پێداگۆگی ستەملێکراوان – Pedagogy of the Oppressed
نووسەر: پاولۆ فرێری – Paulo Freire
وەرگێڕان بۆ کوردی: جیهاد محەمەد/ 2015
ساڵ: 1968
ئەم بابەتە کورتەیەک و تێبینییەکە لە سەر بیرۆکەکانی فرێری سەبارەت بە پەروەردە، فەلسەفە و سیاسەت. لەم تێبینیەدا باس لەوە دەکرێ کە چۆن سەرکوتکردن و چەوسانەوە کاریگەری لە سەر مرۆڤ بوون دادەنێ. ڕخنە دەگرێت لە شێوازی فێرکاری بانکی لە پەروەردەدا و بۆچوون و شێوازی دیالۆگ کردن پێشنیار دەدات کە دەتوانێ تاکەکان بگۆڕێت و ئازادی پێک بێنێت.
پێشەکی
پێداگۆگی ستەملێکراوانی پاولۆ فرێری بیردۆزی سیاسی، پەروەردەیی و فەلسەفی پێکەوە دەهێنێت. نووسەر شێوەکانی چەوساندنەوە و بنەماکانی پێکهێنانی ئازادی شی دەکاتەوە. پاولۆ فرێری لەو بڕوایەدایە کە بۆ ئەوەی تاکەکان بە ئازادی بگەن، پێویستە هۆشیارییەکی ڕخنەگرانەیان هەبێت و پەرە بدەن بە بیرکردنەوە و پرسیار و گومان. فرێری ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە تەنیا لە ڕێگای شێوازێکی پەروەردەییەوە دەتوانێت بوونی هەبێت کە پەیوەندیێک لە نێوان قوتابی و مامۆستادا پێک بێنێت، بە جۆرێک کە قوتابی هان بدات بێتە نێو دیالۆگەوە. مەبەستی ئەم وتارە، تێبینییەکی قووڵە لە سەر بەرهەمەکەی فرێری و ڕوانینێک بۆ بڕواکانی فرێری لە سەر بە مرۆڤ کردن و لە مرۆڤ خستن و چەوساندنەوە لە ڕێگای پەروەردە و بەخشندەییەکی ساختەدا.
مرۆڤسازی
فرێری لە گرنگی بابەتی مرۆڤسازی بۆ مرۆڤەکان تێگەیشتووە و لەو بڕوایەدایە کە گرنگی دان بەم بابەتی بە مرۆڤ کردنە لە کۆتاییدا بە پێناسە کردنی لە مرۆڤ خستن وەکوو ‘ئەگەرێکی ئۆنتۆلۆژی هەروەها ڕاستیەکی مێژوویی’ ڕەنگ دەداتەوە. فرێری پێداگرە کە ئەگەر کەسێک لە ئاستی لە مرۆڤ خستنەکە تێبگات، ڕەنگە گومان بکات لە سەرکەوتنی بە مرۆڤ بوون. فرێری بۆ بە مرۆڤ بوون و لە مرۆڤ کەوتن بۆ هەر تاکێک وەکوو توانایەکی شاراوە دەڕوانێ، وەکوو کەسێکی ناکامڵ کە ئاگایە لە ناکامڵ بوونی خۆی. فرێری بڕوای هەیە کە زۆرداری و بێدادی، چەوساندنەوە و ستەمکاری، هەروەها توندوتیژی دەسەڵاتداران و ستەمکاران بەرگری لە مرۆڤ بوون دەکات. بە مرۆڤ بوون لە ویست و ئارەزووی چەوساوەکان بۆ گەیشتن بە داد و سەربەخۆیی و مرۆڤایەتییە لە دەست چوەکەیاندا بە دی دەکرێ. گەڕاندنەوەی مرۆڤ بوونیش شتێکە بە دەستی چەوساوەکان دەکرێ، بە جۆرێک ئەرکی ئەوانە کە ئەو مرۆڤ بوونە داماڵراوە بۆ خۆیان و بۆ چەوسێنەرەکانیش بگێڕنەوە، چونکە چەوسێنەرەکان تەنانەت خەڵکی چەوساوە بە مرۆڤ دانانێن و حەسێبی مرۆڤیان بۆ ناکەن، سەرەڕای ئەمانەش گرنگە کە خەڵکی چەوساوە بە درێژای خەباتیان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری ئاگاداری ئەوە بن کە جێگای چەوسێنەرەکان نەگرنەوە و نەهێڵن خووی چەوسێنەرەکان کاریگەری لە سەریان دابنێ، ئەگینا ڕزگاری بە دەست نایەت و تەنیا جێگای چەوساوە و چەوسێنەر دەگۆڕدرێ. فرێری زۆر سەرنج دەدات بە ئەم بابەتە و لەم کتێبەیدا بۆچوونەکانی سەبارەت بە شێوەی گەڕاندنەوەی مرۆڤایەتی و گەیشتن بە ڕزگاری شی دەکاتەوە.
نووسەر لەم بڕوایەدایە کە لە مرۆڤ خستن شتێکە لەو کەسانەدا بە دی دەکرێ کە لە مرۆڤ بوون داماڵراون و دیسان لە ئەوانەش کە خەڵکیان لە مرۆڤ بوون خستووە، واتە هەر چۆن چەوساوەکان بە دەستی چەوسێنەران لە مرۆڤ بوون بێبەریی دەبن، چەوسێنەران خۆشیان لە مرۆڤ بوون دەکەون. دەڵێ ئەم لە مرۆڤ خستنە وا دەکات شێوەی بڕوا و خواستی کەسەکان بۆ بە مرۆڤ بوون تێک بچێت. ئەم تێکچوونە ڕووداوێکی مێژوویە، شێوازێکی ژیان نیە. نووسەر ئەو بیرۆکەیە کە لە مرۆڤ خستن ڕەوشتێکی مێژووی بێت ڕەت دەکاتەوە، چونکە ئەم بیرۆکەیە بەرەو سینیسیزم و ڕەشبینی دەڕوات. دواتر دەڵێ کە هەوڵدان بۆ بە مرۆڤ کردن و ڕزگار بوون لە ژێردەستەیی و هەوڵ دان بۆ لە ناو بردنی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی، لە کۆتاییدا ڕەنگە بە ئاکام نەگات. فرێرێ دەڵێت کە سەرکوت کردن و داماڵین لە مرۆڤ بوون ڕەنگە وا لە چەوساوەکان بکات کە پەلاماری چەوسێنەران بدەن بۆ ئەوەی مرۆڤ بوونی خۆیان بگەڕێننەوە و تۆڵە لە چەوسێنەرەکانیان بسێننەوە. فرێری بڕوای وایە کە ئەم کارە ئەوان دەکات بە ‘چەوسێنەری چەوسێنەران’ و دۆخێک پێک دێنێت کە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاری و بە مرۆڤ بوون بێ مانا و پووچەڵ دەکاتەوە. فرێری دەڵێت کە چەوساوەکان ئەرکی ڕزگار کردنی هەم خۆیان و هەم چەوسێنەرانیش لە ئەستۆیانە، چونکە چەوسێنەران ئەو توانایانە نیە کە خۆیان و ئەو کەسانەی ستەمیان لێ دەکەن لەو دۆخە دەر بهێنن و ڕزگاریان بکەن. بڕوای بەوەیە کە چەوساوەکان ئەو هێز و توانایانە هەیە کە چەوسێنەرەکانیان بگۆڕن بۆ بوونەوەرگەلێک کە هەست بە مرۆڤ بوون بکەن و لە مرۆڤایەتی تێ بگەن.
نووسەر وا بیر دەکاتەوە کە بەخشندەیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە خەبات بکات و هەوڵ بدات بۆ گۆڕانی ئەو ئاکارە دوور لە ئەخلاقانە کە پەرە دەدەن بە بەخشندەییەکی دەستکرد و ساختە بۆ فێڵ کردن لە خەڵکی چەوساوە. فرێری بڕوای وایە کە تێگەیشتن لە بەخشندەیی ڕاستەقینە و مرۆڤایەتی دەبێ لە چەوساوەکانەوە دەست پێ بکات، چونکە ئەوان باشتر لە چەوسێنەرەکان لە گرنگی هەبوونی ئازادی لە کۆمەڵگادا تێدەگەن. بۆ تێگەیشتن لە ئازادی، چەوساوەکان دەبێ هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ، ئەوین و خۆشەویستی پیشان بدەن، بەرانبەر بەو کورتە خۆشەویستییە و ئەو توندوتیژییە کە لە دڵی چەوسێنەراندا هەیە. فرێری پێداگرە کە ئەوە ‘ترس لە ئازادی’یە کە چەوساوەکان هەستی پێ دەکەن و هەر ئەم ترسە ڕەنگە وا بکات ئەوانیش ئاکار و خووی چەوسێنەرەکانیان بگرن، یان ئەو خەسڵەتە ستەمکارانە بگرن و بەرانبەر چەوساوەکانی دیکە بە کاری بێنن و دژ بەوانەی لە گۆشت و ئێسقانی خۆیانن بوەستنەوە و پەلاماری یەکدی بدەن. ئیدی بەم جۆرە نووسەر لێکدانەوەی ترس لە ئازادی دەکات و باسی کاریگەرییەکانی لە سەر خەباتی خەڵک بۆ ڕزگاری دەکات. فرێری بڕوای هەیە کە بۆ گەیشتن بە ئازادی، کەسەکان دەبێ لە نێوان ڕێگای ئازادیدا بەرپرسیار و پێداگر بن. ئەو بڕوای هەیە کە خەڵک دەتوانن بە سەر چەوساندنەوەدا سەرکەون ئەگەر ئاگاداری سەرچاوەی ئەو چەوسانەوە بن و ئەو ستەم و نادادگەرییە بە قەدەرێکی نەگۆڕ نەزانن و پەرە بەو شتانە بەن کە نرخی مرۆڤایەتی بەرز دەکاتەوە.
پەیوەندی مامۆستا و قوتابی
کاتێک پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی دێتە نێو باسەکەوە، فرێری ڕەخنە لەو پێداگۆگییە کۆن و سونەتییە دەگرێت کە لە خزمەتی ستەمکاراندایە و دژ بە ئەو شێوازی لە بەرکردنە دەوەستێ کە بە بڕوای ئەو قوتابی وەکوو پەرداخێک یان جەواڵێک پێ دەکا کە دەبێ مامۆستا پڕی بکاتەوە. فرێری دەڵێت کە ئەم شێوازە، پەروەردە دەکات بە ئەزموونێکی پڕ کردن و کۆ کردنەوە کە مامۆستا ‘تێدانەرە’ و قوتابی ‘تیادانراو’. فرێری ئەم بیرۆکەیە بە شێوازی بانکی ناوزەد دەکات چونکە بە پەرداخەکە واتە قوتابی، تەنیا ئیزنی وەرگرتن و پڕ بوون و کۆ کردنی شتەکان و زانستەکان دەدات. بە گوێرەی بۆچوونی فرێری، ڕێبازی بانکی ئەوە دەگەیەنێ کە قوتابی لە زانست بە تەواوی بێوەرییە و ئیدی مامۆستا دەبێ ئەم زانستەی پێ ببەخشێ. نووسەر بڕوای وایە کە پەروەردە دەبێ شوێن چەمکێکی باشتر بکەوێت کە پەیوەندی مامۆستا و قوتابی بە جۆرێک بگۆڕێت کە لە یەک کاتدا هەموویان ببن بە مامۆستا و بە قوتابیش.
نووسەر ئاماژە دەکات کە ئامانجی چەوسێنەران ئەوەیە کە ڕوانگە و بیرکردنەوەی چەوساوەکان بگۆڕن، بە جۆرێک کە هەست بە چەوساوە بوونی خۆیان نەکەن و بەرەو شوێنی ئەو تێگەیشتنە نەڕۆن. دەڵێت کە ڕێبازی بانکی لە پەروەردەدا درێژە بە چەوساندنەوەکە دەدات و وەکوو ئامرازێک بۆ چەوساوەکان دەڕوانێت و دەیانکاتە وەرگرێکی باش. بە مەبەستی زاڵ بوون بە سەر سنوورەکانی ئەم ڕێبازەدا، مامۆستا و قوتابی دەبێ شێواز و ڕێبازێکی هاوبەش دەست پێ بکەن کە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ هەردوو لایەنەکەیان بەرز بکاتەوە. لە ڕێگای ئەم بیرۆکە و شێوازەوە قوتابییەکان دەگۆڕدرێن بۆ کەسانگەلێک کە دەتوانن ئیشگەلێکی جۆراوجۆر بکەن بە جێگەی ئەوەی کە وشەگەلێک ئەزبەر کەن کە پێشتر بوون و دیسان هەمان شت هەر وەکوو خۆی بۆ مامۆستاکەیان بڵێنەوە. فرێری بڕوای وایە کە ئەم ئەزموونە وا دەکات هەندێک کەس بە هۆشیارییەکی ساویلکانە بگەن بەجۆرێک کە دوایی دۆخەکە ئاسایی ببینن. بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە یارمەتی قوتابیان دەدات کە خۆیان بەرانبەر واقیعەکە بکەر یان ‘سۆبژە’ ببینن و بۆ ڕەهایی و ڕزگاری خۆیان خەبات بکەن. کەچی فرێری پشتگیری ئاگاداری لە واقیع دەکات، دەڵێت ئەوانەی کە لە ڕزگار کردنی خۆیاندا سەرکەوتوو دەبن لە کۆتاییدا ئەگەری ئەوە هەیە ببن بە ئەو شتەی خۆیان بەرەنگاری بوونەتەوە.
پەروەردە لە ڕێگای دیالۆگەوە
فرێری پشتیوانی لە شێوازی پەروەردەی دیالۆگی دەکات، کە بە ئەزمونێکی دەزانێت بۆ گەیشتن بە ڕزگاری. ئەم بیرۆکەیە گۆڕینەوە و مامەڵەیەکی هاوبەشی تێدایە کە توانای گۆڕانی دۆخەکانی هەیە. بیرۆکەی دیالۆگ قوتابیان هان دەدات کە ڕەخنە لە دۆخە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژانەیان بگرن و ڕێگای چارەسەری بۆیان بدۆزنەوە. لە ڕێگای پرسیار کردن سەبارەت بە دۆخەکان دەکرێ زانست درووست بکرێ لە نێوان ئەو واقیعەی کە دەوروبەری تاکەکانی پێک هێناوە و دەکرێ کە بە سەر ئەو سنوورانەدا سەر کەوین کە چەوسێنەران بەسەرماندا سەپاندوویانە.
نووسەر پێداگرە کە بۆ ئازاد کردنی مرۆڤ و زاڵ بوون بە سەر چەوسانەوەدا، گرنگە لە بیرۆکە گشتگیرەکان خۆ بپارێزین. پێشنیار دەکات کە هەر کەسە و دەبێ بیرۆکە و هزری خۆی هەبێت و بۆچوونی تایبەت بە خۆی بخولقێنێت و لە ڕێگای پراکسیسە و پەیوەندییەکان و دیالۆگەوە، بۆچوونی خۆی بە ئەوانی دی بناسێنێ. بۆ لێکدانەوە و تێبینییەکی باش لە سەر هەر بابەتێک، پێویستە ئەو کەسە ئەو شوێنە بە وردی ببینێ کە ئەو شتە تێیدا ڕووی داوە. ئەمە بە مەبەستی هێنانی بیرکردنەوە و لێکدانەوەیە بۆ چەوساوەکان. لەم شێوازی فێربوونەدا، مامەڵە کردن و پەیوەندیێکی دوو لایەنە لە نێوان کەسەکاندا گرنگیێکی زۆری هەیە. چونکە لە ڕێگای مامەڵە کردنی دوو لایەنەدا، بەشداربووەکان دەتوانن بگەن بە هۆشیاریەک لە واقیعەکە و لە جیهانی دەورووبەریان تێبگەن و بە تەواوی باسی ئەم واقیعەش بکەن.
فرێری فێرکاری فەرمی و سیستەمە پەروەردە هاوشێوەکانی بە نەشیاو دەزانێ. چونکە بە بڕوای فرێری ئەم شێوازی پەروەردەیە، گەشە کردن و هێزی داهێنەر بوون لە مرۆڤدا سڕ دەکات. بۆیە شێواز و میتۆدێکی پەروەردەیی جیاواز پێشنیار دەدات. بە گوێرەی وتەکانی فرێری پەروەدرە دەبێ هۆشیاری سیاسی تاکەکان بەرز بکاتەوە. ئامانجی شێوازی پەروەردەیی فرێری لە ناو بردنی رژیم و دەسەڵاتی چەوسێنەرە. ئەو شێوازە پەروەردەییە نووسەر پێشنیاری دەکات، وەکو ئامراز سەیری گەشە کردن ناکات، بەڵکو وەکوو هاوبەشێکی سەرەکی و گرنگ لە گەشە کردنی گەلەکەدا سەیری هەموو تاکێک دەکات.
بیرۆکەی فرێری کە دژ بە شێوازی پەروەردەی بانکی دەبێتەوە زۆر گرنگ و جێگای سەرنجە، چونکە شێوازێکی فێرکاری جیاواز و تایبەت دەخاتە ڕوو. ئەو بیرۆکەیە شێوازی خستنەڕوی بابەتەکان (Problem Posing) بە کار دەهێنێ کە لە دۆخگەلی جۆراوجۆردا بەسوودە. ئەم شێوازە دەتوانێ بۆ ئەو کۆمەڵگا تەریکانە بە سوود بێ تا بتوانن گۆڕانێک هەم لە کەسەکان و هەم لە کۆمەڵگاکەدا دەست پێ بکەن. تاکوو کاتێک ڕوبەڕووی بابەتێک بوونەوە، وەڵام و کاردانەوەیان هەبێت و خۆیان بگۆڕن، لەم بیرۆکەیەدا تاکەکان دەتوانن دەرک بە گۆڕان بکەن. پێداگۆگی ستەملێکراوان خوێنەر ڕوبەڕووی ئەو واقیعانە دەکاتەوە کە دەتوانن بە سوود بن لە کردنی توێژەرەکان بە خولقێنەری زانست. ئەم کتێبەی فرێری بووەتە سرووشێک بۆ ئەو مامۆستا و قوتابییانە کە تێگەیشتوون لە ئەو نادادگەرییە کە لە ڕێگای شێوازی پەروەردەیی بانکییەوە بە سەریاندا سەپاوە. هەروەها لە شوێنەکانی دیکە وەکوو کۆمەڵناسی و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و بابەتەکانی ئابوریدا لە بیر و ڕاکانی فرێری سەبارەت بە پەروەردە کەڵکیان وەرگرتووە.
پەروەردەی خستنەڕووی بابەتەکان شێوازێکی پەروەردەییە کە فرێری دژ بە ڕێبازی فێرکاری بانکی پێشنیاری دەدات. ئەم شێوازی فێرکاریەی فرێری لە سەر بیرکردنەوە و تێفکرینێکی ڕەخنەگرانە جەخت دەکات و ئامانجی گەیشتن بە ئازادییە. فەلسەفەی ئەم پەروەردەیە دەبێت بە بنەمای پێداگۆگی ڕەخنەگرانەی مۆدێڕن. ئەم شێوازی فێرکارییە کێشەی نێوان مامۆستا و قوتابی چارەسەر دەکات و تێدەگات کە زانست شتێک نیە دانەرێک (مامۆستا) لە نێو تیادانراوێکدا (قوتابی) دایبنێت بەڵکوو شتێکە لە پرۆسەی دیالۆگ و لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا بەرهەم دێ. فرێری دەڵێت کە فێر بوونی ڕاستەقینە ئەوە نیە کەسی ‘ئەلف’ کەسی ‘بێ’ فێر بکات، یان کەسی ‘بێ’ کەسی ‘ئەلف’ فێر بکات، بەڵکوو ئەوەیە کە کەسی ‘ئەلف’ لەگەڵ کەسی ‘بێ’دا پێکەوە فێر دەبن، جیهانیش دەکەوێتە نێوانیانەوە. جیهان دەکەوێتە ژێر کاریگەرییانەوە و ڕوبەڕوویشیان دەبێتەوە، لەم فێربوونەدا بۆچوونگەلی دیکەش دێنە ئاراوە. دەڵێت نواندنی زانستە کە بەرەو ئازادیمان دەبات نەک پڕ کردن و دانانی زانست لە مێشکی فێرخوازدا.
دەرئەنجام
ڕوانگەی فرێری بۆ پێداگۆگی سونەتی وەکوو شێوازێکی پەروەردەیی چەوسێنەرە کە لە خزمەتی ستەمکاراندایە و پێشنیاری چەمکێکی فێرکاری دەدات لە سەر بنمەمای دیالۆگ کردن کە لە گۆڕانکاری کۆمەڵگادا بە سوودە. ئەگەرچی لە کتێبەکەیدا باسی گرنگی مامۆستا لە نێو چەمکەکەیدا ناکات، هەروەها باس لە بابەتی ڕەگەز، نێر و مێ، و چینە کۆمەڵایەتیەکانیش ناکات. نووسەر باس لە بابەتی بە مرۆڤ کردن و لە مرۆڤ خستن دەکات، ئەو دەڵێت کە چەوسێنەرەکان بەردەوام بە ناعەدالەتی، توندوتیژی و هەڕەشەکانیانەوە ڕێگا بە مرۆڤ بوونی خەڵک دەگرن. تێگەیشتن لە پێداگۆگیەکەی فرێری زۆر بە نرخە چونکە ئەو توانایەی هەیە کە تاکەکان بگۆڕێت بۆ کەسانێکی بیرکەر و ڕوناکبیر کە بتوانن بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆیان خەبات بکەن.
سەرچاوە: Write Pass
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.