بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ١١

١١

ماری و تاکاهاشی لەسەر کورسییە تەختەیەکی پارکێکدا لە تەنیشت یەک دانیشتوون. پارکێکی بچووکە لەسەر عەرزێکی تەسک و باریک لە ناوەڕاستی شارەکەدا. لە نێزیک پڕۆژە خانوویەکی کۆنی حکوومیدایە، لە کونجێکیدا باخچەیەکی یاریی لێیە بە هەندێک جۆڵانە و حندلحۆ و فوارەیەکەوە. گڵۆپەکانی سەر شەقامەکە ڕووناکییان خستووەتە ناوچەکەوە. دارەکان چڵە ڕەشەکانیان بە ئاسماندا بڵاو کردووەتە و بێشەڵانگەلێکی چڕیش لە خوارەوەیە. دارەکان چینێکی ئەستوور گەڵای زەردیان وەراندووە کە زۆربەی عەرزەکەیان داشاردووە و بە هەنگاونان بە سەریاندا قرچەیان بەرز دەبێتەوە. لەم کاتژمێرەدا پارکەکە لە ماری و تاکاهاشی بەولاوە کەسی لێ نییە. مانگی سپیی کۆتاییی پایز وەکوو داسێکی تیژ بە نێو ئاسماندا شۆڕ بووەتەوە. ماری پشیلەیەکی سپیی ناوەتە سەر ئەژنۆی و لەفەیەکی پێ دەدات کە لە نێو کلینێکسێکدا هەڵیگرتبوو. پشیلەکەش بە تاسوقەوە دەیخوات. ماری هێواش دەست بە پشتیدا دەهێنێت. کەمێک لەولاترەوە چەند کتکێکی دیکە سەیر دەکەن.

تاکاهاشی دەڵێت “ئەوسا کە لە ئاڵفاڤیل ئیشم دەکرد، لەسەر پشووەکاندا هەمیشە دەهاتمە ئێرە، خواردنم بە کتکەکان دەدا و دەستم بە سەریاندا دەهێنا. ئێستا بەم ژیانە تەنیایەم لە ئەپارتمانێکدا، بە هیچ جۆرێک ناکرێ کتکێک بەخێو بکەم. هەندێجار بیریان دەکەم.”

ماری دەپرسێت “کاتێک لە ماڵ خۆتان بوویت کتکت هەبوو؟”

“ئا، بۆ پڕکردنەوی جێگەی بەتاڵی خوشک و برا.”

“سەگت خۆش ناوێ؟”

“سەگم خۆش دەوێ. هەندێکم هەبوو. بەڵام دواجار، کتک باشترە. وەکوو حەزێکی تاکەکەسی.”

ماری دەڵێت “من قەت سەگ و کتکم نەبووە. خوشکم هەستیاریی هەبوو بە کوڵکەکەیان. پژمە ئامانی لێ دەبڕی.”

“تێدەگەم.”

“هەر لە منداڵییەوە سەدان هەستیاریی هەبوو—گەردی کاژ، گەردی گژوگیا، ماسیی ماکارێل، ڕۆبیان، بۆیاخی تەڕ، هەموو چەشنە شتێک.”

“بۆیاخی تەڕ؟” تاکاهاشی بە گرژییەکەوە وا دەڵێت. “قەت ئەوەیانم نەبیستبوو.”

“دەی، ئەو هەیبوو. کاردانەوەی توندیشی هەبوو.”

“وەکوو…؟”

“وەکوو، لیری دەردەدا و هەناسەی بۆ نەدەدرا. بۆریی هەواکەی بلۆقی دەکرد و دایکوباوکم دەبا بیگەیەننە نەخۆشخانە.”

“هەموو جارێک کە بە پاڵ بۆیاخێکی تەڕدا تێپەڕیبایە؟”

“ئیتر، هەموو جارێکیش نا، بەڵام زۆر وای لێ دەهات.”

“زۆر جاریش هەر زەحمەتە.”

ماری بێدەنگ هەر دەست بەسەر کتکەکەدا دەهێنێت.

تاکاهاشی دەپرسێت “ئەی تۆ چی؟”

“مەبەستت هەستیارییە؟”

“ئا.”

ماری دەڵێت “هیچ شتێکی ئەوتۆم نییە. قەت نەخۆش نەبووم. لە ماڵی ئێمەدا، (دەنکە هەنارە)ـیەکی ناسکۆڵە و کچە شوانێکی خۆگرمان هەبوو.”

“هەر ماڵێک و (دەنکە هەنارە)ـیەکی بەسە.”

ماری سەر دەلەقێنیت.

“ئینجا خۆ چ کێشەیەکی نییە کچە شوانێکی خۆگر بیت. نایەوێ هەموو جارێ نیگەرانی ئەوە بیت بۆیاخەکە چەندە وشکە.”

ماری سەیری ناوچەوانی دەکات. “ئەوەندەش ساکار نییە، دەزانی.”

تاکاهاشی دەڵێت “دەزانم. ئەوەندەش ساکار نییە… ئەرێ تۆ سەرمات نییە؟”

“نا، هەوا خۆشە.”

ماری لەتێکی دیکە لە لەفەی تونەکە دەکاتەوە و دەیداتە پشیلەکە. پشیلەکە خێرا هەڵمەقووتی دەکات.

تاکاهاشی دەمێک دوودڵ دەمێنێتەوە، دڵنیا نییە ئاخۆ دەبێت ئاماژەی پێ بکات یاخود نا، دواجار بڕیار دەدات لەسەری بڕوات. دەزانی، جارێکیان من و خوشکت وتووێژێکی درێژ و جیدیمان هەبوو، هەر خۆمان دووانی.”

ماری سەیری دەکات. “ئەوە کەی بوو؟”

“نازانم، لەوانەیە بانەمەڕ. ئێوارەیەک دەڕۆیشتم بۆ (تاوەر ڕیکۆردز) بۆ شتێک بگەڕێم کە لە بەر دەرگاکەدا بە ڕێکەوت چاوم پێ کەوت. تەنیا بووم، ئەویش هەروا. لەسەر شۆستەکە وەستاین دوو قسە بکەین، بەڵام پاش ماوەیەک بینیمان قسەی زۆرمان پێیە، ئیدی ڕۆیشتین بۆ کافەیەکی خوار شەقامەکە. سەرەتا شتێکی ئەوتۆ نەبوو، هەر ئەو شتە ئاساییانەی کاتێک دەگەیتە هاوپۆلییەکی کۆنت کە دەمێکە نەتبینیوە باسیان دەکەی—وەکوو، چی بووە و چی نەبووە و ئەم شتانە. بەڵام دواتر پێشنیاری کرد بڕۆینە شوێنێک بکرێ شتێک بخۆینەوە، وتووێژەکەش تەواو قووڵ و تاکەکەسیی لێ دەرچوو. شتی زۆری پێ بوو دەیویست باسیان لێوە بکات.”

“قووڵ و تاکەکەسی؟”

“ئا.”

ماری سەرسام سەیری دەکات. “بۆچی دەبێت ئێری شتی وا لەلای تۆ باس بکات؟ قەت هەستم نەدەکرد وەها لێک نێزیک بن.”

نا، دیارە خۆ، نێزیک نین. ئەوسا وا هەموو پێکەوە ڕۆیشتین بۆ مەلەوانگەی هۆتێلەکە، ئەوە یەکەم جارێک بوو قسەیەکم لەگەڵ کردبێت. تەنانەت دڵنیا نیم ناوی تەواومی زانیبێت.”

ماری بێدەنگ بەردەوام دەبێت لە دەستهێنان بەسەر پشیلەکەدا.

تاکاهاشی درێژەی پێ دەدات، “بەڵام ئەو ڕۆژە، کەسێکی دەویست قسەی لەگەڵ بکات. لە دۆخێکی ئاساییدا کچێکی دیکە دەبوو، هاوڕێیەکی باش. ئیتر نازانم، ڕەنگە خوشکت هاوڕێ کچێکی نەبێت بتوانێت بەو جۆرە کراوە لەگەڵی بدوێت. ئیدی منی لەجیاتی هەڵبژارد. بەس ڕێکەوت بوو کە من بم. دەکرا هەر کەسێکی دیکە بێت.”

“باشە دەی بۆچی تۆ؟ تا ئەو شوێنەی کە من بزانم قەت لە دۆزینەوەی هاوڕێی کوڕدا کێشەی نەبووە.”

“نا، دڵنیام هەر وایە.”

“بەڵام بە ڕێکەوت لەسەر شەقام دێتە سەر ڕێت، کەسێک کە ئەوەندەش نایناسێت و دەچێتە نێو باسێکی قووڵ و تاکەکەسییەوە. نازانم ئاخر بۆ؟”

تاکاهاشی هەندێ بیری لێ دەکاتەوە و دەڵێت “نازانم، ڕەنگە بێوەی هاتبێتمە بەر چاوی.”

“بێوەی؟”

“ئا، وەکوو بتوانێت بۆ ئەم یەک جارە خۆی بەسەر مندا هەڵبڕێژێت و هەست بە مەترسی نەکات.”

“تێناگەم.”

“دەی، ڕەنگە بۆ ئەوە بێت…” وا دیارە درکاندنی بۆ تاکاهاشی ئەستەم بێت. “ئەمەیان پێت سەیر دەبێت، بەڵام خەڵک زۆر جار وادەزانن هاوڕەگەزخوازم. وەکوو، لەسەر شەقام، هەندێجار زەلام و شت—کەسانێکی تەواو نەناس—چاوەقرتێم لەگەڵ دەکەن.”

“بەڵام هاوڕەگەزخواز نیت، وایە؟”

“نا، پێموا نییە… بەس چما خەڵک هەمیشە من هەڵدەبژێرن نهێنییەکانیانی پێ بڵێن. زەلام، کچ، خەڵکانێک کە بەحاڵ بیانناسم، کەسانێک کە پێشتر قەت نەمبینیون: دەرگای قووڵترین و تاریکترین نهێنییەکانیان بە ڕوومدا دەکەنەوە. تێناگەم بۆ وایە؟ ئەوە نییە کە بمەوێ ئەم شتانە ببیسم.”

ماری لە قسەکانی قووڵ دەبێتەوە و پاشان دەڵێت “دەی، بەهەرحاڵ، ئێری هەموو ئەم نهێنییانەی لە لای تۆ باس کردووە.”

“ڕاستە. یان ڕەنگە دەبێت بڵێم شتانێکی تاکەکەسیی بۆ باس کردووم.”

ماری دەپرسێت “وەکوو، بۆ نموونە…؟”

“وەکوو، با بڵێین، باسی بنەماڵە و شت.”

“باسی بنەماڵە؟”

تاکاهاشی دەڵێت “هەر بۆ نموونە.”

“سەبارەت بە منیش؟”

“ئم.”

“چ شتگەلێک؟”

تاکاهاشی دەمێک ڕادەمێنێت بزانێت چلۆن باشتر بیڵێت. “بۆ نموونە، دەیگوت بریا بیتوانیبایە لێتەوە نێزیکتر بێت.”

نێزیکتر بە من؟”

“هەستی دەکرد لەپاش گەیشتنتان بە تەمەنێک، تۆ دەسانقەست چەشنە مەودایەکت لە نێوانتاندا داناوە.”

ماری هێواش بە دوو دەست پشیلەکە دەگرێت. دەستەکانی هەست بەو نەختە گەرمایەی دەکەن.

ماری دەڵێت “ئەرێ، بەڵام دەکرێ مرۆڤەکان لێک نێزیکتر ببنەوە کەچی مەودایەکی گونجاویش لە نێوانیاندا ڕابگرن.”

تاکاهاشی دەڵێت “بێگومان دەکرێت. “بەڵام شتێک کە بۆ کەسێک وەکوو مەودایەکی گونجاو دێتە بەر چاو، لەوانەیە بۆ کەسێکی دیکە زۆر دوور بنوێنێت.

لە کتوپڕدا کتکێکی قاوەییی زل دەردەکەوێت و سەری دەسوێتە قاچی تاکاهاشیدا. تاکاهاشی دادەنەوێتەوە و دەست دێنێتە سەر کتکەکەدا. کێک-ماسییەکە لە گیرفانی دەردێنێت، بەرگەکەی دەکاتەوە، نیوەی دەداتە کتکەکە و ئەویش هەڵمەقووتی دەکات.

ماری دەپرسێت “کەواتە ئەوە بوو کێشە تاکەکەسییەکە وا ئێریی ئازار دەدا؟ “ئەوەی کە ناتوانێت بە قەد پێویست لە خوشکە بچووکەکەی نێزیک ببێتەوە؟”

ئەوە یەکێک بوو لە کێشە تاکەکەسییەکانی. شتی دیکەش هەبوون.”

ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە.

تاکاهاشی درێژەی پێ دەدات “کاتێک لەگەڵمدا قسەی دەکرد، یەکسەر خەریک حەبخواردن بوو، لە هەموو چەشنێک کە بیری لێ بکەیتەوە. جانتا (پرادا)کەی جمکوت بوو لە دەرمان و لەگەڵ خواردنەوەی (بڵۆدی ماری)ـیەکەیدا وەکوو ناوکە دەیکرماندن. تەواو دڵنیام دەرمانەکان یاسایی بوون، بەڵام بڕێکی یەکجار زۆر بوو.”

“حەبخۆرێکی یەکجار سەیرە. هەمیشە هەر وا بوو. بەڵام خراپتریشی لێ دەرچووە.”

“کەسێک دەبێ بەری بگرێت.”

ماری سەری با دەدات. “حەب و ڕجیم و فاڵگرتنەوە: کاتێک باسی یەکێک لەم شتانە بوو، کەس ناتوانێت بەری بگرێت.

“بەجۆرێک بە گوێمدا هێنا لەوانەیە پێویست بێت سەردانی پسپۆڕێک بکات—چارەسەرکارێک، دەروونناسێک، شتێک. بەڵام من بزانم هیچ بە نیاز نەبوو شتی وا بکات. مەبەستم، پێ نەدەچوو تەنانەت هەست بکات کێشەیەکی لە دەروونیدا هەبێت. بەڕاست خەریک بوو نیگەرانی دەبووم. لەوێ دانیشتووم و بیر دەکەمەوە، ئاخۆ چی لە ئێری ئاسا قەوماوە؟”

ماری گرژ دەکات. “دەی دەکرا دواتر پەیوەندی پێوە بکەیت و لە خۆی بپرسیت—ئەگەر بەڕاست ئەوەندە نیگەرانی بوویت.”

تاکاهاشی هەناسەیەک هەڵدەکێشێت. “با بگەڕێینەوە سەر یەکەم باسەکەی ئەمشەومان، بڵێین پەیوەندیم کرد بە ماڵتانەوە و ئێری ئاسا وەڵامی دایەوە، هیچ نەمدەزانی دەبێ چی پێ بڵێم.”

“بەڵام ئێوە دوانە ئەو وتووێژە تۆخ و درێژەتان لەگەڵ خواردنەوەدا هەبوو—ئەو باسە قووڵ و تاکەکەسییانە.”

“ڕاستە، بەڵام وتووێژیش نەبوو. بە حاڵ من شتێکم گوتبێت. یەکسەر ئەو قسەی دەکرد و منیش جارجارێک دوو وشەم دەخستە نێو قسەکانی. جیا لەوەش، ڕاشکاوانە بیڵێم، پێموا نییە شتێکی ئەوتۆم لە دەست بێت بۆی بکەم—مادامەکی لانیکەم ئەو تێکەڵییە قووڵ و نێزیکەم لەگەڵیدا نییە.”

“ناشتەوێ ئەو تێکەڵییەت لەگەڵیدا هەبێت…”

تاکاهاشی دەڵێت “پێموا نییە بتوانم ئەوەندە لەگەڵی تێکەڵ ببم.” دەست دەبات و پشت گوێی کتکەکە دەخورێنێت. “ڕەنگە کەسێکی شیاو نەبم.”

“یان ساکارتر بڵێین، ناتوانی ئەوەندەش حەزت لە ئێری بێت؟”

“باشە ئەگەر وا سەیری بکەی، ئێری ئاسا ئەوەندە حەزی لە من نییە. هەر وەک گوتم، ئەو بەس کەسێکی دەویست قسەی لەگەڵ بکات. لە چاو ئەو من شتێکی ئەوتۆم لە دیوارێک بە خەسیەتی مرۆییەوە زیاتر نەبوو کە بتوانێت بەپێی پێویست جاربەجار وەڵامێکی بداتەوە.”

“باشە، جیا لە هەموو ئەمانە، گەلێک حەزت لە ئێرییە یان نا؟ وای دانێین بەس دەبێت بە ئەرێ یان نا وەڵام بدەیتەوە.”

تاکاهاشی وەکوو گێژ بووبێت بەهێمنی دەست بە یەکدا دەسوێت. پرسیارێکی قورسە. وەڵامدانەوەی ئەستەمە بۆی.

“بەڵی، وابزام حەزم لە ئێری ئاسا بێت. خوشکت جوانییەکی تەواو سرووشتیی هەیە. یەکجار تایبەتە و شتێکە لەگەڵی لەدایک بووە. بۆ نموونە، کاتێک هەردووکمان دەمانخواردەوە و ئەم وتووێژە دۆستانەیەمان هەبوو، لەنێو باڕەکەدا هەموو چاویان تێ بڕیبووین وەکوو بڵێن ‘حای، ئەو کچە نازدارە چی دەکات لەگەڵ وەها کوڕێکی هیچدا؟’”

“ئەرێ، بەڵام—”

“ئەرێ، بەڵام؟”

ماری دەڵێت “بیری لێ بکەوە. پرسیارم لێ کردی ئاخۆ گەلێک حەزت لە ئێری بێت، بەڵام وەڵامت دامەوە، ‘وابزانم حەزم لێیەتی.’ (گەلێک)ـەکەت داخست. وا هەست دەکەم شتێک هەیە باسی ناکەیت.”

تاکاهاشی سەری بە ماری سوڕماوە. “تۆ زۆر وردبینی.”

ماری بێدەنگ چاوەڕێی وەڵامەکەیەتی.

تاکاهاشی تەواو دڵنیا نییە چۆنی وەڵام بداتەوە. “بەڵام… بڕوانە… من لەوێ دانیشتووم و ئەم وتووێژە دوورودرێژەم لەگەڵ خوشکت هەیە و ئینجا، هەستێکی، ئاهـ، سەیرم تێدا درووست دەبێت. سەرەتا نازانم هەستێکی چەندە سەیرە، بەڵام هەرچەندە زۆرتر تێدەپەڕێت ئەویش بەهیزتر دەبێت، وەکوو، تەنانەت لێرە نەبم: من بەشێک نەبم لەو شتەی لێرە ڕوو دەدات. ئەو ڕێک لە بەرانبەرمدا دانیشتووە بەڵام هاوکات هەزاران میل دوورە لێم.”

دیسان ماری هیچ ناڵێت. ئارام لێوی دەکرۆژێت، چاوەڕێی درێژەی چیرۆکەکەیە. تاکاهاشی لەسەرخۆ بۆ وشەی گونجاو دەگەڕێت.

“دوایی، هەرچییەکیش بڵێم، هەر نایگاتێ. چینێک، وەکوو چەشنە ئەسفەنجێکی شەفاف، شتێکی وا، لەوێ لەنێوان من و ئێری ئاسادا ڕاوەستاوە و هەر وشەیەک لە زارم دێتە دەرێ دەبێ پێیدا تێبپەڕێت و کە ئەوەش ڕووی دا، ئەسفەنجەکە یەکسەر هەموو تینێکی لێ هەڵدەمژێت. ئەو گوێ لە هیچ قسەیەکم ناگرێت—هەر هیچ. تا زۆرتر قسە بکەین، ڕوونتر دەتوانم تێبگەم چ باسە. ئیدی دواتر ئەو وشانەی کە لە زاری ئەو دێنە دەرێ ناتوانن ڕێگاکە ببڕن و بمگەنێ. زۆر هەستێکی سەیر بوو.”

پشیلەکە تا دەزانێت لەفەی تۆنە دوایی هاتووە، خۆی لە دەستی ماری دەخزێنێتە دەرەوە و باز دەباتە سەر عەرزەکە، بەرەو بێشەڵانە چڕەکە ڕا دەکات و ئەوەندەی نەماوە بپەڕێتە ناویەوە. ماری ئەو کلینێکسەی کە لەفەکانی تێدا پێچرابوونەوە گرمۆڵە دەکات و دەیئاخنێتە نێو جانتاکەیەوە. وردەنانەکان لە دەستی دەتەکێنێت.

تاکاهاشی دەڕوانێتە ماری. “تێدەگەی چی دەڵێم؟”

“تێدەگەم؟” ماری وا دەڵێت و هەناسەیەک هەڵدەکێشێت. “ئەوەی ئێستا باست کرد، لەوانەیە زۆر نێزیک بێت لەو شتەی کە زۆر دەمێکە سەبارەت بە ئێری هەستم پێ کردووە—لانیکەم لەم چەند ساڵەی ڕابردووەدا.

وەکوو وشەکانت پێی ناگەن؟”

“ئا.”

تاکاهاشی پاشماوەی کێک-ماسییەکەی دەخاتە بەر کتکێکی دیکە کە خەریکە بە پسکەوە بەرەو لای دێت. کتکەکە بە وریاییەکەوە بۆنی پێوە دەکات و پاشان بە تاسووقەوە قووتی دەدات.

ماری دەڵێت “پرسیارێکی دیکەشم هەیە. بەڵام بەڵێن دەدەیت وەڵامێکی ڕاستگۆیانەم بدەیتێ؟”

تاکاهاشی دەڵێت “بێگومان.”

“ئەو کچەی بردت بۆ ئاڵفاڤیل خوشکم نەبوو خۆ، ئەو بوو؟”

تاکاهاشی واقوڕماو سەری بەرز دەکاتەوە و ڕاستەوڕاست دەڕوانێتە ماری. دەکرا سەیری شەپۆلانێک بکات وا لەسەر گۆمێکی بچووک بڵاو دەبێتەوە.

تاکاهاشی دەپرسێت “بۆ دەبێ وا بیر بکەیتەوە؟”.

“چوزانم، هەر هەستێک بوو. هەڵەم؟”

“نا، ئێری نەبوو. کچێکی دیکە بوو.”

“دڵنیای؟”

“دڵنیام.”

ماری بۆ ساتێک بیر لە شتێک دەکاتەوە.

“دەکرێ پرسیارێکی دیکەشت لێ بکەم؟”

“بێگومان.”

بڵێین خوشکەکەمت بردووەتە ئەو هۆتێلە و سێکست لەگەڵ کردووە. وەکوو گریمانەیەک بڵێین.”

“وەکوو گریمانەیەک بڵێین.”

“ئینجا، وەکوو گریمانەیەک، ئەگەر لێتم بپرسیبایە ‘خوشکەکەمت بردووەتە ئەو هۆتێلە و سێکسی لەگەڵ بکەیت؟’”

“وەکوو گریمانەیەک بڵێین.”

“ئەگەر ئەوەم بپرسیبایە، پێتوایە ڕاستگۆیانە دەتگوت بەڵێ؟”

تاکاهاشی بۆ ئێستێک بیری لێ دەکاتەوە.

دەڵێت “لەوانەیە نا. لەوانەیە بە نا وەڵامم بدایەتەوە.”

“بۆ؟”

“چوکە ئەوە دەبوو بە درکاندنی نهێنیی خوشکت.”

“بەجۆرێک وەکوو نهێنیپاراستنێکی پیشەیی؟”

“بەجۆرێک، ئەرێ.”

“باشە، ئەگەر وایە، وەلامی درووست ئەمە نەبوو کە ‘ناتوانم وەڵام بدەمەوە’؟ ئەگەر بەڕاست دەبێ نهێنیی شتەکان بپارێزیت.”

تاکاهاشی دەلێت “ئا، بەڵام ئەگەر بمگوتایە ‘ناتوانم وەڵام بدەمەوە’ لەم دۆخەدا هەر وەکوو ئەوە بوو بڵێم ئەرێ. ئەوە خەمسارییەکی دەسانقەستە.”

“کەواتە هەر جۆرێک بایە، وەڵامکە دەبا نا بێت، وا نییە؟”

“تیۆریانە، بەڵێ.”

ماری چاو دەبڕێتە چاوانی تاکاهاشی. “ڕاستیت بوێ، هیچیان بە لامەوە گرینگ نییە، تەنانەت ئەگەریش لەگەڵ ئێریدا خەوتبێتی—مادامەکێ بە ویستی خۆی بووبێت.

ڕەنگە تەنانەت ئێری ئاساش بەڕوونی نەزانێت ئێری ئاسا چی دەوێت. بەهەرحاڵ، با واز لەمە بێنین. چ تیۆریانە و چ لە ڕاستیدا، ئەو کچەی کە بردم بۆ ئاڵفاڤیل کەسێکی دیکە بوو نەک ئێری ئاسا.”

ماری ئاخێک هەڵدەکێشێت و دەوەستێت چەند چرکەیەک تێبپەڕێت.

ئینجا دەڵێت “خۆزگە نێزیکتر بوومایە بە ئێری. بەتایبەت لە سەرەتاکانی هەرزەکاریدا هەستم پێ دەکرد—کە دەمەوێ باشترین هاوڕێ بین بۆ یەک.” بێگومان، تا ڕادەیەک ستایشم دەکرد: ئەوە بەشێکی بوو. بەڵام تەنانەت ئەوساش بێئەندازە سەرقاڵ بوو—ئیشی مۆدێلینگ بۆ بەرگی گۆڤاری کچان، بەشداری لە سەدان وانە، لەسەر یەک پێ وەستانی هەمووان بۆ داخوازییەکانی. هەر هیچ کاتی نەبوو بۆ من. وەکوو تر، کاتێک زۆرترین پێویستیم پێی هەبوو، ئەو کەمترین ئازادی بوو بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانم.”

تاکاهاشی بێدەنگ گوێ لە ماری دەگرێت.

“ئێمە دوو خوشک بووین و لە ژێر یەک بنمیچدا دەژیاین، بەڵام لە دوو جیهانی جیاوازدا گەورە بووین. تەنانەت یەک خواردنیشمان نەدەخوارد. بەو هەموو هەستیارییانەوە کە هەیبوو، دەبا ڕجیمێکی تایبەتی هەبێت کە جیاواز بوو لەو شتانەی ئەوانەی ترمان دەمانخوارد.”

ڕاوەستان.

ماری دەلێت “بۆ هیچ شتێک سەرکۆنەی ناکەم. ڕاستە ئەوسا وامدەزانی دایکم زۆر بە دەورووپشتیدا دێت، بەڵام ئێستا ئەوەم لا گرینگ نییە. بەس دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە ئەم… ڕابردوویەمان لەگەڵە. ئیدی کە ئێستا دەبیستم بە ئاواتە نێزیکتر بووینایە، بەڕاست هەر هیچ نازانم دەبێ چی بکەم. لەو هەستەم تێدەگەیت؟”

“پێموا تێبگەم.”

ماری هیچ ناڵێت.

تاکاهاشی دەڵێت “کاتێک لەگەڵ ئێری ئاسا قسەم دەکرد، لەناکاو شتێک هات بە مێشکمدا، پێموابێت هەمیشە چەشنە گرێیەکی هەبووە کە پەیوەندی بە تۆوە هەیە—هی ساڵانێک لەمەوبەر.

ماری دەڵێت “گرێ؟ ئێری بەرانبەر بە من؟”

“ئێ.”

“ئینجا پێچەوانەکەی نییە؟”

“نا، پێچەوانەکەی نییە.”

“بۆ وا بیر دەکەیتەوە؟”

“باشە، بڕوانە. تۆ خوشکی گچکەی بەڵام هەمیشە وێنایەکی چاک و ڕوونت هەبووە لەو شتەی کە بۆ خۆتت ویستووە. تۆ هەر کات پێویستی کردبێت توانیوتە بڵێی نا و خێراییی ئەنجامدانی شتەکان بە ئارەزووی خۆت بووە. بەڵام ئێری ئاسا نەیدەتوانی وا بکات. لەو ساتەوەی کە کچێکی بچووک بوو، ئیشی ئەوە بووە کە دەورێکی دیاریکراو بگێڕێت و دڵی کەسانی دەورووبەری خۆش بکات. ئەرکێکی زۆری کێشا بۆ بوون بە (دەنکە هەنارە)ـیەکی بچووک و بێخەوش—ئەگەر بتوانم ئەو ناوەی تۆ لە سەرت ناوە قەرز بکەم. ڕاستە کە هەمووان سەرنجێکی زۆریان داوەتێ، بەڵام دڵنیام هەندێ کات یەکجار قورس بووە بۆی. لە یەکێک لە هەرە گرینگترین قۆناغەکانی ژیانیدا، دەرفەتێکی نەبووە خۆیەکی جێگیر پێک بێنێت. ئەگەر (گرێ) وشەیەکی زۆر قورسە، با هەر بڵێین لەوانەیە ئێرەیی پێ بردبێتی.”

“ئێری ئەوەی پێ گوتی؟”

“نا، بەس لە دەورووبەر قەراخ قسەکانی ورد بوومەوە و هەر ئیستا لەنێو بیری خۆمدا پێکەوەم نان. پێموا زۆر دووری بۆ نەچووبێتم.”

ماری دەڵێت “لەوانەیە، بەڵام پێموا زۆری گەورە دەکەیتەوە. ڕەنگە ڕاست بێت کە ژیانێکی سەربەخۆتر لە ئێری ژیاوم. لەوە تێدەگەم. بەڵام بڕوانە ئەنجامەکان: ئەوەتام، بێبایەخ و بێدەسەڵات. ئەو زانیارییەم نییە کە دەبا هەمبا و ئەوەندەش زیرەک نیم. جوان نیم و کەسیش گرینگییەکی ئەوتۆم ناداتێ. سەبارەت بە پێکهێنانی خۆیەکی جێگیر: نازانم کوا منیش توانیبێتم ئەوەم کردبێت. بەس یەکسەر خەریکم لەنێو جیهانە تەسک و بچووکەکەی خۆمدا دەخولێمەوە. چی لە مندا هەیە ئێری ئێرەیی پێ ببات؟

تاکاهاشی دەڵێت “ئەمە جارێ وەکوو قۆناخێكی ئامادەکارییە بۆ تۆ. زۆر زووە بۆ هەر چەشنە ئەنجامگیرییەک. لەوانەیە تۆ کەسێکی دێرپێگەیشتوو بیت.”

ماری دەڵێت “ئەو کچەش نۆزدە ساڵان بوو.”

“کام کچ؟”

“کچە چینییەکە لە ئاڵفاڤیل—یەکسەر لێدراو و ڕووتکراوە و خوێناوڵ بوو. شۆخ بوو. بەڵام ئەو جیهانەی ئەو تێدا دەژی هیچ قۆناخێکی ئامادەکاریی لێ نییە. کەس ناوەستێت و بیر لەوە بکاتەوە ئاخۆ ئەمە کەسێکی دێرپێگەیشتووە یان نا. تێدەگەی چی دەلێم؟”

تاکاهاشی بێ ئەوەی هیچ بڵێت سەری بۆ دەلەقێنێت.

ماری دەڵێت “هەر کە بینیم هەستم کرد—هەستێکی قووڵ—کە دەمەوێ هاوڕێی بم. ئەگەریش لە شوێنێکی دیکە و لە کاتێکی دیکەدا یەکدیمان بدیبایە، دڵنیام هاوڕێی چاکمان لێ دەردەچوو. زۆر بەدەگمەن هەستێکی وام بەرامبەر کەسێک بووبێت. زۆر بەدەگمەن؟ هەرگیز باشتر دەیپێکێت.”

“هممم.”

“بەڵام گرینگ نییە چ هەستێکم هەیە: ئەو دوو جیهانەی ئێمەی تێدا دەژین زۆر جیاوازن. هەرچەندیش هەوڵ بدەم دیسان هیچم پێ ناکرێت.”

“ڕاستە.”

“بەڵام دەتوانم ئەمەت پێ بڵێم: کاتێکی زۆر لەگەڵی نەبووم و بە حاڵیش قسەیەکمان پێکەوە کردبێت، بەڵام وا هەست دەکەم وەکوو ئێستاکە لە ناخمدا بژیت. وەکوو بەشێک لە من بێت. نازانم چۆنی بڵێم.”

“دەتوانی هەست بە ئازارەکانی بکەیت.”

“لەوانەیە.”

تاکاهاشی بۆ ماوەیەک لە شتێک قووڵ دەبێتەوە. پاشان دەم دەکاتەوە و دەڵێت “هەر ئێستا بیرۆکەیەکم بۆ هات. بۆچی ئاوا سەیری ناکەیت؟ بڵێین خوشکت لە شوێنێکی دیکەی لە چەشنی ئاڵفاڤیلدایە—نازانم کوێ—کەسێكیش خەریکە بەبێ هۆ ئازارێکی بەسەردا دەسەپێنێت. ئەویش خەریکە قیژەیەکی بێدەنگ دەقیژێنێت و خوێنێکی نەبینراو دەڕێژێت.

“بە چەشنێکی ڕەمزییانە؟”

تاکاهاشی دەڵێت “لەوانەیە.”

“قسەکردن لەگەڵ ئێری ئەم هەستەی پێ دایت؟”

“کێشەوگرفتێکی هەرە زۆر بە کۆڵ دەگێڕێت، بە تەنیا خۆی هیچی پێ ناکرێت و بۆ یارمەتی دەگەڕێت. بە ئازاردانی خۆی ئەو هەستانەی دەردەبڕێت. ئەمە بەس هەستپێکردنێک نییە: ڕوونترە لەوە.”

ماری لەسەر کورسییە تەختەکە هەڵدەستێت و سەیری ئاسمان دەکات. ئینجا بەرەو جۆڵانێکان دەڕوات و لەسەر یەکێکیان دادەنیشێت. بۆ چرکەساتێک شەو پڕ دەبێت لە قرچەی گەڵا وشەکەوەبووەکان لە ژێر پێڵاوە زەردەکانیدا. دەست دەدات لە تەنافە ئەستوورەکانی جۆڵانێکە وەکوو قایمبوونیان بپێوێت. تاکاهاشیش کورسییەکە جێ دێڵێت و بە گەڵا وەریوەکاندا دەڕوات تاکوو لەسەر جۆڵانێکەی تەنیشت ماریدا دابنیشێت.

ماری وەکوو باسی دانپێدانانێک بکات دەلێت “ئێری ئێستا خەوتووە. لە خەوێکی یەکجار قووڵدایە.”

تاکاهاشی دەلێت “هەمووکەس ئێستا خەوتوون. نیوەشەوە.”

ماری دەڵێت “نا، مەبەستم ئەوە نییە. ئەو نایەوێ بەخەبەر بێتەوە.”

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg