داهێزرانی دەروونی چییە؟
ئەوانەی تووشی (داهێزرانی دەروونی)1 بن هەست بە شەکەتی و ماندووبوون و بۆشاییەک لە ناخیاندا دەکەن، وەکوو لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت هەست بە داهێزران دەکەن. بەهۆی دۆخە تەنگژاوی و پڕسترێسەکانی ژیانەوە درووست دەبێت و پێویستە داهێزران و خەمۆکی لێک جیا بکەینەوە.
زاراوەی (داهێزران) لە هەفتاکاندا لەلایەن دەروونناسی ئەمریکی (هەربەرت فرەودەنبەرگەر)ـەوە داهێنرا. بۆ پێناسەکردنی دەرەنجامی سترێسە لەڕادەبەدەر و چاوەڕوانییە ئایدییاییەکانی نێو ئیشەکانی تایبەت بە چاودێریی تەندرووستی بەکاری دەهێنا. بۆ نموونە، دوکتۆر و سستەرەکان کە خۆیان فیدا دەکەن بۆ کەسانی دیکە، زۆربەی جار تووشی (داهێزران) و شەکەتی و هیلاکی و وزەلێبڕان دەبن. ئەمڕۆکە ئەم زاراوەیە تەنیا بۆ ئەو ئیشانەی بواری چاودێریی تەندرووستی یاخود بۆ پێناسەی لایەنی ڕەشی خۆفیداکردن بەکار نایەت. هەموو کەسێک دەکرێت تووشی ببێت، لە ئەوانەوە کە ئیشێکی پڕسترێسیان هەیە تاکوو ئەو کارمەندانەی لەڕادەبەدەر ئیش دەکەن، یان کەسانی سێلێبریتی و بەناودەنگ و هەر جۆرە ئیشێکی دیکە.
پسپۆڕانی بواری پزیشکی سیندرۆمی داهێزران بە نەخۆشییەکی سەربەخۆ دانانێن. زۆرتر پێیان وایە کە نیشانەکانی داهێزران پەیوەندییان لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکەدا هەیە، بۆ نموونە دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی. هەروەها هەندێک بیرۆکەی تەواو جیاواز هەیە سەربارەت بەەوەی کە ڕێک چی دەبێتە هۆی داهێزران و چۆن دەکرێت بناسرێتەوە.
چۆن تووشی داهێزران دەبین؟
شێوەژیانێکی پڕ لە سترێس دەکرێت گوشارێکی زۆر بخاتە سەر مرۆڤ، تا ئاستێک کە هەست بە شەکەتی، بەتاڵبوون و داهێزران بکات. هەروەها سترێس لە شوێنی ئیشکردندا دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانە دەروونی و جەستەییەکانی. هۆکارەکان دەکرێت بریتی بن لە:
- ئەوەی کە بەردەوام هەست بکەیت لەڕادەبەدەر ئیش دەکەیت یاخود گوشارێکی زۆر خراوەتە سەرت
- بەردەوام گوشارێکی زۆر لەسەرت بێت کە لە ماوەیەکی کەمدا ئیش یان کارێک تەواو بکەیت
- ململانێ لەگەڵ هاوکارەکاندا
- ئەوەی کە لەڕادەبەدەر دەربەستی ئیشەکەت بیت و ئەمەش ببێتە هۆی پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی خۆت
ئەو گرفتانەی بە هۆکاری سترێسەکانی شوێنی کار تووشیان دەبیت هۆکارێکی باون بۆ وەرگرتنی پشوو بەهۆی نەخۆشییەوە. شەکەتبوون کاردانەوەیەکی تەواو ئاساییە بەرامبەر سترێس. بەڵام داهێزران تۆخترە لە ئەو هەستە ئاساییانەی کە بەهۆی سترێسەکانەوە هەمانە. نیشانەکانی هاوشێوەی ئەوەی حاڵەتە دەروونییەکانی دیکەن بەڵام هەندێک جیاوازیی گرینگیان هەیە.
نیشانەکانی داهێزران چین؟
داهێزران زۆربەی جار وادەزانرێت کە لەبەر سترێسەکانی پەیوەندیدار بە ئیش یاخود جۆرەکانی دیکەی سترێسەوە ڕوو بدات. نیشانەکانی داهێزران بریتین لە:
- شەکەتبوون: ئەوانەی تووشی داهێزران دەبن هەست بە وزەلێبڕان و هیلاکییەکی زۆر دەکەن. دەڵێن کە بەقەد پێویست وزەیان پێ نەماوە، هەست بە شەکەتی و ماندووێتی دەکەن و یەکسەر کز و بێهێز و کەنەفت دەبن. هەروەها دەشێت هەندێک نیشانەی جەستەییشان هەبێت وەکوو ئازار و گرفتی سک و ڕیخۆڵە.
- دابڕان لەو چالاکییانەی کە پەیوەندییان بە ئیشەکەتەوە هەیە: ئەوانەی تووشی داهێزران دەبن ئیشەکەیان سات دوای سات لایان سترێساوی و وەڕزکەرتر دەبێت. دەشێت سەبارەت بە هاوکار یان دۆخ و شوێنی ئیشەکەیان تووشی خانەگومانی ببن. دەشێت کەسێکی دوورەپەرێزیان لێ دەرچێت و چیتر وەکوو جاران حەزیان لە ئیشەکەیان نەبێت.
- دابەزینی ئاستی کارامەیی: داهێزران زۆرتر کار دەکاتە سەر ئەرکە ئاساییەکانی شوێنی ئیشکردن، ئەرکەکانی نێو ماڵ یان ئەرکەکانی تایبەت بە گرینگیدان بە ئەندامانی بنەماڵە. کەسانی تووشبووی داهێزران سەبارەت بە ئەرکەکانیان زۆر نەرێنین، ناتوانن بەباشی تەرکیز بکەن، یەکسەر ماندوو و بێهێزن و داهێنانیان کەمە.
گۆڕانکاری لە دۆخی ئیشکردنەکاندا دەکرێت هەندێک جار یارمەتیدەر بێت بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێو شوێنکارەکە. هەندێک یارمەتیی کرداری لە ئیشە ئاساییەکانی ڕۆژانەدا دەکرێت لە گوشارەکانی سەر کەسێک کەم بکاتەوە کە لەبەر ئاگاداری لە ئەندامێکی بنەماڵە لە ماڵدا تووشی داهێزران بووە.
داهێزران چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
دوکتۆر و دەروونناسان زۆربەی جار بۆ دەستنیشانکردنی داهیزران لە پرسنامەکان کەڵک دەگرن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە شرۆڤە و مانایەکی گشتگیر و قەبووڵکراو بۆ داهێزران نییە، ڕوون نییە ئاخۆ پرسنامەکان بتوانن ئاستی داهێزران مەزەندە بکەن و لە نەخۆشییەکانی دیکەی جیا بکەنەوە! باوترین پرسنامە ئەوەی “Maslach Burnout Inventory”ـە کە بۆ چەندین گرووپی پسپۆڕی جیاواز بەردەستن. بەڵام ئەم پرسنامەیە لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی توێژینەوە پێک هێنراوە نەوەک بۆ بەکارهێنان لەلایەن دوکتۆرەکانەوە.
پرسنامە ئۆنڵاینەکان سەبارەت بە ئەگەری تووشبوون بە داهێزران گونجاو نین بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئاخۆ کەسێک داهێزرانی هەیە یان نا. ئەو نیشانانەی کە دەگوترێت بەهۆی داهێزرانەوە دەردەکەون دەکرێت هۆکاری دیکەشیان هەبێت، بریتی لە گرفتە دەروونییەکان وەکوو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ. بەڵام نەخۆشییەکانی جەستە و هەندێک دەرمانیش دەکرێت ببنە هۆی نیشانەکانی وەکوو ماندووێتی و شەکەتبوون. بۆیە پێویستە سەرەتا لەگەڵ دوکتۆرێکدا ئەگەرەکانی دیکەش بەرچاو بگیرێن.
جیاوازی نێوان داهێزران و خەمۆکی چییە؟
هەندێک لە نیشانەکان کە وا دادەنرێت هی داهێزران بن لە خەمۆکیشدا ڕوو دەدەن. ئەم نیشانانە بریتین لە:
- شەکەتییەکی لەڕادەبەدەر
- وزەلێبڕان
- دابەزینی کارامەیی
لەبەر لێکچوونی نیشانەکان دەشێت هەندێک کەس وا دەرکەوێت کە تووشی داهێزران بوونە کەچی لە ڕاستیدا تووشی خەمۆکی بووبێتن. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی ڕەچاوکردنی چارەسەرێکی هەڵە: ئەوانەی “بەس” بەهۆی ئیشەوە شەکەت بووبێتن دەکرێت بە پشوویەکی درێژ یان ماوەیەک دوورکەوتنەوە لە ئیشەکەیان چاک ببنەوە. بەڵام ئەگەر کەسێکی تووشبووی خەمۆکی هەمان شت بکات دەکرێت دۆخەکە خراپتریش ببێت، چونکە کەسێکی تووشبووی خەمۆکی پێویستی بە یارمەتی و چارەسەرێکی تەواو جیاوازە، وەکوو چارەسەر یان دەرمانی دەروونی.
هەڵبەت، هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی داهێزران زۆر جیاوازن. لە خەمۆکیدا بیر و هەستە نەرێنییەکان بەس تایبەت بە پێداویستییەکانی بوارێکی دیاریکراو (بۆ نموونە پیشەکەت) نین، بەڵکوو بۆ هەموو بوارەکانی ژیانن. نیشانەکانی دیکەی تایبەت بە خەمۆکی بریتین لە:
- ئاستێکی نزمی ڕێزگرتن لە خۆ2
- هەستی تاوان
- بێدەرەتانی
- ویستی خۆکوژی (بیرکردنەوە لە خۆکوشتن)
ئەمانە وەکوو نیشانەیەکی تایبەت بە داهێزران سەیر ناکرێن. ئیدی ئەوانەی تووشی داهێزران دەبن، هەمیشە خەمۆکییان نییە. بەڵام داهێزران دەشێت ئەگەری ئەوەی کە کەسێک تووشی خەمۆکی بێت بەرز بکاتەوە. ئەمەش خۆی هۆکارێکە تاکوو زۆر جیدیتر بڕوانینە داهێزران و ئەگەر تووشی بووین پزیشکێکی پسپۆڕ بدۆزینەوە کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ لێکدانەوە و ناسنینەوەی دۆخە دەروونییەکە.
پەراوێز:
- (داهێزرانی دەروونی / burnout)
- (ڕێزگرتن لە خۆ / self-esteem)
