بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ٧

٧

پیاوێک لەسەر کۆمپیوتەرێک ئیش دەکات. ئەمە ئەو کابرایەیە کە بە کامێرا چاودێرییەکەی هۆتێل ئالفاڤیل وێنەی گیرابووئەو پیاوە چاکەتی بارانی خۆڵەمێشیی کاڵ لەبەرەکە کە کلیلی ژووری ٤٠٤ی هەڵگرت. تایپکەرێکی لێهاتووە بە خێراییەکی ناوازەوە. بەمەشەوە پەنجەکانی بەئەستەم بتوانن بە بیرەکانیدا ڕابگەن. لێوی توند لێکناوە. ڕوومەتی بێهەست دەمێنێتەوە، نە بزەیەکی دڵخۆشی دەکەوێتە سەری نە مۆنییەکی بێهیوایی لە ئەنجامی ئیشەکانی دایدەگرێت. سەرقۆڵەکانی کراسە سپییەکەی هەتا ئانیشک هەڵکراون. قۆپچەی یەخەی کراسەکەی کراوەتەوە و بۆینباخەکەی شل بووەتەوە. جاربەجار دەبێت لە تایپکردن ببێتەوە و پەلەپەل لەسەر تێنووسێکی تەنیشت کیبۆردەکە یاداشت و هێماگەلێک بنووسێت. لە پێنووسێکی درێژی ڕەنگ زیوی کەڵک دەگرێت کە مۆری کۆمپیانیاکەی پێوەیە: ڤێریتەک. شەش دەنکی دیکە لەم پێنووسە زیوییانە لەنێو سینییەکی تەنیشتیدا بەجوانی ڕیز کراون. هەر هەموویان تا ڕادەیەک هاوقەدن و تەواو تیژ کراونەتەوە.

ژوورێکی گەورەیە. کابرا پاش ڕۆیشتنەوە ماڵی هەموو ئەوانی دیکە تا درەنگان لە نووسینگەکەدا ماوەتەوە ئیش بکات. پارچە مۆسیقایەکی پیانۆی (باخ) بە دەنگێکی ئارام لە سی-دی پلەیەرێکی بچووکی سەر مێزەکەیەوە بڵاو دەبێتەوە. ئیڤۆ پۆگۆرەلیچ یەکێک لە کۆمەڵە پارچە ئنگلیزییەکان دەژەنێت. ژوورەکە تاریکە. تەنیا ئەو بەشانەی دەورووبەری مێزی پیاوەکە تیشکی گڵۆپە فلۆرییەکانی سەر بنمیچەکەیان بەردەکەوێت. ئەمە دەکرا شێوەکارییەکی ئەدوارد هۆپەر بێت بە ناوی (تەنیایی). نەک ئەوەی کە پیاوەکە خۆی لەو شوێنەی ئێستایدا هەست بە تەنیایی بکات: خۆی ئەمەی لا باشترە. کەسی دیکە لە دەوری نەبێت، دەتوانێت تەرکیزی کۆ بکاتەوە. دەتوانێت گوێ ڕادێرێت بۆ مۆسیقا دڵخوازەکانی و ئیشێکی زۆریش جێبەجێ بکات. ڕقی لە ئیشەکەی نییە. مادامەکی پێی بکرێت تەرکیز بکاتە سەر ئیشەکەی، پێویست ناکات سەرنجی بۆ شتە بچووکەکان بڕەوێنێتەوە. بێباک لە کات و تێکۆشانی پێویست، دەتوانێت هەموو کێشەیەک بەشێوازی لۆجیکی و شیکارانە چارەسەر بکات. نیوە-وشیار شوێنی تەوژمی مۆسیقاکە دەگرێت، چاو دەبڕێتە شاشەی کۆمپیوتەرەکە، پەنجەکانی بە ئەوپەڕی

خێراییەوە دەجووڵێنێت و لەسەر ئیقاعی پۆگۆرەلیچ دەڕوات. هیچ جووڵەیەکی زیادەی تێدا نییە، بەس مۆسیقایەکی مەزنی سەدەی هەژدە، پیاوێک و ئەو کێشە تەکنیکییانەی کە پێی ڕاسپێردراون چارەسەریان بکات.

تاکە سەرچاوەی سەرنجڕەوینەوەی، دەرکەوتنی ئازارێکە لە دەستی ڕاستیدا. جاربەجار لە ئیشەکەی دەبێتەوە، دەستی دەقووچێنێت، دەیکاتەوە و وەرزش بە مەچەکی دەکات. دەستی چەپ پشتی دەستی ڕاست دەشێلێت. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و چاوێک لە کاتژمێرەکەی دەکات. نەختێک قرچ دەبێتەوە. ئازارەکەی دەستی ڕاستی ئیشەکەی خاو دەکاتەوە.

پیاوەکە جلوبەرگێکی بێعەیبی لەبەرە. سەرنجێکی ئەوتۆی تەرخانی هەڵبژاردنی جلەکانی کردووە، هەرچەند نە زۆر تایبەتە و نە ئەوەندەش ڕۆشنبیرانە. زەوقێکی باشی هەیە. کراس و بۆینباخەکەی گران دیارن—ڕەنگە کاڵاگەلێکی مارکە بن. ڕوومەتی هەستێک لە زیرەکی و خانەدانبوونی تێدایە. کاتژمێرەکەی سەر دەستی چەپی، ناسکێکی چاوڕفێنە، چاویلکەکەی مارکەی (ئارمانی)یە. دەست گەورە، قامک شۆڕ، نینۆک کراو و خاوێن. ئەڵقەیەکی باریکەلەی هاوسەرگیری سێهەم قامکی دەستی چەپی ڕازاندووەتەوە. دەموچاوی شتێکی تایبەتی تێدا نییە، بەڵام وردەکارییەکانی سەر نیگای لە هی کەسێکی کەلەڕەق دەچێت. لەوانەیە هەر دەورووبەر چل ساڵێکی بێت، لانیکەم گۆشتی مل و ڕوومەتی نیشانەیەک لە داچۆڕانیان پێوە دیار نییە. لە ڕوواڵەتی گشتیدا، هەمان هەستی ژوورێکی ڕیکوپێکت دەداتێ. لەو چەشنە پیاوانە ناکات کە سۆزانییەکی چینی لە ئەڤین هۆتێلێکدا بکڕێت و بێگومان لە کەسێک ناچێت لێدانێکی بێبەزەییانە لە ژنێکی وا بدات، جلەکانی لەبەر دابکەنێت و بیانبات. هەرچەند لە ڕاستیدا ئەوە ڕێک ئەو شتەیە کە کردی—کە ناچار بوو بیکات.

تەلەفۆنەکە زەنگ لێ دەدات، بەڵام بیستۆکەکە هەڵ ناگرێت. قەت لە ڕوواڵەتی ناگۆڕێت و بەردەوام بە هەمان خێراییەوە ئیش دەکات. لە تەلەفۆنەکە دەگەڕێت زەنگ بدات، ئاڕاستەی نیگای ناگۆڕێت. پاش چوار زەنگ، مەکینەی وەڵامدانەوە دەکەوێتە گەڕ.

“(شیراکاوا)ـم. داوای لێبوردن، بەڵام ناتوانم وەڵامی تەلەفۆنەکەت بدەمەوە. تکایە پاش دەنگی جیک، پەیامێک دابنێ.”

دەنگی ئاماژەپێدانەکە دێت.

“سڵاو؟” دەنگی ژنێک وا دەڵێت. دەنگێکی کز و نووساو و خەواڵووە. “منم. لەوێیت؟ هەڵیگرە، باشە؟”

شیراکاوا هێشتا چاوی لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەیە و بەرلەوەی تەلەفۆنەکە بخاتە سەر بڵیندگۆ، ڕیمۆت کۆنترۆڵێک هەڵدەگرێت و مۆسیقاکە ڕادەگرێت.

دەڵێت “سڵاو، لێرەم.”

ژنەکە دەڵێت “پێشتر کە پەیوەندیم کرد لەوێ نەبووی. گوتم ڕەنگە ئەمشەو زووتر بێیتەوە بۆ ماڵ.”

“پێشتر؟ کەی بوو؟”

“پاش یازدە. پەیامێکیشم دانا.”

شیراکاوا چاوێک لە تەلەفۆنەکە دەکات. ڕاست دەکات: چرای سووری پەیامەکان پرتەپرتیەتی.

شیراکاوا دەڵێت “ببوورە، نەمزانی. نوقمی ئیشەکەم بووم. پاش یازدە، ها؟ ڕۆیشتمە دەرەوە سووکەژەمێک بخۆم. پاشان سەرێک چوومە (ستاربوکس) بۆ خواردنەوەی قاوەیەکی ماکییاتۆ. لەوساوە بەخەبەری؟”

شیراکاوا بەدەم قسەکردنەوە بەردەوام دەست بە کیبۆردەکەدا دەنێت.

“یازدە و نیو خەوتمەوە بەڵام خەونێکی ناخۆشم بینی و خولەکێک لەمەوبەر لە خەو ڕابووم. تۆ هێشتا لە ماڵ نەبووی، ئیتر… ئەمڕۆ چی بوو؟”

شیراکاوا لە پرسیارەکەی تێناگات. لە تایپکردن دەبێتەوە و دەڕوانێتە تەلەفۆنەکە. بۆ چرکەیەک چرچی سەر سیلەی چاوەکانی قووڵ دەبنەوە.

“چی چی بوو؟”

“سووکەژەمەکەی نیوەشەوت. چیت خوارد؟”

“ئەها. چینی. وەکوو هەمیشە. تێرم دەکات.”

“باش بوو؟”

“نە زۆر.”

نیگای دەگێڕێتەوە سەر شاشەی کۆمپیوتەرەکە و دیسان دەست دەکاتەوە بە لێدانی کلیلەکان.

“دەی، ئیش چۆن دەچێتە پێشێ؟”

“دۆخێکی قورسە. یاریزانەکە تۆپەکەی خستۆتە نێو چڵپاوەکانەوە. ئەگەر بەر لە هەڵاتنی خۆر کەسێک چارەی نەکات، کۆبوونەوە ئۆنڵاینەکەی بەیانیمان ئەنجام نادرێت.”

“ئەو کەسەش دیسان ئەتۆی؟”

شیراکاوا دەڵێت “کەسی دی نییە، کەسی تر لەم ناوە نابینم.”

“دەی تا ئەوسا پێت چاک دەکرێ؟”

“ئەیچۆن. تۆ ئێستا خەریکی لەگەڵ پسپۆڕێکی ئاستبەرزدا قسان دەکەیت. لە خراپترین ڕۆژەکانیشمدا لانیکەم خاڵی یەکسانی تۆمار دەکەم. ئینجا ئەگەر بۆ سبەینێ بەیانی نەتوانین کۆبوونەوەکەمان بکەین، لەوانەیە دوا دەرفەتمان بۆ کڕینی مایکرۆسۆفت لەدەست بچێت.”

“دەتانەوێ مایکرۆسۆفت بکڕن!؟”

شیراکاوا دەڵێت “سوعبەت دەکەم کورە. بەهەرحاڵ، پێموا سەعاتێکی دیکەشم پێ بچێت. تەکسییەک داوا دەکەم و بۆ چوار و نیو لە ماڵ دەبم، ڕەنگە.”

“لەوانەیە ئەوسا من خەوتبێتم. دەبێ بۆ شەش هەستم و فراوینی مناڵەکان لێ بنێم.”

“کاتێکیش تۆ هەڵدەستی، من پرخەی خەوم دێ.”

“کاتێکیش تۆ هەڵدەستی، من لە ئۆفیس خەریکی فراوینخواردنم.”

“کاتێکیش تۆ دەگەیتەوە ماڵ، من نوقمی ئیشکردنم.”

“فەرموو دیسان: قەت یەک نابینین.”

دەبێ بۆ ئەم هەفتەکە بگەڕێمەوە سەر بەرنامەیەکی ماقووڵانەتر. یەکێک لە کوڕەکان لە سەفەرێکی بازرگانی دەگەڕێتەوە و دەشێ گرێکانی نێو سیستەمە نوێکەش بکرێنەوە.”

“بەڕاست؟”

شیراکاوا دەڵێت “لەوانەیە.”

“ڕەنگە خەیاڵی من بێت، بەڵام دێتە بیرم مانگێک لەمەوبەر ڕێک هەر ئەم قسانەت دەکرد.”

“ئا، کۆپی پەیستم کردنە ئێستا.”

ژنەکەی ئاخێک هەڵدەکشێت. “هیوادارم ئەم جارەیان ڕێکی بێت. پێم خۆشە هەرچەند کات جارێک ژەمێک پێکەوە بخۆین و یان لە یەک کاتدا بخەوین.”

“ئا.”

“باشە، زۆر خۆت ماندوو مەکە.”

“نیگەران مەبە. دوا تۆپ دەخەمە نێو کونەکەوە، چەپڵەی جەماوەرەکە ببیستم و دێمەوە ماڵ.”

“دەی باشە…”

“باشە.”

“ئەها، چرکەیەک ڕاوەستە.”

“ها؟”

“نامەوێ لە پسپۆڕێکی ئاستبەرز وەها شتێک داوا بکەم، بەلام لە ڕێگەی هاتنەوە ماڵدا دەتوانی سەرێک بچیتە فرۆشگەیەکی شەوانەڕۆژی و کارتۆنێک شیر بکڕی؟ تاکاناشیی کەم-چەور ئەگەر بوویان.”

پیاوەکە دەڵێت “کێشە نییە. تاکاناشیی کەم-چەور.”

شیراکاوا پەیوەندییەکە دەپچڕێنێت و سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەکات. کوپەکە لەسەر مێزەکەی هەڵدەگرێت و قومێک لە قاوە ساردەکە دەدات. کوپەکە لۆگۆیەکی (ئینتەل ئینساید)ـی لەسەرە. سی-دی پلەیەرەکە دەخاتەوە سەر و لەگەڵ ئیقاعی (باخ)ـدا وەرزش بە دەستی ڕاستی دەکات. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و پڕ بە سییەکانی هەوایەکی نوێ هەڵدەمژێت. پاشان لە سەریدا دوگمەیەک دادەگرێت و دەگەڕێتەوە سەر ئیشە وەستێنراوەکەی. دیسانەوە تاکە شتی گرینگ بۆی ئەوەیە کە چۆن بەردەوام، تا دەکرێت خێرا، لە خاڵی (ئا)ـوە بگاتە خاڵی (ب).

ناوەوەی فرۆشگەیەکی شەوانەڕۆژی. کارتۆنی شیرە کەم-چەورەکانی تاکاناشی قەفەزەی شیرەمەنییەکانی پڕ کردووەتەوە. تاکاهاشی، مۆسیقارە جازە لاوەکە، بەدەم پشکنینی شتەکانی نێو قەفەزەکەوە لەبەرخۆیەوە “کافەی فایڤ-سپۆت، پاش تاریکی” هۆرەهۆر دەکات. تەنیا سەبەتەیەکی کڕینی بە دەستەوەیە. دەست دەبات، کارتۆنێک شیر هەڵدەگرێت، بەڵام دەبینێت کە کەم-چەورە و ناوچاو تێکدەدات. لە ڕاستیدا ئەمە دەکرێت کێشەیەکی مۆراڵی بنەڕەتی بێت بۆی، نەک هەر پرسی چەوریی نێو شیر. کەم-چەورەکە دەنێتەوە جێگاکەی خۆی لەسەر ڕەفەکە و پڕ-چەورێکی تەنیشتی هەڵدەگرێت. لە ماوەی بەسەرچوونەکەی ورد دەبێتەوە و کارتۆنەکە دەنێتە نێو سەبەتەکەیەوە.

پاشان دەچێتە لای قەفەزەی میوەکان و سێوێک هەڵدەگرێت. کە لە چەند گۆشەوە و لەبەر ڕۆشناییی گڵۆپەکانی بنمیچەکەدا دەیپشکنێت. ئەو باشەش نییە. لای دەباتەوە و یەکێکی دیکە هەڵدەگرێت، ئەمیش دەخاتە ژێر هەمان توێژینەوەوە. ئەم پرۆسەیە چەندین جار دووپات دەکاتەوە تاکوو دەنکێک دەدۆزێتەوە لانیکەم بتوانێت قەبووڵی بکات، هەرچەند تەواو بە دڵی نەبێت. وا دیارە شیر و سێو گرینگییەکی تایبەتیان بۆی هەبێت. بەرەو کاونتەری حسێبکردنەکە دەڕوات بەڵام لە ڕێگادا چاوی دەکەوێت بە کێک-ماسیگەلێکی پێچراوە بە ڤاینل و دەنکێک هەڵدەگرێت. پاش سەیرکردنی ماوەی بەسەرچوونەکەی کە لەسەر گۆشەیەکی بەرگەکەیدا نووسراوە، دەینێتە نێو سەبەتەکەی. لەلای خەزنەدارەکە پارەکەی دەدات، وردەپارەکەی دەخاتەوە گیرفان پانتۆڵەکەی و لە فرۆشگەکە دێتە دەرەوە.

لەسەر گاردڕەیڵێکی ئەو نێزیکانەدا دانیشتووە و بە سەرنجێکەوە بە داوێنی کراسەکەی سێوەکە دەسوێت. دەبێت پلەی گەرمیی هەوا دابەزیبێت: هەڵمی هەناسەی لە هەوای شەوەکەدا نەختێک سپییە. بەیەکجاری هەموو شیرەکە هەڵدەقۆڕێنێت و پاشان دەست دەکاتە کرماندنی سێوەکە. بە سەرنجێکەوە هەموو قەپێکی دەجوێت، بیر دەکاتەوە. کات دەبات تاکوو بەم جۆرە هەموو سێوەکە بخوات. بە دەسەسڕێکی چرچ

دەمی دەسڕێت، کارتۆنی شیرەکە و ناوکی سێوەکە دەخاتە نێو کیسێکی نایلۆنییەوە و دەڕوات لە دەرەوەی فرۆشگەکە فڕێیان بداتە نێو تەنەکەیەکی خۆڵەوە. کێک-ماسییەکە دەنێتە گیرفان چاکەتەکەی. پاش ئەوەی کات لەسەر (سواچ)ـە پرتەقاڵییەکەی دەخوێنێتەوە، هەر دوو باسکی بەرز دەکاتەوە و کشانەوەیەکی تەواو خۆی دەکێشێتەوە.

کە لە هەموو ئەمانە بووەوە، ئاڕاستەیەک هەڵدەبژێرێت و دەست دەکات بە پیاسە.

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg