سترێس کاردانەوەیەکی بایۆلۆژییە بەرامبەر مەترسییەکان و بەهۆی جووڵەی هۆڕمۆنەکان و مادە کیمیاییەکانی نێو جەستەوە ڕوو دەدات. سترێس دەکرێت یارمەتیدەر بێت تاکوو لە کاتی مەترسیدا کاردانەوەیەکی خێرات هەبێت، بەڵام ئەگەر لەڕادەبەدەر بوو دەشێت زیانبەخش بێت بۆ تەندرووستیت.
سترێس کاردانەوەی شەڕ یان هەڵاتن چالاک دەکاتەوە بۆ مەبەستی ئەوەی کە بەرەنگاری هۆکاری سترێسەکە ببیتەوە یاخود لێی دوور بکەویتەوە. بەگشتی پاش ڕوودانی کاردانەوەکە، جەستەت دەبێت هێور ببێتەوە. سترێسی زۆر و بەردەوام دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لێ بکەوێتەوە.
سترێس شتێکی خراپە؟
مەرج نییە سترێس هەمیشە شتێکی خراپ بێت. سترێس ئەو شتەیە کە یارمەتیی باو و باپیرانمانی داوە تاکوو لەسەردەمی چاخی بەردین و سەردەمی ڕاوکردندا لەناو نەچن. لە جیهانی ئەمڕۆشدا هەر ئەوەندە گرینگە. دەکرێت شتێکی تەندرووست بێت کاتێک یارمەتیت دەدات خۆت لە ڕووداوێکی پێکدادان لابدەیت. ماوەیەکی کەمت ماوە بۆ تەواوکردنی ئیشێک و یارمەتیت دەدات دوا نەکەویت، یان لەنێو ئاژاوە و پشێوییەکاندا ئاگات لە خۆت بێت و ئاوەزت لەدەست نەدەیت.
هەموومان هەندێک جار هەست بە سترێس دەکەین بەڵام ئەو شتانەی کەسێک تووشی سترێس دەکەن دەشێت تەواو جیاواز بن لەگەڵ ئەو شتانەیدا کە کەسێکی دیکە تووشی سترێس دەکەن. بۆ نموونە قسەکردن لەنێو خەڵکدا، لەوانەیە کەسێک زۆر پێی کەیفخۆش بێت کەچی کەسێکی دیکە تەنانەت بیرکردنەوە لەوەی کە لە کۆبوونەوەیەکدا قسە بکات تووشی شڵەژانی بکات.
بەڵام سترێس هەمیشە شتێکی خراپ نییە. بۆ نموونە ڕۆژی زەماوەندەکەت دەکرێت وەکوو نموونەیەکی باشی سترێس سەیر بکەیت.
بەڵام سترێس دەبێت کاتی بێت. هەر کە ساتی (کاردانەوەی شەڕ یان هەڵاتن)ـەکەت تێپەڕاند، دەبێت لێدانی دڵ و هەناسەدانت ئاسایی ببنەوە و ماسوولکەکانت شل و خاو ببنەوە. دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا جەستەت بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی سترێسەکە لەسەرت نەمێنێت.
بە سەرێکی دیکە، سترێسی تۆخ و زووزوو یان درێژخایەن دەکرێت بۆ تەندرووستی و دەرووندرووستیت زیانبەخش بێت.
شتەکەش تا ڕادەیەکی زۆر شتێکی باوە. لە پرسنامەی توێژینەوەکاندا، 80%ـی ئەمرییەکەکان وتوویانە کە لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم نیشانەیەکی سترێسیان لە خۆیاندا بەدی کردووە و 20%ـی خەڵکیش وتبوویان تووشی سترێسی چڕن.
ژیان هەر ئەوەیە کە هەیە و ناکرێت بەتەواوی سترێسی لێ بسڕیتەوە. بەڵام دەکرێت فێر ببین کە هەر کات کرا خۆمانی لێ لابدەین، هەر کاتیش نەکرا ئەوا بتوانین کۆنترۆڵی بکەین.
پێناسەی سترێس
سترێس کاردانەوەیەکی ئاسایی و بایۆلۆژییە بەرامبەر دۆخە مەترسیدارەکان. کاتێک لەناکاو تووشی سترێس دەبیت، مێشکت هەندێک هۆرۆمۆن و مادەی کیمیایی وەکوو ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵ دەڕژێنێتە نێو جەستەت. ئەمەش وا دەکات دڵت خێراتر لێ بدات و خوێن بنێرێت بۆ ماسوولکە و ئەندامە گرینگەکان. هەست بە وزەیەکی زۆر دەکەیت و وریاییەکی بەرزت دەبێت تاکوو بتوانیت تەرکیز بکەیتە سەر ئەو شتانەی لەو چرکەساتەدا پێویستن. ئەمانەی خوارەوە قۆناغە جیاوازەکانی سترێسن و ئەوەی کە مرۆڤ چۆن خۆی لەگەڵیدا دەگونجێنێت.
هۆرمۆنەکانی سترێس
کاتێک هەست بە مەترسی دەکەیت، (ژێر لانک) کە لە بنی مێشکدایە کاردانەوەی دەبێت. لە شێوەی هۆرمۆن و دەماردا سیگناڵ دەنێرت بۆ ڕژێنەکانی ئەدریناڵ کە ئەوانیش هۆرمۆنێکی زۆر دەردەدەن. ئەم هۆرمۆنانە ڕێکارێکی سرووشتن بۆ ئەوەی ئامادە بیت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و بەختێکی زۆرترت هەبێت بۆ ئەوەی بە سەلامت لە مەترسییەکان دەرچیت.
یەکێک لەم هۆرمۆنانە ئەدریناڵینە. ئەم هۆرمۆنە هەروەها بە ئیپینفرین، یان هۆرمۆنی (شەڕ یان هەڵاتن)ـیش دەناسرێت. بەکورتی ئەدیناڵین ئەم ئیشانە دەکات:
- لێدانی دڵت بەرز دەکاتەوە
- ڕێژەی هەناسەدانت بەرز دەکاتەوە
- وا دەکات بەکارهێنانی گلووکۆز لەلایەن ماسوولکەکانەوە ئاسنتر ببێتەوە
- بۆرییەکانی خوێن تەنگ دەکاتەوە تاکوو خوێن بەرەو ماسوولکەکان بڕوات
- ئارەقەکردن چالاک دەکاتەوە
- ڕێگری لە بەرهەمهێنانی ئینسۆلین دەکات
ئەگەرچی ئەمە لەو چرکەساتەدا بەسوودە بەڵام زووزوو دەردانی ئەدریناڵین دەکرێت ببێتە هۆی:
- زیانگەیشتن بە بۆرییەکانی خوێن
- بەرزەپەستانی خوێن
- ئەگەرێکی زۆرتری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و دڵ
- ژانەسەر
- دڵەڕاوکێ
- خەوزڕان
- زیادکردنی کێش
ئەگەرچی ئەدریناڵین گرینگە بەڵام هۆرمۆنیی سەرەکی سترێس نییە. ئەوەیان کۆرتیزۆڵە.
سترێس و کۆرتیزۆڵ
کۆرتیزۆڵ وەکوو هۆرمۆنی سەرەکیی سترێس، لە دۆخە تەنگژاوییەکاندا دەورێکی هەرە گرینگ دەبینێت. هەندێک لە کردارەکانی بریتین لە:
- بەرزکردنەوەی ئاستی گلووکۆز لەنێو لێشاوی خوێندا
- یارمەتیدانی مێشک بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی کاریگەرتر کەڵک لە گلووکۆز وەربگرێت
- وادەکات ئەو ماددانەی کە یارمەتیدەرن بۆ چاکبوونەوەی شانەکان، زۆرتر بەردەست بن
- ڕێگریکردن لەو کردارانەی کە لە دۆخێکی مان و نەماندا چالاکبوونیان پێویست نییە
- گۆڕین و باشترکردنی کاردانەوەکانی سیستەمی بەرگری
- باشترکردنی سیستەمی وەچەخستنەوە و پرۆسەی گەشەکردن
- کارکردنە سەر ئەو بەشانەی مێشک کە ترس و هاندان و جەو کۆنترۆڵ دەکەن
هەموو ئەمانە یارمەتیت دەدەن تاکوو لە دۆخێکی سترێساویدا باشتر بجووڵێیتەوە. پرۆسەیەکی سرووشتییە و بۆ مانەوەی مرۆڤ زۆر گرینگە.
بەڵام ئەگەر کۆرتیزۆڵ بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاستێکی بەرزدا بێت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندرووستیت دادەنێت. دەکرێت ببێتە هۆی:
- زیادکردنی کێش
- بەرزەپەستانی خوێن
- کێشە و گرفت لە خەوتندا
- کەمبوونی وزە
- شەکرەی جۆری 2
- فشەڵبوونی ئێسک1
- تەمی مێشک2 و کێشەی یادگە
- لاوازبوونی سیستەمی بەرگری، ئەمەش وا دەکات زۆرتر تووشی هەوکردن ببیت
هەروەها دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جەوەکانت دابنێت.
جۆرەکانی سترێس
جۆرەکانی سترێس بریتین لە:
- سترێسی کورتخایەن
- سترێسی کورتخایەنی ناوبەناو
- سترێسی درێژخایەن
سترێسی کورتخایەن
سترێسی کورتخایەن بۆ هەموو کەسێک ڕوو دەدات. ئەمەیان ئەو کاردانەوە خێرایانەی جەستەیە کە بەرامبەر دۆخ و ئاڵنگارییەکی نوێ ڕوو دەدەن. ئەو جۆرە سترێسەیە کە کاتێک خۆت بەحاڵ لە پێکدادانێکی ئۆتۆمبێل لادەدەیت هەستی پێ دەکەیت.
سترێسی کورتخایەن دەشکرێت بەهۆی هەندێک شتەوە درووست ببێت کە چێژیان لێ دەبینیت. ئەو جۆرە هەستەیە کە ترسێکی چڕ داتدەگرێت و کەچی هاوکات چێژبەخشیشە؛ بۆ نموونە ئەوەی لەکاتی خلیسکێنەدا هەستی پێ دەکەیت.
ئەم جۆرە سترێسانە بەگشتی زیانێکیان نابێت. تەنانەت دەکرێت بەسوودیش بن. ئەم دۆخە سترێساوییانە وەکوو ڕاهێنانێک دەبن بۆ جەستە و مێشکت تاکوو لە دۆخە سترێساوییەکانی داهاتوودا باشترین کاردانەوەیان هەبێت.
کاتێک لە مەترسییەکە لاتدا، سیستەمەکانی جەستەت دەبێت بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی.
بەڵام سترێسێکی کورتخایەنی چڕ باسێکی دیکەیە. ئەم جۆرە سترێسانە بۆ نموونە کاتێک دەکەویتە دۆخێکی مان و نەمانەوە، دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی ناڕێکیی پەشێویی پاش-کارەسات3 یان کێشە دەروونییەکانی دیکە.
سترێسی کورتخایەنی ناوبەناو
سترێسی کورتخایەنی ناوبەناو ئەوەیە کە زووزوو تووشی سترێسی کورتخایەن ببیت.
ئەمە دەکرێت لە کاتێکدا ڕوو بدات کە یەکسەر نیگەرانی ئەو شتانە بیت کە پێتوایە لەوانەیە ڕوو بدەن. لەوانەیە وا هەست بکەیت ژیانت بووە بە کارەسات و لە گرفتێکەوە دەکەویتە نێو گرفتێکی تر.
هەندێک ئیش وەکوو ئەوانەی بواری چەسپاندنی یاسا یان ئاگرکوژانەوە، دەکرێت بەردەوام تووشی دۆخی پڕسترێس ببن.
هەر وەکوو سترێسی کورتخایەنی چڕ، سترێسی کورتخایەنی ناوبەناویش دەتوانێت کار بکاتە سەر تەندرووستی جەستە و دەرووندرووستیش.
سترێسی درێژخایەن
کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ ئاستێکی بەرز لە سترێست هەبێت، ئەوا تووشی سترێسی درێژخایەنیت. سترێسی درێژخایەنی بەم چەشنە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندرووستیت دابنێت. دەکرێت ببێتە هۆی:
- دڵەڕاوکێ
- نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن
- خەمۆکی
- بەرزەپەستانی خوێن
- لاوازبوونی سیستەمی بەرگری
سترێسی درێژخایەن دەکرێت ببێتە هۆی هەندێک نەخۆشیی ناوبەناو وەکوو ژانەسەر، ئازاری گەدە و گرفتەکانی خەو. تێگەیشتن لە جۆرەکانی سترێس و ناسینەوەیان دەکرێت یارمەتیدەر بێت.
هۆکارەکانی سترێس
هەندێک لە هۆکارە گشتییەکانی سترێسی کورتخایەن و درێژخایەن بریتین لە:
- ژیان لەنێو کارەساتێکی سرووشتی یان مرۆڤکرددا
- هەبوونی نەخۆشییەکی درێژخایەن
- ڕزگاربوون لە ڕووداوێکی مان و نەمان یان نەخۆشییەکی کوشندە
- ئەوەی کە قوربانییەکی تاوانێک بیت
- ئەزموونکردنی ئەو هۆکارانەی سترێس کە گرێدراوی بنەماڵەن، وەکوو:
- پەیوەندییەک کە توندوتیژی تێدا بێت
- هاوسەرگیرییەک کە دڵت پێی خۆش نەبێت
- درێژبوونەوەی پرۆسەی جیابوونەوە لە هاوسەر
- گرفتەکانی سەرپەرشتیی منداڵ
- چاودێریکردنی ئازیزێک کە تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووبێت وەکوو خەڵەفان
- ژیانی هەژاری یان بێماڵوحاڵ بوون
- ئیشکردن لە پیشەیەکی مەترسیداردا
- هەبوونی هاوسەنگییەکی کەم لەنێوان ئیش و ژیاندا، زۆربوونی کاتژمێرەکانی ئیشکردن، یان ئەوەی کە ڕقت لە ئیشەکەت بێت
- ئەرکە سەربازییەکان
ژمارەی ئەو شتانەی دەبنە هۆی درووستبوونی سترێس لە خەڵکدا دوایی نایە چونکە بەقەد جۆراوجۆریی مرۆڤەکان هۆکاری جۆراوجۆر هەیە بۆ سترێس.
هۆکارەکە هەرچێک بێت کاریگەرییەکەی لەسەر جەستە دەکرێت چڕ و خراپ بێت ئەگەر بەرامبەری کەمترەرخەم بیت. سەرنج بدە بە هۆکارەکانی دیکەی سترێس کە لە جۆری کەسی و عاتیفی و کۆستی دەروونی (ترۆما)ـن.
نیشانەکانی سترێس
هەر وەکوو چۆن هۆکارەکانی سەرهەڵدانی سترێس لە هەر کامەماندا جیاوازە، نیشانەکانی سترێسیش دەکرێت بۆ هەر کەسە و جیاواز بێت.
هەرچەند پێناچێت تێکڕای هەموو نیشانەکانت هەبێت، بەڵام ئەمانەی خوارەوە هەندێک لەو نیشانانەن کە دەشێت لە کاتی سترێسدا هەستیان پێ بکەیت:
- ئازاری درێژخایەن
- خەوزڕان و گرفتەکانی دیکەی تایبەت بە خەو
- دابەزینی ئارەزووی سێکسی
- گرفتەکانی تایبەت بە هەرس
- یەکجار زۆر خواردن یان یەکجار کەم خواردن
- گرفت لە تەرکیزکردن و بڕیارداندا
- شەکەتی
لەوانەیە هەست بە شەکەتی، وەڕزبوون یان ترس بکەیت. ئاگات لێ بێت یان نا، لەوانەیە زۆرتر لە جاران بخۆیتەوە یان جگەرە بکێشیت.
ژانەسەری سترێس
ژانەسەری سترێس بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی سەر و مل و ڕوومەتەوە ڕوو دەدەن. هەندێک لە نیشانەکانی ژانەسەری سترێس بریتین لە:
- ژانەسەری کز بەڵام بەردەوام4، ئەو جۆرە ژانەسەرەی کە هەست بە گوشار لەسەر سەرت دەکەیت، هەر دوو لای سەر و هەندێک جار ملیش دەگرێتەوە، ئەو ئازارەی دەڵێیت بە قوماشێک یان شتێک سەرت شەتەک دراوە.
- هەستکردن بە گوشار لەسەر نێوچەوان
- هەستکردن بە ئازار لەکاتی دەستدان لە نێوچەوان و پێستەسەر
زۆر شت دەتوانن ببنە هۆی ئەم جۆرە ژانەسەرە. بەڵام ئەو گرژبوونی ماسوولکانە دەکرێت بەهۆی سترێس یان دڵەڕاوکێوە بن.
برینەکانی سترێس
برینی گەدە برینێکە کە لە ناوپۆشی گەدەدا درووست دەبێت و هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ:
- هەوکردن بەهۆی میکرۆبی (هەلیکۆباکتەر پیلۆری)ـیەوە.
- زیاد بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژە-هەوکردنی ناستیرۆید (NSAIDs)
- شێرپەنجە دەگمەنەکان
توێژینەوە لەسەر کارلێکی سترێسی جەستەیی لەسەر سیستەمی بەرگری هەر بەردەوامە. پێدەچێت سترێسی جەستەیی کار بکاتە سەر ئەوەی کە چۆن برینێک ساڕێژ ببێتەوە. سترێسی جەستەیی دەکرێت بە هۆی ئەمانەوە بێت:
- کۆستی دەروونی یاخود برینداربوونی مێشک یان کۆئەندامی دەماری ناوەندی
- نەخۆشی یان برینی قورسی درێژخایەن
- نەشتەرگەری
لە ئەنجامدا دڵەکزە و ئازاری برینی گەدە دەکرێت ببێتە هۆی سترێسی عاتیفی.
خواردنی عاتیفی یاخود خواردن بەهۆی سترێسەوە
هەندێک کەس بە خواردن ڕووبەڕووی سترێس دەبنەوە، تەنانەت کاتێک کە برسییان نەبێت. ئەگەر بەبێ بیرکردنەوە دەستت کرد بە خواردن، نیوەشەو هەستایت و خواردنێکی زۆرت خوارد، یان بەگشتی زۆر زیاتر لە جاران دەخۆیت، لەوانەیە تووشی خواردنی عاتیفی بووبێتیت.
(خواردنی عاتیفی / stress eating) واتە ئەوەی کە بەهۆی هەست و عاتیفەوە دەست بکەیت بە خواردن لەجیاتی ئەوەی بەهۆی سیگناڵەکانی جەستەوە خواردن بخۆیت، بەتایبەت کاتێک کە برسیت نەبێت. ئەم جۆرە خواردنی عاتیفییە هۆکاری زۆرە، بۆ نموونە هەندێک کەس کاتێک خەمبارن یاخود تەنیان تووشی خواردنی عاتیفی دەبن.
کاتێک بەهۆی سترێسەوە خواردن دەخۆیت، زۆرتر لەوەی پێویست کالۆری دەخۆیت و لەوانەشە خواردنە تەندرووستەکان هەڵنەبژێریت. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی قەڵەوبوون و گرفتی تەندرووستیت بۆ درووست ببێت. هیچ سوودیشی نابێت بۆ نەمانی سترێسەکەت.
ئەگەر بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی سترێس خواردن دەخۆیت، کاتی ئەوەیە ڕێگای دیکە بدۆزیتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سترێسەکانت.
سترێس لە شوێنی کاردا
ئیش دەکرێت سەرچاوەیەکی دیاری سەرهەڵدانی سترێس بێت و هۆکارەکانی زۆرن. ئەم چەشنە سترێسەش دەکرێت جاربەجار یانیش درێژخایەن بێت.
سترێس لە شوێنی ئیشدا دەکرێت بەم چەشنانە بێت:
- هەست بکەیت هێز یان کۆنترۆڵت نییە لەسەر ئەو شتانەی کە ڕوو دەدەن
- هەست بکەیت لە ئیشێکدا چەقیویت کە حەزت لێ نییە و هیچ بەدیلێکیش بەردەست نییە
- ئەوەی کە ناچار بکرێیت شتێک بکەیت کە پێت وایە پێویست ناکات بیکەیت
- ئەوەی کە لەگەڵ هاوکارێکدا تووشی ململانێ ببیت
- ئەوەی کە ئیشی زۆرت پێ بکەن
ئەگەر ئیشێک دەکەیت کە ڕقت لێیەتی یان یەکسەر ئەو ئیشانە دەکەیت کە داوات لێ دەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ کۆنترۆڵێکت لەسەر شتەکان هەبێت، سترێس بەری پێ ناگیرێت و تووشی دەبیت. هەندێک جار وازهێنان لەو ئیشە یان تێکۆشان بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئیش و ژیاندا باشترین بڕیار دەبێت.
بێگومان هەندێک ئیش مەترسییەکانی لەوانەی تر زۆرترە. بۆ نموونە ئەوانەی بواری فریاگوزاریی سەرەتایی پێویستە ژیانت تەرخانی ئیشەکەت بکەیت. ئینجا هەندێک ئیشیش هەن وەکوو ئەوانەی کەرتی دەرمان وەکوو پزیشک و سستەرەکان کە پاراستنی ژیانی کەسێکی دیکە دەکەوێتە ئەستۆیان. دۆزینەوەی هاوسەنگی و کۆنترۆڵکردنی سترێسەکانت زۆر گرینگ دەبێت بۆ پاراستنی دەرووندرووستیت.
سترێس و دڵەڕاوکێ
سترێس و دڵەڕاوکێ زۆربەی جار پێکەوە گرێدراون. سترێس بەهۆی ئەو گوشار و داواکارییانەوە درووست دەبێت کە دەکەونە سەر مێشک و جەستەت. دڵەڕاوکێ ئەو کاتانەیە کە هەست بە نیگەرانی و نائاسوودەیی یان ترسێکی زۆر دەکەیت.
دڵەڕاوکێ بێگومان دەکرێت لە سترێسێکی درێژخایەن یاخود سترێسێکی ناوبەناوەوە بکەوێتەوە.
هەبوونی سترێس و دڵەڕاوکێ پێکەوە دەکرێت کاریگەرییەکی نەرێنیی چڕ لەسەر تەندرووستیت دابنێت و ئەگەری تووشبوونت بەم نەخۆشییانە بەرز بکاتەوە:
- بەرزەپەستانی خوێن
- نەخۆشییەکانی دڵ
- نەخۆشیی شەکرە
- ناڕێکیی تۆقین5
- خەمۆکی
سترێس و دڵەڕاوکێ دەکرێت چارەسەر بکرێن. ستراتیجی و سەرچاوەی زۆر هەن کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەرکردنی هەردووکیان.
ئەگەر سترێس و دڵەڕاوکێکانت لە ئاستێکی بەرزدان دەتوانیت سەردانی دەروونناس یاخود چارەسازێکی دەروونی بکەیت.
کۆنترۆڵکردنی سترێس
ئامانج لە کۆنترۆڵکردنی سترێس ئەوە نییە کە بەتەواوی سترێس نەمێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە شتی وا نەکردەیە، وەکوو ئاماژەمان پێ دا لە هەندێک دۆخدا سترێس تەندرووست و بەسوودە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی سترێس سەرەتا دەبێت بزانیت ئەو شتانە چین کە تووشی سترێست دەکەن. بزانە کە دەتوانیت خۆت لە کامانەیان لا بدەیت. ئینجا ئەو ڕێگایانە بدۆزەوە کە یارمەتیدەر دەبن بۆ چارەکردنی ئەو شتە نەرێنییانە کە تووشی سترێست دەکەن و ناشتوانیت خۆتی لێیان لابدەیت.
وردەوردە کۆنترۆڵکردنی سترێسەکانت دەبێتە هۆی دابەزینی ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە سترێسەوە هەیە. هەروەها وا دەکات ڕۆژانە هەست بە ئاسوودەیی و ئارامییەکی زۆرتر بکەیت.
ئەمانەی خوارەوە هەندێک ڕێکاری سەرەتایین بۆ دەستپێکی کۆنترۆڵکردنی سترێس:
- خواردنی تەندرووست بخۆیت
- هەموو شەوێک 7 بۆ 8 کاتژمێر بخەویت
- بەردەوام ڕاهێنان بکەیت
- کەمتر خواردنەوە کحوولییەکان و کافایینییەکان بخۆیتەوە
- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت بەهێز بکەوە تاکوو بتوانیت پاڵپشتی وەربگریت و پاڵپشتی پێشکەش بکەیت
- کات تەرخان بکە بۆ پشوو و خاوبوونەوە6 یان گرینگیدان-بەخۆ7
- تەکنیکەکانی تێڕامان (مەدیتەیشن) فێر بە وەکوو هەڵکێشانی هەناسەی قووڵ
ئەگەر سترێسەکانت بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت یان لەگەڵ سترێسدا تووشی دڵەڕاوکێ یان خەمۆکیش دەبیت، سەردانی دوکتۆر یان چارەسازێکی دەروونی بکە.
پەراوێز:
- (فشەڵبوونی ئێسک / osteoporosis)
- (تەمی مێشک / brain fog)
- (ناڕێکیی پەشێویی پاش-کارەسات / post-traumatic stress disorder)
- (ژانەسەری کز و بەردەوام / dull headache)
- (ناڕێکیی تۆقین / panic disorder)
- (خاوبوونەوە / relaxation)
- (گرینگیدان-بەخۆ / self-care)
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.