سۆزدرووستی

(سۆزدرووستی / emotional well-being) لقێکی توێژینەوەیە کە تەرکیز دەخاتە سەر ئەو لایەنانەی ئەزموونەکانی مرۆڤ کە پەیوەستی هەست و سۆزەکانن و وەکوو بەشێکی گرینگی کۆی تەندرووستیی مرۆڤ سەیر دەکرێت. هەندێک جار لەگەڵ دەرووندرووستی و تەندرووستیی دەروونیدا وەکوو یەک سەیر دەکرێن بەڵام لێک جیاوازن. سۆزدرووستی واتە ئەوەی کە بتوانیت کۆمەڵێکی بەرفراوان لە بیر و هەستەکان بناسیتەوە و ئەزموونیان بکەیت و بەجۆرێک ڕێکیان بخەیت کە ئەنجامێکی باشیان لێ بکەوێتەوە. ئەوەیە کە بەباشی خۆت و سنووری تواناکانت بناسیت و بزانیت کە کەی دەبێت بوەستیت و کەی دەبێت داوای پاڵپشتی بکەیت لە هاوڕێ یاخود کەسێکی پسپۆڕ. ئەوەی کە هەست و سۆزەکانت بناسیتەوە یارمەتیدەر دەبێت تاکوو سترێسەکانت کۆنترۆڵ بکەیت و ئاستی دەرووندرووستیت بەرز بکەیتەوە و لە ئەنجامدا لەپاش دۆخە قورسەکان خێرا تینت بۆ بگەڕێتەوە و هاوسەنگیی ژیانت بپارێزیت. کاتێک هەست بەباشبوون بکەیت سەرکەوتووتریش دەبیت، نەک هەر لەبواری ئیشەکەتدا بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.