دەمەوێت
شتێک بزانیت.
دەزانیت چۆنە:
ئەگەر لە پەنجەرەکەمەوە
بڕوانمە مانگی زیوین، بڕوانمە لقی سووری
پایزێکی بەجێماو
ئەگەر لە تەنیشت ئاگرەکەوە
دەست بدەم لە خۆڵەمێشێکی نەپەنی
یان جەستەی چرچی کۆتەرەدارەکە
هەموو دەمگەیەنن بە تۆ
وەکوو هەموو ئەو شتانەی کە هەن
بەرامە، تیشک، ئاسن،
بەلەمگەلێکی بچووک بن و
سەوڵ لێ بدەن
بەرەو ئەو دوورگەیانەت کە چاوەڕێم دەکەن
باشە، ئێستا،
ئەگەر هاتوو پەیتاپەیتا وازت هێنا لە خۆشویستنم
ئەوا پەیتاپەیتا واز دێنم لە خۆشویستنت
ئەگەر لەناکاو
لە بیرت کردم
بە دوومدا مەگەڕێ
چونکە من ئەوساکە لە بیرم کردووی
ئەگەر درێژ و گەمژانەیە لە لات
بای ئەو ئاڵایانەی
بە نێو ژیانمدا تێدەپەڕن و
بڕیارت لێ داوە بەجێم بێڵی لە کەناری ئەو دڵەیدا
کە ڕەگمەکانمی تێدان
بیرت بێت
کە هەر لەو ڕۆژە و
هەر لەو ساتەدا
باسک هەڵدەهێنم و
ڕەگەکانم دەکەونە ڕێ
بۆ دۆزینەوەی زەمینێکی تر
بەڵام
ئەگەر هەموو ڕۆژ و
هەموو ساتێک
بە حەزێکی ناکۆتاوە
هەستت کرد کە چارەت بۆ من نووسراوە
ئەگەر هەموو ڕۆژێک گوڵێک بەرەو
لێوەکانت هەڵزنی بۆ گەیشتن بە من
ئاهـ خۆشەویستم، ئاهـ گیانەکەم
لە مندا هەموو ئەو گڕە دووپات دەبێتەوە
لە مندا هیچ ناکوژێتەوە، هیچ لە بیر ناچێتەوە
خۆشەویستم، ئەوینم لە ئەوینت ئاو دەخواتەوە و
تا ئەو ساتەی کە بمێنیت لە ئامێزتدا دەمێنێتەوە
بەبێ ئەوەی ئامێزی خۆم بەجێ بێڵێت
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
[…] هەموو دەقی شیعرەکە لێرەدا بخوێنەوە: ئەگەر لە بیرم کەیت […]