٢
ژوورەکە تاریکە بەڵام چاومان وردەوردە لەگەڵ تاریکییەکە ڕادێت. ژنێک لەنێو جێگادا ڕاکشاوە و خەوتووە. ژنێکی لاو و جوان: ئێری، خوشکی ماری. ئێری ئاسا. ئێمە ئەمە دەزانین بەبێ ئەوەی کەس پێی گوتبێتین. قژە ڕەشەکەی وەکوو لافاوێکی ڕەش بەسەر سەرینەکەدا بەر بووەتەوە.
ڕێگە بە خۆمان دەدەین کە ببین بە تاقانە گۆشەنیگایەک و بۆ ماوەیەک سەیری دەکەین. ڕەنگە دەبێت بڵێین کە خەریکین بەدزییەوە سەیری دەکەین. گۆشەنیگاکەمان شێوازی کامێرایەکی هەوایی دەگرێتە خۆی کە دەتوانێت بەسەربەستی بەنێو ژوورەکەدا هاتوچۆ بکات. لە ئێستادا کامێراکە ڕێک بەسەر قەرەوێڵەکەوەیە و سەرنجی خستووەتە سەر ڕوومەتە خەوتووەکەی. گۆشەنیگامان بەخێرایی چاوترووکانێک لە گۆڕاندایە. لێوە بچووک و ناسکەکانی لە ڕاستەهێڵێکدا توند لێک نراون. لە یەکەم نیگادا ناتوانین هیچ نیشانەیەک لە هەناسەدان ببینینەوە، بەڵام بە چاوتێبڕینێکی قووڵ دەتوانین جووڵەیەکی سووک – زۆر سووک – لە بناقوڕگیدا هەست پێ بکەین. هەناسە دەدات. سەر لەسەر سەرین ڕاکشاوە وەکوو سەیری بنمیچەکە بکات. هەڵبەت خۆ سەیری هیچ ناکات. پێڵووەکانی وەکوو گۆپکە ڕەقەکانی زستان داخراون. خەوەکەی قورسە. ڕەنگە تەنانەت خەونیش نابینێت.
کە سەیری ئێری ئاسا دەکەین، وردەوردە ئەو هەستەمان تێدا پەیدا دەبێت کە شتێک لە خەوتنەکەیدایە کە ئاسایی نییە. زۆر پەتییە، زۆر بێخەوشە. نە ماسوولکەیەک لەسەر ڕوومەتی دەجوولێت، نە برژانگێکی. ملە شووش و سپییەکەی هەڵگری هێمنایەتییەکی چڕی بەرهەمێکی بەدەست درووستکراوە. چەناگە بچووکەکەی، لە شێوەی لووتەبەردێکی جوانی کەنار، گۆشەیەکی ڕێکی نەخشاندووە. تەنانەت لە خەواڵووترین کاتەکانیشدا، کەس ئەوها قووڵ ناچێتە نێو جیهانی خەوەوە. ناگەنە وەها ئاستێک لە بەدەستەوەدانی یەکسەری وشیاری.
بەڵام وشیاری—یان نەبوونی—جێگای نیگەرانی نییە مادامەکێ فرمانەکانی جەستە بۆ زیندوومانەوە بەردەوام بن. ترپە و هەناسەدانی ئێری لە خوارترین ئاستی مومکیندا بەردەوامن. دەڵێی ژیانی لەسەر ئەو لێوارە تەسکە دانراوە کە—بەنهێنی و بەسەرنجێکی زۆرەوە—گیاندار لە بێگیان جیا دەکاتەوە. چۆن یان بۆچی ئەم دۆخە قەوماوە، هێشتا هیچ ڕێگایەک نییە تێبگەین. ئێری ئاسا لە خەوێکی قووڵ و خۆویستدایە، وەکوو هەموو جەستەی بە مۆمی گەرم داپۆشرابێت. بەڕوونی، شتێک لێرەدا لەگەڵ سرووشت ناگونجێت. لە ئێستادا دەتوانین هەر ئەوەندەی لێ تێبگەین.
کامێراکە بەشێنەیی دەکشێتە دواوە بۆ گواستنەوەی وێنەیەک لە هەموو ژوورەکە. ئینجا بەدووی سەرەداوەکاندا، دەست دەکات بە سەیرکردنی وردەکارییەکان. ئەمە بەهیچ چەشنێک ژوورێکی زۆر ڕازاوە نییە. ژوورێکیش نییە کە ئاماژە بە حەز و تایبەتمەندییەکانی دانیشتووەکەی بدات. بەبێ وردبوونەوەیەکی قووڵ، ئەستەمە تێبگەیت کە ئەمە ژووری کچێکی لاو بووە. هیچ بووکەشووشە، ئاژەڵە کۆتاڵی یان کەلوپەلێکی دیکەی تێدا نابینرێت. نە پۆستەر و نە ساڵنامەیەک. ئەو لایە کە ڕووی لە پەنجەرەکەیە، مێزە دارینێکی کۆن و کورسییەکی خولاوەی لێیە. پەنجەرەکەش بە پەردەیەکی ڤێنیزی داپۆشراوە. چرایەکی ڕەشی ساکار و لاپتۆپێکی تەواو نوێش (سەری نراوەتەوە) لەسەر مێزەکەدان. هەندێک قەڵەم جاف و قەڵەم ڕەساس لەنێو کوپێکدان.
لەپاڵ دیوارەکەدا قەرەوێڵەیەکی دارینەی ساکاری یەککەسی دانراوە و ئێری ئاسا لەوێ خەوتووە. پێخەفەکانی یەکسەر سپین. لەسەر ڕەفە داکوتراوەکانی سەر دیوارەکەی بەرامبەردا، تەسجیلێکی گچکە و کەڵەکەیەکی بچووک لە سی-دی بە بەرگەکانیانەوە. لە تەنیشتیشیانەوە، تەلەفۆنێک. دۆڵابێکی ئاوێنەدار. تاکە شتێک لەبەر ئاوێنەکەدا دانرابێت، کرێمی لێو و شانەیەکی خڕ و بچووکە. ئەو دیوارە، ژوورۆچکەیەکیشی لێیە. وەکوو تاکە هەوڵی ڕازاندنەوی ژوورەکە، پێنج وینە لە چوارچێوەگەلێکی بچووکدا لەسەر ڕەفەیەک ڕیز کراون، هەمووش وێنەی ئێری ئاسا. لە هەموویاندا هەر خۆیە. لە هیچیاندا نییە لەگەڵ بنەماڵە یان هاوڕێیەکیدا. وێنەگەلێکی پڕۆفیشناڵن کە تێیاندا وەکوو مۆدیلێک وەستاوە، وێنەگەلێک کە لەوانەیە لەنێو گۆڤارەکاندا بڵاو بووبێتنەوە. کتێبخانەیەکی بچووکی لێیە بەڵام هەر تۆزێک کتێبی تێدایە و زۆربەیان کتێبی کۆلێجن. کەڵەکەیەکیش لە گۆڤاری قەبارە-گەورەی فاشن. ئەستەمە بتوانین بڵێین کە خوێنەرێکی بەگوڕە.
گۆشەنیگاکەمان، وەکوو کامێرایەکی خەیاڵی، لەنێو ژوورەکەدا هەڵدەکشێت و لەسەر ئاوا شتگەلێک ڕادەمێنێت. ئێمە نادیارین، دزەکەری نامۆین.
سەیر دەکەین. گوێ دەگرین. سەرنج دەدەینە بۆنەکان. بەڵام بە جەستە نین لەنێو شوێنەکەدا و هیچ ئاسەوارێک لەدووی خۆمان بەجێ ناهێڵین. با بڵێین، ئەو یاسایانە ڕەچاو دەکەین کە گەشتیارەکانی نێو کات دەیکەن. دەڕوانین بەڵام دەستتێوەردان ناکەین. هەرچەند، ئەگەر ڕاشکاوانە قسە بکەین، ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە ئێری ئاسا کە بتوانین لە ڕوواڵەتی ئەم ژوورەدا دەستی بخەین، یەکجار کەمن. ئەو هەستەت دەداتێ کە هەندێک ئامادەکاری کراون بۆ شاردنەوەی کەسایەتیی ئەم کچە و بزرکردنێکی زیرەکانە لە چاوی سەیرکەران.
لە نێزیک سەرەوەی قەرەوێڵەکەدا، کاتژمێرێکی دیجیتاڵ بەبێدەنگی و بەردەوام شاشەی کاتەکەی نوێ دەکاتەوە. لە ئێستادا، کاتژمێرەکە تاکە شتی نێو ژوورەکەیە کە شتێک لە چەشنی جووڵە دەربخات: بوونەوەرێکی وریای شەوگەڕ کە بە کارەبا ئیش دەکات. هەر ژمارە کریستاڵییە سەوزێک دەخزێتە جێگەی ئەوی دییەوە و خۆی لە چاوی مرۆڤ دەشارێتەوە. ئێستا کاتژمێر 11:59ی شەوە.
کە لە پشکنینی وردەکارییە تایبەتەکان دەبێتەوە، گۆشەنیگای کامێراکەمان تاوێک دەکشێتەوە و جارێکی دی لە ژوورەکە دەکۆڵێتەوە. پاشان وەکوو نەتوانێت بڕیار بدات، بازنەی بەربڵاوی دیتنی هەروا دەهێڵێتەوە، ئێستاکە هێڵی نیگای بێجووڵە لە شوێنی خۆی چەقیوە. بێدەنگییەکی قووڵ زاڵ دەبێت. ئەگەرچی، پاش دەمێک، وەکوو بیرێک لە مێشکی دابێت، دەسووڕێتەوە بەرەو لای—دەستیش دەکات بە نێزیکبوونەوە—تەلەفیزیۆنێک لە سووچێکی ژوورەکدا: سۆنییەکی ڕەشی تەواو چوارگۆش. شاشەکە تاریک و خامۆشە وەکوو دیوی پشتەوەی مانگ، بەڵام کامێراکە دەڵێی هەستی بە هەبوونی جۆرە تارماییەک لەوێ کردبێت—یان ڕەنگە جۆرێک ئاماژەی نادیار. کاتێک لە نێزیکەوە چاو دەبڕینە شاشەکە، بێدەنگ ئێمەش لەگەڵ کامێراکە هەست بەم تارمایی یام ئاماژە نادیارە دەکەین.
چاوەڕێ دەکەین. هەناسەمان ڕادەگرین و گوێ شل دەکەین.
کاتژمێرەکە “0:00” پیشان دەدات.
قرچە کارەباییەکی کز دەبیستین، شاشەی تەلەفیزیۆنەکە نەختێک دەکەوێتە ترپەترپ و تۆزقاڵێک ڕووناکی لێوە تێدەپەڕێت. دەکرێ کەسێک هاتبێتە ژوورەکەوە و هەڵی کردبێت بەبێ ئەوەی ئێمە پێی بزانین؟ دەکرێ کاتی تایمەرێکی لەپێشدانراو گەیشتبێت؟ بەڵام نا: کامێرا هەمیشە-وریاکەمان دەسووڕێتەوە بۆ پشتەوەی ئامێرەکە و دەری دەخات کە پلاکی تەلەڤیزیۆنەکە کێشراوەتەوە. بەڵێ، تەلەفیزیۆنەکە، بەڕاست دەبێ کوژاوە بێت. بەڕاست دەبێ سارد و سڕ بێت وەکوو بەڕێوەبەری بێدەنگیی ئەو نیوەشەوە بێت. لە ڕووی مەنتقەوە. لە ڕووی تیۆرەوە. بەڵام کوژاوە نییە.
هێڵە ئاسۆییەکان دەردەکەون، پرتەپرت دەکەن، دەپچڕێن و بزر دەبن. پاشان هێڵەکان دیسان دێنەوە سەر ڕووی شاشەکە. قرچەقرچە کزەکان بەبێ وەستان بەردەوام دەبن. ئاخری شاشەکە دەست بە پیشاندانی شتێک دەکات. وێنەیەک خەریکە شکڵ بگرێت. ئەگەرچی هەرزوو لار دەبێتەوە و شکڵی دەشێوێت و وەکوو کوژانەوەی بڵێسەیەک، بزر دەبێت. ئینجا هەموو پرۆسەکە دیسان دەستپێ دەکاتەوە. وێنەکە هەوڵ دەدات خۆی چاک بکاتەوە. لەرزەلەرز دەیەوێت شێوەیەکی بەرهەست بە شتێک بدات. بەڵام وێنەکە کۆ نابێتەوە. وەکوو بایەکی قورس ئەریاڵی تەلەفیزیۆنەکە بشەکێنێتەوە، دەشێوێت. پاشان لێک دەپچڕێت و بڵاوە دەکات. هەموو قۆناغێکی ئەم ئاڵۆزییە لەڕێگای کامێراکەوە پێمان دەگات.
ژنە خەوتووەکە وا دیارە هیچ ئاگای نەبێت لەم شتانەی کە لەنێو ژوورەکەیدا ڕوو دەدەن. بەرامبەر ئەو لافاوی ڕووناکی و دەنگەدەنگەی تەلەفیزیۆنەکە هیچ کاردانەوەیەکی لێ ناکەوێتەوە و هەر پرخەی خەوی دێت لەنێوان ئەو قەرەباڵغییە هەمیشەییەدا. لە ئێستادا هیچ شتێک ناتوانێت ئەو خەوە قووڵەی بشێوێنێت. تەلەفیزیۆنەکە دزەکەرێکی نوێی نێو ژوورەکەیە. خۆ ئێمەش دزەکەرین، بەڵام بەپێچەوانەی ئێمەوە، دزەکەرە نوێکە نە بێدەنگە و نە نادیار. نەیش بێلایەن. گومانێکی تێدا نییە خەریکی دەستێوەردانە. بە غەریزەیەکەوە هەست بە نیازی دەکەین.
وێنەی سەر تەلەفیزیۆنەکە دێت و دەڕوات، بەڵام وردەوردە سەقامگیرتر دەبێت. ناوەوەی ژوورێک لەسەر شاشەکەیە. ژوورێکی تا ڕادەیەک گەورە. دەکرێت شوێنێکی نێو بینای نووسینگەیەک یان چەشنە پۆلێکی خوێندن بێت. پەنجەرەیەکی گەورەی شووشە-ئەستووری هەیە؛ کۆمەڵە گڵۆپێکی فلۆری لەسەر بنمیچەکە ڕیز کراون. کەچی ئاسەواری هیچ کەلوپەلێکی تێدا نییە. نا، وردتر چاو لێ بکەیت، ڕێک یەک دانە کورسی لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دانراوە. کورسییە دارینەیەکی کۆن، بێ دەستک بەڵام پشتەی هەیە. کورسییەکی بەکەڵک و زۆر ساکارە. کەسێک لەسەری دانیشتووە. وێنەکە بەتەواوی سەقامی نەگرتووە، ئیدی دەتوانین بەس وەکوو تارماییەکی کاڵ و بە قەراخێکی لێڵەوە وێنەی ئەو کەسەی سەر کورسییەکە ببینین. ژوورەکە سامناکیی شوێنێکی تێدایە کە دەمێکە چۆڵ کرابێت.
ئەو کامێرایە کە گوایە ئەم وێنەیە دەگوازێتەوە بۆ تەلەفیزیۆنەکە، بەوریاییەکەوە لە کورسییەکە نێزیک دەبێتەوە. قەڵافەتی کەسی سەر کورسییەکە لە هی پیاوێک دەچێت. نەختێک خۆی بە بەرا خستووە. ڕووی لە کامێراکەیە و پێدەچێت لەنێو فکرێکی قووڵدا بێت. جلوبەرگی ڕەشی لەبەرە و پێڵاوی چەرمی لە پێیە. ناتوانین ڕوومەتی ببینین بەڵام لە پیاوێکی باریکەلە دەکات بە باڵایەکی مامناوەندییەوە. هەڵێنانی تەمەنی نەکردەیە.
کە ئێمە خەریکین ئەم پارچە زانیارییانە لە شاشە ناڕوونەکەوە کۆ دەکەینەوە، وێنەکە تاونەتاو لێکدەپچڕێت. تەشویشەکە شەپۆل دەدات و پەرە دەستێنێت. هەڵبەت زۆریش ناخایەنێت: وێنەکە هەرزوو چاک دەبێتەوە. خشەخشەکەش کەم دەکات. گومانێکی تێدا نییە کە شاشەکە بەرەو سەقامگیربوون دەڕوات.
شتێک خەریکە لەم ژوورەدا ڕوو بدات. شتێکی هەرە گرینگ.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.