بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ٣

٣

ناوەوەی هەر ئەو (دەنیز)ـەکەی پێشوو. لە پاشخاندا (زۆرتر)ـی مارتین دەنی بڵاو دەبێتەوە. لە سی خولەک لەمەوبەرەوە ژمارەی مشتەرییەکان تا ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئیدی دەنگی هیچ وتووێژێک بەرز نابێتەوە. جەوەکە هەستێک لە قۆناخێکی قووڵتری شەو درووست دەکات.

ماری هێشتا لەسەر مێزەکەیەتی و کتێبە ئەستوورەکەی دەخوێنێتەوە. لە بەردەمیدا قاپێک دانراوە و لەفەیەکی سەوزەی تێدایە، هێشتا دەستی لێ نەدراوە. پێدەچێت زۆرتر بە مەبەستی درێژکردنەوەی مانەوەی لە چێشتخانەکەدا ئەوەی داوا کردبیت تاکوو لەبەر برسێتی. جاربەجار شێوازی دانیشتنی بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی دەگۆڕێت—ئانیشکی لەسەر مێزەکە دادەنێت یان لەسەر کورسیەکەی پاڵ دەداتەوە. هەندێجار سەری بەرز دەکاتەوە، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و سەیری چۆڵبوونی چێشتخانەکە دەکات، بەڵام لەمە بترازێت هەموو تەرکیزی دەخاتە سەر کتێبەکەیەوە. پێدەچێت توانای تەرکیزکردنی یەکێک لە گرینگترین سەرمایە کەسییەکانی بێت.

ئێستا مشتەرییە سەڵتێکی زۆرتری تێدا دەبینرێت: یەکێک لەسەر لاپتۆپ خەریکی نووسینە، یەکێک بە مۆبایل نامە دەگۆڕێتەوە، ئەوی دی وەکوو ماری نوقمی خوێندنەوەیە، ئەوی دی هیچ ناکات و بەس مات و ئەبڵەق بۆ دەرەوەی پەنجەرەکە دەڕوانێت. ڕەنگە ناتوانن بخەون. ڕەنگە نایانەوێت بخەون. بۆ ئەم خەڵکانە چێشتخانەیەکی هەرزان شوێنێکە کە دەتوانن نیوەشەوان تێیدا بحەسێنەوە.

ژنێکی کەتە خۆی دەکاتە ژوورەوە وەکوو نەتوانێت ڕاوەستێت تاکوو دەرگا خۆکارە شووشەییەکەی چێشتخانەکە بکرێتەوە. قەڵافەتێکی بەهێزی هەیە، نەوەک قەڵەو بێت. ناوشانپان و چاوڕفێنە. کڵاوە پەشمییەکی ڕەشی لەسەرە و تا نێوچەوانی شۆڕ بووەتەوە، چاکەتێکی چەرمی گەورەی لەبەرە و پانتۆڵێکی پرتەقاڵی لەپێدایە. دەستەکانی بەتاڵن. بەژنوباڵا جوانەکەی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت. هەر کە دێتە ژووروە گارسۆنێک لێی دەپرسێت “مێز بۆ یەک کەس، خاتوون؟” بەڵام ئەم گوێی ناداتێ و چاوە نیگەرانەکانی بەنێو چێشتخانەکەدا دەگێڕێت. ماری دەدۆزێتەوە، بە هەنگاوی گەورە گەورە بەرەو لای دەچێت.

کاتێک دەگاتە مێزەکەی ماری، هیچ ناڵێت و دەستبەجێ لەسەر کورسییەکەی بەرامبەر ماریدا دادەنیشێت. بۆ ژنێکی وەها زل، جووڵەکانی کرژ و خێران.

دەپرسێت “ئۆهـ… ئاساییە؟”

ماری کە سەرنجی لەسەر کتێبەکەیەتی، سەر بەرز دەکاتەوە. ئەم نەناسە زلە دەبینێت لە بەرامبەریدا دانیشتووە، سەری دەسووڕمێت.

ژنەکە کڵاوە پەشمییەکەی دادەگرێت. قژەکەی زەردێکی تۆخە و بەقەد چیمەنێکی بڕدراو کورت کراوەتەوە. ڕوومەتی هەستێکی کراوەی پێیە، بەڵام پێستی وەکوو چاکەتە بارانێکی کۆن زبر و ڕەنگبەزیوە. ئەگەرچی تایبەتمەندییەکانی بەتەواوی یەک ناگرنەوە بەڵام سوکناییەکیان تێدایە کە دەلێی لە حەزێکی زکماکییەوە بۆ مرۆڤەکان سەرچاوەی گرتووە. لەجیاتی خۆناساندن، بزەیەکی لار دەگرێتە ماری و لەپی دەستە ئەستوورەکەی دەهێنێت بە قژە کورتە زەردەکەیدا.

گارسۆنەکە دێت و وەکوو لە ڕێنماییەکانی ڕاهێنانەکانی دەنیزدا داوا کراوە، دەیەوێت پەرداخێک ئاو و لیستی خواردنەکان لەسەر مێزەکە دابنێت، بەڵام ژنەکە دەیگەڕێنێتەوە. “لێگەڕێ، هەر ئێستا دەڕۆم. ببوورە گوڵم.”

گارسۆنەکە لە وەڵامدا بزەیەکی تاڵ دەگرێت و دەچێت.

ژنەکە دەپرسێت “تۆ (ماری ئاسا)ـیت، وایە؟”

“ئمم، بەڵێ…”

“تاکاهاشی گوتی لەوانەیە هێشتا لێرە بیت.”

“تاکاهاشی؟”

“تەتسوویا تاکاهاشی. کوڕێکی باڵابەرز، قژشۆڕ و باریکەلە. ترۆمبۆن دەژەنێت.”

ماری سەری دەلەقێنێت. “ئەها، ئەو.”

“ئا. گوتی کە تۆ چینییەکی ڕەوان قسە دەکەیت.”

ماری بە وریاییەکەوە وەڵام دەداتەوە “لەڕاستیدا، لەگەڵ وتووێژی ڕۆژانەدا کێشەم نییە. تەواو ڕەوان نیم.”

“چاکە. دەکرێ تەکما بێیت؟ کچە چینییەک تووشی گرفت بووە. ژاپۆنی نازانێت، ئیدی نازانم ئاخۆ چ ڕووی داوە.”

ماری هیچ نەیدەزانی ژنەکە باسی چی دەکات، بەلام نیشانەکەرێکی دانا، کتێبەکەی داخست و خشاندییە ئەولاوە.

“چ جۆرە گرفتێک؟”

“بەجۆرێک ئازاری هەیە. نێزیکە. سووکە پیاسەیەکە. زۆر کاتت ناگرم. بەس دەمەوێت بۆی وەربگێڕیت و تێمبگەیەنیت کە چی ڕووی داوە. زۆر مەمنوونت دەبم.”

ماری بۆ ساتێک دوودڵ دەبێت، بەڵام کە دەڕوانێتە ڕوومەتی، هەست دەکات کە ژنێکی خراپ نییە. کتێبەکەی دەخاتە نێو جانتاکەی شانی و چاکەتەکەی لەبەر دەکات. دەست دەبات وەسڵەکە لەسەر مێزەکە هەڵبگرێت، بەڵام ژنەکە لەم خێراتر دەبێت.

“من پارەکەی دەدەم.”

“زۆر سوپاس. شتانێکن کە من داوام کردوون.”

“قەیناکا، کەمترین شتێکە لە دەستم بێت. ئیدی بێدەنگ بە و بهێڵە با پارەکەی بدەم.”

کاتێک هەڵدەستنە سەر پێ، جیاوازی قەبارەیان دەردەکەوێت. ماری کچێکی بچکۆلانە و ژنەکەش بە قەد لادیوارێک دەبێت، لەوانەیە پێنج شەش سانتیمی کەم بێت بۆ سەد و هەشتا. ماری واز دێنێت و دەهێڵێت ژنەکە پارەکەی بۆ بدات.

دەڕۆنە دەرەوە. سەرەڕای کاتەکەی، شەقامەکە وەکوو هەمیشە قەرەباڵغە. دەنگە ئەلیکترۆنییەکانی ناوەندی یارییەکە. هاواری کڕیاردۆزەکانی یانەکانی کاریۆکی. بۆڕەی بزوێنەری ماتۆڕسکیلەکان. سێ گەنج لەسەر شۆستەی دەرەوەی دووکانێکی داخراودا دانیشتوون و هیچی تایبەتیش ناکەن. کاتێک ماری و ژنەکە لە بەردەمیانەوە تێدەپەڕن، هەر سێکیان سەر بەرز دەکەنەوە و بە چاو شوێنیان دەگرن، لەوانەیە سەیریان لەم جووتە نامۆیە هاتبێت، بەڵام هیچ ناڵێن، بەس چاویان تێ دەبڕن. دەڕابەکە یەکسەر وێنەی گرافیتییە کە بە سپاری لەسەری کێشراوە.

ژنەکە دەلێت “ناوم کاورۆیە. ئا، دەزانم، بیر لەوە دەکەیتەوە ‘چۆن ئەم ژنە زل و زەبەلاحە ناوێکی وا ناسک و خنجیلانەی هەیە؟’ بەڵام لە ساتی لەدایکبوونمەوە هەر کاورۆ بووم.”

ماری دەڵێت “دڵخۆشم بە ناسینت.”

“ببوورە کە بەم چەشنە هێناتمە دەرەوە. دڵنیام تەواو گێژم کردووی.”

ماری نازانێت چی وەڵام بداتەوە، ئیدی هیچ ناڵێت.

کاورۆ دەلێت “دەتەوێ جانتاکەت هەڵ بگرم؟ قورس دیارە.”

“نا، دەست خۆش.”

“چی تێدایە؟”

“کتێب، هەندێک جلی زیادە…”

“هەڵاتوو نیت خۆ، ها؟”

ماری دەڵێت “نا، نیم.”

“دەی باشە.”

هەر دووکیان درێژە بە ڕۆیشتن دەدەن. لە شەقامە گەش و ڕووناکەکەوە دەچنە کۆڵانێکی تەسکەوە و بەرەو ژوور سەردەکەون. کاورۆ خێرا دەڕوات و ماریش پەلە دەکات تاکوو لە پێی ئەودا بڕوات. لە پێپلیکانێکی تاریک و چۆڵەوە سەردەکەون و لە شەقامێکی دیکەوە سەر دەردێنن. گوایە پێپلیکانەکە کورتەڕێگایەکی نێوان دوو شەقامەکە بێت. چەند لەفەفرۆشییەکی سەر شەقامەکە هێشتا تابلۆکانیان هەڵگیرساوە، بەڵام هیچیان پێناچێت کەسێکی تێدابێت.

“ئەو ئەڤین هۆیەیە لەوێ.”

“ئەڤین هۆ؟”

“ئەڤین هۆتێل. بۆ کەپڵەکان. بەپێی کاتژمێر. ئەو تابلۆ نیۆنییە دەبینیت، (ئاڵفاڤیل)؟ ئەوەیە.”

ماری کاتێک ئەو ناوە دەبیستێت، خۆی بۆ ناگیرێت و ئەبڵەق دەڕوانێتە کاورۆ. “ئاڵفاڤیل؟”

“نیگەران مەبە. کێشە نییە. خۆم کارگێڕم.”

“ژنە زامدارەکە لەوێیە؟”

بەدەم ڕێوە، کاورۆ لا دەکاتەوە و دەڵێت “ئا. باسکردنی بڕێ زەحمەتە.”

“تاکاهاشیش لەوێیە؟”

“نا، ئەو لە بینایەکی دیکە لەم نێزیکانەدایە. لە ژێرزەمینەکەیدا. تیپەکەی بەدرێژایی شەو پرۆڤە دەکەن. خوێندکارەکان خۆشیانە.”

هەر دووکیان لە دەرکی پێشەوەی ئاڵفاڤیلەوە دەچنە ژوورەوە. لەم هۆتێلەدا میوانەکان لەڕووی وێنەگەلێکی گەورەوە کە لەنێو ڕاڕەوەکەدا دانراون ژووری خۆیان هەڵدەبژێرن، دەست بە دوگمەیەکی ژمارەداری پەیوەندیداردا دەنێن، کلیلەکەیان وەردەگرن و خێرا بە بەرزکەرەوەکە سەردەکەون بۆ ژوورەکەیان. پێویست بە دیتن یان قسەکردن لەگەڵ کەس ناکات. نرخی ژوورەکان بە دوو شێوازە: “بۆ پشوو” و “بۆ شەو.” چراخانییەکی شین و خەمهێن. ماری سەیری هەموو ئەم دیمەنە نوێیانە دەکات. کاورۆ سڵاوێکی نزم لە ژنی پشت مێزی پرسگەکە دەکات.

ئینجا بە ماری دەڵێت “لەوانەیە تا ئێستا قەت نەهاتبێتی بۆ شوێنێکی وەکوو ئێرە.”

“نا، ئەمە یەکەم جارمە.”

“ئا، دەی، زۆر ئیشی جۆراوجۆر لە دونیادا هەن.”

کاورۆ و ماری بە بەرزکەرەوەکە سەردەکەون بۆ قاتی سەرسەرەوە. لە خوار داڵانێکی کورت و تەسکدا دەگەنە بەر دەرگایەکی ژمارە ٤٠٤. کاورۆ دوو تەقەی هێواشی لێ دەدات و دەرگاکە دەستبەجێ بەرەو ناو دەکرێتەوە. ژنێکی لاو بە قژێکی ڕەنگکراوی سووری کاڵەوە، پەشۆکاو سەر دێنێتە دەرەوە. باریکەلە و ڕەنگپەڕیوە. تیشێرتێکی پەمەییی هەراو و پانتۆڵێکی کونکونی لەبەردایە. گوارەگەلێکی گەورە لە گوێیە کونکراوەکانییەوە شۆڕ بوونەتەوە.

ژنە لاوە قژسوورەکە دەلێت: “ئەی، چاکە، کاورۆ، تۆی!” “زۆریشت پێ چوو. خەریک بوو شێت بم.”

“حاڵی چۆنە؟”

“هەر وەکوو ئەوسا، هەر وەکوو ئەوسا.”

“خوێنەکەی وەستاوەتەوە؟”

“تا ڕادەیەک. هەڵبەت، تۆنێک کلینێکسم بەکار هێنا.”

کاورۆ ماری دەهێنێتە ژوورەوە و دەرگاکە دەداتەوە. بێجگە ژنە قژسوورەکە کارگوزارێکی دیکەش لەنێو ژوورەکەدایە، ژنێکی بچکۆلانە کە قژی بەستووە و بە زەویسڕێک بنماڵەکە پاکژ دەکاتەوە. کاورۆ خێرا پێکیان دەناسێنێت.

“ئەمە مارییە. ئەوەی کە چینی دەزانێت. ئەم قژسوورەش (کۆموگی)ـیە. ئەرێ، دەزانم لە ‘گەنم’ دەچێت، بەڵام ئەوە ناوێکە دایکوباوکی لەسەریان ناوە، ئیدی چیو پێ دەکرێ؟ لەمێژە بۆ من ئیش دەکات.”

کۆموگی بزەیەکی شیرین دەگرێتە ماری و دەڵێت “دڵخۆشم بە ناسینو.”

ماری دەڵێت “دڵخۆشم بە ناسینت.”

“ئەوەی دیکەش لەوێ (کۆرۆگی)ـیە. کەچی، ئەوە ناوی ڕاستەقینەی نییە. دەبێت لێێ بپرسیت بۆچی دەیەوێت بە (کریکێت) بناسرێت.”

“داوای لێبوردن،” کۆرۆگی بە دەنگێکی ناسکی ناوچەی (کانسای)ـی دەوروبەر (ئۆساکا)ـوە وا دەڵێت. “وازم لە ناوە ڕاستەقینەکەم هێناوە.” کۆرۆگی چەند ساڵێک لە کۆموگی گەورەتر دیارە.

ماری دەڵێت “دڵخۆشم بە ناسینت.”

ژوورەکە بێپەنجەرە و کپە و یەکسەر بە تەلەفیزیۆن و قەرەوێڵەیەکی زلەوە ناواخن کراوە. لە سووچێکیدا ژنێکی ڕووت لەنێو خاولیەکی حەمامدا لەسەر عەرزەکە گرمۆڵە بووە. ڕوومەتی لەپشت دەستەکانییەوە شاردووەتەوە و بێدەنگ دەگری.

خاولیگەلێکی خوێناوڵ لەسەر عەرزەکە داکەوتوون. چەرچەفەکانیش وان بە خوێنەوە. چرایەکی سەرعەرزی هەر لەو شوێنەی کە کەوتووە، ڕاکشاوە. بوتڵێکی نیوەبەتاڵی بیرە و پەرداخێک لەسەر مێزەکەیە. تەلەفیزیۆنەکە هەڵکراوە و نمایشێکی کۆمیدی خراوەتە سەر. بینەرەکان پێدەکەنن. کاورۆ ڕیمۆت کۆنترۆڵەکە هەڵدەگرێت و دەیکوژێنێتەوە.

بە ماری دەڵێت “وا دیارە زیقی دەرهێناوە.”

ماری دەپرسێت “ئەو پیاوەی لێرە لەگەڵی بووە؟”

“ئم. مشتەرییەکەی.”

“مشتەری؟ سۆزانییە؟”

کاورۆ دەڵێت “ئا، لەم ساتانەی شەودا زۆرتر سۆزانییەکان دێن، ئیدی هەندێ جار تووشی کێشە دەبین. وەکوو لەسەر پارەکەی بەشەڕ دێن یان زەلامەکە داوای ئیشێکی قێزەون دەکات و ئەم شتانە.”

ماری لچی دەگەزێت و تێ ڕادەمێنێت. “ئینجا بەس بە چینی قسان دەکات؟”

“ئا، هەر دوو وشە ژاپۆنی دەزانێت. نایشتوانم پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەم. لەوانەیە بیانییەکی نایاسایی بێت، منیش کاتی ئەوەم نییە هەر جارێک و شتێکی وا ڕوو بدات بچم بۆ شایەتیدان.”

ماری جانتاکەی شانی لەسەر مێزەکە دادەنێت و دەچێت بۆ لای ژنە گرمۆڵەبووەکە. چۆک دەدات و بە چینی لەگەڵیدا دەدوێت:

“نی زێنمی لا؟” (چی بووە؟)

ژنەکە لەوانەیە دەنگی نەبیستبێت. وەڵام ناداتەوە. شانگەلی دەلەرزن و هەنسک ئامانی نادات.

کاورۆ سەری با دەدات. “تووشی چەشنێک شۆک بووە. دڵنیام ئەو زەلامە زۆری ئازار داوە.”

ماری دیسان لەگەڵ ژنەکە قسان دەکات. “شی جۆنگۆرێن ما؟” (خەڵکی چینیت؟)

ژنەکە هەر وەڵام ناداتەوە.

“فانگشین با، وۆ جینچا مەی گوانشی.” (نیگەران مەبە، من پەیوەندییەکم بە پۆلیسەوە نییە.)

ژنەکە هەر وەڵام ناداتەوە.

“نی بی تا دا لۆ ما؟” (زەلامێک لێی دای؟)

ئاخری ژنەکە سەری دەلەقێنێت. قژە ڕەشە شۆڕەکەی دەشەکێتەوە.

ماری بەهێمنی بەڵام بەردەوام درێژە بە قسەکردن لەگەڵ ژنەکە دەدات. هەر پرسیارێک و چەند جار دەیپرسێتەوە. کاورۆ باسک هەڵدەپێکێت و بە نیگایەکی نیگەرانەوە سەیری قسەکردنیان دەکات. لەم ماوەیەدا، کۆموگی و کۆرۆگی پێکەوە ئەرکی پاکژکردنەوەکان جێبەجێ دەکەن. کلینێکسە خوێناوییەکان کۆ دەکەنەوە و دەیانکەنە نێو نایلۆنێکی زبڵەوە. قەرەوێڵەکە ڕووت دەکەنەوە و خاولیی نوێ دەنێنە نێو گەرماوەکە. چراکە لەسەر عەرزەکە بەرز دەکەنەوە و پەرداخ و بوتڵی بیرەکەش لادەبەن. شتە یەکجار بەکارهاتووەکان دەپشکنن و گەرماوەکە پاکژ دەکەنەوە. ڕوون دیارە ئەم جووتە ڕاهاتوون بەوەی پێکەوە ئیش بکەن. جووڵەکانیان بێگرێ و بەجێگەیە.

ماری هەر لەو سووچە چۆکی داوە و لەگەڵ ژنەکە قسە دەکات کە پێدەچێت شتێک ئەهوەن بووبێتەوە بە بیستنی زمانەکەی خۆی. پچڕپچڕ، بە چینی دۆخەکە بۆ ماری ڕاڤە دەکات. دەنگی ئەوەندە کزە، ماری دەبێت بە سەریدا بنووشتێتەوە تاکوو بیبیستێت. بە مەراقەوە گوێ دەگرێت و سەر دەلەقێنێت. جاربەجارێک یەک دوو ڕستە دەڵێت وەکوو بیەوێت ورەی ژنەکە بەرز بکاتەوە.

کاورۆ لە پشتەوە هێواش دەستێک بەسەر شان ماریدا دەدات. “ببوورە، بەڵام ژوورەکەمان بۆ ئەم مشتەرییەکە دەوێت. ئەویش دەبەین بۆ نووسینگەکە لە قاتی خوارەوە. لەگەڵمان وەرە، باشە؟”

“بەڵام تەواو ڕووتوقووتە! دەڵێت زەلامەکە هەرچێکی لەبەردا بووە بردوویەتی. پێڵاو، جلی ژێرەوە، هەمووشتێک.”

کاورۆ سەری با دەدات. تەواو ڕووتی کردووەتەوە تاکوو نەتوانێت دەستبەجێ ڕاپۆرتی لێ بدات. ئای لەو زۆڵە!”

کاورۆ ڕۆبێکی تەسکی گەرماو لە دۆڵابەکە دەردێنێت و دەیداتە ماری. “بۆ ئێستا ئەمەی پێ بدە لەبەری بکات.”

ژنەکە بێهێز هەڵدەستێتە سەرپێ، نیوەگێژ دیارە، خاولییەکە دادەخات و کاتێک ڕۆبەکە لەبەر دەکات ڕووتییەکەی دەردەکەوێت، وەستانەکەی ناسەقامگیرە. ماری خێرا ڕووی وەردەگێڕێت. بەژنی ژنەکە بچکۆلانە بەڵام جوانە: مەمکی خڕ، پێستی ساف، نەختێک مووی بەر. دەشێت لە تەمەنی ماریدا بێت، بە هەیکەلێکی هێشتا کچانەوە. هەنگاوەکانی شلن. کاورۆ باسکی دەخاتە دەور شانی و لە ژوورەکەوە پێشی دەکەوێت. بە بەرزکەرەوەیەکی تایبەتی کارگوزاران دەچنە خوارەوە، ماری بە جانتاکەیەوە بە شوێنیانەوەیە. کۆموگی و کۆرۆگی دەمێننەوە بۆ پاکژکردنەوەی ژوورەکە.

سێ ژنەکە دەچنە نێو نووسینگەی هۆتێلەکەوە. لە تەنیشت دیوارەکانەوە سندووقی کارتۆنە و کەڵەکە کراون. مێزێکی ئاسن و شوێنێکی ساکار بۆ پرسگە بە قەنەفە و کورسییەوە. تەختەکلیلێکی کۆمپیوتەر و مۆنیتەرێکی ئێڵ-سی-دی لەسەر مێزەکەدان. ساڵنامەیەک و چوارچێوەیەکی خۆشنووسیی پۆپ بەرهەمی (میتسو ئایدا) و کاتژمێرێکی کارەبایی لەسەر دیوارەکان هەڵواسراون. تەلەفیزیۆنێکی گچکەی لێیە و لەسەر سەلاجەیەکی بچووک فڕنێکی مایکرۆوەیڤ دانراوە. ژوورەکە بە سێ کەس لەنێویدا جمکوت بووە. کاورۆ قەنەفەکە پیشانی سۆزانییە چینییە ڕۆب-لەبەرەکە دەدات. پێدەچێت ژنەکە سەرمای بێت، چنگی بە ڕۆبەکەدا کردووە و بە خۆیەوە دەینووسێنێت.

کاورۆ ڕووناکیی چرا سەرعەرزییەکە دەگرێتە سەر ڕوومەتی سۆزانییەکە و قووڵتر برینەکانی دەپشکنێت. سندووقێکی فریاکەوتنی سەرەتایی دێنێت و بەوردی خوێنە وشکەوەبووەکان بە کحوول و لۆکە دەسڕێتەوە. پلاستەری برین لەسەر برینەکان دادەنێت. دەست لە لووتی ژنەکە دەدات بزانێت نەشکاوە. پێڵووەکانی بەرز دەکاتەوە و دەیانپشکنێت بزانێت چاوەکانی چەندە سوور هەڵاتوون. دەست بەنێو سەر ژنەکەدا دەگێڕێت و بۆ بلۆق دەگەڕێت. ئەم شتانە بە وەها شارەزاییەکەوە ئەنجام دەدات دەڵێی کاری هەمیشەیەتی. چەشنە کیسەیەکی سارد لەنێو ساردکەرەکەوە دەردەهێنێت، لەنێو خاولییەکی بچووکدا دەیپێچێتەوە و دەیداتە دەست ژنەکە.

“بیگرە، بۆ ماوەیەک ئەمە لەسەر ڕوومەتت دانێ.”

کاورۆ بیری دێتەوە گوێگرەکەی هیچ لە ژاپۆنی تێناگات و بە ئاماژە پیشانی دەدات بینێتە کوێ. ژنەکە سەر دەلەقێنێت و کیسە ساردەکە لەژێر چاوانیدا ڕادەگرێت.

کاورۆ ڕوو دەکات لە ماری و دەڵێت “خوێنێکی سەیر زۆر بوو، بەڵام زۆربەی هی لووتی بوو. شوکر برینی گەورەی نییە، سەری نەئاوساوە و پێموا نییە لووتی شکابێت. سیلەی چاوی و سەر لێوی بڕاون بەڵام شتێک نییە کە پێویستی بە تەقەڵ بێت. لەوانەیە بۆ حەفتەیەک بە بەرچاوی شینەوە لە ئیش دوور ببێتەوە.”

ماری سەر دەلەقێنێت.

“زەلامێکی بەهێز بووە بەڵام ڕوون دیارە کە تەواو ناشارەزایە کاتێک لێدانی کەسێک دێتە ئاراوە. بەس شێتانە مستێکی زۆری فڕێ داوە. دڵنیام ئێستا دەستی خەریکە بیکوژێت، نەگبەت. وەها توند مستی با داوە، دیوارەکەی لە چەند شوێندا چاڵ خستووە. تەواو پەڕیوەتە سەری. نەیزانیوە خەریکە چی دەکات.”

کۆموگی دێتە ژوورەوە و شتێک لەنێو یەکێک لە کارتۆنە کەڵەکەکراوەکانی تەنیشت دیوارەکەوە دەردێنێت—ڕۆبێکی نوێی گەرماو بۆ دانانە جێی ئەوەی ژووری ٤٠٤.

ماری دەڵێت “پێی گوتم کە زەلامەکە هەموو شتێکی بردووە—جزدانەکەی، پارەکانی، مۆبایلەکەی.”

کۆموگی قسەی پێ دەبڕێت “بەس بۆ ئەوەی پارەی پێ نەدات و دەرچێت؟”

“نا، ئەوە نییە. مەبەستم…ئمم، سووڕی مانگانەکەی لەناکاو دەستی پێ کردووە پێش ئەوەی بتوانن هیچ بکەن. پێشوەخت بووە. ئیدی ئەویش تووڕە بووە و …”

کۆموگی دەلێت “دەی هیچی پێ نەدەکرا. کاتێک دەستپێ دەکات، دەستپێ دەکات—زرم!”

کاورۆ بە دەم قرتەیەک دەکات و دەڵێت “باشە ئیتر بیبڕەوە کۆموگی. بچۆ و پاکژکردنەوەی ٤٠٤ تەواو بکە.”

“بەڵێ خاتوون. ببوورن.” کۆموگی وا دەڵێت و نووسینگەکە جێ دێڵێت.

کاورۆ دەڵێت “کەواتە زەلامەکە هەر دێت دەستپێ بکات، ژنەکە خوێنی مانگانەی لێ بەر دەبێت، ئەویش هار دەبێت، لێی دەدات، پارە و جلەکانی دەبات و لەوێ هەڵدێت. ئەو پیاوە ساق نییە.”

ماری سەر دەلەقێنێت. “دەڵێت داوای لێبوردن دەکات کە هەموو چەرچەفەکانی داوەتە خوێنەوە.”

کاورۆ دەڵێت “کێشە نییە، پێی ڕاهاتووین. نازانم بۆ، بەڵام زۆرێک لە سەرخوێنکەوتنەکانی کچان لەنێو ئەڤین هۆکاندا دەستپێ دەکات. هەمیشە بانگی خوارەوە دەکەن و داوای سانتی و تامپۆن و شت دەکەن. دەمەوێ بڵێم ‘ئێمە چین—دەرمانخانەین؟’ بەهەرحاڵ، دەبێت ئەم منداڵە پۆشتە بکەین. ئاوا ناکرێ بۆ هیچکوێ بڕوات.”

کاورۆ بەنێو کارتۆنێکی دیکەدا دەگەڕێت و شۆرتێک لەنێو کیسەیەکی نایلۆندا دەردەهێنێت—لەو چەشنەی کە لەنێو مەکینەی فرۆشتنی نێو ژوورەکاندا دایاندەنێن. “ئەمانە هەرزانن بۆ کاتی پەلە. بە کەڵکی شوشتن نایەن بەڵام با یەکێکیان لەپێ بکات. نامانەوێت سەرما لەوێی بدات و بیپەشۆکێنێت.”

پاشان کاورۆ سەر دەکاتە نێو دۆڵابەکە و بە کراس و پانتۆڵێکی سەوزی کاڵەوەبووی وەرزشییەوە دێتە دەرەوە و دەیداتە سۆزانییەکە.

“ئەمانە هی کچێک بوون جاران لێرە ئیشی دەکرد. نیگەران مەبە، خاوێنن. پێویست ناکات بیانداتەوە. بۆ پێکانی بەس سەندەلی قایشم هەیە، بەڵام هەر لە هیچ چاترە.”

ماری ئەمە بۆ ژنەکە ڕوون دەکاتەوە. کاورۆ کەوانتەرێک دەکاتەوە و هەندێک سانتی دەردێنێت و دەیانداتە سۆزانییەکە.

“ئەمانەش بەکار بێنە. دەتوانیت لەو گەرماوەدا خۆت بگۆڕیت.” بە سەر ئاماژە بۆ دەرگاکەی دەکات.

سۆزانییەکە سەر دەلەقێنێت و بە ژاپۆنی سوپاسی دەکات: “ئاریگاتۆ.”پاشان جلەکان دەباتە نێو گەرماوەکە.

کاورۆ دادەنیشێتە سەر کورسیی پشت مێزەکە، هێواش سەری با دەدات و دەڵێت “لەم ئیشەدا قەت نازانی چ ڕوو دەدا.”

ماری دەڵێت “پێی گوتم ئەمە بەس دوو مانگە هاتووەتە ژاپۆن.”

“بەنایاسایی لێرەیە، ئەرێ؟”

“پرسیاری ئەوەم لێ نەکرد. لە ڕووی شێوەزارەکەیەوە، خەڵکی باکوورە.”

“مەنچوریای کۆن؟”

“لەوانەیە.”

“ئای. پێموایە کەسێک دێت و دەیباتەوە.”

“پێدەچێت جۆرە بەڕێوەبەرێکی هەبێت.”

کاورۆ دەڵێت “باندێکی چینی. لەم دەڤەرەدا ئیشی لەشفرۆشی دەکەن. بە بەلەم لە کۆماری گەلی چینەوە ژن بە قاچاخ دەهێنن و ناچاریان دەکەن نرخەکەی بە لەشیان بدەن. بە تەلەفۆن داواکارییەکان وەردەگرن و بە ماتۆڕسکیل ژنەکان دەگەیەننە بەر هۆتێلەکان—تازە و گەرم، وەکوو پیتزا. یەکێکن لە باشترین مشتەرییەکانمان.”

“مەبەستت لە (باند) شتێکە وەکوو یاکووزا؟”

کاورۆ سەری با دەدات. “نا، نا. بۆ ماوەیەکی درێژ زۆرانبازێکی پسپۆڕ بووم و بەردەوام گەشتی نیشتمانیمان هەبوو، ئیدی هەندێک یاکووزام ناسی. با پێت بڵێم، بەراورد بەم باندە چینییانە، یاکووزا ژاپۆنییەکان زۆر ناسکۆڵەن. مەبەستم، قەت نازانیت چییان لێ دەوەشێتەوە. بەڵام ئەم منداڵە هیچ ڕێگایەکی نییە: ئەگەر نەگەڕێتەوە لایان، هیچ شوێنێکی نییە بڕوات.”

“پێتوایە لەگەڵی توندی بنوێنن کە ئەم جارەیان هیچی بەدەست نەهێناوە؟”

“همم، بڵێم چی. بەو ڕوومەتەی ئێستایەوە ماوەیەک دەبات تاکوو بتوانێت مشتەرییەکی هەبێت، ئەگەریش نەتوانێت پارە پەیدا بکات هیچ نرخێکی بەلایانەوە نییە. خۆ شتێکی نازداریشە.”

سۆزانییەکە بە جلوبەرگە وەرزشییەکە لە بەریدا و سەندەلە قایشەکە لە پێیدا لە گەرماوەکە دێتە دەرەوە. لۆگۆیەکی ئادیداس لەسەر سینگی کراسەکەدایە. شیناییەکانی سەر ڕوومەتی ژنەکە هێشتا هەر دیار ماون، بەڵام قژەکەی ئێستا ڕێکوپێکتر شانەکراوە. تەنانەت لەم جلە کۆنانەدا و بە لێوی هەوکردوو و ڕوومەتێکی شینبووەوە، هەر ژنێکی جوانە.

کاورۆ بە ژاپۆنی لێی دەپرسێت “دڵنیام تەلەفۆنت دەوێ، وایە؟”

ماری وەریدەگێڕێتە سەر چینی. “یاو دا دیانوا ما؟” تەلەفۆنت دەوێت؟

سۆزانییەکە بە ژاپۆنییەکی شەقوشڕەوە وەڵام دەداتەوە. “های. ئاریگاتۆ.”

کاورۆ تەلەفۆنێکی بێتەلی سپیی دەداتێ. ئەویش دەست دەنێت بە دوگمەکاندا، بە چینییەکی نەرمونیانەوە قسان دەکات و گوزارشتێک دەداتە ئەو کەسەی ئەوسەری هێڵەکە کە بە تووڕەیی و توندییەکەوە وەڵام دەداتەوە. ئەمیش وەڵامێکی کورتی دەداتەوە و دایدەخات. بە کەسەرییەکەوە تەلەفۆنەکە دەداتەوە کاورۆ.

سۆزانییەکە بە ژاپۆنی سوپاسی کاورۆ دەکات: “دۆمۆ ئاریگاتۆ.”پاشان ڕوو دەکاتە ماری و دەڵێت “ماشێن یو ڕێن لای جیێ وۆ.”(هەر ئێستا کەسێک دێتە شوێنم.)

ماری بۆ کاورۆی دەڵێتەوە: “پێموا ئێستا بێن بیبەن.”

کاورۆ ناوچاو گرژ دەکات. “بڕوانە، پارەی هۆتێلەکەش نەدراوە. زۆرتر پیاوەکان پارەکە دەدەن بەڵام ئەم کوڕی قەحبە پارەی نەدا و ڕۆیشت. بیرەیەکیشمان پێ قەرزارە.”

“دەتەوێ لەو کەسەی بسێنی کە دێت بە شوێنیدا؟”

“همم.” کاورۆ دەوەستێت بیری لێ بکاتەوە. “هیوادارم بەو ئاسانییە بێت.”

کاورۆ گەڵا چا دەکاتە نێو قۆڕییەک و ئینجا لە مەتارەیەکەوە ئاوەکوڵی تێدەکات. چا دەکاتە نێو سێ پەرداخ و یەکێکیان دەداتە سۆزانییە چینییەکە. ژنەکە سوپاسی دەکات و دەست دەکات بە خواردنەوە. چایە داخەکە لێوە بڕاوەکەی ئازار دەدات. قومێکی لێ دەدات و قرچ دەبێتەوە.

کاورۆ هەندێک چا دەخواتەوە و بە ژاپۆنی بە سۆزانییەکە دەڵێت “بەڵام بۆ تۆ قورسە، وا نییە؟” ئەو هەموو ڕێگایە لە چینەوە ببڕیت، بپەڕێیتەوە بۆ ژاپۆن و دواجاریش تووشت بێتە تووش ئەو کەلەپووتانە و خوێنت بمژن. نازانم لە وڵاتی خۆت ژیانت چۆن بووە بەڵام پێدەچێت باشتر بایە نەهاتبایتە ئێرە، خۆت پێت وا نییە؟”

ماری دەپرسێت “دەتەوێت ئەوە وەرگێڕم؟”

کاورۆ سەری با دەدات. “نا، سوودی چییە؟ هەر بۆ خۆم قسە دەکەم.”

ماری سۆزانییەکە دەدوێنێت. “نی جی سوەی لا؟” (تەمەنت چەندە؟)

“شیجوو.” (نۆزدە.)

“وۆ یی شی. جا شێنمی مینگزی؟”(هاوتەمەنین. ناوت چییە؟)

سۆزانییەکە ساتێک ڕادەمێنێت و وەڵام دەداتەوە “گوا دۆنگلی.”

“وۆ جا مالی.” (من ناوم مارییە.)

ماری زەردەیەکی بچووک دەگرێتە ژنەکە—لە نیوەشەوەوە ئەمە یەکەمجاریەتی.

ماتۆڕسکیلێک دێت و لەبەر دەرگای پێشەوەی ئاڵفاڤیلدا دەوەستێت: ماتۆڕێکی وەرزشیی هۆندای زل و بەهێز. ئەو پیاوەی لێی دەخوڕێت کڵاوێکی سەرپارێزی لەسەرە. بزوێنەرەکە بە داگیرساوی دەهێڵێتەوە وەکوو بیەوێت ئامادە بێت ئەگەر پێویست بوو خێرا هەڵبێت. چاکەتێکی چەرمی ڕەش و تەنگ و پانتۆڵێکی کابۆی شینی لەبەردایە. پێڵاوی ملبەرزی باسکە. دەستکێشی ئەستوور. پیاوەکە کڵاوەکەی دادەگرێت و لەسەر تانکی بەنزینەکەی دادەنێت. پاش پشکنینێکی قووڵی دەورووبەری، تایەک لە دەستکێشەکانی دەکەنێت، مۆبایلێک لە گیرفانی دەردێنێت و ژمارەیەک لێدەدات. دەورووبەری سی ساڵانە. قژێکی ڕەنگکراوی مەیلەو سوور، کلکەئەسپی. ناوچەوانێکی بەرین، کوڵمی قوپاو، چاوگەلێکی تیژ. پاش وتووێژێکی کورت، پیاوەکە تەلەفۆنەکە دادەخات و دەینێتەوە گیرفانی. دەستکێشەکەی دەکاتەوە دەستی و چاوەڕێ دەکات.

هەرزوو کاورۆ و سۆزانییەکە و ماری دێنە دەرەوە. بە شەقەشەقی سەندەلە قایشەکانیەوە، سۆزانییەکە خۆی بەرەولای ماتۆڕسکیلەکە کێش دەکات.

پلەی گەرما دابەزیوە و پێ دەچێت بە جلە وەرزشییەکانیەوە سەرمای بێت. ماتۆڕسوارەکە دەخوڕێت بەسەر سۆزانییەکەدا، ئەویش وەڵامێکی نەرمی دەداتەوە.

کاورۆ بە ماتۆڕسوارەکە دەڵێت “ئەرێ کابرا دەزانی، هێشتا پارەی ژووری هۆتێلەکەم وەرنەگرتووە.”

پیاوەکە مۆڕەیەکی لێ دەکات و ئینجا دەڵێت “من پارەی هۆتێلان نادەم. جۆن دەیدات.” قسەکردنی بێگرێ و سارد و بێهەستە.

کاورۆ بە دەنگێکی گڕەوە دەڵێت “دەزانم.” گەرووی ساف دەکاتەوە. “بەڵام بیری لێ بکەوە. چاکە بکەی، چاکە دەبینی. ئاوا ئیش دەکەین. ئەمە بۆ ئێمەش وەڕزکەر بوو. مەبەستم، ئەمەیان پەلامارێک بوو بە برینی جەستەییەوە. دەکرا پۆلیس ئاگادار بکەینەوە. بەڵام ئەوسا ئێوە دەبا هەندێک ڕوونکردنەوەتان بدایە، وایە؟ ئیدی شەش هەزار و هەشتسەد یەن-ـەکەمان بدەرێ و ئێمەش قایل دەبین. تەنانەت پارەی بیرەکەشتان لێ ناسەنین. ئیتر با کەسمان قەرزار نەبێت.”

پیاوەکە بە چاوگەلێکی بێهەستەوە چاو دەبڕێتە کاورۆ. چاو بەرز دەکاتەوە بۆ تابلۆ نیۆنییەکە: ئاڵفاڤیل. دیسان تایەک لە دەستکێشەکانی دەکەنێت، جزدانێکی چەرمی لە گیرفانی چاکەتەکەی دەردێنێت، حەوت گەڵای هەزار-یەنی دەژمێرێت و بەریان دەداتەوە بەر پێی. بای نایە: پارەکان تەخت دەکەونە سەر عەرز. پیاوەکە دەستکێشەکەی دەکاتەوە دەستی. دەستی بەرز دەکاتەوە و سەیری کاتژمێرەکەی دەکات. هەموو جووڵەکانی بەجۆرێکی نائاسایی خاون. بەڕوونی هیچ پەلەیەکی نییە. پێدەچێت بیەوێت بە سەنگی ئامادەبوونی لەوێ، ئەو سێ ژنە سەرسام بکات. بۆ هەموو شتێک دەتوانێت هەرچەندە بیەوێت کات تەرخان بکات. بەدرێژایی ئەم ماوەیەش، بزوێنەری ماتۆڕسکیلەکە وەکوو ئاژەڵێکی سەرکەش بەردەوام دەگرمێنێت.

پیاوەکە بە کاورۆ دەڵێت “زۆر بەجەرگی.”

کاورۆ وەڵام دەداتەوە “سوپاس”

پیاوەکە دەڵێت “ئەگەر پۆلیسەکان بانگ بکەیت لەوانەیە لە دەڤەرەکەدا تەقە بکرێت.”

بۆ ماوەیەک بێدەنگییەکی قووڵ زاڵ دەبێت. کاورۆ باسکی لێک ئاڵاوە و چاو دەبڕێتە ڕوومەتی پیاوەکە. سۆزانییەکە بە برینەکانی سەر ڕوومەتییەوە

بە نیگەرانییەوە یەکەیەکە سەیریان دەکات، ناتوانێت لە نیگاگواستنەوەکانیان تێبگات.

دواجار پیاوەکە کڵاوە سەرپارێزەکەی هەڵدەگرێت، دەیکاتە سەری، چاو لە ژنەکە دادەگرێت و سواری ماتۆڕسکیلەکەی دەکات. بە هەر دوو دەست چاکەتی پیاوەکە دەگرێت. لا دەکاتەوە و ئاوڕێک لە ماری و کاورۆ دەداتەوە. ئینجا دیسان دەڕوانێتە ماری. پێدەچێت بیەوێت قسەیەک بکات بەڵام دواجار هیچ ناڵێت. پیاوەکە توند پایدەرێک لێ دەدات، ماتۆڕەکە دەبزوێنێت و دەڕوات. گرمەی ئەگزۆزەکەی بەنێو شەقامەکانی ئەو نیوەشەوەدا دەنگ دەداتەوە. کاورۆ و ماری هەر لەوێ وەستاون. کاورۆ دادەنەوێتەوە و دانەدانە گەڵا هەزار-یەنییەکان هەڵدەگرێت. هەڵیاندەگەڕێنێتەوە تاکوو هەموویان بە یەک باردا بن، چەپکە پارەکە قەد دەکات و دەیخاتە گیرفانی. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و دەستێک بە قژە کورتە کاڵەکەیدا دێنێت و دەڵێت “ئەک برا!”

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg