شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە بەڵام ئاخۆ زانست پشتی دەگرێت؟
- خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا، حەز و سەرنجڕاکێشرانێکی بەهێزە کە دەکرێت دواتر پەیوەندییەکی لێ بکەوێتەوە.
- خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا زۆربەی جار یەکلایەنەیە بەڵام دواتر کەسی بەرامبەریش دەشێت یادەوەرییەکانی بگۆڕێت و بڕوای وا بێت کە ئەمیش لە یەکەم بینیندا هەستی پێ کردووە.
- خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دەکرێت چەندین جار ڕوو بدات.
دەکرێت لە یەکەم بینیندا خۆشەویستی ڕوو بدات؟ ئایا دەکرێت کەسێک بۆ یەکەم جار ببینیت و هەر یەکەم چرکە چاوت پێی کەوت هەست بکەیت دەبێت بۆ یەک بن؟ بەڵگە زانستییەکان دەڵێن کە بەڵێ دەکرێت.
بیرۆکەکە ڕۆمانسییەتێکی جوانی تێدایە. لە ژوورێکدا ئاپوورەیەک خەڵکی تێدایە، دوو نەناسیاو چاویان بەر یەک دەکەوێت، حەزێکی کوتوپڕ و تەزوویەک بە دڵیاندا دێت و تەواو، دەکەونە خۆشەویستییەوە. لە جیهانێکدا کە ژوانبەستن و دۆزینەوەی خۆشەویستی پڕاوپڕە لە ئەرک و ئەزیەت و بێهیوایی و ڕەتکرانەوە و نادڵنیایی، خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا شتێکی زۆر خۆش دەبێت!
زۆربەی خەڵک دەڵێن کە ئەزموونیان کردووە و ئەوانەش کە هاوسەرگیرییان کردووە زۆرێکیان دەڵێن هەر یەکەم جار کە بینیم زانیم ئەمە بۆ من دەبێت و کەوتمە خۆشەویستییەوە. هەندێک توێژینەوە دەلێن کە نێزیکەی 60%ـی خەڵک ئەزموونیان کردووە1.
بەڵام ئاخۆ بەڕاست ئەم جۆرە خۆشەویستییە ڕوو دەدات؟
زانایان بەدەگمەن بە شێوەیەکی کردەیی توێژینەوەیان لەسەر خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا کردبێت، بەڵام توێژینەوەیەکی ساڵی 2017 لە وڵاتی هۆڵەنداـدا هەندێک بەڵگە دەخاتە ڕوو کە پشتگری لە دیاردەکە دەکەن2. توێژەرەکان داوایان لە نێزیکەی 400 ژن و پیاو کرد کە ڕووپێوییەک پڕ بکەنەوە سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ هەستێکی ڕۆمانسییان هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لە توێژینەوەکەدا بۆ یەکەم جار چاویان پێیان دەکەوێت. پرسیارەکان بریتی بوو لە پشتڕاستکردنەوەیان بۆ ئەم ڕستەیە کە “بەرامبەر بە ئەم کەسە هەست بە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دەکەم” هەروەها باسکردن لەوەی کە جەستەی ئەو کەسە چەندە لایان سەرنجڕاکێشە و چەندە هەستیان بۆ کەسەکە جووڵاوە (ورووژانی سێکسی). کۆکردنەوەی داتاکان بەسەر سێ شوێندا دابەش کران: ئۆنڵاین، لابۆر (کە وێنەی کەسەکان پێشان دەدران)، هەروەها دووبەدوو (کە کەسەکان لە نێزیکەوە یەکدییان دەبینی).
بە پێواندنی خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا، دەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە چی بوو؟
- خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا بەس (لایەنگرییەک لە یادەوەری)ـدا نییە.
(لایەنگریی یادەوەری/ memory bias) لایەنگرییەکی مەعریفییە کە تێیدا یادەوەرییەکی ڕابردوو دەشێوێنێت یاخود ڕوونتری دەکاتەوە لەڕێی گۆڕینی ناوەڕۆکی ئەوەی لە یادەوەریماندایە.
خەڵک بەڕاستی خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ئەزموون دەکەن. ئەم هەستەش حەزێکی قووڵی سەرەتاییە کە ڕوو دەدات و دەکرێت دواتر ببێت بە پەیوەندییەکی جیدی. ئەو دژەبەڵگەیە کە گوایە خەڵکی لایەنگریی یادەوەرییان هەیە و بەس دواتر ئەو وێنە خەیاڵییە لایان درووست دەبێت کە کوتوپڕ کەوتوونەتە خۆشەویستیی یەکدییەوە، ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو نییە بۆ هەر هەموو ئەو حاڵەتانەی کە تێیاندا خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ڕوو دەدات.
- ئەگەری ئەوەی کە بەرامبەر کەسانی جوان هەست بە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا بکەیت زۆرترە.
لەم توێژینەوەیەدا بەشداربووان ئەگەری زۆرتر بوو کە بەرامبەر کەسێکی سەرنجڕاکێش، لە یەکەم بینیندا هەست بە خۆشەویستی بکەن، کەچی دەرکەوت کەسێکی سەرنجڕاکێش بە پێوەری توێژەرەکان، نۆ جار ئەگەری زۆرتر بوو بەشداربووانی دیکە لە یەکەم بینیندا هەست بە ئەو تەزووە کتووپەڕەی خۆشەویستی بکەن.
- پیاوان لە ژنان زیاتر هەستیان بە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا کرد.
توێژەران دڵنیا نین ئەمە بۆچی وایە و پێویستی بە توێژینەوەی زۆرترە. ئاخۆ دەکرێت ژنان کەمتر ئەم هەستە ئەزموون بکەن لەبەر ئەوەی وەکوو توێژینەوەکانی دیکە پێشانی داوە ژنان وردبینترن لە هەڵبژاردنی کەسێک بۆ ئەوەی ژوانی لەگەڵدا ببەستن؟ پیاوان لەوانەیە بڵێن کە بەرامبەر چەندین کەس ئەم هەستەیان هەبووە. بەڵام ئەوەی کە ئاخۆ ئەمە بگوازرێتەوە بۆ نێو پەیوەندییەکانیشیان پرسیارێکی دیکەیە.
- زۆربەی جار خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دوولایەنە نییە.
پاش بەراوردکردنی وەڵامەکانی بەشداربووان سەبارەت بە هەستیان بە خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دەرکەوت کە شتەکە زۆرتر دیاردەیەکی یەکلایەنەیە، واتە هەستی خۆشەویستییەکی کوتوپڕی دوولایەنە شتێکی زۆر باو نییە. توێژەران پێیان وایە دەکرێت هەستێکی چڕی کوتوپڕی خۆشەویستی لە کەسێکدا ببێتە هۆی گۆڕان لە وەیادهێنانەوەی یەکەم دیدارەکانیان لە خۆشەویستەکەیدا و ئەویش دواتر بکەوێتە سەر ئەو بڕوایەی کە لە یەکەم دیداردا هەستی بە خۆشەویستییەکی کوتوپڕ کردووە!
- خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە نییە.
ئەو تایبەتمەندییانەی کە خۆشەویستی پێناسە دەکەن — وەکوو دۆستایەتی و هۆگربوون، هەبوونی سۆز و دەربەستبوون — لەم یەکەم ساتانەی یەکدیبینیندا کە هەست بە خۆشەویستییەکی کوتوپڕ دەکەیت، ئەوەندە بەهێز نین. لانیکەم ئەم هەستانە لەو ئاستەدا ئەزموون ناکرێن کە ئەو کەسانەی نێو پەیوەندییەکی سەقامگرتوو ئەزموونی دەکەن. ئاستی ئەو ئەزموونەی کە کەسانی نێو پەیوەندییە خۆشەویستییەکان سەبارەت بە دۆستایەتی و سۆز و دەربەستبوون باسی دەکەن یەکجار زۆرترە لەوانەی لە یەکەم بینیندا هەست بە خۆشەویستییەکی کوتوپڕ دەکەن. سەرەڕای ئەمەش، پێ دەچێت خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا بەرامبەر ئەم هەستانە کراوەتر بێت بەراورد بەو ژوانانەی کە تێیاندا خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا ڕوو نادات.
بەکۆی گشتی، زانست بە لای ڕۆمانسییەتدا دەشکێتەوە و دەڵێت کە بەڕاست خەڵک دەکرێت لە یەکەم بینیندا هەست بە خۆشەویستی بکەن، بەڵام ئەم هەستە “خۆشەویستی” یاخود “سۆز” نییە، بەڵکوو حەز و سەرنجڕاکێشرانێکی قووڵە کە وا دەکات کەسەکە کراوە بێت بەرامبەر ئەگەری درووستبوونی پەیوەندییەکی خۆشەویستی. خۆشەویستی لە یەکەم بینیندا دەکرێت چەندین جار ڕوو بدات و لەوانەیە ئەو جارانەی کە پەیوەندییەکی جیدییان لێ ناکەوێتە لەبیر بچنەوە. بەڵام کاتێک ئەم جۆرە خۆشەویستییە، پەیوەندییەکی سەقامگیری لێ دەکەوێتەوە چیرۆکێکی جوان و ڕۆمانسی دەخولقێنێت.
پەراوێز:
- Naumann, 2004
- Zsok, Haucke, De Wit, & Barelds, 2017
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.