١٤
ژوورەکەی ئێری ئاسا.
تەلەفیزیۆنەکە هەڵ کراوە. ئێری، بێجامە لەبەر، لە ناو شاشەکەوە بۆ دەرەوە دەڕوانێت. بسکی بەسەر ڕوومەتیدا شۆڕ دەبێتەوە. سەری ڕادەشەکێنێت تاکوو بیخاتە ئەولاوە. لە بەرەی خۆیەوە دەست دەنێتە سەر شووشەکە و بەم ئاڕاستەیەدا دەست دەکات بە قسەکردن. وەکوو ئەوەیە کەسێک لە ئەکواریۆمێک و لەنێو تانکێکی بەتاڵی ماسیدا سەرگەردان بووبێت و هەوڵ بدات لە شووشە ئەستوورەکەیەوە نەهامەتییەکە بۆ سەردانکەرێک باس بکات. هەرچەند دەنگی ناگاتە بەرەی ئێمە. ناتوانێت هەواکەی ئێرە بلەرێنێتەوە.
شتێک لە ئێریدا وای دەردەخات کە هێشتا هەستەکانی سڕ بن، وەکوو نەتوانێت هەموو هێزی جومگەکانی بخاتە گەڕ. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە خەوەکەی یەکجار قووڵ و زۆر بوو. وێڕای ئەمەش، هەوڵ دەدات هەندێک، هەرچەندە کەمیش بێت، لەو دۆخە ئاڵۆزکاوە تێبگات کە خۆی تێدا دەبینێتەوە. هەرچەندیش وڕ و کاس بووبێت، دیسان هەموو هێزی خۆی دەخاتە گەڕ تاکوو لە لۆجیکی بنەڕەتیی ئەم شوێنە—بناغەی بوونی—تێبگات. هەست و ناخی لە شووشەکەوە خۆیان دەردەبڕن.
کە لەوە ناکات پڕ بە گەرووی هاوار بکات یان بەجۆشەوە داوای یارمەتی بکات. شەکەت دیارە لە ئەنجامدانی ڕێک هەر ئەوانە. خۆی چاک دەزانێت کە دەنگی ناگاتە ئەمبەر.
ئەوەی ئێستا هەوڵی بۆ دەدات ئەوەیە کە ئەو شتانەی چاوی دەیانبینێت و بەری هەستەکانی دەکەون بگۆڕێت بۆ ساناترین و گونجاوترین وشەگەلێک کە دەستی بیانگاتێ. بەم جۆرەش وشەکان خۆیان دەردەکەون، نیوەیان بۆ ئێمە و نیوەشیان بۆ خۆی. بێگومان ئەمە ئیشێکی ساکار نییە. لێوەکانی کز و پچڕپچر دەجووڵێن.
دەڵێی بە زمانێکی بیانی قسان دەکات: ڕستەکانی هەموو کورتن و مەوداگەلێکی نایەکسان دەکەوێتە نێوان وشەکانییەوە. مەوداکان درێژتر دەبنەوە و ئەو مانایە کاڵ دەکەنەوە کە دەبا لەوێ با. لە ئەمبەری شووشەکەوە سەرنجمان لە سەری چڕ دەکەینەوە، بەڵام ناتوانین بەڕوونی ئەو وشە و بێدەنگیانەی ئێری ئاسا بە لێوەکانی پێکیان دێنێت لێک جیا بکەینەوە. ڕاستەقینە وەکوو قومی کاتژمێرێکی لم لە قامکە ناسکەکانییەوە دەڕژێت و کات بە هیچ جۆرێک لە بەرەی ئەودا نییە.
دوایی ماندوو دەبێت لە هەناردنی قسەکانی بۆ دەرەوە و بە کۆڵدانێکی ئاشکراوە زاری دەنێتە یەک. بێدەنگییەکی نوێ دێت ئەو بێدەنگییەی ئێستا دابپۆشێت. بە مستی قووچاو، بێتین دەست دەکات بە کوتان بەسەر شووشەکەدا. بەتەمایە هەموو شتێک تاقی بکاتەوە، بەڵام دەنگ ناگاتە ئەمبەر.
وا دیارە ئێری بتوانێت ئەوەی لە ئەمبەری شووشەی تەلەفیزیۆنەکەدایە ببینێت. دەتوانین لە جووڵەی چاوەکانی هەست بەمە بکەین. وا دیارە کە لە شتێکی نێو ژوورەکەیەوە (ژوورەکەی ئەمبەر) بڕۆنە سەر شتێکی دیکە: مێزەکە، قەرەوێڵەکە، کتێبخانەکە. ئەو سەر بە ئەم ژوورەیە. دەبا لێرە و لە نێو قەرەوێڵەکەدا هێمن خەوتبایە. بەڵام ئێستا پەڕینەوە لەم دیوارە شووشەییە شەفافە و گەڕانەوەی بۆ ئەمبەر شتێکی نەکردەیە. چەشنە دەزگایەک یان ویستێک بەدەم خەوەوە بردوویانەتە ئەو ژوورەی دیکەوە و دەرگایان لەسەر داخستووە. بیلبیلەکانی چاوی هەستێک لە تەنیاییان لە خۆ گرتووە، وەکوو وێنەی ئەو هەورە خۆڵەمێشییانەی دەکەونە سەر چۆمێکی هێمن.
(دەبێت بڵێین) مخابن هیچمان لە دەست نایە بۆ ئێری ئاسا. ئەگەرچی لەوانەیە بێکارە بنوێنێت، بەڵام ئێمە گۆشەنیگایەکین و بەس. بە هیچ شێوەیەک ناتوانین کار بکەینە سەر شتەکان.
بەڵام مەراقمانە بزانین ئاخۆ ئەو پیاوە بێڕوخسارە کێ بوو؟ دەبێ چی لە ئێری ئاسا کردبێت؟ وە ئێستا بۆ کوێ ڕۆیشتبێت؟
لەپڕ، بەرلەوەی بکرێ هیچ وەڵامێک بدرێتەوە، شاشەی تەلەفیزیۆنەکە دەست دەکات بە شێوان. وێنەکان دەکەونە لەرزە. ئێری ئاسا لە قەراخەکاندا کەمەکێ دەست دەکات بە لەرزین و لێڵبوونەوە. دەزانێت شتێک خەریکە بەسەر جەستەیدا دێت، هەڵدەگەڕێتەوە و دەورووبەری دەپشکنێت. دەڕوانێت بۆ بنمیچەکە لە سەرەوە، بۆ بنماڵەکە لە خوارەوە و دواجاریش بۆ دەستە لەرزۆکەکانی. چاویان تێ دەبڕێت و ئەوانیش قەراخەکانیان خەریکە کاڵ دەبنەوە.
تاس بردوویەتیەوە. ئاخۆ چی خەریکە ڕوو دەدات؟ دەنگی گڕی خشەخشی تەشویشەکە بەرز دەبێتەوە. چما دیسان لە شوێنێک و لەسەر تەپۆڵکەیەکی دوور بایەکی توند هەڵی کردبێت. خاڵی پەیوەندیی نێو ئەو سێرکێتەی ئەم دوو جیهانەی پێکەوە بەستووەتەوە خەریکە شێتانە دەشەکێتەوە و هەڕەشەی سڕینەوەی قەراخە ڕوونەکانی بوونی ئەو دەکات. خەریکە مانای خودە فیزیاییەکەی لێ دادەماڵرێت.
هاواری لێ دەکەین “ڕاکە!” لەپڕتاو یاساکە وا داوامان لێ دەکات بێلایەن بمێنینەوە لەبیر دەکەین. دەنگی ئێمە نایگاتێ، گوتنی ناوێ بەڵام ئێری خۆی درک بە مەترسییەکە دەکات. هەوڵی هەڵاتن دەدات. بە هەنگاوی بەرز و خێراوە دەگەڕێتە دواوە—لەوانەیە بەرەو لای دەرگایەک. وێنەی کچەکە لەنێو بواری بیناییی کامێراکەدا نامێنێت. وێنەی سەر تەلەفیزیۆنەکە لەناکاو خویایی پێشووی لەدەست دەدات، دەشێوێت و یەکسەر تێک دەچێت. تیشکی تیوبی تەلەفیزیۆنەکە بەرەبەرە کاڵ دەبێتەوە. تاکوو ئاستی چوارگۆشەیەکی بچووک تەسک دەبێتەوە و دواجار بەیەکجاری دەکوژێتەوە. هەموو زانیارییەکان خۆیان ڕادەستی هیچێتی دەکەن، هەموو عاتیفە جوگرافییەکان دوور خراونەتەوە، هەموو مانایەک داڕماوە و دوو جیهانەکەش لێک ترازاون و بێدەنگییەکی بەتاڵ لە هەرچی هەستە لە دووی خۆیان بەجێ دێڵن.
کاتژمرێرێکی تر لە شوێنێکی تردا. کاتژمێرێکی خڕ لەسەر دیوارەکە هەڵواسراوە. میلەکان ٣١:٤ نیشان دەدەن. ئەمە چێشتخانەی ماڵی شیراکاوایە. شیراکاوا بە یەخەی کراوە و بۆینباخی شلکراوەوە، بەتەنیا لەسەر مێزی بەرچایی دانیشتووە و بە کەوچک ماستی ئاسایی دەخوات. ڕاستەوخۆ لە سەتڵە نایلۆنەکەوە دەیبات بۆ دەمی.
خەریکە سەیری تەلەفیزیۆنێکی بچکۆلە دەکات کە لە نێو چێشتخانەکەدا دایانناوە. ڕیمۆت کۆنترۆڵەکە لە تەنیشت سەتڵە ماستەکەوەیە. شاشەکە وێنەگەلێک لە بنی زەریا پێشان دەدات. بوونەوەرگەلێکی سەیری قووڵاییی زەریا. بوونەوەری ناحەز، بوونەوەری جوان. ڕاوکەر، نێچیر. ژێرزەریاییەکی گچکەی تۆژینەوە بە ئامرازگەلێکی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووەوە. گڵۆپی بەهێز، باسکی ڕێکوپێک. ناوی پرۆگرامەکە (بوونەوەرانی قووڵایی)ـیە.بێدەنگ کراوە. شیراکاوا، بە ڕوومەتێکی ساردوسڕەوە، بەدەم بردنی کەوچکە ماستەوە بۆ دەمی، شوێنی جووڵەکانی سەر شاشەکە دەگرێت. هەرچەند، مێشکی بیر لە شتی دیکە دەکاتەوە. لە لایەنەکانی پەیوەندیی نێوان بیر و کردار ورد دەبێتەوە. ئاخۆ کردارە کە
بەرهەمێکی گرێدراوی بیرکردنەوەیە، یان بیرکردنەوە بەرهەمێکی دوابەدوای کردارە؟ چاوەکانی شوێن وێنەکانی سەر تەلەفیزیۆنەکە دەگرن، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ شتێک لە قووڵاییی شاشەکەدا دەڕوانێت—شتێکی بە فەرسەخ دوورتر لە شاشەکە.
چاوێک لە کاتژمێری سەر دیوارەکە دەکات. میلەکان ٣٣:٤ نیشان دەدەن. میلی چرکەژمێرەکە بە دەوری پەپکەکەدا لە سووڕانەوەدایە. جیهان بەردەوام و بەبێ وەستان بەرەو پێش دەڕوات. بیر و کردار درێژە بە پێکەوە ئیشکردنیان دەدەن. لانیکەم لە ئێستادا.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.