٦
نووسینگەکەی هۆتێل ئاڵفاڤیل. کاورۆ لە پشت کۆمپیوتەرەکە دانیشتووە و وەڕز دیارە. مۆنیتەرە کریساڵ شلەکە ڤیدیۆگەلێک پیشان دەدات کە کامێرای چاودێری لە دەروازەی پێشەوە گرتوونی. وێنەکە ڕوونە. کاتەکەی لە سووچێکی شاشەکەدا پیشان دراوە. کاورۆ یاداشتەکانی لەگەڵ کاتی سەر مۆنیتەرەکە بەراورد دەکات و مشکەکە بەکار دەهێنێت بۆ خستنەبەرەوەی ڤیدیۆکە و ڕاگرتنی. پێناچێت ڕەوتی ئیشەکە چاک بچێتە پێشێ. جارجار سەیری بنمیچکە دەکات و هەناسەیەک هەڵدەکێشێت.
کۆموگی و کۆرۆگی دێنە ژوورەوە.
کۆموگی دەپرسێت “ئەوە چییەکەی کاورۆ؟”
کۆرۆگیش دەڵێت “حا، خۆ دیارە کەیفخۆش نیت!”
کاورۆ چاوی بڕیوەتە شاشەکە و وەڵام دەداتەوە “دی-ڤی-دیی کامێرای چاودێری. ئەگەر ڕێک دەورووبەری ئەو کاتە سەیر بکەم، لەوانەیە تێبگەین کێ لێی داوە.”
کۆموگی دەڵێت “بەڵام ئەوسا هەموو چەشنە مشتەرییەک هاتووچۆیان دەکرد. پێتوایە دەکرێ بزانین کامەیان بووە؟”
قامکە قەڵەوەکانی کاورۆ ناشیانە دەکێشن بە کلیلەکاندا. “هەموو مشتەرییەکانی دیکە بەجووتە بوون، بەڵام ئەو کابرایە بەتەنیا هات و لەنێو ژوورەکەدا چاوەڕێی ژنەکە مایەوە. لە ٥٢:١٠دا کلیلی ٤٠٤ـی وەرگرت و دە خولەک دواتر بە ماتۆڕسکیل کچەکەیان گەیاند. ئەم زانیارییانەش لە ساساکیی پشت مێز پرسگەکەوە بە دەستمان گەیشتووە.”
کۆموگی دەڵیت “کەواتە هەر ئەوەندەی پێویستە لە کاتژمێر پێنج و پەنجا-و-دوو خولەکەوە سەیری وێنەکان بکەیت.”
کاورۆ دەڵێت “ئا، بەڵام ئەوها ئاسانیش نییە کە دەنوێنێت. هیچ نازانم چی دەکەم بەم تەڕەماشە دیجیتاڵییانە.”
کۆموگی دەڵێت “ماسولکەکان زۆر یاریدەدەر نین، هەن؟”
“ڕێک.”
کۆرۆگی بە جدییەتێکەوە دەڵێت “وای بۆ دەچم ڕەنگە کاورۆ لە سەردەمێکی هەڵەدا لەدایک بووبێت.”
کۆموگی دەڵێت “ئەرێ. نێزیکەی دوو هەزار ساڵێک.”
کۆرۆگی دەڵێت “ڕاست وایە.”
کاورۆ دەڵێت “چما تەواو لێم تێگەیشتوون، ها؟ ئێوە ئەم ئیشەتان پێ دەکرێ؟”
پێکەوە قسەی پێ دەبڕن “هەرگیزاوهەرگیز!”.
کاورۆ ئەو کاتەی دەیەوێت لەنێو خانەی گەڕانەکەدا تایپی دەکات و لەسەر مشکەکە کلیک دەکات، بەڵام ناتوانێت بچێتە سەر وێنەی مەبەست. پێدەچێت ڕیزی کردارەکان بەهەڵە جێبەجێ بکات. بە وەڕزییەکەوە بە زاری کرتەیەک دەکات. کەتەلۆگەکە هەڵدەگرێت و بە لاپەڕەکانیدا دەگەڕێت، بەڵام سەری لێ دەرناچێت، واز دێنێت و فڕێی دەداتەوەوە سەر مێزەکە.
“ئەرێ هەڵەم لە چیدایە؟ ئەمە دەبا ڕێک ئەو بەشانەی کە دەمەوێت بهێنێت، بەڵام نایهێنێت. ئای کە خۆزگە تاکاهاشی لێرە بایە. لە چاوترووکانێکدا جێبەجێی دەکرد.”
“بەڵام کاورۆ، تەنانەت ئەگەریش بزانی شێوەی ئەو کابرایە چۆنە، سوودی چیەبێ؟” کۆموگی دەڵێت “ناتوانی ڕاپۆرتی بدەیتە پۆلیس.”
کاورۆ دەڵێت “تا ئەو شوێنەی پێم بکرێ، نێزیکی پۆلیس ناکەوم. نە بۆ فشەکردن و نە هیچی دی.”
“دەی دەتەوێ چیبکەی؟”
کاورۆ دەلێت “کاتێک کاتی گەیشت بیری لێ دەکەمەوە. خلۆقەتی من هەر وایە: ناتوانم هەر وا ڕاوەستم و بهێڵم کوڕە-قەحبەیەکی وەکوو ئەمە ئاوا گوویەک بخوات. وادەزانێت چوکە بەهێزترە دەتوانێت لە ژنێک بدات، هەرچێکی هەیە بیبات و بڕوات. سەرەڕای ئەمە، پارەی هۆتێلەکەشی نەدات. پیاو هەر وان—پیس و پۆخڵ.”
کۆرۆگی دەڵێت “کەسێک دەبێ ئەو شێتەی نەگبەتە بگرێت و لێی بدات بۆ مردنی.”
کاورۆ بە تینێکەوە سەر دەلەقێنێت و دەڵێت “ڕێک. بەڵام قەت ئەوەندە گەمژە نابێت دیسان لێرە دەرکەوێت. لانیکەم تا ماوەیەک. ئینجا کێ کاتی هەیە بەدوویدا بگەڕێت؟”
کۆموگی دەپرسێت “دەی دەتەوێ چیبکەی؟”
“وەک گوتم، کاتێک کاتی گەیشت بیری لێ دەکەمەوە.”
کاورۆ بێهیوا وەختە بکێشێت بەسەر مشکەکەدا، هەروا لەسەر وێنۆچکەیەک دەبڵ-کلیک دەکات و چەند چرکە دواتر وێنەی تایبەت بە ٤٨:١٠ لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت.
“ئاخری.”
کۆموگی: “ئەگەر جاری یەکەم سەرنەکەوتی…”
کۆرۆگی: “کۆمپیوتەرەکەی ترساند بە شەرەف.”
هەر سێکیان نائارام و بێدەنگ چاو دەبڕنە شاشەکە. جووتێک هەرزەکار لە ٥٠:١٠دا دێنە ژوورەوە. لەوانەیە خوێندکار بن. ڕوون دیارە هەردووکیان پەشۆکاون. لە بەرامبەر وێنەکانی ژوورەکەدا دەوەستن، سەرەتا سەرنج دەخەنە سەر ژوورێک و پاشان یەکی دی و لەدواییدا ژووری ٣٠٢ هەڵدەبژێرن. دەست دەنێن بە دوگمەکەدا، کلیلەکە وەردەگرن و پاش سووڕانەوەیەک بۆ دۆزینەوەی بەرزکەرەوەکە، سەردەکەون.
کاورۆ: “کەواتە ئەمانە میوانەکانی ژووری سێسەد-و-دوون.”
کۆموگی: “سێسەد-و-دوو، ئەرێ؟ زۆر ساوا دیارن بەڵام لەوێ ورووژابوون. دەبا شوێنەکەت بدیبایە پاش ئەوەی تەواو بوون.”
کۆرۆگی: “جا ئەوە چییە؟ هەرزەکارن ئیتر. پارە دەدەن بێنە شوێنێک وەکوو ئێرە بۆوەی بتوانن بورووژێن.”
کۆموگی: “باشە منیش هێشتا لاوم بەڵام نامبینی بورووژێم.”
کۆرۆگی: “بۆ ئەوەیە کە تۆ ئەوەندە حەشەری نیت.”
کۆموگی: “وا بیر دەکەیتەوە؟ بڵێم چی…”
کاورۆ: “هێی، لێرەدا ژمارەی چوارسەد-و-چوار دێت. دەمتان داخەن و سەیر کەن.”
پیاوێک لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت. کاتژمێر ٥٢:١٠ خولەکە.
چاکەتێکی بارانی خۆڵەمێشیی کاڵی لەبەردایە. لە کۆتاییی سییەکانی تەمەنیدایە، ڕەنگە نێزیک چل بێت. وەکوو کارمەندێکی ئاساییی کۆمپانیایەک بۆینباخی لە مل کردووە و قۆنەرەی لەپێ کردووە. چاویلکەیەکی چێوە-تەلی بچووک. هیچی بە دەستەوە نییە؛ قووڵ هەردوو دەستی خستووەتە نێو گیرفانەکانی چاکەتەکەیەوە. هەموو شتێکی ئاساییە—باڵا، قەڵافەت، ستایلی قژی. ئەگەر لەسەر شەقام بە پاڵیدا تێپەڕیبایت، هیچ سەرنجی ڕانەدەکێشایت.
کۆموگی دەڵێت “لە پیاوێکی تەواو ئاسایی دەچێت.”
کاورۆ دەست بە چەناگەیدا دەهێنێت و دەڵێت “ئەوانەیان کە ڕواڵەتی ئاساییان هەیە، مەترسیداترینەکانیانن. بار کەرێک گوشاریان پێیە.”
پیاوەکە چاوێک لە کاتژمێرەکەی دەکات و بێ یەکودوو کلیلی ٤٠٤ دەبات. خێرا بەرەو بەرزکەرەوەکە هەنگاو دەنێت و لەسەر مۆنیتەرەکە نامێنێت.
کاورۆ ڤیدیۆکە ڕادەگرێت و لە کچەکان دەپرسێت “دەی ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟”
کۆموگی دەڵێت “لە کەسێک دەچێت بۆ کۆمپانیایەک ئیش بکات.”
کاورۆ سەری با دەدات و بە ڕقێکەوە سەیری کۆموگی دەکات. “پێویست ناکات تۆ پێم بڵێی کە زەلامێک بە قات و بۆینباخێکی فەرمییەوە لەم ساتەی ڕۆژدا دەشێ کارمەندی کۆمپانییایەک بێت کە لە ئیش دەگەڕێتەوە ماڵێ.”
کۆموگی دەڵێت “ببووورەەە.”
کۆرۆگی ڕای خۆی پێشکەش دەکات: “من دەڵێم ئەم چەشنە شتانەی زۆر کردووە. شوێنەکە چاک دەناسێت. گومان بێت و نییەتی.”
کاورۆ دەڵێت “ڕێک. دەستبەجێ کلیلەکە هەڵدەگرێت و ڕاست بەرەو بەرزکەرەوەکە دەڕوات. بێ ئەوەی جووڵەیەکی زیادەی هەبێت. بێ ئەوەی سەیرێکی دەورووبەر بکات.”
کۆموگی: “دەڵێی ئەمە یەکەمجاری نییە لێرە؟”
کۆرۆگی: “یان ڕوونتر بڵێین، یەکێکە لە مشتەرییە هەمیشەییەکانمان.”
کاورۆ: “لەوانەیە. لەوانەشە پێشتریش هەر بەم شێوازە ژنی کڕیبێت.”
کۆموگی: “هەندێ لە پیاوان پێیان خۆشە ببن بە شارەزای ژنانی چینی.”
کاورۆ: “زۆرێک لە پیاوان. دەی بیری لێ بکەوە: فەرمانبەری نووسینگەیەکە و چەند جارێکیش لێرە بووە. ئەگەرێکی زۆری هەیە لە کۆمپانیایەک لەم دەرووبەرانەدا ئیش بکات.”
کۆموگی: “هێی، ڕاست دەکەی…”
کۆرۆگی: “ئینجا دەوامی شەویشی زۆرە؟”
کاورۆ مۆڕ دەبێتەوە لە کۆرۆگی. “چی ئەو بیرۆکەیەت دەداتێ؟ ماندووی ڕۆژێک ئیشکردنە، سەرێک لە مەیخانەیەک دەدات، کەیفخۆش دەبێت، ئیشتیای ژنێک دەکات. دەکرێ ئەوە ڕوو بدات.”
کۆرۆگی: “ئا، بەڵام ئەم کابرایە هیچی بە دەستەوە نەبوو. شتومەکەکانی لە نووسینگەکەی دانابووە. ئەگەر دەڕۆیشتەوە ماڵ دەبا شتێکی بە دەستەوە بایە—جانتایەکی دەست یان پاکەتێک شتێک. ئەم کارمەندانە هیچیان بە دەستی بەتاڵ هاتووچۆ ناکەن. کە واتە ئەم کابرایە ویستوویە بگەڕێتەوە نووسینگەکەی بۆ ئیشی زۆرتر. من وای بۆ دەچم.”
کۆموگی: “کەواتە شەو یەکسەر ئیش دەکات؟”
کۆرۆگی: “زۆر خەڵکانێکی وا هەن. لە نووسینگەکەیان دەمێننەوە و تا بەیانی ئیش دەکەن. بەتایبەت ئەوانەی ئیشی نەرمامێری-کۆمپیوتەر دەکەن. پاش ئەوەی ئەوانی دی هەموو دەڕۆنەوە ماڵ و کەس لەوێ نامێنێت، ئەمان سەرقاڵی سیستەمەکە دەبن. کاتێک هەمووان لە ئیشدان ناتوانن سیستەمەکە بکوژێننەوە، ئیدی ئەمان تا دوو و سێی بەیانی دەمێننەوە و ئینجا تەکسییەک دەگرن بەرەو ماڵ. کۆمپانیاکە بە پسووڵە پارەی تەکسییەکەیان دەدات.”
کۆموگی: “هێی، ئێستا کە سەیر دەکەم، ئەو کابرایە بەڕاست لە شارەزایەکی کۆمپیوتەر دەچێت. بەڵام تۆ چۆن ئەوەندەی لێ دەزانی کۆرۆگی؟”
کۆرۆگی: “خۆ هەمیشە ئەمە ئیشم نەبووە. جاران لە کۆمپانیایەکدا ئیشم دەکرد. کۆمپانیایەکی هەرە چاکیش بوو.”
کۆموگی: “بەڕاست؟”
کۆرۆگی: “ئەیچۆن، زۆریش ئیشم دەکرد. لە کۆمپانیایەکدا دەبێ وا بیت.”
کۆموگی: “دەی بۆچی—”
کاورۆ لێیان دەخوڕێت: “هێی، بەسە ئیتر، واز دێنن؟ ئێوە بڕیارە باسی ئەمە بکەن. دەتوانن لە شوێنێکی تر لەسەر ئەو قوڕیاتە وڕ لێ بدەن.”
کۆموگی: “ببورە.”
کاورۆ ڤیدیۆکە هەڵدەکاتەوە بۆ ٥٢:١٠ و وێنە بە وێنە دەیخاتەوە سەر، لە خاڵێکدا ڕایدەگرێت و بەرەبەرە وێنەی پیاوەکە گەورە دەکاتەوە. ئینجا وێنەکە چاپ دەکات و وێنەیەکی ڕەنگدار و بە قەبارەیەکی باش لە ڕوومەتی کابرای لێ دەردەچێت.
کۆموگی: “بێوێنەیە!”
کۆرۆگی: “ئەک! سەیرکە چیت پێ دەکرێ! وەکوو بڵەید ڕەنەر!”
کۆموگی: “پێموا بەکەڵکە، بەڵام ئێستا دونیا شوێنێکی یەکجار سامناکە ئەگەر ڕاوەستیت و بیری لێ بکەیتەوە. هەر کات پێت خۆش بوو هەروا ناتوانی پێ بنێیتە نێو ئەڤین هۆیەکەوە.”
کاورۆ: “ئیدی ئێوەش کە دەڕۆنە دەرەوە باشترە شتی خراپ نەکەن. ئەم ڕۆژانە قەت پێی نازانی کاتێک کامێرایەک خەریکی چاودێرییە.”
کۆموگی: “دیوارەکان هەم گوێیان هەیە، هەمیش کامێرای دیجیتاڵ.”
کۆرۆگی: “ئا، دەبێ ئاگاو لێ بێ چیەکەی.”
کاورۆ هەمووی پێنج دانە چاپ دەکات. هەر سێ ژنەکە لە ڕوومەتی پیاوەکە ڕادەمێنن.
کاورۆ: “گەورەکراوەکەی لێڵە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانی بزانی شێوەی چۆنە، نا؟”
کۆموگی: “لەسەر شەقام دەمودەست دەیناسمەوە.”
کاورۆ کە دانیشتووە و بیر دەکاتەوە، ملی دەسووڕێنێتەوە و ئێسقانەکانی دەتەقێنێت. ئاخری بیرۆکەیەک دەگاتە مێشکی: “پاش ئەوەی ڕۆیشتمە دەرەوە کەسێکتان ئەم تەلەفۆنەی بەکار هێنا؟”
هەر دوو ژنەکە سەریان با دەدەن.
کۆموگی: “من نا.”
کۆرۆگی: “منیش.”
کاورۆ: “کە واتە پاش ئەوەی کچە چینییەکە تەلەفۆنەکەی بەکار هێنا، کەسی دی ژمارەی لێنەداوە؟”
کۆموگی: “قەت دەستم لێ نەداوە.”
کۆرۆگی: “تۆ بڵێ قامکێ.”
کاورۆ بیستۆکی تەلەفۆنەکە بەرز دەکاتەوە، هەناسەیەک هەڵدەکێشێت و دوگمەی دیسان-گرتنەوەکە لێ دەدات.
پاش دوو زەنگ، پیاوێک لەو سەرەوە تەلەفۆنەکە بەرز دەکاتەوە و بە چینی شتێک دەبێژێت.
کاورۆ دەڵێت “سڵاو، لە هۆتێڵ ئاڵفاڤیلەوە پەیوەندیتان پێوە دەکەم. ئاگادارن: دەورووبەر کاتژمێر یازدە میوانێکی ئێمە لە یەکێک لە کچەکانی ئێوەی دابوو؟ ڕاستییەکەی، ئێمە
وێنەی کابرامان لایە. لە کامێرای چاودێرییەکە. گوتم ڕەنگە وێنەیەکتان بوێت.”
چەند ساتێک لە بێدەنگی بەدوویدا دێت. پاشان پیاوەکە بە ژاپۆنی دەڵێت “نەختێک چاوەڕێ بە.”
کاورۆ دەڵێت “چاوەڕێ دەبم… هەتا وڕ دەبم.”
چەشنە وتووێژێک لەو سەرەوە بەردەوام دەبێت. کاورۆ، گوێ لەسەر بیستۆک، بە پەنجەکانی یاری بە قەڵەم جافێک دەکات. کۆموگی دەستکی گەسکەکەی وەکوو مایک دەگرێت و گۆرانییەک دەچڕێت: “بەفر دەبارێێێێ… ئەمە وای لە کوێێێێ؟…. هەر چاوەڕێ دەەەەبم… هەتا وڕ دەەەەبم…”
پیاوەکە دێتەوە سەر هێڵ. “ئێستا لەوێ وێنەکەت پێیە؟”
کاورۆ دەڵێت “هێشتا گەرمە.”
“ئەم ژمارەیەت لە کوێ هێنا؟”
“هەموو چەشنە تایبەتمەندییەکی بەسوود دەخەنە نێو ئەم هینە مۆدێڕنانەوە.”
چەند چرکەیەکی دیکە لە بێدەنگی بەدوایدا دێت. پیاوەکە دەڵێت “تا دە خولەکی دیکە لەوێم.”
“دێمە بەر دەرگای پێشەوە.”
پەیوەندییەکە پچڕاوە. کاورۆ ڕوو گرژ دەکات و دایدەخات. دیسان ئێسقانەکانی ملە ئەستوورەکەی دەتەقێنێت. بێدەنگی ژوورەکە دادەگرێت.
کۆموگی بە کزییەکەوە دەڵێت. “دەی… کاورۆ؟”
“چی؟”
“بەڕاست دەتەوێ وێنەکە بدەیتە ئەو زەلامانە؟”
“بیستت پێشتر چیم گوت: ناهێڵم ئەو زۆڵە پاش لێدانی کچێکی بێتاوان هەروا هەڵبێت. بەوەش دەهری دەبم کە خۆی لە پارەی هۆتێلەکەی دزییەوە.
پاشان، سەیر ئەم کوڕە-قەحبە مووچەخۆرەی ڕەنگپەڕیوە بکە: ڕقم لێیەتی.”
کۆموگی: “ئا، بەڵام ئەگەر بیدۆزنەوە ئەگەری هەیە بەردێکی پێوە هەڵواسن و فڕێی دەنە کەنداوی تۆکیۆوە. ئەگەر لە شتێکی واوە گلای، باجەکەی زۆر قورس دەبێت.”
کاورۆ هێشتا هەر ڕووی گرژە. “نا، نایکوژن. پۆلیس بە گونیشی نییە کاتێک ئەو چینییانە یەک لەناو دەبەن، بەڵام کە دەستیان کردە کوشتنی ژاپۆنییە ڕێزدارەکان ئیتر باسەکە جیاوازە. لێرەدایە کە گرفتەکە دەستپێ دەکات. نا، بەس دەیگرن و وانەیەکی فێر دەکەن و ڕەنگە گوێیەکی ببڕن.”
کۆموگی: “ئۆف!”
کۆرۆگی: “بەجۆرێ وەک ڤان کۆخ.”
کۆموگی: “بەڵام بەڕاست، کاورۆ، پێتوایە بتوانن بەس لەڕووی وێنەیەک ئەو زەلامە بدۆزنەوە؟ مەبەستم، شارێکی گەورەیە!”
کاورۆ: “ئا، بەڵام ئەمانە کە بڕیارێکیان دا، ئیتر واز نایەنن. ئەوە شێوازیانە لەگەڵ شتانێکی وادا. ئەگەر کابرایەکی خوێڕی سووکیان بکات و هەڵبێت، ئیدی ناتوانن ژنەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و لەلای باندەکانی دیکەش کەرامەتیان نامێنێت. کە کەرامەتیشیان دۆڕاند ئیدی ناتوانن لەو جیهانەدا بژین.”
کاورۆ لەسەر مێزەکەوە جگەرەیەک هەڵدەگرێت، دەینێتە دەمی و بە شقارتەیەک دایدەگیرسێنێت. لێو دەنێتە یەک و هێواش تەوژمێکی درێژ لە دووکەڵ دەکاتە سەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەدا.
شاشە ڕاگیراوەکە، وێنەی گەورەکراوەی کابرای لەسەرە.
دە خولەک دواتر. کاورۆ و کۆموگی لە نێزیک دەرگای پێشەوەی هۆتێلەکەوە چاوەڕێ دەکەن. کاورۆ هەر چاکەتە چەرمەکەی ئەوجاری لەبەردایە، کڵاوە پەشمەکەی
تا نێزیک بانچاوی دادراوە. کۆموگی بلوزێکی گەورە و ئەستووری لەبەرە. لە تاو سەرماکە تەواو چووەتە یەک. هەرزوو ئەو پیاوەی بۆ هەڵگرتنی ژنەکە هاتبوو بە ماتۆڕسکیلە گەورەکەیەوە دەگات. ماتۆڕسکیلەکە چەند هەنگاوێک لەولاتری ژنەکانەوە دەوەستێنێت. دیسان بزوێنەرەکە بەداگیرساوی دەهێڵتەوە. کڵاوە سەرپارێزەکەی دادەگرێت، دایدەنێتە سەر تانکی بەنزینەکە و بەکاوەخۆ دەستکێشی دەستی ڕاستی دادەکەنێت. دەستکێشەکەی دەخاتە گیرفان چاکەتەکەیەوە و ستاندەکە دادەدات. بەڕوونی نایەوێت بجووڵێت. کاورۆ بە هەنگاوی گەورەگەورە بەرەو لای دەڕوات و سێ کۆپی لە وێنەکەی بۆ ڕادەگرێت.
کاورۆ دەڵێت “لەوانەیە لە کۆمپانیایەک لەم دەورووبەرانەدا ئیش بکات. پێموا شەوانە زۆر ئیش بکات و تەواو دڵنیام پێشتریش ژنی بۆ ئێرە داوا کردووە. ڕەنگە یەکێک لە مشتەرییەکانتان بێت.”
پیاوەکە وێنەکان وەردەگرێت و بۆ چەند چرکەیەک چاویان تێ دەبڕێت. پێناچێت ئەوەندە سەرنجیان ڕاکێشابێت.
“دەی؟” سەیری کاورۆ دەکات و وا دەڵێت.
“مەبەستو چییە، (دەی؟)”
“بۆچی ئەمانەم پێ دەدەیت؟”
“بەجۆرێ وامزانی لەوانەیە بتەوێن. ناتەوێن؟”
پیاوەکە لەجیاتی وەڵامدانەوە زیپی چاکەتەکەی دەکاتەوە و وێنەکان، نیوەدەق، دەخاتە نێو چەشنە جانتایەکی دۆسییەوە کە بە سینگییەوە هەڵواسراوە. ئینجا زیپەکە تا بینەقاقای هەڵدەکێشێت. لە هەموو ئەم ماوەیەدا چاوی لەسەر کاورۆ ڕاگرتووە.
پیاوەکە هەوڵ دەدات تێبگات ئاخۆ کاورۆ لە بەرامبەر پێشکەشکردنی ئەم زانیاریانەدا چی دەوێت، بەلام خۆی لە پرسیارەکە دەدزێتەوە. شێوازی وەستانەکەی وەکوو خۆی دەهێڵێتەوە، دەم داخراو، چاوەڕێ دەکات تاکوو وەڵامەکەی بۆ بێت. بەڵام کاورۆیش وەکوو ئەو باسکەکانی لێک ئاڵاندووە و بەرامبەری وەستاوە و دەیکاتە ئامانجی نیگا ساردەکەی. ناشییەوێت پاشەکشە بکات. ئەم چاوتێبڕینە هەناسەبڕە بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت. ئاخری کاورۆ بە گەرووسافکردنێکی بەجێ، بێدەنگییەکە دەشکێنێت.
“بەس ئاگادارم بکەنەوە ئەگەر دۆزیتانەوە، باشە؟”
پیاوەکە بە دەستی چەپی سوکانەکە دەگرێت و نەرم دەستی ڕاستی دادەنێتە سەر کڵاوە سەرپارێزەکەی.
بە چەشنێکی مەکینەیی دەیڵێتەوە “بەس ئاگادارت بکەینەوە ئەگەر دۆزیمانەوە.”
“وایە.”
“بەس ئاگادارت بکەینەوە؟”
کاورۆ سەر دەلەقێنێت. “بەس سووکە چرپەیەک بە گوێمدا. پێویستم نییە بزانم چی بە سەری دێنن.”
پیاوەکە قووڵ بیر دەکاتەوە. بە مست دوو جار سووک دەکێشێتە تەوقەسەری کڵاوە سەرپارێزەکەیدا. “ئەگەر دۆزیمانەوە، ئاگادارت دەکەمەوە.”
کاورۆ دەڵێت “دڵخۆش دەبم. ئێوەگەل هێشتا گوێ دەبڕن؟”
لێوی پیاوەکە نەختێک دەلەرزێت. “پیاو هەر یەک گیانی هەیە. بەڵام دوو گوێی هەیە.”
“ڕەنگە وابێت، بەڵام ئەگەر گوێیەکی نەمێنێت ئیدی هیچی نابێت چاویلکەکەی لەسەر ڕابگرێت.”
پیاوەکە دەڵێت “گرفتێکی گەورەیە.”
ئەمە کۆتایی بە وتووێژەکەیان دێنێت. پیاوەکە کڵاوەکەی لەسەر دەکات، توند پایدەرەکە لێدەدات، ماتۆڕەکە هەڵدەکات و خێرا دەڕوات.
کاورۆ و کۆموگی بێدەنگ سەیری ڕۆیشتنی ماتۆڕسکیلەکە دەکەن و تا ماوەیەکی زۆر پاش دیارنەمانیشی هەر لەسەر شەقامەکە دەوەستن.
کاتێک ئاخری کۆموگی دێتە قسە، دەڵێت “نازانم، بەجۆرێک لە تارماییەک دەچێت.”
“باشە، ئێستا باشترین کاتی ڕۆژە بۆ تارماییەکان، دەزانی.” کاورۆ وا دەڵێت.
“سامناکە.”
“ئا بەڕاست.”
هەردووکیان دەڕۆنەوە نێو هۆتێلەکە.
کاورۆ بەتەنیا لەنێو نووسینگەکەدایە. پێکانی لەسەر مێزەکەدان. وێنەکە هەڵدەگرێت و دیسان لێی ورد دەبێتەوە. وێنەی-نێزیکی کابراکە. کاورۆ بێدەنگ ئاخێک هەڵدەکێشێت و چاوی بۆ بنمیچەکە بەرز دەکاتەوە.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.