٥
ماری و کاورۆ دەچنە سەر شەقامێکی لاوەکیی چەپەکەوە.
کاورۆ تا شوێنێک ماری بەڕێ دەکات. ماری شەپقە شینە تۆخە بۆستۆن ڕێد سۆکس_ـەکەی خوار کردووەتەوە. بە شەپقەکەوە لە کوڕ دەچێت—کە لەوانەیە بۆ ئەمە بێت کە هەمیشە پێیەتی.
کاورۆ دەڵێت “ئەک برا، زۆر دڵخۆشم لەوێ بوویت. هیچ نەمدەزانی چ باسە.”
هەر لەو پێپلیکانەوە کە لەڕێگای ڕۆیشتن بۆ هۆتێلەکە لێوە سەرکەوتن، دێنە خوارەوە.
کاورۆ دەڵێت “هێی، شوێنێک دەناسم با سەرێک بچین بۆ ئەوێ—ئەگەر کاتت هەبێت.”
“شوێن؟”
“پێویستم بە بیرەیەکی سارد و خۆشە. ئەی تۆ؟”
“من ناتوانم بخۆمەوە.”
دەی شەربەت و شت بخۆرەوە. ئەیهەی، دەی هەر دەبێت لە شوێنێک بیت و کات بکوژیت تا بەیانی.”
لەسەر کاونتەری باڕێکی بچووکدا دانیشتوون، تاکە مشتەری هەر خۆیانن. مۆسیقایەکی کۆنی بێن وێبستەر خراوەتە سەر، (خولیای من)، هی پەنجاکان. چل پەنجا قەوانێکی چەشنی–کۆن لەسەر ڕەفەیەک ڕیز کراون. کاورۆ لە پەرداخێکی بەرز و باریک بیرە دەخواتەوە. پەرداخێک ئاوی کانزایی پێرییەر لەگەڵ شەربەتی لیمۆ لەبەردەم ماریدا دانراوە. لە پشتەوەی مێزی باڕەکەدا، مەیخانەچییە پیرەکە سەرقاڵی سەهۆڵشکاندنە.
ماری دەڵێت “کچێکی جوانیش بوو، نا؟”
“کچە چینییەکە؟”
“ئا.”
“ئەرێ پێموا. بەڵام بەو شێوازە ژیانەوە، جوانییەکەی زۆر ناخایەنێت. لەناکاو پیر و ناشرین دەبێت. هەزارانی وام بینیوە.”
“نۆزدە ساڵانە—وەکوو من.”
کاورۆ بەدەم جوینی هەندێک ناوکەوە دەلێت “باشە. بەڵام بە تەمەن نییە. ئەو چەشنە ئیشە تەواو دەتڕەتێنێت. دەبێ دەمارێکی ئاسنینت هەبێ. ئەگینا کونکون دەبی و لەناو دەچی.”
ماری هیچ ناڵێت.
“خوێندەواری کۆلێجی؟”
“ئم. لە زانکۆی خوێندنە بیانییەکان زمانی چینی دەخوێنم.”
“ها! زانکۆی خوێندنە بیانییەکان؟ پاش دەرچوونو دەتەوێ چ بکەی؟”
“ئەگەر بکرێت، پێم خۆشە ببم بە وەرگێڕ یان پاچڤەکارێکی سەربەخۆ. پێموا نییە بە کەڵکی ئیشی ئۆفیس بێم.”
“کچی ژیر.”
“وایش نییە. هەر لە منداڵییەوە دایکوباوکم هەمیشە پێیان دەگوتم کە باشترە زۆر سەعی بکەم، چونکە زۆر ناشرینم بۆ هەر ئیشێکی دیکە.”
کاورۆ چاو ورد دەکاتەوە و سەیری ماری دەکات. “دەی خۆ تا بڵێی ژیکەڵەی. بە ڕاستمە: خۆ بۆ ئەوە ناڵێم کە دڵت خۆش کەم. با چاوێ لە من کەن ئەگەر دەیانەوێ ناشیرین ببینن.”
ماری بە بێزارییەکەوە کەمێک شانی هەڵدەتەکێنێت. “خوشکم لە من گەورەترە و جوانییەکی سەرسامکەری هەیە. تا ئەو شوێنەی لە بیرم بێت هەمیشە لەگەڵ ئەو بەراوردیان دەکردم، وەکوو، ‘چۆن دەکرێ دوو خوشک ئەوەندە جیاواز بن؟’ بە ڕاستمە: ئەگەر لەگەڵ ئەو بەراوردم بکەیت، هەر هیچ نیم. باڵام کورتە، مەمکم بچووکە، قژم گژ و لوولە، دەمم زۆر زل و چاویشم نێزیکبین و لاربینە.”
کاورۆ پێدەکەنێت. “خەڵک زۆرتر بەو شتانە دەڵێن ‘جیاوازی’.”
“ئا، بەڵام ئەو چەشنە بیرکردنەوەیە بۆت ئاسان نابێت ئەگەر خەڵک هەر لە منداڵییەوە پێتیان گوتبێت تۆ ناشیرینی.”
“ئیدی زۆرت سەعی کرد؟”
“ئا، هەرە زۆر. بەڵام قەت حەزم لە پێشبڕکێ لەسەر دەرەجەکان نەبوو. پاشان لە یارییەکاندا باش نەبووم و نەمدەتوانی هاوڕێ بدۆزمەوە، ئیدی منداڵەکانی دیکە بەجۆرێک هەڕەشەیان لێ دەکردم و کاتێک گەیشتمە پۆلی سێهەم ئیتر نەمدەتوانی بڕۆمەوە قوتابخانە.”
کاورۆ دەپرسێت “مەبەستت، وەکوو فۆبیایەکی ڕاستەقینە؟”
“ئم. ئەوەندە ڕقم لە قوتابخانە بوو، نانی بەیانیم دەخوارد هەڵمدەهێنایەوە و ژانەسکی خراپم دەگرت و ئەمانە.
“ئەک. من دەرەجەکانم کاول بوون بەڵام ئەوەندەش کێشەم لەگەڵ قوتابخانە نەبوو. ئەگەر کەسێک هەبایە و حەزم لێی نەبایە، بەس کەرتۆپێنم دەکرد.”
ماری بزەیەک دەگرێت. “خۆزگە منیش بمتوانیبایە وا بکەم…”
“لێگەڕێ. شتێک نییە جێگەی شانازی بێت… دەی پاشان چی ڕووی دا؟”
“ئیتر، لە یۆکۆهاما قوتابخانەیەک هەبوو بۆ منداڵە چینییەکان. لە دەڤەرەکەماندا هاوڕێیەکم هەبوو کە دەڕۆیشت بۆ ئەوێ. نیوەی وانەکان بە چینی بوو، بەڵام وەکوو ئەوەی نێو قوتابخانە ژاپۆنییەکان عەوداڵی دەرەجە نەبوون، هاوڕێکەشم لەوێ بوو ئیدی پێم خۆش بوو بچم. خۆ دایبابم دژی بوون، بەڵام ڕێگایەکی دیکە نەبوو بتوانن قایلم بکەن بڕۆم بۆ قوتابخانە.
“دیارە کچۆڵەیەکی کەلەڕەق بووییت.”
ماری دەڵێت “لەوانەیە.”
“دەی ئەم قوتابخانە چینییە خوێندکاری ژاپۆنییان وەردەگرت؟”
“ئم. هیچ مەرجێکی تایبەت و شتیان نەبوو.”
“بەڵام لەوانەیە ئەوسا هیچ چینیت نەزانیبێت؟”
“هەر هیچ. بەڵام منداڵ بووم و هاوڕێکەشم یارمەتی دەدام، ئیدی هەر زوو فێر بووم. چاک بوو: لەوێ زۆر پێداگر نەبوون. یەکسەر بۆ خوێندنی مامناوەندی و ئامادەییش هەر لەوێ مامەوە. هەرچەند، دایبابم زۆر پێیان خۆش نەبوو. ئەوان دەیانویست بچمە یەکێک لە قوتابخانە ئەهلییە ناودارەکان و ببم بە دوکتۆرێک، پارێزەرێک شتێک. ئەوان ڕۆڵ-ـەکانیان بۆ هەڵبژاردبووین: خوشکی گەورە، سپییە بەفرینە؛ خوشکی گچکە، بلیمەتێکی بچووک.”
“خوشکەکەت وەها شۆخێکە؟”
ماری سەری دەلەقێنێت و قومێک لە پێرییەرەکەی دەدات. “هەر لە قۆناغی ئامادەییدا بۆ گۆڤارەکان ئیشی مۆدێلینگی دەکرد. دەزانی، ئەو گۆڤارانەی تایبەت بە کچانی هەرزەکار.”
کاورۆ دەڵێت “ئەک، دەبێ زۆر قورس بێت خوشکێکی گەورەتری ئەوها جوانت هەبێت. بەڵام بەهەرحاڵ، بۆ گۆڕینی باسەکە، کچێکی وەک تۆ بۆچی دەبێ بەدرێژایی شەو لە شوێنێکی وەکوو ئێرەدا کات بەسەر ببات؟”
“کچێکی وەک من؟”
“خۆت دەزانی چی دەڵێم… هەموو کەسێک تێدەگات کە تۆ لەو کچە بەویقارەکانی.”
“بەس نەمدەویست بچمەوە ماڵ.”
“لەگەڵ ماڵەوە بووەتە شەڕتان؟”
ماری سەری با دەدات. “نا، ئەوانە نییە. بەس دەمویست بۆ ماوەیەک بەتەنیا بم، لە شوێنێک بێجگە ماڵ خۆمان. هەتا بەیانی.”
“پێشتریش شتی وات کردووە؟”
ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە.
کاورۆ دەڵێت “ڕەنگە پەیوەندیی بە منەوە نەبێت، بەڵام ڕاستیت پێ بڵێم، ئەم دەڤەرە شوێنێک نییە کچانی بەویقار شەوی لێ ڕۆژ بکەنەوە. کەسانێکی هەرە مەترسیدار تێیدا دەسووڕێنەوە. خۆیشم تووشی هەندێ شتی ترسناک هاتووم. لەنێوان ئەو ساتانەیدا کە دوا شەمەندەفەر دەڕوات و یەکەم شەمەندەفەر دەگەڕێتەوە، شوێنەکە دەگۆڕێت: لەوەی هی نێو ڕۆژ ناکات.”
ماری شەپقە بۆستۆن ڕێد سۆکس_ـەکەی لەسەر مێزی باڕەکە هەڵدەگرێت و دەست دەکات بە یاریکردن بە سێبەرگرەکەی، بیر دەکاتەوە. ئاخری واز لە بیرکردنەوە دێنێت و بەنەرمی بەڵام پێداگرانە دەڵێت “ببوورە، قەینا باسی شتێکی دیکە بکەین؟”
کاورۆ هەندێک پاقلەی سوودانی هەڵدەگرێت و دەیانخاتە نێو دەمیەوە و دەڵێت “نا، باشە. با باسی شتێکی دیکە بکەین.”
ماری پاکەتێک جگەرەی فلتەرداری کەمڵ لە گیرفان چاکەتەکەی دەردێنێت و بە چەرخێکی (بیک) یەکێکیان دادەگیرسێنێت.
کاورۆ دەنگ هەڵدەبڕێت “هێی، جگەرە دەکێشی!”
“جار بە جارێک.”
“ڕاستیت پێ بڵێم، پێت ناکەوێ.”
ماری سوور هەڵدەگەڕێت بەڵام هەرجۆرێک بووە سووکە بزەیەکی تاڵ دەگرێت.
کاورۆ دەڵێت “دەتوانم دەنکێک هەڵگرم؟”
“بێگومان.”
کاورۆ جگەرەیەک دەنێتە دەمیەوە و بە چەرخەکەی ماری دایدەگیرسێنێت. لەڕاستیدا جگەرەکێشانەکەی ئەم زۆر لە ماری ئاساییتر دەنوێنێت.
“هاوڕێ کوڕت هەیە؟”
ماری نەختێک سەری با دەدات. “ئێستاکانێ زۆر هۆگری کوڕان نیم.”
“زۆرتر حەزت لە کچانە؟”
“نە کورە. نازانم.”
کاورۆ مژ لە جگەرەکەی دەدات و گوێ لە مۆسیقاکە دەگرێت. ئێستا نیشانەی ماندوویەتییەک لەسەر ڕوومەتی پیشانی دەدات خەریکە پشوویەک بە خۆی بدات.
ماری دەڵێت “دەزانی، هەر دەمویست لێت بپرسم. بۆچی هۆتێلەکەتان ناو ناوە ئاڵفاڤیل”؟
“همم، چی بڵێم. لەوانەیە بەڕێوەبەرەکە ناوی نابێت. هەموو ئەڤین هۆکان ئەم ناوە سەیرانەیان هەیە. مەبەستم، بەس بۆ ژن و پیاوانە کە بێن و ئیشەکەیان بکەن. هەر قەرەوێڵەیەک و بانیۆیەکت پێویستە. کەس گوێ بە ناوەکەی نادات مادامەکێ لە ئەڤین هۆیەک بچێت. بۆچی دەپرسی؟”
“ئاڵفاڤیل ناوی یەکێک لە فلیمە دڵخوازەکانمە. ژان-لوج گۆدار.”
“قەتم نەبیستووە.”
“ئا، زۆر کۆنە. هی شەستەکانە.”
“لەوانەیە هەر لەوێوە وەریان گرتبێت. لە بەڕێوەبەرەکە دەپرسم ئەمجار کە بیبینم. دەی، (ئاڵفاڤیل) واتای چی؟”
ماری دەڵێت “ناوی شارێکی خەیاڵییە لە داهاتوویەکی نێزیکدا. شوێنێک لەنێو ڕێگای شیریدا.”
“ئەک، خەیاڵی زانستی. وەکوو جەنگی ئەستێرەکان؟”
“نا، هەر هیچی لە جەنگی ئەستێرەکان ناچێت. نە کاریگەرییەکی تایبەتی، نە ئاکشنێک. زۆرتر شتێکی هزرییە. ڕەش-و-سپی، دیالۆگێکی زۆر، لە سینەما هونەرییەکاندا پیشانی دەدەن…”
مەبەستو چییە، (هزری)؟”
“دەی، بۆ نموونە، ئەگەر لە ئاڵفاڤیلدا بگریت، دەتگرن و بە بەرچاوی خەڵکەوە دەتکوژن.”
“بۆچی؟”
“چوکە لە ئاڵفاڤیلدا ئیزنت نییە هەستی قووڵت هەبێت. کەوابوو شتێکی وەکوو ئەوینی لێ نییە. نە ناکۆکییەک، نە ئایرۆنییەک. ئەوان هەموو شتێک بەپێی فۆرمولە ژمارەییەکان جێبەجێ دەکەن.”
کاورۆ چرچ دەخاتە نێوچەوانیەوە. “(ئایرۆنی)؟”
“ئایرۆنی واتە وەرگرتنی ڕوانگەیەکی بابەتیانە یان ئاوەژووکراو سەبارەت بە خۆت یان ئەوەی خۆت سەبارەت بە کەسێک و دۆزینەوەی ناکۆکییەکانی.”
کاورۆ بۆ ساتێک بیر لە ڕوونکردنەوەکەی ماری دەکاتەوە و دەڵێت “بەڕاست تێ ناگەم. بەڵام پێم بڵێ: لەم شوێنی ئاڵفاڤیلەدا سێکس هەیە؟”
“بەڵێ، لە ئاڵفاڤیلدا سێکس هەیە.”
“سێکسێک کە پێویستی بە ئەوین یان ئایرۆنی نییە.”
“ڕاستە.”
کاورۆ لە ناخی دڵەوە پێدەکەنێت. “دەی، بیری لێ بکەیتەوە، پێدەچێت ئاڵفاڤیل گونجاوترین ناو بێت بۆ ئەڤین هۆیەک.”
پیاوێکی جوانپۆش، تەمەن مامناوەند و باڵا کورت دێتە ژوورەوە و لە ئەوپەڕی باڕەکەدا دادەنیشێت. کۆکتایلێک داوا دەکات و هێواش لەگەڵ مەیخانەچییەکەدا دەست دەکاتە قسەکردن. لە مشتەرییەکی هەمیشەیی دەچێت، لە شوێنە هەمیشەییەکەیدا دادەنیشێت و خواردنەوە هەمیشەییەکەی داوا دەکات. یەکێکە لەو کەسنەناسانەی کە بە شەو لە شارەکەدا دەژین.
ماری لە کاورۆ دەپرسێت “گوتت جاران زۆرانبازێکی پسپۆڕ بووی؟”
“ئا، بۆ ماوەیەکی زۆر. هەمیشە لە زەبەلاحەکان بووم و شەڕکەرێکی چاکیش بووم، ئیدی لە قوتابخانەی ئامادەییدا هەڵیانبژاردم. بێ یەکودوو دەڕۆیشتمە نێو مەیدانەکەوە و
بەم قژە کاڵە شێتانەیە و برۆی تاشراو و تاتۆی دووپشکێکی سوور لەسەر شانمەوە، یەکسەر ڕۆڵی کچێکی سەرشێتم دەگێڕا. هەندێ جاریش لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان بووم. لە هۆنگ کۆنک و تایوان و شت یاریم هەبوو و بە جۆرێک یانەیەکی ناوچەیی لە هۆگرانیشم هەبوو—یانەیەکی بچووک. هەست دەکەم سەیری زۆرانی ژنان ناکەیت؟”
“قەت سەیرم نەکردووە.”
“ئا، دەی، ئەوەش بۆ خۆی ڕێگایەکی بەدەستهێنانی بژێوی ژیانە. کاتێک بیست و نۆ ساڵان بووم، پشتم زامدار بوو و وازم هێنا. لە مەیداندا ژنێکی دڕ بووم، ئیدی شتێکی وا هەر دەبا ڕوو بدات. بەهێز بووم بەڵام هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە. بۆ منیش، شتێکە لە کەسایەتیمدا. نازانم چۆن پارسەنگی ئیشەکان ڕابگرم. پێموا کەسێکم حەزم لە ورووژاندنی خەڵکە. ئەوان دەست دەکەن بە هەرا و منیش شێت دەبم و شتێک دەکەم یەکجار زۆرتر لەوەی پێویست. ئیدی ئێستا هەر کات بۆ چەند ڕۆژێک بارانمان هەبێت ئەم ژانەپشتەم بۆ دێت. کە ئەوەش دەستی پێ کرد، هیچم پێ ناکرێت ئەوە نەبێت هەموو ڕۆژەکە ڕابکشێم. وێرانم.”
کاورۆ سەری دەسووڕێنێتەوە تاکوو ئێسقانەکانی ملی قرمەیان لێوە دێت.
“ئەوسا کە ناوبانگم هەبوو هەمیشە پارەکانم کۆ دەکردەوە و کەسانێک هەبوون کە یەکسەر لە دەورم دەگەڕان، بەڵام کە دەستم هەڵگرت ئیدی هیچم پێ نەمابوو. هەر هیچ. پارەکان چییان لێ هات؟ دەی، خانوویەکم لە یاماگاتا بۆ دایکوباوکم درووست کرد، کەواتە کچێکی چاک بووم تا ڕادەیەک، بەڵام پاشماوەکەی سەرفی دانەوەی قەرزی قومارەکانی برا بچووکەم دەبوو یان بەو خزمانەدا بە فیڕۆ دەچوو کە بەئەستەم دەمناسین، یان نوقمی ئەو سەرمایەگوزارییە سەیرانە دەبوو کە کابرایەک دەیخستە بەردەستم کە لە بانک ئیشی دەکرد. کە ئەوە ڕووی دا، ئیدی کەس لێی نەدەپرسیم. وەڕز بووم، وەکوو، ئەرێ لەم دە ساڵەی ڕابردوودا چیم بەسەر خۆم هێناوە؟ خەریکە بچمە ناو سی ساڵ و خەریکم دەڕووخێم و هیچیشم لە بانکدا نییە. ئیدی کاتێک کە من وام لە بیر ئەوەدا ئاخۆ دەبێت بۆ پاشماوەی ژیانم چی بکەم، کەسێک لە یانەی هۆگرەکانمدا سەرۆکی ئەم ماڵەم پێ دەناسێنێت و ئەویش دەڵێت ‘بۆ نابیت بە کارگێڕی ئەڤین هۆیەک؟’ کارگێڕ؟ ئاسمان، خۆ دەبینی من زۆرتر لە دەرگاوان یان پاسەوانێک دەچم.”
کاورۆ ئەوەی لە بیرەکەی ماوەتەوە دەیخواتەوە. ئینجا سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەکات.
ماری دەپرسێت “نابێ بگەڕێیتەوە سەر ئیشەکەت؟”
“لە ئەڤین هۆکاندا، ئێستا ئەو کاتەیە کە دەتوانی پشوو بدەیت. شەمەندەفەرەکان چیدی هاتوچۆ ناکەن، ئیدی ئێستا زۆربەی مشتەرییەکان بۆ شەو دەمێننەوە و تاکوو بەیانی شتێکی ئەوتۆ ڕوو نادات. پێموا دەتوانی بڵێیت کە لەسەر ئیشم بەس هیچکەس بۆ خواردنەوەی بیرەیەک ناکاتە سەرم.”
“کەواتە بەدرێژایی شەو ئیش دەکەیت و پاشان دەڕۆیتەوە ماڵ؟”
“خۆ، شوقەیەکم هەیە دەتوانم بڕۆمەوە ئەوێ، بەڵام لەوێ هیچم نییە بیکەم، کەسیش نییە چاوەڕێم بکات. زۆربەی شەوان لە ژووری پشتەوەی هۆتێلەکەدا دەمێنمەوە و هەر کات کە هەستام دەست دەکەمە ئیش. ئێستە تۆ دەتەوێ چ بکەی؟”
“هەر لە شوێنێک بە کتێبخوێندنەوە کات بەڕێ دەکەم.”
“دەزانی، دەتوانی لە لای ئێمە بمێنیتەوە ئەگەر پێت ناخۆش نەبێت. دەتوانین یەکێک لە ژوورە چۆڵەکانت بۆ ئامادە بکەین—ئەمشەو چەند دانەیەکمان هەیە. نەختێک خەمینە کە شەوێک بەتەنیا لە ئەڤین هۆیەکدا بمێنیتەوە، بەلام بۆ خەوتن زۆر چاکە. ئەو شتەش کە زۆرمان هەبێت، قەرەوێڵەیە.”
ماری نەختێک سەری دەلەقێنێت، بەڵام بڕیاری خۆی داوە. “سوپاس، بەڵام خۆم دەتوانم چاری بکەم.”
“باشە، بە کەیفی خۆت.”
“تاکاهاشی لە شوێنێک لەم دەورووبەرە خەریک مەشقکردنە؟ تیپەکەی مەبەستمە.”
“ئەها ئەرێ، تاکاهاشی. شەو یەکسەر لە ژێرزەمینەکەدا جیزەیان دێت. بیناکە وا لە خوار شەقامەکەوە. دەتەوێ بچین و سەرەتاتکێیەک بکەین؟ هەرچەند دەلێی قیامەتە ئەوەندە جەنجاڵن.”
“نا، پێویست ناکات. بەس کونجکۆڵ بووم.”
“ئەها، باشە. کوڕی چاکە. ڕۆژێک دەبێت بە شتێک. نەختێک گێل دیارە بەڵام لە ناخەوەڕا سەیر بەهێزە. دڵخۆشکەرە.”
“چۆنت ناسی؟”
کاورۆ لێوی خوار دەکاتەوە. “ئەوەیان بەسەرهاتێکی خۆشە، بەڵام باشترە لە زاری خۆیەوە بیبیستی تاکوو لە منەوە.”
کاورۆ پارەی حسێبەکە دەدات.
“ماری، ماڵەوە لێت تووڕە نابن کە شەو یەکسەر لە دەرەوە بیت؟
“وادەزانن لە ماڵی هاوڕێیەکمدام. هەرچییەکیش بکەم، دایکوباوکم ئەوەندە نیگەرانی من نین.”
دڵنیام پێیانوایە دەتوانن وازت لێ بێنن چونکە چاک دەزانی چی دەکەی.”
ماری وەڵامی ئەم تێبینییەی ناداتەوە.
کاورۆ دەڵێت “بەڵام ڕەنگە هەندێ جاریش بەڕاست نازانی چی دەکەی.”
ماری نەختێک خۆی لێ مۆن دەکات. “چی وا دەکات وا بیر بکەیتەوە؟”
“باسی چۆن بیرکردنەوەی من نییە. ئەوە بەشێکە لە نۆزدە-ساڵان-بوون. خۆیشم جارێک نۆزدە ساڵان بووم. دەزانم چلۆنە.”
ماری سەیری کاورۆ دەکات. دێت شتێک بڵێت، بەڵام تێدەگات کە ناتوانێت جوانی دەرببڕێت، ڕای دەگۆڕێت.
کاورۆ دەڵێت “سکایلارک لەم نێزیکانەدایە. تا ئەوێ لەگەڵت دێم. بەڕێوەبەرەکەی برادەرێکی خۆمە، ئیدی داوای لێ دەکەم ئاگای لێت بێ. دەهێڵێ تا بەیانی لەوێ بمێنیتەوە. باشە؟”
ماری سەر دەلەقێنێت. قەوانەکە تەواو دەبێت، دیسکگەڕێنە خۆکارەکە دەرزییەکە بەرز دەکاتەوە و بازووەکەشی ڕادەوەستێت. مەیخانەچییەکە دەچێت بۆ لای گرامافۆنەکە تاکوو قەوانەکە بگۆڕێت. بە وریاییەکەوە قەوانەکە لەسەر سینیی گرامافۆنەکە هەڵدەگرێت و دەیخاتەوە نێو بەرگەکەیەوە. ئینجا قەوانێکی دیکە دەردێنێت، لە بەر ڕووناکییەکەوە ڕووەکەی دەپشکنێت و دەیخاتە سەر دیسکگەڕێنەکە. دەست دەنێتە دوگمەیەکدا و دەرزییەکە دادەبەزێتە سەر قەوانەکە. قرچەقرچێکی کز و پاشان (خاتوونی هێژا)ـی دووک ئەلینگتۆن دەستپێ دەکات. (باس-کلارینێت)ـە خاوەکەی هاری کارنی تاکژەنییەک پێشکەش دەکات. جووڵە لەسەرخۆکانی مەیخانەچییەکە هەستێکی تایبەت دەبەخشێت بە تێپەڕینی کات لەوێدا.
ماری لە مەیخانەچییەکە دەپرسێت “قەت شتی دی بێجگە قەوان ناخەیتەسەر؟”
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت “حەزم لە سی-دی نییە.”
“بۆچی؟”
“زۆر بریقەدارن.”
کاورۆ خۆی تێ هەڵدەقورتێنێت و لە مەیخانەچییەکە دەپرسێت: “لە ڕابردووەوە هاتوویت؟”
ماری دەڵێت “بەلام سەیرکە چەندە کات دەبات تاکوو قەوانێک بگۆڕیت.”
مەیخانەچییەکە پێدەکەنێت. “سەیرکە، نیوەشەوە. تا بەیانی هیچ شەمەندەفەرێک هاتووچۆ ناکات. پەلەمان چییە؟”
کاورۆ ماری ئاگادار دەکاتەوە “لەبیرت بێت، ئەم برادەرە تۆزێک سەیرە.”
“هەر وایە دەی: کات لە نیوەشەودا بە شێوازێکی تایبەتی خۆی تێدەپەڕێت.” مەیخانەچییەکە وا دەڵێت، شقارتەیەک دادەگیرسێنێت و جگەرەیەک هەڵدەکات. “بەربەرەکانێی لەگەڵ ناکرێت.”
ماری دەڵێت “خاڵم ئەوسا قەوانێکی زۆری هەبوو. زۆربەشی مۆسیقای جاز. قەت نەیتوانی خۆی لەگەڵ دەنگی سی-دییەکان ڕابێنێت. کە دەڕۆیشتمە ئەوێ، هەمیشە قەوانەکانی بۆ دەخستمە سەر. لەوە منداڵتر بووم لە مۆسیقا تێبگەم، بەڵام هەمیشە حەزم لە بۆنی بەرگە کۆنەکانی قەوانەکان و دەنگی دەرزییکە بوو کاتێک لەسەر قڵیشەکان دەنیشتەوە.”
مەیخانەچییەکە بێدەنگ سەری دەلەقێنێت.
ماری بە کاورۆ دەڵێت “هەر لەم خاڵمەوە فلیمەکانی ژان-لوج گۆداردـیشم ناسی.”
کاورۆ دەپرسێت “واتە، لەگەڵ خاڵت بەجۆرێک پێکەوە کۆک بوون، ها؟”
ماری دەڵێت “هەر زۆر. مامۆستا بوو، بەڵام بەجۆرێک کەسێکی خۆشگوزەرانیش بوو. لەناکاو سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی کێشەی دڵەوە مرد.”
مەیخانەچییەکە بە ماری دەڵێت “هەرکات ویستت وەرە بۆ ئێرە. هەموو شەوێک سەعات حەوت دەیکەمەوە. بێجگە یەکشەممان.”
ماری سوپاسی دەکات و لەسەر کاونتەرەکە یەکێک لە قاوغە شقارتەکانی باڕەکە هەڵدەگرێت و دەیخانە گیرفان چاکەتەکەی. لەسەر چرپایەکە دادەبەزێت. دەنگی دەرزییەکە کە شوێنی قڵیشەکانی قەوانەکە دەگرێت. مۆسیقای خاو و بەهەستی دووک ئەلینگتۆن. مۆسیقا بۆ نیوەشەو.
سکایلارک. تابلۆیەکی نیۆنی گەورە. شوێنێکی گەشی دانیشتن لە پەنجەرەکەوە دیارە. هەروەها پێکەنینێکی گەشی گرووپێکی لاو لە ژن و پیاو—ڕەنگە خوێندکاری کۆلێج بن—کە لەسەر مێزێکی گەورە دانیشتوون. ئێرە هەر زۆر لە دەنیز گەشاوەترە. تۆخترین تاریکیی شەوانی شەقامەکانیش ناتوانن دزە بکەنە ئێرەوە.
ماری لە ئاودەستەکەی سکایلارکدا خەریکە دەست دەشوات. ئیدی کڵاوەکەی لەسەر نییە—چاویلکەکەشی لە چاو نییە. لە بڵیندگۆیەکی سەقفییەوە بە دەنگێکی نزم گۆرانییەکی کۆن و ناوداری پێت شۆپ بۆیز بڵاو دەبێتەوە: (ئێرەیی.) جانتا شانییە گەورەکەی ماری لەپاڵ سینکەکەوە دانراوە. بە بەکارهێنانی سابوونی شل لە سابوونڕێژەکەوە، بە سەرنجێکی زۆرەوە دەستی دەشوات. پێدەچێت خەریک شتنی شتێکی لینج بێت کە لکاوەتە شوێنی نێوان قامکەکانییەوە. جارجار سەر بەرز دەکاتەوە و لەنێو ئاوێنەکەوە سەیری ڕوومەتی دەکات. ئاوەکە دەگرێتەوە، هەر دە قامکەکەی لەبەر ڕووناکییەکەوە دەپشکنێت و بە کلینکسێک وشکیان دەکاتەوە. ئینجا بەسەر ئاوێنەکەدا دەشکێتەوە و چاو دەبڕێتە وێنەی ڕوومەتی خۆی وەکوو چاوەڕێی ڕوودانی شتێک بێت. نایەوێت بچووکترین گۆڕان لەبەر چاوی ون ببێت. بەڵام هیچ ڕوو نادات. دەست لەسەر سینکەکە دادەنێت، چاو دەقووچێنێت، دەست دەکات بە ژماردن و ئینجا دیسان چاو دەکاتەوە. دیسان ڕوومەتی بەوردی دەپشکنێت، بەڵام هەر هیچ نیشانەیەک لە گۆڕان نابینێت.
بسکەکەی ساف دەکات و سەرپۆشی قەمسەڵەکەی لەژێر چاکەتی زانکۆکەیەوە ڕێک دەکاتەوە. ئینجا وەکوو خۆی هان بدات، قەپ لە لێوی دەگرێت و چەند جار بۆخۆی سەر دەلەقێنێت. مارییەکەی نێو ئاوێنەکەش قەپ لە لێوی دەگرێت و چەند جار سەر دەلەقێنێت. جانتاکەی دەکاتە شانی و لە ئاودەستەکە دێتە دەرەوە. دەرگاکە دەدرێتەوە.
گۆشەنیگای کامێراکەمان بۆ ماوەیەک لێرەدا دەمێنێتەوە و سەیری ئاودەستەکە دەکات. ماری ئیدی لێرە نییە. کەسی دیکەشی لێ نییە. مۆسیقا لە بڵیندگۆ سەقفییەکەوە بەردەوام بڵاو دەبێتەوە. ئێستا گۆرانییەکی (داریل هاڵ و جۆن ئۆتس)ـە: (ئەوەم پێ ناکرێت.) سەرنجێکی وردتر دەری دەخات کە وێنەی ماری هێشتا لەنێو ئاوێنەی سەر سینکەدا ڕەنگ دەداتەوە. مارییەکەی نێو ئاوێنەکە لە بەری خۆیەوە بۆ ئەمبەر دەڕوانێت. نیگا ساردەکەی وەکوو ئەوەیە چاوەڕێی چەشنە ڕووداوێک بکات. بەڵام ئەمبەر کەسی لێ نییە. تەنیا وێنەکەی خۆیە و لەسەر ئاوێنەی ئاودەستەکەی سکایلارک ماوەتەوە.
ژوورەکە وردەوردە تاریک دادێت. لەگەڵ تۆخبوونەوەی تاریکییەکە، (ئەوەم پێ ناکرێت) هێشتا هەر بڵاو دەبێتەوە.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.