کۆمیدیای یەزدانی – Divina Commedia
نووسەر: دانتی ئەلیگیێری – Dante Alighieri
ساڵ: نووسینەکەی لە ساڵی 1308 دا دەست پێ کردووە و لە ساڵی 1320 دا تەواو بووە.
وەرگێڕان بۆ کوردی: عەزیز گەردی / 2015
کۆمیدیای یەزدانی؛ کتێبێ کە هەموو کەسێک دەبێ بیخوێنێتەوە.
خۆرخێ لویس بۆرخێس١ دەڵێ ‘کۆمیدیای یەزدانی کتێبێکە هەموو کەسێک دەبێ بیخوێنێتەوە.’ ئینجا هەموو ئیتالیێک خوێندوویەتەوە. دانتی لە تەمەنی مامناوەندی و کێشمەکێشەکانی لە نێو لێڕە تاریکەکەدا، گەشتەکەی بەرەو نێو ئەڵقەکانی دۆزەخ و بەرەو سەرەوە بۆ کەنارەکانی بەرزەک و بۆ باوەشی بیاتریس پۆرتیناری٢، بۆ منداڵە قوتابییە ئیتالییەکان وەکوو شیری دایکە. لە ئەمڕۆدا دێڕگەلێک لە کۆمیدیای یەزدانی لە سەر تیشێرتەکان دەنووسرێن، دەگوترێ بەر لە جەنگ، لە سەر شەقامەکانی شاری تیورین٣، ‘کێبەرکێگەلی دانتی’ بەڕێوە دەچوو؛ کە کوڕێک بەشێک لە شیعرێکی لە بەر دەخوێند و ڕکابەرەکەی دەبوا تەواوی بکات.
ساڵی پار لە کۆڕێکی وێژەی ئنگلیزیدا دوو قوتابی ئیتالی هەبوون، کاتێ ئاماژەم کرد بە وەرگێڕانێکی سەردەمێک ئستانداردی کۆمیدیای یەزدانی بە وەرگێڕانی دورووتی ئێڵ سایەرز٤، بزەیەکیان گرت و گووتیان ‘وەرگێڕانی دانتی، دانتیێکی ڕاستەقینە نییە’. بەڵام هەروا کە ئیان تامسۆن لە کتێبەکەی بە نێوی کۆمیدیای یەزدانی دانتی: گەشتێکی بێکۆتاییدا٥ پیشانی دەدات، تێگەیشتن لە دانتییە ڕاستەقینەکە ئەستەمە، تەنانەت بە ئیتالی. زۆرتر لە 800 وەشان لە کۆمیدیای یەزدانی پێش گوتنبەرگ٦ هەن کە زۆربەیان هەڵەیان تێدایە و مشک قەپی لێ گرتوون، بەڵام چوونکە هیچیان لە بەر دەستی دانتیدا نین ناتوانین دڵنیا بین ئەو لە ڕاستیدا چی نووسیوە. نموونەیەک لەوانەی کە شیعرەکەی بە دەس ڕوونڤیسەران ساغ کراوەتەوە ئەو ڕاستیەیە کە جۆڤانی بۆکاچۆ٧ وشەی یەزدان (divinia)ی زیاد کرد بەو شتەی کە دانتی بە ساکاری پێ دەگوت کۆمیدیا (La commedia).
تامسۆن دەڵێ کە بە وشەی ‘کۆمیدیا’ دانتی ئاماژە بەوە ناکات کە ویستوویە گاڵتە بکات، هەرچەند زۆر جار وایشی کردووە، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە بە وردی باسی ئەو سزایانە دەکا کە لە دۆزەخ بە سەر دوژمنەکانیدا دەسەپێنرێ. بەرهەمێکی کۆمیدیایی، چیرۆکێک بوو بە داویێکی شاد و دڵخۆشکەرەوە، بەڵام دانتی خوێنەرانی ئاماژە دەدا بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەمە بەرهەمێکی وێژەیی ‘نزم’ە نەک بەرهەمێکی ‘واڵا’، بە زمانی ڕۆژانەی تووسکانی٨ نووسراوە نەک لاتینی، ئیدی لە بەردەستی جۆڵاکان، بیرە درووستکەران، کرێکاران و تەنانەت ژنانیشدا دەبێت. تامسۆن دەڵێ هۆکاری ئەوەی کە دانتی هێشتا گرینگە، ئەوە نیە کە خوێنەرانی ئەمڕۆ لە دۆزەخ دەترسن یان دەرکەوتنی جوانییەکانی ئایینی مەسیح کاریگەری لە سەریان دادەنێ، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە دانتی چیرۆکی پیاوێکی ئاسایی نووسیوە؛ دانێک هەمووکەس٩، کە بە دڵخۆشی و پڕ لە وزە لەم ژینەیدا دەست دەکات بە گەڕان بە شوێن ژیانەوە و نوێبوونەوە.
سرووشتی ئەو بەرهەمە چییە کە ئێمەی بۆ ماوەی 700 ساڵە بە خوێندنەوەیەوە سەرقاڵ کردووە؟ تامسۆن کۆمیدیای یەزدانی وەکوو ‘مەکینەیەکی دادوەری زەبەلاح’، ‘خەونێکی خۆش لە سزا’، ‘چیرۆکێکی کاریگەری کلاسیک’ ناو دەبات، هەروەها زۆر زیرەکانە وەکوو ’12 پلەی پیلانێکی گەڕانەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕێگایان ون کردووە’ دەیناسێنێ. دانتی ئالیگیێری وەکوو پارێزەرێکی پیرۆزە بۆ چەوساوەکان: ئۆسکار وایڵد لە زینداندا هەمیشە کتێبی کۆمیدیای یەزدانی لەگەڵدا بوو، پریمۆ لیڤای—کیمیاگەرێکی ئیتاڵی—هەوڵی دەدا دێڕەکانی شیعرەکانی کۆمیدیا لە بیری بمێنێتەوە کاتێک لە کەمپی ئوشویزدا بوو، لە کاتی چەوساندنەوەکانی ئستالیندا، ئۆسیپ ماندێلستام—شاعیرێکی ڕووسی— بەبێ کتێبەکەی دانتی لە ماڵ نەدەچووە دەرەوە.
تامسۆن لە کتێبەکەیدا شرۆڤەیەکی ناوازە لە دوژمنایەتی نێوان گەلف و گیبلینییەکان دەکات. دانتی کە لە شاری خۆی، فلۆرەنسا دوور خرابووەوە، بە تووڕدانی سیاسەتوانەکان، پاپاکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نێو دۆزەخەکەی، تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، کە لەوێ لە نێو قیردا دەسووتێن، لە نێو سەهۆڵدا سزا دەدرێن و لە نێو پیسایی خۆیاندا دەگەوزێن. تامسۆن پێوایە ئەگەر دانتی ئەمڕۆ بووایە بەنکەوانەکانی دەخستە ئەڵقەی حەوتەمی دۆزەخەوە و قورسایی سوودەکانیان لە دەوری ملیان شۆڕ دەبوونەوە.
لە ئێستادا 50 وەرگێڕانی ئنگلیزی لە کۆمیدیا هەیە کە شاعیران و توێژەران هەموویان لەگەڵ شێوازی نووسینی تێرسا ڕیماکەیدا١٠ زۆرانیان گرتووە، کێشێک شیعری کە ئەو شتەی بەرهەم هێناوە وا تامسۆن وەکوو ‘بزوێنەری گەورەی شیعری بۆ پێشەوە’ ناوی لێ دەبات. یەکەم جار کۆمیدیا لە ساڵی 1802 بەدەس قەشەیەکی ئێرلەندی بە ناوی هێنری بۆید بۆ ئنگلیزی وەرگێڕدرا. لە وەرگێڕانەکەی بۆیددا وشەی ‘هەڵۆ / eagle’ بە ‘پارێزەری پەڕداری تەختی ئۆلیمپیا’ وەرگێڕدرابوو، کە ڕێگای خۆش کرد بۆ دانتی سەدەی نۆزدەهەم. تێنیسۆن و پێشڕافائیلییەکان١١ زۆر جەخت و سەرنجیان دەخستە سەر ئەوینی دانتی بۆ بیاتریس، لە کاتێکدا کیتس، شێلی و بایرۆن دانتییان وەکوو ڕۆمانتیکێکی سەربەخۆ دەبینی کە وەکوو خۆیان ناچارە بە گەڕان لە نێو جیهاندا. شێلی کاتێ کە مرد خەریکی وەرگێڕانی بەشگەلێک لە کۆمیدیا بوو، شیعری دانتی وەکوو ‘پردێک بە سەر شەپۆلی کاتدا کە جیهانی کۆن و مۆدێڕن پێکەوە دەبەستێتەوە’ پێناسە دەکرد، کە ئەمە دەتوانێ پێناسەیەکی کورت و جوان بێت لە کۆمیدیای یەزدانی.
فرانسێس ویلسۆن؛ نووسەر و ڕخنەگرێکی ئنگلیزی / Spectator
پەراوێز:
- (Jorge Luis Borges) – کورتەچیرۆکنووسی ئەرجەنتینی
- (Beatrice Portinari) – خۆشەویستی دانتی کە دەبێ بە یەکێ لە پێشەنگەکانی دانتی لە بەشی کۆتایی کۆمیدیادا
- (Turin) – شارێکە لە ئیتالیای باکوور
- (Dorothy L. Sayers) – نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی ئنگلیزی
- (Dante’s Divine Comedy: A Journey Without End)
- پرۆژەی گوتنبەرگ ئیشێکی خۆبەخشانەیە بۆ دیجیتاڵیکردنەوەی بەرهەمە کەلتوورییەکان بەمەبەستی پەرەدان بە درووستکردن و بڵاوکردنەوەی زۆرتری کتێبە ئەلیکترۆینیەکان. لە ساڵی 1971 بە دەستی مایکل ئس هارت نووسەرێکی ئەمەریکی ڕێک خرا و کۆنترین کتێبخانەی ئەلیکترۆنییە.
- (Giovanni Boccaccio) – نووسەری کتێبی دیکامێرۆن و یەکەم ژیاننامەنووسی دانتی
- (Tuscany) – ناوچەیەکە لە ئیتاڵیای ناوەندی کە پایتەختە ناوەندیەکەی دەبێت بە فلۆرەنسا
- (everyman) – هەمووکەس لە وێژە و شانۆدا کەسایەتیێکی ئاساییە کە خوێنەر بە ئاسانی لێ تێدەگات و ئەم کەسایەتییە زۆر جار دەکەوێتە نێو دۆخگەلێکی سەیر و سەمەرەوە.
- (Terza rima) – وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی تێرسا ڕیما لە زمانی ئیتاڵی دەبێت بە کێشی سێهەم. تێرسا ڕیما چامەیەکی سێ دێڕییە کە پارچەکانی بە کێشێک بە شێوازی ABA BCB CDC DED زنجیر دەبنە یەکەوە. ئەم شێوازە شیعرییە یەکەم جار دانتی ئەلیگیێری بەکاری هێناوە.
- (Pre-Raphaelite Brotherhood) – برایەتی پێشڕافائیلیەکان، گرووپێک بوون پێکهاتوو لە شێوەکار و شاعیر و ڕخنەگرە ئنگلیزیەکان کە لە ساڵی 1848دا ڕێک خرا.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.