خۆشەویستییەکە تا سەر نەبوو، ئازارەکەشی تا سەر نابێت. لەوەیان دلنیا بە!
ئەگەر خەفەتباری تەواوبوونی پەیوەندییەکی دوورودرێژی خۆشەویستیت، یاخود خەیانەتت لێ کراوە یان حەزت لە کەسێک کردووە کە هەستێکی بەرامبەر بە تۆ نییە، ئاساییە ئەگەر خەم داتبگرێت. لەبیرکردنی کەسێک کە خۆشت ویستووە ئیشێکی ئاسان نییە، ئەگەر ئاسان بوایە ئەو هەموو کتێبی ڕۆمانسی و شیعر و گۆرانیانەمان نەبوو سەبارەت بە دووریی یار و ئەم شتانە.
خەم و ئازاری پاش دابڕان لە خۆشەویستییەک، شتێکی گشتی و جیهانییە بەڵام ئەم ئازارانە تا سەر نامێنن. ئێستا ئەو پرسیارە گرینگە کە چەند دەخایەنێت تاکوو کەسێک لەبیر بکەیت؟ هەروەها دەکرێت پرۆسەکە خێراتر بکەیتەوە تاکوو زووتر دڵت بحەسێتەوە و ئەو خەم و ئازارەت لە کۆڵ ببێتەوە؟
ناکرێت ماوەیەک دیاری بکەین، ئەوەی کە دەڵێن پاش سێ هەفتە لە دابڕان هەستەکان ئاسایی دەبنەوە هەموو کەسێک ناگرێتەوە.
هەوڵ دەدەین لەم بابەتەدا باسی ئەو ڕێکارانە بکەین کە دەکرێت یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی خێراتر ئەو ئازاری دابڕان لە خۆشەویستییەت دابمرکێتەوە.
1. کات بۆ دەستپێکردنەوەی خۆشەویستییەکی نوێ دەستنیشان مەکە
لەوانەیە پاش دڵشکانێک بە خۆت بڵێی هەفتەیەکی دیکە دەچمە دەرەوە و کەسێکی نوێ دەبینمەوە. یان مانگێک تێدەپەڕێت و هێشتا تووڕەیت لەوەی کە هەر دڵت پڕە لە ئازار و یەکسەر بیر لە خۆشەویستە کۆنەکەت دەکەیتەوە. یان هەر کات بەو شوێنانەدا تێدەپەڕیت کە پێکەوە پیاسەتان تێدا کردبوو ئازارەکانت دەکولێنەوە! ئەوەندە شتەکە قورس مەگرە! هیچ هاوکێشەیەک نییە ڕوونی بکاتەوە کە ڕێک پاش چ ماوەیەک دۆخی دەروونیت ئاسایی دەبێتەوە! لەوانەیە چەندین هەفتە یان مانگ بخایەنێت! کێشە نابێت، کاتێک باسی گەیشتن بە ئارامیی دەروونییە، پێویست بە پەلە ناکات.
2. شتەکان بە قورس وەرمەگرە
شتەکان لەسەر خۆت بە قورس وەرمەگرە و گوشار مەخەرە سەر خۆت و بڵێی دەبێت هەر ئێستا شتەکە تەواو بکەم! بۆ ئەوەی کە کەسێک لەبیر بکەیت یان دڵشکانێک چاک ببێتەوە، پێویستت بە کاتە، بۆیە دەرفەت بدە بە خۆت خەمی بۆ بخۆیت. ماتەمین و خەفەتباربوون لەپاش دڵشکان و برینداربوونی هەستەکانت شوورەیی نییە و زۆریش ئاساییە. دەیشتوانی لەگەڵ بنەماڵە یان هاوڕێیەکی دڵسۆزدا باسی ئازارەکانت بکەیت تاکوو زووتر لە دڵت دەرچێت.
3. ئەوەت لەبیر نەچێت هیچ یاسایەک نییە کە دەبێت هەستەکانت چۆن بن!
ئەگەر خۆشەویستەکەت جوابی داوی و تۆش یەکسەر بیر لە ئەو دەکەیتەوە، یان لەم ماوەیەدا کەسێکت بینیوە و حەزت لێ کردووە بەڵام ئەو لات لێ ناکاتەوە، لەوانەیە پێت سەیر بێت ئەم هەموو خەم و شڵەژانە چییە تووشی بوویت! هەروەکوو ناکرێت کات دەستنیشان بکەیت بۆ تەواوبوونی خەفەتەکانی پاش دڵشکانێک، ناشکرێت یاسا دابنێیت بۆ ئەوەی کە چۆن هەست دەکەیت و چی هەستێکت هەیە.
دەرفەت بدە بە خۆت و هەستەکانت وەکوو خۆیان وەرگرە. ئاساییە کە خەمبار و بێتاقەت و تووڕە بیت یان یەکسەر بیر لە ئەو کەسە بکەیتەوە. لە هەستەکانت تێبگە و سەرکوتیان مەکە، بەم جۆرە ئاسانتر دەتوانیت تێیانپەڕێنیت و چاک ببیتەوە. نووسینەوەی یادەوەرییەکانیش دەکرێت زۆر بەسوود بێت بۆ ئەوەی هەستەکانت لە شوێنێکی ئەمیندا بنووسیت بەبێ ئەوەی لە دەربڕینیان بترسیت یان کەس پێی بزانێت و بڕیاری لەسەر بدات!
4. دەرفەت بدە بە خۆت بۆ ماتەمین و خەفەتباربوون
ئایا پێکەوە خەونتان بە داهاتووەوە دەبینی؟ لێک جیابوونەوە لەبەر ئەوەی خەیانەتی لێ کردی؟ یان درەنگ زانیت کە خۆشەویستییەکە یەکلایەنەیە؟ ئەوەی کە چەند بخایەنێت تاکوو کەسێک لەبیر بکەیت گرێدراوی ئەوەیە ئەو کەسە چەندە تێکەڵی ژیانت بووە و پەیوەندییەکەتان چەند قووڵ بووە و هۆکاری جیابوونەوەکە چی بووە! بەپێی ئاڵۆزی و قووڵبوونی پەیوەندییەکە لەوانەیە هەست بکەیت نەک هەر ئەو لە ژیانتدا نەماوە بەڵکوو بەشێک لە ناخی خۆیشت لەدەست چووە! وەکوو دۆخی پاش هەموو کۆسپێک، دەکرێت خەم و خەفەتەکەی وەڕزکەر بێت، لەوانەیە هەستەکانت لە نێوان خەمباری و تووڕەبوون و دڵەڕاوکێدا لەگۆڕاندا بن، ئەمانەش هەمووی ئاساییە.
5. ئەو بەرهەمە هونەرییانە بدۆزەرەوە کە هێورت دەکەنەوە
گوێ بگرە لە گۆرانییە دڵخوازەکانت. کتێبی نوێ بخوێنەوە، گوێ لە مۆسیقا بگرە و سەیری زنجیرە و دراماکان بکە. بەتایبەت ئەوانەی کە باسی دڵشکان و جیابوونەوەی تێدایە، بەم جۆرە سەرەڕای ئەوەی کە کات بەسەر دەبەیت، دەشێت یارمەتیدەریش بن لەگەڵ جیابوونەوەکەدا ڕابێیت و زووتر بگەڕێیتەوە دۆخی ئاسایی.
6. چاوەڕوان مەبە دەستبەجێ و بە ڕۆژێک باشتر ببیت
ئەگەر شتێکی ڕوونتر و بەرهەستترت دەوێت، ئەمە تاقی بکەوە: ئەگەر بۆ نموونە سالێک پێکەوە بوون، لانیکەم ساڵێک کاتی بۆ دابنێ. زۆربەی خەڵک پێویستیان دەبێت تاکوو بە هەموو ئەو ڕۆژ و ڕووداوە ورووژێنەرانەدا تێبپەڕن کە لەوانەیە لە یەکەم ساڵی پاش جیابوونەوەدا ڕوو بدەن، وەکوو ڕۆژی لەدایکبوون، ساڵیادەکان و ڕۆژانی پشوو. خەمباریت؟ ئەو هەستەت سەرکوت مەکە و دەریببڕە.
8. واز لەوە بێنە بەرگی ڕۆمانسییەت بکەیتە بەری پەیوەندییەکەتاندا
ئەوەی لە جیابوونەوە و کۆتاییی پەیوەندییەکدا قورسە، نەمانی کەسەکە خۆی نییە، بەڵکوو لەدەستچوونی ئەو فەنتازیا و خەونانەیە کە واتدانابوو ڕۆژێک ڕوو بدەن. ئەگەرچی ئاساییە کە پاش لێکبڕان بکەویتە نێو ئەو خەون و خەیاڵانەوە، بەڵام هەوڵ بدە ڕێگە نەدەیت یەکسەر نوقمی ئەو بیرۆکانە بیت کە بۆچی وا بوو، وا نەبوایە چی دەبوو و چۆن دەبوو و ئەمانە. دەست مەکە بەوەی لە خەیاڵی خۆتدا پێکەوەبوونتان زیندوو بکەیتەوە و بە فەنتازیا لەگەڵیدا بژیت. ئەگەر پەیوەندییەکەتان بەڕاست ئەوەندە بەهێز و چاک بوایە، ئێستاش پێکەوە بوون! کەواتە وازی لێ بێنە با تێپەڕێت!
8. سەرەڕای ئازارەکان، ڕێزی پەیوەندییە کۆنەکەتان بگرە
ئەگەرچی لەوانەیە زۆر پێت خۆش بێت خراپی پێ بڵێیت و پێیدا بڕشێیتەوە، بەڵام ئەمە هیچ سوودێکی نابێت بۆ هێمنبوونەوەت. پێویست ناکات وای دەربخەیت کە هەموو شتێک تەواو نموونەیی و بێکێشە بووە، بەڵام کاتێک واز لەو ڕق و وەڕسبوونە بێنیت دەتوانیت دیسان بگەیتەوە بە دڵخۆشی. هەندێک لە چارەسازەکان وەکوو پەیوەندییەک سەیری دەکەن کە “دوایی” هاتووە نەوەک “دۆڕابێت”، ئەگەر خۆشت ویستووە و خۆشی ویستووی، ئیدی ئەوە دۆڕانی تێدا نییە. خۆشەویستیت ئەزموون کردووە، بەقەد پێویست پەیوەندییەکە شتی پێ بەخشیوی و ئێستاش کە لێک جیابوونەتەوە کاتی ئەوەیە وازی لێ بێنیت و ڕێگەی ژیانێکی نوێ بگریتە بەر. هەر کات ویستت لەلای کەسێکی ناسیاو خراپی پێ بڵێی، لەجیاتی ئەوە، ئازار و هەستە ناخۆشەکانت لە شوێنێک بنووسەوە بەڵام بۆ کەسی مەنێرە.
9. لەوە تێبگە کە ژیان دەکرێت لە ڕابردوویش باشتر بێت
ئێستا کە پەیوەندییەکە دوایی هاتووە و ئەو کەسە لە ژیانتدا نەماوە، کاتی ئەوەیە بە ژیانتدا بچیتەوە. ئێستا دەرفەتی ئەوەت هەیە ژیانت بگۆڕیت و ببیت بەو کەسەی کە دەتەوێت. لەوانەیە بەهۆی پەیوەندییەکەوە یان ژیانی هاوبەشەوە هیوایەتەکانت سنووردار بووبێتنەوە، بۆ نموونە لەوانەیە تۆ حەزت لە ڕۆیشتنەدەرەوە بووبێت و هاوژینەکەت پێی خۆش بووبێت لە ماڵەوە دانیشن. ئەو شتانە بکە کە حەزت لێیانە. کێشە نییە ئەگەر تەنهایت، دەتوانیت هەر خۆت ئەزموونی نوێ و گۆڕانی نوێ درووست بکەیت و کێ چوزانێت لەوانەیە لەنێو ڕێگادا چاوت بە کەسێکی نوێ بکەوێت.
10. خێرا مەکەوە نێو پەیوەندییەکی دیکەوە
لە دەرفەتەکانی سەڵتبوون کەڵک بگرە و کات تەرخان بکە بۆ ئەو هیوایەتانەی هەمیشە حەزت لێیان بووە یان پەیوەندی بکە بە هاوڕێکانتەوە و کاتیان لەگەڵدا بەسەر بەرە. ئەگەر دانی پێدا بنێیت کە هەندێک لە لایەنەکانی پەیوەندییە سۆزدارییەکەت گرفتی تێدا بووە ئیدی لەبیرکردن و ڕاهاتن لەگەڵ جیابوونەوەکە ئاسانتر دەبێت. بۆ ئەوەی بیرەکانت ئەرێنی بن لیستێک لە ئەو شتانەی نێو پەیوەندییەکەتان بنووسە کە ئێستا بە نەبوونیان ئاسوودەتری. ئەوەیان ئاسانتر و خۆشترە کە خێرا بچیتە نێو پەیوەندییەکی دیکەوە و کەسێکی نوێ لە ئامێز بگریت بەڵام دواجار ئەوەی کە ماوەیەک هەر خۆت بیت یارمەتیدەر دەبێت تاکوو خۆت چاک بکەیتەوە و ورە و دۆخی دەروونیت بەرز ببێتەوە و لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی داهاتووت جوانتر و سەرکەوتووتر بن.
11. ئەگەر کرا خۆتی لێ دوور ڕابگرە، هەم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەم لە ژیانی ڕاستیشدا
سادەترین و قورسترین یاسا کە ڕەچاوی بکەیت ئەوەیە کە تا دەکرێت پەیوەندییەکانت لەگەڵ خۆشەویست یاخود هاوژینی پێشووتدا کەم بێت. بێگومان ئەمە هەمیشە دەست نادات بەتایبەت ئەگەر بازنەی هاوڕێکانتان تێکەڵاو بن یاخود منداڵتان هەبێت. لەم دۆخانەدا تا دەکرێت پەیوەندییەکانت کەم بکەوە، ئەگەر لوا لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بلۆکی بکە و بە هاوڕێکانت بڵێ کە هەواڵی ئەوت بۆ باس نەکەن. لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە دزییەوە سەیری لاپەڕەکەی مەکە، فۆڵۆی ئەو هاوڕێیانەش لابە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەودا هەیە. یان تەنانەت بەگشتی پشوویەک بدە و بۆ ماوەیەک سەردانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مەکە. سووڕانەوە بەنێو لاپەڕەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا تا ئێستا هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە! بەدڵنیایەوە هەستێکی ناخۆشیشت پێ دەدات کاتێک دەبینیت ئەو خەڵکە هەموو کەیفخۆشن و ژیانی خۆیان دەکەن و تۆش ئاوا بێدەماخیت و هەموو شتێک تێک چووە.
هەروەها بێگومان ژمارەکەشی لەنێو تەلەفۆنتەکەتدا بسڕەوە ئەگەر هۆکارێکت نییە بۆ ئەوەی پەیوەندیی پێوە بکەیت. هەستێکی باشترت دەبێت ئەگەر بەردەوام لەنێو مۆبایەلەکەتدا چاوت نەکەوێت بەو شتانەی ئەوت بیر دەخەنەوە.
12. خۆت لە گۆڕانی گەورە لە ژیانتدا لابدە
لەوانەیە پاش جیابوونەوە بتەوێت شتەکان بەیەکجاری بگۆڕیت، مۆدیلی قژت بگۆڕیت یاخود بچیتە شارێکی تر و ژیانێکی دیکە دەستپێ بکەیت. بەلام باشترە خۆڕاگر بیت و لەم ساتانەدا کە هەستەکانت زۆر ئاڵۆز و چڕن واز لە گۆڕانی گەورە بێنیت کە دەکرێت دواتر لێیان پەشیمان ببیتەوە. بۆیە باشترە چەند هەفتەیەک دان بە خۆتدا بگریت و شتی گەورە نەکەیت.
13. خۆت مەشارەوە
دەشێت لەپاش جیابوونەوە هەست بە تەنیایی بکەیت و ئەمەش خۆی هۆکارێکە بۆ ئەوەی خۆت لە تەنیابوون دوور بخەیتەوە. ئەو کەسانە لە دەوری خۆت کۆ بکەوە کە هەستێکی خۆشت دەدەنێ، ئەگەریش جەوی ئەوەت نییە بچیتە دەرەوە تەلەفۆن بکە بۆ ئەو کەسانەی دەنگیان بزەیەک دەخاتە سەر لێوت. هەر ئەوەش کە دەنگی کەسانی دیکە ببیستیت و باسی ڕووداوەکانیان بۆت بکەن یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی مێشکت لە هەندێک شت دوور بخەیتەوە.
ڕاستگۆ بە و بڵێ کە چیت دەوێت، بۆ نموونە نامە بنێرە بۆ هاوڕێیەک و بڵێ دەنگوباس؟ چی دەکەیت و باسی خۆتم بۆ بکە، دڵنیا بە دەست دەکات بە قسەکردن و ئەمەش تۆزێک لە خەم و مەراقەکان دوورت دەخاتەوە.
ئەگەر پێت خۆشە گەشتێک بکەیت، لە ماڵ بچۆ دەرەوە و یەک دوو ڕۆژێک بچۆ بۆ نێو سرووشت و ئەو شوێنانەی دڵت پێیان دەکرێتەوە. دیتنی هەندێک سرووشتی جوان و نوێ دەتوانیت تۆزێک لە بیرکردنەوە دوورت بخاتەوە.
کاتێک لەنێو پەیوەندییەکی خۆشەویستیدایت ئاساییە کە یەکسەر بچن بۆ چەند شوێنێک و هەر هەمان شت بکەن و ئەمە دووبارە بکەنەوە. هەوڵ بدە بەنێو ئەو بەشانەی شاردا بگەڕێیت کە تا ئێستا نەڕۆیشتوویت یان بەتەنها گەشتێک بکە بۆ شارێک یان شوێنێک کە هەمیشە حەزت لێ بووە بەڵام کات و دەرفەتت نەبووە بچیت.
14. دواجاریش گومانێکی تێدا نییە کە ئەو کەسە لەبیر دەکەیت و بەسەر دۆخەکەدا زاڵ دەبیت
دایک یان باوکت ئێستاش باسی دۆست و خۆشەویستەکانی کاتی گەنجێتیان دەکەن؟ لەوانەیە! ئایا هێشتا ئەوانەیان خۆش دەوێت؟ پێناچێت! لەڕاستیدا هەموو پەیوەندییەکی قووڵ بەجۆرێک کار دەکەنە سەر ژیانمان. پەیوەندییەکانمان یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی گەشە بکەین و پێبگەین. بەجۆرێک هەموو ئەوانەی خۆشمان ویستوون هەمیشە بەشێکن لە ئێمە! هەمیشە لە پەیوەندییەکان شتێک فێر دەبین کە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی وەکوو مرۆڤ گەشە بکەین. بۆیە لەبیرت نەچێت ئەگەرچی لەوانەیە ئیستا هەست بە دڵشکاوی بکەیت بەڵام دواتر کە بەسەر ئەم جیابوونەوەیەدا سەرکەوتیت، دەتوانیت ببیت بە کەسێکی بەهێزتر و باشتر و دڵخۆشتر لە جاران.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.