ماسیی ئاڵتوونیمان هەبوو، دەسووڕانەوە و دەسووڕانەوە
لەنێو کاسەی سەر مێزی تەنیشت ئەو پەردە ئەستوور و قوسانەی
چوارچێوەی پەنجەرەکەیان داپۆشیبوو و
دایکیشم، هەمیشە دەم بە پێکەنین، دەیویست هەر هەموومان
هەمیشە دڵخۆش بین، پێی دەگوتم “دڵخۆش بە هێنری!”
ڕاستیش بوو: باشترە کە دڵخۆش بی ئەگەر
بتوانی
بەلام باوکم هەر بەردەوام بوو لە لێدانی ئەو و من، ئەو کاتانەی
لە قەڵافەتە یەک و هەشتاوحەوتەکەیدا تووڕەیی دایدەگرت، ئاخر نەیدەکرا
تێبگا ئەوە چییە لە ناخەوەڕا هێرشی بۆ دەبا.
دایکم، ماسییە هەژارەکە،
دڵخۆشی دەویست و دوو بۆ سێ جار لە حەوتەدا
لێی دەدرا و پێی دەگوتم دڵخۆش بە: “هێنری، بزەیەک بگرە!
ئەوە بۆ قەت بزەیەکت نایە؟”
پاشان خۆی بزەیەکی دەگرت، تاکوو پیشانم بدات چۆن، ئەوەش
دەبوو بە تاڵترین بزەیەک دیبێتم
ڕۆژێکیان ماسییە ئاڵتوونییەکان مردن، هەر پێنجیان،
لەسەر ئاوەکە بەلادا کەوتن و هێشتا
چاوەکانیان کراوە بوون،
کە باوکیشم هاتەوە ماڵ خستنیە بەر کتکەکە، لەوێ
لەسەر بنماڵی چێشتخانەکە، ئێمەش سەیرمان دەکرد و
بزەیەکیش لەسەر لێوی دایکم بوو.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.