ئایا ئەو هەستە چڕ و پڕانەی سەرەتا، خۆشەویستیی ڕاستەقینەن؟
خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ئەو هەستە ڕۆمانسی و حەزە چڕوپڕەیە لە ناکاو لە دڵتدا سەر هەڵ دەدات کاتێک بۆ یەکەم چرکە چاوت بە کەسێک دەکەوێت. بەپێچەوانەی ئەو خۆشەویستییەوە کە وردە وردە و بەپێی کات درووست دەبێت، ئەمەیان هەر لە یەکەم دیدارەوە هەڵدەقوڵێت، هەر کە بۆ یەکەم جار دەیبینیت دەلێیت تەواو، ئەمە ئەو کەسەیە کە تەمەنێکە چاوەڕێیم! هەست دەکەیت دڵت دەکەوێتە لێدان و چاوت بە بینینی دەبریسکێتەوە.
زۆربەی خەڵک خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا بە ڕاست دەزانن، بەڵام ئاخۆ ئەم هەستە پڕ لە گڕ و تینە ڕاستەقینەیە؟ ئینجا مانای چی ئەگەر لە یەکەم ساتەوە ئەم هەستە پڕ لە جۆشەت تێدا درووست نەبێت؟
ئایا خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا شتێکی ڕاستەقینەیە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت سەرنج بدەینە مانای خۆشەویستی؟ خۆشەویستی واتای چی؟ خۆشەویستی واتە پەیوەندییەکی نێزیک و قووڵ کە تێیدا هەستی پارێزراوبوون، متمانە، دڵنیایی و گیرۆدەبوون بنیات نرابێت. ئیدی کاتێک باس لە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دەکرێت، ئەم پێناسە و فاکتەرانە بوونیان نییە چونکە بۆ گەشەپێدانیان کات پێویستە. ئیدی بەکورتی دەکرێت بڵێین نا، خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ئەڤینێکی ڕاستەقینە نییە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری هیندی بۆ ئیندۆکرینۆلۆجی و میتابۆلیسم بڵاو کراوەتەوە دەڵێت کە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا لە ڕاستیدا حەزکردن لە یەکەم بینیندایە.
ئەوەی درووست دەبێت، حەزێکی چڕوپڕە کە بەهۆی لێشاوێک لە هۆرۆمۆنەکان و کاردانەوەی (مادە کیمیاوییەکانی نێو دەمارەکانەوە)1 درووست دەبێت و هانمان دەدات بۆ نێزیکبوونەوە لە ئەو کەسە. (کریستەن ڕۆی) دوکتۆرێکی بواری دەروونناسی دەڵێت: ئەم سیستەمی کاردانەوەیە سەرەتا دەکرێت چالاک ببێتەوە و هانمان بدات بەرەو پەیوەندییەکی زۆرتر لەگەڵ ئەو کەسەدا کە دەشێت بگات بە خۆشەویستیش.
ئەم هەستی حەزلێکردنە بەرامبەر کەسێک دەبێتە هۆی چالاکبوونەوەی کۆمەڵێک هۆرمۆنی کەیفخۆشی وەکوو دۆپامین، نۆریپینیفرین و کۆرتیزۆڵ. ئەمەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی کۆڵێک هەستی ئەرێنی و وا دەکات کە هەست بکەیت “خۆیەتی، ئەوەی نێو خەونەکانمم دۆزییەوە!”
نیشانەکانی خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا
کاتێک کەسێک لە یەکەم بینیندا ئەو هەستی خۆشەویستی یاخود حەزە چڕوپڕە ئەزموون دەکات، دەکرێت ئەم هەست و بۆچوونانەی خوارەوەی هەبێت:
- حەز و سەرنجڕاکێشانی جەستەیی کە دەکرێت حەزی سێکسی یاخود حەزێکی چڕ بۆ جووتبوون لەخۆ بگرێت. هەندێک توێژینەوە گەیشتوون بەو ئەنجامە کە چەندە کەسی بەرامبەر لەبەرچاوت جوان و سەرنجڕاکێش بێت، هۆکارێکی گرینگە بۆ ئەوەی ئاخۆ خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ئەزموون بکەیت یاخود بتەوێت پەیوەندییەک لەگەل ئەو کەسەدا درووست بکەیت.
- لەناکاو هەست بە پەیوەندییەکی چڕ لەگەڵیدا دەکەیت، وەکوو ئەوەی کە لە مێژە بیناسیت، کە دەکرێت لایەنی بەرامبەریش هەستی پێ بکات لەوانەشە هەستی پێ نەکات.
- هەستکردن بە گەشانەوە یاخود دڵخۆشییەکی زۆر، کە پێدەچێت لەبەر لێشاوی کۆمەڵێک هۆرمۆنی دڵخۆشی ڕوو بدات وەکوو دۆپامین و نۆریپینیفرین.
- ئەوەی کە کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسە کار بکەنە سەر هەست و ڕۆحت و سەرنجت ڕابکێشن.
- ئەوەی کە زۆر بیر لە ئەو کەسە بکەیتەوە. هەندێک لە توێژیەنەوەکان دەڵێن کە بیرکردنەوەکان دەکرێت لە جۆری وەسوەسەیی و لەڕادەبەدەر بن.
- ئارەزووی ئەوەی کە کاتێکی زۆرتر لەگەڵ ئەو کەسەدا بەسەر بەریت بۆ ئەوەی کە زۆرتر بیناسیت
- ئەو هەستەی کە تۆ و ئەو کەسە ئەو دار و تەختەیەن کە خوا ڕێکی خستووە، یان ئەوە ئەو کەسەیە کە چارەنووس بۆی فەرز کردووی.
ئاخۆ خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە؟
خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا هەروا لە خۆیەوە بۆ هەمیشە نامێنێتەوە. خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە پێویستی بە ئەرک و تێکۆشان، دەربەستبوون بەرامبەر بە یەکدی، پەیوەندی و گفتووگۆی چاک و کاریگەرە. بۆ مانەوەی خۆشەویستی پێویستە کە مێژوویەک لە متمانە و دڵنیایی لەگەڵ یەکدی تۆمار بکەن و لە بواری هەست و جەستە و ڕۆح و دەرووندا پێکەوە هەست بە ئارامی بکەن.
ئەو هەستەی لە یەکەم بینیندا هەڵدەقوڵێت و پێی دەلێن خۆشەویستی، زۆربەی جار پاش ماوەیەک کاڵ دەبێتەوە، بەڵام گیرۆدەبوونی ڕاستەقینە و ئەو خۆشەویستییەی لەنێو پەیوەندییەکی تەندرووستدا سەر هەڵدەدات و ئەرکی بۆ دەکێشیت بەردەوام گەشە دەکات.
خانمە دوکتۆر (ڕۆیە)
خانمە دوکتۆر (ڕۆیە) دەڵێت: گەشەکردنی ئەم چەشنە پەیوەندییە وابەستی هەندێک فاکتەری ئاڵۆزە، لەوانە کراوەیی هەردوو لا بەرامبەر خۆشەویستی و هۆگربوون، شێوازی گیرۆدەبوونی هەردوو لا، شێوازی پەیوەندیکردنیان و کەلتوورەکانیان و هتد.
بێگومان ئەم چەشنە هەستی هەڵقوڵاو و لەناکاوە سەرەتاییە دەکرێت گەشە بکات و پەیوەندییەکی قووڵ و پڕمانای لێ بکەوێتەوە. ئەگەر ئەوە بۆت ڕوو بدات، لەنێو پەیوەندییەکەدا هەست بە دڵخۆشی و ئارامی دەکەیت و دەربەستی پەیوەندییەکە دەبیت. وەکوو هەر پەیوەندییەکی دیکە ئەمەش بەرزی و نزمی تێدا دەبێت بەڵام بەکۆی گشتی دەبێت هەردووکتان پێکەوە ئیش بکەن بۆ گەیشتن بە ژیانێکی پڕ لە دڵخۆشی و کامەرانی.
ڕاشکاوانە بڵێین، ئەو هەستە لەناکاوانە کە پێی دەڵێن خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا زۆربەی جار بەپێی کات کاڵ دەبێتەوە، کەچی گیرۆدەبوونی ڕاستەقینە کاتێک دەچیتە نێو پەیوەندییەکی تەندرووستەوە بەپێی کات بەهێزتر دەبێت و ساڵ دوای ساڵ گەشە دەکات.
ئەگەر لە یەکەم بینیندا هەستت بە خۆشەویستی نەکرد چی؟
ئەو هەستە کتوپڕەی کە لە یەکەم بینیندا سەر هەڵ دەدات فاکتەرێکە بۆ ئەوەی ئاخۆ دەتەوێت بچیتە نێو پەیوەندییەکەوە یاخود نا، بەڵام خۆشەویستییەکی نەمر پێویستی بە زۆر شتی دیکەشە. کەوابوو ئەگەر یەکەم جار کەسێکت بینی و ئەو هەستەت تێدا سەوز نەبوو، بەو مانایە نییە کە ئەو پەیوەندییە هیچی لێ شین نابێت یاخود ناگات بە خۆشەویستی!
ڕاستییەکەی، خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بەپێی کات گەشە دەکات، کاتێک ئەو کەسە ناسینێکی باش دەناسیت. کاتێک پەیوەندییەکە بە شێوەیەکی تەندرووست بەردەوام دەبێت، ئاساییە کە زۆرتر حەزتان لەیەک دەبێت، زۆرتر گیرۆدەی یەکدی دەبن و هەستێکی چڕی گرینگیپێدان و وەفاداری و دڵسۆزی بەرامبەر یەکدی لاتان درووست دەبێت.
کاتێک لە چرکەساتی یەکەمی دیتنی کەسێکدا هەست بە خۆشەویستییەکی لەناکاو دەکەیت، زۆربەی جار لەبەر حەزکردنی جەستەییە. یان ئەو کەسە لەلات سەرنجڕاکێش و تایبەت دەنوێنێت یاخود شتێک یان بەهایەکی هاوبەش کۆتان دەکاتەوە. هۆرمۆنەکانیش بێنە نێو کایەکەوە و ئیتر دڵت دەکەوێتە شڵپ و کوت. هەستکردن بەم جۆرە خۆشەویستییە هۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی درێژە بە پەیوەندییەکە بدەیت بەڵام بیرت نەچێت کە خۆشەویستیی ڕاستەقینە وردە وردە و بەپێی کات درووست دەبێت.
پەراوێز:
- neurochemical
بابەتی پێشتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.