دەتبینم بە دەستگەلێکی شینی گچکەوە لە فوارەیەک ئاو دەخۆیتەوە
نا، دەستەکانت گچکە نین، بچووکن، فوارەکەش لە فەرەنسادایە
کە لەوێوە دوا نامەکەت بۆ نووسیم و منیش وەڵامم دایتەوە و
ئیدی قەت هیچ هەواڵێکت نەما.
هەمیشە شیعرگەلێکی شێتانەت دەنووسی سەبارەت بە
خودا و فریشتەکان، هەمووش بە پیتی گەورە، هونەرمەندگەلێکی گەورەشت دەناسی و
زۆربەشیان ئەڤیندارت بوون، منیش بۆتم نووسییەوە، چاکە، بەردەوام بە
بچۆ نێو ژیانیانەوە، من ئێرەیی نابەم، چونکە قەت یەکدیمان نەبینیوە.
جارێکیان لێک نێزیک بووینەوە لە نیو ئۆرلانز، بە قەد نیوە-گەڕەکێک، بەڵام قەت دیدارمان نەکرد
قەت نەگەیشتین بە یەک. ئیدی لەگەڵ ناوداراندا ڕۆیشتی و لەسەر ناوداران نووسیت و
بێگومان ئەو شتەی کە تێگەیشتی ئەوەیە کە ناوداران نیگەرانی ناویانن—نەک ئەو کیژە لاو و شۆخەی
لە نوینەکەیاندا لەگەڵیانە، کەسێک کە ئەوەیان پێ دەبەخشێت و ئینجا بەرەبەیان لە خەو ڕادەبێت بە پیتی گەورە
شیعر لەسەر خودا و فریشتەکان بنووسێت. دەزانین خودا مردووە، وایان پێ گوتووین، بەڵام گوێم لە تۆ بوو و
دڵنیا نەبووم. ڕەنگە هی پیتە گەورەکان بووبێت.
تۆ یەکێک لە باشترین ژنە شاعیرەکان بوویت و منیش دەمگوت بە بڵاوگەکان،
بە ئێدیتۆرەکان “ئەو، شیعری ئەو چاپ بکەن، ئەوە شێتە بەڵام سیحری تێدایە،
درۆیەک لە نێو تینیدا نییە.” خۆشم ویستی وەکوو پیاوێک ژنێکی خۆش بوێت قەت نەیبینێت،
بەس بۆی نووسیبێت و وێنەکانی هەڵگرتبێت.
زۆرتر خۆشم دەویستی ئەگەر لە نێو ژوورێکی بچووکدا دابنیشتبامایە و
بەدەم پێچانەوەی جگەرەیەکدا گوێم لە دەنگی میزکردنت بایە لە نێو ئاودەستەکەدا،
بەلام ئەوەیان ڕووی نەدا. نامەکانت خەمینتر دەبوونەوە.
دڵدارەکانت خەیانەتیان پێ دەکردی. کورە، نامەم بۆ ناردیتەوە، دڵدارەکان هەموو خەیانەت دەکەن.
سوودێکی نەبوو. تۆ گوتت کە کورسییەکی گریانت هەیە، کورسییەکەش لەپاڵ پردێکدایە و
پردەکەش لەسەر ڕووبارێک و تۆش هەموو شەوێک لەسەر کورسییەکە دادەنیشتیت و
بۆ ئەو خۆشەویستانە دەگریای کە خەیانەتیان لێ کردبووی و لەبیریان کردبووی.
دیسان نامەم ناردەوە بەڵام قەت وەڵامێک ناتەوە.
سێ یان چوار مانگ پاش ڕووداوەکە، هاوڕێیەک باسی خۆکوژیەکەتی بۆ نووسیم.
ئەگەر تۆم بدیتبایە لەوانەیە دەرهەقت دڵڕەق بوومایە،
یان تۆ دەرهەق بە من. هەر ئاوا چاکتر بوو.
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.