بارکردن
svg
Open svg

پاش تاریکی – بەشی ٨

٨

گۆشەنیگامان گەڕاوەتەوە بۆ ژوورەکەی ئێری ئاسا. چاوخشانێکی خێرا دەریدەخات کە هیچ نەگۆڕاوە. بە تێپەڕینی کات شەو تاریکتر داهاتووە، بەهەرحاڵ، بێدەنگیش پلەیەک قورستر بووەتەوە.

نا، شتێک گۆڕاوە. هەر زۆر.

گۆڕانەکە دەستبەجێ دەردەکەوێت. قەرەوێڵەکە بەتاڵە. ئێری ئاسا نەماوە. پێخەفەکەی نەشێواوە، بەڵام وا نییە کە لە کاتی نەبوونی ئێمەدا هەستابێت و ڕۆیشتبێت. پێخەفەکە وەها جوان ڕاخراوە، هیچ ئاسەوارێکی لێ نییە کە تا چەند ساتێک لەمەوبەر لەوێ خەوتبووبێت. سەیرە. دەبێ چی ڕووی دابێت؟

بۆ دەورووبەر دەڕوانین.

تەلەفیزیۆنەکە هێشتا هەڵکراوە. هەر ئەو ژوورە پیشان دەدات وا پێشتر نیشانی دەدا. ژوورێکی بێ کەلوپەل و گەورە. گڵۆپگەلێکی فلۆریی ئاسایی. بنماڵێکی لینۆلیومی. وێنەکەش سەقامی گرتووە، تا ڕادەیەک کە نەیناسیتەوە. خشەخشەکەی نەماوە و وێنەکان لەجیاتی لێکئاڵان، پەراوێزگەلێکی ڕوون و دیاریان هەیە. پەیوەندیی چەناڵەکە—لەسەر هەر ئێزگەیەک دانرابێت—سەقامگیرە. وەکوو چۆن پرشنگی مانگی چواردە دەپژێت بەسەر مێرگێکی چۆڵدا، ئاوەها شاشەی گەشی تەلەفیزیۆنەکە ژوورەکەی ڕووناک کردووەتەوە. هەموو شتێکی نێو ژوورەکە، بەبێ جیاوازی، کەم و زۆر لەژێر کاریگەریی ئەو هێزە موگناتیسییەدایە کە لە تەلەفیزیۆنەکەوە بڵاو دەبێتەوە.

شاشەی تەلەفیزیۆنەکە. پیاوە بێڕوخسارەکە هێشتا هەر لەسەر کورسییەکە دانیشتووە. قاتی قاوەیی، پێڵاوی ڕەش، تۆزی سپی، دەمامکە بریقەدارە چەسپاوەکەی سەر ڕوومەتی. هەروەها شێوازی دانیشتنەکەشی، لەوساوە کە بۆ دواجار بینیمان، نەگۆڕاوە. پشت قیت، دەست لەسەر ئەژنۆ،

ڕوومەتی تۆزێک بەرەوخوار، چاوی بڕیوەتە شتێک ڕێک لە بەرامبەریدا. چاوەکانی بە دەمامکەکە شاردراونەتەوە، بەڵام دەتوانین تێبگەین کە قفڵ بوونەتە سەر شتێک. بە وەها چڕییەکەوە دەشێ چاوی بڕیبێتە چی؟ کامێرای تەلەفیزیۆنەکە، وەکوو وەڵامی بیرەکانمان بداتەوە، بە ئاڕاستەی هێڵی نیگایدا دەکەوێتە ڕێ. لە خاڵی فۆکەسەکەیدا قەرەوێڵەیەک دانراوە، قەرەوێڵەیەکی یەککەسیی درووستکراو لە دارێکی ساکار، ئێری ئاساش لەنێویدا خەوتووە.

سەیری قەرەوێڵە بەتاڵەکەی نێو ئەم ژوورە و قەرەوێڵەی سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکە دەکەین. بەوردی بەراوردیان دەکەین. ئەنجامەکەی حاشاهەڵنەگرە: هەردووکیان هەر هەمان قەرەوێڵەن. لێفەکان هەر هەمان لێفن. ئەوە نەبێت قەرەوێڵەیەکیان لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکە و ئەوەی دی لەم ژوورەدایە. لەنێو قەرەوێڵەی تەلەفیزیۆنەکەشدا ئێری ئاسا خەوی لێ کەوتووە.

وای بۆ دەچین کە ئەوەی دیکە، قەرەوێڵە ڕاستەقینەکە بێت. لەو ماوەیەدا کە ئێمە سەیری شوێنێکی دیکەمان دەکرد (لە کاتێکەوە ئەم ژوورەمان بەجێ هێشت، زۆرتر لە دوو کاتژمێر تێپەڕیوە) بە (ئێری)ـیەوە گواستراوەتەوە ئەوبەر. تاکە شتێک لێرەدا هەبێتمان جێگرەوەیەکە کە لەجیاتی قەرەوێڵە ڕاستەقینەکە دانراوە—ڕەنگە وەکوو هێمایەک بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو شوێنە بەتاڵە لە ئێرەدا.

لەنێو قەرەوێڵەکەی ئەو جیهانەی دیکەدا، ئێری هێشتا هەر خەوێکی قووڵ خەوتووە، هەر وەکوو ئەوسا کە لەم ژوورەدا بوو— بە هەمان جوانییەوە، بە هەمان قورسییەوە. ئاگای لێ نییە کە دەستێک گواستوویەتیەوە (یان ڕەنگە دەبێت بڵێین جەستەی گواستووەتەوە) بۆ نێو شاشەی تەلەفیزیۆنەکە. شەوقی تیژی گڵۆپە فلۆرییەکانی سەر بنمیچەکە ناگەنە بنی قووڵاییی ئەو دەریایەی ئەم تێیدا نووستووە.

پیاوە بێڕوخسارەکە بە چاوگەلێکەوە کە خۆیان لە پشت ڕووپۆشەکەیانەوە حەشار دراون، ئاگای لە ئێرییە. بە سەرنجێکی نەگۆڕەوە گوێیە شاردراوەکانی لێی ڕاگرتووە. ئێری و پیاوە بێڕوخسارەکە هەردووکیان پێداگرانە درێژە بەو شێوازی وەستانەی خۆیان دەدەن. وەکوو ئەو ئاژەڵانەی کە بە کامۆفلاج خۆیان دەشارنەوە، لە هەناسەدانیان کەم دەکەنەوە، پلەی گەرمیی جەستەیان دادەبەزێنن، بێدەنگییەکی تەواو دەگرنە بەر، ماسوولکەکانیان دەخەنە ژێر چاودێری و دەروازەکانی وریایی دادەخەن. دەڵێی خەریکین سەیری فلیمێک دەکەین کە وەستێنرابێت، کە لەڕاستیدا واش نییە. ئەمە وێنەیەکی ڕاستەوخۆیە کە هەر لەم ئێستایەدا پێمان دەگات. لە هەردوو ژوورەکەی ئەوێ و ئێرەدا، زەمەن بە یەک خێراییی یەکسانەوە تێدەپەڕێت. هەردووکیان نوقمی یەک ڕەوشی تێپەڕینی کاتن. لەڕووی بان و خوار کردنە هێواش و جاربەجارەکانی شانی پیاوەکە لەمە تێدەگەین. مەبەستی هەر کامەمان بەرەو هەر شوێنێک بێت، پێکەوەین و یەک ڕووباری زەمەن بە یەک خێراییەوە خەریکە دەمانبات.

 

ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.

svg