تەنیایی
ئەگەرچی پێداویستی بۆ پەیوەندیکردن شتێکی سرووشتی و زکماکە، بەڵام زۆربەمان جاربەجار هەست بە تەنیایی دەکەین. تەنیایی ئەو دۆخەیە کە تێیدا تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی دەبین لەبەر ئەوەی بۆشاییەک دەکەوێتە نێوان ئاستی حەز و ویستمان بۆ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئەو ئاستەی کە ئەزموونی دەکەین. تەنانەت ئەو کەسانەی کە دەوروبەریان یەکسەر پڕە لە هاوڕێ و خزم و کەس و هەمیشە دەوریان قەرەباڵغە یان تەنانەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە هاوسەرگیرییان کردووە دیسان دەکرێت هەست بە تەنیاییەکی قووڵ و بەربڵاو بکەن. بەپێی توێژینەوەکان تەنیایی مەترسیی چڕی دەبێت بۆ تەندرووستیی درێژخایەنمان.
ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی تەنیایی
کەسێکی دوورەپەرێز بیت یاخود نا، کەمبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت ئازاربەخش بێت. تەنیایی دەکرێت بە شێوازی جۆراوجۆر پێناسە بکرێت؛ مەزەندەکردنێکی تەنیایی کە زۆر بەکار دەهێندرێت ئەوەی مەزەندەی تەنیایی (UCLA)ـیە کە تێیدا لە کەسەکان سەبارەت بە هەندێک هەست یاخود کەمبوونی پەیوەندییەکانیان پرسیار دەکرێت، بریتی لە ئەوەی کە چەند زووزوو ئەمانەی خوارەوە ئەزموون دەکەن:
– هەستکردن بەوەی کە یاوەر و هاوڕێیان نییە
– هەستکردن بەوەی کە ئیهمال کراون
– هەستکردن بەوەی کە لەگەڵ کەسانی دەوروبەریاندا کۆکن
– هەستکردن بەوەی کە ڕەزاسووکن و لە پەیوەندی سازکردندا متمانەبەخۆیان هەیە
– هەستکردن بەوەی کە کەسانێک هەن دەتوانن ڕوویان تێبکەن
ئێستا بەپێی ئەو گرفتە تەندرووستییانەی دەکرێت تووشی ئەو کەسانە بێت کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان نییە یاخود پەیوەندییەکانیان کەم و لاوازە، تەنیاییەکی بەربڵاو دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی ئاڵنگارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی. بەڵام هەروەها دەبێتە هۆی پێکهاتنی هەوڵێکی زیاتر بۆ درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندیکردن بە خەڵکەوە.
بنەماڵەم هەیە و هاوڕێشم هەیە، ئەی بۆچی دیسان هەست بە تەنیایی دەکەم؟
تەنیایی چەندە وابەستی چەندێتی و ژمارەی پەیوەندییەکان بێت هەر ئەوەندەش بە چۆنێتی و کوالێتیی پەیوەندییەکانەوە بەستراوەتەوە. مەرج نییە هەمیشە تەنیایی لە دڵشکان یاخود دوورەپەرێزییەوە سەرچاوە بگرێت. جاری وا هەیە نەبوونی کەسێکی بێدەنگ لە ماڵەوە دەبێتە هۆی ورووژاندنی هەستکردن بە تەنیایی، ئەگەرچی لە دەرەوەی ماڵەوە ژمارەیەکی بەرچاو پەیوەندی و هاوڕێت هەبێت.
بۆچی کاتێک هەست بە تەنیایی دەکەیت درووستکردنی پەیوەندی و دۆزینەوەی یاوەر و هاوڕێ ئەوەندە ئەستەمە؟
بەپێی بەڵگەکان کەسانی تەنیا لایەنگرییەکی نەرێنییان هەیە لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. کەسانی تەنیا خێراتر لە ئەوانەی دیکە ئاماژەکانی ئەگەری ڕەتدرانەوە وەردەگرن! پێیانوایە باشترە خۆیانی لێ لادەن و خۆیان بپارێزن نەکوا دەست بنرێت بە ڕوویانەوە. ئەوانەی هەست بە تەنیایی دەکەن باشترە ئاگاداری ئەم لایەنگرییە بن و بە هەوڵدان بۆ درووستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەسەریدا زاڵ بن.
جیاوازیی نێوان تەنیایی و خەڵوەت چییە؟
خەڵوەت یاخود ئەو ساتانەی بە ویستی خۆت بە تەنیا بەسەریان دەکەیت لە خۆیدا نەرێنی نییە و تەنانەت دەکرێت لە هەندێک لایەنەوە بەسوود بێت و ببێتە هۆی بووژانەوەت. هۆکاری هەڵبژاردنی تەنیاییەکە گرینگە، دەکرێت مەبەست ئاسوودەیی و داهێنان و بیرکردنەوە بێت نەوەک سڵکردنەوە لە خەڵكی دیکە.
بۆ ئەوەی کەمتر هەست بە تەنیایی بکەم دەبێت چی بکەم؟
(جۆن ساسیۆپۆ) مامۆستایەکی زانکۆ لە ئەمەریکا توێژینەوەی لەسەر تەنیایی کردووە و پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هەروەکوو چۆن وردەوردە ڕاهێنان دەستپێ دەکەیت بۆ بەهێزکردنی جەستە بە هەمان شێوە دەتوانیت وردەوردە و بە دەستپێکردن لە هەنگاوی بچووکەوە بەسەر تەنیاییدا زاڵ ببیت و لە بواری عاتیفییەوە خۆت بەهێزتر بکەیت.
تەنیایی و تەندرووستی
هەندێک دەرەنجامی نەخوازراو گرێ دراون بە تەنیاییەوە. سەرەڕای بەسترانییەوە بە نیشانەکانی خەمۆکی و چەشنەکانی دیکەی دەرووننەخۆشییەکان، تەنیایی دەکرێت کاریگەر بێت لەسەر تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو، هەوکردنی جومگە و نەخۆشیی دیکەش. هەروەها بەپێی تویژینەوەکان کەسانی تەنیا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی زەهایمەر دووئەوەندەی کەسانی دیکەیە. تەنیاییی درێژخایەن دەشێت ببێتە هۆی کاردانەوەی نابەجێی فیسیۆلۆژیکی، وەکوو زیادکردنی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێس، ڕێگری لە خەو و لاوازبوونی سیستەمی بەرگری.
دەکرێت تەنیایی بتکوژێت؟
ئەگەرچی تەنیایی بۆخۆی کەس ناکوژێت و وا نییە کە کەسێک لەبەر هەستێکی چڕ بە تەنیایی لەپڕ بمرێت، بەڵام ئەو توێژینەوانەی کە دەریانخستووە کەسانی تەنیا ئەگەری مردن و تووشبوون بە هەندێک نەخۆشییان زۆرترە پاڵپشتێکە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە بەپێی کات تەنیاییی درێژخایەن دەتوانێت بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی ئەگەری مردن.
خەڵکی لە چ تەمەنێکدا تەنیاترن؟
هەستکردن بە تەنیایی و دوورەپەرێزی هەموو تەمەنێک دەگرێتەوە بەڵام ئەوانەی تەمەنی هەرزەکاری و بەساڵاچووان دەشێت زۆرتر تووشی ببن و کاریگەرییان لەسەر دابنێت.
ئایا ئەمڕۆکە لە ئەمریکادا پەتای تەنیایی هەیە؟
لەبەر ئەوەی زۆربەی توێژینەوە زانستییەکان لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکییە و ئێمە ئەم جۆرە توێژینەوانەمان زۆر کەمە، هەر ناچارین وەکوو نموونە سەیری توێژینەوەکان لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکی بکەین. بەهەرحاڵ کەم تا زۆر کۆمەڵگاکانی سەردەمی هاوچەرخ لانیکەم لە هەندێک بواردا کە بۆ نموونە لە ژێر کاریگەریی تەکنۆلۆجیای سەردەمدان، هاوشێوەن و ئیدی توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگایەک دەکرێت بۆ کۆمەڵگاکانی دیکەش بەسوود بێت.
نێزیکەی یەک کەس لە سێ کەس لە ئەمەریکا دەڵێن کە زۆر جار هەست بە تەنیایی دەکەن، بەپێی ڕاپۆرتەکان کەسانی دیکەش هەستی تەنیایی لە ژیانیاندا شتێكی باوە و دەڵێن کە جاروبار هەستی پێ دەکەن. لەبەر زۆربوونی ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە تەنیابوون هەندێک کەس شتەکە بە “پەتا” ناوزەد دەکەن بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئاخۆ تەنیایی خەریکی زیادکردن بێت لە جیلی نوێدا یاخود نا.
