خۆشەویستی و لێبوردەیی بەرانبەر نیشتیمان
لە ١٩٤٨دا پابلۆ نێرودا بە هۆی بیروڕا کۆمۆنیستییەکانییەوە دەستووری قۆڵبەستکردنی بۆ دەردەکرێت. ئەویش تا چەند مانگ لە ژێرخانی ماڵی هاوڕێکانیدا خۆی دەیشارنەوە تاکوو لە ڕێگای چیاکانەوە هەڵدێت بەرەو ئەرژەنتین و ناچار دەبێت تا چوار ساڵی دواتر لە تاراوگە بژیت. دواجار پاش گەڕانەوەی بۆ نیشتیمان ئەم شیعرەی بڵاو دەکاتەوە. پابلۆ نێرودا لە وڵاتێکدا ژیا کە وردە وردە ئیدی نیشتیمانی ئەو نەبوو، بەڵام سەرەڕای هەموو کێشە و گرفت و دڵڕەقییەکانی نیشتیمان و دوودڵی و تووڕەییەکانی خۆی، هەر بەردەوام بوو لە خۆشویستن و ئەوینی بەرانبەر نیشتیمانەکەی واتە چیلی.
هەموو دەقی شیعرەکە لێرەدا بخوێنەوە: ئەگەر لە بیرم کەیت
ئەگەر لە بیرم کەیت شیعرێکی بێ سەروایە و دێڕەکان کوڵ و درێژن، بەندی یەکەم بەس یەک ڕستەیە و دەڵێت “دەمەوێت شتێک بزانیت” وا دیارە کە دێڕی یەکەم درێژەی سەردێڕی شیعرەکەیە و دەبێت پێکەوە بخوێنرێتەوە واتە “ئەگەر لە بیرم کەیت، دەمەوێت شتێک بزانیت.” پاشان لە بەندی دووهەمدا بە شێوەیەکی سۆزدارانە باسی خۆشەویستی و ئاستی سۆز و هەستی خۆی دەکات، ئەوەی کە ئەگەر سەیری هەر شتێک و هەر شوێنێک دەکات، وەکوو بەلەمێکی بچووک بن، دەیگەیەنن بە خۆشەویستەکەی.
ئەگەر لە تەنیشت ئاگرەکەوە
دەست بدەم لە خۆڵەمێشە نەپەنییەکەی
یان جەستەی چرچی کۆتەرەدارەکەی
ئاگر ڕەمزە بۆ عەشق و خۆشەویستی، خۆڵەمێشی ئاگریش ئەوەیە کە پاش سووتانی دوای دەکەوێت و ئیدی نابینرێت، ئەمەش ئاماژەیە بە ڕابردوو و لەبیرکردن، کە ناوەڕۆکی سەرەکی شیعرەکەش لەبیرکردنە؛ نەمانی خۆشەویستی بەهۆی لەبیرکردنەوە. پاشان کە دەڵێت “هەموو ئەو شتانە وەکوو بەرامە، تیشک، ئاسن، دەمگەیەنن بە تۆ” واتە هێشتا خۆشەویستی و بیرەوەرییەکانت لە دڵمدایە و هەر شتێک دەبینم تۆم دێنێتەوە یاد. لێرەدا باسی زیندووبوونی ئەو خۆشەویستییە دەکات کە لە دڵیدایە بەرانبەر نیشتیمان.
کۆتەرەداری چرچ دەکرێت ڕەمز بێت بۆ ئێستا و هەموو ئاڵۆزییەکانی، خۆڵەمێشی نەپەنیش ڕابردوویە کە سووتاوە و تێپەڕیوە و دەستی لێ نادرێت. دەڵێت بە دەستدان و هەستکردن بەمانە هەم ئێستا و هەم ڕابردوو دەمگەیەننەوە بە تۆ. لێرەدا سەنعەتی ئەدەبیی ئۆکسیمۆرۆن بە کار هاتووە. لە شیعرەکەدا بە ئەسپانی و وەرگێڕانە ئنگلیزییەکەشی وشەی (impalpable) نووسراوە، مانای ئەم وشەیەش ئەو شتەیە کە هەستێکت هەیە بەڵام ناتوانیت دەری ببڕیت و بیکەیت بە وشە، واتە وەکوو شتێکی بزر، نادیار، شتێک کە هەیە بەڵام دەستت نایگاتێ. ئێستا لەگەڵ ئەمەدا دەڵێت دەستدان لە شتێکی نادیار، شتێکی دوورەدەست، ئەمەش گرێدانی دوو شتی دژ بە یەکە.
سەنعەتی ئۆکسیمۆرۆن واتە بەکارهێنانی دوو هەست یان وشەی دژ بە یەک، وەکوو دیتنی شتێکی نادیار، بیستنی شتێکی نەگوتراو، بیستنی بێدەنگی و هتد.
لە بەندی دواتردا شێوازی دەربڕینەکەی دەگۆڕێت و شێوەی هەڕەشەکردنێک دەگرێتە خۆی، دەڵێت ئەگەر بێت و تۆ واز لەم خۆشەویستییە بێنیت، ئیدی منیش لێی دەگەڕێم و وازی لێ دێنم. واتە ئەم خۆشەویستییە شتێکی دوولایەنەیە و هۆشداری دەدات بە خۆشەویستەکەی کە نیشتیمان بێت.
پاشان دەڵێت ئەگەر لە بیرت کردم ئیدی بە دوومدا مەگەڕێ چونکە ئەوساکە لە بیرم کردووی، دەیەوێت بڵێت ئەو خۆشەویستییە پێویستی بە هەستێکی بەرانبەرە، ئەگەر تۆ منت لە بیر کرد، هاوکات تەنانەت خێراتر لە هاوکاتبوون، واتە پێش ئەوەی تۆ لە بیرت کردبێتم، بزانە کە من لە بیرم کردووی. بەمەش سەرنج دەخاتە سەر ئاستی گرینگێتیی دوولایەنەبوونی پەیوەندییەکە. ئەوە نییە کە ئەو لەم گەڕێت و ئەم هەر بۆ ئەو بسووتێت.
لە دێڕی دواتردا دەڵێت:
ئەگەر درێژ و گەمژانەیە لە لات
بای ئەو ئاڵایانەی
بە نێو ژیانمدا تێدەپەڕن و
ئاڵا ئاماژەیە بە لایەن و بیروڕای سیاسیی شاعیر، دەڵێت ئەگەر ئەو ئاڵایەنەی لە ژیانی مندا دەشەکێنەوە بە لاتەوە گەمژانە و بێئەنجامن و دەتەوێت لە کەناری ئەو دڵەیدا کە ڕەگ و ڕیشەمی تێدان بە جێم بێڵیت، واتە پەراوێزم بخەیت لە نیشتیمان کە ڕەگەکانمی تێدان، ئاگادار بە دەستبەجێ هەڵدەستم و ڕەگەکانم دەبەم بۆ شوێنێکی دیکە بۆ گیرسانەوە. لێرەشدا خۆی بە دارێک دەچوێنێت کە لە دڵی نیشتیماندا ڕیشەی کوتاوە، دەلێت ئەگەر بەجێم بێڵیت، منیش بەجێت دێڵم.
پاش ئەم بەندە و بۆ بەندی کۆتایی دەنگی دەگۆڕێت و دەچێتەوە سەر شێوازی بەندی یەکەم، دەڵێت بەڵام ئەگەر درێژە بە خۆشەویستییەکە بدەیت، ئەو گڕ و ئەو خۆشەویستییەش لە مندا هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
لە مندا هەموو ئەو گڕە دووپات دەبێتەوە
لە مندا هیچ ناکوژێتەوە، هیچ لەبیر ناچێتەوە
ئەو گڕی خۆشەویستییە قەت لە مندا ناکوژێتەوە و لە بیر ناچێتەوە، ئەوەی کە پێشتر باسی کردبوو کە خۆڵەمێش و ئاگرکە دەیگەینن پێی. دەڵێت ئەگەر تۆ خۆشەویستییەکە لە یاد نەکەیت من هیچم لە یاد ناچێت و ئەو ئاگرە وەکوو خۆی لە دڵمدا دەمێنێتەوە و قەت ناکوژێتەوە. لە دوا دێڕیشدا دەڵێت:
تا ئەو ساتەی کە بمێنیت لە ئامێزتدا دەمێنێتەوە
بەبێ ئەوەی ئامێزی خۆم بەجێ بێڵێت
تا ساتێک کە بمێنیت خۆشەویستییەکەم لە ئامێزتدا دەمێنێتەوە بێ ئەوەی ئامێزی خۆم بەجێ بێڵێت، واتە ئەو هەست و سۆزە لە یەک لایەندا نامێنێت و بەردەوام لە نێوانماندا جۆڵانێ دەکات و بە یەکدی پێشکەشی دەکەین. واتە مەرجی مانەوەی خۆشەویستییەکە ئەوەیە کە بەردەوام هەستی سۆز و خۆشەویسی پێشکەشی یەکدی بکەین و هیچ لایەنێک کەمتەرخەمی نەنوێنێت و واز لە خۆشەویستییەکە نەهێنێت.
بابەتی پێشتر
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.