٤
ژوورەکەی ئێری ئاسا.
هیچ نەگۆڕاوە. ئەگەرچی وێنەی پیاوی سەر کورسییەکە لە ئەوسا گەورەترە. ئێستا تا ڕادەیەک دەتوانین بەڕوونی بیبینین. سیگناڵەکە هێشتا هەندێک تەشویشی تێدەکەوێت: جارجار وێنەکە دەلەرێتەوە، پەراوێزەکانی دەچەمێنەوە، وێنەکەی کاڵ دەبێتەوە و خشەخشەکان زیاد دەکەن. جاربەجار وێنەیەکی تەواو ناپەیوەندیدار بۆ چرکەیەک دەردەکەوێت. بەڵام ئاڵۆزییەکە دادەمرکێت و وێنە بنەڕەتییەکە دەگەڕێتەوە.
ئێری ئاسا هێشتا لە جێگاکەیدا خەوێکی قووڵ خەوتووە. بروسکە دەستکردەکانی شاشەی تەلەفیزیۆنەکە سێبەرگەلێکی بزۆک لەسەر دەمووچاوی درووست دەکەن بەڵام خەوەکەی ناشێوێنێت.
پیاوی سەر شاشەکە قاتێکی قاوەیی تۆخی لەبەردایە. لەوانەیە قاتەکە کاتی خۆی جلێکی نایاب بووبێت، بەڵام ئێستا تەواو شڕ بووە. پەڵەگەلێک لە شتێکی وەکوو تۆزی سپی لکاوە بە پشت و قۆڵەکانییەوە. پیاوەکە پێڵاوگەلێکی ڕەشی لووت-خڕی لە پێدایە کە ئەوانیش بە تۆزەوەن. دەڵێی پاش تێپەڕین بە شوێنێکی پڕ لە تۆزی چڕی کەڵەکەبووەوە گەیشتبێتە ئەم ژوورە. کراسێکی ئاسایی لەبەرە و بۆینباخێکی پەشمینی ڕەشی ساکاری بەستووە کە هەردووکیان وێنای ماندووێتییەکیان پێوە دیارە. قژی تاڵەتاڵەیەک سپیی تێ کەوتووە. نا، ڕەنگە هەر هی ئەوە بێت کە قژە ڕەشەکەی بەری تۆزە سپییەکە کەوتووە. هەرچێک بێت، زۆر دەمێکە شانەیەکی باش نەکراوە. هەرچەند، سەیرە کە ڕواڵەتی پیاوەکە لە کەسێکی شپرز ناکات و هیچ نیشانەیەک لە شڕەباریی پێوە دیار نییە. هەر ماندووە—شەکەتییەکی لەڕادەبەدەر—پاش ئەوەی هەندێک دۆخی حەتمی پیلانێکیان گێڕاوە تاکوو بە قات و هەموو شتێکییەوە خەڵتانی تۆزی بکەن.
ناتوانین ڕوومەتی ببینین. لە ئێستادا کامێرای تەلەفیزیۆنەکە تەنیا لە پشتی یان بەشەکانی دیکەی جەستەی بێجگە ڕوومەتی، وێنە دەگرێت. یان لەبەر گۆشەی ڕووناکییەکە یان بەهۆی هەندێک ڕێکخستنی دەسانقەستەوە، ڕوومەتی هەمیشە لەژێر سێبەرێکی تاریکدایە و چاوی ئێمە پێی ڕاناگات.
پیاوەکە ناجووڵێت. جاربەجار هەناسەیەکی قووڵ و درێژ هەڵدەکێشێت و شانگەلی هێواش بەرز و نزم دەبنەوە. دەکرێت بە بارمتەگیراوێک بێت کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە تاکە ژوورێکدا بەند کراوە. دەڵێی هەستێکی قووڵ لە وازهێنان دەورەیان داوە. ئەوە نییە کە بەسترابێت بە کورسییەکەوە: بەس پشت قیت لەوێ دانیشتووە، بێدەنگ هەناسە دەدات و چاوی بڕیوەتە شوێنێک ڕێک لە بەرامبەریدا. بە دیتنی بۆمان دەرناکەوێت ئاخۆ خۆی بڕیاری داوە نەجووڵێت یان خراوەتە جۆرە دۆخێکەوە کە ئیزنی جووڵانی ناداتێ. دەستی لەسەر ئەژنۆ داناوە. کاتەکەی ڕوون نییە. تەنانەت ناتوانین بزانین شەوە یان ڕۆژ. هەرچەند لەبەر تیشکی کۆمەڵە گڵۆپە فلۆرییەکە، ژوورەکە وەکوو دوانیوەڕۆیەکی هاوین ڕووناکە.
ئاخری کامێراکە بەرەو بەر دەسووڕێتەوە و ڕوومەتی پیشان دەدات، بەڵام ئەمە یارمەتیمان نادات بیناسینەوە. هەر نهێنییەکە قووڵتر دەبێتەوە. هەموو ڕوومەتی بە دەمامکێکی نیمچە شەفاف داپۆشراوە. ڕەنگە نەکرێت پێی بڵێین دەمامک: وەها چەسپیوە بە ڕوومەتییەوە، زۆرتر لە پارچەیەک نایلۆنی شەفاف دەچێت. بەڵام بەو تەسکییەشەوە هێشتا هەر ئامانجەکەی وەکوو دەمامکێک دەپێکێت. لەگەڵ ئەوەدا کە وەکوو سیرامیکێکی بریقەدار ئەو تیشکانەی بەری دەکەوێت دەگێڕێتەوە، قەت لە شاردنەوەی تایبەتمەندی و هەستەکانی پیاوەکە ناکەوێت. ئەوپەڕی بتوانین مەزەندەی هێڵە سرووشتییەکانی سەر ڕوومەتی بکەین. دەمامکەکە هیچ کونێکی بۆ چاو و دەم و لووتی نییە، بەڵام دیسان لەوە ناچێت کە بەر بە هەناسەدان، دیتن یان بیستنی بگرێت. ڕەنگە توانای هەواگۆڕکێ و دەڵاندنێکی ناوازەی هەبێت، بەڵام بە دیتنی لە دەرەوە، ناتوانین تێبگەین چ مادە یان تەکنۆلۆجیایەک بەکار هێنراوە بۆ درووستکردنی. دەمامکەکە خاوەنی ئاستێکی یەکسانە لە ئەفسوون و کارامەیی. هەم لەگەڵ تاریکی و لە سەردەمە کۆنەکانەوە گوازراوەتەوە، هەم بە ڕووناکییەوە لە داهاتووەوە گەڕاوەتەوە.
ئەو شتەی دەمامکەکەی ئەوها بەسام کردووە ئەوەیە کە هەرچەند وەکوو پێستێکی دووهەم ڕوومەتی کابرای داپۆشیوە، ناهێڵێت تەنانەت مەزەندەی بکەین ئەو کەسەی پشتەوەی بیر لە چی دەکاتەوە، هەست بە چی دەکات یان چ پلانێکی هەیە (ئەگەر هەیبێت). ئامادەبوونی پیاوەکە شتێکی چاکە؟ شتێکی خراپە؟ بیروهۆشی ئاساییە؟ ئاڵۆزکاوە؟ دەمامکەکە بە مەبەستی شاردنەوەیەتی؟ بۆ پاراستنییەتی؟ سەرمان لە هیچ دەرناچێت. پیاوەکە بە ڕوومەتێکی داپۆشراو بەم دەمامکە نامۆ و ڕێکوپێکەوە، بێدەنگ لەسەر کورسییەکە دانیشتووە و کامێرای تەلەفیزیۆنەکە وێنەی دەگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی قەوماونی دۆخێک. وا دیارە تاکە شتێک لە دەستمان بێت ئەوەیە کە بڕیاردان دوا بخەین و دۆخەکە وەکوو خۆی قەبووڵ بکەین. لەمەبەدوا بە (پیاوە بێڕوخسارەکە) بانگی دەکەین.
ئێستا گۆشەی کامێراکە سەقامی گرتووە. هەر لە ناوەندی گۆشەی خوارەوە، ڕاستەوڕاست بەسەر پیاوە بێڕوخسارەکەدا دەڕوانێت. لە قاتە قاوەییەکەیدا تەواو بێجووڵە ماوەتەوە، لەو بەرەوەی تیوبی وێنەی تەلەفیزیۆنەکەوە، لە شووشەکەوە بۆ ئەمبەر دەڕوانێت. ئەو لەو بەرەوەیە و ڕاست سەیری ئەم ژوورە دەکات کە ئێمەی لێیە. هەڵبەت خۆ چاوەکانی لەپشت دەمامکە سەیر و بریقەدارەکەوە شاردراونەتەوە، بەڵام ئێمە بەڕوونی هەست بە هەبوون و سەنگی هێڵی نیگای دەکەین. بە ویستێکی نەبڕاوەوە چاوی بڕیوەتە شتێک لە بەرامبەریدا. لەڕووی گۆشەی ڕوومەتییەوە، دەشێت چاوی بڕیبێتە قەرەوێڵەکەی ئێری ئاسا. بە وشیارییەکی زۆرەوە شوێنی ئەم هێڵە نیگا گریمانەییە دەگرین. بەڵێ، هیچ گومانێکی تێدا نییە. ئەو شتەی پیاوی پشت دەمامکەکە بە چاوە نادیارەکانییەوە چاوی تێ بڕیوە، شێوازی خەوتنی ئێرییە. ئاخری بۆمان دەردەکەوێت: بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەر خەریکی ئەمە بووە. ئەو لە توانایدایە ئەمبەر ببینێت. شاشەی تەلەفیزیۆنەکە لەم ژوورەدا وەکوو پەنجەرەیەک ئیش دەکات.
جاربەجار وێنەکە دەکەوێتە پرتەپرت و چاک دەبێتەوە. خشەخشەکانیش زۆرتر دەبنەوە. گیزەگیزەکە لە چەشنە دەنگێکی بەهێزکراوی شەپۆلەکانی مێشکی کەسێک دەکات. لەگەڵ خەستتر بوونەوەیدا بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە دۆخێکی دیاریکراودا دەگاتە لووتکە، دەست دەکات بە نزمبوونەوە و دواجاریش بزر دەبێت. پاشان وەکوو ڕای بگۆڕێت، دیسان دەردەکەوێتەوە. هەر ئەمە دووپات دەبێتەوە. بەڵام هێڵی نیگای پیاوە بێڕوخسارەکە قەت ناترازێت. سەرنجی قەت تێک ناچێت.
کچێکی شۆخ لەنێو قەرەوێڵەکەیدا یەکسەر خەوتووە. قژە ڕەش و خاوەکەی وەکوو هۆگرێکی بەتین پەخشانە بەسەر سەرینەکەدا. لێوەکانی بەنەرمی لێک نراون. بیروهۆشی لە دونیا دابڕاوە. هەرکاتێک شاشەی تەلەفیزیۆنەکە پرتەپرت دەکات، ڕووناکیی سەر ڕوومەتی کچەکە دەکەوێتە لەرزە و سێبەرەکان وەکوو هێماگەلێکی نهێنی سەما دەکەن. پیاوە بێڕوخسارەکەش لەسەر کورسییە دارێکی ساکار دانیشتووە و بێدەنگ چاوی تێ بڕیوە. شانگەلی لەگەڵ ئاهەنگی هەناسەدانیدا بەوردی هەڵدەکشێن و دادەکشێن وەکوو شەکانەوەی بەلەمێکی بەتاڵ بەسەر شەپۆلە هێمنەکانی بەرەبەیاندا.
لە ژوورەکەدا هیچی دی ناجووڵێت.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.