ڕۆمانی پاش تاریکی یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی هاروکی موراکامی ڕۆماننووسی ناوداری ژاپۆنی. چیرۆکی ڕۆمانەکە چیرۆکی ڕووداوەکانی شەوێکی تۆکیۆیە و لە ماوەی ئەو شەوەدا سایکۆلۆژیا و گاڵتە و گەپە تایبەتەکانی موراکامی لەنێو کەسایەتی و جیهانی ڕۆمانەکەدا بە شێوەیەکی جوان دەردەکەون. (ماری)، کچێکی نۆزدە ساڵان، بە خۆی و کتێبەکەیەوە لە ڕیستورانتێکدا دانیشتووە و دەیەوێت شەو بداتە سەر. کوڕێک دێتە نێو ڕیستورانتەکەوە و بە ڕێکەوت ئەم دەبینێت و دێت بۆ لای و دەڵێت کە ناسیاوێکی خوشکییە. لە جیهانێکی تێکەڵ بە واقیع و فەنتازیا لە شەوێکی تۆکیۆدا، بەسەرهاتی هەندێک کەسایەتیی جۆراوجۆری شارەکە دەخوێنینەوە کە چۆن شەو ڕۆژ دەکەنەوە. وەکوو بەرهەمەکانی دیکەی موراکامی جیهانی ئەم ڕۆمانەش بەجۆرێک سوریالییە، وەکوو جارێک لە چاوی باڵندەیەوەک بە ئاسمانەوە و جارێک لە چاوی کامێرایەکەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەین. ئەم ڕۆمانە زۆر بە جوانی ساتە سەیر و ناوازەکانی شەو و جیاوازییەکانی لەگەڵ ژیانی ڕۆژدا وێنا دەکات. پاش تاریکی هەم باسی تاریکیی شەوە هەم بەجۆرێک تاریکی و ئاڵۆزییەکانی ناخی مرۆڤ، ئەمەش لە هەندێک لە کەسایەتییەکانی نێو چیرۆکەکەدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەو جۆرە کەسانەی کە شەوان ژیانێکی جیاواز دەژین، هەروا کە ناخیان لەگەڵ ڕواڵەتیان یەک ناگرێتەوە. وشەکانی ڕۆمانەکە سادەن بەڵام ماناکان قووڵن و کەسایەتی و بەسەرهاتی زۆر جوانی تێدایە. بەگشتی لەو کتێبانەیە کە نابێت پەلەی لێ بکەیت، دەبێت هێواش و لەسەرخۆ بیخوێنیتەوە و چێژی لێ وەربگریت، هەر وەکوو شێوازی کتێبخوێندەوەی (ماری) کە لە کاتی خوێندنەوەدا هەموو تەرکیزی لەسەر کتێبەکەیەتی.
ڕۆمانەکە (جای ڕوبین) کردوویە بە ئینگلیزی و شاخەوان .ح .ح کردوویە بە کوردی.
بابەتی دواتر
بۆچوونی تۆ چییە؟
فەرموو تۆش لە کۆمنت بۆچوونی خۆت بنووسە.