لایەنگری

(لایەنگری / Bias) واتە ویست و حەز و هۆگربوون بۆ پاڵپشتی یاخود دژایەتیکردنی شتێک یان کەسێک. ئەوەی کە پێشوەختە پاڵپشتی شتێک/کەسێک/ڕوانگەیەک بیت یاخود دژایەتیی بکەیت. لایەنگری دەکرێت هەندێک جار بەسوود بێت وەکوو ئەوەی کە هەڵیبژێریت خواردنی تەندرووست بخۆیت یان لە کەسێک کە پێشتر خراپەکارییەکی کردووە سڵ بکەیتەوە. بەڵام بەگشتی زۆربەی جار لایەنگرییەکان لەسەر بنەمای پێشبیرن نەوەک لەسەر زانیاریی ڕاستەقینە بن سەبارەت بە شتەکان. بە لایەنگریی ئەرێنی و نەرێنییەوە ئەم جۆرە ئاسانکارییانە بۆ بریاردان سەبارەت بە شتێک/کەسێک دەکرێت ببێتە هۆی بڕیاری پێشوەخت و پەلە یان جیاکاری لەنێوان مرۆڤەکاندا.

ئەم جۆرە لایەنگرییانە لە کۆمەڵگادا پێشبیرن سەبارەت بەو کۆمەڵ و گرووپەی کە خۆیان تێیدان، یان لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییانەی کە نەگۆڕن وەکوو ڕەگەز و نەژاد و هتد. یان دەکرێت سەبارەت بە ئایین و ئاڕاستەی سیاسی بێت. ئەم جۆرە لایەنگرییانە دەکرێت دەرەنجامی نەرێنی لێ بکەوێتەوە. ئەو کەسانەش کە لایەنگری دەکەن دەکرێت ئاگاداری لایەنگرییەکە بن یاخود خۆیان پێی نەزانن!

لایەنگری ویستێکی پێشوەختە بۆ پاڵپشتبوون یاخود دژایەتیکردنی شتێک/کەسێک/ڕوانگەیەک. زۆربەی جار شتێکە کە فێری دەبیت. لە ژیانی کەسیدا و لە شوێنی کاردا دەکرێت کاریگەری نەرێنی دابنێت و لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا دەکرێت ببێتە هۆی چەوسانەوەی گرووپ و پێکهاتەکان.

هەر لە منداڵییەوە، بە شێوەیەکی سرووشتی، مرۆڤ دەست دەکات بە جیاکاری لەنێوان ئەو شتانەی لە خۆی دەچن و ئەوانەی کە لە خۆی ناچن. ئیدی بەم جۆرە دونیا دابەش دەکات بەنێو دوو جەمسەری (ئێمە) و (ئەوان)ـدا. ئەگەر لە ئاستێکی کەمدا بێت دەکرێت ببێتە هۆی بەشداری لە گرووپەکان و هەستی ئارامی و گرێدایەبوون درووست بکات، بەڵام ئەگەر زیادەڕۆیی تێدا بکرێت شێوازی بیرکردنەوەی (ئێمە دژ بە ئەوان) درووست دەکات و پێشبیری خراپ و زیانبەخشی لێ دەکەوێتەوە.

لایەنگریی مەعریفی

(لایەنگریی مەعریفی / cognitive bias) خەوشێکی سیستەمییە لە بیرکردنەوەدا و کار دەکاتە سەر شێوەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنمان لە کەسانی تر و بڕیارەکانمان. دەکرێت ببێتە هۆی بریاری نامەنتیقی و ناماقوڵ و زۆربەی جار لەسەر بنەمای یادەوەرییەکان و تێگەیشتنەکان و بڕوا کۆمەڵایەتی یاخود تاکەکەسییەکان درووست دەبێت.

لایەنگری پرۆسەیەکە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی و نائاگا ڕوو دەدات بۆ مەبەستی خێراتر و باشتر بڕیاردان! لایەنگرییە مەعریفییەکان دەکرێت لەژێر گوشاری کۆمەڵگا و هەستەکاندا درووست ببن.

بەکورتی لایەنگری ویستێکە بۆ پاڵپشتی لە کەسێک/شتێک/بیرۆکەیەک یاخود دژایەتیکردنی، ئەویش بە شێوەیەکی نادادوەرانە. لایەنگرییەکان شتێکی سرووشتین، بەشێکن لە سرووشتی مرۆڤ و کار دەکەنە سەر بڕیار و هەڵسووکەوتەکانمان.

لە دەروونناسیدا دوو جۆری سەرەکیی لایەنگریمان هەیە: (لایەنگریی ئاگا / conscious bias) و (لایەنگریی نائاگا / unconscious bias). لایەنگریی ئاگا یاخود ڕوون، بە مەبەست دەکرێت و ئاگات لە بۆچوونەکانت و لێکەوتەکانی دەبێت. ئەم جۆرە لایەنگرییە دەکرێت بەسوود بێت و ببێتە هۆی بڕیاری چاک، وەکوو بڕیاری خواردنی خۆراکی تەندرووست. بەڵام ئەم جۆرە لایەنگرییە دەکرێت نەرێنی و مەترسیدار بێت ئەگەر ببێتە هۆی درووستکردنی پێشبیری بەئەنقەست.

لایەنگریی مەعریفی زۆربەی جار دەرەنجامی هەوڵدانی مێشکە بۆ سادەکردنەوە و ئاسانکاری لە پرۆسەسکردنی زانیارییەکاندا. مرۆڤ لە چرکەیەکدا نێزیکەی 11 ملیۆن بیت زانیاری وەردەگرێت. کەچی لە چرکەیەکدا دەتوانێت بەس نێزیکەی 40 بیت زانیاری پرۆسەس بکات.

ئیدی زۆربەی جار پشت دەبەستین بە کورتکردنەوەی پرۆسەکە تاکوو بتوانین بەخێراییەکی گونجاوەوە لە دونیا تێبگەین. بۆیە ئەم هەڵەیانە بەهۆی گرفتەکانی نێو مێشکەوە ڕوو دەدەن: هەڵەکانی یادەوەری، تەرکیز و هەڵەکانی دیکەی مێشک. لایەنگرییە مەعریفییەکان دەکرێت بەسوود بن چونکە ئیدی پێویست بە سەرفکردنی وزەیەکی زۆر ناکات و دەتوانیت خێراتر بڕیارەکان بدەیت، بەڵام هەر وەکوو لایەنگریی ئاگا ئەوانەش کە لە جۆری نائاگان دەتوانن ببن بە پێشبیری زیانبەخش و ببنە هۆی ئازارگەیاندن بە کەسێک یان گرووپێک.