١
چاوەکان سەرنج دەخەنە سەر شکڵی شار.
لە چاوی کوندێکی بەرزەفڕەوە، لە ئاسمانەوە سەیری دیمەنەکە دەکەین. لە چاوپێداخشاندنەکەماندا، شارەکە لە تاکە بوونەوەرێکی زەبەلاح دەچێت، یان زۆرتر لە کۆمەڵە هەبوویەک دەچێت لە ژمارەیەکی زۆر ئۆرگانیزمی لێکئاڵاو درووست بووبێت. بێشومار شادەمار تا بنەکانی جەستە دوورەدەستەکەی ڕاکێشراون و سەرچاوەیەکی هەمیشەیی لە خانەگەلی خوێنی تازە دەگوازنەوە، داتای نوێ بڵاو دەکاتەوە و کۆنەکان کۆ دەکاتەوە، شتومەکی نوێ بڵاو دەکاتەوە و کۆنەکان کۆ دەکاتەوە، ناکۆکیی نوێ بڵاو دەکاتەوە و کۆنەکان کۆ دەکاتەوە. بەپێی ئاهەنگی لێدانی دڵی، هەموو بەشەکانی جەستەکەی دەلەرزن و گرژ دەبن و لە ئازاردا دەتلێنەوە. نیوەشەو خەریکە بگات، ئەگەرچی لووتکەی چالاکییەکان تێپەڕیوە، ئەو مێتابۆلیزمە بنچینەییە کە ژیان ڕادەگرێت بەبێ کزبوونەوە بەردەوامە و لە ناڵەناڵەکانی شار مۆسیقایەکی (بەیزی بەردەوام) بەرهەم دێنێت، دەنگێکی وەڕزکەر کە نە هەڵدەکشێت و نەیش دادەکشێت، بەس ئاوسە بە هەستێکی شووم.
ئاڕاستەی نیگامان ناوچەیەک لە ڕووناکییەکی خەست هەڵدەبژێرێت، سەرنج دەخاتە سەر ئەوێ و بێدەنگ بە سەریدا دێتە خوارێ – دەریایەک لە ڕەنگی نیۆن. بەم شوێنە دەڵێن (گەڕەکی کەیفخۆشی). کە نیوەشەو دەگات، بێدەنگییەک شاشە گەورە داکوتراوەکانی سەر لاپاڵی بیناکان دادەگرێت، بەڵام بڵیندگۆکانی بەر دەرکی دووکانەکان بەردەوام هەر نۆتەی بەیزی زەقکراوی هیپ-هۆپ هەڵدەڕێژن. ناوەندێکی گەورەی یاری جمکوتە لە لاو و گەنج؛ دەنگگەلێکی ئەلیکترۆنیی وەحشی؛ گرووپێکی خوێندکاری کۆلێج لە باڕێک دەرژێنە دەرەوە؛ کچە هەرزەکارەکان بە قژی زەرد و کاڵەوە، بە قاچی جوان کە لە تەنوورەی زۆر کورتەوە خزاونەتە دەرەوە؛ پیاوگەلێکی قات-ڕەش-لەبەر بەسەر لارەهێڵی پیادەکاندا لە کێبڕکێدان بۆ گەیشتن بە دوا شەمەندەفرەکانی قەراخی شار. تەنانەت لەم کاتژمێرەشدا، بانگەوازکەرانی یانەکانی (کاریۆکی) بەردەوامن لە هاوارکردن بۆ هاتنی مشتەری.
ستەیشن واگۆنێکی ڕەشی چاوڕفێن بە کاوەخۆ لە شەقامەکەوە دێتە خوارەوە وەکوو لە جامە ڕەشەکانییەوە لە گەڕەکەکە بکۆڵێتەوە. ئۆتۆمبێلەکە لە بوونەوەرێکی بنی-دەریا دەچێت بە پێست و ئۆرگانگەلێکی تایبەتییەوە. دوو پۆلیسی گەنج بە پەشۆکییەکەوە شەقامەکە دەپشکنن، بەڵام پێ ناچێت کەس سەرنجیان بداتێ. لە کاتێکی وەکوو ئێستا ناوچەکە بەپێی یاساکانی خۆی لێی دەخوڕێت. کۆتایی وەرزی پایزە. بایەک هەڵ ناکات بەڵام هەواکە سەرمایەکی پێیە. خەریکە ڕێکەوت بگۆڕێت.
لەنێو چێشتخانەیەکی (دەنیز)داین.
ڕووناکییەکی ئاسایی بەڵام قایلکەر؛ دیکۆر و قاپ و قاچاخێکی بێڕۆح؛ نەخشەی هۆڵەکە بە هەموو وردەکارییەکەوە بە دەستی ئەندازیارانی ڕێکخەر داڕێژراوە؛ مۆسیقایەکی پاشخانی خاو بە دەنگێکی نزم؛ ستافەکە بە وردی ڕاهێنراون کە بەپێی یاساکان لەگەڵ مشتەرییەکان مامەڵە بکەن: “بەخێر بێن بۆ دەنیز.” هەموو شتێکی چێشتخانەکە نامۆیە و لێک دەچن. نزیکەی هەموو کورسییەکانیش گیراون.
پاش چاوگێڕانێکی خێرا بەناو هۆڵەکەدا، نیگامان لەسەر کچێک کە لەپاڵ پەنجەرەی پێشەوە دانیشتووە دەگیرسێتەوە. بۆچی ئەو؟ بۆچی کەسێکی دیکە نا؟ زانینی ئەستەمە. بەڵام شتێک وا دەکات سەرنجمان ڕابکێشێت—زۆر بەئاسایی. لەسەر مێزێکی چوار-کەسی دانیشتووە و کتێب دەخوێنێتەوە. چاکەتی گەرمی کڵاوداری خۆڵەمێشی، کابۆی شین، پێڵاوی وەرزشیی زەرد کە لەبەر شوشتنی زۆر، کاڵ بووەتەوە. لە پشتەی کورسییەکی تەنیشتیدا، چاکەتێکی زانکۆ هەڵواسراوە. ئەمەشیان زۆر کۆنەیە. لەوانەیە لە تەمەنی سەرەتای کۆلێجدا بێت، ئەگەرچی هێشتا شێوەی قوتابییەکی ئامادەیی پێوە دیارە. قژی ڕەش و کورت و خاو. نەختێک مەکیاج و بەبێ خشڵ. ڕوومەتێکی خنجیلانە و بچووک. چاویلکەی چێوە-ڕەش. جارنەجارێک، چرچێکی چڕ دەکەوێتە نێوچەوانی.
بە سەرنجێکی زۆرەوە دەخوێنێتەوە. چاوانی بەدگمەن لەسەر لاپەڕەکانی کتێبەکەی لابچن—کتێبێکی بەرگڕەقی ئەستوور. کاغەزێکی پێچاندنەوە، ناوی کتێبەکەی لێ شاردووینەتەوە. بەپێی ئەو هەستە قووڵەیەوە، دەشێت کتێبەکە بابەتێکی ئاڵۆزی لەخۆ گرتبێت. تەواو پێچەوانەی چاوخشاندن، پێدەچێت هەر جار و قەپ لە هێڵێک بگرێت و بیجوێت.
کوپێکی قاوە لەسەر مێزەکەیەتی. تەپڵەکە جگەرەیەکیش. شەپقەیەکی بێسبۆڵی شینی تۆخ بە نیشانەیەکی “B”ی (بۆستۆن ڕێد سۆکس) لە تەنیشت تەپڵەکەکەوەیە. لەوانەیە بۆ سەر ئەم نەختێک زۆر گەورە بێت. جانتایەکی شانی قاوەییی چەرم لەسەر کورسییەکە لە تەنیشتییەوە دانراوە. بەجۆرێک خڕ بۆتەوە وەکوو شتەکان لەپڕ هەروا فڕێ درابێتنە ناوی. ناوبەناو دەست دەبات و کوپەکە دێنێت بۆ دەمی، بەڵام لەوە ناچێت حەزی لە تامەکەی بێت. دەخواتەوە چونکە کوپێک قاوە لە بەر دەستیدایە: ئەوە ڕۆڵی ئەوە وەکوو مشتەرییەک. لە ساتە فەراخەکاندا جگەرەیەک دەنێتە بەر لێوییەوە و بە چەرخێکی پلاستیکی دایدەگیرسێنێت. قرچ دەبێتەوە، مژێکی سووک لە جگەرەکەی دەدات، جگەرەکە دەنێتە نێو تەپڵەکەکەوە و ئینجا وەکوو سوکنایی بە ژانەسەرێک بهێنێت، بە سەرپەنجە دەکوتێت بە لاجانگەکانیدا.
مۆسیقایەک کە بە دەنگێکی نزم خەریکە بڵاو دەبێتەوە، (بچۆ کچۆڵە)ی پەرسی فایت و ئۆرکستراکەیەتی. هەڵبەت خۆ کەس گوێ نادات. هەموو چەشنە خەڵکێک لەم دەنیزی نیوەشەوانەدا خەریکی خواردنی ژەمێک یان خواردنەوەی قاوەن، بەڵام ئەو تاکە ئافرەتێکی تەنیای ئەوێیە. جاربەجار سەری لەسەر کتێبەکەی بەرز دەکاتەوە و چاوێک لە سەعاتەکەی دەکات، بەڵام وەڕز دیارە لە خاو تێپەڕینی کات. نەک ئەوەی کە لەوە بچێت چاوەڕێی کەسێک بێت: سەیری ئەملاوئەولای چێشتخانەکە ناکات یان چاو ناخاتە سەر دەرگای هاتنەژوورەکەوە. بەس بەردەوام کتێبەکەی دەخوێنێتەوە، جارجار جگەرەیەک دادەگیرسێنێت، بێئاگا کوپەکەی دەخاتە پشتدا و بەهیوایە کات نەختێک خێراتر تێپەڕێت. گوتنی ناوێت، تا چەند کاتژمێری دیکەش بەیانی نابێتەوە.
لە خوێندنەوە دەوەستێت و سەیرێکی دەرەوە دەکات. لەم پەنجەرەی نهۆم دووهەمەوە دەتوانێت بەسەر شەقامە قەرەباڵغەکەدا بڕوانێت. تەنانەت لەم کاتەشدا شەقامەکە هەر ڕووناکە و پڕە لە خەڵکانێک کە دێن و دەچن–کەسانێک کە شوێنکیان هەیە بڕۆن و کەسانێکیش کە هیچ کوێیان نییە بۆ ڕۆیشتن؛ کەسانێکی ئامانجدار و کەسانێکی بێئامانجیش؛ کەسانێک کە دەیانەوێت کات بگەڕێننەوە دواوە و کەسانێکیش کە دەیانەوێت پاڵی پێوە بنێن بەرەوپێش. پاش نیگایەکی دورودرێژ و نەبزێو بەسەر دیمەنی ئەم شەقامە تێکەڵپێکەڵەدا، بۆ ساتێک هەناسەی ڕادەگرێت و جارێکی دی چاوی دەگێڕێتەوە سەر کتێبەکەی. دەست دەبات بۆ کوپەکەی. جگەرەکەی، زۆرتر لە دوو سێ مژی لێ نەداوە، دەبێت بە ستوونێکی ڕێکوپێک لە سووتوو لەنێو تەپڵەکەکەدا.
دەرگا کارەباییەکە دەخشێت و دەکرێتەوە و کوڕەلاوێکی لۆقن هەنگاو دەنێتە ژوورەوە. چاکەتێکی چەرمی ڕەش و کورت، پانتۆڵێکی زەیتوونی چرچ، پۆستاڵێکی قاوەییی ئیشکردن. قژێکی تا ڕادەیەک شۆڕ و لە هەندێک شوێندا ئاڵۆزکاو. ڕەنگە چەند ڕۆژە دەرفەتی نەبووە بیشوات. ڕەنگە تازە لە ئەشکەوتەکەی هاتبێتە دەرەوە. یانیش ڕەنگە بە سرووشتیتر و ئاسوودەتری بزانێت کە قژێکی شپرزی هەبێت. لەڕییەکەی وا دەکات زۆرتر بێڕەونەق دەربکەوێت تاکوو بەدخۆراک. جانتایەکی ڕەشی گەورەی ئامێری مۆسیقا بە شانییەوەیە. ئامێرێکی باژەن. هەروەها جانتایەکی دەستی پیسیشی لە تەنیشتەوە هەڵگرتووە. لەوە دەچێت ئاخنرابێت لە پەڕەی نۆتە و شتگەلێکی جۆراوجۆری دیکە. کوڵمی ڕاستی جێگە زامێکی سەرنجڕاکێشی پێوەیە. کورت و قووڵە، وەکوو گۆشتەکەی بە شتێکی تیژ هەڵکەندرابێت. شتێکی سەرنجڕاکێشی دیکەی نییە. لاوێکی هەرە ئاساییە بە ڕواڵەتی سەرسەرییەکی ڕەزاسووک بەڵام نەک زۆر زیرەکەوە.
خانمەگارسۆنی پێشوازیکردن کورسییەک لە دواوەوەی چێشتخانەکەی پیشان دەدات. کوڕەکەش لەبەر مێزی کچە کتێببەدەستەکەوە تێدەپەڕێت. چەند هەنگاو لەولاترەوە ئێستێک دەکات وەکوو بیرێک لە مێشکی دابێت. وەکوو هەڵکردنی فیلمێک، هێواش هێواش پاشەوپاش دێتەوە دواوە و لەبەر مێزی کچەکەدا دەوەستێت. سەری لار دەکاتەوە و لە ڕوومەتی کچەکە ورد دەبێتەوە. دەیەوێت شتێک وەبیر بهێنێتەوە و کاتێکی زۆر دەبات تاکوو تێدەگات. لەو چەشنە کەسانە دەکات کە هەموو شتێک بۆیان کات دەبات.
کچەکە هەست بە بوونی ئەم دەکات و سەری لەسەر کتێبەکەی بەرز دەکاتەوە. چاو ورد دەکاتەوە و سەیری ئەو زەلامە دەکات لەوێ وەستاوە. ئەوەندە باڵای بەرزە، ئەم دەبێت زۆر بەرز بڕوانێت. چاویان یەک دەگرێت. کوڕە گەنجەکە بزەیەک دەکات. زەردەخەنەکەی بۆ ئەوەیە پیشانی بدات مەبەستی خراپی نییە.
کوڕەکە دەڵێت”ببوورە ئەگەر بەهەڵە چووبێتم، بەلام تۆ خوشکە بچووکەکەی ئێری ئاسا نیت؟“
وەڵامی ناداتەوە. بە چاوگەلێکەوە کە دەکرا سەیری بێشەڵانێکی چڕ لە سووچی باخێکەوە بکەن، سەیری کوڕەکە دەکات.
بەردەوام دەبێت ”جارێک یەکدیمان بینیوە. ناوت… (یووری)ـیە… هەر وەکوو ناوی خوشکت (ئێری)، بەس بڕگەی یەکەمیان جیاوازە. “
نیگایەکی قورس دەخاتە سەر ئەم و بە وەڵامێکی کورت ڕاستی دەکاتەوە: “ماری.”
ئەویش پەنجەی ئاماژەی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت “خۆیە! ماری. ئێری و ماری. بڕگەی یەکەمیان جیاوازە. منت لە بیر نییە، لە بیرتە؟”
ماری نەختێک سەری نەوی دەکات. ئەمە دەکرێت هەم بە مانای ئەرێ بێت هەم نا. چاویلکەکەی دادەگرێت و لەپاڵ کوپەکەیدا دایدەنێت.
خانمەگارسۆنەکە بە هەنگاوەکانیدا دەگەڕێتەوە و دەپرسێت “ئێوە پێکەوەن؟”
کوڕەکە وەڵام دەداتەوە “ئم، پێکەوەین.”
ئەویش لیستی خواردنەکان دەنێتە سەر مێزەکە. کوڕەکە لەسەر کورسییەکەی بەرامبەر ماریدا دادەنیشتێت و جانتای ئامێرەکەی دەنێتە سەر کورسییەکەی تەنیشتییەوە. چرکەیەک دواتر بیر دەکاتەوە لە ماری بپرسێت “ئاساییە ئەگەر ماوەیەک لێرە دابنیشم؟ هەرکە خواردنەکەم تەواو کرد دەچم. دەبێ کەسێک ببینم.”
ماری نەختێک خۆی لێ مۆن دەکات. “نەدەبا پێش ئەوەی کە دابنیشیت ئەوە بلێیت؟”
کوڕەکە بیر لە مانای وشەکانی دەکاتەوە. “ئەوەی کە دەبێ کەسێک ببینم؟”
ماری دەڵێت “نا…”
“ئەها، مەبەستت بابەتی ڕەوشت و شتە.”
“ئم.”
سەری دەلەقێنێت. “ڕاست دەکەیت. دەبا بمپرسیایە ئاخۆ کێشە نییە لەسەر مێزەکەت دابنیشم. داوای لێبوردن. بەڵام شوێنەکە قەرەباڵغە و منیش زۆر ئەزیەتت نادەم. ئاساییە؟”
ماری نەختێک شان هەڵدەتەکێنێت وەکوو بڵێت “کەیفی خۆتە.” کوڕەکە لیستەکەی دەکاتەوە و سەیری دەکات.
دەپرسێت “نانت خواردووە؟”.
“برسیم نییە.”
بە مۆنییەکەوە چاو بە لیستەکەدا دەخشێنێت، تەق دەیبەستێت و دایدەنێتە سەر مێزەکە. دەڵێت “بەڕاست پێویستم نییە لیستەکە بکەمەوە، بەس بۆ نواندنە.”
ماری هیچ ناڵێت.
“لێرەدا هیچ ناخۆم زەڵاتەی مریشک نەبێت. قەت. ئەگەر لە من بپرسیت، تاکە شتێک لە دەنیز بەکەڵکی خواردن بێت، زەڵاتەی مریشکە. تەقریبەن لە هەموو شتێکی سەر لیستەکەم خواردووە. قەت زەڵاتەی مریشکەکەیانت تاقی کردووەتەوە؟
ماری سەری با دەدات.
“خراپ نییە. زەڵاتەی مریشک و نانی تۆستی تورت. ئەوە تاکە شتێکە لە دەنیزدا بیخۆم.”
“دەی ئیدی بۆچی خۆت بە سەیرکردنی لیستەکەوە سەغڵەت دەکەیت؟”
بە پەنجە تووتەی چرچەکانی سەر کونجی چاوێکی دادەکشێت. “دەی بیری لێ بکەوە. زۆر دڵتەزێن نابێت بێیتە نێو دەنیزەوە و زەڵاتەی مریشک داوا بکەیت بەبێ سەیرکردنی لیستەکە؟ وەکوو ئەوەیە بە هەموو دونیا بلێیت ‘من هەموو کات دێم بۆ دەنیز چونکە حەزم لە زەڵاتەی مریشکەکەیانە.’ بۆیە هەمیشە دەست دەکەم بە کردنەوەی لیستەکە و وا دەنوێنم کە پاش سەیرکردنی شتەکانی دیکە، زەڵاتەی مریشکم هەڵبژاردووە.”
گارسۆنەکە ئاوی بۆ دێنێت و ئەمیش زەڵاتەی مریشک و نانی تۆستی تورت داوا دەکات. بە دڵنیاییەکەوە دەڵێت، “با زۆر تورت بێتەوە. نێزیک بە سووتان.” هەروەها قاوەش داوا دەکات بۆ دواتر. گارسۆنەکە بە ئامێرێکی دەستی داخوازییەکانی داخڵ دەکات و بەرز دەیانخوێنێتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەیان.
ئاماژە بە کوپەکەی ماری دەکات و دەڵێت “پێموایە ئەم خاتوونەش قاوەیەکی دیکەی بوێت.”
“سوپاس بەڕێزم. هەر ئێستا قاوەکە دێنم.”
سەیری ڕۆیشتنی گارسۆنەکە دەکات.
دەپرسێت “تۆ حەزت لە مریشک نییە؟”
ماری دەڵێت “باسی حەز نییە، بەڵام دەمەوێت مریشکی دەرەوە نەخۆم.”
“بۆچی نەخۆی؟”
“بەتایبەت ئەو مریشکانەی لە چێشتخانە زنجیرەییەکاندا پێشکەشی دەکەن–پڕن لە دەرمانی سەیرسەیر. هۆرمۆنی گەشەکردن و شت. مریشکەکان لەنیو ئەو قەفەسە تاریک و تەنگەبەرانەدا بەند دەکرێن و ئەو هەموو دەرزییانەیان لێ دەدرێت، خۆراکیان پڕە لە مادەی کیمیایی، دەیاننێنە سەر قایشی گوێزەرەوە و بە مەکینەگەلێک سەریان دەپەڕێنن و پەڕیان دەکەنن…”
بە بزەیەکەوە دەڵێت “ئەک!” چرچەکانی سەرسووچی چاوەکانی قووڵتر دەبنەوە. “زەڵاتە مریشکی جۆرج ئۆروێڵ!”
ماری لێی مۆڕ دەبێتەوە و سەیری دەکات. نازانێت ئاخۆ خەریکە پێی ڕادەبوێرێت.
کوڕەکە دەڵێت “بەهەرحاڵ، زەڵاتەی مریشکی ئێرە خراپ نییە. هەر بەڕاست.”
وەکوو لەناکاو بیری کەوتبێتەوە کە لەبەریدایە، چاکەتە چەرمەکەی دادەکەنێت، دەقی دەکات و دایدەنێتە سەر کورسییەکەی تەنیشتییەوە. پاشان لەسەر مێزەکە، دەستی دەتەکێنێت. بلوزێکی سەوزی درشت-چنراوی ملیوان-گردی لەبەردایە. هەر وەکوو قژی، خوریی بلوزەکەش لە هەندێ شوێندا گرێی خواردووە. بەڕوونی دیارە لەو چەشنە کەسانە نییە کە گرینگییەکی زۆر بە ڕواڵەتیان دەدەن.
“لە شیناگاوا لە مەلەوانگەی میوانخانەیەکدا یەکدیمان بینی. دوو هاوین لەمەوبەر. لەبیرتە؟”
“تا ڕادەیەک.”
“هاوڕێکەم لەوێ بوو، خوشکت لەوێ بوو، تۆ لەوێ بووی، منیش لەوێ بووم. هەر چوارمان پێکەوە. ئێمە تازە ڕۆیشتبووینە کۆلێج و تەواو دڵنیام کە تۆ لە ساڵی دووهەمی ئامادەییدا بوویت. درووستە؟”
ماری بەبێ ئەوەی کە مەراقێکی ئەوتۆی پێوە دیار بێت سەری دەلەقێنێت.
“ئەوسا هاوڕێکەم بەجۆرێک لەگەڵ خوشکت ژووانی هەبوو. منیشی لەگەڵ خۆی هێنا وەکوو ببێتە جووتە ژووانێک. ئەو چوار بلیتی خۆڕایی بۆ مەلەوانگەکە دەست خست و خوشکیشت تۆی لەگەڵ خۆی هێنا. هەرچەند تۆ هەر هیچت نەدەگوت. یەکسەر لەنێو مەلەوانگەکەدا بوویت و وەکوو لاوە دۆلفینێک مەلەت دەکرد. پاشان ڕۆیشتینە چاخانەی هۆتێلەکە بۆ بەفرەشیر خواردن. تۆ بەفرەشیرێکی (قۆخ و مەلبا)ـت داوا کرد.”
ماری ناوچاو گرژ دەکات. “بۆچی دەبێ شتی وات لەبیر بێت؟”
“پێشتر قەت ژووانم لەگەڵ کچێک نەبوو کە قۆخ و مەلبا بخوات. هەڵبەت ژیکەڵەیش بوویت.”
ماری بە ساردییەکەوە سەیری دەکات. “درۆزن. تۆ یەکسەر چاوت لەسەر خوشکم بوو.”
“بەڕاست؟”
ماری بە بێدەنگی وەڵام دەداتەوە.
ئەویش دەڵێت “ڕەنگە وا بووبێت، نازانم بۆچی لە بیرمە کە بیکینییەکەی هەرە بچووک بوو.”
ماری جگەرەیەک دەردێنێت، دەینێتە نێوان لێوەکانییەوە و بە چەرخەکەی دایدەگیرسێنێت.
کوڕەکە دەڵێت “با شتێکت پێ بڵێم، نامەوێت بەرگری لە دەنیز بکەم و ئەم شتانە، بەڵام تەواو دڵنیام کە کێشانی پاکەتێکی ساق جگەرە گەلەک خراپترە بۆت تاکوو خواردنی قاپێک زەڵاتەی مریشک کە ڕەنگە کێشەگەلێکی هەبێت. تۆ پێت وا نییە؟”
ماری خۆی لە پرسیارەکەی گێڵ دەکات.
“ئەوسا کچێکی دیکە بڕیار بوو لەگەڵ خوشکمدا بڕوات، بەڵام لە دوا چرکەدا نەخۆش کەوت، ئیدی خوشکم ناچاری کردم من لەگەڵیدا بڕۆم. بۆ هاوسەنگیڕاگرتن.”
“کەواتە وەڕز بوویت.”
“بەڵام تۆم لەبیرە.”
“بەڕاست؟”
ماری پەنجەی دەنێتە سەر کوڵمی ڕاستییەوە.
کوڕە لاوەکە دەست دەدات لە زامە قووڵەکەی سەر ڕوومەتی خۆی. “ئەها، ئەمە. کاتێک کە منداڵ بووم، بە پاسکیلەکەمەوە زۆر خێرا دەڕۆیشتم و لە داوێنی گردێکدا نەمتوانی پێچی بکەمەوە. دوو سەنتیم ئەولاتر بایە، چاوی ڕاستم لەدەست دابوو. شکڵی نەرمەی گوێیشم تێک چووە. دەتەوێ بیبینیت؟”
ماری ڕوو گرژ دەکات و سەری با دەدات.
گارسۆنەکە زەڵاتەی مریشک و نانی تۆستەکە دێنێتە سەر مێزەکە. قاوەی تازە دەکاتە نێو کوپەکەی ماری و لیستەکە تیک دەدات تاکوو دڵنیا ببێتەوە کە هەموو شتە داواکراوەکانی هێناوەتە سەر مێزەکە. کوڕەکە چەتاڵ و چەقۆکەی هەڵ دەگرێت و بە جووڵەگەلێکی پسپۆڕانەوە، دەست دەکات بە خواردنی زەڵاتەی مریشکەکەی. ئینجا لەتێک نانی تۆست هەڵ دەگرێت، چاوی تێ دەبڕێت و چرچێک دەخاتە نێوچەوانییەوە.
“گرینگ نییە چەندە بە سەریاندا هاوار بکەم کە با تۆستەکەم تا دەکرێت تورت بێت، قەت تەنانەت یەکجاریش بەو چەشنە نەبووە کە دەمەوێت. تێناگەم بۆ. بەو تێکۆشەری و کەلتوورە مۆدەڕنە ژاپۆنییە و ئەو ڕێساگەلەی بازاڕەوە کە زنجیرەکانی دەنیز هەمیشە ڕەچاویان دەکەن، ناشێت ئامادەکردنی تۆستی تورت ئەوەندە ئەستەم بێت، وا نییە؟ ئەی بۆچی ناتوانن ئەوە بکەن؟ بە کەڵکی چی دێت ئەو شارستانییەتە کە نەتوانێت لەتێک نان بەو چەشنەی داوا کراوە ببرژێنێت؟”
ماری لەسەر ئەمەیان، پشت قسەکەی ناگرێت.
کوڕەکە وەکوو لەگەڵ خۆیدا قسە بکات دەڵێت “بەڵام بەهەرحاڵ، خوشکت بەڕاستی جوان بوو.”
ماری سەر بەرز دەکاتەوە. “بۆچی دەمی ڕابردوو بەکار دێنیت؟”
“بۆچی…؟ مەبەستم، خەریکم باس لە شتێک دەکەم کە کاتێکی زۆر لەمەوبەر ڕووی داوە، ئیدی دەمی ڕابردووم بەکار هێنا، هەر ئەوەندە. خۆ ناڵێم ئیستا جوان نییە و ئەمانە.”
“هێشتاش هەر جوانە، پێموا.”
“دەی، ئەوە زۆر چاکە. بەڵام، ڕاستیت پێ بڵێم، ئەوەندەش ئێری ئاسا ناناسم. لە سەرەتاییدا بۆ ماوەی ساڵێک لە یەک پۆلدا بووین، بەڵام بە ئەستەم دوو وشەش لەگەڵیدا قسەم کردبێت. لەوانەیە ڕێکتر بێت کە بڵێم ئەو سەرنجی نەدەدامێ.”
“تۆ هێشتا پێی سەرسامی، ئەرێ؟”
کوڕەکە چەتاڵ و چەقۆکەی بە هەواوە ڕادەگرێت و بۆ ساتێک بیر دەکاتەوە. “سەرسامبوون. همم. لەوانەیە بەچەشنێک وەکوو کونجکۆڵییەکی زانینخوازانە.”
“کونجکۆڵیی زانینخوازانە؟”
“ئا، وەکوو، ئاخۆ ژوانبەستن لەگەڵ کچێکی جوان وەکوو ئێری ئاسا چ هەستێکی هەبێت؟ مەبەستم، بەڕاست کچێکی سەر بەرگی گۆڤارەکانە.”
“تۆ بەوە دەلێیت کۆنجکۆڵیی زانینخوازانە؟”
“تا ڕادەیەک، ئا.”
“بەڵام ئەوسا، هاوڕێکەت بوو کە لەگەڵی ژوانی دەبەست و تۆیش ئەوەی دیکەی نێو جووتەژوانێک بوویت.”
بە دەمێکی پڕەوە سەری دەلەقێنێت و پاشان لەسەرخۆی دەیجوێت.
“من تا ڕادەیەک کەسێکی خاو و هێمنم. بەرچاوبوون لێم نایە. من چێشتێکی لاوەکیم–زەڵاتەی کەلەم یان پەتاتەی سوورەوەکراو یان ئەها! گۆرانیبێژێکی پشتگریکار.”
“هەر بۆیە کەوتی لە من.”
“بەڵام دیسان، بەڕاست هەرە ژیکەڵە بوویت.”
“ئەوە شتێک لە کەسایەتیتدایە کە وا دەکات دەمی ڕابردوو بەکار بێنیت؟”
کوڕە گەنجەکە بزەیەک دەکات. “نا، بەس لە ڕوانگەی ئێستاوە ڕاستەوخۆ ئەو هەستەم دەربڕی کە ئەوسا هەمبوو. تۆ زۆر ژیکەڵە بوویت. هەر بەڕاست. ئەگەرچی قسەیەکی واشت لەگەڵ نەکردم.”
چەتاڵ و چەقۆکەی لەسەر قاپەکەی دادەنێت، ئاوێک دەخواتەوە و بە کلینکسێک دەمی خاوێن دەکاتەوە. “ئیدی، کاتێک کە تۆ خەریکی مەلەکردن بوویت لە ئێری ئاسام پرسی، ‘بۆچی خوشکە بچووکەکەت قسەم لەگەڵ ناکات؟ کێشەیەک لە مندایە؟’
“ئەو چی گوت؟”
“ئەوەی کە تۆ قەت سەری باس لەگەڵ کەسدا ناکەیتەوە. کە تۆ بەجۆرێک جیاوازی و ئەوەی کە ئەگەرچی ژاپۆنیت زۆرتر لە ژاپۆنی بە چینی قسان دەکەیت. کەوابوو نابێت نیگەران بم. ئەو پێیوا نەبوو کە کێشەیەکی ئەوتۆ لە مندا هەبێت.”
ماری بێدەنگ جگەرەکەی لەنێو تەپڵەکەکە دەکوژێنێتەوە.
“وایە، نا؟ هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە مندا نەبوو، بوو؟”
ماری بۆ ماوەیەک بیر دەکاتەوە. “هەموویم باش بیر نایە، بەڵام پێموا نییە کێشەیەک لە تۆدا بووبێت.”
“چاکە. نیگەران بووم. بێگومان هەندێک کێشەم لە خۆمدا هەیە، بەڵام ئەوانە ڕێک کێشەگەلێکن کە لە دەرووندا هەڵیاندەگرم. بیرکردنەوە لەوەی کە بۆ کەسێکی دی دەرکەوتبێتن ئازارم دەدات. بەتایبەت لە مەلەوانگەیەک لە هاویندا.”
ماری دیسان، وەکوو بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی وتەکەی، سەیری دەکات. “پێموا نییە ئاگاداری هیچ کێشەیەکی دەروونت بووبێتم.”
“مایەی دڵخۆشییە.”
ماری دەڵێت “بەڵام ناوتم لەبیر نییە.”
“ناوم؟”
“ناوت.”
سەری با دەدات. “کێشە نییە ئەگەر ناومت لەبیر کردبێت.” شتێکی ئاساییە هەر بەقەد ئاساییبوونی ناوێک. تەنانەت خۆیشم جارجارێک هەست دەکەم لەبیرم کردووە. هەرچەند لەبیرکردنی ناوی خۆت ئەوەندەش ئاسان نییە. ناوی خەڵکانی دیکە–تەنانەت ئەوانەی کە دەبێت لەبیرم بمێنن–هەمیشە لەبیریان دەکەم.”
سەیرێکی دەرەوەی پەنجەرەکە دەکات وەکوو بەشوێن شتێکدا بگەڕێت کە نەدەبا ونی بکات. ئینجا دیسان ڕوو دەکاتەوە لە ماری.
“شتێک هەمیشە دەیسووڕماندم، ئەوەیش ئەوەیە کە بۆچی خوشکت ئەوسا قەت نەهاتە نێو مەلەوانگەکەوە؟ ڕۆژێکی گەرم و مەلەوانگەیەکی زۆر چاک بوو.”
ماری سەیرێکی دەکات وەکوو بڵێت لەوەش تێناگەیت؟ “ئەو نەیدەویست مەکیاجەکەی بشۆردرێتەوە. خۆ زۆر ڕوونە. ئینجا هەر بەڕاست بە جلی مەلەیەکی ئەوهاوە مەلە ناکرێت.”
دەڵێت “بۆ ئەوەیە؟ سەیرە چۆن دەکرێ دوو خوشک ئەوەندە جیاواز بن.”
“ئێمە دوو ژیانی جیاواز دەژین.”
هەندێک بیر لە قسەکانی دەکاتەوە و پاشان دەڵێت “سەرسامم کە چۆنی لێ دێت وا هەموومان ڕێگای ژیانگەلێکی ئەوها جیاواز دەگرینە بەر. بۆ نموونە سەیری تۆ و خوشکت بکە. هەردووکتان لە یەک دایکوباوکن، لە یەک ماڵدا گەورە دەبن، هەردووکتان کچن. چۆنە کە کەسایەتیگەلێکی وەها جیاوازتان لێ دەردەچێت؟ لە چ قۆناغێکدا، با بڵێین، هەر کەس و بە ڕێگای خۆتاندا دەڕۆن؟ یەکێک بیکینییەک لە شێوەی ئاڵاگەلێکی بچووکی سیمافۆر لەبەر دەکات و لە قەراخ مەلەوانگەکەدا ڕادەکشێت و دڵفڕێن دەنوێنێت، ئەوی دیکەش جلی مەلەی قوتابخانەکەی لەبەر دەکات و پڕ بە هێزی خۆی وەکوو دۆلفینێک مەلە دەکات…”
ماری سەیری دەکات. “دەتەوێ هەر ئێستا و لێرە تا تۆ زەڵاتەی مریشکەکەت دەخۆی، لە بیست و پێنج وشە یان کەمتردا شرۆڤەی بکەم بۆت؟”
سەری با دەدات. “نا، بەس ئەوەم دەگوت کە بەهۆی کونجکۆڵی و شت هاتبووە مێشکمەوە. ناچار نیت وەڵام بدەیتەوە. بەس لە خۆمم دەپرسی.”
دیسان دەچێتەوە سەر زەڵاتەی مریشکەکە، ڕای دەگۆڕێت و درێژەی پێ دەداتەوە:
“من برا و خوشکم نییە، ئیدی بەس دەمویست بزانم: تا چ ڕادەیەک لە یەکدی دەچن و کەنگێ جیاوازییەکانیان دەردەکەون؟“
ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە و کوڕەکە بە چەتاڵ و چەقۆکەی دەستییەوە، نوقمی فکرێک، ئەبڵق بۆ شوێنێک لە بۆشاییی سەر مێزەکە دەڕوانێت.
ئینجا دەڵێت “جارێکیان چیرۆکێکم لەسەر سێ برا خوێندەوە کە سەر لە دوورگەیەک لە (هاوایی)ـدا دەردێنن. ئەفسانەیەک. ئەفسانەیەکی کۆن. منداڵ بووم کە خوێندمەوە، ئیدی لەوانەیە چیرۆکەکەم ڕێک وەکوو خۆی لەبیر نەمابێت، بەڵام شتێکی ئاوایە. سێ برا ڕۆیشتن بۆ ماسیگرتن و کەوتنە نێو زریانێکەوە. بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر دەریا سەرگەردان بوون تاکوو سەریان لە کەنار دوورگەیەکی چۆڵەوە دەرهێنا. دوورگەیەکی جوان بوو، داری گوێزی هیندی تێدا ڕووابوو، هەزاران میوە بە دارەکانییەوە بوو و چیایەکی بەرز و گەورەش لە ناوەڕاستیدا بوو. ئەو شەوەی کە گەیشتنە ئەوێ، خواوەندێک لەنێو خەونەکانیاندا دەرکەوت و گوتی ‘نەختێک خوارتر لە کەنارەکەوە، سێ بەردی خڕ و گەورە دەدۆزنەوە. دەمەوێت هەر یەکەتان تا هەرکوێ کە دڵی دەخوازێت پاڵ بە بەردی خۆیەوە بنێت. ئەو جێگایەی کە واز لە پاڵپێوەنانی بەردەکەتان بهێنن دەبێتە شوێنی ژیانتان. هەرچەندە بەرزتر بچن، لە ماڵەکەتانەوە دەتوانن بەشێکی زۆرتر لە جیهان ببینن. تەواو کەیفی خۆتانە کە تا کوێ بتانەوێت پاڵ بە بەردەکەتانەوە بنێن.’”
کوڕەکە ئاوێک دەخواتەوە و بۆ ساتێک دەوەستێت. ماری بێتاقەت دیارە، بەڵام ڕوونە کە گوێ دەدات.
دەپرسێت “تا ئێستای ڕوونە؟”
ماری سەری دەلەقێنێت.
“دەتەوێ درێژەکەی ببیستیت؟ ئەگەر پێت خۆش نییە، دەکرێ لێگەڕێم.”
“ئەگەر زۆر درێژ نییە.”
“نا، زۆر درێژ نییە. چیرۆکێکی تەواو ساکارە.”
قومێکی دیکە ئاو دەخواتەوە و درێژە بە چیرۆکەکەی دەدات.
“ئیدی سێ براکە، هەروەک خواوەندەکە گوتبووی، سێ بەردیان لەسەر کەنارەکە دۆزییەوە. ئینجا هەروەک خواوەندەکە پێی گوتبوون، دەستیان کرد بە پاڵپێوەنانیان. ئێستا ئەمانە بەردگەلێکی قورس و زەبەلاح بوون، ئیدی تلدانیان ئەستەم بوو و بردنەبانیان لە لێژاییەکەوە هەولێکی مەزنی دەویست. برا بچووکەکە یەکەم کەس وازی هێنا. گوتی ‘برایینە، ئەم شوێنە بۆ من چاکە. نێزیکە لە کەنارەکە و دەتوانم ماسی بگرم. هەموو ئەو شتانەی لێیە کە بۆ بەردەوامیی ژیان پێویستمن. کێشەم نییە ئەگەر لێرەوە نەتوانم ئەوەندە زۆر لە جیهان ببینم.’ دوو برا گەورەکەی بەردەوام بوون، بەڵام کاتێک گەیشتبوونە نیوەقەدی چیاکە، برا دووهەمییەکە وازی هێنا. گوتی ‘کاکە، ئەم شوێنە بۆ من چاکە. ئێرە میوەیەکی زۆری لێیە. هەموو ئەو شتانەی لێیە کە بۆ بەردەوامیی ژیان پێویستمن. کێشەم نییە ئەگەر لێرەوە نەتوانم ئەوەندە زۆر لە جیهان ببینم.’ برا گەورەکە بەردەوام بوو لە سەرکەوتن لە چیاکە. ڕێگاکە بەردەوام تەسک و سەخت دەبووەوە، بەڵام ئەو وازی نەدەهێنا. وزەیەکی زۆر لە کۆڵنەدانی تێدا بوو و دەیویست تا ئەو جێگایەی کە بۆی بلوێت زۆرترین بەش لە جیهان ببینێت، ئیدی بە هەموو هێزیەوە بەردەوام بوو لە تلدانی بەردەکە. بۆ چەندین مانگ بەردەوام بوو، بەئەستەم خواردن یان ئاوێکی بخواردایە، تاکوو بەردەکەی گەیاندە سەر لووتکەی چیا بەرزەکە. لەوێ وەستا و سەیری جیهانی کرد. ئێستا دەیتوانی لە هەمووکەس زۆرتر لە جیهان ببینێت. ئەمە ئەو شوێنە بوو کە تێیدا بژیت–شوێنێک کە هیچ گیایەکی لێ شین نەدەبوو، هیچ بالندەیەکی تێدا نەدەفڕی. بۆ ئاو، بەس دەیتوانی زوقم و سەهۆڵ بلێسێتەوە. بۆ خواردن، بەس دەیتوانی قەوزەکان بکڕێنێتەوە. بەڵام هیچ پەژیوان نەبوو، چونکە ئێستا دەیتوانی بەسەر هەموو جیهاندا بڕوانێت. ئیدی تەنانەت ئەمڕۆکەش، بەردە خڕە مەزنەکەی لەسەر لووتکەی ئەو چیایە لەسەر دوورگەیەک لە هاواییدا گیرساوەتەوە. چیرۆکەکە ئەوها دەچێتە پێشێ.”
بێدەنگی.
ماری دەپرسێت “بڵێی جۆرێک لە پەندی تێدا بێت؟”
“لەوانەیە، دوو دانە. قامکێکی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت “یەکەمیان، ئەوەیە کە مرۆڤەکان هەموو جیاوازن. تەنانەت خوشک و براکانیش. قامکێکی دیکەی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت “ئەوی دیکەش، ئەوەیە کە ئەگەر بەڕاست دەتەوێت شتێک بزانیت دەبێت ئامادە بیت باجەکەیشی بدەیت.”
ماری بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت: ”بە ڕای من، ئەو ژیانانەی دوو برا بچووکەکە هەڵیانبژارد ژیرانەترن.”
دانی پێدا دەنێت “ڕاستە، هیچکەس نایەوێت ڕێگای هاوایی بگرێتە بەر بۆ ئەوەی کە بە مژینی زوقم و خواردنی قەوزەوە زیندوو بمێنێت. ئەوە گومانێکی تێدا نییە. بەڵام برا گەورەکە کونجکۆڵییەکی هەبوو تا ئەو شوێنەی کە دەکرێت بەشێکی زۆرتر لە جیهان ببینێت و نەیدەتوانی ئەو کونجکۆڵییە دابمرکێنێت، بۆیشی گرینگی نەبوو ئەو باجەی دەبێت بیدات چەندە قورس بێت.”
“کونجکۆڵیی زانینخوازانە.”
“ڕێک.”
ماری بۆ ماوەیەک بیر لەم بابەتە دەکاتەوە و دەستێکی لەسەر کتێبە ئەستوورەکەیەتی.
لێی دەپرسێت “ئەگەر تەنانەت زۆر بە ڕێزەوە بمپرسیایە چی دەخوێنیتەوە، پێت نەدەگوتم، دەتگوت؟”.
“لەوانەیە نا.”
“کتێبێکی قورس دیارە.”
ماری هیچ ناڵێت.
“لە قەبارەی ئەو کتێبانە نییە کە زۆربەی کچان لەنێو جانتاکانیاندا هەڵیدەگرن.”
ماری درێژە بە بێدەنگییەکەی دەدات. ئەویش واز دێنێت و دەست دەکاتەوە بە خواردن. ئەم جارەیان، سەرنجی دەخاتە سەر زەڵاتەی مریشکەکە و بێ ئەوەی هیچ بڵێت تەواوی دەکات. لەسەر خۆی دەیجوێت و ئاوێکی زۆر دەخواتەوە. چەندین جار داوا لە گارسۆنەکە دەکات پەرداخی ئاوەکەی بۆ پڕ بکاتەوە. دوا پارووی تۆستەکەی دەخوات.
دەلێت “ماڵتان لە دەرەوەی (هیۆشی) بوو، پێدەچێت لەبیرم بێت.” قاپە بەتاڵەکانی کۆ کراونەتەوە.
ماری سەری دەلەقێنێت.
“کەواتە قەت بە دوا شەمەندەفەرەکەدا ڕاناگەیت. پێموا بکرێ بە تاکسی بچیتەوە ماڵ، بەڵام ئەم شەمەندەفەرەکە تاکوو بەیانی نایەت.”
ماری دەڵێت “خۆیشم ئەوەندەی لێ دەزانم.”
ئەویش دەڵێت “بەس بۆ دڵنیایی بوو.”
“نازانم تۆ لە کوێ دەژیت بەڵام تۆش لە دوا شەمەندەفەرەکە جێ نەماوی؟”
“زۆر دوور نییە: لە (کوانژی)ـم. بەڵام بەتەنیا دەژیم و بڕیارە بەدرێژاییی شەو پرۆڤە بکەین. پاشان ئەگەر پێویست بێت بگەڕێمەوە، هاوڕێکەم ئۆتۆمبێلی هەیە.”
وەکوو سەری سەگێکی دڵخواز بێت، دەستی سۆز بەسەر جانتای ئامێرەکەیدا دەهێنێت.
دەڵێت “تیپەکەمان لە ژێرزەمینی بینایەک لەم دەوروبەرانەدا پرۆڤە دەکات. دەتوانین بەدڵی خۆمان دەنگ و هەرا بنێینەوە و کەس نییە گازندە بکات. هەڵبەت هیچ گەرمکەرێکیشی لێ نییە، ئیدی لەم کاتەی ساڵدا هەرە سارد دەبێت. بەڵام ڕێگەمان دەدەنێ بەخۆڕایی ئەوێ بەکار بێنین، ئیدی ئێمەش پێی ڕازین.”
ماری چاوێک لە جانتای ئامێرەکە دەکات. “ئەوە ترۆمبۆنە؟”
“خۆیە! چۆنت زانی؟”
“حای، دەزانم ترۆمبۆن چۆنە ها.”
“ئا، بێگومان، بەڵام هەزاران کچ هەنە کە تەنانەت نازانن ئەم ئامێرەشمان هەیە. ئەگەرچی ناشکرێت لۆمەیان بکەیت. میک یاگەر و ئێریک کلاپتۆن بە ژەندنی ترۆمبۆن نەبوون بە ئەستێرەی ڕۆک. قەت بینیوتە جیمی هەندریکس یان پیت تۆنشەند لەسەر ستەیج ترۆمبۆنێک بشکێنن؟ بێگومان نا. تاکە شتێک کە بیشکێنن گیتاری کارەباییە. ئەگەر ترۆمبۆن بشکێنن، گوێگران پێدەکەنن.”
“دەی تۆ بۆچی ترۆمبۆنت هەڵبژارد؟”
کرێم دەکاتە نێو قاوەکە کە تازە بۆیان هێناوە و قومێکی لێ دەدات.
“کاتێک لە خوێندنی مامناوەندیدا بووم، بەڕێکەوت لە دووکانێکی دیسکی دەسەدوو فرۆشیدا، دیسکێکی جازم بە نێوی (بڵووز-ـێت) کڕی. قەوانێکی کۆن. بیرم نایە ئەوسا بۆچی کڕیم.
پێشتر قەت مۆسیقای جازم نەبیستبوو. بەڵام بەهەرحاڵ، یەکەم ئاواز لە بەری ڕاستیدا (کافەی فایڤ-سپۆت، پاش تاریکی) بوو و بێوێنە بوو. کابرایەک بە ناوی کورتیس فووڵەر ترۆمبۆنەکەی دەژەند. یەکەم جار کە بیستم، هەستم بە بەرچاوڕوونییەک کرد. گوتم خۆیە، ئەمە ئامێری منە. من و ترۆمبۆن: ئەوە دیدارێک بوو چارەنووس ڕێکی خستبوو.”
کوڕەکە هەشت خانەی سەرەتای (کافەی فایڤ-سپۆت، پاش تاریکی) همهم دەکات.
ماری دەڵێت “ئەوە دەناسمەوە.”
واقی وڕ دەمێنێت. “دەیناسیتەوە؟”
ماری هەشت خانەی دواتری همهم دەکات.
دەپرسێت “تۆ چۆن ئەوە دەزانیت؟”.
“زانینی بۆ من دژی یاسایە؟”
کوپەکەی دادەنێت و بەئارامی سەری با دەدات. “نا، بە هیچ شێوەیەک. ئاخر، چوزانم، زۆر سەیرە. ئەوەی کە کچێک لەم ڕۆژانەدا (کافەی فایڤ-سپۆت، پاش تاریکی) بناسێت… باشە، بەهەرحاڵ، کورتیس فووڵەر مووچڕکەی پێدا هێنام و ئەوە وای کرد دەست بکەم بە ژەندنی ترۆمبۆن. پارەم لە دایبابم قەرز کرد، ئامێرێکی دەسەدووم کڕی و ڕۆیشتمە نێو تیپی قوتابخانەوە. پاشان لە ئامادەییدا دەستم کرد بە ئیشی جۆراوجۆر لەگەڵ تیپەکاندا. سەرەتا وەکوو یاریدەدەر لە تیپێکی ڕۆکدا ئیشم دەکرد، شتێک وەکوو تیپی کۆنی (تاوەر ئاڤ پاوەر). (تاوەر ئاڤ پاوەر) دەناسیت؟”
ماری سەری با دەدات.
ئەویش دەڵێت “گرینگ نییە. بەهەرحاڵ، ئەوسا ئەوها بووم، بەڵام ئێستا تەواو سەرقاڵی جازی سادە و ساکارم. زانکۆکەم فێرگەیەکی ئەوهاش نییە، بەڵام تیپێکی هەرە چاکمان هەیە.”
گارسۆنەکە دێت کە پەرداخی ئاوەکەی بۆ پڕ بکاتەوە بەڵام ئەم بە ئاماژەی دەست دەیگەڕێنێتەوە. سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەکات. “کاتی ئەوەیە من بڕۆم.”
ماری هیچ ناڵێت. دەمووچاوی دەڵێت، کەس بەری پێ نەگرتووی.
“بێگومان هەموو دێر دێن.”
ماری وەڵامی ئەمەشیان ناداتەوە.
“ئەها، سڵاوم بگەیەنە بە خوشکت، باشە؟”
“ئەوە بە خۆتیش دەکرێت، ناکرێت؟ ژمارە تەلەفۆنەکەمانت هەیە. چۆن دەکرێ سڵاوت بگەیەنم؟ تەنانەت ناویشت نازانم.”
بۆ ماوەیەک لێی ڕادەمێنێت. “ئەمە هاتوو پەیوەندیم کرد بە ماڵتانەوە و ئێری ئاسا هەڵی گرت، دەبێت باسی چی بکەم؟”
“بۆ نموونە، داوای یارمەتی لێ بکە بۆ پلانێکی کۆکردنەوەی هاوپۆلییان. شتێک بە مێشکت دەگات.”
“ئەوەندە کەسێکی قسەکەر نیم. هیچکات نەبووم.”
“دەبێت بڵێم لەگەڵ من زۆرت قسە کرد.”
“لەگەڵ تۆ، دەتوانم قسە بکەم، بەجۆرێک.”
“لەگەڵ من، دەتوانیت قسە بکەیت، بەجۆرێک.” وا لاسایی دەکاتەوە. “بەڵام لەگەڵ خوشکم ناتوانیت قسە بکەیت؟”
“لەوانەیە نا.”
“بەهۆی کونجکۆڵییەکی زانینخوازانەی هەرە زۆرەوە؟”
ئەو هەستە ناڕوونەی سەر ڕوومەتی دەڵێت ڕەنگە. دێت شتێک بڵێت، ڕای دەگۆڕێت و دەوەستێت. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت. وەسڵەکە لەسەر مێزەکەوە هەڵدەگرێت و لە مێشکیدا دەست دەکات بە حسێبکردنی پارەکەی.
“پارەی حسێبەکەی خۆم دادەنێم. دەکرێت دواتر پارەکەی هەردووکمان بدەیت؟”
ماری سەری دەلەقێنێت.
سەرەتا سەیرێکی کچەکە و پاشان سەیرێکی کتێبەکەی دەکات. پاش هەندێک دوودڵی دەڵێت “دەزانم پەیوەندی بە منەوە نییە، بەڵام کێشەیەک هەیە؟ وەکوو ناکۆکی لەگەڵ کوڕەدۆستەکەت یان شەڕێکی قورس لەگەڵ بنەماڵەتدا؟ مەبەستم، مانەوەت لە شار بەدرێژایی شەو، بەتەنیا و هەر خۆت…”
ماری چاویلکەکەی لە چاو دەکات و چاوی تێ دەبڕێت. بێدەنگییەکەی نێوانیان سارد و گرژە. ئەویش هەر دوو دەستی بەرامبەر ئەم بەرز دەکاتەوە وەکوو بڵێت ببوورە بۆ ئەو خۆتێهەڵقورتاندنەم.
دەڵێت “لەوانەیە بۆ کاتژمێر دەوروبەر پێنجی بەیانی بۆ خواردنی سووکەژەمێک بگەڕێمەوە ئێرە. دیسان برسی دەبم. هیوادارم ئەوسا بتبینمەوە.”
“بۆچی؟”
“همم، نازانم بۆ.”
“چوکە نیگەرانی منی؟”
“ئەوە بەشێکیەتی.”
“چوکە دەتەوێ سڵاوت بگەیەنم بە خوشکم؟”
“ئەوەش دەکرێت بەشێکی بچووکی بێت.”
“خوشکم جیاوازی نێوان ترۆمبۆن و نانبرژێنێکی کارەبایی نازانێت. ئەگەرچی تەواو دڵنیام لە نیگایەکدا دەتوانێت (گووچی) و (پرادا) لێک جیا بکاتەوە.”
ئەویش بە بزەیەکەوە دەڵێت “هەرکەس و مژاری تایبەتی خۆی هەیە.”
تێنووسێک لە گیرفانی چاکەتەکەیەوە دەردێنێت و بە پێنووسێک شتێکی تێدا دەنووسێت. لاپەڕەکەی لێ دەکاتەوە و دەیدات بە کچەکە.
“ئەمە ژمارەی مۆبایلەکەمە. پەیوەندیم پێوە بکە ئەگەر شتێک ڕووی دا. باشە، مۆبایلت هەیە؟”
ماری سەری با دەدات.
وەکوو سەری سووڕمابێت دەڵێت “هەر دەمزانی. بەجۆرێک هەستێک پێی دەگوتم، وەکوو، ‘گرەو دەکەم حەزی لە مۆبایل نییە.’”
کوڕەکە هەڵدەستێت و چاکەتە چەرمەکەی لەبەر دەکات. جانتای ترۆمبۆنەکەی هەڵدەگرێت. هێشتا نەختێک لە بزەکەی بەسەر لێویەوە ماوەتەوە کە دەڵێت “خواحافیز.”
ماری، بێهەست، سەری دەلەقێنێت. بەبێ ئەوەی سەیری لەتە کاغەزەکە بکات، لەسەر مێزەکە و لەپاڵ وەسڵەکەوە دایدەنێت. بۆ ئێستێک هەناسەی ڕادەگرێت، دەستی دەداتە کۆڵەکەی چەناگەی و دەچێتەوە سەر کتێبەکەی. مۆسیقای (گەمژەکانی نیسان)ـی بورت باکاراک بە دەنگێکی نزم لەنێو چێشتخانەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.