت زیادەڕۆیی بکەیت.
7. نرخی خۆت بە کەم بزانیت.
ئەگەر تۆ خۆت شایستەی پەیوەندییەک نەزانیت، ئیدی چۆن دەکرێت چاوەڕوان بیت کەسێک بیەوێت لەگەڵتدا بێتە نێو پەیوەندییەکەوە و بڵێت من تۆم دەوێت!
8. مانەوە لە شوێنێکی هەڵەدا
دەکرێت لە شوێنێکی هەڵەدا بیت، پیشەیەکی هەڵەت هەبێت، یان دۆخێکی دەروونیی نالەبارت هەبێت. وای دابنێ لە شوێنێکدایت کە خەڵکەکەی نامۆن بە ڕەگەزی تۆ یاخود تەنانەت هەڵاواردن هەیە دژ بە نەتەوەکەت یان تایبەتمەندییەکانی دیکەت. لە دۆخێکی وادا بژاردەکانت زۆر سنووردار دەبن. بە هەمان شێوە، شوێنی ئیشکردنێک یاخود بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵاییەتییەکانت ئەگەر ڕێزیان بۆ توانا و بەهرەکانت نەبێت، دەکرێت ببێتە هۆی دڵناخۆشیت و ئەمەش کار بکاتە سەر دەرفەتەکانت بۆ ژوانبەستن. ئەگەر لە شوێنێکی هەڵەدایت یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت لەگەڵ کەسایەتی و حەز و خولیاکانتدا یەک ناگرنەوە، شوێنەکەت بگۆڕە یان هاوڕێ و پەیوەندیی نوێ بدۆزەوە کە لە هەست و بیرەکانت تێبگەن.
9. ترس لە دەربەستبوون، بەجێهێڵران یان هەر ئەگەرێکی دیکە.
ئایا هەر کات بیر لە هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەش دەکەیتەوە ترس داتدەگرێت؟ ئەگەر وایە ئیدی ژیانی سینگڵیت بۆ دەمێنێتەوە. دواخستنی بڕیاری هاوسەرگیری لەوانەیە کێشەیەکی نەبێت بەڵام نەک کاتێک کە ببێتە هۆی لەدەستچوونی کەسێکی گونجاو.
10. ویست و ئارەزوویەکی لەڕادەبەدەر
دواجار، هەوڵێکی لەڕادەبەدەر و خۆدان بە دار و بەرددا بۆ بۆ ئەوەی سینگڵ نەبیت، لەوانەیە وا بکات هەر سینگڵ بمێنیتەوە. ئەم جۆرە پەلکوتانە وەکوو بۆنی خواردنەکان وایە، کەسانی دیکەش هەستی پێ دەکەن. بیرت بێت، سەڵتبوون مەرج نییە بە مانای دڵناخۆشی یان نەبوونی ڕەزامەندی یان تەنهابوون بێت، گرینگی بە قسەی خەڵکی مەدە و مەهێڵە قسەی خەڵکی ببێتە هۆی پەلەکردن و بڕیاری هەڵەدان.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.