بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ١٦

١٦

عەمباری ئەو ژێرزەمینە ساردوسڕەی کە تیپەکە ڕێگەیان پێ دراوە بە شەو مەشقی تێدا بکەن. بەبێ پەنجەرە. بنمیچێکی بەرز بە بۆریگەلێکەوە کە بە دەرەوەن. لەبەر هەواگۆڕکێیە لاوازەکەی، جگەرەکێشان لێرەدا قەدەغەیە. شەو بەرەو کۆتایی دەچێت، ئیدی پرۆڤە فەرمییەکەیان دوایی هاتووە و مۆسیقارەکان بۆ خۆیان دەژەنن. هەموویان پێکەوە دە کەسن. دووانیان ژنن: پیانۆژەنەکەی پشت کیبۆردەکە و ژەنیارێکی سۆپرانۆ-ساکسۆفۆن کە لەمەیاندا بەشدار نییە.

بە پاڵپشتیی پیانۆیەکی کارەبایی، گیتارێکی ئەکۆستیک-بەیس و دەهۆڵەکان، تاکاهاشی خەریکە سۆلۆیەکی درێژی ترۆمبۆن دەژەنێت. (سۆنیموون بۆ دوو کەس)ـی سۆنی ڕۆڵینگس، بلوزێکی کێش-مامناوەند. ژەندنەکەی خراپ نییە، زۆرتر لە تەکنیک، دەربڕینێکی نۆتەکانی تێدا بەدی دەکرێت وەکوو هەستی نێو ئاخاوتنێکی ڕۆژانە. ڕەنگە ئەوە ڕەنگدانەوەیەکی کەسایەتیی خۆی بێت. چاو نووقاو، خۆی نوقمی نێو مۆسیقاکە دەکات. تینۆر-ساکسۆفۆن و ئاڵتۆ-ساکسۆفۆن و ترۆمپیتەکە جاربەجار هەندێک نۆتەی دووپاتکراوەی ساکاری تێ دەخەن. ئەوانەی خەریکی ژەندن نین، لە تەرمۆسێەکەوە قاوە دەخۆنەوە، چاو لە کاغەزی نۆتەکانیان دەکەن یان بەدەم گوێدانەوە ئامێرەکانیان چاک دەکەن. هەندێکیش بۆ هاندانی تاکاهاشی جاروبار لەنێوان وەستانەکانی نێو تاکژەنییەکەیدا دەنگ بەرز دەکەنەوە.

لەنێو ئەو دیوارە ڕووتانەدا، دەنگی مۆسیقاکە بەرزە؛ دەهۆڵژەنەکە یەکسەر هەر بە فڵچە دەیژەنێت. تەختەدارێکی شۆڕ و هەندێک کورسی مێزێکی کاتییان پێک هێناوە کە کارتۆنی پیتزا و تەرمۆسی قاوەکە و پەرداخی کاغەز و نۆتەی مۆسیقا و دەنگتۆمارکەرێکی بچووک و هەندێک زەلی ساکسۆفۆن لەسەری پەرش و بڵاو بوونەتەوە. هەر وەکوو ئەوەیە هیچ گەرمکەرەوەیەکی لێ نەبێت. بە چاکەت و پاڵتۆوە دەژەنن. هەندێک لەو ئەندامانەی تیپەکە کە چاوەڕێ وەستاون، شاڵ و دەستکێشیان پۆشیوە. دیمەنێکی عاجباتییە. سۆلۆ درێژەکەی تاکاهاشی دوایی دێت، گیتارە بەیسەکە پارچەیەکی خۆڕسک دەژەنێت و چوار کەڕەناکەش بەشداری ئاوازە کۆتاییەکە دەبن.

کاتێک ئاوازەکە دوایی دێت، دە خولەک پشوو وەردەگرن. پاش ئەو شەوە درێژەی پرۆڤەکردنە هەموو ماندوو دیارن و دەمەتەقێیان لە جاران کەمترە. کە ئامادە دەبن بۆ ئەم ئاوازەکە، مۆسیقارێک خۆی دەکێشێتەوە، یەکێک خواردنەوەیەکی گەرم دەخواتەوە، ئەوی دی قرتکەقرتکە لە چەشنە پسکیتێک دەخوات، دووانیش دەچنە دەرەوە جگەرەیەک بکێشن. تەنیا پیانۆژەنەکە، کچێکی قژشۆڕ، لە ماوەی پشووەکەدا لەگەڵ ئامێرەکەیدا دەمێنێتەوە و زنجیرە کۆردە نوێکان تاقی دەکاتەوە. تاکاهاشی لەسەر کورسییەک دادەنیشێت، کاغەزی نۆتەکانی کۆ دەکاتەوە، ترۆمبۆنەکەی لێک دەکاتەوە، لیکە کۆبووەوەکەی دەکاتە سەر عەرزەکە، دەستێکی خێرا بە ئامێرەکەیدا دەهێنێت و خەریک دەبێت بینێتەوە نێو جانتاکەیەوە. دیارە کە مەبەستی نییە لەم ژەندنەکەدا بەشداری بکات.

 

لاوە بەیسژەنە باڵابەرزەکە دێتە پێشەوە و دەست دەنێتە سەر شانی. “تاکاهاشی، سۆلۆیەکی ناوازە بوو. هەستێکی ڕاستەقینەی تێدا بوو.”

ئەمیش دەڵێت “سوپاس.”

لاوە قژشۆڕەکە وا ترۆمپیتی دەژەند لێی دەپرسێت “دەیکەیتە شەو، تاکاهاشی؟”

ئەمیش دەڵێت “ئەرێ، ئیشێک هەیە دەبێ بڕۆم. ببوورن ناتوانم بۆ خاوێنکردنەوە یارمەتی بدەم.”

 

چێشتخانەکەی ماڵی شیراکاوا. لەسەر تەلەفیزیۆنەکە، جیکەیەک ئاماژە بە کاتژمێر دەکات و هەواڵەکانی ئێن-ئێچ-کەی دەستپێ دەکات. پێشکەشکارەکە ڕاست چاو دەبڕێتە کامێراکە و دڵسۆزانە هەواڵەکان دەخوێنێتەوە. شیراکاوا لە پشت مێزەکە لە شوێنی شێوخواردنەکەدا دانیشتووە و بە دەنگێکی نزمەوە سەیری تەلەفیزیۆنەکە دەکات. دەنگەکەی بەحاڵ دەبیسترێت. شیراکاوا کراواتەکەی شل کردووەتەوە و لەسەر کورسییەکەی پاڵی داوەتەوە، قۆڵەکانی کراسەکەی تا ئانیشک هەڵدراونەتەوە. سەتڵی ماستەکە بەتاڵە. مەراقێکی وای نییە سەیری هەواڵەکان بکات. لەوە ناچێت هیچ شتێک حەزی بورووژێنێت. خۆی ئەوە دەزانێت. بەس خەوی لێ ناکەوێت.

لەسەر مێزەکەدا، هێواش دەستی ڕاستی دەکاتەوە و دەیقووچێنێتەوە. ئەمەی هەستی پێ دەکات ئازارێکی ئاسایی نییە: ئازارێکە تێکەڵ بە یادەوەری. بۆتڵێک ئاوی پێرییەری شووشە-سەوز لە سەلاجەکەوە دەردێنێت و بۆ ساردکردنەوەی پشتەدەستی بەکاری دێنێت. ئینجا سەرەکەی دەکاتەوە، پەرداخێک ئاو بۆ خۆی دادەکات و دەیخواتەوە. چاویلکەکەی دادەگرێت و بە سەرنجەوە دەور چاوانی دەشێلێت. هەر هیچ هەست بە خەواڵوویی ناکات. جەستەی شەکەتییەکی زۆری پێوە دیارە، بەڵام شتێک لە سەریدا ناهێڵێت بخەوێت. شتێک خەریکە ئەزیەتی دەدات و دەربازبوونی بۆ نییە. لێی دەگەڕێت، چاویلکەکەی دەکاتەوە چاوی و ڕوو دەکاتەوە شاشەی تەلەفیزیۆنەکە. کێشەی داتەپینی نرخی هەناردەکردنی پۆڵا. حکوومەت ڕێکخستن دەکات بۆ چارەکردنی ئەو هەڵکشانە چڕەی نرخی یێن. دایکێک خۆی و دوو منداڵەکەی دەکوژێت. بەنزینی بە ئۆتۆمبێلەکەیدا کردووە و گڕی داوە. وێنەیەکی لاشە ڕەشهەڵگەڕاوەکەی ئۆتۆمبێلەکە، هێشتا دووکەڵ دەکات. کاتی پێشبڕكێی بازاڕ و دووکانەکان بۆ کریسماس دەستپێ دەکات.

شەو خەریکە دوایی بێت، بەڵام بۆ ئەو شەو هەروا ئاسان کۆتایی نایەت. کەمێکی تر بنەماڵەکەی لە خەو هەڵدەستن. بێگومان دەیەوێت ئەوسا خەوی لێ کەوتبێت.

ژوورێکی هۆتێل ئاڵفاڤیل. ماری لەسەر کورسییەک تەواو پاڵی داوەتەوە، سەرخەوێک دەشکێنێت. پێکانی، بە جووتێک گۆرەوی سپییەوە، خستووەتە سەر تەپڵەکێکی شووشەیی. بەدەم خەوەوە، ڕوومەتی ڕواڵەتێکی ئاسوودەی پێوەیە. کتێبە ئەستوورەکەی سەرەوخوار لەسەر مێزەکە دانراوە و لە نێوقەدەوە کراوەتەوە. گڵۆپە بنمیچییەکان داگیرساون. وا دیارە کە ڕووناکیی ژوورەکە گرینگییەکی بە لای مارییەوە نەبێت. تەلەفیزیۆنەکە کوژاوەتەوە و بێدەنگە. قەرەوێڵەکە ڕێکوپێک کراوە. تاکە دەنگێک کە بێت، گیزەگیزی نەگۆڕی گەرمکەرەوەی سەر بنمیچەکەیە.

ژوورەکەی ئێری ئاسا.

ئێستا ئێری ئاسا گەڕاوەتەوە ئەمبەر. دیسان لەنێو قەرەوێڵەکەی خۆی لە ژوورەکەی خۆیدا خەوتووە. ڕوو لە بنمیچەکە و تەواو بێجووڵە ڕاکشاوە. تەنانەت دەنگی هەناسەدانیشی نایە. ئەمە هەر ئەو دیمەنەیە وا بۆ یەکەم جار هاتینە ئەم ژوورە بینیمان. بێدەنگییەکی قورس، خەوێکی ترسناک قووڵ. هێمن، ڕووبەرێکی ئاوێنەئاسای دەریایەک لە خەیاڵ. لەوێ ڕوو لە ئاسمان سەر ئاو کەوتووە. هیچ نیشانەیەک لە شێوانشێوی لە ژوورەکەدا نابینینەوە. دیسان شاشەی تەلەفیزیۆنەکە سارد و خامۆشە وەکوو دیوی نادیاری مانگ. ئاخۆ توانیبێتی لەو ژوورە ئاڵۆزە هەڵبێت؟ دەکرێت بەجۆرێک دەرگایەکی بۆ کرابێتەوە؟

کەس وەڵامی پرسیارەکانمان ناداتەوە. هێمای پرسیارەکانمان، بەبێ بەرگری، نوقمی ئەو تاریکییە ئەنگووستەچاو و بێدەنگییە نەبڕاوەیەی شەو دەبن. تاکە شتێک لێی دڵنیا بین ئەوەیە کە ئێری ئاسا گەڕاوەتەوە نێو قەرەوێڵەکەی خۆی لەم ژوورەدا. ئەوەندەی چاومان بیبینێت، توانیویە سەلامەت بگەڕێتەوە بۆ ئەمبەر، چێوەکانی ساغ و تەواون. دەبێت لە دوا ساتەکاندا توانیبێتی لە دەرگایەکەوە هەڵبێت. یان ڕەنگیشە توانیبێتی ڕێگایەکی دیکە بۆ چوونەدەرەوە بدۆزێتەوە.

بەهەرحاڵ، وا دیارە کە ئەو زنجیرە ڕووداوە سەیرانەی کە بەدرێژایی شەو لەم ژوورەدا ڕوویان دا بەیەکجاری و بۆ هەمیشە کۆتاییان پێ هاتبێت. سووڕێک کامڵ بووە، هەموو ئاڵۆزییەکان چارە کراون، شڵەژانەکان دامرکاون و شتەکان گەڕاونەتەوە سەر ڕەوشی بنەڕەتیی خۆیان. لە دەورووبەرماندا، هۆکار و هۆکەر دەستی یەک دەگرن، تێکەڵبوون و دابەشبوونیش هاوسەنگیی خۆیان دەپارێزن. دواجار، هەموو شتێک لە شوێنێکی لە شێوەی قەڵشێکی قووڵ و دوورەدەستەوە دەرکەوت. ئەم چەشنە شوێنانە، لە مەودای نێوان نیوەشەو و ئەو کاتەی ئاسمان ڕووناک دەبێتەوە، ڕێگاگەلێکی نهێنی بەر دەدەنە نێو تاریکی. هیچیەک لە یاساکانمان لەوێ هیچ کاریگەرییەکیان نییە. کەس ناتوانێت پێشگۆیی بکات ئاخۆ کەی یان لە کوێ ئەم چاڵەقووڵانە خەڵکی قووت دەدەن، یاخود کەی یان لە کوێ تفیان دەکەنە دەرەوە.

بەدەر لە هەر چەشنە شڵەژانێک، ئێری ئێستا لەنێو جێگاکەیدا خەوێکی خۆش خەوتووە. قژە ڕەشەکەی بە جوانییەکی چاوڕفێن و بێهاوتاوە بەسەر بالیفەکەیدا بڵاوەی کردووە. دەتوانین هەست بە نێزیکبوونەوەی کازیوە بکەین. ئێستا قووڵترین تاریکاییی شەو تێپەڕیوە.

بەڵام ئاخۆ بەڕاست وا بێت؟

ژوورەوەی (٧-یازدە)ـکە. تاکاهاشی بە جانتای ترۆمبۆنەکەی سەر شانییەوە، بە چاوتێبڕینێکی تەواو جیدییەوە خەریکە خواردن هەڵدەبژێرێت. بۆ خەو دەگەڕێتەوە بۆ شوقەکەی بەڵام کە لە خەو هەستا پێویستە شتێک بخوات. ئەو تاکە مشتەریی نێو فرۆشگەکەیە. (شەربەتی بۆمب)ـی شیکائۆ سووگا لە بڵیندگۆکانی بنمیچەکەوە بڵاو دەبێتەوە. تاکاهاشی لەفەیەکی تۆنەی پێچراوە لەنێو پلاستیک و پاکەتێک شیر هەڵدەگرێت. ماوەی بەسەرچوونی سەر ئەم پاکەتە لەگەڵ ئەوەی سەر پاکەتەکانی دیکە بەراورد دەکات. شیر خواردنێکی گەلەگ گرینگی ژیانیەتی. کە باسی شیر بوو ناتوانێت بچووکترین وردەکارییش پشتگوێ بخات.

 

هەر لە ئەم ساتەدا مۆبایلێک لەسەر ڕەفەی پەنیرەکانەوە دەست دەکات بە زەنگلێدان. ئەمە هەر ئەو مۆبایلەیە کە شیراکاوا نەختێک لەمەوبەر لەوێ جێی هێشت. تاکاهاشی گرژ دەکات و بە دڕدۆنگییەکەوە چاوی تێ دەبڕێت. بڵێی کێ مۆبایلێکی لە شوێنێکی ئاوادا بەجێ هێشتبێت؟ بۆ شوێنی پارەوەرگرەکە دەڕوانێت بەڵام هیچ ئاسەوارێک لە کارمەندەکەی لێ نییە. مۆبایلەکە هەر دەزرینگێتەوە. تاکاهاشی ئاخری مۆبایلە زیوییە بچووکەکە دەگرێتە دەستییەوە و پەنجە دەنێتە دوگمەی وەڵامدانەوەکەدا.

“سڵاو؟”

دەمودەست دەنگی زەلامێک دەڵێت “هەڵاتنت بۆ نییە. هەڵاتنت بۆ نییە. هەرچەندەش دوور کەویتەوە، هەر دەتگرین.”

دەنگێکی بێتینە، وەکوو لەڕووی نووسراوەیەک بیخوێنێتەوە. هیچ هەستێک بەرجەستە نابێت. تاکاهاشیش خۆ هیچ نازانێت کابرا باسی چی دەکات.

“هەی، ساتێک ڕاوەستە.” تاکاهاشی وا دەڵێت، دەنگی لە پێشتر بەرزترە. بەڵام چما وشەکانی ناگەنە ئەو کابرایەی ئەوسەری هێڵەکە، کە بەردەوام هەر بەو دەنگە یەکڕیتمەوە قسان دەکات وەکوو ئەوەی پەیامێک لەسەر دەنگتۆمارکەرێک دابنێت.

“ڕۆژێک دێت دەدەین بەسەر شانتدا. دەزانین شێوەت چۆنە.”

“ئەمە ئەڵێی چی…”

پیاوەکە دەڵێت “ئەگەر ڕۆژێک لە شوێنێک کەسێک دای بەسەر شانتدا، ئەوە ئێمەین.”

تاکاهاشی هیچ نازانێت دەبێت لە وەڵامی ئەمەیاندا چی بڵێت. بێدەنگ دەمێنێتەوە. تەلەفۆنەکە بۆ ماوەیەک لەنێو قەفەسەی ساردکەرەوەکەدا ماوەتەوە و لەنێو دەستیدا ساردییەکی ناحەزی هەیە.

“لەوانەیە تۆ لەبیری بکەیت چیت کردووە، بەڵام ئێمە قەت لەبیری ناکەین.”

تاکاهاشی دەڵێت “هەی، نازانم چ باسە بەڵام پێت دەڵێم منت لەگەڵ کەسێکی تر لێ تێک چووە.”

“هەڵاتنت بۆ نییە.”

پەیوەندییەکە دەپچڕێت. تەلەفۆنەکە دادەخرێت. دوا پەیامەکە لەسەر کەنارێکی چۆڵوهۆڵدا بەرەڵا دەبێت. تاکاهاشی چاو دەبڕێتە تەلەفۆنەکەی دەستی. هیچ نازانێت “ئێمە”ی کابرا کێن یان بڕیار بووە کێ وەڵامی تەلەفۆنەکە بداتەوە، بەڵام دەنگی زەلامەکە وەکوو نەفرینێکی بێمانا کە هەستێکی ناخۆش لەدوای خۆی بەجێ دێڵێت هەر لە گوێیدا—ئەوەیان کە نەرمێنەکەی تێک چووە—دەمێنێتەوە. هەست بە سافی و ساردییەک لە دەستیدا دەکات، وەکوو هەر ئێستا مارێکی گرتبێت.

تاکاهاشی وا بیر دەکاتەوە، چەند کەسێک، بە هەندێک هۆکار، بەدووی کەسێکەوەن. بەپێی ئەو دڵنیاییەی نێو دەنگی کابرا، ئەو کەسە پێدەچێت قەت هەڵاتنی بۆ نەبێت. ڕۆژێک، لە شوێنێک، لە ساتێکدا کە هیچ چاوەڕێی ناکات، کەسێک دەدات بەسەر شانیدا. پاش ئەوە چی دەبێت؟

تاکاهاشی بە خۆی دەڵێت، هەرچییەک بێت چ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە. ئەمە نموونەیەکە لەو هەموو کردەوە دڕندە و وەحشییانەی بەنهێنی لە لایەنە شاراوەکەی شاردا ئەنجام دەدرێن—شتگەلێکی سەر بە جیهانێکی دیکە کە بە ڕێگایەکی دیکەدا دێن. من بەس ڕێبوارێکی بێتاوانم. تاکە شتێک کردبێتم ئەوەیە کە لەسەر دڵسۆزی وەڵامی مۆبایلێکم داوەتەوە کە لەسەر ڕەفەی فرۆشگەیەکی-شەوانەڕۆژیدا زەنگی لێدەدا. وای بۆ چووم کە کەسێک زەنگی داوە و ویستوویەتی شوێنی مۆبایلە ونبووەکەی هەڵبکات.

سەری مۆبایلەکە دەنێتەوە و هەر لەو شوێنەی کە دۆزییەوە، لە تەنیشت سندووقێکی لەتە پەنیری (کامەمبێرت)ـدا دایدەنێتەوە. باشترە چیدی حەقم بەسەر ئەم مۆبایلەوە نەبێت. باشترە تا دەتوانم خێرا لێرە بڕۆم. باشترە تا دەتوانم لەو ئامێرە مەترسیدارە دوور بکەومەوە.بە هەڵەداوان بەرەو دەخڵەکە دەچێت، مشتێک وردە لە گیرفانی دەردێنێت و پارەی شیر و لەفەکەی دەدات.

تاکاهاشی بەتەنیا و لەسەر کورسییەتەختەی پارکێک. پارکە بچووکەکە وا پشیلەکانی لێ بوو. کەسی دیی لێ نییە. دوو جۆڵانە شانبەشانی یەک، گەڵای زەردیش عەرزی داپۆشیوە. مانگیش بە ئاسمانەوە. مۆبایلەکەی لە گیرفانی پاڵتۆکەیەوە دەردێنێت و ژمارەیەک لێدەدات.

ژوورەکەی ئاڵفاڤیل، ئەوەی ماریی تێدایە. تەلەفۆنەکە زەنگ لێ دەدات. لەسەر چوارەم یان پێنجەم زەنگ خەبەری دەبێتەوە و بە مۆنییەکەوە سەیری کاتژمێرەکەی دەکات. هەڵدەستێت و بیستۆکی تەلەفۆنەکە هەڵدەگرێت.

ماری دەڵێت “سڵاو.” گومانێک لە دەنگیدایە.

“سڵاو، منم. خەوتبووی؟”

ماری دەڵێت “نەختێک.” بان شوێنەدەمەکە دەگرێت و گەرووی ساف دەکات. “کێشە نییە. هەروا لەسەر کورسییەک سەرخەوێکم دەشکاند.”

“بچین بۆ بەرچایی؟ لەو چێشتخانەیەی باسم بۆ کردی، ئەوەی ئۆملێتی چاکی هەیە؟ تەواو دڵنیام شتی باشی دیکەشیان هەیە.”

ماری دەپرسێت “ڕاهێنان دوایی هات؟” بەڵام خۆیشی بەحاڵ دەنگی خۆی بناسێتەوە. خۆمم و خۆم نیم.

“ئەیچۆن. ئێستاش خەریکە دەمرم لە برسان. ئەی تۆ؟”

“ڕاستییەکەی، نە زۆر. پێم باشترە بڕۆمەوە بۆ ماڵ.”

“ئەوەش کێشە نییە. تا وێستگەکە لەگەڵت دێم. پێموا شەمەندەفەرەکان کەوتبێتنەوە ڕێ.”

ماری دەڵێت “دڵنیام دەتوانم خۆم لێرەوە تا وێستگەکە بڕۆم.”

“پێم خۆشە ئەگەر بکرێت کەمەکێ تریش قسەت لەگەڵ بکەم. با لە ڕێگای وێستگەکەدا قسە بکەین. ئەگەر پێت ناخۆش نەبێت.”

“نا، پێم ناخۆش نییە.”

“تا دە خولەکی تر لەوێم. باشە؟”

ماری دەڵێت “باشە.”

تاکاهاشی تەلەفۆنەکە دادەخات، دەیچەمێنێتەوە و دەینێتە گیرفانی. لەسەر کورسییەتەختەی پارکەکە هەڵدەستێت، تەواو خۆی دەکێشێتەوە و سەرێک بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە. هێشتا تاریکە. هەمان مانگی دووشەوە لەوێ بە ئاسمانەوەیە. کە پێش هاتنی کازیوە لە سووچێکی شارەوە پێیدا دەڕوانیت، لات سەیرە کە وەها شتێکی ڕەقی زەبەلاح وا بە خۆڕایی لەوێ هەڵواسرابێت.

تاکاهاشی چاوی لەسەر مانگەکەیە و بە دەنگێکی بەرز دەڵێت “هەڵاتنت بۆ نییە.”

زرینگانەوەی ئەفسووناوییی ئەو وشانە وەکوو چەشنە میتافۆرێک لە ناخی تاکاهاشیدا دەمێنێتەوە. “هەڵاتنت بۆ نییە… لەوانەیە تۆ لەبیری بکەیت چیت کردووە، بەڵام ئێمە قەت لەبیری ناکەین.” کابرای سەر تەلەفۆنەکە وای گوت. تاکاهاشی هەرچی زۆرتر بیر لە ماناکانیان دەکاتەوە، زۆرتر وای دێتە بەرچاو کە ئەو وشانە بۆ کەسێکی دیکە نەبووبێتن و هەر بۆ ئەم بووبن—بەتایبەتی و ڕاستەوخۆ. ڕەنگە ڕێکەوت نەبووبێت. ڕەنگە مۆبایلەکە لەسەر ڕەفەی ئەو فرۆشگە-شەوانەڕۆژییەدا خۆی مەڵاس دابێت و ڕێک چاوەڕێی تێپەڕینی ئەمی کردبێت. تاکاهاشی بیری لێ دەکاتەوە “ئێمە”، ئاخۆ ئەم “ئێمە”یە کێ بن؟ و “ئێمە” قەت چی لە بیر ناکەن؟

تاکاهاشی جانتای ئامێرەکەی و جانتا قوماشەکەی دەخاتە سەر شانی و بە کاوەخۆ بەرەو ئاڵفاڤیل دەکەوێتە ڕێ. بەدەم ڕۆیشتنەوە دەست بە ڕیشیدا دەهێنێت کە تازە لەسەر کوڵمەکانی شین بووە. دوا قۆناغی تاریکیی شەو وەکوو پێستێکی ناسک شارەکە دادەپۆشێت. لۆریی زبڵەکان وردەوردە لەسەر شەقامەکان دەردەکەون. کە بارەکانیان کۆ دەکەنەوە و دەڕۆن،

ئەو خەڵکانەی کە شەویان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی شارەکەدا ڕۆژ کردووەتەوە بەرەبەرە جێگەیان دەگرتنەوە، بەرەو وێستگەکانی میترۆ دەکەونە ڕێ، مەبەستیانە بەو یەکەم شەمەندەفەرانەدا ڕابگەن کە دەیانباتە ناوچەکانی قەراغ شار، وەکوو پۆلەماسییەکان وا بە پێچەوانەی تەوژمی ڕووبارێکدا مەلە دەکەن. ئەو خەڵکانەی ئاخری لەو ئیشانە بوونەتەوە کە دەبێت بەدرێژاییی شەو جێبەجێیان بکەن، ئەو لاوانەی بەدرێژاییی شەو یاریکردن ماندووی کردوون: بە هەموو جییاوازییەکی دۆخەکانیانەوە، هەردووکیان وەکوو یەک دەنگنەکەرن. تەنانەت ئەو دوو هاوژینە لاوەش کە لەبەر مەکینەیەکی فرۆشتنی خواردنەوەدا دەوەستن و توند پێکەوە نووساون، هیچ قسەیەکی دیکەیان بۆ یەک نییە. لەجیاتی ئەوە، ئەوەی بەبێدەنگ بۆ یەکی دەگوازنەوە گەرمای بەردەوامی جەستەیانە.

شتێکی نەماوە ڕۆژی نوێ بگات بەڵام دوێنێ هێشتا خەریکە کەوا شۆڕەکەی کێش دەکات. هەر وەکوو چۆن ئاوی دەریا و ئاوی ڕووبارێک لە ڕێژگەیەکدا دەستەویەخەی یەکتر دەبن، کاتی کۆن و کاتی نوێ بەشەڕ دێن و تێکەڵ دەبن. تاکاهاشی ناتوانێت دڵنیا بێت ئاخۆ کام لایەن—کام جیهان—چەقی قورساییی ئەمی لەخۆ گرتووە.

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg