بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ١٨

١٨

ژوورەکەی ئێری ئاسا.

لە دەرەوەی پەنجەرەکەدا، دونیا خەریکە ڕووناک دەبێتەوە. ئێری ئاسا لەسەر قەرەوێڵەکەی خەوتووە. ڕوواڵەت و شێوەی خەوتنی هەر ئەوەی ئەوسایە کە بۆ دواجار بینیمان. خەو وەکوو پاڵتۆیەکی ئەستوور دایپۆشیوە.

ماری دێتە ژوورەوە. بەئەسپایی دەرگاکە دەکاتەوە تاکوو ئەندامانی دیکەی بنەماڵە هەستی پێ نەکەن، هەنگاو دەنێتە ژوورەوە و هەروا بەئەسپایی دەرگاکە دەداتەوە. بێدەنگی و ساردیی ژوورەکە هەندێک شپرزەی دەکەن. لە بەردەم دەرگاکە دەوەستێت و زۆر بەوردی شتومەکی نێو ژووری خوشکەکەی دەپشکنێت. سەرەتا دەڕوانێت تاکوو دڵنیا ببێتەوە ئەمە هەر ئەو ژوورەیە کە هەمیشە ناسیویەتی—کە هیچ شتێک دەستی لێ نەدرابێت، کە هیچ شتێک یان هیچ کەسێکی نەناس لە سووچێکدا خۆی مەڵاس نەدابێت. پاشان نێزیکی قەرەوێڵەکە دەبێتەوە و دەڕوانێتە خوشکی کە خەوێکی قووڵ خەوتووە. دەست دەبات و بە ئارامییەکەوە دەست دەنێتە سەر هەنیەی ئێری و بەئەسپایی بانگی دەکات. هەر هیچ وەڵامێکی نابێت. وەکوو هەمیشە. ماری کورسییە خولاوەکە لە شوێنەکەی خۆی و لە تەنیشت مێزەکەوە ڕادەکێشێت و دادەنیشێت. دادەنەوێتەوە و لە نێزیکەوە دەڕوانێتە ڕوومەتی خوشکی وەکوو بۆ مانای نیشانەیەک بگەڕێت کە لەوێ شاردرابێتەوە.

پێنج خولەکێک تێدەپەڕێت. ماری هەڵدەستێت، شەپقە ڕێد سۆکسەکەی دادەگرێت و قژە لێکاڵاوەکەی ساف دەکاتەوە. ئینجا کاتژمێرەکەی لە دەستی دەکاتەوە و دایدەنێتە سەر مێزەکەی خوشکی. چاکەتەکەی زانکۆی، بلووسە کڵاودارەکەی و کراسە فانیلە میلدارەکەی ژێریشی دادەکەنێت و تەنیا تیشەرتێکی سپی دەهێڵێتەوە. گۆرەوییە وەرزشییە ئەستوورەکانی و کابۆ شینەکەی دادەکەنێت و ئینجا بەئارامی خۆی دەخزێنێتە نێو قەرەوێڵەی خوشکەکەیەوە. دەوەستێت تاکوو جەستەی لەگەڵ هاتنە ژێر لێفەکەدا ڕابێت، پاشان باسکی باریکی بە ئاڕاستەی جەستەی خوشکیدا دادەنێت کە بە پشتەوەڕا خەوتووە. بەنەرمی گوپی بە سینگی خوشکییەوە دەنووسێنێت و لەوێ ڕادەوەستێت و گوێ دەگرێت، بەو هیوایەی کە لە تاکبەتاکی لێدانەکانی دڵی خوشکی تێبگات. سووک چاوەکانی لێک ناوە و گوێ دەگرێت. هەرزوو، کتوپڕ فرمێسک لە چاوە نووقاوەکانییەوە بەردەبێتەوە— فرمێسکی درشت و تەواو سرووشتی. بە کوڵمیدا دێنە خوارێ و بێجامەی خوشکە خەوتووەکەی تەڕ دەکەن.

ماری لەنێو جێگاکەدا ڕەپێ دەبێتەوە و بە سەرپەنجەکانی فرمێسکەکانی سەر کوڵمی دەسڕێتەوە. بەرانبەر شتێک—ڕێک چی، خۆیشی بەڕوونی نازانێت—هەست دەکات جۆرە کارێکی تەواو نەشیاوی کردووە، شتێک کە قەت ناگەڕێتەوە. تەواو لە ناکاو و بەبێ هیچ پەیوەندییەکی دیار لەگەڵ هەستەکانی پێشووتردا ئەم هەستەی تێدا چاندراوە، بەڵام تاقەتپڕووکێنە. هەر فرمێسکە و شەپۆل دەدات. بە لەپی دەست دەیانگرێتەوە. هەر فرمێسکێکی نوێ کە دادەڕژێت، وەکوو خوێن گەرمە بە تینی نێو جەستەیەوە. لەناکاو ماری شتێکی بە خەیاڵدا دێت: دەکرا من لە شوێنێکی دیکەی جیا لە ئێرە بام. ئێریش هەروا: ئەویش دەکرا لە شوێنێکی دیکەی جیا لە ئێرە بایە.

ماری بۆ دڵنیاکردنەوەی خۆی، چاوێکی دیکە بەنێو ژوورەکەدا دەگێڕێت و پاشان دیسان چاو دەخاتەوە سەر خوشکی. ئێری بە خەوتوویی جوانە—یەکجار جوان. ماری بەجۆرێک خۆزگە دەخوازێت بیتوانیبایە ئەو ڕوومەتەی لەنێو دەفرێکی شووشەیدا هەڵبگرتایە. وشیاری لە ئێستادا بەجێی هێشتووە: لەوانەیە خۆی شاردبێتەوە، بەڵام بێگومان دەشێت لە شوێنێکی نادیاردا خەریکی گەشتکردن بێت، لە قووڵاییەکی زۆر دووردا، وەکوو ڕەگی کانیاوێک. ماری دەتوانێت دەنگدانەوە کزەکانی ببیستێت. گوێیان بۆ شل دەکات. ئەو شوێنەی لێوە دێن ئەوەندەش لێرەوە دوور نییە. ماری هەست دەکات، سووڕی خوێنی ئێری خەریکە لەگەڵ هی خۆمدا تێکەڵ ببێت. دواجار ئێمە خوشکین.

ماری دادەنەوێتەوە و بۆ چرکەساتێک لێوی دەنێتە سەر لێوی ئێری. سەر بەرز دەکاتەوە و دیسان دەڕوانێتە ڕوومەتی خوشکی. ڕێگە دەدات کات بەنیو دڵیدا تێبپەڕێت. دیسان ئێری ماچ دەکاتەوە: ماچێکی نەرمتر و درێژخایەنتر. ماری بەجۆرێک وا هەست دەکات وەکوو خۆی ماچ بکات. ماری و ئێری: بە یەک بڕگە جیاوازییەوە. بزەیەک دەکات. پاشان، وەکوو حەسابێتەوە، خۆی گرمۆڵە دەکات لە تەنیشت خوشکە گەورەکەیدا بخەوێت—تێکەڵی ببێت ئەگەر بکرێت، گەرمای جەستەی هەردووکیان بەش بکات، نیشانەکانی ژیانی لەگەڵدا بگۆڕێتەوە.

بە گوێی خوشکیدا دەچرپێنێت “بگەڕێوە ئێری. تکایە بگەڕێوە.” چاو دەنووقێنێت و هێز دەداتە بەر خۆی جەستەی بەجێ بێڵێت. کە چاو دەنووقێنێت،

خەو دێت و وەکوو شەپۆلێکی گەورە و هێمنی ناوەڕاستی دەریایەک دایدەپۆشێت. فرمێسکەکانی وەستاونەتەوە.

ڕووناکیی دەرەوەی پەنجەرەکە بە خێراییەکی زۆرەوە ڕووی لە زیادبوونە. هێڵی ڕووناکی تیشکە و بە درزەکانی پەردە ڤەنیسییەکەدا دەڕژێنە ژوورەکەوە. دۆخە مادییەکەی جاران خەریکە کاریگەریی خۆی دەدۆڕێنێت و پاشەکشە دەکات. خەڵکێکی زۆر هێشتا هەر وشە کۆنەکان دەمنگێنن، بەڵام لەبەر ڕۆشناییی ئەم هەتاوە تازە دەرکەوتووەدا، مانای وشەکان بەخێرایی دەگۆڕن و نوێ دەبنەوە. تەنانەت بەو گریمانەوە کە زۆربەی مانا نوێیەکانیش شتگەلێکی کاتین و بەس تا خۆراوای ئەو ڕۆژە دەمێننەوە، ئێمە هەر لەگەڵیان کات بەسەر دەبەین و بەردەوام دەبین.

لە سووچی ژوورەکەدا شاشەی تەلەفیزیۆنەکە پێدەچێت بۆ چرکەساتێک بریسکەی لێوە بێت. لەوانەیە ڕووناکی خەریک بێت بەرەو سەروەی تیوبی وێنەکە هەڵبکشێت. لەوانەیە شتێک لەوێ خەریک بێت دەست بە جووڵە بکات، ڕەنگە لەرینەوەی وێنەیەک. ئاخۆ سێرکتەکە لە هەوڵی پەیوەندیکردنەوەدا بدات؟ هەناسەمان ڕادەگرین و سەیری بەرەوپێشچوونەکەی دەکەین. ئەگەرچی لە چرکەی دادێدا، شاشەکە هیچ پێشان نادات. تاکە شتێک لەوێ بێت، بۆشاییە.

ڕەنگە ئەو شتەی وامانزانی بینیومانە بەس چاوخەڵەتێنەیەک بووبێت، ڕەنگدانەوەی گۆڕانێکی کاتی لە ئەو تیشکانەیدا کە لە پەنجەرەکەوە دەڕژێنە ژوورەوە. ژوورەکە هێشتا هەر بێدەنگی بە سەریدا زاڵە، بەڵام سەنگ و قورساییەکەی بەڕوونی دابەزیوە و کەمی کردووە. ئێستا زیقەزیقی باڵندەکان بەر گوێمان دەکەوێت. ئەگەر بمانتوانیبایە هەستی بیستنمان تیژتر بکەینەوە، لەوانەیە پێمان بکرایە گوێمان لە پاسکیلەکانی سەر شەقام یان ئەو خەڵکانەی پێکەوە دەدوێن یان ڕاپۆرتی کەشناسیی سەر ڕادیۆکان بایە. تەنانەت دەکرا گوێمان لە برژانی نانەکانیش بێت. ئەو تیشکە بەخشندەی بەربەیانە بەخۆڕایی هەموو قوژبنێکی جیهان دەشواتەوە. دوو خوشکی لاو بەهێمنی خەوتوون، جەستەیان لەنێو قەرەوێڵەیەکی بچووکدا پێکەوە نووساوە. لەوانەیە ئێمە تاکە کەسانێک بین کە بیزانێت.

 

ژوورەوەی ٧یازدە. کارمەندەکە لیستێکی بەدەستەوەیە، لەنێو ڕەفەکاندا چۆکی داوە و شتومەکەکان دەژمێرێت. هیپهۆپێـکی ژاپۆنی بڵاو دەبێتەوە. ئەمە هەر ئەو کوڕە گەنجەیە وا

لەسەر دەخڵەکە پارەکەی لە تاکاهاشی وەرگرت. لەڕێکی قژ بۆیەکراو بە سوورێکی مەیلەو قاوەیی. کۆتاییی شەفتی شەوانیەتی، ماندووە و زووزوو باوێشکێک دەدات. تێکەڵ بە مۆسیقاکە، زەنگلێدانی مۆبایلێک دەبیستێت. هەڵدەستێتە سەر پێ و بە دەورووبەردا دەڕوانێت. ئینجا هەموو ڕاڕەوەکان دەپشکنێت. هیچ مشتەرییەکی لێ نییە. ئەو تاکە کەسێکی نێو فرۆشگەکەیە، بەڵام مۆبایلەکە بێ بڕانەوە هەر زەنگ لێ دەدات. زۆر سەیرە. هەموو بەشەکانی فرۆشگەکە دەگەڕێت و ئاخری تەلەفۆنەکە لەسەر ڕەفەیەک لەنێو قەفەسەی شیرەمەنییەکاندا دەدۆزێتەوە.

چ نەگبەتێک مۆبایلەکەی لە شوێنێکی ئاوادا لەبیر دەچێت؟ دەبێ لەو گەمژە بێمێشکانە بووبێت. بە قرتەیەک لە زارییەوە و بە ڕوومەتێکی گرژەوە ئامێرە ڕچاوەکە هەڵدەگرێت، دەست دەنێتە دوگمەی وەڵامدانەوەکەدا، دەیگرێتە بەر گوێیەوە و دەڵێت “سڵاو.”

دەنگی زەلامێک بەبێ هیچ بەرزونزمییەک دەڵێت “لەوانەیە وابزانی ڕزگارت بووە،”

کارمەندەکە دەقیڕێنێت “سڵاو؟!”

“بەڵام ڕزگارت نابێت. دەتوانی هەڵبێیت، بەڵام قەت ڕزگارت نابێت.” بێدەنگییەکی کورت و بێشەرمانەی بەدوادا دێت و پاشان پەیوەندییەکە دەپچڕێت.

 

ڕێگە بە خۆمان دەدەین ببین بە گۆشەنیگایەکی پەتی و بە ئاسمانەوە بەسەر شارەکەدا شۆڕ دەبینەوە. ئەو شتەی ئێستا دەیبینین بەخەبەرهاتنەوەی پایتەختێکی زەبەلاحە. شەمەندەفەری گواستنەوە لە ڕەنگی جۆراوجۆر بە هەموو ئاڕاستەیەکدا دەڕۆن و خەڵک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی دەگوازنەوە. هەر یەک لەوانەی کە دەگوازرێنەوە مرۆڤێکن بە ڕوومەت و زەینێکی جیاوازەوە، هاوکاتیش هەرکامەیان و بەشێکی بێناوی کۆی پێکهاتەکەن. هەریەک هاوکات کۆیەکی سەربەخۆ و هەم بەشێکی بچووکن. بە ڕێکخستنێکی شارەزایانە و سوودمەندانەی ئەو دوولایەنێتییەیان، ڕێکوپێک و ژێهاتییانە ڕێوڕەسمەکانی بەیانیانیان بەجێ دێنن: ددان فڵچەدان، ڕیشتاشین، بۆینباخ بەستن، سووراوکردن. لە تەلەفیزیۆن سەیری هەواڵی بەیانیان دەکەن، لەگەڵ بنەماڵەیان قسەوباس دەکەن، دەخۆن و دەڕین.

لەگەڵ کازیوەدا قەلەڕەشەکان بە ڕەو دێن و لە نێو زبڵەکاندا بۆ خواردن دەگەڕێن. باڵە ڕەشە قەترانییەکانیان لەبەر هەتاوی بەیانیدا دەبریسکێنەوە. دوولایەنێتی بۆ قەلەڕەشەکان، بەقەد مرۆڤەکان، کێشەیەکی ئەوها گرینگ نییە. تاکە نیگەرانییەکی هەرە گرینگیان، دەستخستنی خۆراکی پێویستە بۆ مانەوەی خۆیان. لۆریی زبڵەکان هێشتا هەموو زبڵەکانیان کۆ نەکردووەتەوە. دواجار ئەمە شارێکی زەبەلاحە و قەبارەیەکی گەورە لە زبڵ بەرهەم دێنێت. قەلەڕەشەکان قیژەیان بەرز دەبێتەوە و وەکوو فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان خۆیان بە هەموو بەشەکانی شاردا بەر دەدەنەوە.

هەتاوی نوێ تیشکی نوێ بە سەر شەقامەکانی شاردا دەڕژێنێت. شووشەی باڵەخانە بەرزەکان تیژ دەچریسکێنەوە. پەڵە هەورێکیش بە ئاسمانەوە دیار نییە، تەنیا تەمی مژدووکەڵێک بە ئاسۆدا شۆڕ بۆتەوە. مانگی نوێ شێوەی تاشەبەردێکی بێدەنگی سپی گرتۆتە خۆی، کۆنە پەیامێکی هەڵواسراو بە ئاسمانی ڕۆژاوادا. هێلیکۆپتەرێکی میدیایی وەکوو مێروویەکی سەرلێشێواو بەنێو ئاسماندا سەما دەکات و وێنەی دۆخی هاتووچۆ دەنێرێتەوە بۆ ئێزگەکەی. ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەیانەوێت بێنە نێو شارەوە هەر ئێستاکە لەبەر ژوورۆچکەکانی باج وەرگرتنی ئۆتۆبانەکەی پایتەختدا ڕیزیان بەستووە. سێبەری سارد هێشتا بەسەر زۆرێک لە شەقامە ترنجاوەکانی نێوان باڵەخانە بەرزەکانەوە ماوەتەوە. زۆربەی بیرەوەرییەکانی دوێنێ شەو لەوێ وەکوو خۆیان دەمێننەوە.

 

گۆشەنیگامان لە ئاسمانی سەر ناوەندی شار دادەبڕێت و دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی سەر ناوچەیەکی هێمنی قەراغ شار. لە خوارمانەوەڕا ڕیزگەلێک لە خانووی دوو-نهۆمی بە حەسارەکانیانەوە ڕاوەستاون. لە سەرەوەڕا خانووەکان زۆر لێک دەچن — داهاتی هاوشێوە، بنەماڵەی هاوشێوە. ڤۆڵڤۆیەکی نوێی شینی تۆخ گەشگەش هەتاوی بەیانیانی تێدا دەدرەوشێتەوە. پەردەیەکی ڕاهێنانی گۆڵف لەسەر چیمەنێک هەڵکراوە. ڕۆژنامەکانی بەیانیان تازە بڵاو کراونەتەوە. خەڵک پیاسە بە سەگە زلەکانیان دەکەن. دەنگی ئامادەکردنی ژەمی خواردن لە پەنجەرەی چێشتخانەکانەوە دێت. خەڵک یەکدی بانگ دەکەن. لێرەشدا ڕۆژێکی تەواو نوێ خەریکە دەست پێدەکات. دەکرێت ڕۆژێک بێت وەکوو هەموو ڕۆژانی دی، دەشکرێت ڕۆژێک بێت لە زۆر لایەنەوە ئەوەندە ناوازە بێت کە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە. بەهەرحاڵ، لە ئیستادا، بۆ زۆربەی خەڵک لاپەڕەیەکی سپییە.

لە نێوان هەموو خانووە هاوشێوەکاندا خانوویەک هەڵدەبژێرین و دەمودەست بەرەو ئەوێ دادەبەزین. لە شووشە و پەردە ڤەنیسییە کرێم-ڕەنگە دادراوەکەی پەنجەرەیەکی نهۆمی دووهەمەوە دەپەڕینەوە و بێدەنگ دەچینە نێو ژوورەکەی ئێری ئاسا.

ماری لەسەر قەرەوێڵەکە خەوتووە، بە خوشکییەوە نووساوە. دەتوانین دەنگی هەناسە هێمنەکانی ببیستین. ئەوەندەی ئێمە بزانین، خەوێکی ئاسوودە خەوتووە. وا دیارە گەرمی بووبێتەوە: کوڵمەکانی لەوسا ڕەنگی زۆرتریان پێوەیە. ئەگریجەکانی چاوانی داپۆشیوە. بڵێی خەون ببینێت؟ یان ئەو سووکە بزەیەی سەر لێوەکانی ئاسەواری بیرەوەرییەک بێت؟ ماری بەنێو کاتژمێرە دوورودرێژەکانی تاریکیدا گەشتی کردووە، وشەگەلێکی زۆری لەگەڵ ئەو خەڵکە شەوگەڕانەدا گۆڕیوەتەوە کە لەوێ ناسیونی و گەڕاوەتەوە ئەو شوێنەی کە شوێنی خۆیە. لانیکەم لە ئیستادا هیچ شتێک لە دەورووبەردا نییە کە هەڕەشەی لێ بکات. کچێکی نۆزدە ساڵان، پارێزراوە بە دیوارەکان و بنمیچێک، هەروەها پارێزراوە بە چیمەنە سەوزە پەرژینکراوەکان، زەنگە وریاکەرەوەکان، ستەیشن واگۆنە تازە واکسکراوەکان و ئەو سەگە زل و زیرەکانەی بە دەڤەرەکەدا دەسووڕێنەوە. هەتاوی بەرەبەیان کە لە پەنجەرەکەوە تیشک دەداتەوە، بەهێمنی دایدەپۆشێت و گەرمی دەکاتەوە. دەستی چەپی ماری لەسەر قژی ڕەشی خوشکیدایە کە پەخشانە بەسەر سەرینەکەوە، قامکەکانی نەرم و بە چەوتێکی سرووشتییەوە کراونەتەوە.

سەبارەت بە ئێریش، نە لە پاڵکەوتنیدا و نە لە نیگایدا هیچ گۆڕانێک نابینین. تەواو بێخەبەر دیارە لەوەی کە خوشکە بچووکەکەی خزاوەتە نێو قەرەوێڵەکە و لە تەنیشتیدا خەوتووە.

دووماهی، دەمە بچووکەکەی ئێری نەختێک دەجووڵێت، وەکوو لە کاردانەوەی شتێکدا بووبێت. لەرەیەکی خێرای لێوەکانی کە بەس تاوێک دەخایەنێت، ڕەنگە یەک لە دەی چرکەیەک. چ گۆشەنیگای چاک و لێزانێکین، بەهەرحاڵ، ناتوانین چاو لەم جووڵەیە دابخەین. چاومان ئەم ئاماژە جەستەییە کاتییە بە گەشبینییەوە وەردەگرێت. لەرەکە بەڕاست دەکرێت سووکە لەزێکی هاتنی شتێک بێت. یانیش دەکرێت سەرەتاییترین نیشانەی لەدایکبوونەوەیەک بێت. هەرچییەک بێت، شتێک دەیەوێت لە کەلێنێکی بچووکی وشیارییەوە نیشانەیەک بۆ ئەمبەر بنێرێت. بەڕوونی وەها هەستێکمان پێ دەگات.

بەبێ لەمپەری دەرەکی، ئەم نیشانەیەی هاتنی شتانێک کاتی دەوێت تاکوو بەنێو ڕووناکیی بەرەبەیانە نوێکەدا بڵاو ببێتەوە، ئێمەش هەوڵ دەدەین بەئەسپایی و بە سەرنجێکی قووڵەوە سەیری بکەین. ئاخری، شەو دەستی بە ڕەوینەوە کردووە. هەندێک کاتمان هەیە تاکوو ئەم تاریکییەکە دەگات.

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg