بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ١٢

١٢

نووسینگەکەی شیراکاوا.

شیراکاوا، کەمەر بەرەوژوور ڕووت، لەسەر عەرزەکە ڕاکشاوە و لەسەر ڕایەخێکی یۆگا ڕاهێنانی ورگ ئەنجام دەدات. کراس و کراواتەکەی بە پشتەی کورسییەکەیەوە هەڵواسراون، چاویلکە و کاتژمێرەکەشی لەسەر مێزەکەی ڕیز کراون. شیراکاوا قەڵافەتێکی باریکەلانەی هەیە، بەڵام سینگی ئەستوورە و ورگنیش نییە. ماسوولکەکانی سفت و بەرچاون. ڕوخسارێکی تەواو جیاواز دەگرێتە خۆی کاتێک جلی لەبەر نەبێت. کە بەخێرایی خۆی لەسەر ڕایەخەکە بەرز دەکاتەوە و نێوقەدی بە چەپ و ڕاستدا دەچەمێنیتەوە، هەناسەکانی قووڵ بەڵام ساردن. دەنکە ئارەقەکانی سەر شان و سینگی لەبەر ڕۆشناییی گڵۆپە شیرییەکاندا دەدرەوشێنەوە. سترانێکی (سکارلاتی) بە دەنگی (برایان ئاساوا) لە سی-دی پلەیەرە گچکەکەی سەر مێزەکەوە بڵاو دەبێتەوە. ڕیتمە خاوەکەی لەگەڵ ئەو ڕاهێنانە قورسە یەک ناگرنەوە، بەڵام شیراکاوا بەوردی جووڵەکانی لەگەڵ مۆسیقاکە ڕێک دەخات. هەموو ئەمانە وەکوو بەشێک لە ڕۆتینێکی ڕۆژانە دێنە بەر چاو کە لەپاش شەوێک ئیشکردن بەدەم گوێگرتن لە مۆسیقای کلاسیک و بە ئەنجامدانی کۆمەڵە جووڵەیەکی وەرزشی لەسەر عەرزی نووسینگەکە، خۆی ئامادە بکات بگەڕێتەوە بۆ ماڵ. جووڵەکانی ڕێکخراو و بەمتمانەن.

پاش سێتێک چیچکەکردن لەسەر ئەژنۆ، ڕایەخی یۆگاکە لوول دەکات و دەینێتەوە نێو دۆڵابەکە. لە ڕەفەیەک خاولییەکی سپیی بچووک و جانتایەکی نایلۆنی تاقمی ڕیشتاشین دەردێنێت و دەیانهێنێت بۆ ئاودەستەکە. هێشتا هەر کەمەرەو ژوور ڕووتە، دەمووچاوی دەشوات و بەو خاولییە وشکی دەکاتەوە کە دواتر ئارەقەی سەر جەستەشی پێ دەسڕێت. هەموو جووڵەیەکی بە سەرنجەوە ئەنجام دەدات. دەرگای ئاودەستەکەی تاک هێشتۆتەوە و دەتوانێت دەنگی سکارلاتی ببیستێت. جارجار هەندێک بەشی ئەم گۆرانییەی بەرهەمی سەدەی حەڤدەیە همهم دەکات. بوتڵێکی بچووکی بۆنخۆشکەرە لە جانتای ڕیشتاشینەکەیەوە دەردێنێت و تۆزێکی لێ دەپژێنێتە هەردوو بنباڵییەوە و ئینجا سەری شۆڕ دەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە بۆنەکەی. چەندین جار دەستی ڕاستی دەکاتەوە و دەیقووچێنێتەوە و جووڵانەوەی قامکەکانی بە چەند ئاڕاستەی جیاوازدا تاقی دەکاتەوە. سەیری پشتەدەستی دەکات بزانێت هەوی نەکردووە. ئەوەندە نییە بەر چاو بکەوێت بەڵام بەوەشەوە هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات.

شانەیەکی بچووک لە جانتاکە دەردێنێت و قژی ڕێک دەکات. هێڵی قژی هەندێک کشاوەتە دواوە بەڵام بە هەنیە جوانەکەیدا هیچ دیاری نادات کە شتێکی لێ کەم بووبێتەوە. چاویلکەکەی دەکاتە چاوی. کراسەکەی هەڵدەپێکێت و کراواتەکەی دەبەستێت. کراسی خۆڵەمێشیی کاڵ و کراواتی نەقشداری شینی تۆخ. لەبەر ئاوێنەکەوە، ملیوانەکەی ڕێک دەکات و چاڵی ژێر گرێی کراواتەکەی ساف دەکات.

شیراکاوا ڕوومەتی لە ئاوێنەکەدا دەپشکنێت. بە نیگایەکی گرژ و ئەبڵەق، قووڵقووڵ چاوی بڕیوەتە خۆی و ماسوولکەکانی سەر ڕوومەتی لە جێی خۆیان ناجووڵێن. هەر دوو دەستی لەسەر دەستشۆرەکە داناوە. هەناسەی ڕادەگرێت و چاو ناترووکێنێت، تەواو دڵنیایە ئەگەر بۆ دەمێکی زۆر ئاوا بمێنێتەوە، ئەگەری هەیە چەشنە شتێکی دیکە دەربکەوێت. بۆ بەرجەستەکردنی هەموو هەستەکان، بۆ چەوساندنی وشیاری، بۆ دەمێک ڕاگرتنی لۆجیک، بۆ وەستاندنی بەرەوپێشچوونی کات تەنانەت ئەگەر بۆ چرکەساتێکیش بووبێت—ئەوەی هەوڵی بۆ دەدات ئەمەیە: خۆی ئاوێتەی دیمەنی پشتەسەری بکات، وا بکات هەموو شتێک لە ژیانێکی هێمن و ئاسایی بچێت.

بەجۆرێک هەوڵ دەدات وەکوو بکرێت بوونی خۆی بشارێتەوە، وەکوو ئەو شتەی دیکە قەت دەرنەکەوێت. وێنەکەی لەنێو ئاوێنەکەدا هەر وا دەمێنێتەوە: وێنەیەکی خۆی لە واقیعدا. ڕەنگدانەوەیەک لە ئەو شتەی لەوێیە. واز دێنێت، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت، سییەکانی پڕ دەکات لە هەوای تازە و خۆی ڕاست دەکاتەوە. ماسوولکەکانی شل دەکات و سەری لە دوو بازنەی گەورەدا سووڕ دەدات. پاشان کەلوپەلە کەسییەکانی لەسەر سینکەکە هەڵدەگرێت و دەیاننێتەوە نێو جانتای نایلۆنەکە. ئەو خاولییەی خۆی پێ وشک کردەوە گرمۆڵە دەکات و فڕێی دەداتە نێو تەنەکەخۆڵەکە. لە ئاودەستەکە دێتە دەرەوە و گڵۆپەکە دەکوژێنێتەوە. دەرگاکە دەدرێتەوە.

تەنانەت پاش ڕۆیشتنی شیراکاوا، گۆشەنیگای ئێمە هەر لەنێو ئاودەستەکەدا دەمێنێتەوە و وەکوو کامێرایەکی جێگیر بەردەوام دەبێت لە گرتنی وێنەی ئاوێنە تاریکەکە. وێنەی شیراکاوا هێشا هەر لەنێو ئاوێنەکەدایە. شیراکاوا—یان ڕەنگە دەبێت بڵێین وێنەکەی—لە نێو ئاوێنەکەوە بەم ئاڕاستەیەدا دەڕوانێت. ناجووڵێت و لە شێوەشی ناگۆڕێت. بس ئەبڵەق بۆ بەردەمی دەڕوانێت. بەڵام دواجار، وەکوو واز بێنێت، لێدەگەڕێت، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و سەری سووڕ دەدات. ئینجا دەست دەبات بۆ ڕوومەتی و چەند جار دەست بە چەناگەیدا دەهێنێت وەکوو بیەوێت لە مەلمەسی لەش دڵنیا ببێتەوە.

شیراکاوا لەسەر مێزەکەی، نوقمی بیرکردنەوە، بە پەنجەکانی پێنووسێکی زیوی-ڕەنگ با دەدات. هەر لە هەمان پێنووسی سەر بنماڵی ئەو ژوورەیە کە ئێری ئاسا تێیدا لە خەو ڕابوو و ناوی ڤێریتەکی لەسەرە. نووکەکەی کولە. شیراکاوا پاش ماوەیەک یاریکردن بە پێنووسەکە، دایدەنێتە تەنیشت سینیی پێنووسەکانەوە کە شەش پێنووسی وەک یەکی تێدایە. ئەم پێنووسانەی دیکە تەواو تیژ کراون.

ئامادە دەبێت بڕواتەوە بۆ ماڵ. هەندێک کاغەز دەخاتە نێو جانتایەکی قاوەیی و چاکەتی قاتەکەی لەبەر دەکات. جانتای ڕیشتاشینەکەی دەنێتەوە نیو دۆلابەکەی، کیسەیەکی گەورەی شتکڕین کە لەو نێزیکانەدا داینابوو هەڵدەگرێت و دەیباتە سەر مێزەکەی. دادەنیشێت و دەست دەکات بە دەرهێنانی یەک لە دوای یەکی شتەکانی نێو کیسەکە و دانە دانە دەیانپشکنێت. ئەمانە ئەو پارچە جلانەن وا لە ئاڵفاڤیل لەبەر سۆزانییە چینییەکە دایکەندن.

چاکەتێکی ناسکی کرێم-ڕەنگ و پێڵاوی بنبەرزی سوور. ژێرەی پێڵاوەکان لە ڕێخت کەوتوون. کراسێکی یەخە-بازنەییی زەنیانەڕێژکراوی پەمەییی تۆخ، بلووزێکی سپیی نەخشێندراو، تەنوورەیەکی کورتی تەسکی شین. دەرپێ-گۆرەوییەکی ڕەش. جلگەلێکی ژێرەوە بە ڕەنگی پەمەییی تۆخ و بە لێوارچنی ئاشکرا دەستکردەوە. ئەم پارچە جلانە هەستێکت دەدەنێ کە زۆرتر لەوەی سێکسی بێت خەمینە. بلووزەکە و جلەکانی ژێرەوە پەڵەپەڵە خوێنی ڕەشیان پێوەیە. کاتژمێرێکی هەرزان. جزدانێکی ڕەشی چەرمی-دەستکرد.

شیراکاوا بەردەوام لەگەڵ پشکنینی شتومەکەکانی نێو کیسەکەدا، نیگایەک لەسەر ڕوومەتییەتی وەکوو بڵێت “ئەمانە چۆن گەیشتوونەتە ئێرە؟” ڕوومەتی، حەپەسان و نیشانەیەک لە وەڕزبوونی پێوەیە. خۆ زۆر چاک لە بیریەتی لە ژوورێکی ئاڵفاڤیلدا چی کرد. تەنانەت ئەگەر هەوڵی بدایە لە بیری بکات، ئازارەکەی نێو دەستی ڕاستی بەردەوام وەبیری دەهێنایەوە. بەمانەشەوە، هیچ شتێک لێرەدا ناکەوێتە بەر چاوی کە هەڵگری مانایەکی ڕەوا بێت. هەموو زبڵی بێنرخن، شتگەلێک کە بۆیان نییە ژیانی تێک بدەن. بەهەرحاڵ، لەسەر ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت و خەمسار بەڵام بەوردی لە ئاسەوارە شڕەکانی ڕابردوویەکی نێزیک دەکۆڵێتەوە.

گیرەی جانتا دەستییەکە دەترازێنێت و هەرچێکی تێدایە هەڵیدەڕژێنێتە سەر مێزەکەی. دەسەسڕ، کلینێکس، قوتووی سپیاو، سووراو، قەڵەمچاو و چەندین کەلوپەلی بچووکتری جوانکاری. حەبی کۆکە. قوتوویەکی بچووکی ڤازەلین، پاکەتێک کۆندۆم. دوو دانە تامپۆن. قوتوویەکی بچووکی گازی فرمێسکڕێژ بۆ بەکارهێنان بەرانبەر خوێڕێیەکانی نێو میترۆ. (خۆشبەختانە، بۆ شیراکاوا دەرفەتی نەبوو دەریبێنێت.) گوارەگەلێکی هەرزان. پلاستەری برین. حەبدانێک و چەند حەبێکی تێدایە. جزدانێکی قاوەییی چەرم. جزدانەکە ئەو سێ گەڵا دەهەزار-یێن-ییەی کە ئەم لە سەرەتادا پێی دابوو، هەندێک گەڵای هەزار یێنی و بڕێکی کەم وردەی تێدایە. هەروەها کارتێکی تەلەفۆن و کارتێکی میترۆیش. کۆپۆنی داشکانی سالۆنی جوانکاری. هیچی لێ نییە کە ناسنامەی دەربخات. شیراکاوا ماوەیەک دوودڵی ڕایدەگرێت، ئینجا پارەکەدەردێنێت و دەیخاتە گیرفانی پانتۆڵەکەی. دواجار، ئەوە پارەیەکە خۆم داومەتێ. ئێستاش وەری دەگرمەوە.

مۆبایلێکی چەماوەییی بچووکیش لەنێو کیسەکەدایە. لە چەشنی پریپەید. کە شوێنیان هەڵناکرێت. ئامرازی وەڵامدەرەوەی نێو مۆبایلەکە لەسەر وەرگرتن دانراوە. هەڵی دەکات و دەست دەنێت بە دوگمەی پەخشکردنەکەدا. هەندێک پەیام بڵاو دەبنەوە، بەڵام هەموویان بە چینییە. هەموو جارێکیش هەر دەنگی یەک پیاوە. کە لە تەقینەوەی تووڕەییەک دەچن. پەیامەکان خۆیان کورتن. دیارە کە شیراکاوا لێیان تێناگات، بەڵام بەرلەوەی ئامرازی وەڵامدەرەوەکە بکوژێنێتەوە، گوێ لە هەر هەموویان دەگرێت.

کیسە زبڵێکی کاغەز دەدۆزێتەوە، بێجگە مۆبایلەکە هەموو شتەکانی تێ دەخات، دەیانتەپێنێتە خوارەوە و سەری کیسەکە گرێ دەدات. ئەمەش دەخاتە نێو کیسە زبڵێکی نایلۆنەوە، هەواکەی بەتاڵ دەکاتەوە و سەری کیسەکە گرێ دەدات. مۆبایلەکە دوور لە شتەکانی دیکە، لەسەر مێزەکەی دەمێنێتەوە. بەرزی دەکاتەوە، سەیرێکی دەکات و دیسان دایدەنێتەوە. پێ دەچێت بیر لەوە بکاتەوە چی لێ بکات. ڕەنگە هەندێک کەڵکی هەبێت، بەڵام هێشتا بڕیاری بۆ نەداوە.

شیراکاوا سی-دی پلەیەرەکە دەکوژێنێتەوە، دەینێتە نێو چەکمەجە ژێرژێرینەکەی مێزەکەی و چەکمەجەکە قفڵ دەکات. پاش ئەوەی بەوردی شووشەی چاویلکەکەی بە دەسەسڕێک پاکژ دەکاتەوە، بە تەلەفۆنە تەلدارەکەی سەر مێزەکەی تەکسییەک داوا دەکات. ناو و ناونیشانی نووسینگەکەیان پێ دەدات و دەڵێت دە خولەکی دیکە بێنە بەر بۆکسی کارەباکە. ڕەینکۆتە خۆڵەمێشییە کاڵەکەی لەسەر ستاندی جل هەڵواسینەکە دادەگرێت، لەبەری دەکات و مۆبایلی ژنەکە دەخاتە گیرفانەکەیەوە. جانتاکە و کیسە زبڵەکە هەڵدەگرێت. لە چەق دەرگاکەدا وەستاوە، چاو بە نووسینگەکەدا دەگێڕێت و کە دڵنیا دەبێت هیچ کێشەیەک نییە، گڵۆپەکە دەکوژێنێتەوە. تەنانەت پاش کوژانەوەی هەموو گڵۆپە شیرییەکان، ژوورەکە بەتەواوەتی تاریک نابێت.

تیشکی گڵۆپ و بیلبۆردەکانی سەر شەقامەکە بە نێو پەردە ڤەنیزییەکەدا دەخزێنە ژوورەوە و نەختێک دیوەکە ڕووناک دەکەنەوە. دەرگاکە دەداتەوە و دەچێتە نێو هۆڵەکەوە. کە بە نێو هۆڵەکەدا دەڕوات، دەنگی هەنگاوە قورسەکانی بەرز دەبنەوە، باوێشکێکی قووڵ و درێژ دەدات، وەکوو بڵێت “ئەوە ڕۆژێکی دیکەش تێپەڕی.”

بە بەرزکەرەوەکە دەچێتە خوارەوە، دەروازەکە دەکاتەوە، هەنگاو دەنێتە دەرەوە و قفڵی دەکات. لەوێ چاوەڕێ وەستاوە و هەناسەکانی هەوری ئەستوور و سپی چێ دەکەن. هەرزوو تەکسییەک دەگات. شۆفێرە تەمەن-مامناوەندەکە جامەکەی دەداتە خوارەوە و لێی دەپرسێت بزانێت بەڕێز شیراکاوایە. چاو دەخاتە سەر کیسە زبڵە نایلۆنەکەی دەست شیراکاوا.

شیراکاوا دەڵیت “زبڵی بۆگەن نییە. بۆنی نییە و لەم نێزیکانەدا فڕێی دەدەم.”

شۆفێرەکە دەڵێت “کێشە نییە. فەرموو.” دەرگاکە دەکاتەوە.

شیراکاوا سوار تەکسییەکە دەبێت.

شۆفێرەکە لەنێو ئاوێنەکەی پێشەوە قسەی لەگەڵ دەکات. “بەڕێزم، هەڵە نەبم پێشتریش سوارم کردووی. هەر لەم کاتانەدا و لێرەوە سوارم کردی. بۆستە بزانم… ماڵت لە (ئەکۆدا)یە؟”

“نێزیک بووی. تەتسووگاکودۆ.”

“خۆیە، تەتسووگاکودۆ. ئەمڕۆش دەتەوێ بڕۆی بۆ ئەوێ؟”

“بێگومان. پێم خۆش بێت یان نا، هەر ئەو ماڵەم هەیە.”

“یەک ماڵت هەبێ بۆ ڕۆیشتنەوە ئاسوودەتری.” شۆفێرەکە وا دەڵێت و پێ دەنێتە پایدەری بەنزینەکەدا. “بەڵام بەردەوام تا ئەم ساتە لە شەو ئیشکردن دەبێ قورس بێت.”

“قەیرانە ئابوورییەکەیە. تاکە شتێک کە زیاد دەکات ماوەی ئیشکردنم لە پاش دەوامە، نەک مووچەکەم.”

شۆفێرەکە دەڵێت “منیش هەر وایە. “چەندە کەمتر دەربێنم، دەبێت زۆرتر ئیش بکەم تاکوو قەرەبووی بکەمەوە. بەڵام بەڕێزم، پێموا هێشتا دۆخی تۆ باشتر بێت. لانیکەم کاتێک پاش دەوام ئیش دەکەیت، کۆمپانیاکە کرێ تەکسییەکەت دەدات. بەڕاستمە.”

“ئەرێ، بەڵام کاتێ تا ئەم ساتە ئیشم پێ بکەن، دەبێت پارەی تەکسییەکەشم بدەن. وا نەبێت ناتوانم بڕۆمەوە ماڵ.” شیراکاوا بە بزەیەکی تاڵەوە وا دەڵێت.

ئینجا بیری دێتەوە. “ئۆهـ، وەختەبوو لە بیری بکەم. دەکرێ لەم دووڕێیانەکەدا بە ڕاستدا بڕۆیت و لەبەر ٧-یازدەدا دامبەزێنیت؟ ژنەکەم هەندێ شتی دەوێ بۆی بکڕم. هەر چرکەیەک دەبات.”

شۆفێرەکە ڕوو لە ئاوێنەکە دەڵێت “ئەگەر لەوێ بە ڕاستدا بچین، دواتر دەبێ بە هەندێک شەقامی یەک-ئاڕاستەدا بڕۆین و ڕێگایەکی دوورتر ببڕین. فرۆشگەیەکی زۆری دیکە لەسەر ڕێگاکەماندا هەنە. چۆنە بچیت بۆ یەکێک لەوانە؟”

“لەوانەیە ئەوێ تاکە شوێنێک بێت ئەو شتەی هەبێ کە ئەو دەیەوێ. بەرهەرحاڵ، دەمەوێ ئەم زبڵانەش فڕێ بدەم.”

“کێشەیەک نییە. بەس ڕەنگە میتەرەکە نەختێک زۆرتر ببێتەوە. هەر وتم با بپرسم.”

بە ڕاستدا پێچ دەکاتەوە، تا شوێنێک لە شەقامەکە دەبڕێت و جێگایەک بۆ پارککردن دەدۆزێتەوە. شیراکاوا دادەبەزێت، کیسە زبڵەکە هەڵدەگرێت و جانتاکەی لەسەر کورسییەکە جێ دێڵێت. بەرامبەر ٧-یازدەکە تەپۆڵکەیەک کیسە زبڵی لێیە. ئەویش هینەکەی خۆی دەخاتە سەریان. کیسەکەی تێکەڵ بە زۆرێک کیسە زبڵی هاوشێوە دەبێت و دەستبەجێ تایبەتمەندێتی خۆی دەدۆڕێنێت. بەیانی کە لۆریی زبڵەکە هات لەگەڵ هەموو ئەوانی دیکەدا کۆیان دەکەنەوە. زبڵی خۆراکی تێدا نییە و ئیدی پێ ناچێت قەلەڕەشەکان هەڵیدڕێنن. بۆ دوایین جار چاوێک لە کیسە کەڵەکەبووەکان دەکات و دەچێتە نێو فرۆشگەکە.

هیچ مشتەرییەکی لێ نییە. کوڕە لاوەکەی سەر دەخڵەکە، گەرمی قسەکردنە بە مۆبایلەکەی. گۆرانییەکی نوێی تیپی (سازان ئۆروسوتازوو) خراوەتە سەر. شیراکاوا ڕاستەوڕاست دەچێتە سەر قەفەزەی شیرەمەنییەکان و کارتۆنێک (تاکاناشی)ـی کەم-چەور هەڵدەگرێت. سەیری بەرواری بەسەرچوونەکەی دەکات. چاکە. ئینجا سەتڵێکی پلاستیکی گەورەی ماست هەڵدەگرێت. ئاخری دەکەوێتە بیری مۆبایلی ژنە چینییەکە لە گیرفانی چاکەتەکەی دەربێنێت. بە دەورووبەردا دەڕوانێت تاکوو دڵنیا ببێتەوە کەس چاوی لێ نییە و تەلەفۆنەکە لە تەنیشت قوتووی پەنیرەکانەوە دادەنێت. تەلەفۆنە زیوییە بچووکەکە سەیر جوان لەگەڵ شوێنەکەدا دێتەوە. دەڵێی هەمیشە هەر لەوێ بووە. کە شیراکاوا دەستی لادەبات، ئیتر بەشێکە لە ٧-یازدە.

لە لای دەخڵەکە پارەکەی دەدات و خێرا دەگەڕێتەوە لای تەکسییەکە.

شۆفێرەکە دەپرسێت “ئەوەی دەتویستت دۆزییەوە؟”

شیراکاوا وەڵام دەداتەوە “ئەیچۆن.”

“چاکە. ئێستا ڕاست دەڕۆین بەرەو تەتسووگاکودۆ.”

شیراکاوا دەڵێت “لەوانەیە سەرخەوێک بشکێنم، نێزیک بووینەوە خەبەرەم بکەوە، باشە؟ بەنزینخانەیەکی (شۆوا شەڵ) لە ڕێگاکەدایە. کەمەکێک پاش ئەوە دادەبەزم.”

“باشە بەڕێزم. خەو خۆش.”

شیراکاوا کیسە نایلۆنەکە بە شیر و ماستەکەوە دەنێتە پاڵ جانتاکەیەوە، باسکی لێک هەڵدەپێکێت و چاو دەنووقێنێت. لەوانەیە هەر خەویشی لێ نەکەوێت، بەڵام جەوی ئەوەی نییە کە تا دەگاتە ماڵ لەگەڵ شۆفێرەکەدا دەمەتەقێ بکات. بە چاوی نووقاوەوە، هەوڵ دەدات بیر لە شتێک بکاتەوە جاڕسی نەکات. شتێکی ئاسایی، بەبێ مانایەکی قووڵ. یان ڕەنگە شتێکی تەواو دەرهەست. بەڵام هیچ بە زەینی ناگات. لە تەنیاییەکەیدا، تاکە شتێک هەستی پێ بکات ئەو سووکەئێشە بەردەوامەی نێو دەستی ڕاستییەتی. لەگەڵ لێدانی دڵیدا ئازارەکە دێت و دەڕوات و لە گوێیدا وەکوو نەڕەی زەریا دەنگ دەداتەوە. بیر دەکاتەوە: سەیرە، خۆ زەریا هیچ لێرەوە نێزیک نییە.

پاش ماوەیەک لێخوڕین، ئەو تەکسییەی شیراکاوای تێدایە لە چرای سووری ترافیک لایتێکدا دەوەستێت. ئەمە چوارڕێیانێکی گەورەیە بە گڵۆپێکی سووری درێژخایەنەوە. لەتەنیشت تەکسییەکەشەوە، پیاوە چینییەکە بە ماتۆڕسکیلە هۆندا ڕەشەکەیەوە لە ترافیک لایتەکەدا وەستاوە. کەمتر لە مەترێک لێک دوورن، بەڵام پیاوی سەر ماتۆڕەکە بەردەمی خۆی سەیر دەکات و قەت شیراکاوا نابینێت. شیراکاوا بە چاوی نووقاوەوە یەکسەر خۆی بەرداوەتەوە سەر کورسییەکەی. گوێی شل کردووە بۆ نەڕەنەڕێکی خەیاڵیی زەریایەکی دوور. گڵۆپەکە دەبێتە سەوز و ماتۆڕسکیلەکە بەرەوپێش تاوی دەدات. تەکسییەکە بەئارامی دەکەوێتە ڕێ تاکوو شیراکاوا خەبەری نەبێتەوە. بەرەو چەپ پێچ دەکاتەوە و ئەو دەڤەرە جێ دێڵێت.

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg