ئایا دەکرێت کچ و کوڕ بەس هاوڕێ بن
ساڵانێک لەمەوبەر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام هەموو ڕۆژێک ئەم پۆستە دەکەوتە بەرچاوم کە کەسێک پرسیاری دەکرد کە ئاخۆ دەکرێت کوڕ و کچ بەس هاوڕێ بن؟ شتەکە ئەوەندە زۆر بوو کە هەندێک جار دەبووە جێی گاڵتە بەڵام پرسیارەکە شتێکی گشتییە و بەس تایبەت بە کۆمەڵگای کوردی نییە. ئەوەش دەبێت بەرچاو بگیرێت کە ئەوانەی پرسیارەکە دەکەن و گەورە دەبن دوای ئەوان جیلی نوێش دەگەنە ئەو تەمەنە و دیسان ئەو پرسیارە لایان درووست دەبێت و دەیپرسنەوە. وەکوو زۆر پرسی دیکە بەپێی گۆڕانی کۆمەڵگا و بارودۆخەکان و هاتن و چوونی جیلەکان لە شێوازەکەی دەگۆڕێت بەڵام پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە. ئەمەش بۆ هەموو پرسێک هەر وایە بەڵام ئەم جۆرە پرسیارانە زۆرتر لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەون چونکە بەپێی کەلتووری ناوچەکە نێزیکە لە پرسیارە حەرامەکانەوە و ئیدی هەرزەکاران پەنا دەبەنە بەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەربڕینی پرسیارەکە و لەوانەشە دۆزینەوەی وەڵامێک.
لە کۆمەڵگاکانی وەکوو ئەوەی ئێمەدا ئەم جۆرە پرسیارانە سەرکوت دەکرێن یاخود ئەوپەڕی دەخرێنە بەر وەڵامدانەوەی شەرع و ئایینەوە، شەرعیش کە هەموو شت بە چاوی حەرام و حەڵاڵ یان تاوان و سزاوە سەیر دەکات بەیەکجاری بەبێ ڕێگەدان بە شیکردنەوە و وردبوونەوە لە ناوەڕۆکی شتەکە، مۆرکێکی حەرامی بەسەردا دەچەسپێنێت و پرسیارەکە و بابەتەکە بەکاڵی وەکوو خۆی دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پرۆسەیەکی بیرکردنەوە و توێژینەوە تێیدا ڕوو بدات.
هەموومان هەر لە منداڵییەوە لەنێو کۆڵان هاوڕێمان لە ڕەگەزی بەرامبەر هەبووە بەڵام هەر کە پێگەیشتین و ڕۆیشتینە نێو تەمەنی هەرزەکارییەوە زۆربەی جار بەهۆی شەرم و تێگەیشتن لە بابەتی سێکس و سەرهەڵدانی هەستە سێکسییەکان بەیەکجاری ئەو هاوڕێتییە دەپچڕێت و بابەتی سێکس باڵ بەسەر هەموو بیرکردنەوەیەک لە هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزەکاندا دەکێشێت. دواجار گرینگترین و بەرچاوترین شتیش کە ڕێگر بێت لە هاوڕێتی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا هەر درووسبوونی سۆزی ڕۆمانسی و سەرهەڵدانی حەزی سێکسییە بۆ بەرامبەرەکەمان.
لەم ڕۆژانەدا بە ڕێکەوت لە یوتوب1 ڤیدیۆیەکی کۆنم بەرچاو کەوت کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەوەی کە دەیان ساڵ لەمەوبەر کە هێشتا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ئەمڕۆ تەشەنەیان نەسەندبوو، گەنجێک (پێدەچێت خوێندکارێکی زانکۆکە بێت) لە زانکۆی ویلایەتی یووتا لە ئەمەریکا بەنێو کتێبخانەی زانکۆکەدا دەگەڕێت و پرسیار لە کوڕان و کچان دەکات سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ دەکرێت کوڕ و کچ بەس هاوڕێ بن؟ وەڵامەکان جێی سەرنجن! ئەوەی لە وەڵامەکاندا هاوبەشە ئەوەیە کە کوڕان یەکسەر دەڵێن نا ناکرێت و هۆکاریشیان ئەوەیە کە حەزکردن لە بەرامبەرەکە ڕێگر دەبێت لەوەی بتوانن بەس هاوڕێ بن. بەڵام کچان هەموویان دەڵێت بەڵێ ئاساییە و هەندێکیان ناوی چەند هاوڕێیەکی کوڕیان دەڵێن. بەڵام دواتر کە پرسیاریان لێ دەکرێت پێت وایە ئەو هاوڕێیەت دڵی پێتەوە بێت و حەزی لێت بێت؟ دەڵێت لەوانەیە ئا. دەی کەواتە ناکرێت بەس هاوڕێ بن؟ وایە؟ یەکێک لە کوڕەکانیش دان بەوەدا دەنێت کە حەز و سۆزی خۆشەویستی درووست دەبێت و پێویستە بەردەوام ئەو حەزە بێدەنگ بکەیت ئەگەر بتەوێت بەس هاوڕێ بیت و ئەمەش قورسە.
بەهەرحاڵ لەم جۆرە توێژینەوە کۆمەڵایەتییانەدا کە زۆرتر بۆ مەبەستی ڕابواردن دەکرێت، ڕێکارە زانستییەکانی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاو ناگیرێن و زۆر جار وەڵامەکان تەڵبژێر دەکرێن. بۆیە سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە هەندێک ڕاستی دەربخەن، ناکرێت وەکوو پێوەر سەیر بکرێن، بۆیە باشترە وتار و توێژینەوە زانستییەکان بەرچاو بگرین تاکوو بتوانین قووڵتر لە بابەتەکە ورد ببینەوە.
دواتر باسی هەندێک بیرۆکەش دەکەین سەبارەت بەوەی کە چۆن بتوانیت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا بەس هاوڕێ بیت.
بیری لێ بکەوە کچێک خەریکە لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا هاوسەرگیری بکات، کوڕەکەی خۆش دەوێت و زۆریش کوڕی چاکە. کچە سەرنج دەدات ئەم کوڕە زۆربەی برادەرەکانی کچن! ناکرێت هەستی غیرە و ئێرەیی تێدا نەورووژێت. لای سەیرە کە چۆن دەکرێت پیاوێک لەگەڵ ئەم هەموو کچەدا هاوڕێ بێت. دیارە کە لە کەلتووری ئێمەدا هاوڕێتی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ئەویش بەتایبەت پاش زەواج وەکوو شتێکی نێزیک بە بێئەخلاقی سەیر دەکرێت و کەس تەنانەت ڕێگە بەو پرسیارەش نادات کە ئاخۆ دەکرێت ئەم پەیوەندییە بەس هاوڕێتییەک بێت؟! ئەمەش جیا لە پرسیارە سەرەکییەکە، پرسیارێکی گرینگی دیکە دەورووژێنێت کە بۆچی دەبێت تا ئەو ئاستە پەیوەندیی نێوان ڕەگەزەکان بە بابەتی سێکس و پەیوەندییی زایەندییەوە گرێدرابێت. حاشا لەوە ناکرێت کە لە پەیوەندیی نێوان ڕەگەزەکاندا، با نەڵێین هەمیشە، زۆربەی جار ئەگەر هەیە هەستێکی سۆزداری سەرهەڵبدات، بەڵام ئەمە شتێک نییە قفڵێکی وا گەورەی لێ بدەیت و شێوەی هاوڕێتییەک کە دەتوانێت زۆر جوان و ئینسانی بێت دێز و ناشیرین بکەیت. دواجار مرۆڤ عەقڵی هەیە و دەبێت بتوانێت بەسەر هەستەکانیدا زاڵ بێت و کۆنترۆڵی سۆز و هەستی خۆی بکات.
(دایانی بارس)2 دەروونساڕێژ و مامۆستا لە شاری نیۆیۆرک، باس لەوە دەکات کە بۆ مەبەستی نووسینی کتێبێکی لەگەڵ هەندێک ژندا وتووێژی کردووە و ڕووبەڕووی ئەم پرسیارەی کردوونەتەوە کە ئاخۆ دەکرێت ژن و پیاو “بەس هاوڕێ” بن یاخود نا؟ ئەو ژنانەش هەندێکیان گوتوویانە کە باشترین برادەرەکانیان پیاون. یان وتوویانە کە لەگەڵ برادەرە پیاوەکانیاندا زۆر لە برادەرە ژنەکانیان ئاسوودەترن. هەروەها باسیان لەوە کردووە کە ئارەزووی سێکسی هەمیشە ڕێگە بە هاوڕێتییەکە دەگرێت. بۆ نموونە کەسێک گوتوویە کە لە هاوڕێتییەکاندا هەمیشە لایەنێک حەزی لە ئەوی دی دەبێت و دەرەنجامەکەی کێشە درووست دەکات. ئەگەر سۆز و حەزەکە دوولایەنە بێت و شوێنی حەزەکە بگرن، دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی هاوڕێتییەکە. ئەگەریش یەکلایەنە بێت دواجار کەسێک هەستەکانی بریندار دەبێت.
ئەمە زۆربەی جار ڕاستە و ڕوو دەدات، زۆربەی خەڵکیش لە ترسی ئەم دڵشکان و برینداربوونی هەستەکانی خۆی یان لایەنی بەرامبەر، سڵ لە برادەرایەتی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەریان دەکەنەوە.
کۆمەڵێک لە توێژەران بەوە گەیشتوون کە ئارەزووی سێکسی یەکێکە لە هەرە گرفتە سەرەکییەکانی هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزە جیاوازەکان.
توێژەران هەروەها پێیان وایە کە هاوڕێتییەکی نا-سێکسی لەگەڵ ژناندا بۆ پیاوان قورسترە. بەڵام هەموو کەس لەگەڵ ئەمەیاندا هاوڕا نییە. (دایانی بارس) باسی هەندێک لە وتووێژەکانی لەگەڵ پیاواندا دەکات سەبارەت بە هاوڕێتییەکانیان. دەڵێت کە ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوان لە تەمەنی جۆراوجۆردا، هاوڕێتییان لەگەڵ ژناندا بەرز دەنرخێنن. بۆ نموونە کەسێکیان دەڵێت “دەتوانم لەگەڵ برادەرە ژنەکانمدا بەجۆرێک سەبارەت بە هەستەکانم قسە بکەم کە لەگەڵ برادەرە پیاوەکانمدا پێم ناکرێت.” زۆربەی ئەم پیاوانەش کە قسەی لەگەڵدا کردوون گوتوویانە کە حەزی سێکسی گرفتێکی گەورە نییە. بۆ نموونە: “زۆر جار حەزم لە ژنە برادەرەکانمە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێت کاردانەوەمان هەبێت و هەنگاوی کردەیی بنێین. بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەوە بکەیت هاوڕێتییەکە تێک دەچێت.”
شایەنی باسە کە توێژینەوەیەک سەبارەت بە هاوسەرگیرییە سەرکەوتووەکان پێشانی داوە کە ئەو هاوژینانەی پێکەوە هاوڕێن، ئەگەری ئەوەی ژیانێکی هاوژینیی ئەرێنییان هەبێت دووقاتی ئەو هاوژینانەیە کە ترکیزیان زۆرتر لەسەر بابەتی ڕۆمانسییەت یاخود سێکسە.
ئەمڕۆکە پرسی هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزەکان گرینگییەکی تایبەتی هەیە چونکە لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو ژن و پیاو لە دەرەوەی بازنەی سۆز و ئەگەری درووستبوونی ڕۆمانسییەتدا بەریەککەوتن و پەیوەندییەکی بەربڵاوتریان پێکەوە هەیە. بە شێویەک کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە لە سەردەمانی پێشوودا نەبووە. بۆ نموونە لە جیهانی مۆدێڕندا ژن و پیاو پێکەوە هاوڕێن، پێکەوە ئیش دەکەن، پێکەوە منداڵەکانیان دەبەن بۆ سەیران، پێکەوە وەرزش دەکەن، پێکەوە گەشت دەکەن و هیچ سۆزێکی ڕۆمانسیش لەنێوانیاندا نییە.
جاران پیاوان کە ئیشیان دەکرد، بەهۆی هاوڕێتییان لەگەڵ پیاوانی دیکەدا لە ئیشەکەیاندا سەردەکەوتن و پلە و ئاستیان لە ئیشەکەیاندا بەرز دەبووەوە، ئێستا کە ژنانیش وەکوو پیاوان بەشدارن لە ئیشکردندا، ئەگەر بێت و ژن و پیاو ڕێگایەک نەدۆزنەوە بۆ ئەوەی “بەس هاوڕێ” بن، ژنان دەکەونە دەرەوەی بازنەی هاوڕێتیی شوێنی ئیشکردنەکەیاندا و ئیدی ناکرێت گەشە بکەن و پەلەیان بەرز ببێتەوە.
کەوابوو پیاوان و ژنان چۆن دەتوانن لە بابەتی هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزەکان ورد ببنەوە کە زۆر جار ئاڵۆز و هەندێک جار سەرلێشێوێنەرە. ئەم سێ بیرۆکەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
1. ڕێزگرتنی بەرامبەر
زۆربەی جار بەها هاوبەشەکان، حەز و خولیای هاوبەش و سوعبەت و لێکتێگەیشتن دەبنە هۆی درووستبوونی هاوڕێتییەکان. بەڵام ئەوەی بۆ پاراستنی هاوڕێتییەک گرینگە ڕێزگرتنە لەیەکدی بە هەموو جیاوازییەکانەوە. واتە گرینگی بدەین بەوەی کە هاوڕێکەمان چی لەو پەیوەندییە دەوێت و پێداویستییەکانی لەو هاوڕێتییەمانەدا چین و هەمان شت لە ئەویش بۆ خۆمان چاوەڕێ بکەین. واتە بەگشتی لە جیاوازییەکانمان تێبگەین و ڕێزیان لێ بگرین. خۆپەرست نەبین و وا نەبێت کە بەس گرینگی بە خۆمان بدەین. ئەوەندەی دەبەخشین چاوەڕێ بین هەر ئەوەندەش وەربگرین.
ئەم چەشنە ڕێزگرتنە لە هەندێک کەلتووردا ئاسانترە لە ئەوانی دیکە. بۆ نموونە لەو کەلتوورانەدا کە هەوڵ دەدرێت بۆ پەرەپێدانی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزە جیاوازەکان ئاسانتر دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەو هەستی خۆبەگەورەتر زانینە، لێکتێگەیشتن و ڕێزلەیەگرتنی دوولایەنە شتێكی بنەڕەتییە بۆ هەموو چەشنە هاوڕێتییەک. ئیدی لە هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزە جیاوازەکاندا تەنانت گرینگتریش دەبێت.
2. سنوورنەبەزاندن
ئەمەیان زۆر لە ڕێزگرتنەکەوە جیاواز نییە. واتە سنوورەکانی هاوڕێتی بناسینەوە و داخوازیی سەیر و لە دەرەوەی ئەو سنوورانەمان نەبێت لە یەکدی. هەروەها واتە مافی ئەوەمان هەبێت بڵێین (نا) و سنوور دانێین بۆ پەیوەندییەکە تاکوو هاوڕێتییەکەمان تێک نەچێت. بۆ نموونە پیاوێک ژنێکی هاوڕێی هەیە، ژنەکە بە نیوەشەودا تەلەفۆنی بۆ دەکات بەو بیانووەی کە هەست بە تەنیایی دەکات. پیاوەکەش هەست بە نائارامی دەکات و دواتر پێی دەڵێت و ژنەش زۆر پێی گران دەبێت و دەردەکەوێت ئەگەرچی پیاوەکە ئەو پەیوەندییەی بە “بەس هاوڕێتی” داناوە، لای ژنەکە شتەکە زۆرتر لەوە ڕۆیشتووە. پاراستنی سنوورەکان واتە تێگەیشتن لە جیاوازیی نێوان هاوڕێتی و سۆزداری.
3. ئەگەر پێویست بوو، هەستەکانت ڕوون بکەوە
هەمیشە پێویست ناکات و تەنانەت هەندێک جار باش نییە کە باسی هەموو شتێک بکەیت. بەڵام یەکدواندنی باش لە پەیوەندییەکاندا زۆر گرینگە. هەر کاتێک گرفتێک لە پەیوەندییەکەدا هەبوو باشترە دەریببڕیت و بۆچوونی خۆت باس بکەیت و بیر و بۆچوونی هاوڕێکەیشت وەربگریت. گرینگە کە ڕاستگۆ بیت لە پەیوەندییەکاندا تەنانەت ئەگەر دەترسیت هەستی بەرامبەرەکەت بریندار ببێت. هاوڕێتی تەنها کاتێک بەردەوام دەبێت کە لێکتێگەیشتن هەبێت. ژیان فلیمە ڕۆمانسییە کۆمیدییەکان نییە، ئەگەر بێت و یەکێکتان بە دزییەوە ئەو هیوایەی هەڵگرتبێت کە پەیوەندییەکە خۆشەویستییەکی ڕۆمانسی لێ بکەوێتەوە و ئەوی دی ئەو حەز و ویستەی نەبێت، کەسێکتان لە پەیوەندیەیکەدا تووشی ئازار و دڵشکان دەبێت.
بەرچاوگرتنی ئەم ڕێکارانە نەک هەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی هاوڕێتیی نێوان ڕەگەزە جیاوازەکان بەڵکوو دەکرێت بۆ پەیوەندییەکانی دیکەش بەسوود بێت. بۆ نموونە ئەو ژنەی مێردەکەی هاوڕێی ژنی زۆری هەبوو، ئەگەر بە ڕاشکاوی شتەکە بۆ هاوسەرەکەی باس بکات، بەبێ هێرشکردنەسەر و بێڕێزیکردن، مێردەکەی دەرفەتی ئەوەی دەبێت بۆی ڕوون بکاتەوە کە هیچ هەست و سۆزێکی بەرامبەر ئەو هاوڕێ ژنانەی نییە و قەت سنوورەکانی هاوڕێتییان لەگەڵ نابەزێنێت. ئینجا ئەم گرینگیدانەی مێردەکەی بە ژنان دەکرێت لایەنێکی ئەرێنی و جوانی کەسایەتیی بێت. دواجار ژنەکە نەک دەکرێت ترسی لەو هاوڕێیانەی مێردەکەی نەمێنێت لەوانەشە ببن بە هاوڕێی خۆیشی.
لای خۆمان شتێکی ئاوا باس بکرێت یەکەم شت کە بوترێت ئەوەیە: ئەی باشە مێردەکەش پێی خۆشە ژنەکەی هاوڕێی پیاوی هەبێت؟ واتە ڕێک یەکەم شت، بیر و خەیاڵمان دەڕوات بۆ لای باسی سێکس و دڵداری! ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتا باس کرا هاوڕێتی کاتێک درووست دەبێت و دمێنێتەوە کە بیر و خەیاڵی دڵداری تێدا نەبێت، نەبەزاندنی سنووری هاوڕێتیش واتە تێکەڵنەکردنی بە بابەتی سۆزداری. دواجار شتەکە بابەتێکی گشتییە، لە هەندێک کەلتووردا ڕەنگە ئاساییتر بێت و لە هەندێک کەلتووردا تا ئاستی قەدەغە و تابۆ بڕوات، بەڵام بەگشتی ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کاتێک ژن و پیاو دەتوانن “بەس هاوڕێ” بن کە هەست و سۆزی ڕۆمانسی لە پەیوەندییەکە بکەنە دەرەوە و نەهێڵن ئەو حەز و ئارەزووەی لەوانەیە بەرامبەر یەکدی لایان درووست ببێت، هاوڕێتییەکەیان تێک بدات.
1. Why Men and Women Can’t Be Friends
2.F. Diane Barth / “Can Women And Men Be Just Friends” /2019/ Psychology Today /

