بە جۆرێک هەموومان هەموو شتێک دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەیشتن بە دڵخۆشی. نەبوونی دڵخۆشی ژیانت پڕ دەکات لە ئازار. بەڵام دواجار شتەکە ئەوەندەش قورس نییە کە دەنوێنێت، زۆر جار هەندێک شتی ساکار دەبنە هۆی دڵخۆشبوونمان کە قەت بیریان لێ ناکەینەوە. هەندێک جار خۆمانین بەر بە دڵخۆشییەکان دەگرین؛ بەوەی کە هەندێک عادەتمان هەیە و وازیشیان لێ ناهێنین. لێرەدا با باسی ئەو عادەتانە بکەین کە تێکدەری دڵخۆشین و وازهێنان لێیان دەتوانێت دڵخۆشییەکی زۆرمان بۆ مسۆگەر بکات.
1. واز لە ڕابردوو بێنە
ڕابردوو گرینگە، بەڵام بە مەرجێک کە ڕێگا خۆش بکات بۆ داهاتوویەکی گەشتر نەک هەم ئێستامان لێ تێک بدات و هەم ڕێگای گەیشتن بە داهاتوو قەپات بکات. بێگومان ڕابردوو بە هەموو هەڵە و درووستەکانییەوە، بە هەموو خۆشی و تاڵییەکانییەوە، بە سەرکەوتن و کەوتنەکانییەوە بەشێکی نەبڕاوەن لە ژیان و کەسایەتییەمان، بەس دەبێت درووست لەگەڵیدا مامەڵە بکەین. درووست واتە وەکوو خۆی: ڕابردوو! هەوڵ بدەین بەسەریدا زاڵ بین و هەستەکانمان کۆنترۆڵ بکەین، ئەوەی لە ڕابردوو ڕووی دابێت ناگەڕێتەوە، هەڵەکان ڕاست نابنەوە. نابێت بهێڵین گرفتەکان و ناخۆشییەکانی پێشوو، ئێستامان لێ تێک بدەن. ئیدی نرخی ئێستا بزانە چونکە کەڵکی لێ نەگریت تا چاو بکەیتەوە ئێستاشت پەیوەستی ڕابردوو بووە بەبێ ئەوەی هیچی ئەوتۆت تێدا کردبێت. با هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا بێت، لە ڕابردووتەوە فێر ببە، چێژ لە ئێستا ببینە و ڕووت لە داهاتوو بێت. ئەگەر بێت و لە ڕابردوودا بچەقیت، هەم ئێستات دەدۆڕێنیت و هەم داهاتووت لە کیس دەچێت. ئەوانەش کە لە ڕابردوودا خراپەیان بەرانبەر کردووی، ئەگەر دەتوانیت لێیان ببوورە ئەگەریش نا، ئیهمالیان بکە و ئەوپەڕی وەکوو ئەزموونێک لێی بڕوانە و مەهێڵە دڵت ببێتە ماڵی ڕق و قین.
2. ڕق لە دڵدا هەڵمەگرە
دڵی خۆت بە ڕق ڕەش مەکەوە. ڕق-هەڵگرتن لە کەسێک وەکوو ئەوە وایە ژەحرێک بخۆیتەوە و چاوەڕێ بکەیت کەسی بەرامبەرت نەخۆش بکەوێت! کاتێک کەسێک خراپەیەکت دەرهەق دەکات، ئەگەر پێت دەکرێت لێی ببوورە یان ئەگەر پەیوەندییەکە ئازارت دەدات واز لەو پەیوەندییە بێنە و دڵی خۆت پیس مەکە و کاتی خۆتیش بە فیڕۆ مەدە. ئەو ڕقەی لە دڵتدا هەڵی دەگریت هیچ بە ئەو کەسە ناکات و یەکەم کەس ئازاری خۆت دەدات.
3. واز لە بەراوردکردن بێنە
لە جیهانی ئەمڕۆدا و بەتایبەت بەهۆی سۆشیال میدیاوە زۆر ئاسان دەکەوینە داوی بەراوردکردنی خۆمان لەگەڵ ئەوانەی لەسەر ئینستاگرام و فەیسبووک دەیانبین، ئەوانەی ژیانیان لەسەر وێنەکان بێخەوش دەنوێنێت و پڕە لە دڵخۆشی، دەڵێی قەت خەم بە ئارایاندا ناچێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ژیانێک بەشی خۆی خەم و خەفەتی هەیە، بۆیە مەهێڵە وێنە بریقەدارەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فێڵت لێ بکەن و خەون بە ژیانی نێو ئەو وێنە ساختانەوە ببینیت. هەر کەسێک ژیان و دۆخێکی تایبەتیی خۆی هەیە، خۆشی و گرفتی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو کاتەی بە بیرکردنەوە و بەراوردکردنی ژیانت لەگەڵ کەسانی تردا دەیبەیتە سەر، تەرخانی بکە بۆ بیرکردنەوە لە ژیانی خۆت و وەدووی ئامانجەکانت بکەوە و هەوڵ بدە بۆ گەیشتن بە ئاوتەکانی ژیانت.
4. گرینگیدان بە خۆ پشتگوێ مەخە
گرینگیدان بە خۆ1 هەر خۆشوشتن و ڕۆیشتن بۆ پیاسە نییە. گرینگی بە خۆ دان واتە ئاگات لە دۆخی جەستە و دەروون و هەستەکانت بێت. بەپێی ڕێکخراوی جیهانیی تەندرووستی، پشتگوێخستنی گرینگیدان بە خۆ دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوونی هەندێک نەخۆشی وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە. سەرەڕای ئەمەش، دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە داهێزرانی دەروونی2 و سترێس و دڵناخۆشی.
گرینگیدان بە خۆ، خۆپەرستی نییە. بۆ ئەوەی کە بتوانیت ئیشەکانت بەباشی ڕاپەڕێنیت و پەیوەندییەکانیشت لەگەڵ کەسانی تردا بەهێزتر و باشتر بکەیت، تەندرووستی و دەرووندرووستیت زۆر گرینگ و پێویستە. ئیدی هەوڵ بدە زۆرتر ئاگات لە خۆت بێت، بۆ نموونە ئەمانە بکە: ڕۆیشتن بۆ پیاسە، کاتدانان بۆ ئەو چالاکییانەی دڵت خۆش دەکەن، وەرزش، خواردنی تەندرووست و خەوێکی پێویست و هتد.
5. واز لە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر بێنە
هەموومان زۆر جار تووشی بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر دەبین، یەکسەر لە زەینی خۆماندا وتووێژەکان دووپات دەکەینەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر خۆمان بە دووپاتکردنەوەی قسەکان و پلانەکان و بڕیارەکانەوە ماندوو دەکەین. یان یەکسەر بیر لەوە دەکەینەوە ئەگەر فڵانە شت ڕووی نەدایە چی دەبوو یان ئەگەر ئەوەم بکردایە چۆن دەبوو! یان بە هەزار شێوە بیر لەو شتانە دەکەینەوە کە هێشتا ڕوویان نەداوە. بێگومان پلاندانان و وردبوونەوە لە شتەکان پێش بڕیاردان شتێکی پێویستە بەڵام کاتێک لەڕادەبەدەر بوو ماندوومان دەکات و دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی بڕیاری هەڵە بدەین یان تووشی ڕاڕاییمان بکات و توانای بڕیاردانمان لاواز ببێت. بیرکردنەوە لە شتەکان ئاساییە بەڵام ئەگەر لەڕادەبەدەر بێت دەکرێت ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و سترێس و دڵناخۆشی. لەنێو بیرەکاندا دەچەقین و ناهێڵێت چێژ لە ئێستا ببینین.
6. بە شوێن بێخەوشیدا مەگەڕێ
بێخەوشی وەهمێکە کە زۆربەی جار فێڵمان لێ دەکات و وا دەکات شوێنی بکەوین. هیچ مرۆڤێک بێهەڵە نییە بۆیە لە هەڵەکانت مەترسە، هەوڵبدە هەڵەکانت ببینیت و قەبووڵیان بکەیت و هەوڵ بۆ چاکتربوون بدەیت. هەمیشەش ئەوە بەرچاو بگرە کە گرینگ دەستپێکردن و هەوڵدانە، ئیشێک بکەیت و هەندێک هەڵەی تێدا بێت زۆر لە هیچنەکەری باشترە. خەونبینین بە بێخەوشییەوە وادەکات هیچکات هیچ شتێک دەستپێ نەکەیت. هەڵەکانت ببینەوە و شەرمت لێیان نەبێت.
7. لە هەڵەکردن مەترسە
ترس لە هەڵەکردن وا دەکات نەوێریت هیچ شتێک دەستپێ بکەیت. هەڵەکان هەمیشە شتی خراپ نین، بەڵکوو دەرفەتن بۆ فێربوون و گەشەکردن. بۆیە مەهێڵە ئەو ترسە بەر بە پێشکەوتنت بگرێت، ئەوانەی کە هەڵە ناکەن، ئەو کەسانەن کە هیچ شتێکیان نەکردووە.
8. بە شوێن دڵخۆشیدا مەگەڕێ
لەوانەیە سەیر بنوێنێت، بەڵام یەکێک لەو شتانەی بەر بە دڵخۆشبوونمان دەگرن، شوێنکەوتنی دڵخۆشی خۆیە. ئەوەیە دەڵێین ئەگەر بگەمە فڵانە شت یان ئەو شتەم لە ژیاندا هەبێت ئیتر دڵخۆش دەبم. ئەم خووەش دەبێتە زنجیرێک و یەک لە دوای یەک دێن و هەر دواییان نایە. ئەم جۆرە بیرکردنەوە دەمانخاتە نێو وەدووکەوتنێکی ناکۆتا. دڵخۆشی شتێک نییە بە شوێنییەوە بین و ڕاوی بکەین، دڵخۆشی دەکرێت لە سادەترین شتەکانی ژیاندا بێت؛ لە پیاسەیەکدا، لە قسەکردن لەگەڵ خۆشەویستێکدا، گوێگرتن لە پارچە مۆسیقایەک و هتد. دڵخۆشی دەکرێت لە نێو شتە هەرە ساکار و بچووەکانی ژیاندا بێت، لە ئێستادا بێت و کەچی نەکەوێتە بەرچاومان. بەکورتی، دڵخۆشی شوێنێک یان شتێک نییە بیگەینێ، دڵخۆشی هەر لەنێو ئەو گەشتەدایە کە بە ژیاندا دەیکەین، هەر لە ئێستا و لە بەردەمماندا، بەس ئەوەندەی دەوێ بیبینین.
9. کەم ڕەخنە لە خۆت بگرە
لۆمەکردنی خۆمان ئەگەر لە ئاستێک تێپەڕ بکات دەبێتە خوویەکی خراپ و بەر بە گەشەکردنمان دەگرێت. ئەوەی کە یەکسەر لە مێشکی خۆتدا بیر لە هەڵەیەک دەکەیتەوە و ڕەخنە لە کردار و بڕیارەکانت دەگریت. پێویستە تۆزێک دەرهەق بە خۆمان میهرەبان بین. ئەو شێوازی ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە نەرێنیانەی بەرامبەر خۆمان و تواناکانمان هەمانە دەبنە هۆی درووستبوونی گومان-بەخۆ و دابەزینی ئاستی متمانەبەخۆمان، بەجۆرێک کە وردەوردە ئەو هەستەمان لا دەرووست دەبێت کە ناتوانین هیچ شتێک بەباشی بکەین. ئێمە مرۆڤین و ئەم ژیانەش لە خۆیدا بەشی خۆی بارقورسی و گرفتی تێدایە، با بە لۆمەکردنی توند و دڵڕەقانە، ژیان لە خۆمان تاڵ نەکەین.
10. هیوایەتەکانت پشتگوێ مەخە
گەیشتن بە دڵخۆشی، پرۆسەیەکی تەواو تایبەت و کەسییە و لێوانلێو دەبێت لە گەشەکردن و تێگەیشتن لە خود3. بۆ دڵخۆشبوون دەبێت هەڵسووکەوتەکانمان هەڵسەنگێنین، ئەوانەی ڕێگرن لایانبەین و وازیان لێ بێنین و ئەو خەسڵەتانە وەربگرین کە یارمەتیدەرمان دەبن بۆ بەردەوامبوون و گەشەکردن. کات بۆ هیوایەتەکانت دابنێ و گرینگیان پێ بدە، ئەو شتانە بکە کە دڵخۆشت دەکەن و جەوت خۆش دەکەن. بەس یەک جار دەژین، ئیدی زۆر حەیفە تەمەنێک بە هیوای شتێکەوە بین و قەت هەوڵی بۆ نەدەین یان پشتگوێی بخەین. ئەگەریش شتێک لە ئێستادا بۆمان نەلوێ دەکرێت هەوڵ بدەین بۆ باشترکردنی دۆخەکان و لە کاتێکی تردا ئەو شتانە تاقی بکەینەوە کە خەونمان پێوە بینیون.
11. هاوسەنگیی شتەکان بپارێزە
هەموو شتێک، تەنانەت چاکەکردن، ئەگەر لەڕادەبەدەر بێت گرفت درووست دەکات و دەرەنجامەکەی پێچەوانەی ئەو شتە دەبێت کە مەبەستمان بووە. بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین هاوسەنگیی شتەکان بپارێزین.
پەراوێز:
- (گرینگیدان بە خۆ / self-care)
- (داهێزرانی دەروونی / burnout)
- (تێگەیشتن لە خود / self-perception)
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.