مەچۆ، دوور مەکەوە
مەچۆ، دوور مەکەوە، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش، چونکە–
چونکە– نازانم چۆنی بڵێم: ڕۆژێکیش زۆرە
ئینجا چاوەرێت دەبم، وەکوو چاوەڕوانیی نێو ئێزگەیەکی چۆڵ
ساتێک شەمەندەفەرەکان لە شوێنێکی تر وەستاون، نووستوون.
بەجێم مەهێڵە، تەنانەت بۆ کاتژمێرێکیش، چونکە
ئەوسا تنۆک تنۆک خەمەکان پێکەوە بەر دەبنەوە،
ئەو دووکەڵەی دەسووڕێتەوە و بۆ خانوویەک دەگەڕێت،
دەخزێتە ناخم و دڵە ونبووەکەم دەخنکێنێت.
ئاهـ، خۆزگە تارماییەکەت قەت لەسەر ئەو کەنارە نەسڕێتەوە
خۆزگە پێڵووەکانت قەت نەفڕن بۆ ئەو چۆڵاییە دوورانە.
بۆ چرکەیەکیش بەجێم مەهێڵە، ئازیزترینەکەم،
چونکە لەو چرکەساتەدا یەکجار دوور دەکەویتەوە
منیش شێتانە بە هەموو جیهاندا دەسووڕێمەوە و دەپرسم
دەگەڕێیتەوە؟ لێرە بەجێم دێڵی بۆ مردن؟
