١٥
بوونەوەرانی قووڵایی هێشتا لەسەر شاشەکەیە، بەڵام ئەمەیان تەلەفیزیۆنی نێو چێشتخانەکەی شیراکاوا نییە. شاشەکەی زۆر گەورەترە. تەلەفیزیۆنەکە لە نێو دیواخانێکی هۆتێل ئاڵفاڤیلدایە. ماری و کۆرۆگی بەرانبەری دانیشتوون و بە سەرنجێکی نیوەچڵەوە سەیری دەکەن. هەر یەکە و لەسەر کورسیی خۆیەتی. ماری چاویلکەکانی لە چاو کردووە. چاکەتی زانکۆ و جانتاکەی شانی لەسەر بنماڵەکەدان. کۆرۆگی بە گرژییەکەوە سەیری بوونەوەرانی قووڵایی دەکات، بەڵام هەر زوو بێتاقەت دەبێت و بە ڕیمۆت کۆنترۆڵەکە دەست دەکات بە گەڕان بە نێو کەناڵەکاندا. لەوە ناچێت هیچیەک لە پرۆگرامەکانی بەرەبەیان بە کەڵکی سەیرکردن بێن. لێ دەگەڕێت و تەلەفیزیۆنەکە دەکوژێنێتەوە.
کۆرۆگی دەڵێت “دەبێ ماندوو بیت. باشترە ڕابکشێیت و کەمێک بخەویت. کاورۆ لە ژوورەکەی پشتەوە لە شیرین خەودایە.”
ماری دەلێت “ئەوەندەش خەوم نایە.”
“دەی چۆنە چایەکی داخ و خۆش بخۆینەوە؟”
“ئەگەر ئەزیەت نەبێت.”
“بێخەم بە، چا شتێکە بە تۆن هەمانە.”
کۆرۆگی بە چای سەفەری و تەرمۆسێک بەشی دوو پەرداخ چای سەوز لێ دەنێت.
ماری دەپرسێت “تا کەی ئیش دەکەیت؟”
“من و کۆموگی تیمێکین: دە تا دە ئیش دەکەین. پاش ڕۆیشتنی میوانانی شەو، شتەکان خاوێن دەکەینەوە و تەواو. جاربەجارێکیش سەرخەوێک دەشکێنین.”
“زۆر دەمێکە خەریک ئەم ئیشەیت؟”
“بۆ ساڵ و نیوێک دەچێت، لەوانەیە. بەگشتی لەم چەشنە ئیشانەدا بۆ ماوەیەکی زۆر لە یەک شوێن نامێنیتەوە.”
ماری بۆ ساتێک هیچ ناڵێت و پاشان دەپرسێت “ئاسایییە ئەگەر… پرسیارێکی بەجۆرێک تاکەکەسی بپرسم؟”
کۆرۆگی دەڵێت “چیت پێ خۆشە بیپرسە. هەرچەند لەوانەیە نەتوانم وەڵامی هەندێک شت بدەمەوە.”
“ناڕەحەت نابیت؟”
“نا، بێخەم بە.”
“گوتت وازت لە ناوە ڕاستەقینەکەی خۆت هێناوە؟”
“وایە. وام گوت.”
“بۆچی وات کرد؟”
کۆرۆگی کیسەی چاکە لە نێو کوپەکەی مارییەوە دەردێنێت، دەیخاتە نێو تەپڵەکی جگەرەکەوە و کوپەکە دەنێتە بەردەمی.
“چوکە بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی مەترسیدار دەبوو بۆم. بە زۆر هۆکار. ڕاستیت پێ بڵێم، لە دەست… هەندێ کەس هەڵدێم.”
کۆرۆگی قومێک لە چاکەی خۆی دەدات. “لەوانەیە نەزانیت بەڵام ئەگەر بەڕاست بتەوێت لە شتێک هەڵبێیت، یەکێک لە باشترین پیشەکان، ئیشکردنە لە ئەڤین هۆتێلێک. وەکوو گارسۆنێک لە چێشتخانەیەکی نەریتیی ژاپۆنیدا دەتوانی پارەیەکی هەرە زۆرتر دەربێنیت—دەستخۆشانەیەکی زۆر وەربگریت—بەڵام دەبێ خەڵک ببینیت و لەگەڵیان قسە بکەیت. لە ئیشکردن لە ئەڤین هۆتێلێکدا، پێویست ناکات خۆت پیشانی میوانەکان بدەیت. دەتوانی بە دزییەوە ئیش بکەیت، لە تاریکیدا. زۆربەیان شوێنێکی خەوتنیشت دەدەنێ. داوای سیڤی و زامنکار و شتیشت لێ ناکەن. پێیان بڵێ ناتوانی ناوی ڕاستەقینەتیان پێ بڵێیت، ئەوانیش بۆ نموونە ئاوا دەڵێن، ‘باشە، بۆچی بە کریکەت بانگت نەکەین؟’ چوکە هەمیشە ئیشکەریان کەمە. کەسانێکی زۆر دەبینیتەوە بە بارێک ئازاری ویژدانەوە لەم جیهانەدا ئیش دەکەن.”
“بۆیە زۆر لە یەک شوێن نامێننەوە؟”
“وایە، بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنێک بمێنەوە و ئەوانیش دێر یان زوو دەتدۆزنەوە. ئیدی بەردەوام شوێنگۆڕکێ دەکەیت. لە هەموو شوێنێک ئەڤین هۆتێل هەیە، لە (هۆکایدۆ)ـوە تا (ئۆکیناوا)، ئیتر هەمیشە دەتوانی ئیش بدۆزیتەوە. منیش لێرە تەواو ئاسوودەم و کاورۆیش بەڕاست کەسێکی چاکە، ئیدی هەر لێرە مامەوە.”
“لە زووەوە هەڵدێی؟”
“هممم، لەوانەیە ئێستا بۆ سێ ساڵێک بچێت.”
“هەمیشەش بە ئیشگەلێکی ئاواوە؟”
“ئم. لێرە و لەوێ.”
“وابزانم ئەو شتە یان ئەو کەسەی کە لێی هەڵدێی زۆر ترسێنەر بێت؟”
“ڕێک. یەکجار ترسێنەرە. بەڵام لەوە زیاترم لێ مەپرسە. هەوڵ دەدەم باسی لێوە نەکەم.”
هەردووکیان بۆ ساتێک بێدەنگ دەبن. ماری چاکەی دەخواتەوە و کۆرۆگیش چاوی بڕیوەتە شاشەی ڕەشی تەلەفیزیۆنەکە.
ماری دەپرسێت “ئەوسا چیت دەکرد؟ بەرلەوەی دەست بکەیتە هەڵاتن مەبەستمە.”
“ئەوسا کچێکی ئاسایی بووم بە ئیشێکی نێو ئۆفیسەوە. خوێندنی ئامادەییم تەواو کردبوو، نۆ تا پێنج، لە جلێکی یەکپۆشدا، بۆ کۆمپانیایەکی گەورەی بازرگانی ئیشم دەکرد. لە تەمەنی تۆدا بووم… دەوروبەر کاتی بوومەلەرزەکەی (کۆبی). ئێستا لە خەونێک دەچێت. پاشان… شتێک… قەوما. شتێکی بچووک. سەرەتا زۆر بیرم لێ نەدەکردەوە. بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت چەقیوم: نە ڕێگای ڕۆیشتنم هەبوو نە ڕێگای گەڕانەوە. هەموو شتێکم بەجێ هێشت: ئیشەکەم، دایکوباوکم…”
ماری بۆ کۆرۆگی دەڕوانێت و هیچ ناڵێت.
کۆرۆگی دەپرسێت “ئای، ببووە، ئەوە ناوت چی بوو؟”
“ماری.”
“با شتێکت پێ بڵێم، ماری. ئەو عەرزەی لەسەری وەستاوین زۆر قایم دیارە بەڵام ئەگەر شتێک بقەومێت دەکرێت بەیەکجاری لە ژێر پێت دەرپەڕێت. کە ئەوەش قەوما، ئیدی تەواو: شتەکان قەت وەکوو جاران نابن. هەر ئەوەندەت لە دەست دێت بە تەنیا و لە تاریکیی ئەو ژێرەدا درێژە بە ژیان بدەیت.”
کۆرۆگی ڕادەوەستێت دیسان بیر لە قسەکانی ئێستای بکاتەوە و وەکوو خۆی سەرکۆنە بکات، بەشێنەیی سەری با دەدات.
“بێگومان، دەکرێت بەس لاوازیی خۆم بووبێت وەکوو ئادەمیزادێک—ئەو ڕووداوانە ڕایانکێشام چونکە لەوە لاوازتر بووم بتوانم بەریان پێ بگرم. دەبا لە قۆناخێکدا تێبگەیشتبام چ باسە و بێدار ببامەوە و بەرگریم بکردایە، بەڵام نەمدەتوانی. مافی ئەوەم نییە ئامۆژگاریی تۆ بکەم…”
چی ڕوو دەدات ئەگەر بتدۆزنەوە—ئەوانە دەڵێم کە بە دواتەوەن؟”
کۆرۆگی دەڵێت “همم… چی ڕوو دەدات، ها؟ نازانم بەڕاست. نامەوێ زۆر بیری لێ بکەمەوە.”
ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە. کۆرۆگی یاری بە دوگمەکانی سەر ڕیمۆت کۆنترۆڵەکە دەکات بەڵام تەلەفیزیۆنەکە هەڵ ناکات.
“کاتێ لە ئیش دەبمەوە و دەچمە نێو جێگا، هەمیشە بیر دەکەمەوە: با لە خەو هەڵنەستم. با هەر یەکسەر بخەوم. چوکە ئەوسا پێویست ناکات بیر لە هیچ بکەمەوە. هەرچەند، خەونیش دەبینم. هەمیشە هەر هەمان خەونە. کەسێک بە شوێنمەوەیە. هەر ڕا دەکەم و ڕا دەکەم تاکوو ئاخری دەمگرن و دەمبەن. ئینجا دەمخەنە نێو چەشنە شتێکی وەکوو سەلاجەیەک و دەرگاکەی دادەخەن. لێرەدایە کە بەخەبەر دێمەوە و ئەوەی لەبەرمدایە خووساوە لە عارەقاندا. کاتێ بەخەبەرم بە شوێنمەوەن و کاتێکیش کە خەوتووم لەنێو خەونەکانمدا بە شوێنمەوەن: قەت حەسانەوەم بۆ نییە. تەنیا ساتێک نەختێک حەسابێتمەوە لێرەیە، کاتێک بە دەم چاخواردنێکەوە چێژ لە دوو قسە لەگەڵ کاورۆ یان کۆموگی دەبینم… دەزانی ماری، پێشتر قەت ئەمەم بۆ کەس باس نەکردووە—نە بۆ کاورۆ، نە بۆ کۆموگی.”
“باسی ئەوەی کە لە شتێک هەڵدێیت؟”
“ئا. هەرچەند لاموایە بەجۆرێک هەستی پێ دەکەن…”
هەردووکیان بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبن.
کۆرۆگی دەپرسێت “بڕوا بە قسەکانم دەکەیت؟”
“ئەیچۆن، بڕوات پێ دەکەم.”
“بەڕاست؟”
“بێگومان.”
“دەکرێ هەموویم هەڵبەستبێت. تۆ لە کوێ بزانیت: پێشتر قەت یەکدیمان نەبینیوە.”
ماری دەلێت “کۆرۆگی، تۆ لە کەسێک ناچیت کە درۆ بکات.”
کۆرۆگی دەڵێت “دڵخۆشم وا دەڵێیت. شتێک هەیە پێشانتی بدەم.”
کۆرۆگی کراسەکەی هەڵدەداتەوە و پشتی دەردەخات. چەشنە نیشانەیەک لەسەر پێستی هەر دوو لای بڕبڕەی پشتی داکوتراوە. هەریەکەیان وەکوو شوێنەپێی باڵندەیەک پێکهاتوون لە سێ لارەهێڵ و لەوە دەچێت بە ئاسنێکی داخکردن لەوێ کوترابێتن. شوێنەبرینەکە پێستی دەورووبەری ڕادەکێشێت. ئەمانە پاشماوەی ئازارێکی قووڵن. ماری بە دیتنی قرچ دەبێتەوە.
کۆرۆگی دەڵێت “ئەمە بەس یەکێک لەو شتانەیە بەسەریاندا هێنام. نیشانەی خۆیانیان لەسەرم دانا. هی تریشم هەیە، بەڵام لە شوێنگەلێکن ناکرێ پێشانتی بدەم. ئەمانە درۆ نین.”
“چەندە دڵتەزێنە!”
“پێشتر قەت پێشانی کەسم نەداون تۆ نەبێت. ماری، دەمەوێت بڕوام پێ بکەیت.”
“بڕوات پێ دەکەم.”
“بەس هەستێکم هەبوو، وەکوو دەتوانم پێتی بڵێم و ئاسایی دەبێت. نازانم بۆ.”
کۆرۆگی کراسەکەی دادەتاوە. ئینجا وەکوو هێمایەکی خاڵبەندی دابنێت، ئاخێکی قووڵ هەڵدەکێشێت.
ماری دەڵێت “کۆرۆگی؟”
“ئێ؟”
“دەتوانم شتێکت پێ بڵێم کە پێشتر قەت بە کەسم نەگوتووە؟”
کۆرۆگی دەڵێت “بێگومان. فەرموو.”
“خوشکێکم هەیە. لە خوشک و برا هەر ئەوم هەیە. دوو ساڵ لە من گەورەترە.”
“ئێ.”
“دوو مانگێک لەمەوبەر بوو، گوتی ‘ئەوە دەڕۆم تۆزێک بخەوم.’ لە کاتی نانی ئێوارەدا ئەمەی بە بنەماڵە ڕاگەیاند. کەس ئەوەندە بیری لێ نەکردەوە. تازە حەوتی ئێوارە بوو، بەڵام خوشکم هەمیشە کاتی خەوتنکانی ناڕێک بوو، ئیدی ئەوە شتێک نەبوو زۆر سەرت لێی بسوڕمێت. شەوباشمان لێ کرد. بەحاڵ دەستی بۆ چێشتەکەی بردبوو، بەڵام ڕۆیشتە نێو ژوورەکەی و پاڵکەوت. لەوساوە خەوتووە.”
“لەوساوە؟!”
ماری دەڵێت “ئم.”
کۆرۆگی ناوچاو تێک دەدات. “قەت هەڵناستێت؟”
ماری دەڵێت “هەندێ جار هەڵدەستێت، وای بۆ دەچین. ئەو ژەمانەی دەیاننێینە سەر مێزەکەی نامێنن و وا دیارە کە بچێتە تەوالێتیش. جاروبار دووشێک دەگرێت و بێجامەکانی دەگۆڕێت. واتە هەڵدەستێت و بەس لانیکەمە پێداویستییەکانی بۆ زیندوومانەوە جێبەجێ دەکات—هەر بەڕاست، تەنیا لانیکەمەکەی و هیچی تر. کەچی لە ڕاستیدا هیچ کەسمان بە بێداری نەمانبینیوە. هەرکات سەری لێ دەدەین، لە نێو جێگاکەیدایە و خەوتووە—بەڕاست خەوتووە، ئەوە نییە کە خۆی دابێت لە خەو.
پتر لە مردوویەک دەچێت: دەنگی هەناسەی نابیستیت و موویەکیشی ناجووڵێت. هاواری لێ دەکەین و دەیشەکێنینەوە، بەڵام خەبەری نابێتەوە.”
“دەی… دوکتۆرتان هێناوە بیبینێت؟”
“دوکتۆرێکی گشتی ماوەیەک جارێک سەردانی دەکات. بەس پزیشکێکی گشتییە، ئیدی ناتوانێت تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی لەسەری ئەنجام بدات، بەڵام لە ڕوانگەی پزیشکییەوە پێناچێت هیچ نەخۆشییەکی هەبێت. پلەی گەرمیی جەستەی ئاساییە. لێدانی دڵ و پەستانی خوێنی لە ئاستێکی نزمدان، بەڵام ئەوەندە نییە کە جێگای نیگەرانی بێت. خۆراکی پێویست وەردەگرێت، کەواتە پێویستی بە خۆراکپێدان لەڕێگای خوێنهێنەرەوە نییە. بەس خەوێکی قورس خەوتووە. بێگومان ئەگەر کۆما و شت بایە، کێشەیەکی گەورە دەبوو، بەڵام مادامەکێ دەتوانێت جاربەجارێک لە خەو هەستێت و ئەو شتانە بکات کە پێویستیەتی، چاودێریی تایبەتی ناوێت. لەگەڵ دەروونناسێکیشدا ڕاوێژمان کرد بەڵام حاڵەتی وا تا ئیستا نموونەی نەبووە. دەڵێت گوتوویەتی (دەڕۆم تۆزێک بخەوم) و ڕێک وا دەکات: ئەگەر لە ناخیدا ئەوها پێویستی بە خەوە، باشترین شتێک پێمان بکرێت ئەوەیە کە لێگەڕێین با بخەوێت. تەنانەت ئەگەر بیویستبایە چارەسەری بکات، دەبا پاش بەخەبەرهاتنەوەی بێت کە بتوانێت بیدوێنێت. ئیدی ئێمەش لێ دەگەڕێین با بخەوێت.”
“پێتان وا نییە دەبێ لە نەخۆشخانەیەکدا پشکنینی بۆ بکرێت؟”
“دایبابم هەوڵ دەدەن گەشبینانەترین ڕوانینیان هەبێت—ئەوەی کە خوشکم هەرچەندە دڵی بخوازێت دەخەوێت، ئینجا ڕۆژێک لە خەو ڕادەبێت وەکوو هیچ ڕووی نەدابێت و هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. باوەشیان کردووە بەو ئەگەرەدا. بەڵام من پێم ناکرێت. یان باشتر بڵێم جاربەجار چیتر بەرگەی ناگرم—لە ژێر بنمیچێکدا لەگەڵ خوشکمدا بژیم و هیچ نەزانم بۆچی دوو مانگە بێهۆشە.”
“ئیدی تۆیش لە ماڵ دێیتە دەرێ و شەوان بە شەقامەکاندا دەسووڕێیتەوە؟”
ماری دەڵێت “هیچ خەوم لێ ناکەوێت. کە هەوڵ دەدەم، تاکە شتێک بتوانم بیری لێ بکەمەوە خوشکمە کە لەو ژوورەکەدا بەو چەشنە خەوتووە. کاتێک شتەکە چڕتر دەبێتەوە، ناتوانم لە ماڵ دابنیشم.”
“دوو مانگە، ها؟ زۆریشە.”
ماری سەری هاوڕابوون دەلەقێنێت.
کۆرۆگی دەڵێت “بێگومان خۆ نازانم چ باسە، بەڵام وا هەست دەکەم دەشێ خوشکت کێشەیەکی گەورەی هەبێت کە هەوڵی چارەکردنی دەدات، شتێک کە بە تەنیا بۆ خۆی چارە ناکرێت. ئیدی تاکە شتێک بیەوێت ئەوەیە کە بڕواتە نێو جێگاکەی و بخەوێت و بۆ ماوەیەک هەڵبێت لەم جیهانە مادییە. پێموا بزانم چ هەستێکی هەیە. یان باشتر بڵێم، ڕێک دەزانم چ هەستێکی هەیە.”
“کۆرۆگی، تۆ برا و خوشکت هەیە؟”
“دوو برا. هەردووکیان لە خۆم بچووکترن.”
“هاوڕێتیتان خۆشە؟”
کۆرۆگی دەڵێت “جاران ئا، بۆ ئێستا نازانم. زۆر دەمێکە نەمبینیون.”
ماری دەلێت “ئەگەر تەواو ڕاستگۆ بم، قەت خوشکمم بەباشی نەدەناسی—وەکوو چۆن ڕۆژەکانی بەسەر دەبات یان بیر لە چی دەکاتەوە یان لەگەڵ کێدا لە خۆشەویستیدایە. تەنانەت ئاگام لێ نییە ئەگەر شتێک ئازاری دابێت. دەزانم ناحەز دیارە، ئەگەرچی لە یەک ماڵدا دەژیاین بەڵام ئەو بە ئیشی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، منیش بە ئیشی خۆمەوە، ئیدی قەت نەبوو سفرەی دڵمان بۆ یەک بکەینەوە. ئەوە نەبوو کە پێکەوە نەسازین: پاش گەورەبوونمان قەت بە شەڕ نەهاتین. بەس ئەوەیە کە ساڵانێکی زۆرە ژیانێکی تەواو جیاواز لەیەک دەژین.”
ماری چاو دەبڕێتە شاشەی ڕەشی تەلەفیزیۆنەکە.
کۆرۆگی دەڵێت “باسی خوشکتم بۆ بکە. ئەگەر نازانیت لە ناخەوەڕا چۆنە، هەر شتە ڕووکەشەکانم پێ بڵێ، ئەو شتە گشتییانەی دەربارەی دەیانزانیت.”
“خوێندکارێکی کۆلێجە. دەڕواتە یەکێک لە کۆلێجە مسیۆنەرییە کەڤنەکان کە بۆ کچانی دەوڵەمەندن. بیست و یەک ساڵیە. بە فەرمی کۆمەڵناسی وەکوو بواری سەرەکی دەخوێنێت، بەڵام پێم وا نییە هیچ حەزی لەو مژارە بێت. ڕۆیشتە کۆلێج چونکە ئەوەیان لێ چاوەڕێ دەکرد، ئەوەندەشی لێ دەزانێت کە لە تاقیکردنەوەکان دەرچێت، هەر ئەوەندە. هەندێ جار نەختێک پارە دەخاتە بەردەمم تاکوو ڕاپۆرتەکانی
بۆ بنووسم. لەوە گەڕێتەوە، وەکوو کچە مۆدێلێک بۆ گۆڤارەکان ئیش دەکات و جاربەجارێکیش لە تەلەفیزیۆندا دەردەکەوێت.”
“تەلەفیزیۆن؟ کام پڕۆگرام؟”
“شتێکی تایبەت نییە. بۆ نموونە، ئەوسا ئەو کەسە بوو کە لە پڕۆگرامێکی پرسبڕکێدا خەڵاتەکان پێشانی کامێراکە دەدات و بە بزەیەکی گەورەوە ڕایاندەگرێت. ئەو پڕۆگرامە دوایی هات، ئیتر ئەمیش چیدی لەوێ نابێت. لە هەندێک ڕێکلامیشدا هەبوو—یەکێکیان بۆ کۆمپانیایەکی گواستنەوە بوو. شتانێکی وا.”
“دەبێ بەڕاست جوان بێت.”
“ئەوە شتێکە هەموو کەس دەیڵێت. تۆزقاڵێکیش لە من ناچێت.”
کۆرۆگی ئاخێکی کورت هەڵدەکێشێت و دەڵێت “هەندێجار خۆزگە دەخوازم ئاوا جوان لە دایک بوومایە. پێم خۆشە تاقی بکەمەوە، هەر بۆ جارێک، بزانم چۆنە.”
ماری دەمێک دوودڵ دەبێت و ئینجا وەکوو دانپێدانانێک دەڵێت “ڕەنگە سەیر بنوێنێت، بەڵام خوشکم بەڕاست جوانە کاتێک لە خەودایە. لەوانەیە جوانتر لەو کاتانەی کە بەخەبەرە. بەجۆرێک شەفافە. من کە خوشکیم، ئاوها دەیبینم، دڵم دەکەوێتە لێدان.
“وەکوو جوانکیلەی خەوتوو.”
“ڕێک.”
کۆرۆگی دەڵێت “جا کەسێک ماچی دەکات و بەخەبەری دێنێتەوە.”
ماری دەڵێت “ئەگەر هەموو شتێک وەکوو خۆی بڕواتە پێشێ.”
هەردووکیان بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبن. کۆرۆگی هێشتا خەریکی یاریکردنە بە دوگمەکانی سەر ڕیمۆت کۆنترۆڵەکە. لە دوورەوە دەنگی زەنگی ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری دێت.
“پێم بڵێ، ماری—بڕوات بە لاشەگۆڕکێ هەیە؟”
ماری سەر بادەدات و دەڵێت “نا، پێم وا نییە.”
“یانی پێت وا نییە ژیانێکی دیکەش هەبێت؟”
“زۆر بیرم لێ نەکردووەتەوە. بەڵام من وای بۆ دەچم کە هیچ هۆکارێکی نییە بڕوامان بە ژیانێکی پاش ئەم ژیانە هەبێت.”
“دەی کە مردی هەر دەبێت بە هیچ؟”
“بەگشتی.”
“باشە، من پێم وایە کە دەبێت شتێکی وەکوو لاشەگۆڕکێ هەبێت. یان ڕەنگە دەبێت بڵێم دەترسم بیر لە نەبوونی بکەمەوە. ناتوانم لە هیچێتی تێبگەم. ناتوانم لێی تێبگەم و نایشتوانم وێنای بکەم.”
“هیچێتی واتە هەر هیچ شتێک نەبێت، ئیدی ڕەنگە پێویستیش بە تێگەیشتن یان وێناکردن نەکات.”
“ئا، بەڵام ئەی ئەگەر هیچێتی وا نەبێت چی؟ ئەگەر لەو چەشنە شتانە بێت کە پێویست بکات لێی تێبگەیت یان وێنای بکەیت چی؟ ماری، مەبەستم ئەوەیە نازانین مردن چۆنە. ڕەنگە کەسێک بەڕاست دەبێ بمرێت تاکوو تێبگات چۆنە.”
ماری دەلێت “ئەرێ خۆ…”
کۆرۆگی دەڵێت “ترس یەکسەر دامدەگرێت کاتێک دەست دەکەمە بیرکردنەوە لەم شتانە. بە حاڵ هەناسەم بۆ دەدرێت و هەموو جەستەم دەیەوێت بخزێتە سووچێکەوە. زۆر ئاسانترە کە هەر بڕوات بە لاشەگۆڕکێ هەبێت. دەکرێ لە شتێکی ناحەزدا لەدایک ببیتەوە، بەڵام لانیکەم دەتوانی وێنای بکەیت کە شێوەی چی دەدەیت—با بڵێین ئەسپێک یان لوولپێچێک. جا ئەگەر شتێکی خراپیش بوو، دەکرێ جاری دواتر بەختت زۆرتر بێت.”
“ئێ… بەڵام دیسان ئەوە بەلای منەوە ئاساییترە کە وا بیر بکەمەوە کاتێ مردی، هیچ نابێت.”
“وابزانم لەبەر ئەوە بێت کە کەسایەتییەکی یەکجار بەهیزت هەیە.”
“من!؟”
کۆرۆگی سەر دەلەقێنێت. “وا دیارە کە کۆنترۆڵێکی باش و بەهێزت لەسەر خۆت هەبێت.”
ماری سەری با دەدات و دەڵێت “وا نییە. کاتێک کە منداڵ بووم هەر هیچ متمانەبەخۆیەکم نەبوو. هەموو شتێک دەیتاساندم. هەر بۆیە هەمیشە زۆر مووبە دەکرایە سەرم. یەکجار ساویلکە بووم. ئەو هەستانەی ئەوسا هەمبوون ئێستایش هەر وان لە ناخمدا. بەردەوام خەونگەلێکی لەو چەشنە دەبینم.”
“ئەرێ، بەڵام دڵنیام ساڵانێک ئەرکێکی زۆرت کێشاوە و وردە وردە زاڵ بوویت بەسەر ئەو هەستانە—ئەو بیرەوەرییە تاڵانەدا.”
ماری سەر دەلەقێنێت و دەڵێت “وردە وردە. من وام. کەسێکی تێکۆشەر.”
“هەر خۆت بەتەنیا بەردەوام دەبیت—وەکوو (ئاسنگەری لادێ)؟”
“ڕاستە.”
“بەڕای من زۆر چاکە کە ئەوەت پێ دەکرێت.”
“تێکۆشانی زۆر؟”
“ئەوەی کە دەتوانی زۆر تێبکۆشیت.”
“تەنانەت ئەگەر هیچ دڵخۆشییەکی دیکەم نەبێت؟”
کۆرۆگی دەگرژێتەوە و هیچ ناڵێت.
ماری بیر لە قسەکانی کۆرۆگی دەکاتەوە. “هەست دەکەم توانیبێتم شتێک درووست بکەم لەوانەیە بکرێت ناوی بنێم جیهانی خۆم… بەپێی کات… وردە وردە. کاتێکیش لە نێویدام بە جۆرێک، تا ڕادەیەک، هەست بە ئاسوودەگی دەکەم. بەڵام لەوانەیە خودی ئەو ڕاستییەی کە هەستم دەکرد پێویستمە وەها جیهانێک درووست بکەم مانای ئەوە بێت کە من کەسێکی لاوازم، کە بەئاسانی دەڕووخێم، تۆ پێت وا نییە؟ لە چاوی کۆمەڵگاشدا بەگشتی، ئەو جیهانەی من شتێکی وردیلانەیە. وەکوو خانوویەکی مقەباییە: سووکە بایەک دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیبات.”
کۆرۆگی دەپرسێت “کەپڵت هەیە؟”
ماری نەختێک سەری با دەدات.
“هێشتا هەر پاکیزەیت؟”
ماری سوور هەڵدەگەڕێت، سەری خێرا دەلەقێنێت و دەڵێت “ئم.”
“قەیدی نییە، شەرمی ناوێت.”
“دەزانم.”
کۆرۆگی دەپرسێت “هەر نەبوو کەسێک بناسیت کە حەزت لێی بێت؟”
“کوڕێک هەیە ئەوسا لە پەیوەندیدا بووین. بەڵام…”
“بەشی ئەوە حەزت لێی نەبوو کە لەگەڵی جووت بیت؟”
ماری دەڵێت “وایە. کونجکۆڵییەکی زۆرم هەبوو بەڵام قەت ئارەزووم نەبوو ئەوەی لەگەڵ بکەم. نازانم…”
کۆرۆگی دەڵێت “کێشە نییە. مانایەکی نییە زۆر لە خۆت بکەیت ئەگەر ئارەزووت بۆی نەبێت. ڕاستیت پێ بڵێم، لەگەڵ گەلەک کوڕدا سێکسم کردووە بەڵام پێموا زۆرتر لەبەر ترس بوو. دەترسام کەسێکم نەبێت لە ئامێزم بگرێت، ئیدی قەت نەمدەتوانی بڵێم نا. هەر ئەوە. سێکس قەت باشییەکی وەکوو ئەوەی نەبوو. هەموو ئیشی هەر ئەوەیە کە بەرەبەرە مانای ژیان بهاڕێت. تێدەگەیت چی دەڵێم؟”
“وابزانم.”
“ماری ڕۆژێک دێت کەسێکی شیاو دەدۆزیتەوە و فێر دەبیت متمانەیەکی هەرە زۆرترت بە خۆت هەبێت. من وای بۆ دەچم. کەواتە بە لەوە کەمتر قایل مەبە. لەم جیهانەدا شتگەلێک هەن کە بەس بەتەنیا دەتوانی جێبەجێیان بکەیت، هەروەها شتگەلێکیش کە بەس لەگەڵ کەسێکی دیکەدا پێت دەکرێن. گرینگە کە هەردووکیان بە ئەندازەیەکی درووست تێکەڵ بکەیت.”
ماری سەر دەلەقێنێت.
کۆرۆگی بە پەنجە تووتە نەرمێنەی گوێچکەی دەخورێنێت. “بەداخەوە زۆر درەنگ کەوتووم.”
ماری بە تینێکی تایبەتەوە دەڵێت “با هەر ئەمە بڵێم.”
“ئێ؟”
“هیوادارم بتوانیت خۆت ڕزگار بکەیت لەدەست هەر کەسێک کە بە شوێنتەوەیە.”
کۆرۆگی دەڵێت “هەندێجار هەست دەکەم خەریکم لەگەڵ تارماییی خۆمدا غارغارێن دەکەم. بەڵام ئەوەیان شتێکە قەت ناتوانم لێی هەڵبێم. کەس ناتوانێت لە دەست تارماییی خۆی ڕا بکات.
ماری دەڵێت “ڕەنگە ئەوە نەبێت.” پاش ساتێک دوودڵی درێژەی دەداتێ “لەوانەیە تارماییی خۆت نەبێت. لەوانەیە شتێکی دیکە بێت، شتێکی تەواو جیاواز.”
کۆرۆگی بۆ ماوەیەک بیری لێ دەکاتەوە و پاشان سەرێک بۆ ماری دەلەقێنێت. “پێموا ڕاست دەکەیت. تاکە شتێک لە دەستم بێت ئەوەیە کە هەموو هەوڵی خۆم بخەمە گەڕ و تا کۆتایی بەردەوام بم.”
کۆرۆگی چاوێک لە کاتژمێرەکەی دەکات، خۆی دەکێشێتەوە و هەڵدەستێت.
دەڵێت “کاتی ئیشە. تۆیش باشترە سەرێک بنێیتەوە و هەر کە ڕووناکی داهات بڕۆیتەوە بۆ ماڵ، باشە؟”
“باشە.”
“بۆ خوشکەکەشت هەموو شتێک چاک دەبێت. وا هەست دەکەم. تەنیا هەستێکە.”
ماری دەڵێت “سوپاس.”
“لەوانەیە ئێستا هەست بە نێزیکییەکی ئەوتۆ لەگەڵیدا نەکەیت، بەڵام دڵنیام ڕۆژانێک هەبووە کە وا بووبێت. هەوڵ بدە ساتەوەختێک وەبیر بهێنیتەوە کە هەستت بە پەیوەندییەکی چڕ لەگەڵیدا کردووە، بەبێ هیچ مەودایەک لە نێوانتاندا. لەوانەیە ڕێک لەم چرکەیەدا نەتوانیت بیر لە هیچ شتێک بکەیتەوە، بەڵام ئەگەر هەوڵێکی زۆری بۆ بدەیت خۆی دێت. دواجار تۆ و ئەو لە یەک بنەماڵەن—مێژوویەکی دوورودرێژتان پێکەوە هەیە. دەبێت لانیکەم یەک بیرەوەریی وات هەبێت کە لە سووچێکدا مابێتەوە.”
ماری دەڵێت “باشە، هەوڵ دەدەم.”
“زۆر بیر لە ساڵانی زوو دەکەمەوە. بەتایبەت پاش ئەوەی ئاوا دەستم کرد بە هەڵاتن بە وڵاتدا. ئەگەر هەوڵێکی چڕ بدەم بۆ وەبیرهێنانەوە، هەموو چەشنە شتێکم دێتەوە یاد—یادەوەریگەلێکی تەواو ڕوون. لەپڕ و لەناکاو دەتوانم شتگەلێک وەیاد بهێنمەوە کە
ساڵانێکە بیرم لێ نەکردوونەتەوە. گەلەک خۆشە. یادەوەری یەکجار سەیرە! وەکوو وایە ئەم چەکمەجانەمان بە هەزاران شتی بێکەڵک ئاخنیبێت. هاوکات، یەک لە دوای یەک، هەموو شتە بەڕاست گرینگەکان هەروا لەبیر دەکەین.”
کۆرۆگی لەوێ ڕاوەستاوە و ڕیمۆت کۆنترۆڵەکەی بە دەستەوەیە.
دەڵێت “دەزانی چۆنی بۆ دەچم؟ ئاوا کە ڕەنگە بیرەوەرییەکان ئەو سووتەمەنییە بن کە خەڵکی بۆ زیندوومانەوە دەیسووتێنن. ئەو بیرەوەرییانە گرینگییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت یان نا، جیاوازییەکی نییە مادامەکێ ڕاگرتنی ژیان مەبەست بێت. هەموویان هەر سووتەمەنین. ڕێکلامی نێو ڕۆژنامەکان، کتێبە فەلسەفییەکان، وێنە ڕووتەکانی نێو گۆڤارێک، چەپکێک گەڵای دەهەزار یێنی: کاتێک دەیانکەیتە قوڕگی ئاگرێکدا، هەموویان هەر کاغەزن. ئاگرەکە بەدەم سووتاندنیانەوە بیر لەوە ناکاتەوە ‘ئای، ئەمە کانتە’ یان ‘ئای، ئەمە وەشانی ئێوارانی ڕۆژنامەی یۆمیوری_یە’ یان ‘مەمکۆڵانێکی جوانە’. بۆ ئاگرەکە ئەوانە هیچ نین جگە لە بڕێک پارچەکاغەز. ڕێک هەر هەمان شتە. بیرەوەرییە گرینگەکان، بیرەوەرییە نە-زۆر-گرینگەکان، بیرەوەرییە تەواو بێکەڵکەکان: هیچ جیاوازییەکیان نابێت—هەموویان هەر سووتەمەنین.”
کۆرۆگی سەرێک بۆ خۆی دەلەقێنێت. ئینجا بەردەوام دەبێت:
“دەزانی، پێم وایە ئەگەر ئەو سووتەمەنییەم نەبایە، ئەگەر ئەم چەکمەجەی بیرەوەرییانەم لە ناخمدا نەبایە، هەر زۆر لەمەوبەر تێکدەشکام. لەنێو جۆگەیەک لە شوێنێکدا گرمۆڵە دەبووم و دەمردم. ئەگەر دەتوانم بەردەوام بم و مۆتەکەی ئەم ژیانە بژیم لەبەر ئەوەیە کە هەر کات پێویستم بێت دەتوانم یادەوەرییەکان لەو چەکمەجانەوە بکێشمە دەرەوە—بە گرینگ و بێکەڵکیشیانەوە. لەوایەنە بیر بکەمەوە ئیدی ناتوانم بەرگە بگرم، کە ئیدی ناتوانم بەردەوام بم، بەڵام بە هەر جۆرێک بێت تێیدەپەڕێنم.”
ماری هێشتا لەسەر کورسییەکەیەتی و بۆ کۆرۆگی دەڕوانێت.
“هەوڵێکی چڕ بدە ئیتر، ماری. هەوڵێکی چڕ بدە بۆ وەبیرهێنانەوەی هەموو چەشنە شتێک سەبارەت بە خوشکت. ئەوە سووتەمەنییەکی گرینگ دەبێت. بۆ تۆ و ڕەنگە بۆ خوشکیشت.”
ماری هیچ ناڵێت و سەیری کۆرۆگی دەکات.
کۆرۆگی دیسان چاو لە کاتژمێرەکەی دەکاتەوە. “دەبێ بڕۆم.”
ماری دەڵێت “سوپاس بۆ هەموو شتێک.”
کۆرۆگی دەستێکی بۆ تەکان دەدات و دەڕوات.
ماری ئێستا هەر خۆیە و سەرلەنوێ چاو بە ژوورەکەدا دەگێڕێت. ژوورێکی بچووکی نێو ئەڤین هۆتێلێک. بەبێ پەنجەرە. تاکە شتێکی پشتی پەردە ڤەنیزییەکە چاڵاییەکە کە دەبا پەنجەرەیەکی لێ بێت. قەرەوێڵەکە بۆ ئەم ژوورە بێئەندازە گەورەیە. لە تەنیشت سەری قەرەوێڵەکەدا ئەوەندە سویچی سەیروسەمەرەی لێیە لە شتێکی وەکوو ئەوەی نێو ژووری فڕۆکەوانێک دەچێت. مەکینەیەکی فرۆشتن ڤیبراتۆر لە شکڵگەلێکی زەقدا و جلی ژێرەوەی ڕەنگاوڕەنگ بە ستایلگەلێکی سەیرەوە دەفرۆشێت. ماری پێشتر قەت شتی وا عەجایەبی نەبینیوە، بەڵام پێیان پەست نابێت. بەتەنیا و لەم ژوورە نائاساییەدایە، کەچی، هەست بە پارێزراوی دەکات. دەبینێت لە پاش ماوەیەکی زۆرەوە ئەمە یەکەم جارە هەست بە ئاسوودەگی بکات. لەسەر کورسییەکە پاڵ دەداتەوە، چاو لێک دەنێت و هەر زوو خەوی لێ دەکەوێت. خەوەکەی کورت بەڵام قووڵە. ئەمە ئەو شتەیە کە زۆر دەمێکە ویستوویەتی.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.