بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ١٧

١٧

ماری و تاکاهاشی شانبەشان بە شەقامەکەدا پیاسە دەکەن. ماری جانتاکەی کردووەتە شانی و شەپقە ڕێد سۆکسەکەی تاسەر چاوانی داهێناوە. چاویلکەی لەچاو نەکردووە.

تاکاهاشی دەپرسێت “ماندوو نیت؟”

ماری سەری با دەدات. “سەرخەوێکم شکاند.”

“جارێکیان پاش پرۆڤەکردنێک بەدرێژاییی شەو وەکوو ئەوەی ئەمشەو، لە شینژۆکو سواری شەمەندەفەری چووئۆ بووم بڕۆمەوە بۆ ماڵ، کەچی لە دەرەوەی شار و لە یاماناشی خەبەرم بووەوە. دەورووبەر یەکسەر کێو بوو. فشە ناکەم، بەڵام لەو کەسانەم کە دەتوانن لە هەموو شوێنێک خێرا خەویان لێ بکەوێت.”

ماری هەر وا بێدەنگە وەکوو بیر لە شتێکی دیکە بکاتەوە.

تاکاهاشی دەلێت “بەهەرحاڵ، با بگەڕێینەوە سەر باسەکەی پێشوومان… سەبارەت بە ئێری ئاسا. بێگومان ئەگەر ناتەوێت ناچار نیت باسی لێوە بکەیت. بەڵام هەر با شتێکت لێ بپرسم.”

“باشە.”

“خوشکت بۆ ماوەیەکی زۆرە کە خەوتووە و مەبەستیشی نییە لە خەو هەستێت. شتێکی ئەوهات گوت، وایە؟”

“وایە.”

“نازانم چۆناوچۆنە، بەڵام دەکرێت لە کۆما یان چەشنە دۆخێکی بێهۆشیدا بێت؟”

ماری نەختێک دەنگی دەنووسێت و دەڵێت “نا، ئەوانە نییە. پێموا نییە لە ئێستادا چ مەترسییەکی گیانیی هەبێت. ئەو… بەس خەوتووە.”

تاکاهاشی دەپرسێت “بەس خەوتووە؟”

ماری ئاخێک هەڵدەکێشێت “ئم، ئەوە نەبێت… ببوورە بەڵام لەوە ناچێت بتوانم باسی لێوە بکەم.”

“کێشە نییە. ئەگەر پێت ناکرێت، هیچ مەڵێ.”

“ماندووم و ناتوانم لەسەرخۆ بم. دەنگیشم لە گوێمدا لە دەنگی خۆم ناچێت.”

“کێشە نییە. بۆ کاتێکی تر. جارێ با لێگەڕێین.”

ماری بە بارسووکییەکەوە دەلێت “باشە.”

بۆ ماوەیەک باس لە هیچ شتێکەوە ناکەن. بەس بەرەو وێستگەکە دەڕۆن. تاکاهاشی بە دەنگێکی نزم ئاوازێک دەفیکێنێت.

ماری دەڵێت ”نازانم کەی دەیەوێت ڕووناک ببێتەوە. “

تاکاهاشی سەیری کاتژمێرەکەی دەکات. ”لەم وەرزەدا… همم… ڕەنگە شەش و چل. شەوانی ئێستا درێژترن لە هەمیشە. تاریکی دەمێکی زۆر دەخایەنێت. “

“کە دونیا تاریکە، بەڕاست مرۆڤ ماندوو دەکات، وا نییە؟”

تاکاهاشی دەڵێت “ئەو کاتەیە کە هەمووان دەشێ خەوتبێتن. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، گەشەیەکی تەواو نوێیە کە مرۆڤەکان ئاسوودەن بەوەی لە پاش تاریکی بڕۆنە دەرەوە. جاران وا بوو کە هەر خۆر نیشت، خەڵک بخزێنە نێو ئەشکەوتەکانیان و خۆیان بپارێزن. کاتژمێرە ناوەکییەکانمان هێشتاش هەر وا بۆمان ڕێک خراون کە پاش خۆرنیشتن بخەوین.”

“دەڵێی کاتێکی هەرە زۆر لەمەوبەر بوو کە دوێنێ شەو تاریکی کرد.”

“دەی خۆ هەر ماوەیەکی زۆریشە.”

لە بەردەم دەرمانخانەیەکەوە تێپەڕ دەبن کە لۆرییەکی گەورە لە پێشەوەیدا پارکی کردووە. شۆفێرەکە خەریکی داگرتنی باری لۆرییەکەیە بۆ نێو دەڕابە نیوەکراوەکەی دووکانەکە.

تاکاهاشی دەپرسێت “پێتوایە بکرێت بەمزوو دیسان بتبینمەوە؟”

“بۆچی؟”

“بۆچی؟ چوکە دەمەوێ بتبینمەوە و کەمێکی تر قسەت لەگەڵ بکەم. لە کاتێکی ئاساییتری ڕۆژدا، ئەگەر بکرێت.”

“مەبەستت، وەکوو، ژووانێک؟”

“ڕەنگە بکرێت وای پێ بڵێیت.”

“لەگەڵ من باسی چی بکەیت؟”

تاکاهاشی بیری لێ دەکاتەوە. “پرسیاری ئەوەم لێ دەکەیت کە چ چەشنە بابەتێکمان بە هاوبەش هەیە؟”

“ئێری لێبەدەر، ئەرێ.”

“همم… بابەتی هاوبەش… پرسیاری وا و وەها بەیەکجاری… منیش بیرم بۆ هیچ شتێکی بەرهەست ناچێت. ڕێک لەم چرکەساتەدا. بەس وا هەست دەکەم ئەگەر پێکەوە بین زۆر شتمان بۆ باسکردن دەبێت.”

“قسەکردن لەگەڵ من خۆشییەکی وای نییە.”

“کەسێک تا ئێستا ئەوەی پێ گوتووی؟—کە قسەکردن لەگەڵت خۆش نییە؟”

ماری سەری با دەدات. “نا خۆ.”

“کەواتە جێگەی نیگەرانی نییە.”

پێیان گوتووم کەسایەتییەکی ڕەشم هەیە. چەند جارێک.”

تاکاهاشی جانتای ترۆمبۆنەکەی لە شانی ڕاستییەوە دەخاتە سەر شان چەپی. ئینجا دەڵێت “وا نییە کە ژیانمان یەکسەر دابەش بووبێتە نێوان ڕەش و سپی.

مەودایەکی خۆڵەمێشی لەو نێوانەدایە. دیتنەوە و تێگەیشن لە بەشە خۆڵەمێشییەکان ئەو شتەیە کە عەقڵێکی تەندرووست دەیکات. گەیشتن بە عەقڵێکی تەندرووستیش هەندێک کات و ئەرکی دەوێت. پێموا نییە کەسایەتییەکی وەها ڕەشت هەبێت.”

ماری بیر لە قسەکانی تاکاهاشی دەکاتەوە و دەڵێت “بەڵام کەسێکی ترسنۆکم.”

“هەڵەکەت لێرەدایە. کچێکی ترسنۆک شەوان لەناو شارەکەدا ئاوا بەتەنیا نایەتە دەرەوە. دەتویست شتێک لێرە بدۆزیتەوە. وایە؟”

“مەبەستت چییە، ‘لێرە’؟”

“شوێنێکی جیاواز: شوێنێک لە دەرەوەی ناوچە هەمیشەییەکەی خۆت.”

“لەوە ناچێت شتێکم دۆزیبێتەوە—لێرە.”

تاکاهاشی بزەیەک دەگرێت و سەیری ماری دەکات. “بەهەرحاڵ، دەمەوێ دیسان، لانیکەم بۆ یەک جاری دیکە، بتبینمەوە و قسەت لەگەڵ بکەم. ئەوەم پێ خۆش دەبێت.”

ماری سەیری تاکاهاشی دەکات. نیگایان یەک دەگرێت.

ماری دەلێت “ئەوەیان ڕەنگە نەکردە بێت.”

“نەکردە؟”

“ئم.”

“یانێ دەڵێی لەوانەیە من و تۆ قەت یەکدی نەبینینەوە؟”

ماری دەڵێت “ئەگەر واقعیانە سەیری بکەین.”

“کەپڵت هەیە؟”

“ئێستا، نەخێر.”

“کەواتە هەر حەزت لێم نییە؟”

ماری سەری با دەدات. “وام نەگوت. پاش ئەم دووشەمەکە لە ژاپۆن نابم. دەڕۆم بۆ پەکین. وەکوو جۆرێک قوتابی-گۆڕینەوە، لانیکەم تا پووشپەڕی داهاتوو لەوێ دەبم.”

تاکاهاشی، سەرسام، دەڵێت “بێگومان. تۆ خوێندکارێکی وەها ناوازەیت.”

“ناوم نووسی هات و هەڵیانبژاردم—کە واش دەرچوو. قوتابییەکی ساڵی یەکەمم، گوتم هیچ ئەگەری نییە وەربگیرێم، بەڵام پێموا چەشنە پرۆگرامێکی تایبەت بێت.”

“زۆر چاکە! پیرۆزە.”

“دەی، بەهەرحاڵ، هەر چەند ڕۆژێکم ماوە تاکوو بڕۆم و لەوانەیە تەواو سەرقاڵی ئامادەبوون بم…

“بێگومان.”

“بێگومان چی؟”

تاکاهاشی دەڵێت “تۆ دەبێت خۆت ئامادەی ڕۆیشتن بۆ پەکین بکەیت، سەرقاڵی شتی جۆراوجۆر دەبیت و کاتت نابێت بۆ ئەوەی من ببینیت. بێگومان. تەواو تێدەگەم. کێشە نییە، ئاساییە. دەتوانم چاوەڕێ بکەم.”

“بەڵام تا شەش مانگ یان زیاتریش ناگەڕێمەوە بۆ ژاپۆن.”

“لەوانەیە پێمەوە دیاری نەدات، بەڵام دەتوانم کەسێکی زۆر بەسەبر بم. کوشتنی کاتیش یەکێکە لە بەهرەکانم. ناونیشانی ئەوێتم بدەرێ، باشە؟ دەمەوێ نامەت بۆ بنووسم.”

“پێموا، کێشە نییە.”

“ئەگەر نامە بنووسم، وەڵامم دەدەیتەوە؟”

ماری دەڵێت “ئم.”

“جا کاتێک ئەم هاوینەکە گەڕایتەوە بۆ ژاپۆن، با ئەو ژوانەمان هەبێت، یان هەر جۆرێک پێت خۆشە ناوی بنێ. دەتوانین بڕۆین بۆ باخچەی ئاژەڵان یان باخی ڕووەکەکان

یان بۆ ئەکواریۆم و پاشان، بیلامانێ، نازدارترین هێلکەوڕۆنێک کە دەست بکەوێت دەخۆین.”

ماری دیسان سەیرێکی تاکاهاشی دەکات—چاو دەبڕێتە چاوی، وەکوو بیەوێت لە شتێک دڵنیا ببێتەوە.

“بەڵام تۆ بۆچی دەبێ حەزت لە من بێت؟”

“پرسیارێکی باشە. ڕێک لەم ساتەدا بە خۆیشم ڕوون ناکرێتەوە. بەڵام ڕەنگە—بەس ڕەنگە—ئەگەر بکەوینە یەکدیببینین و قسەکردن، پاش ماوەیەک شتێک وەکوو پارچە مۆسیقایەکی (فرانسیس ڵای) لە پاشخاندا دەست بکاتە بڵاوبوونەوە و لەپڕێکدا کۆڵێک هۆکاری بەرهەست کە بۆچی حەزم لێتە ڕیز ببن. بەخت یار بێت، لەوانەیە تەنانەت بەفریشمان بۆ ببارێت.”

کاتێک دەگەنە وێستگەکە، ماری تێنووسێکی بچووکی سوور لە گیرفانی دەردێنێت، ناونیشانەکەی پەکینی تێدا دەنووسێت، لاپەڕەکەی لێ دەکاتەوە و دەیداتە تاکاهاشی. تاکاهاشی دوولا دەقی دەکات و دەیخاتە نێو جزدانەکەیەوە و دەڵێت “سوپاس. جا نامەیەکی درێژ و جوانت بۆ دەنووسم.”

ماری لە بەردەم دەرکەی خۆکاری بلیتەکەدا دەوەستێت، بیر لە شتێک دەکاتەوە. دڵنیا نییە ئاخۆ دەبێت ئەو شتەی لە مێشکیدایەی پێ بڵێت.

کە بڕیار دەدات دەستی پێ بکات، دەڵێت “پێشتر سەبارەت بە ئێری شتێکم بیر هاتەوە. زۆر دەمێک بوو لەبیرم کردبوو، بەڵام پاش ئەوەی لە هۆتێلەکەدا تەلەفۆنت بۆ کردم و منیش نیوەوشیار لەسەر کورسییەکە بووم، لەتێکڕا هاتەوە یادم. نازانم ئاخۆ دەبێ هەر ئێستا و لێرەدا بۆتی باس بکەم.”

“بێگومان دەبێ.”

ماری دەڵێت “پێم خۆشە تا یادەوەرییەکەی تازەیە بۆ کەسێکی باس بکەم. ئەگینا، پێدەچێت وردەکارییەکانی بزر ببن.”

تاکاهاشی دەستێک لە گوێی دەدات بۆ ئاماژەدان بە ئامادەبوونی بۆ گوێگرتن.

ماری دەستپێ دەکات “کاتێک لە باخچەی ساوایاندا بووم، جارێکیان من و ئێری لەنێو بەرزکەرەوەی باڵەخانەکەماندا گیرمان خوارد. پێموا دەبێ بوومەلەرزە بووبێت.

بەرزەکەرەوەکە لەنیوان نهۆمەکاندا کەوتە لەرینەوەیەکی توند و لەپڕ وەستا. گڵۆپەکان کوژانەوە و بوو بە تاریکییەکی تەواو. دەڵێم تاریکییەکی تەواو: دەستی خۆیشتت نەدەبینی. کەسی دی لەنێو بەرزکەرەوەکەدا نەبوو، هەر ئێمە دووانی بووین. خۆ تۆقام: تەواو ڕۆحم سپارد. وەکوو ئەوە بوو دەستبەجێ بووبێتم بە بەرد. جووڵەم لێ بڕابوو. بەحاڵ هەناسەم بۆ دەدرا، دەنگم دەرنەدەهات. ئێری بانگی کردم، بەڵام نەمدەتوانی وەڵام بدەمەوە. زەندەقم چووبوو: وەکوو مێشکم سڕ بووبێت و دەنگی ئێری بەکزی لە درزێکەوە بمگاتێ.”

ماری بۆ ئێستێک چاو دەنووقێنێت و لە خەیاڵیدا دەگەڕێتەوە نێو ئەو تاریکییە.

درێژە بە چیرۆکەکەی دەداتەوە. “بیرم نایە تاریکییەکە چەندی خایاند. ئێستا وا هەست دەکەم یەکجار درێژ بووبێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەوەندەش زۆری نەخایاندبێت. ئەوەی کە ڕێک چەند خولەکی خایاند—پێنج خولەک، بیست خولەک—بەڕاست گرینگ نییە. شتە گرینگەکە ئەوەییە کە لە هەموو ئەو ماوەیەی نێو تاریکییەکەدا، ئێری لە باوەشی گرتبووم. جا لەئامێزگرتنێکی هەروا ئاسایی نەبوو. وەها توند دەیگوشام جەستەمان دەتگوت خەریکە ببن بە یەک. بۆ چرکەیەکیش ئامێزی شل نەکرد. هەستێک بوو وەکوو ئەگەر تۆزقاڵێکیش لێک دابڕێین، ئیدی لەم دنیایەدا قەت جارێکی دی یەک نابینینەوە.

تاکاهاشی پاڵی داوەتە دەرکەی بلیتەکەوە، هیچ ناڵێت و چاوەڕێی درێژەی چیرۆکەکەی مارییە. ماری دەستی ڕاستی لە گیرفان چاکەتەکەی زانکۆی دەردێنێت و بۆ ماوەیەک چاوی تێ دەبڕێت. ئینجا سەری بەرز دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت:

“بێگومان ئێریش تۆقابوو لە ترساندا، دڵنیام. ڕەنگە تەنانەت بەقەد من ترسابێت. دەبێ ویستبێتی بقیژێنێت و بگری. مەبەستم، دواجار ئەو بەس پۆلی دووەم بوو. بەڵام هێمن مایەوە. لەوانەیە دەمودەست بڕیاری دابێت کە بەهێز بێت. بڕیاری لێ دابوو کە لە پێناوی مندا ئەو دەبێت خوشکە گەورە بەهیزەکە بێت. هەموو ئەو ماوەیەش لە گوێمدا شتگەلێکی دەچرپاند وەکوو ‘دەربازمان دەبێت. هیچ ترسی ناوێت. من لەگەڵتم و هەرزوو کەسێک بە دەنگمانەوە دێت.’ تەواو لەسەرخۆ بوو. وەکوو کەسێکی گەورە. تەنانەت گۆرانی بۆ دەگوتمەوە، هەرچەند گۆرانییەکانم لەبیر نییە. دەمویست لەگەڵی گۆرانی بڵێم، بەڵام نەمدەتوانی. وەها ترسابووم دەنگم دەرنەدەهات. بەڵام ئێری هەر خۆی بەردەوام گۆرانی بۆ دەگوتم. بەتەواوی خۆم سپاردە ئامێزی.

هەردووکمان بووین بە یەک: هیچ کەلێنێک لە نیوانمداندا نەبوو. تەنانەت لێدانی دڵیشمان بوو بە یەک. ئینجا لەناکاو گڵۆپەکان داگیرسانەوە، بەرزکەرەوەکەش دیسان شەکایەوە و کەوتەوە ڕێ.”

ماری ئێستێک دەکات. بە یادەوەرییەکانیدا دەچێتەوە و بۆ وشەکان دەگەڕێت.

بەڵام ئەوە دواهەمین جار بوو. ئەوە… چۆنی بڵێم؟… ئەو ساتەوەختە بوو لە ژیانمدا کە توانیبێتم زۆرتر لە هەمیشە بە ئێری نێزیک ببمەوە… ئەو ساتەوەختەی کە من و ئەو دڵ و دەروونمان بوو بە یەک: هیچ شتێک لێکی جیا نەدەکردینەوە. پاش ئەوە، وا دیارە، لێک دوورتر و دوورتر دەبووینەوە. لێک دابڕاین و هەرزوو لە دوو جیهانی جیاوازدا دەژیاین. ئەو هەستی یەکگرتنەی لەنێو تاریکاییی بەرزکەرەوەکەدا هەستم پێ کرد، ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان دڵەکانمان، ئیدی قەت نەگەڕایەوە. نازانم کێشە لە چیدا بوو بەڵام قەت پێمان نەکرا بگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوە دەستمان پێ کردبوو.”

تاکاهاشی دەست دەبات و دەستی ماری دەگرێت.ماری بۆ چرکەیەک ڕادەچڵەکێت بەڵام دەست لە دەستی ناکشێتەوە. تاکاهاشی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ هەروا بەهێمنی ئەو دەستە نەرم و چکۆلانەیەی دەگرێت.

ماری دەڵێت “نایشمەوێ بچم.”

“بۆ چین؟”

“ئم.”

“بۆچی نا؟”

“چوکە دەترسم.”

ئەویش دەڵێت “دەی ئەوە ئاساییە. بەتەنیا دەچیت بۆ شوێنێکی دوور و نامۆ.”

“دەزانم.”

تاکاهاشی دەڵێت “بەڵام کێشەت نابێت. من دەتناسم و لێرە چاوەڕێت دەبم.”

ماری سەری دەلەقێنێت.

تاکاهاشی دەڵێت “تۆ زۆر جوانی. ئەوەت دەزانی؟”

ماری چاو بەرز دەکاتەوە و دەڕوانێتە تاکاهاشی. ئینجا دەستی لەنێو دەستی ئەو دەکشێتەوە و دەیکاتە نێو گیرفانی چاکەتی زانکۆکەیەوە. چاو دادەخات و بۆ بەرپێی دەڕوانێت. دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە پێڵاوە زەردەکانی هێشتا هەر خاوێنن.

“سوپاس. بەڵام ئیستا دەمەوێ بڕۆمەوە بۆ ماڵ.”

ئەویش دەڵێت “بۆت دەنووسم. نامەیەکی دوورودرێژ، وەکوو هی نێو ڕۆمانە کلاسیکەکان.”

ماری دەڵێت “باشە.”

لە دەرکەی بلیتەکە دەچێتە ژوورەوە، بەرەو سەکۆکە دەڕوات و لەنێو شەمەندەفەرێکی تیژڕۆدا کە لەوێ وەستاوە بزر دەبێت. تاکاهاشی سەیری ڕۆیشتنەکەی دەکات. هەرزوو دەنگی سیگناڵی کەوتنەڕێ بەرز دەبێتەوە، دەرگاکان دادەخرێن و شەمەندەفەرەکە سەکۆکە بەجێ دێڵێت. کە شەمەندەفەرەکە لە بەرچاوی بزر دەبێت، تاکاهاشی جانتای ئامێرەکەی لەسەر عەرەزەکە هەڵدەگرێت، قایشەکەی دەخاتە سەر شانی و بەدەم فیکەلێدانێکی هێواشەوە بەرەو وێستگەکەی خۆی دەکەوێتە ڕێ. وردەوردە ژمارەی ئەو خەڵکانەی بەم وێستگەیەدا دەڕۆن زیاد دەکات.

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg