چۆن لەگەڵ سترێسی نێو پەیوەندییەکاندا مامەڵە بکەیت
زۆربەی خەڵک لە پەیوەندییەکانیاندا جاربەجار هەست بە جۆرێک لە سترێس دەکەن. دواجار زۆر کەمن ئەو پەیوەندییانەی کە یەکسەر بەبێ سترێس بن و هیچ ململانێ و گێرمەوکێشەیەکیان تێدا نەبێت. بەڵام سترێسی نێو پەیوەندییەکان دەکرێت گوشارێکی قورس بخاتە سەر ژیانت، بۆیە گرینگە بزانیت کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەیت. ئەمەش هەندێک جار واتە پەیوەندییەکانت باشتر بکەیت و بەهێزتریان بکەیت بەڵام هەندێک جاریش ڕێگەچارە وازهێنان لە پەیوەندییەکەیە.
بەپێی توێژینەوەکان ئەو هاوڕێتییانەی کە تێکەڵەیەک لە هەستی ئەرێنی و نەرێنییان تێدایە، واتە ئەو پەیوەندییانەی کە هەندێک جار پاڵپشت دەبن و ئەرێنین کەچی جاربەجاریش ناحەز یاخود نەرێنین، سترێسێکی زۆرتر دەخەنە سەرت بەراورد بەو پەیوەندییانەی کە بەردەوام نەرێنین.
ئەمەش تا ڕادەیەک دەکرێت لەبەر ئەوە بێت کە کاتێک لەگەڵ ئەم کەسانەدایت هیچ کات بەتەواوی هەست بە ئاسوودەیی ناکەیت و هاوکات بەتەواوی ئامادەش نیت بۆ بەرگری، ئیدی ئەمەش وا دەکات لە کاتی گرژی و ململانێکاندا لاواز بیت. ئەم دۆخە هاوشێوەی ئەوەی سترێسی درێژخایەنە، کە تێیدا جەستەت هێشتا بەتەواوی لە سترێسێک نەحەساوەتەوە و تووشی سترێسێکی دیکە دەبێت. دواجاریش یەکسەر تین و وزەت لێ دەبڕێت.
سترێس و ململانێکانی تایبەت بە پەیوەندییەکان هەروەها بەڕوونی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندرووستی دادەنێت وەکوو کار دەکاتە سەر پەستانی خوێن و دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و هەروەها نەخۆشیی دیکەش. هەروەها دەکرێت کار بکاتە سەر سۆزدرووستیت و وەڕزت بکات، شەکەت ببیت و هەروەها وا بکات بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی سترێسەکانی داهاتوو لە ژیانتدا متمانەبەخۆت داببەزێت.
باشترە کە بە پەیوەندییەکانتدا بچیتەوە و ئەوانەی کە هێزێکی زۆرت لێ دەبڕن بناسیتەوە و پەیوەندییە نەرێنییەکانی نێو ژیانت کەم بکەیتەوە یان تەنانەت هەندێکیشیان لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە. ئەم تێبینیانەی خوارەوە بەسوود دەبن بۆ ئەو کاتانەی کە دەتەوێت سترێسی نێو ئەم جۆرە پەیوەندییە پڕسترێسانە کەم بکەیتەوە.
لیستێک ئامادە بکە
لیستێک لە کەسەکانی نێو ژیانت ئامادە بکە، هەموو ئەو کەسانەی تێ بخە کە دێنە بیرت کاتێک بیر لە هاوڕێکانت دەکەیتەوە، بریتی لەوانەی کە بەس لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەندیت لەگەڵیان هەیە، ئەوانەی کە زوو زوو دەیانبینیت و بەگشتی ئەوانەی پەیوەندیت لەگەڵیاندا هەیە. هەروەها پەیوەندییە سۆزدارییەکانیشت؛ ئەوانەی کە ئێستا لەپەیوەندیدان یاخود ئەوانەی کە ئەگەری گەڕانەوەیان هەیە.
کێشەکە بناسەوە
لە پەیوەندییەکەت بکۆڵەوە و ببینە ئاخۆ سوودی هەیە بۆت یاخود زیان. ئەمانەی خوارەوە هەندێک پرسیارن دەتوانیت لە خۆتیان بپرسیت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی کوالێتیی پەیوەندییەکانت.
پرسیارەکان
- ئایا ئەم پەیوەندییە ئەو ئەرک و هەوڵانە دەهێنێت کە پێویستن بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکە؟
- ئایا ئەم کەسە کەسێکە ئەگەر ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار بینیبێتم دەمەوێت لە ژیانمدا بێت و ببێت بە هاوڕێم یاخود مانەوەی پەیوەندییەکەمان بەس لەبەر عادەت بووە؟
- ئایا ئەم کەسە وا دەکات هەستێکی باشم سەبارەت بە خۆم هەبێت؟ ئایا کاتێک لەگەڵیدام هەست بە نائارامی دەکەم؟
- ئایا ئەم هاوڕێیەم بەشێوازێکی نەرێنی پێشبڕکێم لەگەڵدا دەکات؟
- ئایا کاتێک لەگەڵ ئەو هاوڕێیەمدام دڵم بە خۆم خۆشە یاخود یەکسەر لاوازی و لایەنە نەرێنییەکانی یەکدی زەق دەکەینەوە؟
- چەندە دەتوانم متمانە بەم کەسە بکەم؟ ئەگەر پێویستم پێی بێت دەکرێت پشتی پێ ببەستم؟ دەکرێت بە کراوەیی لەگەڵیدا باس لە هەستەکانم بکەم؟
- ئایا حەز و بەهای هاوبەشمان هەیە؟ ئەگەر نا، ئاخۆ لە جیاوازییەکانمان سوود دەبینم؟
- ئایا ئەوەندەی دەبەخشم وەردەگرم؟
- ئەگەر ئەوەندەی شایستەیە، کات و هێز تەرخانی ئەم پەیوەندییە بکەم سوودی دەبێت بۆم و کوالێتیی ژیانم بەرز دەکاتەوە؟
پاش وەڵامدانەوەی هەندێک لەم پرسیارانە، دەبێت ڕۆشنتر پەیوەندییەکە ببینیت و تێبگەیت کە ئاخۆ ئەم پەیوەندییە شتی ئەرێنی زیاد دەکات بە ژیانت یاخود شتی نەرێنی. بازنەیەک بەدەور ناوی ئەو کەسانەدا بکێشە کە پێت وایە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانت دادەنێن یاخود ئەگەر کات و هێزی پێویست تەرخان بکەیت بۆ پەیوەندییەکە دەتوانن کاریگەریی ئەرێنییان هەبێت. لەوە گەڕایەوە هێڵێکی چەپ و راستیان بەسەردا بکێشە.
سەرچاوەی سترێسەکە بدۆزەوە
کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە ئاخۆ کۆتایی بە پەیوەندییەکی سترێساوی بێنیت یاخود نا، باشترە سەرچاوەکانی سترێسەکە بەرچاو بگریت.
سەرچاوەکانی سترێسەکە چەندە ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ پەیوەندییەکە و چەندە لەبەر کاریگەریی شتە دەرەکییەکانە؟ باشترە بیر لە سترێسەکان بەهۆی ئیش یان کەسانی نێو ژیانتەوە بکەیتەوە، لەوانەیە منداڵەکانت، هاوڕێکان یان ئەندامانی دیکەی بنەماڵە بەجۆرێک ببنە هۆی ئەوەی تووشی سترێس ببیت.
هەندێک شتی دیکەش کە دەشێت بەرچاویان بگریت ئەوەیە کە ئاخۆ هەندێک پێداویستی هەن کە لە پەیوەندییەکانتدا بەدی نایەن، یان سەرچاوەی سترێست هەیە کە چارەسەریان بۆ نەبێت!
ئایا هەندێک شت هەن کە یەکسەر دووبارە ببنەوە، ئایا لەسەر هەمان شت دیسان و دیسانەوە بەشەڕ دێن؟ یان ئاخۆ هەندێک هۆکاری پڕسترێس هەن کە دووپاتکردنەوەی شێوازی پەیوەندییەکەی دایک و باوکتن و ئێستا لە تۆدا دەردەکەونەوە؟ ئەگەر ئا، لەوانەیە ڕاوێژکردن لەگەڵ کەسێکی پسپۆڕی بواری دەروونناسیدا یارمەتیدەر بێت بۆ چارەکردنی ئەو کردارە نائاگایانە کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی و لە سەردەمی منداڵیدا فێریان بوویت.
بیر لە سوودەکان بکەوە
کاتێک ئەو سترێسانە هەڵدەسەنگێنیت کە بەهۆی پەیوەندییەکەوە تووشیان دەبیت، بیر لە سوودەکانی وازهێنان لەو پەیوەندییە بکەوە. کاریگەرییە ئەرێنییەکانی نەمانی ئەم کەسە لە نێو ژیانتدا چی دەبێت؟ بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەوە کە ئەگەر ئەو کەسە نەبێت دەتوانیت ئەنجامیان بدەیت، هەموو ئەو شتانەی کە چیتر پێویست ناکات خۆتیان پێوە سەغڵەت بکەیت، هەروەها ئەوەی کە بۆچی ئەگەر ئەم پەیوەندییە پڕسترێسە لە ژیانتدا نەمێنێت، ژیانێکی باشترت دەبێت. نووسینەوەی ئەمانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستنی شتەکە.
نامەیەک بنووسە
کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەک دەکرێت قورس بێت تەنانەت ئەو کاتانەش کە پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی نەرێنییە. دەتوانیت هەموو هەستەکانت لە نامەیەکدا بنووسیتەوە. دەتوانیت نامەکە بۆ ئەو کەسە بنێریت یاخود فڕێی بدەیت. نووسینەوە و وردبوونەوە لە هەستەکانت شتەکانت بۆ ڕوون دەکاتەوە و ئەو بوێرییەت دەداتێ تاکوو بەردەوام بیت و بەرەو پێش هەنگاو بنێیت.
بزانە بۆچی دوودڵیت لە وازهێان لە پەیوەندییەک
ئاساییە کە لە کاتی هەڵبژاردنە قورسەکاندا دوودڵ بیت. دۆزینەوەی ئەوەی کە چی وا دەکات سەبارەت بە هەڵبژاردن تووشی دوودڵی بیت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چی گرینگترە. پاش ناسینەوەی ئەو شتانەی دەبنە هۆی دوودڵی لە وازهێنان لە پەیوەندییەک، دەتوانیت تێبگەیت کە چی بۆت گرینگترە و دەتەوێت لە داهاتوودا بە چی بگەیت و هاوکات هۆکارەکانی سترێسی زیانبەخشیش کەم بکەیتەوە.
ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئاخۆ ئەو دوودڵییەت گرێدراوی ترسە لە نەزانراوەکان یاخود نا.
ئەمە دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ وردبوونەوە لەوەی کە ئاخۆ ئاستێک لە نائارمی قەبووڵ دەکەیت چونکە شتەکان بۆت ناسراون بەس بەهۆی خۆلادان لە نائارامییەکانی پەیوەست بە نەزانراوەکان! ئەم جۆرە هەڵبژاردنە وادەکات لەنێو شتێکی ناسراودا بچەقیت بەبێ ئەوەی کە چیتر سوودێکی بۆت هەبێت.
لەوان و لە خۆیشت ببوورە
بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2012 کە لە گۆڤاری (BMC Psychology)ـدا بڵاوکراوەتەوە، نەک هەر ئەوەی کە خراپەی کەسێک لەبیر بکەیت بەڵکوو ئەگەر بەڕاستی لێی ببووریت دەشێت بۆ تەندرووستیت باشتر بێت. بیرت نەچێت کە لە خۆیشت ببووریت.
لەوانەیە لەوەی کە سنوورت بۆ پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسێکدا داناوە هەست بە گوناهـ بکەیت. ئەمە شتێکی ئاساییە بەڵام هەوڵ بدە و خۆت لەم هەستی گوناهە ڕزگار بکە.
هەستکردن بە گوناهـ و خەمباربوون لەپاش وازهێنان لەپەیوەندییەک کاردانەوەیەکی تەواو ئاساییە.
بیر لەوە بکەوە کە لە تەنیشت ئەو خەمباری و هەستی گوناهەوە چیی تر هەیە؛ بۆ نموونە هێز، هیوا، ورە، خودئەڤینی، گرینگیدان-بەخۆ و ڕێزگرتن-لەخۆ. ڕێگە بە خۆت بدە هەست بەو هەستانە بکەیت کە تێتدا درووست دەبن و هەڵیبژێرە کە دەتەوێت بەپێی کامەیان بەردەوام بیت.
ئەو کەسانەی لە ژیانتدا نرخی مانەوەیان هەبێت گوێت لێ دەگرن و ڕێز لە سنوورەکانت دەگرن و ڕێز بۆ کەسایەتیت دادەنێن. بیرت بێت کە تۆ شایەنی گرینگیپێدان و ڕێز و خۆشەویستیت.
داوای یارمەتی بکە
ئەگەر وازهێنان و تێپەڕاندنی سترێسەکانی پەیوەندییەک لات قورسە، ترسی ناوێت و داوای یارمەتی لە کەسێک بکە. بۆ نموونە دەتوانیت لەگەڵ هاوڕێیەکی نێزیک یاخود ئەندامێکی بنەماڵەدا باسی لێوە بکەیت.
دواجار پاڵپشتی لەلایەن ئەو کەسانەی کە پەیوەندییەکی بەهێزت لەگەڵیاندا هەیە دەتوانێت لە ئاستی ئەو سترێسانەی نێو پەیوەندییە کەمتر ئەرێنییەکان کەم بکاتەوە.
خۆت بەهێز بکە
کێشمەکێشی نێو پەیوەندییەکان دەتوانێت هێزت لێ ببڕێت، ئیدی هەوڵدان بۆ خۆڕاگری دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم جۆرە کێشانە، بۆ نموونە باشترە کەسانێکی دڵسۆز لە دەوری خۆت کۆ بکەیتەوە، ئامانجێک بۆ خۆت بدۆزیتەوە و ئاگات لە دۆخی تەندرووستی و دەرووندرووستیت بێت.
بەردەوام بە
پاش ئەمانە کاتی ئەوەیە تەرکیز بخەیتە سەر ئەو پەیوەندییانەی کە پێشتر بازنەیەکت بە دەوری ناوەکانیاندا کێشا.
پەیوەندییە تەندرووست و بەسوودەکان ئەو کات و هێزەی تەرخانیان دەکەیت دەهێنن. ئەو کات و سەرنجەیان بدەرێ کە شایەنیانە.
بۆ ئەو ناوانەی کە هێڵی چەپ و ڕاستت بە سەریاندا کێشاوە، دەتوانیت بڕیار بدەیت کە ئاخۆ بەیەکجاری پەیوەندیت لەگەڵیاندا بپچڕێنیت یاخود کاتێک لە شوێنێک چاوتان بە یەکدی دەکەوێت هەواڵێکیان لێ بپرسیت و دوو قسەیان لەگەڵ بکەیت. بەڵام ڕێگە مەدە کە بەردەوام بن لەسەر سەپاندنی سترێس و نەرێنێتی بەسەرتدا. وزەی خۆت هەڵگرە بۆ هاوڕێ ڕاستەقینەکانت.
ئەگەر ئەو کەسانە لە خزمەکانن یاخود هاوکارتن و زەحمەتە لە ژیانت بیانسڕیتەوە، ڕێگایەک بدۆزەوە بۆ ئەوەی کە لەگەڵیاندا تووشی گێرمەوکێشە و ململانێ نەبیت و ئاستی ئەو سترێسانەی دەیخەنە نێو ژیانتەوە کەم بکەیتەوە.
پوختەی باسەکە
وازهێنان لە پەیوەندییەک کە تووشی سترێست دەکات دەکرێت پرۆسەیەکی قورس بێت. بەڵام دواجار لە درێژخایەندا کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە پڕسترێسەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سترێسەکانت و هەروەها کات و هێزێکی زۆریشت بۆ دەمێنێتەوە تاکوو تەرخانی لایەنە ئەرێنییەکانی دیکەی ژیانتی بکەیت بریتی لە کەسە ئەرێنییەکانی نێو ژیانت. گەشەپێدانی پەیوەندییە بەهیزەکان زۆر باشە بۆ تەندرووستیت و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە تەرکیز بکەیتە سەر کەسە ئەرێنییەکان لە ژیانتدا.
پرسیارە باوەکان
ئایا ئاساییە کە پەیوەندییەکی سۆزداری تووشی سترێست بکات؟
هەموو هاوژین یاخود کەپڵێک ئاستێک لە سترێس ئەزموون دەکەن بریتی لە دڵەڕاوکێ سەبارەت بە پەیوەندییەکە خۆی. بەڵام ئەگەر سترێسەکە وای کردووە کە ژیانیی ئاسایی و ئیشەکانت تێک بچێت، باشترە دیسان هەڵسەنگاندنێک بکەیت بۆ داهاتووی پەیوەندییەکە. شتەکە لەگەڵ بەرامبەرەکەتدا باس بکە و دواجار ئەگەر سترێسەکە یەکجار زۆر بوو و هەر بەردەوام بوو، بیر لە کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکە بکەوە.
چی بکەیت ئەگەر هاوڕێ کوڕەکەت تووشی سترێست دەکات؟
ئەگەر ئەو کەسەی ژوانی لەگەڵ دەبەستیت بووەتە هۆی سترێس بۆت، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە.
ئایا سترێسەکە کاتییە؟
ئایا پەیوەندییەکەتان ئەو هەموو سترێسە دەهێنێت؟
تاکوو دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سترێسەکە چیت پێ دەکرێت؟
ئەگەر هۆکاری سترێسەکە شتێکی کاتییە دەتوانیت خۆڕاگر بیت تاکوو شتەکە دوایی دێت. ئەگەریش شتەکە درێژخایەنە و هەر بەردەوامە، دەتوانیت بۆ ماوەیەک واز لە پەیوەندییەکە بێنیت و پشوویەکی لێ بدەیت یاخود بەیەکجاری کۆتایی پێ بێنیت.
Elizabeth Scott / “Letting Go of a Relationship That Is Stressing You Out” / 2025 / Verywell Mind
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.