١٣
ماری و تاکاهاشی لە تاریکەشەوی ئەو پارکە چۆڵەدا لەسەر جۆڵانێکانیان دانیشتوون. تاکاهاشی لە لاوە سەیری ڕوومەتی ئەم دەکات. نیگای دەڵێت “تێناگەم.” ئەمە درێژەی وتووێژەکەی پێشووتریانە.
“نایەوێت لە خەو هەڵسێت؟”
ماری هیچ ناڵێت.
ئەویش دەپرسێت “مەبەستت چییە؟”
ماری وەکوو دەستەوەستان مابێتەوە سەیری پێکانی خۆی دەکات و بێدەنگ دەمێنێتەوە. ئامادە نییە بۆ ئەم وتووێژە.
ماری دەڵێت “دەتەوێ کەمەکێ پیاسە کەین؟”
“بێگومان، با پیاسە کەین. پیاسەکردن چاکە بۆ مرۆڤ. لەسەرخۆ پیاسە بکە؛ ئاوی زۆر بخۆرەوە.”
“ئینجا ئەوە واتای چی؟”
“ئەوە درووشمی منە بۆ ژیان. ‘لەسەرخۆ پیاسە بکە؛ ئاوی زۆر بخۆرەوە.’”
ماری سەیری دەکات. درووشمێکی سەیرە. هەڵبەت، بۆچوونێک دەربارەی دەرنابڕێت و پرسیاریشی لەسەر ناکات. لە جۆڵانێکە دێتە خوارەوە و دەست دەکاتە پیاسە. ئەویش بەشوێنیدا. پارکەکە جێ دێڵن و بەرەو شوێنێکی ڕووناک دەکەونە ڕێ.
تاکاهاشی دەپرسێت “ئێستا دەگەڕێیتەوە بۆ سکایلارک؟”
ماری سەری با دەدات. “هەست دەکەم ئەم دانیشتن و کتێبخوێندنەوانە لە ڕێستورانتەکانی تایبەت بۆ خێزانەکان خەریکە وەڕزم بکات.”
تاکاهاشی دەڵێت “پێموا بزانم مەبەستت چییە.”
“پێم خۆشە ئەگەر بکرێ بڕۆمەوە بۆ ئاڵفاڤیل.”
“تا ئەوێ لەگەڵت دێم. نێزیکی ئەو شوێنەیە وا پرۆڤەی تێدا دەکەین.”
“کاورۆ گوتی هەر کات ویستم دەتوانم بڕۆم بۆ ئەوێ، بەڵام نازانم ئاخۆ ئەزیەت نەبێت بۆی.”
تاکاهاشی سەری با دەدات. “زمانپیسە بەڵام هەر شتێک بڵێت بەڕاستییەتی. ئەگەر پێی گوتی هەر کات ویستت بچی، ئیدی کێشە نییە هەر کات ویستت بچی. دەتوانی قسەکانی بە هێند وەر بگریت.”
“باشە.”
“سەرەڕای ئەوەش، لەم کاتەی شەودا ئیشێکیان نییە بیکەن. دڵخۆش دەبێت سەردانی بکەیت.”
“تۆیش دەڕۆیتەوە بۆ پرۆڤەی زۆرتر؟”
تاکاهاشی سەیری کاتژمێرەکەی دەکات. “پێ دەچێت ئەمە دوا شەونخوونی بێت بۆم. هەموو هەوڵی خۆمی بۆ دەخەمە گەڕ.”
دەگەڕێنەوە بۆ ناوەندی دەڤەرەکە. لەدوای ئەم کاتژمێرە، بەئاستەم کەسێک بە شەقامەکەدا بڕوات. چواری بەیانی: ساتی سەرفەراخی لە شارەکەدا. هەموو چەشنە شتێک ڕژاونەتە سەر شەقامەکە: قوتووی ئەلەمنیۆمی بیرە، ڕۆژنامەیەکی پلیشاوەی ئێواران، کارتۆنێکی شڕ، بوتڵی نایلۆن، قنگەجگەرە. وردەشووشەی چرای پشتەوەی ئۆتۆمبێلێک. چەشنە کۆپۆنگەلێکی داشکان و هەم ڕشانەوەش. کتکێکی زل و چڵکن بۆن بە کیسە زبڵێکەوە دەکات، مەبەستیە بەشێک بۆ کتکان دابین بکات بەرلەوەی مشکان هەمووی تێک بدەن یان بەرەبەیان پۆل پۆل قەلەڕەشە شێتەکان بهێنێت. زۆرتر لە نیوەی چرا نیۆنییەکان کوژاونەتەوە، ئەمەش وا دەکات چراکانی دووکانێکی کەلوپەلفرۆشیی شەوانەڕۆژی هەرە زەقتر بێنە بەر چاو. کاغەزی ڕێکلامە و خراونەتە ژێر فڵچەی جامی ئۆتۆمبێلە پارککراوەکانی کەنار شەقامەکە. گیڤەی نەبڕاوەی لۆرییە زەبەلاحەکان لە شاڕێیەکی تەنیشتەوە دەنگ دەداتەوە. ئێستا کە شەقامەکان چۆڵن، باشترین کاتە بۆ شۆفێری لۆرییەکان بۆ بڕینی ڕێگا دوورودرێژەکان. ماری شەپقە ڕێد سۆکسـەکەی خوار کردۆتەوە. دەستی خستووەتە گیرفانی چاکەتی زانکۆکەی. کە شانبەشانی یەک ڕێ دەکەن، جیاوازییەکی زەق لە باڵایاندا دەبینرێت.
تاکاهاشی دەپرسێت “بۆچی شەپقەی ڕێد سۆکسـت لەسەر کردووە؟”
ئەمیش دەڵێت “کەسێک پێی دام.”
“هاندەری یانەی ڕێد سۆکس نیت؟”
“هیچ لە بەیسبۆڵ نازانم.”
ئەویش دەڵێت “منیش زۆر حەزم لە بەیسبۆڵ نییە. زۆرتر هۆگری تۆپی پێم. دەی بەهەرحاڵ، سەبارەت بە خوشکت… پێشتر باسمان دەکرد.”
“ئێ.”
“بەتەواوی تێنەگەیشتم، بەڵام دەتگوت کە ئێری ئاسا نەیدەویست هەڵسێت؟”
ماری سەر بەرز دەکاتەوە و دەڵێت “ببوورە، بەڵام ئاوا بەدەم ڕێکردنەوە نامەوێ باسی ئەوە بکەین. بەجۆرێک بابەتێکی هەستیارە.”
“تێدەگەم.”
“قسەی شتێکی دیکە بکە.”
“وەکوو چی؟”
“هەرچی. باسی خۆت بکە.”
“باسی خۆم؟”
“ئەرێ. باسی خۆتم بۆ بکە.”
تاکاهاشی ساتێک بیر دەکاتەوە.
“ئێستاکەتانێ چ بابەتێکی دڵبزوێنم بە مێشک ناگات.”
“باشە دەی شتێکی دڵتەزێنم بۆ باس بکە.”
ئەویش دەڵێت “حەوت ساڵان بووم کە دایکم مرد. شێرپەنجەی مەمک. زۆر درەنگ پێیان زانی. لە ساتێکەوە کە پێیان زانی تا کاتێک کە مرد، تەنیا سێ مانگی خایاند. هەروا کوتوپڕ. خێرا بڵاو بووەوە؛ کات نەبوو بۆ چارەسەرییەکی کامڵ. هەموو ئەو ماوەیەش باوکم لە زیندان بوو. وەک پێشتر گوتم.”
ماری دیسان سەر بەرز دەکاتەوە و دەڕوانێتە تاکاهاشی.
“حەوت ساڵان بوویت کە دایکت بە شێرپەنجەی مەمک مرد و باوکیشت لە زیندان بوو؟”
“ڕێک.”
“دەی هەر بەتەنیا خۆت بوویت؟”
“وایە. بە تۆمەتی دەستبڕی گیرا و دوو ساڵی بۆ بڕایەوە. پێموا سیستەمێکی هەرەمی و شتی بەڕێوە دەبرد. نەدەکرا حوکمەکەی دوا بخرێت چونکە خەسارەکان زۆر بوون و گیرانی پێشتر لە دۆسییەکەیدا هەبوو؛ هی ئەو کاتانەی کە لە ڕێکخراوەیەکی بزووتنەوەی خوێندکاراندا بوو. گومانیان لێ کردبوو کە یارمەتی بۆ ڕێکخراوەکە کۆ دەکاتەوە، بەلام بەڕاست هیچ تێکەڵییەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو. لە بیرمە جارێک دایکم بردمی بۆ زیندان بیبینم. ساردێکی بەستەڵەک بوو ئەوێ. شەش مانگ پاش بەندکرانی باوکم، دەرکەوت کە دایکم شێرپەنجەی هەیە و دەستبەجێ لە نەخۆشخانە خەوێندرا. ئیدی بووم بە هەتیوێکی کاتی. باوک لە زیندان و دایک لە نەخۆشخانە.
“لەو ماوەیەدا کێ ئاگای لێت بوو؟”
“دواتر زانیم کە بنەماڵەی باوکم پارەیان کۆ کردبووەوە بۆ تێچووی نەخۆشخانەکە و خەرجیی ژیانی من. ساڵانێک بوو باوکم لە بنەماڵەکەی دابڕابوو، بەڵام ئەوان نەیاندەتوانی هەروا لە منداڵێکی حەوت ساڵان گەڕێن بۆ خۆی بژیت، ئیدی دانێ لە پوورەکانم، نابەدڵانە، ڕۆژنەڕۆژێک دەهات و سەردانی دەکردم، خەڵکی گەڕەکەکەش بە نۆرە ئاگایان لێم دەبوو—جلشوتن، شتکڕین، چێشتلێنان.
ئەوسا لە ناوچە کۆنەکەی چینی کرێکاراندا دەژیاین، کە لەوانەیە بۆ من باش بووبێت. لەوێ هێشتا بڕوایان بە (دراوسێتی) ماوە. بەڵام بە کۆی گشتی، پێموا تا ڕادەیەکی زۆر هەر خۆم بووم. ژەمگەلێکی ساکارم بۆ خۆم درووست دەکرد، خۆمم بۆ خوێندنەگە ئامادە دەکرد و ئەمانە. ئەگەرچی، یادەوەرییەکانم لەو بارەیەوە یەکجار کاڵن، وەکوو هەموو ئەو شتانە لە سەردەمێکی دوور و بۆ کەسێکی دی ڕوویان دابێت.
“باوکت کەی گەڕایەوە؟”
“پێموا ڕەنگە سێ مانگێک پاش مەرگی دایکم. بە بەرچاوگرتنی بارودۆخەکە، ئازادییەکی پێش وادەیان بۆی پەسەند کرد. گوتنی ناوێ، کاتێک باوکم گەڕایەوە ماڵ زۆر شاگەشکە بووم. ئیدی هەتیو نەبووم. هەر شتێکی دیکە بووبێت، پیاوێکی گەورە و بەهێز بوو. ئێستا دەکرا ئاسوودە بم. بە چاکەتە خورییەکی کۆنەوە گەڕایەوە. هێشتا زبریی قوماشەکەی و بۆنی تووتنەکەیم لەبیرە.”
تاکاهاشی دەستی لە گیرفانی دەردێنێت و چەند جارێک دەست بە پشتەملیدا دەهێنێت.
“ئەگەرچی دیسان لە لای باوکم بووم، بەڵام لە ناخەوەڕا قەت ئەوەندەش هەستم بە ئاسوودەیی نەدەکرد. نازانم ڕێک چۆنی دەربڕم، بەڵام شتەکان لە ناخمدا قەت ئارامیان نەگرت. هەمیشە وام هەست دەکرد وەکوو، نازانم، وەکوو کەسێک خەریکە دەمخەڵەتێنێت، وەکوو باوکی ڕاستەقینەم بۆ هەمیشە بزر بووبێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، کابرایەکی دیکەیان لە شکڵی ئەودا هەناردبێتە لام. تێدەگەی دەڵێم چی؟”
“تا ڕادەیەک.”
تاکاهاشی پێش ئەوەی درێژە بە چیرۆکەکەی بداتەوە بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبێت.
“دەی بەهەرحاڵ، ئەوسا ئاوا هەستێکم هەبوو: کە باوکم قەت نەدەبا ئەوها بەتەنیا بەجێم بێڵێت، قەتاوقەت. قەت نەدەبا من لەم دونیایەدا هەتیو بخات. گرینگ نییە لەبەر چی، قەت نەدەبوو بڕواتە زیندان. بێگومان، لەو تەمەنەدا، تەنانەت بەتەواوی نەمدەزانی زیندان چییە. مەبەستم، حەوت ساڵان بووم. بەڵام بە جۆرێک ئەو بیرۆکەیەم لێ هەبوو کە شتێکە وەکوو دۆڵابێکی زەبەلاح—تاریک و سامناک و تۆقێنەر. باوکم قەت نەدەبا بڕواتە وەها شوێنێک. ”
تاکاهاشی چیرۆکەکەی ڕادەگرێت. ئینجا لە ماری دەپرسێت “باوکت قەت کەوتووەتە زیندان؟”
سەری با دەدات. “لەوە ناچێت.”
“ئەی دایکت؟”
“لەوە ناچێت.”
“تۆ بەختەوەری. دەبێ دڵخۆش بیت ئەوە قەت بەشێک نەبووە لە ژیانت.” تاکاهاشی بزەیەک دەکات. “چاوەڕێ نیم ئەوە بزانی.”
“قەت بیرم لێ نەکردووەتەوە.”
“زۆربەی خەڵک بیری لێ ناکەنەوە. من بیری لێ دەکەمەوە.”
ماری چاوێک لە تاکاهاشی دەکات.
“دەی، باوکت لەوە بەدوا ئیتر نەکەوتەوە زیندان؟”
“نا، ئیدی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ یاسادا نەبوو. یان ڕەنگیشە بووبێتی. ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە، دەبێت بووبێتی. لەو کەسانە نەبوو کە بتوانێت ڕێگەیەکی ڕێک و ڕاست بگرێتە بەر. بەڵام لانیکەم قەت تێکەڵی شتێک نەبوو ئەوەندە خراپ بێت بینێرێتەوە زیندان. ڕەنگە یەک جاری بۆ بەس بووبێت. لەوانەشە، بە شێوازی خۆی، هەستی بە ئاستێک لە بەرپرسیارێتی کردبێت بەرانبەر بە من و دایکە کۆچکردووەکەم. بەهەرحاڵ، بازرگانێکی بەڕێزی لێ دەرچوو—هەرچەند ڕاستە کە لە بوارێکی بەجۆرێک خۆڵەمێشیدا چالاکی دەکرد. هەندێک بەرز و نزمیی توندی هەبوو—تاوێک پیس دەوڵەمەند بوو و گاوێک بەحاڵ دەگەیشتە بژێوی ژیاندا. وەکوو ئەوە بوو هەموو ڕۆژێک سواری یاریی هێڵی مەرگ بیت. ڕۆژێکیان مێرسیدس-بێنزێکی هەبوو لەگەڵ شۆفێرێک؛ ڕۆژێکی دی نەیدەتوانی پاسکیلێک بۆ من بکڕێت. بە نیوەشەودا و بە دزییەوە لە ماڵێکەوە بارمان دەکرد. قەت لە یەک شوێندا سەقاممان نەدەگرت، ئیدی ناچار بووم دەورووبەر هەر شەش مانگ جارێک قوتابخانە بگۆڕم. دیارە کە قەت نەمدەتوانی هاوڕێیەک بدۆزمەوە. یەکسەر هەر بەم شێوەیە بوو تاکوو ڕۆیشتمە خوێندنی مامناوەندی.”
تاکاهاشی دیسان دەست دەکاتەوە نێو گیرفان چاکەتەکەی و سەری ڕادەوەشێنێت وەکوو بیەوێت یادەوەرییە ڕەشەکان دوور بخاتەوە.
“هەڵبەت، ئێستا زۆر داسەکناوە. ئەو هێزەی لاوانی چل و پەنجاکانی پێیە. وەکوو (میک یاگەر) وا ئێستا بە (ئاغا) بانگی دەکەن—ئەو جیلەیە، هەر لەوێ ماونەتەوە. ئەوەندە لە کردەوەکانی خۆی قووڵ نابێتەوە، بەڵام پەند وەردەگرێت. نازانم ئێستا خەریک چ جۆرە ئیشێک بێت. من ناپرسم و ئەویش نایڵێت. بەڵام هیچ کات پارەی خوێندنەکەم دوا ناخات. جاربەجارێکیش، ئەگەر جەوی هەبێت، کەمەکێ پارەی خەرجیم دەداتێ. هەندێ شت کە نەزانینی باشترە.”
“گوتت باوکت هاوسەرگیری کردووەتەوە؟”
“ئەرێ، چوار ساڵ پاش مردنی دایکم. ئەو پاڵەوانە لێهاتووە نییە کە بەتەنیا خۆی منداڵەکەی بەخێو بکات.”
“منداڵیشی لە ژنە نوێکەی نەبوو؟”
“نا، هەر منم. کە ڕەنگە هەر بۆ ئەوە بووبێت زڕدایکم وەکوو منداڵی خۆی بەخێوی کردم. بۆ ئەوەیان بەڕاست سوپاسگوزارم. کەواتە کێشەکە هەمووی لە خۆمە.”
“چ کێشەیەک؟”
تاکاهاشی بزەیەک دەگرێت و سەیری ماری دەکات. “دەی، دواجار، کە هەتیو کەوتی، تا ئەو ڕۆژەی دەمری هەر هەتیوی. بەردەوام هەر هەمان خەون دەبینم. دیسانەوە حەوت ساڵانم و هەتیو. تەنیای تەنیا، هیچ گەورەیەکیش لەوێ نییە ئاگای لێم بێت. دەمەو ئێوارەیە، ڕووناکی بار دەکات و شەو خۆی دەسەپێنێت. هەمیشە هەر وایە. لە خەونەکەدا هەمیشە دەگەڕێمەوە بۆ حەوت ساڵی. وەکوو نەرمامێرەکان کە چیتر ناتوانیت گۆڕانکارییان تێدا بکەیت کاتێک تووشی ڤایرۆس دەبن.”
ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە.
تاکاهاشی دەلێت “زۆربەی کات هەوڵ دەدەم بیر لەم شتانە نەکەمەوە. بیرکردنەوە لێ چ سوودێکی نییە. دەبێت هەر لە ئەمڕۆدا بژیت.”
“زۆر پیاسە بکە؛ لەسەرخۆ ئاو بخۆرەوە.”
دەڵێت “وا نەبوو. لەسەرخۆ پیاسە بکە؛ ئاوی زۆر بخۆرەوە.”
“من دەڵێم هەردووکیان یەک لە یەک باشترن.”
تاکاهاشی قووڵ بیری لێ دەکاتەوە. دەلێت “همم. ڕەنگە وا بێت.”
ئەمە کۆتایی بە وتووێژەکەیان دێنێت. بێدەنگ درێژە بە ڕێگا دەدەن. هەناسەی سپی دەردەدەن، لە پێپلیکانە تاریکەکەوە سەردەکەون و لە بەرامبەر هۆتێل ئاڵفاڤیلەوە سەر دەردێنن. ئێستا چرا نیۆنییە ئەرخەوانییە بێڕۆحەکانی، بۆ ماری ئاشنا و خۆیی دێنە بەرچاو.
تاکاهاشی لەبەر دەرکەکەدا دەوەستێت و بە نیگایەکی سارد و سڕەوە چاو دەبڕێتە ماری.
دەڵێت “با دانی پێدا بنێم.”
“چی؟”
“منیش ڕێک بیر لەو شتە دەکەمەوە کە تۆ لە بیریدایت. بەڵام ئەمڕۆ ناکرێت. جلی ژێرەوەی خاوێنم لەبەر نییە.”
ماری بە وەڕزییەکەوە سەرێک تەکان دەدات. “تکایە واز لە گاڵتەی بێمانا بێنە. بێتاقەتم دەکات.”
تاکاهاشی پێدەکەنێت. “کاتژمێر شەش دێمەوە بۆ لات. ئەگەر حەزت کرد دەتوانین پێکەوە بەرچایی بکەین. چێشتخانەیەک لەم نێزیکانە دەناسم ئۆملێتێکی چاک درووست دەکەن—نەرم و داخ. ئۆهـ، پێتوایە ئۆملێت وەکوو خواردنێک کێشە و شتی هەبێت؟ وەکوو، ئەندازیاریی جەنەتیک یان تاوانی سیستەماتیکی دژی ئاژەڵان یان گەندەڵیی ڕامیاری؟”
ماری بڕێک بیر دەکاتەوە. “بۆ بەشی ڕامیارییەکەی نازانم، بەلام ئەگەر کێشەیەک لە مریشکدا هەبێت، پێموا دەبێ کێشەیەک لە هێلکەشدا هەبێت.”
تاکاهاشی ناوچاو دەترشێنێت، ئاخێک هەڵدەکێشێت و دەڵێت “ئەیهەی. چما حەزم لە هەر شتێک بێت کێشەیەکی هەیە.”
“خۆ منیش حەزم لە ئۆملێتە.”
تاکاهاشی دەڵێت “دەی باشە، با خاڵێکی ڕێککەوتن بدۆزینەوە. بەڵێن بێت—ئۆملێتەکانی بێوێنەیە.”
دەستێکی بۆ تەکان دەدات و بەرەو شوێنی پرۆڤەکردنەکە دەکەوێتە ڕێ. ماری شەپقەکەی ڕێک دەکاتەوە و دەچێتە نێو هۆتێلەکە.
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.