١٠
ئێری ئاسا هێشتا هەر خەوتووە.
بەهەرحاڵ، پیاوە بێڕووخسارەکە وا لە تەنیشتییەوە دانیشتبوو و ورد ورد بۆی دەڕوانی، نەماوە. هەروەها کورسییەکەشی. بەبێ ئەوان ژوورەکە لە جارانیش سڕ و چۆڵترە. قەرەوێڵەکە لە ناوەڕاست ژوورەکەدایە و ئێریش لە سەری ڕاکشاوە. لە کەسێکی نێو بەلەمێکی ڕزگاری دەچێت، بەتەنیا و لە دەریایەکی ئارامدا سەرئاو کەوتبێت. ئێمە لە بەرەی خۆمانەوە سەیری دیمەنەکە دەکەین—لە ژوورەکەی خودی ئێرییەوە—لە ڕێگای شاشەی تەلەفیزیۆنەکەوە. لەوە دەچێت کامێرایەک لە ژوورەکەی ئەوبەردا بێت، لە شێوازی خەوتنی ئێری وێنە بگرێت و بۆ ئێرەی بگوازێتەوە. شوێن و گۆشەی کامێراکە لە مەوداگەلێکی وەکیەکدا دەگۆڕێت، هەر جار و نەختێک بەر و دوا دەکات.
کات تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ ڕوو نادات. ئەویش ناجوولێت. چ دەنگێکیشی لێوە نایە. بە پشتەوەڕا لەسەر دەریای خەیاڵێکی پەتی و خاڵی لە شەپۆل یان تەوژم، سەرئاو کەوتووە. بەمەشەوە هەر ناتوانین خۆمان لەم وێنەیە داببڕین کە دەمانگاتێ. بۆ دەبێت وا بێت؟ هۆکارەکەی نازانین. هەرچەند، لە ڕێگای جۆرە غەریزەیەکەوە هەست دەکەین شتێک لەوێیە. شتێکی زیندوو. خۆی لە ژێر ئاوەکەدا مات داوە، چ ئاسەوارێکی هەبوونی خۆی هەبێت دەیسڕێتەوە. یەکسەر چاومان دەخەینە سەر وێنە نەبزۆکەکە و بەهیواین شوێنی ئەم شتەی کە بۆمان نابینرێت هەڵکەین.
هەر ئێستا، وا دەرکەوت وەکوو ڕەنگ بێت شتێک لە سووچی زاری ئێری ئاساوە نەختێک جووڵابێت. نا، ڕەنگە تەنانەت نەتوانین ناوی بنێین جووڵە. لەرزەیەکی ئەوەندە ورد کە ناکرێت دڵنیا بین لەوەی کە تەنانەت دیبێتمان. دەکرێت هەر پرتەیەکی شاشەکە بووبیت.
هەڵەیەکی دیتن. هەڵوەسەیەکی سەرهەڵدراو بەهۆی حەزی خۆمانەوە بۆ دیتنی چەشنە گۆڕانێک. بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکە، زۆر چڕتر ورد دەبینەوە لە شاشەکە.
وەکوو هەست بە نیازمان بکات، لێنزی کامێراکە بەرەو بابەتەکەی نێزیکی دەکاتەوە. دەمی ئێری لە وێنەیەکی-نێزیکدا دەردەکەوێت. هەناسەمان ڕادەگرین و چاو دەبڕینە شاشەکە و لەسەرخۆ چاوەڕێ دەکەین بزانین چی بەدوایدا دێت. دیسان لەرینەوەیەکی لێوەکان. سووکە تەزوویەکی لەش. ئا، هەر هەمان جووڵەی وەکوو ئەوجار. ئێستا هیچ گومانێکی تێدا نییە. هەڵەی بینین نەبووە. لە ناخ ئێری ئاسادا شتێک خەریکە ڕوو بدات.
وردەوردە وەڕز دەبین لەو سەیرکردنە پاسیڤە لەم بەرەوە بۆ شاشەی تەلەڤیزیۆنەکە. دەمانەوێت ڕاستەوخۆ بە چاوی خۆمان ناوەوەی ئەو ژوورەکە بپشکنین. دەمانەوێت زۆر وردتر سەیری دەستپێکی ئەو نمە جووڵەیە، ئەو ئەگەری لەزی بەئاگاهاتنەوەیە بکەین کە ئێری خەریکە دەریبخات. دەمانەوێت بەپێی شتێکی بەرهەستتر دەست بۆ ماناکەی بەرین. ئیدی ئێمەش بڕیار دەدەین خۆمان بگوازینەوە بۆ ئەوبەری شاشەکە.
ئەوەندەش ئەستەم نییە ئەگەر لەسەری سوور بین. تاکە شتێک دەبێت بیکەین دابڕانە لە جەستە، هەموو ماددەکان بەجێ بێڵین و ڕێگە بە خۆمان بدەین تاکوو ببین بە گۆشەنیگایەکی هزری بەبێ هیچ بارستەیەک. کە ئەوەمان کرد، دەتوانین لە هەموو دیوارێک بپەڕینەوە، بەسەر هەموو خەرەندێکدا باز ببەین. کە ئێمەش ڕێک هەر وا دەکەین. ڕێگە بە خۆمان دەدەین ببین بە تاکە خاڵێکی پەتی و لەو شاشەی تەلەڤیزیۆنەوە دەپەڕینەوە کە ئەم دوو جیهانەی لێک جیا کردۆتەوە، لەم بەرەوە دەکەینە ئەو بەرەوە. ساتێک لە دیوارەکە دەپەڕینەوە و بەسەر خەرەندەکەدا باز دەبەین، جیهان شێوانێکی مەزنی بەسەردا دێت، وردوخاش دەبێت و بۆ چرکەساتێک بزر دەبێت. هەموو شتێک دەبێت بە تەپوتۆزێکی پەتی و تەواو کە بە هەموو ئاڕاستەیەکدا بڵاو دەبێتەوە و پاشان جیهان سەرلەنوێ درووست دەبێتەوە. ماددەیەکی نوێ دەورمان دەگرێت و هەموو ئەمەش هەر بەقەد چاوترووکانێک دەبات.
ئێستا ئێمە لەو بەرەوەین، لەنێو ژوورەکەدا وا لەسەر شاشەکە دەمانبینی. دەورووبەرمان دەپشکنین. بۆنی ژوورێکی لێ دێت کە زۆر دەمێکە پاکژ نەکرابێتەوە. پەنجەرەکە توند داخراوە و هەوا هاتووچۆ ناکات. نسرمە و نەختێک بۆنی کەڕووی لێ دێت.
بێدەنگییەکە ئەوەندە قووڵە گوێمان ئازار دەدات. کەس لێرە نییە و هەست بە خۆماتدانی هیچ شتێکیش ناکەین. ئەگەر وەها شتێکیش پێشتر لێرە بووبێت، دەمێکە ڕۆیشتووە. ئێستا هەر ئێمەین لێرە—ئێمە و ئێری ئاسا.
ئێری لە ناوەڕاست ژوورەکە لە نێو قەرەوێڵە یەکنەفەرییەکەدا هەر خەوتووە. قەرەوێڵەکە و پێخەفەکان دەناسینەوە. نێزیک دەبینەوە و ڕوومەتی بە دەم خەوەوە دەپشکنین، لەسەرخۆ و بە وردی دەڕوانینە وردەکارییەکان. وەک پێشتر گوترا، تاکە شتێک، وەکوو گۆشەنیگایەکی پەتی، لە دەستمان بێت سەیرکردنە—سەیرکردن و کۆکردنەوەی زانیاری و ئەگەر لوا ڕادەربڕین. ئیزنمان نییە دەستی لێ بدەین. ناشتوانین قسەی لەگەڵ بکەین. نەیش دەتوانین ناڕاستەوخۆ بوونی خۆمانی بۆ بدرکێنین.
زۆری پێ ناچێت دیسان جووڵەیەک دەکەوێتە سەر ڕوومەتی ئێری—مووچڕکەیەک لەسەر پێستی سەر کوڵمێکیدا، وەکوو بیەوێت مێشوولەیەکی بچووک کە تازە لەوێ نیشتبێتەوە ڕاو بنێت. ئینجا پێڵووی ڕاستی تۆزێک دەفڕێت. شەپۆلانی هزر دەسووڕێنەوە. لە سووچێکی چەپەکی وشیارییەوە، لەتێکی بچووک و لەتێکی بچووکی دیکە بێدەنگ بانگی یەک دەکەن، پێلە بڵاوبووەکانیان لێک دەئاڵێن. پرۆسەکە لە بەر چاومانەوە ڕوو دەدات. بەم شێوازە یەکەیەک لە هزر دەست بە چێبوون دەکات. ئینجا لەگەڵ یەکەیەکی دیکەدا کە لە ناوچەیەکی دیکەدا درووست بووە گرێ دەخوات و سیستەمە بنەڕەتییەکەی خۆ-ئاگایی پێک دێت. وەکوو تر، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو بێداری دەڕوات.
ڕەنگە خێراییی بێداربوونەوەکەی بە جۆرێکی وەڕزکەر خاو بێت، بەڵام قەت بەرەودوا نابێتەوە. سیستەمەکە جاروبار شپرزەییەک دەردەخات، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو، بەردەوام بەرەو پێش دەڕوات. مەودای کاتی پێویستی نێوان جووڵەیەک و ئەوەی دواتر، بەردەوام کورت دەبێتەوە. جووڵەی ماسوولکەکان سەرەتا لە سنووری ڕوومەتی تێناپەڕن، بەڵام دواجار بڵاوە دەکەنە بەشەکانی دیکەی جەستەیەوە. جارێکیان شانێکی هێواش بەرز دەبێتەوە و دەستێکی بچووکی سپیکەلانە لە ژێر لێفەکەوە دەردەکەوێت. دەستی چەپ. قۆناغێک پێش دەستی ڕاست بەئاگا دێتەوە. قامکەکان لە یەکەم ساتەکانیاندا، شل دەبنەوە، دەحەسێنەوە و گێلانە لە گەڕان بۆ شتێکدا دەکەونە جووڵە. دووماهی وەکوو بوونەوەرگەلێکی بچووک و سەربەخۆ لە مەلافەکەوە سەردەکەون و لەسەر گەرووە ناسکەکەی دەنیشنەوە، وەکوو ئێری دوودڵانە بۆ مانای لەشی خۆی پەل بهاوێت.
هەرزوو پێڵووەکانی دەکرێنەوە. بەڵام کە ڕووناکیی گڵۆپە فلۆرییە ڕیزکراوەکانی سەر بنمیچەکە لە چاوی دەدەن، چاوانی دەستبەجێ دیسان دەقووچێنەوە. وەکوو وشیارییەکەی خۆڕاگری بکات بەرامبەر بەئاگاهاتنەوە. ئەو شتەی دەیەوێت بیکات ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەو جیهانە ڕاستەقینە و بەردەوامبوونە لە خەوێکی ناکۆتا لەنێو تاریکییەکی ئارام و نامۆدا. بەپێچەوانەوە، کردارە سرووشتییەکانی جەستەی بۆ وشیارییەکی کامڵ دەگەڕێن. تامەزرۆی ڕووناکییەکی سرووشتی و تازەن. ئەم دوو هێزە دژبەیەکە لە ناخیدا لە شەڕدان، بەڵام دوا سەرکەوتن هی ئەو سەرچاوە هێزەیە کە بەئاگاهاتنەوەی دەوێت. دیسان پێڵووەکان هێواش و بە گومانێکەوە دەکرێنەوە. بەڵام دیسان تیشکە فلۆرییەکان هەرە زۆرن. هەردوو دەستی بەرز دەکاتەوە و بان چاوی دەگرێت. خۆی دەخاتە لا و گوپێکی دەنێتە سەر سەرینەکە.
کات تێدەپەڕێت. بۆ سێ چوار خولەک ئێری ئاسا هەر لەو شێوازەدا، چاو نووقاو، لەنێو جێگاکەدا ڕادەکشێت. دەکرێ دیسان خەوی لێ کەوتبێتەوە؟ نا، خەریکە دەرفەت دەداتە وشیارییەکەی تاکوو خۆی لەگەڵ جیهانی بێداریدا ڕابێنێت. کات دەورێکی گرینگ دەگێڕێت، وەکوو ساتێک کەسێک خرابێتە نێو ژوورێک بە پەستانێکی تەواو جیاوازی هەواوە و ئیدی دەبێت ڕێگە بدات تاکوو کردارە سرووشتییەکانی جەستەی خۆیان بگونجێنن. هۆشی تێدەگات کە گۆڕانە حەتمییەکان دەستیان پێ کردووە و تەقالا دەدات بۆ قەبووڵکردنیان. تۆزێک هەست بە ڕشانەوە دەکات. ورگی گرژ دەکات و ئەو هەستەی دەداتێ کە شتێک خەریکە لێوە بێتە بان. بە چەند هەناسەیەکی درێژ بەسەر هەستەکەدا زاڵ دەبێت. کاتێکیش ئاخری هێڵنجدانەکەی لە کۆڵ دەبێتەوە، چەند هەستی ناحەزی دیکە دێن و جێگای دەگرنەوە: سڕبوونی باسک و قاچ، نمە زرینگانەوەیەکی گوێ، ئازاری ماسوولکە. ماوەیەکی زۆرە بە یەک لادا خەوتووە.
دیسان کات تێدەپەڕێت.
ئاخری لەنێو جێگاکەیدا هەڵدەستێتە سەر خۆی و بە نیگایەکی ناسەقامگیرەوە دەوروبەری دەپشکنێت. ژوورێکی گەورەیە. کەسی دیی لێ نییە. ئەم شوێنە چییە؟ من لێرە چی دەکەم؟دیسان و دیسان هەوڵ دەدات شوێنی یادەوەرییەکانی هەڵبکات، بەڵام هەموو جارێک وەکوو دەزوویەکی کورت کۆتایی پێ دێت. هەر ئەوەندەی لێ تێدەگات کە لەم شوێنەدا خەوتووە: لەنێو جێگادایە و بێجامەی لەبەرە. ئەمە قەرەوێڵە و ئەمەش بێجامەکەمە. تا ئەوەندەی ڕوونە. بەڵام ئەمە شوێنی من نییە. سەراپای جەستەم سڕ بووە. ئەگەر لێرە نووستبێتم، خەوێکی زۆر درێژ و زۆر قووڵ بووە. بەڵام هیچ نازانم ئاخۆ چەندە درێژ بووبێت. لەگەڵ ئەو هەوڵە پێداگرانەیەی بۆ بیرکردنەوە، ئازارێک لە لاجانگەکانی دەدات.
خۆی لە ژێر چەرچەفەکە دەخزێنێتە دەرەوە و بەئەسپایی پێیە خاوسەکانی دادەگرێتە سەر عەرزەکە. بێجامەیەکی شینی ساکاری بریقەداری لەبەردایە. ئێرە هەواکەی نسرمە. لێفە ناسکەکە لە قەرەوێڵەکە دەکاتەوە و وەکوو عەبا لەبەری دەکات. هەوڵ دەدات ڕێ بکات بەڵام ناتوانێت ڕاستەوڕاست بڕوات. ماسوولکەکانی بیریان نایە دەبێت چی بکەن. بەڵام هەر بەردەوام دەبێت، هەر جار و هەنگاوێک. بنماڵە لینۆلیومییە ساکارەکە بە ساردییەکەوە لێی دەپرسێت: تۆ کێیت؟ لێرە چی دەکەیت؟ بەڵام خۆ ئەم ناتوانێت وەڵام بداتەوە.
بەرەو پەنجەرەیەک دەڕوات و دەست لەسەر لێوارەکەی، زۆر لە خۆی دەکات دەرەوە ببینێت. هەرچەند لەوبەری شووشەکەوە هیچ دیمەنێکی لێ نییە بۆشاییەکی بێڕەنگ نەبێت، وەکوو خەیاڵێکی تەواو دەرهەست. دەست بە چاوانیدا دەهێنێت، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و دیسان هەوڵ دەدات سەیری دەرەوە بکات. هێشتاش بۆشاییەکی چۆڵ نەبێت هیچ لەوێ نابینرێت. هەوڵی کردنەوەی پەنجەرەکە دەدات بەڵام ناجووڵێت. یەکەیەکە هەموو پەنجەرەکان تاقی دەکاتەوە، بەڵام وەکوو بزمارکوت کرابێتن لە جێی خۆیان ناجووڵێن. بە مێشکیدا دێت کە ڕەنگە ئەمە کەشتییەک بێت. پێ دەچێت هەست بە لەرینەوەیەکی ئارام بکات. ڕەنگە لەسەر کەشتییەکی گەورە بم و پەنجەرەکان داخرابێتن تاکوو ئاو نەڕژێتە ژوورەوە.گوێ ڕادەدێرێت بۆ دەنگی بزوێنەرێک یان پەیکەری کەشتییەک کە شەپۆلەکان ببڕێت. بەڵام تاکە شتێک پێی دەگات، دەنگێکی یەکپارچەیە لە بێدەنگی.
گەشتێکی تەواو بەنێو ئەو ژوورە گەورەیەدا دەکات، ماوەیەک دەخایەنێت تاکوو هەست بە دیوارەکان بکات و سویچەکان دابگیرسێنێت و بیانکوژێنێتەوە. هیچیەک لە سویچەکان هیچ ناکەن بە گڵۆپە فلۆرییەکانی سەر بنمیچەکە — یان بە هیچ شتێکی دیکە: هەر هیچ ناکەن. ژوورەکە دوو دەرگای هەیە—دەرگاگەلێکی تەختە و تەواو ئاسایی. دەیەوێت دەستکی یەکێکیان بسووڕێنێتەوە. هەروا بەبێ لێکدران دەخولێتەوە. پاڵی پێوە دەنێت، دەیکشێت، بەڵام دەرگاکە جمە ناکات. ئەو دەرگاکەش هەروا. یەکبەیەکی دەرگا و پەنجەرەکان دەست دەنێن بە ڕوویەوە وەکوو هەر یەکێکیان و بوونەوەرێکی سەربەخۆ بێت.
دوو مست دەگرێتەوە و پڕ بە هێزی خۆی دەکێشێت بە دەرگاکەدا، بەو هیوایەی کە کەسێک گوێی لێ بێت و لەو بەرەوە بیکاتەوە، بەڵام واقی وڕ دەمێنێت کە چەندە کزە ئەو دەنگەی پێی درووست دەکرێت. خۆیشی بەحاڵ دەتوانێت بیبیستێت. هیچ کەس (وای دابنێین کەسێکیش لە دەرەوە هەبێت) ناشێت دەنگی لەدەرگادانەکەی ببیستێت. بەس خەریکە دەستی خۆی دێنێتە ئێش. لەنێو سەریدا هەست بە شتێکی وەکوو گێژبوون دەکات. هەستی لەرینەوەکە لەنێو جەستەیدا زیادی کردووە.
تێدەگەین کە ژوورەکە لەو نووسینگەیە دەچێت کە شیراکاوا تا درەنگانی شەو تێیدا ئیشی دەکرد. دەکرێتیش هەر یەک ژوور بن. بەس، ئێستا تەواو چۆڵە و ڕووتاوەتەوە لە هەموو کەلووپەل و کەرەستەکانی ئۆڤیس و جوانکارییەک. تەنیا هەر گڵۆپە فلۆرییەکانی سەر بنمیچەکە ماونەتەوە. پاش ئەوەی هەموو شتێک براوەتە دەرەوە، دوا کەس دەرگاکەی لە پشت سەر خۆی داخستووە و ژوورەکە، کە دونیا هەبوونی لەبیر کردووە، خراوەتە بنی دەریاوە. ئەو بێدەنگی و بۆگەنە شێدارەی چوار دیوارەکەی دەورووبەر هەڵیانمژیوە، تێپەڕینی ئەو کاتە پیشانی ئەو و ئێمەش دەدەن.
پشت بە دیوارەکە و چاو نووقاو چیچکە دەکات و چاوەڕێ دەبێت گێژییەکە و لەرینەوەکان دابمرکێنەوە. دووماهی چاو دەکاتەوە و شتێک هەڵدەگرێت کە لە نێزیکییەوە لەسەر عەرزەکە داکەوتووە. پێنووسێک. لەگەڵ لاستیکێکی خەتکوژێنەوە. ناوی ڤێریتەک لەسەری مۆر کراوە، هەر لەو چەشنە پێنووسە زیوینەیە کە شیراکاوا بەکاری دەهێنا. نووکەکەی کولە. پێنووسەکە هەڵدەگرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ چاوی تێ دەبڕێت. هیچ یادەوەرییەکی لە ناوی ڤێریتەک نییە. دەکرێت ناوی کۆمپانیایەک یان چەشنە بەرهەمێک بێت؟ دڵنیا نییە. نەختێک سەری با دەدات. لە پێنووسەکە بەولاوە، هیچ شتێک نابینێت دڵی بە زانیارییەک سەبارەت بەم ژوورە خۆش بکات.
تێناگات دەبێت چۆن بەتەنیا خۆی سەری لە شوێنێکی ئاواوە دەرهێنابێت. پێشتر قەتی نەیبینیوە و هیچ شتێکی ژوورەکەش یادەوەرییەکی نابزوێنێت. دەبێ کێ و بۆ چ مەبەستێک هێنابێتمیە ئێرە؟ دەکرێ مردبێتم؟ ئەمە ژیانی پاش مەرگە؟لەسەر لێواری قەرەوێڵەکە دادەنیشێت و لەو ئەگەرە دەکۆڵێتەوە کە ئەمە ئەو شتە بێت کە بە سەری هاتووە. بەڵام ناتوانێت بڕوا بکات کە مردووە یان قیامەت ئاوا بێت. ئەگەر مەرگ بە واتای بەندکران بەتەنیا و لە ژوورێکی چۆڵی نێو بینای ئۆفیسێکی تەریک بایە، یەکجار زۆر بێبەری دەبوو لە هیوای ڕزگاری. دەی دەکرێ ئەمە خەونێک بێت؟ نا، زۆر لەوە سەقامگیرترە کە خەون بێت، وردەکارییەکان زۆر بەرهەست و ڕوونن. ئینجا دەیشتوانم دەست بدەم لەو شتانەی لێرەن.نووکی پێنووسەکە دەچەقێنێتە پشتەدەستیدا بزانێت ئازاری هەیە. زمان بە خەتکوژێنەوەکەدا دەهێنێت بزانێت تامی لاستیک دەدات.
بەو ئەنجامە دەگات کە ئەمە ڕاستییە. بە جۆرێک، چەشنە ڕاستییەکی جیاواز جێی ڕاستییە ئاساییەکەمی گرتووەتەوە. لە هەر کوێوە هێنرابێت، هەر کەسێک هێنابێتمیە ئێرە، تاک و تەنیا لەم ژوورە داخراوە عاجباتی و تۆزاوی و شاراوەیەدا بەند کراوم.
دەکرێ عەقڵم لەدەست دابێت و لە ئەنجامدا ناردبێتیانم بۆ چەشنە دامەزراوەیەک؟ نا، ئەوەش وێناچێت. دواجار، کێ کاتێک دەچێتە نەخۆشخانە قەرەوێڵەکەی خۆیشی دەبات؟ ئەوەش بمێنێت کە ئێرە هیچ لە ژوورێکی نەخۆشخانە ناچێت. لە ژوورێکی زیندانیش ناچێت. بەس ژوورێکی چۆڵ و گەورەیە.
دەگەڕێتەوە سەر قەرەوێڵەکە و دەست بە لێفەکەدا دەهێنێت. چەند جار هێواش دەست بەسەر سەرینەکەدا دەکوتێت. تەنیا لێفەیەکی ئاسایی و سەرینێکی ئاسایین. نە هێمان، نە بیرۆکە؛ یەکێکیان لێفەیەکی ڕاستەقینە و ئەوی دیش سەرینێکی ڕاستەقینەیە. هیچیان هیچ سەرەداوێکی نادەنێ. ئێری پەنجەکانی بە ڕوومەتیدا دەگێڕێت و دەست دەهێنێتە هەموو پێستەکەیدا. لەژێر کراسی بێجامەکەیەوە دەست دەنێتە سەر مەمکەکانی. دڵنیا دەبێتەوە کە هەر ئێرییەکەی جارانە: ڕوومەت جوان و مەمک خڕ. پارچە گۆشتێکم، سەرمایەیەکی بازرگانی، خەیاڵە ئاڵۆزکاوەکانی وای پێ دەڵێن. لەپڕ دڵنیابوونەکەی لەوەی کە خۆی بێت تەواو کاڵ دەبێتەوە.
لە گێژییەکەی کەم بووەتەوە بەڵام هەستی لەرینەوەکە هەر بەردەوامە. وا هەست دەکات وەکوو زەوی لەژێر پێیدا دەرکێشرابێت. ناوەوەی جەستەی هەموو کێشی پێویستی لەدەست داوە و خەریکە ئەشکەوتێکی لێ دەردەچێت. چەشنە دەستێک خەریکە شارەزایانە هەموو ئەو شتانەی لێ دادەماڵێت کە تا ئێستا ئەویان وەکوو ئێری پێک هێناوە: ئەندامەکان، هەستەکان، ماسوولکەکان، یادەوەرییەکان. دەزانێت عاقیبەت دەبێتە بۆرییەکی ئامادە بۆ پەڕینەوەی شتە دەرەکییەکان. ئەمە هەستێکی چڕ لە تەریکبوونی دەداتێ و تەزوویەک بە لەشیدا دێنێت. هاوار دەکات بێزارم لەم دۆخە! نامەوێ ئاوا بگۆڕم!بەڵام هاوارەکەی قەت هەڵنایە. لە ڕاستیدا تاکە شتێک لە گەروویەوە دێتە دەرێ نووزەیەکی کپە.
دەپاڕێتەوە بهێڵن دیسان بخەوم! خۆزگە خەوم لێ دەکەوت و لە ڕاستەقینەکەی جارانمدا بێدار دەبوومەوە!ئەمە تاکە ڕێگایەکە ئێری ئێستا بۆ هەڵاتن لە ژوورەکە بتوانێت بیری لێ بکاتەوە. خۆ دەکرێ تاقییەکی بکاتەوە. بەڵام هەروا ئاسان خەوێکی وای دەست ناکەوێت. بە یەک هۆ، هەر ئێستا لە خەو هەستاوە. ئینجا خەوەکەشی زۆر درێژخایەن و قووڵ بووە: ئەوەندە قووڵ کە ڕاستەقینە ئاساییەکەی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە.
پێنووسە زیوینەکە دەنێتە نێوان پەنجەکانییەوە و سووڕێکی دەدات، تۆزێک بەهیوایە ئەم شتەی لەسەر عەرەزەکە دۆزیوێتیەوە چەشنە یادەوەرییەکی تێدا زیندوو بکاتەوە. بەڵام تاکە شتێک پەنجەکانی هەستی پێ بکەن، تامەزرۆییەکی ناکۆتایە لە دڵیدا.
نیوە-وشیار لە پێنووسەکە دەگەڕێت بکەوێتە سەر عەرزەکە. لەسەر قەرەوێڵەکە ڕادەکشێت، لێفەکە دەپێچتە خۆیەوە و چاو دەنووقێنێت.
بیر دەکاتەوە: کەس نازانێت لێرەم. لەوەیان دڵنیام. کەس نازانێت کە من لەم شوێنەدام.
ئێمە دەزانین. بەڵام ئێمە پێمان ناکرێت پەیوەندیی لەگەڵدا درووست بکەین. ئەو لەنێو جێگاکەدا ڕاکشاوە و ئێمەش لە سەرەوەڕا چاوی لێ دەکەین. وردەوردە، ئێمە وەکوو گۆشەنیگایەک، دەکشێینە دواوە. بەنێو بنمیچەکەدا دەپەڕینەوە، بەردەوام بەرەو بان هەڵدەکشێین و لەو دوور دەبینەوە. تا بەرزتر دەبینەوە، وێنەی ئێری ئاسا لە لامان بچووکتر دەبێتەوە، تاکوو دەبێت بە تاکە خاڵێک و دواتر ئەوەش نامێنێت. خێراییمان زیاتر دەکەین و پاشەوپاش بەنێو بەرگەهەوادا دەڕۆین. زەوی دەچێتە یەک تاکوو ئاخری ئەویش بزر دەبێت. گۆشەنیگامان بەنێو بۆشاییی هیچێتیدا لە پاشەکشێدایە. ڕۆیشتنەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەدایە.
لەناکاو دەبینین گەڕاوینەتەوە نێو ژوورەکەی ئێری ئاسا. قەرەوێڵەکە چۆڵە. دەتوانین شاشەی تەلەفیزیۆنەکە ببینین. هیچ پیشان نادات تەشویش و خشەخش نەبێت. خشەخشە ناحەزەکە جاڕسمان دەکات. بۆ ماوەیەک بێهوودە چاو دەبڕینە خشەخشەکە.
ژوورەکە بەرەبەرە تاریکتر دەبێت تاکوو لەپڕ ڕووناکی بێت و نامێنێت. خشەخشەکەش بزر دەبێت و تاریکییەکی تەواو دادێت.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.