٩
ژوورەوەی سکایلارک. مشتەرییەکان کەمترن لە جاران. گرووپی خوێندکارە جەنجاڵەکان نەماون. ماری لەپاڵ پەنجەرەکەدا دانیشتووە، دیسان خەریکی خوێندنەوەیە. چاویلکەکەی لە چاو نییە. کڵاوەکەی لەسەر مێزەکەدایە. جانتا و چاکەتەکەی زانکۆی لەسەر ئەو کورسییەکەدان. مێزەکە قاپێک لەفەی بچووک بچووکی چوارگۆش و کوپێک چای لەسەردایە. لەفەکان کەل کراون.
تاکاهاشی دێتە ژوورەوە. هیچی بە دەستەوە نییە. بە دەوروبەردا دەڕوانێت، ماری دەبینێت و یەکسەر بەرەو مێزەکەی ئەو دەچێت.
“سڵاو، چۆنی؟”
ماری سەر بەرز دەکاتەوە، دەبینێت کە تاکاهاشییە و سەرێکی بۆ دەلەقێنێت. هیچ ناڵێت.
دەپرسێت “ئاساییە لە لات دانیشم؟”
دەڵێت “کێشە نییە.” دەنگی بێباکییەکی تێدایە.
ئەویش بەرامبەری دادەنیشێت. پاڵتۆکەی دادەکەنێت و قۆڵەکانی بلووزەکەی هەڵدەکێشێتە سەرەوە. گارسۆنەکە دێت و داواکەی وەردەگرێت: قاوە.
تاکاهاشی دەڕوانێتە کاتژمێرەکەی. “سێی نیوەشەو. ئێستا تاریکترین کاتی شەوە—هەروەها قورسترینی. خەوت نایە؟”
“نە زۆر.”
“دوێنێشەو زۆر نەخەوتم. ڕاپۆرتێکی قورسم هەبوو بینووسم.”
ماری هیچ ناڵێت.
“کاورۆ پێی گوتم لەوانەیە لێرە بی.”
ماری سەر دەلەقێنێت.
تاکاهاشی دەڵێت “ببورە کە تووشم کردی. کچە چینییەکە دەڵێم. خەریکی پرۆڤە بووم و کاورۆ پەیوەندی بە مۆبایلەکەمەوە کرد و لێی پرسیم ئاخۆ کەسێک دەناسم چینی بزانێت. خۆ هیچ یەک لە ئێمە چینیمان نەدەزانی، بەڵام دواتر بیری تۆ کەوتمەوە. پێم گوت دەتوانێ کچێک بە ناوی ماری ئاسا لە دەنیزدا بدۆزێتەوە، ئەوەی کە شێوەت چۆنە و چینییەکی ڕەوان دەزانیت. هیوادارم زۆر ئەزیەت نەبووبێت.”
ماری دەست دێنێت بەو جێشوێنانەدا کە چاویلکەکەی لەسەر پێستی دایناون. “نا، بێخەم بە.”
“کاورۆ دەڵێ بێئەندازە یارمەتیدەر بووی. تەواو دڵخۆش بوو. پێموا خۆشی دەوێی.”
ماری باسەکە دەگۆڕێت. “پرۆڤە تەواو بوو؟”
تاکاهاشی دەڵێت “پشوویەک دەدەم. ویستم بە هەندێ قاوەی داخ خەوکەم بڕەوێنمەوە و سوپاسێکی تۆش بکەم. لە پێبڕینەکە دەترسام.”
“پێبڕینی چی؟”
دەڵێت “نازانم، وا تێگەیشتم دەبێ ئەو ئیشەی پێ بڕیبێتی کە خەریکی بووی.”
ماری دەپرسێت “لە عەزفکردن چێژ دەبینی؟”
“ئا. دووهەم-باشترین شتە لەپاش فڕین بە ئاسماندا.”
“ئەک؟ بە ئاسماندا هەڵفڕیوی؟”
تاکاهاشی بزەیەک دەگرێت. ئێستێک دەکات و بزەکەش ڕادەگرێت. دەڵێت “هەر خۆم، نا. بەس مەجازێکی دەربڕینە.”
بە تەمای ببیت بە مۆسیقارێکی پرۆفیشناڵ؟”
سەری با دەدات. “ئەوەندە بلیمەت نیم. عاشقی ژەندنم بەڵام قەت بەوە بژێوی ژیانێکم بۆ دابین ناکرێت. جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان باش ژەندن و ژەندنێکی تەواو داهێنەرانەدا. پێموایە لە ئامێرەکەی خۆمدا زۆر باش بم. خەڵکی دەڵێن حەزیان لە ژەندنەکەمە، منیش لە بیستنی ئەوە کەیفخۆش دەبم، بەڵام ئەوە ئەوپەڕێتی. لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە تیپەکە دێمە دەرەوە و یەکسەر پەیوەندیم لەگەڵ مۆسیقادا دەپچڕێنم.”
“مەبەستت چییە، (ژەندنی تەواو داهێنەرانە)؟ دەکرێ نموونەیەکی بەرهەستم بۆ بهێنیتەوە؟”
“همم، با بڵێین… مۆسیقاکە ئەوەندە قووڵ دەخەیتە ناختەوە بەجۆرێک کە وا بکات لەشت جۆرە گۆڕانێکی جەستەیی ئەزموون بکات و هاوکات لەشی گوێگرەکانیش هەمان جۆرە گۆڕانی جەستەیی ئەزموون بکەن. ئەو چەشنە دۆخە هاوبەشە دەخولقێنێت. لەوانەیە.”
“ئەستەم دیارە.”
تاکاهاشی دەلێت “ئەستەمە، بۆیە دەسبەرداری دەبم. لەم وێستگەکەدا شەمەندەفەر دەگۆڕم.”
“ئیدی تەنانەت دەست بە ئامێرەکەشتەوە نادەی؟”
لەپی دەستەکانی لەسەر مێزەکەدا هەڵدەگەڕێنێتەوە. “لەوانەیە نا.”
“دەچییە سەر کار؟”
تاکاهاشی دیسان سەری با دەدات. “نا، بە تەما نیم وا بکەم.”
پاش ئێستێک ماری دەپرسێت “دەی بە تەمای چی بکەیت؟”
“بەچڕی یاسا بخوێنم. تاقیکردنەوەی نەتەوەییی پارێزەری بکەم.”
ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە، بەڵام چما کونجکۆڵییەکەی ورووژابێت.
دەڵێت “پێموا، دەمێک بخایەنێت. لەڕاستیدا، یەکسەر لە ئامادەیی-یاسادا خوێندوومە، بەڵام تیپەکە تاکە شتێکە هەمیشە بیرم لێ کردبێتەوە.
بەس وەکوو بابەتێکی ئاسایی یاسام خوێندووە. ئێستا تەنانەت ئەگەر ڕایشم بگۆڕم و دەست بکەم بە خوێندنێکی چڕ، پێداڕاگەیشتنی ئاسان نابێت. ژیان ئەوەندەش ساکار نییە.”
کچە گارسۆنەکە قاوەکەی بۆ دێنێت. تاکاهاشی کرێمی تێ دەکات، بە کەوچکەکەی دەیشێوێنێت و لێی دەخواتەوە.
پاشان دەڵێت “لێت ناشارمەوە، ئەمە یەکەم جارە لە ژیانمدا ویستبێتم بە جدییەتەوە لە بوارێکدا بخوێنم. قەت دەرەجەکانم خراپ نەبوون. زۆریش باش نەبوون، بەڵام خراپیش نەبوون. لە کاتی پێویستدا هەمیشە دەمتوانی لە ناوەڕۆکی شتەکان تێبگەم، ئیدی هەمیشە دەمتوانی لە دەرەجەکاندا سەرکەوم. لەوەدا باشم. کە هەر بۆیە توانیم بچمە خوێندنگەیەکی هەرە باشەوە، ئەگەریش بەردەوام بم لەسەر ئەو شتەی ئێستا دەیکەم، لەوانەیە بتوانم لە کۆمپانیایەکی هەرە باشدا ئیشێک دەست بخەم. ئیدی ئەوسا لەوانەیە هاوسەرگیرییەکی هەرە باش ئەنجام بدەم و ماڵێکی هەرە باشم هەبێت… دەزانی؟ بەڵام ئێستا وەڕزم لە هەمووی. لەناکاو.”
“بۆچی؟”
“بۆچی لەپڕ کەوتمە بیر ئەوەی کە دەمەوێ بەجدی بخوێنم؟”
“ئەرێ.”
تاکاهاشی بە دوو دەست کوپی قاوەکەی ڕاگرتووە، چاو ورد دەکاتەوە و وەکوو لە درزی پەنجەرەیەکەوە بڕوانێتە نێو ژوورێکەوە، سەیری ماری دەکات. “دەپرسیت چونکە بەڕاست وەڵامێکت دەوێت؟”
“بێگومان. مەگەر پرسیارکردنی خەڵک بۆ وەرگرتنی وەڵام نییە؟
“لەڕووی لۆجیکەوە بەڵێ. بەڵام هەندێ کەس بەس بۆ ئەدەبڕاگرتنە کە پرسیار دەکەن.”
“نازانم. من بۆچی دەبێت پرسیار لە تۆ بکەم بەس بۆ ئەوەی ئەدەبم ڕاگرتبێت؟”
“خۆ، ڕاستە.” تاکاهاشی ئێستێک بیری لێ دەکاتەوە و بە تەقەیەکی کپەوە کوپەکەی دەنێتەوە سەر ژێرپیاڵەکە. “باشە. بەدرێژی دەتەوێت باسی بکەم یان بەکورتی؟”
“مامناوەندی.”
“تەواوە. وەڵامێکی قەبارە-مامناوەندی ئامادەیە.”
تاکاهاشی بۆ ساتێک دەوەستێت فکرەکانی ڕێک بخات.
“ئەمساڵ لە بانەمەڕەوە تا پووشپەڕ لە چەند دادگاییەکدا ئامادە بووم. لە دادگای ناوچەی تۆکیۆ لە کاسومیگاساکی. ئیشێک بوو بۆ سیمینارێک: دانیشتن لە ژمارەیک دادگاییدا و نووسینی ڕاپۆرتێک. ئاهـ… تا ئێستا ڕۆیشتووی بۆ دادگاییەک؟”
ماری سەری با دەدات.
تاکاهاشی دەڵێت “دادگا وەکوو هۆڵی سینەمایە. تەختەیەکی گەورەیان لە نێزیک شوێنی چوونەژوورەوەدا داناوە کە لەوێ وەکوو خشتەیەکی پرۆگرامەکان، هەموو دادگاییەکان و کاتی دەستپێکردنیانیان لیست کردووە، تۆیش یەکێکیان کە پێ دەچێت بۆت سەرنجڕاکێش بێت هەڵدەبژێریت و دەچیت و لەوێ وەکوو سەیرکەرێک دادەنیشیت. هەمووان بۆیان هەیە بێنە ژوورەوە. بەس بۆت نییە کامێرا یان دەنگتۆمارکەر لەگەڵ خۆت بێنیتە ژوورەوە. یان خواردن. هەروەها ئیزنت نییە قسە بکەیت. ئینجا کورسییەکانیش تەنگەبەرن و ئەگەریش خەو بتباتەوە زێرەڤانەکە دێت بۆت. بەڵام گلەیی هەڵناگرێت: چوونەژوورەوە بە خۆڕاییە.”
تاکاهاشی پێش درێژەپێدان ئێستێک دەکات.
“زۆرتر لە دادگای تاوانکاریدا ئامادە دەبووم—لێدان و ئازاری جەستەیی، ئاگربەردان، دزی و پیاوکوژی. ئەو خراپەکارانەی کە شتی خراپیان دەکرد و دەگیران و دادگایی دەکران و سزا دەدران. ئەوانە تێگەیشتن لێیان ئاسانە، نا؟ لەو تاوانانەی هاندەری ئابووری یان ئایدۆلۆجییان هەیە، دەبێ پێشینەکەی بزانی و شتەکان دەکرێ ئاڵۆز ببن. جیاکردنەوەی چاکە لە خراپە ئەستەم دەبێت. من تەنیا دەمویست وتارەکەم بنووسم، دەرەجەیەکی تا ڕادەیەک باش وەرگرم و هەر ئەوەندە. وەکوو ئەرکی ماڵەوەی هاوینانی منداڵانی قوتابخانەی سەرەتایی: نووسینەوەی ڕۆژبەڕۆژی دۆخی گەلاوێژێک.”
لێرەدا تاکاهاشی لە قسەکردن دەبێتەوە. هەر دوو دەستی لەسەر مێزەکەدان. دەڕوانێتە لەپی دەستی.
“پاش ئەوەی بۆ چەند جارێک لە دادگاکاندا ئامادە بووم و بینەری چەند کەیسێک بووم، مەراقێکی سەیرم تێدا درووست بوو بۆ دیتنی ئەو ڕووداوانەی کە
حوکمیان لەسەر دەدرا و ئەو خەڵکانەی کە تێکەڵی ئەو ڕووداوانە بوون. ڕەنگە دەبێت بڵێم خۆم لە دۆخێکدا دەبینییەوە کە توانام بۆ دیتنی ئەم شتانە وەکوو کێشەی کەسانێکی دیکە بەردەوام دادەبەزی. هەستێکی یەکجار نامۆ بوو. مەبەستم، ئەوانەی دادگایی دەکرێن بە هیچ جۆرێک لە من ناچن: چەشنێکی جیاوازی ئادەمیزادن. لە جیهانێکی دیکەدا دەژین، بیرگەلێکی دیکە بیر دەکەنەوە و کردارەکانیشیان هیچی لە هی من ناچێت. لەنێوان ئەو جیهانەی ئەوان تێیدا دەژین و ئەو جیهانەی منی تێدا دەژیم دیوارێکی بەرز و ئەستوورە. لانیکەم سەرەتا وام دەبینی. مەبەستم ئەوەیە، من قەت تاوانی وا وەحشییانەم لێ ناوەشێتەوە. من ئاشتیخوازم، کەسێکی دڵنەرمم، هەر لە منداڵیمەوە تا ئێستا قەت دەستم بە کەسەوە نەداوە. بۆیە دەمتوانی وەکوو بینەرێکی ڕەها لە سەرەوەڕا سەیری دادگاییەک بکەم.”
تاکاهاشی سەر بەرز دەکاتەوە و سەیری ماری دەکات. پاشان بە سەرنجەوە وشەکانی هەڵدەبژێرێت.
“کە لە دادگادا دادەنیشتم و گوێم لە شایەتیدانی شایەتەکان و وتاری دادوەرەکان و مشتومڕی پارێزەران و قسەی تۆمەتباران دەگرت، دڵنیاییم لە خۆم هەرە زۆر کەم دەبووەوە. بە واتایەکی دیکە، ئاوەها ڕوانینێکم تێدا درووست بوو: کە لە ڕاستیدا هیچ شتێک وەکوو دیوارێک نەبوو جیهانی ئەوان لە هی من جیا بکاتەوە. یان ئەگەر وەها دیوارێکیش هەبووبێت، لەوانەیە دیوارێکی خوێڕی بووبێت و لە کارتۆن درووست کرابێت. هەر کە پاڵم پێوە دا، دەشێت بەنێویدا بکەومە ئەوبەرەوە. یان ڕەنگیشە لایەنی ئەوبەرەوە هەر ئێستاکە ڕێگای خۆی لە ناخی ئێمەدا کردبێتەوە و بەس هێشتا پێمان نەزانیبێت. ئاوا هەستێکم تێدا درووست بوو. باسکردنی زەحمەتە.”
تاکاهاشی قامکی بە دەور لێوارەی کوپی قاوەکەیدا دەگێڕێت.
“ئیدی لە کاتێکەوە دەستم بەم چەشنە بیرکردنەوانە کرد، هەموو شتێک لە بەرچاوم جیاواز دەینواند. لە چاوی منەوە، ئەم سیستەمەی کە دەمبینی، ئەم (دادگاییکردنە) خۆیشی، خەریک بوو ڕواڵەتی چەشنە بوونەروەرێکی تایبەت و سەیری دەگرتە خۆی.”
“بوونەوەری سەیر؟”
“وەکوو، با بڵێین، هەشتپێیەک. هەشتپێیەکی زەبەلاح کە لە قووڵاییەکی هەرە زۆر لە بنی ئەقیانووسدا دەژیت. وزەیەکی بێئەندازە بەهێز بۆ ژیان و بڕێک لینگی درێژ و نەرمۆڵەی هەیە و بەنێو تاریکاییی ئەقیانووسەکەدا بەرەو شوێنێک دەڕوات. لەوێ دانیشتووم و گوێ لەم دادگاییانە دەگرم و تاکە شتێک
لەنێو سەرمدا بیبینم ئەم بوونەوەرەیە. هەموو چەشنە شکڵێکی جۆراوجۆر دەگرێتە خۆی—هەندێ جار (وڵاتە) و هەندێ جار (یاسا) و هەندێ جاریش شکڵگەلێک دەگرێتە خۆی کە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و مەترسیدارترن. دەتوانی هەوڵی قرتاندنی قاچەکانی بدەیت بەڵام دیسان شین دەبنەوە. کەس ناتوانێت بیکوژێت. زۆر بەهێزە و لە بنی هەرە قووڵی ئەقیانووسدا دەژیت. کەس نازانێت دڵی لە کوێدایە. ئەو شتەی کە ئەوسا هەستم پێ دەکرد ترسێکی قووڵ بوو. لەگەڵ چەشنێک بێهیوایی، هەستێک کە هەرچەندەش دوور بڕۆم قەت ناتوانم لەم شتە هەڵبێم. ئینجا ئەم بوونەوەرە، ئەم شتە هیچ بە لایەوە گرینگ نییە کە من منم یان تۆ تۆی. لە بەردەم ئەودا، هەموو ئادەمیزادەکان ناو و دەموچاویان دەدۆڕێنن. هەر هەموومان دەبین بە هێما، دەبین بە ژمارە.”
چاوانی ماری لەسەر چاوانی ئەو قفڵ بووە.
تاکاهاشی قومێک لە قاوەکەی دەدات. “ئێستاکە نەختێک زۆر وەڕزکەر نیم؟”
ماری دەلێت “کێشە نییە، گوێ دەگرم.”
تاکاهاشی کوپەکە دەنێتەوە نێو ژێرپیاڵەکەی. “دوو ساڵ لەمەوبەر، کەیسێکی ئاگربەردان و پیاوکوژی لە تاچیکاوا هەبوو. زەلامێک بە تەور ژن و مێردێکی بەساڵاچووی کوشتبوو، دەفتەرە بانکییەکەیانی بردبوو و ئاگریشی لە خانووەکەیان بەردابوو با ئاسەوارێک نەمێنێت. شەوێکی ڕەشەبا بوو و چوار ماڵ یەکسەر بوون بە خەڵووز. زەلامەکە سزای مەرگی بەسەردا سەپا. لە نموونە یاسای ئێستای ژاپۆندا، بۆ وەها دۆسییەیەک ئەوە بەجێترین سزا بوو. هەر کات دوو کەس یان زۆرتر بکوژیت، سزای مەرگ مسۆگەر دەبێت. سێدارە. ئەم زەلامە تاوانباری ئاگربەردانیش بوو. جا زۆریش بێشەرەف بوو. سەد جار بەند کرابوو، زۆربەشی لەبەر شتێکی توندوتیژانە. ساڵانێک لەوەوبەر بنەماڵەکەی دەستیان لێ داشۆردبوو. ئالوودە بە مادەی هۆشبەر بوو و هەر کات لە زیندان بەریان بدایە، تاوانێکی دیکەی دەکرد. لەم دۆسیەیەدا، تۆزێکیش چییە پەشیمانیی دەرنەخست. بێگومان هەر داواکارییەکی تێهەڵچوونەوەش ڕەت دەکرایەوە. پارێزەرەکەی، پارێزەرێکی گشتی، هەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە دەیدۆڕێنێت. ئیدی جێگای سەرسووڕمان نەبوو کاتێک سزای مەرگیان وەرگرت، لە ڕاستیدا کەسیش سەری نەسووڕما. لەوێ دانیشتم و گوێم لە دادوەرەکە دەگرت کە بڕیاری دادگای دەخوێندەوە، یاداشتم دەنووسی و بیرم لەوە دەکردەوە کە چەندە ئاسایی بوو. پاش دادگاییەکە بە میترۆ لە کاسومیگاساکییەوە ڕۆیشتمەوە بۆ ماڵ، لە پشت مێزەکەمدا دانیشتم و دەستم کرد بە ڕێکخستنی نووسراوەکانم کە لەپڕ هەستم بە بێهیواییەکی پەتی کرد. نازانم چۆنی بڵێم: وەکوو ئەوە بوو پەستانی کارەبای هەموو جیهان داتەپیبێت.
هەموو شتێک پلەیەک تاریکتر داهات، پلەیەک ساردتر. سووکە تەزووگەلێک بە لەشمدا تێدەپەڕین و نەمدەتوانی بەر بە لەرزینم بگرم. هەرزوو تەنانەت هەستم بە تەڕبوونی چاوانم کرد. بۆچی دەبێ وا بێت؟ ناتوانم ڕاڤەی بکەم. بۆچی دەبا من ئەوها تێک بچم بەس چونکە ئەو کابرایە سزای مەرگی پێ دراوە؟ واتە، پیسوپۆخڵێکی تەواو بوو، بەدەر لە هەر چەشنە هیوایەک بۆ پاکبوونەوە. لەنێوان من و ئەودا، ناشێت هیچ شتێکی هاوبەش هەبووبێت، هیچ پەیوەندییەک. کەچی من ئەم پەشۆکانە قووڵەم هەبوو. بۆ دەبا وا بێت؟”
پرسیارەکەی هەر بوو بەوە—پرسیارێک، بۆ ماوەی سی چرکەی ڕەبەق لە هەوای نێوانیاندا هەروا مایەوە. ماری چاوەڕێیە تاکوو لەسەر چیرۆکەکەی بڕوات.
تاکاهاشی بەردەوام دەبێت: “ئەو شتەی دەمەوێت بیڵێم لەوانەیە شتێکی ئاوا بێت: تاکبەتاکی ئادەمیزادەکان، ئێستا هەر چەشنە کەسێک بێت، چ ژن چ پیاو، هەموو لەنێو باسکەکانی ئەم ئاژەڵە، ئەم هەشتپێیە زەبەلاحەدا گیریان خواردووە و بۆ نێو تاریکی هەڵیاندەمژێت. دەتوانی چیرۆکەکە بە هەر بارێکدا کە حەز بکەی بگۆڕی، بەڵام دواجار هەر دەگەیتەوە بە هەمان دیمەنی ئازاربەخش.”
ئەبڵەق دەبێتە بۆشاییی سەرەوەی مێزەکە و ئاخێکی درێژ هەڵدەکێشێت.
“بەهەرحاڵ، ئەو ڕۆژە بۆ من خاڵێکی وەرچەرخان بوو. پاش ئەوە بڕیارم دا زۆر بە جیدی یاسا بخوێنم. هەستم کرد ئەوە ئەو شوێنەیە ڕەنگە ئەو شتانەی دەمویستن بدۆزمەوە. خوێندنی یاسا بەقەد سازکردنی مۆسیقا خۆش نییە، بەڵام بە جەهەنەم، ژیانە ئیدی. گەورەبوون هەر واتە ئەمە.”
بێدەنگی.
“ئینجا ئەمە وەڵامە قەبارە-مامناوەندییەکەتە؟”
تاکاهاشی سەر دەلەقێنێت. “پێموا نەختێک درێژ بوو. پێشتر قەت ئەمەم بۆ کەس باس نەکردووە، ئیدی پێواندنی قەبارەکەی بۆم زەحمەت بوو… ئەرێ ئەو لەفە بچووکانەی لەنێو قاپەکەتدان: ئەگەر بە تەما نیت بیانخۆی، دەکرێ دەنکێکیان هەڵبگرم؟”
“هەرچێک ماوەتەوە ماسیی تونەیە.”
“کێشە نییە. حەزم لە ماسیی تونەیە. تۆ حەزت لێ نییە؟”
“نا، حەزم لێیە، بەڵام ئەگەر ماسی تونە بخۆی جیوە لە جەستەتدا کۆ دەبێتەوە.”
“حای؟”
“ئەگەر جیوە لە جەستەتدا هەبێت، ئەگەری هەیە لە چل ساڵاندا دەست بکەیت بە جەڵتەلێدان. هەروەها قژت دەست بکات بە وەرین.”
تاکاهاشی گرژ دەدات. “واتە ناتوانی مریشک بخۆیت و ناشتوانی تونە بخۆیت؟”
ماری سەر دەلەقێنێت.
“جا هەردووکیشیان لە چێشتە دڵخوازەکانمن.”
“مخابن.”
“زەڵاتەی پەتاتەشم زۆر پێ خۆشە. مەڵێ زەڵاتەی پەتاتەش کێشەیەکی هەیە…؟”
ماری دەڵیت “نا، پێموا نییە. ئەوە نەبێ ئەگەر زۆر بخۆیت قەڵەوت دەکات.”
تاکاهاشی دەڵێت “ئەوە کێشە نییە. ئێستاکە زۆر لەڕم.”
تاکاهاشی لەفەیەکی تونە هەڵدەگرێت و بە تام و چێژێکی زۆرەوە دەیخوات.
ماری دەپرسێت “دەی بەهەرحاڵ، بە تەمای هەر خوێندکار بمێنیتەوە تاکوو لە تاقیکردنەوەی یاسا دەردەچیت؟”
“ئەرێ وابزانم. لەوانەیە بۆ ماوەیەک بە ئیشی جۆراوجۆر کردنەوە بیگوزەرێنم.”
ماری بیر لە شتێک دەکاتەوە.
تاکاهاشی لێی دەپرسێت “(چێرۆکی ئەڤین)ـت بینیوە؟ فلیمێکی کۆنە.”
ماری سەر بادەدات.
“چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تەلەفیزیۆن بڵاویان کردەوە. فلیمێکی زۆر باشە. ڕایەن ئۆنیل تاقانە کوڕی بنەماڵەیەکی ئەسڵ-دەوڵەمەندە، بەڵام لە کۆلێجدا لەگەڵ کچی بنەماڵەیەکی هەژاری ئیتاڵی هاوسەرگیری دەکات و بنەماڵەکەی حاشای لێ دەکەن. تەنانەت ئیدی پارەی خوێندنەکەشی نادەن. هەردووکیان دەست بە خەرجییەکانیانەوە دەگرن و لەسەر خوێندن بەردەوام دەبن تاکوو کوڕەکە بە باشترین دەرەجەوە لە قوتابخانەی یاسای هارڤارد دەردەچێت و لە دەزگایەکی گەورەی یاسادا وەردەگیرێت.”
تاکاهاشی بۆ ئێستێک پشوویەک دەدات. پاشان بەردەوام دەبێتەوە:
“بەو شێوازەی ڕایەن ئۆنیل، ژیانێکی هەژارانە دەکرێت بەجۆرێک دڵڕفێن بێت — لەبەرکردنی بلووزێکی ئەستووری سپی، شەڕەتۆپەڵ لەگەڵ ئالی ماکگراو، بڵاوبوونەوەی مۆسیقا بەسۆزەکەی (فرانسیس لای) لە پاشخاندا. بەڵام شتێک پێم دەڵێت کە ئەوە لە من نایەتەوە. هەژاری بۆ من، بەس هەژارییەکی پەتی دەبێت. من لەوانەیە تەنانەت ئەو بەفرە کەڵەکەبووەشم بەر نەکەوتبایە.”
ماری هێشتا بیر لە شتێک دەکاتەوە.
تاکاهاشی بەردەوام دەبێت: “ئیدی پاش ئەوەی ڕایەن ئۆنیل بڕست لە خۆی دەبڕێت تا دەبێتە پارێزەر، هیچ پیشانی بینەر نادەن کە چ چەشنە ئیشێک دەکات. هەر ئەوەندەی لێ دەزانین کە بەشداری دەزگایەکی ئاستبەرزی یاسا دەبێت و وەها مووچەیەک وەردەگرێت کە وا بکات هەموو کەسێک ئێرەیی پێ بەرێت. لە تاوەرێکی فرە-قاتی خەیاڵیی مەنهاتان، کە دەرگاوانێکی لە پێشەوەیدا هەیە، دەژیت. بەشداری یانەیەکی وەرزشی دەبێت و لەگەڵ هاوڕێیە پارەدارەکانیدا یاریی سکواش دەکات. هەر ئەوەندەی لێ دەزانین.”
تاکاهاشی ئاوەکەی دەخواتەوە.
ماری دەپرسێت “دەی پاش ئەوە چی دەبێت؟”
تاکاهاشی چاو هەڵدێنێت، پلۆتەکە وەبیر دێنێتەوە. “کۆتاییەکی خۆش. هەردووکیان بۆ هەمیشە بە خۆشییەوە دەژین. خۆشەویستی سەردەکەوێت. وەکوو: جاران بەدبەخت بووین، بەلام ئیستا هەموو شتێک زۆر باشە. جاگوارێکی نوێ و چاوڕفێن لێدەخوڕن، ڕایەن یاریی سکواش دەکات و زستانان هەندێجار پێکەوە شەڕەتۆپەڵ دەکەن. لەم ماوەیەدا، باوکەکە کە حاشای لە ڕایەن ئۆنیل کردبوو تووشی شەکرە و سیرۆسیسی جەرگ و نەخۆشیی مەنێیر دەبێت و مەرگێکی تەنیا و دڵتەزێن دەمرێت.”
“تێناگەم. باشیی چیرۆکێکی وەها لە چیدایە؟”
تاکاهاشی سەری لار دەکاتەوە. “همم، خۆشم لە چ شتێکی هاتبوو؟ بیرم نایە. ئیشم هەبوو ئیدی زۆر ورد نەبوومەوە لەسەر بەشە کۆتاییەکەی… ئەرێ، پیاسەیەکت پێ چۆنە؟ نەختێک جەوگۆڕین؟ پارکێکی بچکۆلانە لە خوار شەقامەکەدایە کە پشیلەکان تێیدا کۆ دەبنەوە. دەتوانین پاشماوەی لەفە تونە-جیوەکانی تۆ بدەین بیخۆن. منیش کێک-ماسییەکم پێیە. تۆ پشیلەکانت خۆش دەوێ؟”
ماری سەر دەلەقێنێت، کتێبەکەی دەنێتە نێو جانتاکەی و هەڵدەستێت.
تاکاهاشی و ماری بە شەقامەکەدا دەڕۆن. ئێستا قسە ناکەن. تاکاهاشی فیکە دەکێشێت. ماتۆڕسکیلێکی ڕەشی هۆندا لە نێزیکیانەوە تێدەپەڕێت، لە خێراییەکەی کەم دەکاتەوە. هەر ئەو ماتۆڕسکیلەیە وا پیاوە چینییەکە لێ دەخوڕی، ئەوەی هاتە شوێن ژنەکە لە ئاڵفاڤیل—پیاوە قژ کلکەئەسپێەکە. ئێستا کڵاوە سەرپارێزە تەواو–ڕوومەتەکەی لەسەر نییە و بە سەرنجێکی چڕەوە دەورووبەری دەپشکنێت. لەنێوان ئەو و ئەماندا هیچ پەیوەندییەک ڕوو نادات. گرمەی نەرمی بزوێنەرەکە نێزیکیان دەبێتەوە و تێدەپەڕێت.
ماری لە تاکاهاشی دەپرسێت “تۆ و کاورۆ چۆن بوو یەکتان ناسی؟”
“ئەمە دەورووبەر شەش مانگێکە لەو هۆتێلەدا ئیشی جۆراوجۆر دەکەم. ئاڵفاڤیل. چەپەڵکاری—شوتنی عەرز و ئەمانە. هەندێک ئیشی کۆمپیوتەریش—دامەزراندنی نەرمامێر، چارەکردنی هەڵەکان. تەنانەت دەستکاریی کامێرای چاودێرییەکەشیان دەکەم. لەوێ تەنیا ژنن ئیش دەکەن، ئیدی دڵخۆش دەبن جاروبار یارمەتیی پیاوێکیشیان هەبێت.”
“دەی ڕێک چۆن ڕێکەوت لەوێ دەست بکەیت بە ئیشکردن؟”
تاکاهاشی بڕێک گێژ دەبێت. “ڕێک؟”
ماری دەڵێت “مەبەستم، دەبێ شتێک بووبیتە هۆی ئەوەی لەوێ دەست بکەیتە ئیشکردن. پێموا کاورۆ بەمەبەست ئەوەی دەشاردەوە…”
“ئەمەیان بەجۆرێک زەحمەتە…”
ماری بێدەنگ دەمێنێتەوە.
تاکاهاشی وەکوو ناچار خۆی بە دەستەوە بدات دەڵێت “ئاهـ، باشە. ڕاستییەکەی، جارێکیان کچێکم بردە ئەوێ. وەکوو مشتەرییەک مەبەستمە. دوایی، کە کاتی ڕۆیشتن گەیشت، زانیم کە پارەی پێویستم پێ نییە. کچەکەش نەیبوو. سەرقاڵی خواردنەوە بووبووین و بەڕاست زۆر بیرمان لەو بەشەی نەکردبووەوە. تاکە شتێک لە دەستم دەهات ئەوە بوو کارتی خوێندکارییەکەم لە لایان دابنێم.”
ماری هیچ دەرنابڕێت.
تاکاهاشی دەڵێت “بەگشتی زۆر شوورەیی بوو، ئیدی ڕۆژی دواتر رۆیشتم پاشماوەی پارەکە بدەم. کاورۆ خوڵکی کردم بمێنمەوە و چایەک بخۆم، هەروا باسی شتگەلێکمان کرد و لە کۆتاییدا پێی گوتم کە لە سبەینێکەیەوە لەوێ دەست بکەم بە ئیشکردنێکی نیوە-دەوام. بەجۆرێک بە زۆر پێی کردم. پارەکەی زۆر باش نییە بەڵام جاروبار ژەمێ خواردنیشم دەدەنێ. شوێنی پرۆڤەکردنی تیپەکەیشم هەر کاورۆ بۆی دۆزینەوە. لە کەسێکی توندوتۆڵ دەچێت بەڵام لە ڕاستیدا زۆر دڵسۆزە. ئێستاکەش جارجار سەرێکیان لێ دەدەم. ئێستاش هەر پەیوەندیم پێوە دەکەن ئەگەر کۆمپیوتەرێک تێک بچێت و ئەمانە.”
“کچەکە چی لێ هات؟”
“ئەوەی لەگەڵم هات بۆ هۆتێلەکە؟”
ماری سەر دەلەقێنێت.
تاکاهاشی دەڵێت “هەر ئەو جارە بوو، لەوساوە ئیدی نەمیبینیوەتەوە. دڵنیام زۆر بێزار بوو لێم. تەواو شێواندم. بەڵام بەهەرحاڵ، کێشەش نییە. ئەوەندەش دڵم پێیەوە نەبوو. زوو یان دێر هەر جیا دەبووینەوە.”
“زۆر وا دەکەی—ڕۆیشتن بۆ هۆتێلەکان لەگەڵ کچانێکدا کە ئەوەندەش دڵت پێیانەوە نییە؟”
“نە کورە. نەمتوانی پارەکەی بدەم، بە یەک هۆ. ئەوە یەکەم جارم بوو ڕۆیشتبێتمە ئەڤین-هۆتێلێک.”
هەردووکیان بەردەوام دەبن لە پیاسە.
تاکاهاشی وەکوو پاساوێکی بۆ بێنێتەوە دەڵێت “پاشان ئەوە خۆ بیرۆکەی من نەبوو. ئەو بوو پێشنیاری کرد بچینە شوێنێک وەکوو ئەوێ. بەڕاستمە.”
ماری هیچ ناڵێت.
تاکاهاشی دەڵێت “دەی، بەهەرحاڵ، ئەگەر دەستی پێ بکەم ئەوەش باسێکی دورودرێژی دیکە دەبێت. هەموو شتەکان دەگەڕنەوە سەر ئەوەی کە چی ڕووی دا…”
“وا دیارە گەلێک بەسەرهاتی دوورودرێژت هەبێت…”
ئەویش دەڵێت “لەوانەیە. نازانم بۆ وایە.”
ماری دەڵێت “پێشتر پێت گوتم کە برا و خوشکت نییە.”
“ڕاستە. تاقانەم.”
“ئەگەر تۆیش ڕۆیشتبێتیتە هەمان ئامادەییەکەی ئێری، بنەماڵەکەت دەبێت لێرە لە تۆکیۆ بن. بۆچی لەگەڵ ئەوان ناژیت؟ بەو جۆرە زۆر هەرزانتر دەبێت.”
دەڵێت “ئەوەش باسێکی دوورودرێژی دیکە دەبێت.”
“وەشانێکی کورتت نییە؟”
“هەمە. وەشانێکی هەرە کورت. دەتەوێ بیبیستیت؟”
ماری دەڵێت “ئم.”
“دایکم، دایکی بایۆلۆجیکیم نییە.”
“کەواتە لەگەڵی ناسازیت؟”
“نا، ئەوە نییە کە پێکەوە نەسازین. بەس لەو چەشنە کەسانە نیم کە حەز دەکەن هەستن و بیکەن بە ناحەزی. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بمەوێت هەموو ڕۆژێک وڕ لێ بدەم و لەسەر مێزی شێوخواردن خۆم ڕووخۆش دەربخەم. تەنیابوون قەت ئەستەم نەبووە بۆم. ئینجا، ئەو پەیوەندییە چاکەشم لەگەڵ باوکمدا نییە.”
“حەزتان لە یەک نییە؟”
“ئمم، با هەر بڵێین کەسایەتیمان لێک جیاوازە. بەهاکانیشمان.”
“ئیشی چییە؟”
تاکاهاشی دەڵێت “ڕاستیت پێ بڵێم، نازانم. بەڵام نێزیک بە سەدلەسەد دڵنیام کە شتێک نییە جێگای شانازی بێت. پاشان—ئەمە شتێک نییە بە لای هەر کەسێکەوە بیڵێم—کاتێک منداڵ بووم چەند ساڵێک لە زیندان بوو. کەسێکی دژەکۆمەڵ بوو—کەسێکی تاوانکار. ئەوەش هۆکارێکی دیکەیەتی نامەوێت لەگەڵ بنەماڵەمدا بژیم. سەبارەت بە جینەکانم گومانم تێدا درووست دەبێت.”
“ئینجا ئەمە وەشانە هەرە کورتەکەتە؟” ماری بۆ گاڵتە بە سەرسوڕمانێکەوە وا دەڵێت و بزەیەک دەگرێت.
تاکاهاشی سەیرێکی دەکات و دەڵێت “بە درێژاییی شەو ئەوە یەکەم جارە بزەیەک بکەیت.”
ئەم لاپەڕەیە بۆ پرینتکردن نابێت! ئەگەر دەتەوێت بە (پی دی ئف) بیخوێنیتەوە پەیوەندیمان پێوە بکە.