سووسە

(سووسە / intuition) چەشنێک زانیارییە کە لە ئاگاییدا دەردەکەوێت بەبێ ئەوەی مەبەستێکی ڕوون بۆ دەرکەوتنی هەبێت واتە خۆنەکردە. توانایەکی زکماکییە کە تێیدا زەینی نائاگا خێرا بەنێو ئەزموون و زانیارییە کەڵەکەبووەکاندا دەگەڕێت و دەیانبێژێتەوە و بەم جۆرە مەزەندەکان درووست دەکات.

ئەمە ئەو هەستەیە کە دەڵێین (دڵم خەبەری دا) یان (هەستێک پێی گوتم). بەشێوەیەکی سەرجەمیانە و خێرا سەرهەڵدەدات بەبێ ئەوەی ئاگاداری پرۆسە زەینییە بنەماییەکان بۆ پرۆسەسکردنی زانیاری بیت.

فەرهەنگی ئۆکسفۆرد وشەی (intuition) وەکوو “توانای زانینی شتێک لەڕێگەی هەستەکانەوە نەک بەرچاوگرتنی ڕاستییەکان” مانا دەکاتەوە.

فەرهەنگی خاڵ وشەی (سووسە) وەکوو “وەرگرتنی دەنگوباسێکی کەم لە شتێکی نهێنییەوە” مانا دەکاتەوە.

سووسە توانای تێگەیشتن یاخود زانینی شتێکە بە غەریزە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە مەبەست شتەکە لێک بدەیتەوە. ئەو هەستەیە کە دێت بە دڵتدا و بەبێ ئەوەی بیری لێ بکەیتەوە و شتەکان لێک بدەیتەوە هەست دەکەیت شتێک ڕاستە یان هەڵەیە. یان ئەو ساتەی کە لە چاوی کەسێکدا هەست بە بوونی میهرەبانی یاخود ترس دەکەیت، نازانیت بۆچی وا هەست دەکەیت بەس مەزەندەکردنێکە. بەڵام ئەم هەستە چییە؟ توێژەران لەنێو مێشکدا نایبیننەوە!  ئەگەرچی تێگەیشتن لەم هەستە ئاڵنگارییەک دەخاتە بەردەم زانستەوە، بەڵام بەکۆی گشتی بریتییە لە “ئەو کاردانەوانەی کە مرۆڤ فێریان بووە بەبێ ئەوەی دەرەنجامی لێکدانەوە و پرۆسەسکردنێکی خۆکرد بن”.

سووسە، ژیری و مەنتیقی تێدا نییە. دەرەنجامی هەندێک هەنگاو و ڕێ و شوێن نییە کە بگیرێتە بەر و بکرێت ڕوون بکرێتەوە. ئەگەرچی لەسەر بنەمای زانیاری و ئەزموونەکانی پێشووە، بەڵام بە شێوەیەکی سرووشتی و خۆکرد و تا ڕادەیەکی زۆر بە غەریزە ڕوو دەدات.

هەستی سووسە ئەگەرچی خێرا ڕوو دەدات و زۆر جار بەسوودە بەڵام هەمیشە ڕێک و ڕاست نییە. (نەست / subconscious) هەوڵ دەدات لەسەر بنەمای ئەزموون و زانیارییەکانی نێو مێشک، شێوازەکانی بیرکردنەوە و پرۆسەسکردن بناسێتەوە و باشترین مەزەندە بۆ دۆخەکە پێشکەش بکات. ئەم هەستە نەزانراو و نهێنی دەنوێنێت! دواجار ناتوانیت ئەو بیرکردنەوەیە ڕوون بکەیتەوە کە لە چرکەیەکدا بڕیارێکی لێ دەکەوێتەوە.

سووسە چۆن ئیش دەکات؟

توێژینەوە لەسەر بڕیاردان گرفتێکی تێدایە. ئێمە هەڵسووکەوتەکان دەبینین بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا لە بواری وێنەگرتن لە مێشک، هێشتا ناتوانین پرۆسەکانی پشتەوەی بیرکردنەوە و تێفکرین لەنێو مێشکدا ببینین. چۆن دەکرێت لە پرۆسەی سەرهەڵدانی سووسە ورد ببینەوە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو شتانەی لە مێشکدا ڕوو دەدەن نادیارن.

زۆربەی زانایان (تیۆرەیەکی دوو-پرۆسەیی) پێشنیاز دەکەن، کە پرۆسەکانی بڕیاردان دابەش بکرێت بۆ دوو چەشنی پرۆسەی سووسە (بەپێی ئەزموون و خۆڕسک) لەگەڵ پرۆسەی شیکارییانە (خۆکرد و بەپێی مەنتیق).

لە کتێبی (ترووکە: هێزی بیرکردنەوە بەبێ بیرکردنەوە)ـدا (مالکۆڵم گلادوەڵ) ئەم دوو شتە ئاوا ڕوون دەکاتەوە: ترووکە؛ کاتێک کە سووسە بەکار دێت. بیرکردنەوە؛ کاتێک شیکارکردن ڕوو دەدات.

دەکرێت لە چاوترووکانێکدا بەقەد ئەوەی چەندین مانگ شیکارکردن بەها هەبێت.

مالکۆڵم گلادوەڵ

 

سووسە (یاخود ترووکە) ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو زانیارییانەی کە ڕوون نین. وەکوو ئەوەی کە دەڵییت هەستم کرد شتێک قەوماوە بەس نازانم چی و بۆچی!

تایبەتمەندییە هەرە سەرەکییەکەی سووسە ئەوەیە کە بەبێ ئەوەی ئەرکی بۆ بکێشیت یان هەوڵی بۆ بدەیت ڕوو دەدات و سەرهەڵدانەکەی لەسەر ویستێکی ئاگایانە نییە، یاخود ئەگەر هەبێت زۆر کەمە.

ڕۆبین هۆگارت دەروونناسێکی بەریتانی-ئەمریکی

سووسە ئەو هەستەیە کە شتێک دەزانیت بەبێ ئەوەی بزانیت کە چۆن دەیزانیت، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەسانەی کە زەینی نائاگا لەسەر زانیارییەکان دەیکات.

سەیمۆر ئەپستەین، دەروونناسێکی ئەمریکی

هەروەها سووسە پێدەچێت کە سەرجەمیانە بێت – تێگەیشتنەکان لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە کۆ دەکاتەوە و زۆر جار بەهۆی کەمبوونی زانیارییەوە پێویستی بە بازدانە بەسەر بیرکردنەوەدا.

سووسە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

دەروونناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم هەستە پشت بە توانای بەراوردکردنی (پاترۆن/فۆرم)ـەکان دەبەستێت، زەین ئەزموون و زانیارییە کەڵەکەبووەکانی نێو (یادەوەریی درێژخایەن) دەبێژێتەوە بۆ دۆزینەوەی دۆخی هاوشێوەی ئەوەی ئێستا و لەسەر ئەم بنەمایە مەزەندە و بڕیار دەخاتە ڕوو. ئەم شێوازی پرۆسەسکردنی ئۆتۆماتیکییەی زانیارییەکان کە بنەمای سەرهەڵدانی سووسەکردنە، دەکرێت لە دیاردەی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا ببینرێتەوە کاتێک شۆفێرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر خەریکی لێخورینە بەبێ ئەوەی ئاگایانە بیر لە لێخوڕین بکاتەوە!