شا لیر – King Lear
نووسەر: ویلیام شێکسپیر – William Shakespeare
ساڵ: ۱۶۰۶
وەرگێڕانی کوردی: شێرزاد حەسەن / ۲۰۰۷
کورتەیەک لە شانۆنامەکە
لیر پاشای پیری بریتانیا بڕیاری داوە لە تەختی پاشایەتی دابەزێت و دەسەڵاتەکەی لە نێوان سێ کچەکەیدا بە یەکسانی دابەش بکات. سەرەتا تاقیکردنەوەیەک دەخاتە بەردەم کچەکانییەوە و داوایان لێ دەکات پێی بڵێن کە چەندە ئەمیان خۆش دەوێت. گۆنریل و ڕیگن دوو کچە گەورەکەی پاشا، بە مەراییەوە وەڵامی باوکیان دەدەنەوە. بەڵام کۆردیلیا کچی بچووک و کچی دڵخوازی باوکی بێدەنگ دەبێت و دەڵێت هیچ وشەیەکی پێ نییە بۆ دەربڕینی ئەوەی کە چەندە باوکی خۆش دەوێت. لیر تووڕە دەبێت و حاشا لە کۆردیلیا دەکات. پاشای فەرەنسا کە خۆشی لە کۆردیلیا هاتووە دەڵێت کە هێشتا ئامادەیە لەگەڵی هاوسەرگیری بکات، تەنانەت بەبێ دارایی و خاک و زەوی. ئیدی کۆردیلیا لەگەڵی دەچێت بۆ فەرەنسا بەبێ دۆعای خێری باوکی.
هەرزوو لیر تێدەگات کە بڕیارێکی هەڵەی داوە. گۆنریل و ڕیگن خێرا دەست دەکەن بە چەوساندنەوەی ئەو دەسەڵاتە کەمەی کە لیر هێشتا بە دەستیەوەیە. لیر ناتوانێت بڕوا بکات کچە نازدارەکانی خەریکن خەیانەتی لێ دەکەن و وردە وردە شێت دەبێت. لە ماڵی کچەکانی هەڵدێت و لە کاتی ڕەشەبایەکی قورس و بروسکاویدا سەر دەنێت بەرەو بیابان و دەر و دەشت. لەم هەڵاتنەیدا لەگەڵ باڵوول و کۆنت دەبێت کە کەسێکی خانەدان و دڵسۆزە و خۆی گۆڕیوە.
هاوکات خانەدانێکی پیری دیکە بە نێوی گلۆستر ڕووبەڕووی کێشەگەلێکی بنەماڵەیی دەبێتەوە. کوڕە زۆڵەکەی، ئێدمۆند دەیخەڵەتنێت و وا دەکات بڕوا بهێنێت کە کوڕەکەی دیکەی واتە ئێدگار هەوڵی کوشتنی دەدات. ئێدگار لە دەستی ئەو جەماعەتەی کە باوکی ڕایسپاردووە بۆ گرتنی، هەڵدێت و خۆی وەکوو سواڵکەرێکی شێت دەگۆڕێت و بە خۆی دەڵێت تۆمی هەژار. وەکوو لیری پاشا ئەمیش سەر دەنێتە بیابانەوە.
کاتێ گلۆستری دڵسۆز ئاگادار دەبێتەوە کە کچەکانی شا لیر پشتیان لە باوکیان کردووە، بڕیاری یارمەتیدان بە لیر دەدات بە هەموو مەترسییەکانییەوە. ریگن و کۆرنۆل_ی شووی پێی دەزانن و بە خەیانەت تۆمەتباری دەکەن، چاوەکانی کوێر دەکەن و لە دەرەوەی شار وێڵی دەکەن. دواجار بە ڕێنوێنی و ڕێپیشاندەری ئێدگاری کوڕی، دەگات بە شاری دۆڤەر کە شا لیریش گەیشتووەتە ئەوێ.
لە دۆڤەردا سوپایەکی فەرەنسی بە ڕابەری کۆردیلیا بە مەبەستی پاراستنی باوکییەوە هێرش دێننە نێو شارەکەوە. ئێدمۆند هاوکات لەگەڵ ڕیگن و گۆنریل دەکەوێتە پەیوەندی خۆشەویستییەوە. ئەلبانی شووەکەی گۆنریل خەریکە دڵی بۆ کارەساتەکەی لیر دەسووتێتەوە، ئیدی گۆنریل و ئێدمۆند پیلان دەڕێژن بۆ کوشتنی ئەلبانی.
گلۆستری ناهومێد و بێهیوا دەیەوێت خۆکوژی بکات، بەڵام ئێدگار بە فێڵێکی سەیر ڕزگاری دەکات و بەرەو لاپاڵێکی خەیاڵی دەیبات. هاوکات سوپای ئنگلیز دەگەنە دۆڤەر، و سوپای ئنگلیز بە ڕابەری ئێدمۆند سوپای کۆردیلیا دەشکێنێت. لیر و کۆردیلیا قۆڵبەست دەکرێن. لە پەردەی داویدا ئێدگار لەگەڵ ئێدمۆند شەڕی دووقۆڵی دەکەن و ئێدمۆند دەکوژرێت. لە مەرگی گلۆستر ئاگادار دەبینەوە. گۆنریل، ڕیگن ژەحرخوارد دەکات بە هۆی بەغیلیبردنی لەسەر ئێدمۆند، ئینجا خۆیشی دەکوژێت کاتێک ئەلبانی دەزانێت بە بێوەفایی و ناپاکییەکەی. لە کۆتایشدا کۆردیلیا لە بەندیخانەکە لە سێدارە دەدرێت و لیر لە خەفەت و پەژارەدا بەسەر تەرمی کۆردیلیاوە دێق دەکات و دەمرێت. ئەلبانی و ئێدگار و کۆنت_ە پیرەکە دەمێننەوە بۆ بەڕێوەبەردن و پاراستنی وڵات لە ژێر بارێک لە داخ و خەفەتدا.
بیرۆکە سەرەکییەکان
دادوەری
شا لیر شانۆنامەیەکی توندووتیژانەیە؛ پڕ لە توندووتیژی و دڵڕەقی، پڕ لە کارەسات و نامرۆڤایەتی. بە چوونەبەرەوەی شانۆنامەکە و ڕووداوە کارەساتاوییەکان ئەم پرسیارە بۆ کەسایەتییەکان دێنێتە پێشێ کە ئایا ئەم جیهانە هیچ دادێکی تێدا هەیە یان جیهانێکە بەگشتی کەمتەرخەمە بەرانبەر مرۆڤ یان تەنانەت دژیەتی. کەسایەتییەکان بیر و ڕای خۆیان دەردەبڕن:
“مێشەکان بۆ کوڕە چەتوونەکان چۆنن، ئێمەش واین بۆ خوداکان؛ ئەوان ئێمە دەکوژن بۆ ڕابواردنی خۆیان.” (پەردەی ۴ دیمەنی ۱) گلۆستر ڕادەمێنێت و تێدەگات کە گەمژانەیە مرۆڤ پێی وا بێت سرووشتی جیهان تەریب لەگەڵ کۆمەڵگادا ئیش دەکات یان ئەوەی کە بیرۆکەیەکی ساکار و ئاسانی لە دادوەری هەبێت. بەڵام ئێدگار پێداگرە کە “خوداکان دادوەرن” و پێی وایە کەسەکان ئەو شتەیان بەسەر دێت کە شایەنیانە. (پەردەی ۵ دیمەنی ۳) بەڵام لە کۆتایدا ناڕوونییەکمان بۆ دەمێنێتەوە؛ لەگەڵ کەسایەتییە نەگریس و بێئەخلاقەکاندا کەسایەتییە باش و چاکەکەش دەمرێت، بە وێنەیەکی دڵتەزێنەوە کە شا لیر تەرمی کۆردیلیای لە باوشدایە. چاکە لە نێو جیهانی شانۆنامەکەدا بوونی هەیە، هەروەها کە شێتی و مەرگیش بوونیان هەیە، بەڵام ئەستەمە بڵێین لە کۆتاییدا کامەیان سەردەکەون.
دەسەڵات بەرانبەر بە ئاژاوە
شانۆنامەی شا لیر چەندە سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسییە هەر ئەوەندەش سەبارەت بە هەڵسووکەوتی بنەماڵەیە. لیر بەس باوکێک نییە، ئەو شایشە و کاتێک دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی دوو کەسایەتی بێنرخ و نەگریسی گۆنریل و ڕیگن دەکات، نەک هەر خۆی و بنەماڵەکەی بەڵکوو تەواوی بریتانیا تووشی کێشە و ئاڵۆزی و نەهامەتی دەکات. کاتێک دوو خۆشکە نەگریسەکە ئارەزوویان بۆ هێز و دەسەڵات دەورووژێنن و ئێدمۆند دەست دەکات بە بەرزکردنەوەی پلە و پایە و دەسەڵاتەکانی، وڵاتەکە تووشیاری ئاڵۆزی و کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی دەبێت و تێدەگەین کە لیر نەک هەر دەسەڵاتی خۆی بەڵکوو هەموو دەسەڵاتی بریتانیای ڕووخاندووە. ڕووخاندنە یەک لە دوای یەکەکان دەستپێ دەکەن و ئاڵۆزی و شێوانشێوی هەموو وڵاتەکە دادەگرێت.
ڕووخانی دەسەڵات لە بەرانبەر ئاژاوەکاندا لە کاتی زریانەکە و سەرگەردانی لیر لە بیاباندا دیسان ڕوو دەداتەوە. لیر بە دیتنی هێزەکانی سرووشت تێدەگات کە ئەویش وەکوو مرۆڤەکانی دیکەیە لەم جیهانەدا و هیچ جیاوازییەکی نییە. ئەم تێگەیشتنە لە تێگەیشتنەکەی لە ڕووخان و لەدەستدانی دەسەڵاتە سیاسییەکەی گرینگترە و وا دەکات بیر لە نرخ و تایبەتمەندییەکانی بکاتەوە و ببێت بە کەسێکی میهرەبان و بێفیز. بەم تێگەیشتنە نوێیەی لە خۆی، لیر هیوادارە بتوانێت بەرانبەری ئاڵۆزی و هەڵەژانە سیاسییەکەشی بێتەوە.
یەکگرتنەوە
خەم و تاریکی شانۆنامەی شا لیر دادەگرێت و پەردەی خەماوی و دڵتەزێنی پێنجەم یەکێک لە تراژیدییترین و خەماویترین داوییەکانی نێو وێژەیە. هەڵبەت شانۆنامەکە پەیوەندییە سەرەکییەکە، واتە ئەو پەیوەندییەی نێوان لیر و کۆردیلیا، وەکوو نموونەیەکی مەزن لە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و فیداکارانە پیشان دەدات. ئەگەرچی لیر بێبەزەییانە کۆردیلیا دوور دەخاتەوە بەڵام ئەو هەروا سۆزی دەمێنێت بۆ باوکی، تەنانەت لە دوورەوە و لە کۆتایدا سوپایەک لە وڵاتێکی بیانییەوە دەهێنێت بۆ ڕزگارکردنی باوکی لە دەست ئەشکەنجەدەرەکانی. لەم نێوانەدا لیر وانەیەکی گرینگ فێر دەبێت و تێدەگات چ هەڵەیەکی کردووە، ئەو کاتەی بە دیداری کۆردیلیا بە خۆشەویستی و لێبووردەییەوە شاد دەبێتەوە. تێگەیشتنی لیر لە هەڵەکانی بەشێکی هەرە گرینگی یەکگرتنەوەی لیر و کۆردیلیایە، نەک بۆ پێزانین بە دڵڕەقی و هەڵەکەی بەرانبەر کچەکەی، بەڵکوو بۆ تێگەیشتنی لیر لە ئەو خۆشەویستییە ڕاستگۆیانە و قووڵەی کە کۆردیلیا بۆ باوکی هەیەتی. ئەو تێگەیشتنەی وا دەکات دیسان ئەو خۆشەویستییە باوکانەیە بگەڕێتەوە، کە ئەمە بەڵگەیەکە بۆ توانای خۆشەویستی بۆ گەشەکردن تەنانەت ئەگەر لە دەرفەتێکی کورتدا بێت، ئەویش لە نێوان ئەو هەموو ترس و ئاژاوەدا کە پاشماوەی شانۆنامەکە گەمارۆ دەدات.
هیچخوازی
شانۆنامەی شا لیر وێنەیەکی سارد و ناخۆش لە جیهانێکی بێمانا پیشان دەدات. شا لیر لە سەرەتادا نرخ دادەنێت بۆ داد و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاشایەتی بەڵام بە چوونەبەرەوە و بە ئەزموونەکانی، ئەم نرخانە لاواز دەبنەوە. لە کۆتایدا لیر بەو ئاکامە دەگات کە دادپەروەری و ئاسایش و پاشایەتی بەس هەر ناوگەلێکی خەڵەتێنەرن بۆ دەسەڵاتێکی دڕندە و کێوی. کۆرنۆل ئەو ڕوانگەی لیرە پەسند دەکات کاتێک دان بەوەدا دەنێت کە تەنانەت سزادانی گلۆستر بەبێ دادگاییکردن، بڕیارێکی نادادگەرانەیە. دەسەڵات ئەو ئازادییەی پێ دەبەخشێت ئەو کردەوەیەی هەبێت کە دەیەوێت. گلۆستریش جیهان وەکوو ڕێكەوت دەبینێت، وەکوو شوێنێکی دڕندە و دڵڕەق و پڕ لە تاوان کە ئاکاری خوداکان بەرانبەر مرۆڤەکان وەکوو ئەوەی کوڕە قوتابیەکانە لەگەڵ مێشەکان. شانۆنامەی شا لیر لە هیچ شوێنێکیدا ژیان پیشان نادات و مانا یان ئەگەری ڕزگاری ناخاتە ڕوو. کۆتاییە تراژیدییەکەی شانۆنامەکە هیچ وانەیەک ناڵێتەوە. کۆردیلیا بەبێ هیچ هۆیەک دەمرێت؛ فەرمانی لەسێدارەدانی هەڵوەشاوەتەوە. ئەو ژمارە کەمەی کە زیندوو دەمێننەوە خەفەتبارن لەو شتەی کە بینیویانە.
تێگەیشتن لە خود
شانۆنامەی شا لیر ئەوە پیشان دەدات کە تێنەگەیشتن لە خود دەتوانێت ببێتە هۆی سازبوونی کێشە و ئاژاوە و تراژیدی، بەڵام هەروەها شانۆنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە تێگەیشتن لە خود ئازاربەخشە و ڕەنگە نرخی ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی نەبێت کە بۆ گەیشتن پێی پێویستە. هەڵەی تراژیدیی١ لیر نەبوونی تێگەیشتنیەتی لە خود. ڕیگن لە پەردەی سەرەتایی شانۆکەدا لەو هەڵەیە تێدەگات کاتێک دەڵێت: “ئەم قەد بە باشی خۆی نەناسیوە” (پەردەی ۱ دیمەنی۱). لیر دەگات بە تێگەیشتن بە خود بەڵام بە نرخی سامان و دەسەڵات و هۆشمەندییەکەی. ئەو شتەی کە سەبارەت بە خۆی تێدەگات، تێگەیشتنێکی دڵخۆشکەر نییە:
لیر:
تکاتان لێ دەکەم پێم ڕامەبوێرن
من جگە لە پیرێکی کەنەفت و گەلحۆ هیچی تر نیم
هەشتا ساڵ تەمەن و زیاتریش… نە کاژێرێ کەمتر و نە کاژێرێ زیاتر.
گەر بێ پێچووپەندا بدوێم دەڵێم من لە سەر عەقڵی خۆم نیم
لەوانەیە تۆ بناسم… ئەو کابرایەش
بەڵام هەر بە گومانم… ئێستا من دەزانم ئێرە کوێیە…
بە هەموو توانا و ئاوەزی خۆم نازانم ئەم جلانەی بەرم چین و کێ لە بەری کردووم.
ناشزانم دوێنێ شەو لە کوێ مامەوە
پێم پێمەکەنن… ئەوەندەی بزانم و ئاوەزم بێ ئەوەیە ئەم خانمە کۆردیلیای کچم بێپەردەی ۴ دیمەنی ۷
تێگەیشتن لە خود، لیر لەو چارەنووسە تراژیدییەی ڕزگار ناکات و قەد ناتوانێت لەو چارەنووسەی هەڵبێت. لەڕاستیدا تێگەیشتن لە خود وا دەکات ئازارەکەی چڕترەوە بێت. لە کۆتایدا تێدەگات کە کۆردیلیای کچی چەندە خۆشی دەوێت و ئەمە مەرگی کۆردیلیا ئازاربەخشتر و دڵتەزێنتر دەکات. بەسەرهاتی ئێدمۆندیش ئەوە پیشان دەدات کە تێگەیشتن لە خود نرخێکی سنوورداری هەیە. بە پێچەوانەی لیرەوە، ئێدمۆند هەر لە سەرەتاوە بە ڕوونی خۆی دەبینێت، بەڵام تێگەیشتن لە خود سوودێکی وەهای بۆی نییە: ئەو بەر لە مەرگی لیر دەمرێت.
جێی متمانە نەبوونی قسەکان
شانۆنامەی شا لیر ئاماژە بەوە دەکات کە قسە و وتەکان هەمیشە جێگەی متمانە نین. ڕووداوە تراژیدییەکانی شانۆنامەکە بۆیە دەقەومن کە لیر بڕوا بە قسە جوانەکانی گۆنریل و ڕیگن دەکات، لە کاتێکدا بە ڕوونی دیارە کە خەریکن فێڵبازانە دەدون. گۆنریل دەڵێت خۆشم دەوێی پتر لەوەی کە قسە دەری ببڕێت. (پەردەی ۱ دیمەنی ۱) کە بێمانایە چونکە لە نێوان قسە و باسێکی دوور و درێژدایە. کێنت دەڵێت کە قسەیەکی ساکار و سادە وەکوو هی کۆردیلیا جێگەی متمانە و باوەڕە:
خۆشەویستی کچە چکۆلانەکەت لە هی ئەوان کەمتر نییە
ئەو کەسانەش بە دڵسارد مەزانە کە بە چرپە بۆت دەدون…
چونکێ چرپە، لە بۆشایی، بێ سەدایە.پەردەی ۱ دیمەنی ۱
بەڵام کۆرنۆل پێوایە کە قسەی ساکار و کورت هەر وەکوو مەراییکردنێکی دوورودرێژ جێگەی متمانە نییە. ئێدگار پێیوایە کە زمان قەد ناتوانێت هەست و ئازارەکان بە تەواوی ڕابگەیەنێت. لە کۆتایی شانۆنامەکەدا ئاکاری لیر پیشاندەری ئەوەیە کە ئێدگار ڕاست بووە؛ کاتێک کە کۆردیلیا بە مردوویی دەبینێت بەیەکجاری دەستبەرداری زمان دەبێت و دەست دەکات بە هاوارکردن.
سەرچاوە: Spark Notes
پەراوێز:
- هەڵەی تراژیدی: کەرەستەیەکی گێڕانەوەیە. هەڵە و کێشەیەکی کەسایەتییەک کە دەبێتە هۆی ڕووخانی پاڵەوانی بەرهەمێکی تراژیدییه.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.